پیاچوونه‌وه به ئۆرفیۆس ه‌که‌ی به‌ختیار دا…3
3-شه‌ڕه‌که بۆ ڕوویدا و ئۆرفیۆس بۆ کوژرا ؟
شه‌ڕه‌که‌ی ئۆرفیۆس له‌گه‌ڵ ژناندا شه‌ڕێکی چه‌ند لایه‌نیی بوو . لایه‌نێکی ئه‌و شه‌ڕه ده‌ست کورتی ژنان بوو له پێبه‌خشینی ” ئۆردیکا ” یه‌کی تر به ئۆرفیۆس . لایه‌نێکی دیکه‌ی ، گیرۆده بوونی ئۆرفیۆس بوو به جوانی و هاوده‌می و په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان . لایه‌نی سێیه‌می ، به‌ستنه‌وه‌ی چێژ بردنه ناوه‌کییه‌کانی بوو ” وه‌کو مه‌زنگه‌رایی و ده‌سه‌ڵاتخوازی و خۆده‌رخستن و کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌وه ” به مه‌سه‌له‌ی بوون و نه‌بوونی ئۆردیکا ” وه . لایه‌نی چواره‌می ، وه‌رگرتنی پێگه‌ی خاوه‌ندارێتی بوو له ئاستیدا . لایه‌نی پێنجه‌می ، په‌یوه‌ست بوونی خۆپه‌رستانه‌ی بوو به خۆویستنهکهیهوه . لایه‌نی شه‌شه‌می ، په‌ی نه‌بردنی بوو به ده‌ست به‌سه‌را گرتنی هونه‌ره‌که‌یه‌وه له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌وه . من ده‌مه‌وێت له ڕاڤه کردنی ئه‌م بیرۆکانه‌دا شوێن دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان له‌مه‌ڕ کوشتنه‌که‌ی ” ئۆرفیۆس ” ه‌وه بکه‌وم .
1 – ده‌ست کورتی ژنان
من بۆ خۆم گومانم نییه له‌وه‌ی که به‌شه‌ڕ هاتنی ئۆرفیۆس له‌گه‌ڵ ژناندا له‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند فاکته‌رێك ڕاوه‌ستا بوو . یه‌کێك له‌و فاکته‌رانه ، وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێداوه ، بێتوانایی ژنان بووه له قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌وینێکی له‌ده‌ست ده‌رچوودا . ئه‌وان نه‌یانتوانیوه ” ئۆردیکا ” یه‌کی تر ببه‌خشنه ” ئۆرفیۆس ” ی شه‌یدا . ئه‌مه‌یان بۆ ئۆرفیۆس نه‌ك هه‌ر جێگای نیگه‌رانی بووه ، له‌وانه‌یه به جۆرێك له تاوانیش به سه‌ریاندا شکابێته‌وه . ده‌شبێت وا وێنای ئه‌و حاڵه‌ته‌ی کردبێت که چۆن ده‌بێت به هه‌موویان نه‌توانن ” ئۆردیکا ” یه‌کی تر به بوون بهێنن ؟ خۆ ئۆرفیۆس هه‌موو ژنانی له ئۆردیکا دا ده‌بینی ، ئه‌ی ئێستا بۆ ” ئۆردیکا ” یه‌ك له‌واندا نابینێت ؟ ئه‌مه سه‌باره‌ت به ئۆرفیۆس نه عه‌قڵ ڕێگای تێدهبرد و نه لۆجیك وه‌ری ده‌گرت . ئه‌ی ئه‌گه‌ر وایه ئۆردیکا بۆ له‌وان بووه ؟ بۆ له ڕه‌گه‌زی دیکه‌ی وه‌کو په‌ری و فریشته و حۆریی نه‌بووه ؟ ئهڵبهتهههبوونی ” ئۆردیکا ” یه‌کی تر ، به مانای بێوه‌فایی نه‌ئه‌هات بۆ ” ئۆردیکا ” ی له‌ده‌ست ده‌رچوو ، به‌ڵکو به مانای زیندوو ڕاگرتنی یادی ئه‌و و گواستنه‌وه‌ی سیما و ته‌واوی خاسیه‌ته‌کانی ئه‌و و بیره‌وه‌رییه‌کانی ئۆرفیۆس و شه‌یدا بوونه‌که‌ی ده‌هات بۆ ” ئۆردیکا ” ی نوێ . وه‌فاداری بۆ ” ئۆردیکا ” ی له‌ده‌ست ده‌رچوو ، له‌م حاڵه‌ته‌دا و له “ئۆردیکا ” ی نوێ‌دا به‌رجه‌سته ده‌بوو .
ئه‌و وه‌فادارییه‌ی که ئۆرفیۆس هه‌ڵیبژارد ، وه‌فادارییه‌کی نێگه‌تیڤانه بوو . وه‌فاداری پۆزه‌تیڤانه ، خۆشویستنی ” ئۆردیکا ” یه له دووتوێی ژنێتییهکهیهوه که هه‌موو به‌ره‌ی ژنان له جیهاندا ده‌گرێته‌وه . خۆبه‌ستنه‌وه به حاڵه‌تی نه‌گۆڕه‌وه ، نه‌هاتنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ گۆڕاندا . بناغه‌ی هه‌موو پێشکه‌وتنێك گۆڕانه ، به‌ڵام گۆڕانی پۆزه‌تیڤانه . په‌یوه‌ندی گرتنی ئۆرفیۆس له‌گه‌ڵ ژنێکی تردا ، به‌ڵام له دووتوێی ژنێتی بوونیه‌وه نه‌ك بارمته بوونیه‌وه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پڕبه‌پڕی خۆویستنه‌کانی ” واته خۆویستنه‌کانی ئۆرفیۆس ” له مه‌یدانه جیا جیاکاندا ، ده‌بووه هۆی له بیر نه‌چوونه‌وه‌ی ئۆردیکا ، زیاتر له‌وه‌ی له ئه‌وینێکی په‌ککه‌وته‌ی ده‌روونێکی نه‌خۆشدا ئه‌و بیر نهچوونهوهیه حه‌شار بدرێت . ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئه‌و کردی له‌گه‌ڵ ژناندا خۆ ڕاده‌ست دان ” ته‌سلیم بوون ” بوو به بیرکردنه‌وه کاڵوکرچهکان و به یه‌کێك له شێوه‌کانی نه‌خشه‌ی پیاده بوونی خۆشه‌ویستی له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا . ئه‌و شه‌ڕه یه‌کێك بوو له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و ناکۆکییه‌ی که کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه به دابڕینی ” وه‌لانانی ” خاسیه‌تی گشتگیری له خۆشه‌ویستی ، دروستی ده‌کات . ئه‌و شه‌ڕه به‌رهه‌می هاوسه‌رگیری و خۆشه‌ویستی پێچه‌وانه ” ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی که په‌یوه‌سته به داخوازی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌وه نه‌ك ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی که سروشتییه و جه‌وهه‌ره‌که‌ی بریتییه له گشتگیری و جیهاندارێتی و جۆر ئهزموونێتی و جیاوازی ویستن ” و وه‌فاداریی دوانه‌یی بوو ” ته‌نیا له نێوان دوو که‌سدا ” . په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له کۆمه‌ڵگای ئه‌فسانه‌ییدا ، به هۆی تایبه‌ت کردنه‌وه‌یان بۆ به‌شێك له مرۆڤه‌کان که من به به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ناوزه‌دم کردوون ، هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کان و چێژ بردنهکانیشیان تایبه‌ت کردووه‌ته‌وه .
