له‌باره‌ی خه‌یاڵا و شیعره‌وه*
پ: هه‌ژاری موكریانی ده‌ڵێت: شاعیران هه‌میشه كۆشك له‌ناو هه‌وردا درووستده‌كه‌ن و كه‌چی خۆیشیان تێیدا دانانیشن، ئه‌گه‌ر شیعر هێنده خه‌یاڵپڵاوییه، بۆچی تا ئێستاش خه‌ڵكی ئاوها پێیه‌وه سه‌رقاڵا و بۆ خوێندنه‌وه‌ی عه‌وداڵن؟
و: به‌ڕاستی ئه‌م پرسیاره‌ت زۆر به‌خۆیه‌وه خه‌ریكاندمی، له تۆ‌و له خوێنه‌ری ناشارمه‌وه زیاد له دوو مانگه به دوای وه‌ڵامه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێم، ئاخر ده‌زانی ئه‌وه پرسیارێكی وجودییه، له ناخی خۆشمدا هه‌بووه‌و بێ ویستی خۆم سه‌ركوتم كردووه، یان چوزانم ڕه‌نگه تائێستا له‌به‌ر سه‌رقاڵی خۆی مت كردبێت و سه‌ری نه‌هێنابێته ده‌ر، وه‌لـێ ئه‌مجاره ئیتر تۆ یه‌خه‌ت پێگرتووم. . ئه‌رێ به ڕاست شیعر خه‌یاڵپڵاوییه؟ ئه‌ی ژیان خۆی چییه؟ تۆ قه‌ت بیرت له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆت كردووه‌ته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ساتێك خه‌یاڵ نه‌مێنێت خۆ مرۆڤ ڕه‌نگه ده‌ستبه‌جێ شێت ببێت، ئه‌ها شاعیره عه‌ره‌به‌كه ده‌ڵێت:
(ما أچیق العیش لولا فُسحه الامل؟!)
ئه‌دی ئومێد خۆی چییه؟ بڕینی چاوی خه‌یاڵه له داهاتوو. . ئه‌گه‌ر خه‌یاڵا نه‌بێت، ئومێد مانایه‌كی نامێنێت . ئه‌م ژیانه چه‌ندی له‌به‌ر چاوه‌و چه‌ندی په‌نهانه؟ له دونیای كوردییدا ڕه‌نگه (به‌ختیار عه‌لی) له باسكردنی خه‌یاڵا‌و وه‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵیشدا بێهاوتا بێت، به‌تایبه‌ت له ڕۆمانی (غه‌زه‌لنووس و باغه‌كانی خه‌یاڵدا)، ئه‌و له‌و ڕۆمانه‌دا بیرمان ده‌خاته‌وه كه ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ نه‌بووایه ئه‌و هه‌موو نیگار و وینه و ته‌لاره جوانانه و ئه‌و گشت شارستانییه‌ته گه‌ورانه‌ش هیچیان نه‌ده‌بوون. ئاخر مرۆڤ به‌رله‌وه‌ی هه‌ر كارێك له واقیعدا بكات، پێشتر وێنه‌یه‌كی جوانتری ئه‌و كاره له دونیای خه‌یاڵا‌و ئه‌ندێشه‌یدا ئه‌نجام ده‌دات. من ڕۆژێك بو‌وه، نه‌ك ڕۆژێك ده‌یان ڕۆژ، له خه‌یاڵی خۆمدا بوومه‌ته پزیشك‌و نه‌خۆش هاتوونه‌ته لام‌و له‌م توڕه بووم‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا قسه‌ی خۆشم كردووه، ئێستا له واقیعدا ڕێك ئه‌وه ده‌كه‌م كه پێش چه‌ند ساڵێك له خه‌یاڵمدا ده‌مكرد!
بۆ وا ده‌زانی كه‌سێك كه ئێستا ده‌وڵه‌مه‌ندترین پیاوی دونیایه، ڕۆژێك نه‌بووه له خه‌یاڵی خۆیدا ئه‌م زه‌نگینه‌ی ئێستا بێت؟ یان ئه‌و ئه‌كته‌ره به‌ناوبانگه یان ئه‌و نووسه‌ره بلیمه‌ته، هه‌ریه‌ك له‌وان پێش ئه‌وه‌ی له واقیعدا بووبێته ئه‌م كه‌سه و ئێمه بیناسین، له خه‌یاڵدانی خۆیدا ڕۆژێك له ڕۆژان ئه‌م كه‌سه بو‌وه!
وه‌ختێ مرۆڤ گوێی له وشه‌ی خه‌یاڵی یان خه‌یاڵپڵاوی ده‌بێت _ من تا ئێستا به‌وردی له‌سه‌ر ئه‌م وشه‌ی خه‌یاڵپڵاوییه نه‌وه‌ستاوم‌و نازانم له چییه‌وه هاتووه، تۆ بڵێی هه‌ر خه