2 – گیرۆده بوونه‌کانی ئۆرفیۆس
گیرۆده بوونی ئۆرفیۆس به جوانی و هاوده‌می و په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانی ” ئۆردیکا ” وه ، نیشانه‌ی فشاری کۆمه‌ڵگا و بیرته‌سکی ئۆرفیۆس و لاواز بوونی بوو . چ جوانی و چ هاوده‌می و چ په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان ، هه‌ڵگری خاسیه‌تی گشتگیری و گۆڕان و سنوور نهناسینن . قه‌تیس کردنی ئه‌و سێ دیارده‌یه ” جوانی و هاوده‌می و په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان ” له یه‌ك که‌سدا ، کۆنترۆڵ کردنی ئاره‌زووه‌کانی ” خود ” ه له لایه‌ن عه‌قڵی باو و عه‌قڵی خود و سیستمه‌کان ” واته سیستمه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالاری ” و هێزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه . ئۆرفیۆس پێش ئه‌وه‌ی گیرۆده بووبێت به جوانی ” ئۆردیکا ” وه ، گیرۆده بووه به ده‌ست چه‌وتیی مامه‌ڵه کردنیه‌وه له‌گه‌ڵ جوانیدا . پێش ئه‌وه‌ی گیرۆده بووبێت به هاوده‌می ” ئۆردیکا ” وه ، گیرۆده بووه به تێنهگهیشتنیهوه له هاوده‌می . پێش ئه‌وه‌ی گیرۆده بووبێت به په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانه‌وه ، گیرۆده بووه به له قاڵبدانی په‌یوه‌ندییه‌کانه‌وه . ئۆرفیۆس به شێوه‌یه‌کی گشتی ، وه‌کو خۆی و کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه وێنایان کردووه ، له هیچ جوانییه‌ك چێژی نه‌بردووه . له هیچ هاودهمییهك خۆشحاڵ نه‌بووه . له هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی سێکسی ئاسووده نه‌بووه . هه‌موو جۆره بازدانێكی به‌سه‌ر ” ئۆردیکا ” دا له‌و بارانه‌وه ڕه‌د کردووه‌ته‌وه . ئه‌و جوانییه‌ك و هاودهمییهك و په‌یوه‌ندییه‌کی سێکسی نه‌ویستووه که له هێچ ڕوویه‌که‌وه به ” ئۆردیکا ” وه په‌یوه‌ست نه‌بووبێته‌وه .
ئۆرفیۆس له چۆنیه‌تی تێڕوانینیه‌وه بۆ ئه‌و دیاردانه بیرته‌سك بووه . بیرته‌سکی ئۆرفیۆس هه‌ر به ته‌نیا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه ، بۆ فشاری کۆمه‌ڵگا و دواکه‌وتنی ده‌وروپشت و نه‌بوونی ئازادییه‌کان ، به‌ڵکو هاتنه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌که‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌دا فاکته‌رێك بووه ، بۆ رێگرتن له چوونه پێشه‌وه‌ی ” بیر ” ه‌کانی . ئۆرفیۆس به‌و که‌سایه‌تییه‌ی خۆی که ناوبانگ له پشتیه‌وه ڕاوه‌ستابوو ، شادومان بووه . ئه‌گه‌ر له کاتێکدا ئه‌وه‌شی زانیبێت که ئه‌و گیرۆده بوونانه‌ی به‌و جوانی و هاوده‌می و په‌یوه‌ندییه سێکسییانه‌وه ، دواکه‌وتنه ،، – به‌جیا له مه‌یل و هه‌ژان و خوو پێوهگرتنهکانی – له‌وه ده‌چێت ئه‌و دواکه‌وتنه‌ی له‌و پێشکه‌وتنه پێ باشتر بووبێت که هه‌ستی کردبێت که‌سایه‌تییه‌که‌ی له ناو خه‌ڵکدا کاڵ ده‌کاته‌وه . واته که‌سایه‌تییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ بیرتهسکییهکهیدا هاوجووت بووه .
هه‌ر ئه‌مڕۆ له کوردستاندا و له مه‌یدانی ڕۆشنبیریدا که‌م نین ئه‌وانه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانیان له‌گه‌ڵ بیره له‌قاڵب دراوهکانیاندا هاوجووتن . که‌م نین ئه‌و که‌س و لایه‌ن و ڕۆژنامه و سایتانه‌ی ، بۆ تۆزێك خۆده‌رخستن و ناسیین و ناوبانگ ، هه‌زار چه‌مۆڵه له‌و بیر و نووسینانه ده‌ده‌ن که ڕووناکییان پێیه . ئه‌مڕۆ له کوردستاندا و له ناو ڕۆشنبیراندا ، خوێنه‌ر خه‌ڵه‌تاندن بۆ ناوبانگ په‌یدا کردن ، به تایبه‌تی له ئاسته به‌رزه‌کاندا ، بووه به مۆد ” بووه به باو ” . ئه‌مڕۆ له کوردستاندا بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی بڕوانامه‌ی ناوبانگیان له مه‌یدانی ڕۆشنبیریدا پێیه ،، ڕۆژنامه‌کان قۆرخ ده‌کرێن ، کۆبوونه‌وه‌کان قۆرخ ده‌کرێن ، سیمینار و کۆڕ و دانیشتنه گشتییه‌کان قۆرخ ده‌کرێن . چه‌ند لافوگهزاف به‌م قۆرخ کردنانه‌وه ” پاوان کردنانه‌وه ” لێبدرێن ، چه‌ند شێروڕێوییان بۆ بهێنرێته‌وه ” پاکانه‌یان بۆ بکرێت ” ، چه‌ند به مافی ڕه‌وا و پێشکه‌وتن و پاراستنی ئاستی باڵای ڕۆشنبیری بدرێنه قه‌ڵه‌م ،، هیچ له‌وه که‌م ناکاته‌وه که بیرته‌سکی و دواکه‌وتن و بهرژهوهندچێتییهکانیان سنووری ئاسایی خۆیانیان تێپه‌ڕاندووه .
فشاری کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر گیرۆده بوونه‌کانی ئۆرفیۆس زۆر بووه . کۆمه‌ڵگا ناکۆک بووه به گشتیی بوونه‌وه‌ی جوانی و هاوده‌می و په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان . ئۆرفیۆس ، به‌جیا له‌وه‌ی تا چه‌ند ڕۆ چووبووه ناو گیرۆده بوونه‌کانیه‌وه ، کۆمه‌ڵگاش به خۆی و سیستم و داموده‌زگا و تاکه‌کانیه‌وه ، هیچ ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌یان له به‌رده‌م ” ئۆرفیۆس “دا دانه‌ئه‌نا . ڕێگه‌یان پێ نه‌ئه‌دا چێژ له جوانی و هاوده‌می و په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانی ژنانی تر ببینێت . خودی کۆمه‌ڵگا له‌و زه‌مانه‌شدا له‌سه‌ر قه‌ده‌غه کردنه‌کان ڕاوه‌ستابوو ، ئیتر چۆن رێگه‌ی به ئۆرفیۆس ده‌دا ئه‌و سنوورانه ببه‌زێنێت . ئه‌گه‌ر ئۆرفیۆس سنووری ببه‌زاندایه ، که‌سایه‌تی و ناوبانگ و مێژووی له‌ده‌ست ده‌دا . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه که‌سایه‌تی و ناوبانگ ومێژوو به‌و که‌سانه ده‌دات که هیچ نه‌بێت لانی که‌می هاتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا هه‌بێت .
ته‌واوی فه‌یله‌سووفان و بیرمه‌ندان و نووسه‌ران و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان ، ته‌واوی که‌سایه‌تییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، ته‌واوی ئابووریزانان و کۆمه‌ڵناسان و زانایانی مه‌یدانه زانستییه‌کان ، ته‌واوی پیاوچاکان و چاکسازی‌خوازان و ئایینخوازان و مرۆڤ په‌روه‌ران ،، هه‌ر هه‌موویان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا و به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی ، هه‌رگیز ده‌ستیان له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه به‌رنه‌داوه و بۆ ئێجگاری هه‌ڵپێچانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یان ڕانه‌گه‌یاندووه . نه بیرۆکه هاوبه‌شییه‌کانی پرۆتۆگۆراس و نه کۆمهنیزمهکهی ئه‌فلاتوون و مارکس و نه یاخی بوونه‌کانی نیتشه و نه گه‌ڕانه‌وه‌کانی ڕۆسۆ بۆ سروشت و نه وورد بوونه‌وه‌کانی کیرکه‌گارد و سارته‌ر و هایدگه‌ر له مرۆڤ ، به واتای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه نیین . ته‌نانه‌ت ” دینیۆسیس ” یش ، خوای شه‌راب و ڕابواردن و سه‌ما و سێکس ، بانگی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌ی نه‌داوه . نهێنییه‌کی گه‌وره‌ی مانه‌وه‌ی ناوبانگیشیان په‌یوه‌سته به‌و ههوڵهیانهوه که بۆ مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه داویانه .
ئۆرفیۆس له به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا لاواز بووه . له به‌رده‌م پیاده کردنی ئاره‌زووه سروشتییه‌کانیدا لاواز بووه . له وازهێنانی ، له ناوبانگ و که‌سایه‌تی و ڕاهاتنه‌کانی ، لاواز بووه . له ڕۆچوونهکانیدا به بیرکردنه‌وه هه‌مه‌لایه‌نه‌کان و له مامه‌ڵه کردنه لۆجیکی و ماتماتیکییهکانیدا ، لاواز بووه . من لاوازییه‌کانی ئۆرفیۆس و هه‌رکه‌سێکی دیکه ، له مه‌یدانه جیا جیاکانی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی فشاره‌کاندا ، ناکه‌م به ڕه‌خنه به‌سه‌ریانه‌وه . داوای پاڵه‌وانیه‌تی له هیچ که‌سێك ناکه‌م . وه‌کو ئه‌ندریۆی گه‌وره قوتابی گالیلۆ ناڵێم نه‌فره‌ت له‌و وڵاته‌ی که پاڵه‌وانی تیا هه‌ڵناکه‌وێت ، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ گالیلۆ دا ده‌ڵێم : نه‌فره‌ت له‌و وڵاته‌ی که پێویستی به پاڵه‌وان هه‌یه . { ئه‌م دوو ووته‌یه‌م له درامای ” گالیلۆ ” ی فوئادی مه‌جید میسری وه‌رگرتووه که کاتی خۆی خوێندوومه‌ته‌وه و هێشتاش له یاده‌وه‌ریمدا هه‌ر ماوون } . مه‌به‌ستی من سه‌رکۆنه کردنی ئۆرفیۆس نییه ، به‌وه‌ی که بۆ لاواز بووه و خۆی ڕاده‌ستی ئه‌و هه‌موو فشارانه داوه ، وه‌یان له‌گه‌ڵیاندا کۆك بووه ،، به‌ڵکو مه‌به‌ستم وه‌لانانی ئه‌و چه‌واشه‌کاریانه‌یه که شێوازه کۆن و په‌رپووت و سهرکوتئامێزهکانی ” ئۆرفیۆس ” مان به ڕاستییه‌کان پێ نیشان ده‌ده‌ن . ئه‌و چه‌واشه‌کاریانه‌ی که تا ئێستا له‌م باره‌یه‌وه به‌رده‌وامه و ” به‌ختیار ” یش ، به داخه‌وه ، تازه به تازه له مه‌یدانی ڕۆشنبیری کوردی‌دا ده‌یانهێنێته گۆڕێ و پێ له‌سه‌ر گرنگی و نگینێتی ” توحفهیهتی ” و ڕاستی بوونیان داده‌گرێته‌وه .
3 – چێژ بردنه ناوه‌کییه‌کان
گیرۆده بوونی ئۆرفیۆس به چێژ بردنه ناوه‌کییه‌کان ، ده‌شێت لایه‌نێکی دیکه‌ی شه‌ڕه‌که‌ی ئۆرفیۆس بوو بێت له‌گه‌ڵ ژناندا . له باری سایکۆلۆجییه‌وه ، پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کانی ئۆرفیۆس ، کاریگه‌ری نێگه‌تیڤانه‌یان له‌سه‌ر گیرۆده بوونه‌کانی داناوه . ئه‌گه‌ر له کاتی زیندوو بوونی ” ئۆردیکا ” دا ژنان جێگای ستایشی ئۆرفیۆس بووبن ، ئه‌وا له کاتی بزڕ بوونی هه‌تاهه‌تایی ” ئۆردیکا ” دا ، ژنان جێگای سه‌رزه‌نشتی ده‌بن . سه‌رزه‌نشت کردنه‌که له گیرۆده بوونه‌که‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه . ئۆرفیۆس نه‌ك هه‌ر گیرۆده بووه به جوانی و هاوده‌می و په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانه‌وه ، به‌ڵکو گیرۆده‌ش بووه به چێژه ناوه‌کییه تایبه‌ته‌کانی ” خۆی ” شییه‌وه که له مه‌زنگه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتخوازی و خۆده‌رخستن و کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌وه‌دا ده‌توانین کورتیان بکه‌ینه‌وه ( له دواییدا و له مه‌سه‌له‌ی ژنه باخۆسییهکاندا ده‌چمه سه‌ر ڕۆشن کردنه‌وه‌ی ئه‌و چێژه ناوه‌کییانه .) . ئۆرفیۆس دوای نه‌مانی ئۆردیکا له ناخه‌وه هه‌ستی به نه‌مانی ئه‌و ده‌ستکه‌وت و چێژانه کردووه . له‌م حاڵه‌ته‌دا بووه که له ناوه‌وه‌ڕا تووشی دابڕانێکی قووڵی که‌سایه‌تی بووه . واته ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی که کۆمه‌ڵگا به‌خشی بووی به ئۆرفیۆس ، دوای بزڕ بوونی ئۆردیکا ئه‌ویش لای ئۆرفیۆسه‌وه بزڕ بووه . داڕووخان لێره‌وه ده‌ستی پێکردووه و ئه‌م داڕووخانهش ، به هاوتا بوونیه‌وه له‌گه‌ڵ گیرده بوونه‌کانیدا ، سه‌ره‌تای شه‌ڕ کردنه‌که‌ی بووه له‌گه‌ڵ ژناندا .
4 – پێگه‌ی خاوه‌ندارێتی
وه‌رگرتنی پێگه‌ی خاوه‌نداریه‌تیش له ئاستی ئۆردیکا دا ، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تییانه بووبێت ، به ئه‌رکێکی وابه‌سته به که‌سایه‌تی خۆی و وه‌فا و خۆشه‌ویستییه‌که‌یه‌وه بینیویهتییهتهوه . ئه‌م لێپرسراوێتییه‌ی له به‌رامبه‌ر ئۆردیکا دا که له خاوهندارێتییهکهیهوه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو ، به‌و زیاده‌ڕه‌وییه‌وه په‌یوه‌ست بووه‌ته‌وه که له خۆویستنه‌که‌یدا بووه . ئه‌م زیاتر وه‌کو موڵکێکی گیانه‌کییانه‌ی تایبه‌ت به خۆی له ناوه‌وه‌ڕا تووشی هه‌ڵچوونێکی دانه‌مرکاو بووه بۆی ، نه‌ك وه‌کو ” ئۆردیکا ” یه‌کی تایبه‌ت به خودی ئۆردیکا خۆی . نیگه‌رانییه‌کی کوشنده ، ” ئۆرفیۆس ” ی بۆ بزڕ بوونی ” ئۆردیکا ” یه‌کی سه‌ربه‌خۆ دانه‌گرتبوو ، به‌ڵکو ” ئۆرفیۆس ” ی بۆ بزڕ بوونی ” ئۆردیکا ” یه‌کی داگیرکراو داگرتبوو . ئه‌م گوزارشت کردنه‌ی ئۆرفیۆس له خۆویستن ، ئه‌گه‌ر به مافێکی تاکایه‌تی ئه‌و بزانین ، ئه‌وا شه‌ڕ کردنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ژناندا به کۆشش کردن بۆ زه‌وت کردنی مافی تاکایه‌تی ئه‌وان ده‌زانین . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که داگیرکراویی ئۆردیکا له لایه‌ن ” ئۆرفیۆس ” ه‌وه به هیچ کلۆجێك ” به هیچ شێوه‌یه‌ك ” مافی تاکایه‌تی ئه‌و نه‌بووه ، به‌ڵام کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ئه‌م داگیر کردنه‌ی به ماف ناساندووه و زۆره‌ملێیانه‌ش فه‌رمی بوونه‌وه‌ی به کرده‌یی بوونه‌وه‌ی داوه .
5 – خۆپه‌رستییه‌که‌ی ئۆرفیۆس
ئۆرفیۆس په‌ی به‌وه نه‌بردووه که زیاده‌ڕه‌وی به هه‌ر بڕێك بێت له خۆویستندا ، به‌و بڕه ده‌یباته خانه‌ی خۆپه‌رستییه‌وه . له ناو کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا گرفته‌که له‌ویادایه که زه‌مینه‌سازییه‌کی ته‌واو بۆ خۆپه‌رستی کراوه ، به‌ڵام بۆ خۆویستنی سروشتیی ، نه‌ك هه‌ر زه‌مینه‌سازییه‌کی ئه‌وتۆ له ئارادا نییه ، به‌ڵکو ته‌نیا به په‌یوه‌ست به خۆپه‌رستییه‌وه ، خۆویستن ده‌توانێت پارێزگاری له بوون و چوونه پێشه‌وه‌ی خۆی بکات . خۆویستن و خۆپه‌رستی لای منه‌وه به‌وه له یه‌کتری جیا ده‌کرێنه‌وه که خۆویستن ، مرۆیی بوونی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه ، به‌ڵام خۆپه‌رستی نامرۆیی بوون . خۆویستنی هه‌ر که‌سێك چه‌ند بڕواته پێشه‌وه ، مافی تاکایه‌تی ئه‌و که‌سه‌یه ، به‌ڵام له کاتی شکاندنهوهیدا به‌سه‌ر یه‌کێکی تردا ئیتر ئه‌و خۆویستنه ده‌بێت به خۆپه‌رستی . واته خۆپه‌رستی هه‌ر خۆویستنه به‌ڵام له‌سه‌ر حسابی ئه‌وی دی یان ئه‌وانی دیکه . گرفتی خۆویستن له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ئاوێزان بوونی زۆرهملێیانهیهتی به خۆپه‌رستییه‌وه . واته به پێی یاسای تاڵان بکه یان ڕێگه بده تاڵان بکرێیت ، خۆویستنیش یان تاڵان ده‌کات یان تاڵان ده‌کرێت . ئه‌و خۆویستنانهی که له‌سه‌ر تاڵان کردنی خۆویستنه‌کانی دیکه‌وه ده‌چنه پێشه‌وه ، ئه‌وه ئیتر تاڵانکه‌ری خۆویستنن که به خۆپه‌رست ناوزه‌دیان ده‌که‌م . ئه‌وانه‌شی که تاڵان ده‌کرێن به خۆویستبراو ناوزه‌دیان ده‌که‌م ( ووشه‌ی خۆویستبراو ووشه‌یه‌ك نییه که به دڵی خۆم بێت ، به‌ڵام تا به‌سه‌ر ووشه‌یه‌کی باشتردا ده‌که‌ووم ، پێم باشه وه‌کو واتا به‌خشی دژ به خۆپه‌رست به‌کاری بهێنم ) . مرۆڤه‌کان له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناچارن ، ده‌یانه‌وێت تاڵانکه‌ری خۆویستنه‌کانی ئه‌وانی دیکه بن ” واته به ناچاری ده‌یانه‌وێت خۆپه‌رست بن . ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت که خۆویستن له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ئاوێزان کراوه به خۆپه‌رستییه‌وه ، چونکه ته‌نیا له دووتوێی خۆپه‌رستییه‌وه ، خۆویستن کرده‌یی ده‌کرێته‌وه ” ،، به‌ڵام زه‌مینه‌ی ئه‌م خۆپه‌رستییه ته‌نیا بۆ تاکه تایبه‌ته‌کان ئاماده‌یه و ئه‌وان ده‌توانن خۆویستنی خۆیان به تاڵانییه‌کی زۆری خۆویستنه‌کانی ئه‌وانی دیکه‌وه پیاده بکه‌ن . کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌ش بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یه‌وه ، هه‌میشه پیاده بوونی خۆپه‌رستی بۆ تاکه تایبه‌ته‌کان فه‌راهه‌م کردووه و پرۆسه‌ی به تاڵانیی کردنی خۆویستنیشی به زۆر به‌سه‌ر تاکه هه‌موانییه‌کاندا داسه‌پاندووه . له پشتی هه‌موو تاڵانکهرێکهوه هه‌میشه تاڵانکراو ڕاوه‌ستاوه . واته له پشتی خۆپه‌رسته‌کانه‌وه ، هه‌میشه خۆویستبراوهکان ڕاوه‌ستاوون .
خۆپه‌رستییه‌که‌ی ئۆرفیۆس له‌م باره‌یه‌وه له داگیر کردنی ئۆردیکا و دژایه‌تی کردنی گشتگیری و پیرۆز کردنی هه‌ندێك له داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا کورت ده‌بێته‌وه . داگیر کردنی ئۆردیکا له‌سه‌ر حسابی تاڵان کردنی خۆویستنی ئۆردیکا و خۆویستنی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی تره‌وه بووه که ویستوویانه به په‌یوه‌ندی به‌ستنه خۆشه‌ویستی و سێکسییه‌کانه‌وه ، وه‌ڵامی پۆزه‌تیڤانه بۆ خۆویستنهکانیان وه‌ربگرنه‌وه . داگیر کردنی ئۆردیکا له‌سه‌ر حسابی زه‌وت کردنی مافی گشتگیری تاکه‌کانه‌وه بووه بۆ پیاده کردنی په‌یوه‌ندییه سۆزبه‌ندی ” عاتفی ” و سێکسییه‌کانیان . واته مافی گشتگیری نه‌ك هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه قه‌ده‌غه کردووه که ویستوویانه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئۆردیکا دا هه‌بێت ، وه نه‌ك هه‌ر سه‌باره‌ت به ئۆردیکا قه‌ده‌غه‌ی کردووه که ویستبێتی له‌گه‌ڵ یه‌کێکی تر وه‌یان زیاتردا په‌یوه‌ندی هه‌بێت ،، به‌ڵکو هه‌ر دانپیانان به مافی گشتگیریدا ، وه‌کو مافێکی تاکایه‌تی بۆ هه‌موو که‌س ، سڕیوه‌ته‌وه . داگیر کردنی ئۆردیکا ، پیرۆز کردنی په‌یوه‌ندی دوانه‌یی و هاوسه‌رگیری و خێزان و گرووپچێتی و خاوه‌نداریه‌تی و ده‌سه‌ڵات و نوێنه‌رایه‌تی و کۆمه‌ڵگا بووه . خۆپه‌رستییه‌که‌ی ئۆرفیۆس ڕه‌وایه‌تی ” شه‌رعییه‌ت ” دان بووه به تاڵان کردنی ئه‌و خۆویستنانهی که کۆمه‌ڵگا هه‌م ڕه‌وایه‌تی پێداوه و هه‌م کردووشیه‌تی به داخوازی خۆی له مرۆڤه‌کان .
6 – ده‌ست به‌سه‌راگرتنی هونه‌ری ئۆرفیۆس
ئۆرفیۆس که هه‌ستی کردووه هونه‌ری لێرا ژه‌ندنی به توندی به‌ستراوه‌ته‌وه به زیندوێتی ” ئۆردیکا ” وه ، ئیتر داڕووخانه هونه‌رییه‌که‌ی ، ته‌ریب به داڕووخانه سایکۆلۆژییه‌که‌ی ، ده‌ستی پێکردووه . له وون کردنی ” ئۆردیکا ” دا هه‌ستی به وون کردنی هونه‌ره‌که‌شی کردووه . نیگه‌رانییه قووڵه‌که‌ی ناخی ، هه‌ر به ته‌نیا له ده‌ستدانی ئۆردیکا نه‌بووه ، به‌ڵکو له ده‌ستدانی هونه‌ره‌که‌ی و له سۆنگه‌ی له ده‌ستدانی ئه‌وانیشه‌وه ، له ده‌ستدانی هه‌موو جوانییه‌ك و چێژ بردنێکی گیانهکییانهشی بووه له ژیانیدا . ئه‌م تراژیدیا سێکوچکهییهی ئۆرفیۆس ، له ڕاستیدا ، هه‌م زه‌مینه‌یه‌کی ئاماده کراو بووه بۆ سووینی به‌سه‌ر لایه‌نێکدا و هه‌م شوێن هه‌ڵگرتنی وه‌ڵامێکیش بووه که لانیکه‌م ده‌روونه تێکچووه‌که‌ی پێ ئاسووده بکاته‌وه . ئۆرفیۆس له لۆمه کردنی ژنان به‌ولاوه هۆکارێکی به‌هێزی دیکه‌ی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه . لۆمه کردن ، پێشمه‌رجی شه‌ڕ کردنه ، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و لۆمه کردنه له‌سه‌ر بڕوایه‌ك و لۆجیکێك ” با لۆجیکێکی ساده‌ش بێت ” دانه‌مه‌زرابێت . ئه‌و شه‌ڕه ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ” ئۆرفیۆس ” یشه‌وه ڕانه‌گه‌یه‌نرابێت ، به‌ڵام زه‌مینه‌سازییه‌که‌ی لای ” ئۆرفیۆس ” ه‌وه بۆ کراوه .
ئۆرفیۆس هه‌ستی به‌وه نه‌کردووه که هونه‌ره‌که‌ی له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه ده‌ستی به سه‌ردا گیراوه . ئه‌و هونه‌ره‌که‌ی له‌و بازنه‌یه ده‌رباز نه‌کردووه که کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه بۆی کێشاوه . ئه‌و نه‌یتوانیوه ده‌نگ و ئاواز و ووشه و لێرا ژه‌ندنی ، له پێناوی ڕزگار بوونی مرۆڤدا بخاته گه‌ڕ . ئه‌و نه‌یتوانیوه به کو‌لتوور و سیستم و بیرکردنه‌وه‌ی باو ، نامۆیان بکات . ئه‌و نه‌یتوانیوه بیانباته دنیای پیاده کردنی ئاره‌زووه سروشتییه‌کانی خۆیه‌وه . ئه‌و نه‌یتوانیوه ، له هێنانه‌وه‌ی ئۆردیکا دا ، له ستایش کردنی خواکان زیاتر ، کارێکی تریان له‌و مه‌یدانه‌دا پێ ئه‌نجام بدات . ئه‌و نه‌یتوانیوه گوزارشتیان له ئازادییه‌کانی ئۆردیکا پێ‌بکات . ئه‌و نه‌یتوانیوه بیانباته ناو ململانێکانی نێوان مرۆڤ و سروشته‌وه . ئه‌و نه‌یتوانیوه هانی مرۆڤه‌کانیان بۆ به‌ده‌ست هێنانی بهختهوهرییهکانیان پێبدات . ئه‌و نه‌یتوانیوه له خزمه‌ت کردن به خۆپه‌رستییه‌که‌ی ” ئۆرفیۆس ” یان دوور بخاته‌وه . ئه‌و نه‌یتوانیوه توانای مرۆڤه‌کانیان بۆ داهێنانه‌کان پێ ده‌ربخات . ئه‌گه‌ر ئۆرفیۆس خۆیشی نه‌یویستبێت خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و کێشانه بدات ، ته‌نانه‌ت له‌م حاڵه‌ته‌شدا ، کاری به قازانجی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه کردووه . په‌ی به‌وه نه‌بردووه که له ناوه‌وه‌ڕا کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه داگیری کردووه . په‌ی به‌وه نه‌بردووه که هونه‌ره‌که‌ی هه‌ر ته‌نیا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی کۆمه‌ڵگا ڕێگای لێنه‌گیراوه ، به‌ڵکو له دنیای بیرکردنه‌وه‌ی خۆیشیدا ڕێگای ده‌رباز بوونی لێگیراوه . گرفته‌که له ڕاستیدا پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بووبێت به گۆڕه‌پانی کۆمه‌ڵگاوه ، په‌یوه‌ست بووه به گۆڕه‌پانی ناوه‌وه‌ی ” ئۆرفیۆس ” ه‌وه . هه‌رچه‌نده ئۆرفیۆس له بواری تێڕامانی خۆیدا ، هه‌ستی به ئازادی خۆی کردبێت ،، به‌ڵام هه‌ست کردن به نامۆ بوون که به‌رئه‌نجامی پیاده نه‌بوونی ئاره‌زووه سروشتییه‌کانی مرۆڤه ، نیشانه‌ی به درۆ خستنه‌وه‌ی هه‌ست کردنه‌کانی بووه به ئازادی . وا ده‌رده‌که‌وێت ئۆرفیۆس ، داخی داڕووخانه هونه‌رییه‌که‌شی هه‌ر به ژنان ڕشتبێت . هه‌رچه‌نده به‌ڵگه‌یه‌کی که‌توارانه ” واقیعیانه ” ی له‌و باره‌یه‌وه پێ نه‌بووه ، به‌ڵام ئه‌و پاڵنه‌ره ناوه‌کییانه‌ی که به‌رهه‌می داڕووخانه سایکۆلۆژییه‌که‌ی بوون ، ده‌کرێت ڕۆڵی به‌رچاویان له دروست کردنی بۆچوون و بڕیاره‌که‌یدا هه‌بووبێت .
ئۆرفیۆس کۆیله‌یه‌کی نابینای ده‌ستی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بووه . ئۆرفیۆس به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌ی پێ بردبێت ئه‌و نموونه ده‌ست کرده‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌وه بووه که بۆ جێکه‌وتنی خۆی وه‌کو کۆمه‌ڵگایه‌کی نامرۆیی ، دروستی کردووه . داگیر کردنی ئۆرفیۆس له ناوه‌وه‌ڕا و له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه ، هۆکاری سه‌ره‌کی تراژیدیای ” ئۆرفیۆس ” ه . نه ئاوڕه‌که و نه کوشتنه‌که‌ی ، ڕوویان نه‌ئه‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌م داگیر کردنه نه‌بوایه . جه‌خت کردنه سه‌ر دوانه‌یی له بواری خۆشه‌ویستی و هاوسه‌رگیری و شه‌یدایی و وه‌فا و دڵسۆزی و سۆزبه‌ندی و ویژدانی ئه‌و مه‌یدانه و ژیانی ئاینده و ….هتدا ، ئه‌وه ئه‌و داخوازییانه‌ن که کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ده‌یانخاته به‌رده‌م مرۆڤه‌کان و مرۆڤه‌کانیش چ ئاره‌زوومه‌ندانه بێت و چ ناچارییانه بێت ، به ده‌میانه‌وه ده‌چن و وه‌ریان ده‌گرن و کرده‌ییان ده‌که‌نه‌وه . دوانه‌یی کردنه‌وه هه‌میشه زه‌وت کردنه‌کانی له پشتی خۆیه‌وه داناوه . دوانه‌یی کردنه‌وه ، به بێ زه‌وت کردنی مافی ئه‌وانی دی و به بێ زه‌وت کردنی مافی خودی دوانه‌که‌ش ، هه‌رگیز به‌دی نایه‌ت . دوانه‌یی کردنه‌وه‌ی ئه‌و دیاردانه ، له ڕاستیدا ، نامرۆیی کردنه‌وه‌یانه . ئۆرفیۆس نموونه‌یه‌کی به نێچیر بووی ئه‌و دوانه‌یی و نامرۆیی بوون و زه‌وت کردنانه‌یه . ئۆرفیۆس به داگیر کردنی ئۆردیکا ، هه‌ر ته‌نیا مافی ئۆردیکا و ئه‌وانی دیکه‌ی زه‌وت نه‌کردبوو ، به‌ڵکو مافی سروشتییانه‌ی گشتگیری خۆیشی له‌و بارانه‌وه زه‌وت کردبوو . تراژیدیاکه‌ی ئۆرفیۆس له دووتوێی ئه‌م زه‌وت کردنانه‌وه ، هاتبووه ده‌ره‌وه و بێگومان ده‌شبوو هه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ڕووی بدایه .
تراژیدیاکه‌ی ئۆرفیۆس که له کوشتنه‌که‌یدا ده‌گاته لوتکه ، تراژیدیایه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییانه و مێژووییانه‌ی لێ له دایك ده‌بێت . ئۆرفیۆس که به نموونه‌ی ئه‌وین و دڵسۆزی و وه‌فا و مرۆیی بوون ده‌ناسرێته‌وه ، ده‌بێت به سومبولی داسه‌پاندنی ئه‌خلاق و تایبه‌تی کردنه‌وه‌ی خاسیه‌ته مرۆییه‌کان و کرده‌یی کردنه‌وه‌ی زه‌وت کردنه‌کان . ئۆرفیۆس ده‌بێت به سومبولی داسه‌پاندنی هاوسه‌رگیری هه‌میشه‌یی . ئه‌و هاوسه‌رگیرییه هه‌میشه‌ییه‌ی که له زه‌وت کردنی مافه‌کانه‌وه داده‌مه‌زرێت و ئه‌خلاقیش وه‌کو نامرۆییترین چه‌کی دژ به که‌سایه‌تی ، جێگیر ده‌کات . ئه‌خلاق له‌م بواره‌دا ، به‌رئه‌نجامی دوانه‌یی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانه . ئه‌خلاق ئه‌و چه‌که‌یه به دژی که‌سایه‌تی مرۆڤ که هه‌م تۆمه‌ت کردن و ناو زڕاندن و داڕووخانی سایکۆلۆجی و تراژیدیای له هه‌ناویدا هه‌ڵگرتووه و هه‌م مرۆیی بوون و ڕه‌سه‌نێتی و ئازاد بوونیشی به نامرۆیی و ناڕه‌سه‌نێتی و سه‌رکوت کردن ، جێگۆڕینه‌وه پێکردووه . ئۆرفیۆس و ئه‌خلاق و دوانه‌یی و هاوسه‌رگیری ، له‌گه‌ڵ یه‌کدان و پێکیشه‌وه ، مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه بۆ هه‌موان توندتر ده‌که‌نه‌وه .
ئیره‌یی بردن ” حه‌سوودیی ، به‌خیلیی ” خاسیه‌تێکی سایکۆلۆژیانه‌ی مرۆڤه و له نه‌بوونی وه‌یان که‌موکورتی له هه‌بوونی شتێکدا په‌یدا ده‌بێت . واته که یه‌کێك شتێکی نه‌بوو ، به‌ڵام ئه‌وی دی وه‌یان چه‌ندانێك له ئه‌وانی دی هه‌یانبوو ، ئیتر ئیره‌یی له به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی وه‌یان ئه‌وانی دی‌دا ، له ده‌روونی که‌سه نهبووهکهدا ، به بڕی ئه‌و نه‌بوونییه ، خۆی ده‌رده‌خات . دینیۆسیس ، نه‌ك هه‌ر ئیره‌یی بردووه به خواکانی تر که ئۆرفیۆس ستایشی کردوون ، وه‌نه‌ك هه‌ر ئیره‌یی به ده‌نگه خۆش و لێرا ژه‌ندنه‌که‌ی بردووه ، به‌ڵکو ئیره‌یی به بوێری و ناوبانگ و سه‌رکه‌وتنه هونه‌ری و شهیداییهکهشی بردووه . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌م ئیرهییانه ده‌بنه بناغه بۆ ڕقێکی ئه‌ستوور ، ڕقه ئهستوورهکهش ده‌بێته بناغه بۆ کردنی تاوان . دینیۆسیس به هاندانی ژنانی لایه‌نگری خۆی به دژی ئۆرفیۆس ، کارێکی هێنده خراپ ئه‌نجام ده‌دات که هه‌ر ئه‌و کاره دینیۆسیس ده‌باته خانه‌ی تاوانبارییه‌وه .
ژنانیش بۆخۆیان ، هه‌ر به ته‌نیا به هاندانی دینیۆسیس نه‌که‌وتوونه‌ته کوشتنی ئۆرفیۆس ، به‌ڵکو ئه‌وانیش چه‌ند پاڵنه‌رێکی دیکه‌یان له پاڵ هاندانه‌که‌ی ” دینیۆسیس ” دا هه‌بووه . ئیره‌یی بردنی ژنان به ده‌نگ و لێرا ژه‌ندن و که‌سایه‌تی ئۆرفیۆس ، ئه‌ڵبه‌ته به دوای هێرشه‌کانی ” ئۆرفیۆس ” دا بۆ سه‌ر ژنان ، لای هه‌موان بووه به که‌توارێکی ” واقیعێکی ” هه‌ست پێکراو . که‌سایه‌تی ئۆرفیۆس لای ژنه باخۆسییه‌کان له ئاستێک‌دا بووه ، لانی که‌م ، ژماره‌یه‌کی به‌رچاویان هه‌ستیان به‌وه کردووه که سووکایه‌تییه‌کانی ” ئۆرفیۆس ” یان له‌سه‌ر که‌وتووه . شه‌یدایی بوونی به ئۆردیکا و بڵاوبوونه‌وه‌شی له ئاستێکی به‌رفراواندا ، لایه‌نێکی تری ئیره‌یی ژنه باخۆسییهکانی به ئۆرفیۆس پێکهێناوه . ئیره‌یی بردنیان به ئۆردیکای له‌ده‌ست ده‌رچوو ، به تایبه‌تی به‌و هۆیه‌وه که هاوسه‌ری ئۆرفیۆس بووه ، به‌شێکی دیکه‌ی دیارده‌ی ئیره‌یی بردن و پاڵنه‌رێکی ناوه‌کییانه‌ی دیکه‌ی ژنان بووه . داخی دڵی خۆیان به‌و که‌سه ڕشتووه که ئۆردیکای ئاوا له ناویانا به‌رز کردووه‌ته‌وه و ، له پاش مردنیش ، ژیانێکی ئه‌فسانه‌یی له په‌یمان و وه‌فا و دڵسۆزی و جوانی و گه‌وره‌یی و شه‌یدابوون پێ به‌خشیوه .
پاڵنه‌رێکی تریان به بیانوو کردنی ” ئۆرفیۆس ” بووه بۆ ده‌رخستنی خۆیان . خۆده‌رخستن ئاره‌زووه‌یه‌کی سروشتیی مرۆڤه و هیچ که‌سێك نییه له دنیادا ئه‌م ئاره‌زووه‌ی تیا نه‌بێت . نه خۆده‌رخستن سنوور ده‌ناسێت و نه چێژ بردنیش له خۆده‌رخستن سنوور ده‌ناسێت . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه هه‌رچه‌نده مه‌یدانێکی زۆر به‌رته‌سکه بۆ خۆده‌رخستن ، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕه‌ی به درێژایی مێژوو بۆ خۆده‌رخستن له نێوان مرۆڤه‌کاندا هه‌بووه ، نه کۆتایی هاتووه و نه هه‌رگیزیش له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا کۆتایی دێت . مرۆڤه‌کان له کۆمه‌ڵگادا چه‌ند له باره‌ی سێکسه‌وه تووشی چه‌پاندن ده‌بن ، له باره‌ی خۆده‌رخستنیشه‌وه به هه‌مان جۆر تووشی چه‌پاندن ده‌بن . خۆده‌رخستن ، مه‌یدانێکی دیکه‌ی کراوه‌یه بۆ تاڵانی بردن . هه‌موو دهرکهوتنێك بۆ هه‌ر که‌سێك بێت و له هه‌ر مه‌یدانێکدا بێت ، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌رنه‌که‌وتنی ئه‌وانی دیکه‌وه له هه‌مان مه‌یداندا ، به ده‌ست ده‌هێنرێت . مرۆڤه‌کان نه‌ك ئیره‌یی به یه‌کتر ده‌به‌ن و رێگه له یه‌کتر ده‌گرن بۆ خۆده‌رخستن ، به‌ڵکو که‌سایه‌تی یه‌کترییش ، به پێی داخوازیی خۆدهرخستنهکانیان ، ده‌شکێنن . خۆده‌رخستن ، هونه‌ری خۆی هه‌یه و هه‌ر که‌سه‌ش به جۆرێك هه‌وڵی به ده‌ست هێنانی ئه‌و هونه‌ره‌ی داوه و ده‌یدات . به پێی کات و شوێن ، خۆدهرخستنهکان سه‌باره‌ت به هه‌ر مرۆڤێك ، گۆڕانکارییه‌کان به باری باش یان خراپ‌دا ده‌گرنه خۆ . سه‌رکه‌وتنی هه‌میشه‌یی له خۆده‌رخستندا و له زۆربه‌ی مه‌یدانه‌کاندا ، بۆ هیچ که‌سێك مسۆگه‌ر نییه . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، ته‌نیا بۆ به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ، خۆده‌رخستن به بڕی فروان دابیین ده‌کات . خۆده‌رخستن بۆ به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ، له‌سه‌ر تاڵان کردنی خۆده‌رخستنی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانییه‌وه ، دابیین ده‌بێت . چۆن تاڵانوبڕۆ له سامانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، به بێ ڕاوه‌ستان و به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه له ئارادایه ، له خۆدهرخستنیشدا هه‌ر به هه‌مان جۆر ئه‌و تاڵانوبڕۆیه له ئارادایه .
خۆده‌رخستن له ژنه باخۆسییهکانیشدا پاڵنه‌رێکی تر بووه بۆ هێرش کردنه سه‌ر ئۆرفیۆس . هه‌ر یه‌که‌یان ویستوویه‌تی خۆی بۆ ئه‌وانی تر ده‌ربخات ، که وه‌ك ئه‌وان و به‌ڵکو له‌وانیش زیاتر پێداگره له‌سه‌ر کوشتنی ئۆرفیۆس . هه‌ر یه‌که‌یان ویستوویه‌تی بۆ ئه‌وانی تری بسه‌لمێنێت که ناتوانێت له به‌رامبه‌ر سووکایه‌تی کردن به ژناندا دا‌نیشێت و تۆڵه له‌و که‌سانه نه‌کاته‌وه که سووکایه‌تییان پێده‌که‌ن . هه‌ر یه‌که‌یان ویستوویه‌تی ئه‌وه‌نه‌ی که ده‌کرێت وه‌ك پاڵه‌وانێك خۆی بناسێنێت . هه‌ر یه‌که‌یان ویستوویه‌تی بیسه‌لمێنێت که ئه‌ندامێکی چالاکی باخۆسییهکانه و له‌و پێناوه‌شدا وه‌کو ئه‌وان سڵ له هیچ شتێك ناکاته‌وه . هه‌ر یه‌که‌یان ویستوویه‌تی بڵێت تاکایه‌تی خۆم ده‌که‌م به قوربانیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ژنان . ئه‌م خۆدهرخستنانهی ژنه باخۆسییه‌کان که هه‌میشه به شوێن دۆزینه‌وه‌ی مه‌یدانێکه‌وه بوون بۆ پیاده کردنیان ، دیاره له‌وه دڵنیا بوون که له کوشتنی ئۆرفیۆس دا ئه‌و مه‌یدانه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه .
ژنه باخۆسییه‌کانیش وه‌کو هه‌موو که‌سێکی تر ، هه‌وڵی خستنه ڕووی مه‌زنایه‌تی خۆیان داوه . هیچ که‌سێك نایه‌وێت ته‌نیا خۆی ، خۆی به مه‌زن بزانێت ،، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت ئه‌وانی تریش به مه‌زنی بزانن . مه‌زنگه‌رایه‌تی له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به سووك سه‌یرکردنی ئه‌وانی تری له خۆیدا حه‌شار داوه . مه‌زنایه‌تییه‌کانی مرۆڤه‌کان که ده‌چنه په‌یوه‌ندی گرتنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ، به پرۆسه‌ی تاڵان کردنه‌کاندا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌به‌ن . واته مه‌زنایه‌تی پیاده کردن له کۆمه‌ڵگادا له دووتوێی چه‌پاو ” ئیستیغلال ” کردن و تاڵان کردنی مه‌زنایه‌تی ئه‌وانی دیکه‌وه نه‌بێت به ئه‌نجام ناگات . ژنه باخۆسییه‌کان ویستوویانه له کوشتنه‌که‌ی ئۆرفیۆس دا ، مه‌زنایه‌تی خۆیان بۆ دانیشتوانی گریك و خواکان و مێژوو بسه‌لمێنن . مه‌زنایه‌تی ، بۆ خۆخستنه ڕوو ، هه‌میشه له شوێن دۆزینه‌وه‌ی هۆکار و دروست کردنی بیانوودایه . به نه‌فره‌ت کردنی ئۆرفیۆس و هێرش کردنه سه‌ری و کوشتنی ، بیانوویه‌کی له‌بار بووه بۆ ژنه باخۆسییه‌کان تا مه‌زنگه‌رایه‌تی خۆیان له مه‌یدانی گوایه به‌رگری کردن له ژناندا کرده‌یی بکه‌نه‌وه .
ده‌سه‌ڵاتخوازی له کۆمه‌ڵگادا ، هه‌میشه داخوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤه‌کان بووه و هه‌رگیز ئاره‌زوومه‌ندانه وازیان له‌و داخوازییه نه‌هێناوه . هه‌رکه‌سێك و له هه‌ر شوێنێکدا و به‌هه‌ر بڕێك بۆی کرابێت ، هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنان و پیاده کردنی ده‌سه‌ڵاتی داوه . مرۆڤه‌کان له کۆمه‌ڵگادا و له باری ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌وه ، تووشی چه‌پاندنێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر کراوون . ئه‌و تاڵانییه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا و له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵات له ئارادایه ، مرۆڤی تووشی شۆك کردووه . تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵات ، دایکی هه‌موو تاڵانییه‌کانی تره . ئه‌گه‌ر توانای ڕاگرتنی تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت له کۆمه‌ڵگادا ، توانای ڕاگرتنی هه‌موو تاڵانییه‌کی تریش ده‌بێت .
ده‌سه‌ڵاتخوازی ژنه باخۆسییه‌کان له هێرشی گهلهکۆمهکییانهیان ” گرووپییانهیان ” بۆ سه‌ر ئۆرفیۆس ، به ڕۆشنی ده‌رده‌که‌وێت . خۆڕادان و هه‌راهه‌را و خۆکۆکردنه‌وه و په‌لاماردانیان ، پێش ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بووبێت به سووکایه‌تییه‌کانی ئۆرفیۆس ، نیشانه‌ی ڕزگار کردنی ده‌سه‌ڵاتخوازییان بووه له چه‌پاندن و نیشانه‌ی تاڵان کردنی ڕه‌های ده‌سه‌ڵاتی ئۆرفیۆس و نیشانه‌ی تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو ئه‌وانه‌ش بووه که به‌م کوشتنه‌ی ئۆرفیۆس ، ترسیان له ژنه باخۆسییه‌کان لێنیشتووه . ئه‌گه‌ر له سووکایه‌تییه‌کانی ئۆرفیۆس دا به ژنان ، ده‌سه‌ڵاتخوازی ژنه باخۆسییه‌کان تاڵان کرابێت ، ئه‌وا ژنه باخۆسییه‌کان به تالان کردنی ڕه‌های زینده‌گیی ئۆرفیۆس قه‌ره‌بووی ئه‌و تاڵانییانهیان به نامرۆییترین شێوه کردووه‌ته‌وه . تاڵان کردنی ڕه‌های ده‌سه‌ڵات ، گه‌وره‌ترین تاوانه که له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به ژماره‌یه‌کی هێجگار زۆر له مرۆڤه‌کان کراوه . تاڵان کردنی ڕه‌های ده‌سه‌ڵات که تاڵان کردنی ڕه‌های ژیانه ، لای ژنه باخۆسییه‌کان و سه‌باره‌ت به ئۆرفیۆس ، زۆر دڕندانه به ئه‌نجام گه‌یه‌نراوه .
جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه ، داخوازییه‌کی دیکه‌ی ده‌روونییانه‌ی مرۆڤه و له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، مه‌یدانێکی دیکه‌ی تاڵان کردن بووه . ئه‌میش به پێی یاسای ” تاڵان بکه یان ڕێگه بده تاڵان بکرێیت ” هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵدا کراوه . کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئه‌م ئاره‌زووه له کۆمه‌ڵگادا بۆ به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ، به پێی هێرشه‌کان و ئه‌نجامگیرییه‌کانی بۆ سه‌ر به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی ، دابیین کراوه . جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه ، مه‌یدانێکی دیکه‌ی شه‌ڕی مرۆڤه‌کانه بۆ تاڵانی بردن . هه‌ر له کوردستادا ، شه‌ڕ له نێوانی ئیسلامییه‌کان و ناسۆنالیسته‌کان و کۆمۆنیسته‌کاندا ، بۆ تاڵان کردن و ڕفاندنی تاڵانییه‌کان له مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌دا ، هه‌تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه . هه‌روا له خۆڕا ئه‌م هێزانه له مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌دا شه‌ڕ له‌سه‌ر ڕفاندنی تاڵانی ناکه‌ن . تاڵانی ڕفاندن له مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌دا ، به واتای تاڵانی کردن دێت له ده‌سه‌ڵات و سامان و مه‌زنایه‌تی و خۆده‌رخستن و ناوبانگ و ڕێز و ئاینده وبه‌خته‌وه‌ری و ….هتدا .
ژنه باخۆسییه‌کانیش له مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌دا خولیای تاڵان کردن و ڕفاندنی تاڵانی بوون . هه‌ر هه‌موویان ویستوویانه ، چ له ناو خۆیاندا و چ له ده‌ره‌وه‌ی خؤشیاندا ، ئه‌وه‌نده‌ی که ده‌کرێت له‌م مه‌یدانه‌دا پێشڕه‌وی بکه‌ن . ئه‌وان جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌یان بۆ یه‌کتری له‌سه‌ر بنه‌مای هێرشه‌که‌یانه‌وه بۆ سه‌ر ئۆرفیۆس ، له ناو خۆیاندا دابیین کردووه . جه‌ماوه‌ی بوونه‌وه‌شیان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی کۆمه‌ڵگا ، به پێی کاریگه‌ری پڕوپاگه‌نده‌کانیان و به پێی ئه‌و ترسه‌ی له ناو خه‌ڵکدا دروستیان کردووه ، به ده‌ست هێناوه . جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌کانیان ، چ له ناو خۆیاندا و چ له ناو کۆمه‌ڵگادا ، له سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنه‌کانه‌وه ڕه‌خساندووه . تاڵان کردنه‌کانی ژنه باخۆسییه‌کان له مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌دا ، نه‌ك هه‌ر یه‌کسانانه به سه‌ریاندا دابه‌ش نه‌کراوه ، به‌ڵکو زۆربه‌ی زۆریان له‌و مه‌یدانه‌دا له‌وانه بوون که تاڵان کراوون .
ناوبانگ که نزیکایه‌تییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتخوازی و مه‌زنگه‌رایه‌تی و خۆده‌رخستن و …..هتدا هه‌یه ، ئاره‌زوویه‌کی دیکه‌ی مرۆڤه و له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ئه‌م ئاره‌زووه له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری تاکه‌کاندا ده‌چه‌پێنرێت . هه‌رچه‌نده بۆ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تیش ، ناوبانگ مسۆگه‌ر نه‌کراوه ،، به‌ڵام زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیرییه‌که‌یان بۆ ئاماده کراوه . ناوبانگ به لای منه‌وه به‌رئه‌نجامی کرده‌یی کردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌یه‌ك وه‌یان نواندنی چالاکییه‌که ” با ئه‌وه‌شمان له یاد بێت که بیرۆکه بێ چالاکی ، کرده‌یی نابێته‌وه و چالاکییش بێ بیرۆکه به ئه‌نجام ناگات ” . له یه‌که‌میاندا – واته له بیرۆکه‌دا – داهێنان کاکڵهیهتی و له دووه‌میاندا – واته له چالاکیدا – پسپۆڕی . ئه‌و داهێنان و پسپۆڕییهیه که ناوبانگ به که‌سه‌کان په‌یدا ده‌که‌ن . زۆربه‌ی هه‌ره زۆری مرۆڤه‌کان که ناوبانگ په‌یدا ناکه‌ن ، یان له باری هه‌بوونی بیرۆکه و چالاکی نواندنه‌وه به ته‌واوی لاوازن وه‌یان له‌گه‌ڵ میکانیزمه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و چوونه پێشه‌وه‌کانیدا نایه‌نه‌وه ، وه‌یان مه‌یدانی پیاده کردنیان هێنده به‌رته‌سکه که زۆربه‌ی جار له سنووری کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند که‌سێك تێناپه‌ڕن . ناوبانگ په‌یدا کردن به باری خراپه‌شدا هه‌یه ، به‌ڵام نه‌فره‌ت ئامێزه . ناوبانگ ده‌رکردن به باری باشه‌دا که داهێنان کرۆکیه‌تی ، هه‌ڵگری په‌یامێکی مێژووییه . به پێی بڕ کردنی په‌یامه‌که‌ی ، ئه‌میش له ڕۆشتنه مێژووییه‌که‌یدا ، بڕ ده‌کات ” به‌رده‌وام ده‌بێت ” . ناوبانگ په‌یدا کردن له‌سه‌ر بنه‌مای پسپۆڕییه‌وه ، مێژوویی نییه ، به‌ڵام به هۆی مێژوویی بوونه‌وه‌ی ڕووداوێکه‌وه ، ئه‌میش مێژوویی ده‌بێته‌وه . ناوبانگ له پله‌ی هه‌ره ئاسایی خۆیه‌وه ده‌ست پێده‌کات و پله به پله به ناو سنوور نه‌ناسیندا ده‌ڕوات .
بیرۆکه و چالاکی به باری باش‌دا که جه‌وهه‌ری ناوبانگی باش پێك ده‌هێنن ، مرۆڤ په‌روه‌رییان له ناودا به‌رجه‌سته‌یه . به‌و بڕه‌ی مرۆڤ په‌روه‌ری له بیرۆکه‌یه‌کدا وه‌یان له کارێک‌دا جێکه‌وته ده‌بێت ، به‌و بڕه ئه‌و بیرۆکه‌یه وه‌یان ئه‌و کاره جێگای سه‌رنج ڕاکێشان و سه‌رسام بوونه . وه به‌و بڕه‌ی ئه‌م سه‌رنج ڕاکێشان و سه‌رسام بوونه بڕ ده‌کات ، ئه‌ڵبه‌ته به‌و بڕه‌ش ئه‌و بیرۆکه‌یه وه‌یان ئه‌و کاره له ناو ئه‌و خه‌ڵکه‌دا بڕی کردووه . ئاخر سه‌رنج ڕاکێشان و سه‌رسام بوون له بیرۆکه و کاری باش‌دا به ڕاده‌یه‌ك چڕ ده‌بنه‌وه که مرۆڤ په‌روه‌ری تیایاندا به‌و ڕاده‌یه چڕ بووبێته‌وه . ئه‌م سه‌رنج ڕاکێشان و سه‌رسام بوونه که جه‌وهه‌ری ناوبانگی باش پێكده‌هێنن ، له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی مرۆڤ په‌روه‌ری ڕاده‌وه‌ستن . له هه‌ناوی هه‌موو داهێنانێکدا مرۆڤ په‌روه‌ری بوونی هه‌یه ، به‌ڵام کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ناکۆکه به مرۆڤ په‌روه‌ری ناو داهێنان . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ مرۆڤ په‌روه‌ری ناو داهێناندا کۆکه ” هاوجووته ” ، که له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا بێته‌وه . له ناو خودی مرۆڤ په‌روه‌ریشدا داهێنان هه‌یه ، به‌ڵام ئه‌م داهێنانه تا چه‌ند ده‌توانێت ده‌رکه‌وێت ، ئه‌وه‌یان ئیتر باسێکی تره و له جه‌وهه‌ردا به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕاده‌ی به‌رانگه‌ر بوونه‌وه‌وه له به‌رانبه‌ر کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه له زۆربه‌ی زۆری حاڵه‌ته‌کاندا به مرۆڤ په‌روه‌ری ناو داهێنانه‌کان ڕازی ده‌بێت ، به‌ڵام هه‌رگیز به داهێنان له مرۆڤ په‌روه‌ریدا ڕازی نابێت .
ئۆرفیۆس له لێرا ژه‌ندنیدا خاوه‌نی داهێنان بووه . له چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ده‌نگه خۆشه‌که‌یدا خاوه‌نی داهێنان بووه . له دۆزینه‌وه و به‌کارهێنانی ئاوازیشدا خاوه‌نی داهێنان بووه . هه‌رچه‌نده داهێنانه‌کانی ئۆرفیۆس له‌و مه‌یدانانه‌ی هونه‌ره‌که‌یدا ، مرۆڤ په‌روه‌رییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرتبوو ، به‌ڵام له‌و بابه‌تانه‌دا ئه‌و مرۆڤ په‌روه‌رییانه پیاده ده‌بوون که لاقه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه یان با بڵێین به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تیان نه‌ده‌کرد . پێش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له ده‌ره‌وه ، به هێزه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیه‌وه ، به سیستم و کو‌لتوور و مێژوویه‌وه ، به‌ری به مرۆڤ په‌روه‌ری ئۆرفیۆس گرتبێت ، هه‌ر خودی کۆمه‌ڵگا له ناوه‌وه‌ڕا ” واته له ناوه‌وه‌ی ئۆرفیۆس دا ” هونه‌ره‌که‌ی ئۆرفیۆسی به قازانجی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت یه‌کلایی کردبووه‌وه . پێش ئه‌وه‌ی ئۆرفیۆس خۆی خاوه‌نی خۆی بووبێت ، کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه به‌و هه‌موو داموده‌زگایه‌وه که هه‌یبووه ، خاوه‌نی بووه . سه‌باره‌ت به ژنه باخۆسییه‌کانیش ئه‌ڵبه‌ته هه‌مان شته . ژنه باخۆسییه‌کانیش ، به‌ده‌ر له ویستی خۆیان ، پێش ئه‌وه‌ی خۆیان خاوه‌نی خۆیان بووبن ، کۆمه‌ڵگا خاوه‌نیان بووه . ماده‌م کۆمه‌ڵگا له بنه‌وه‌ڕا خاوه‌نی ئۆرفیۆس و ژنه باخۆسییه‌کانیش بووه ، که‌واته ئاوڕه‌که و کوشتنه‌که‌ی ئۆرفیۆس ، به‌ر له‌وه‌ی به “ئۆرفیۆس ” و ژنه باخۆسییهکانهوه په‌یوه‌ست بووبێتن ، به مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگاوه له‌گه‌ڵ کۆیله‌کانیدا که ئۆرفیۆس و ژنه باخۆسییه‌کان بوون ، په‌یوه‌ست بوون .
بژار
14 – 5 – 2011
ماویه‌تی
bizharpoet@yahoo.com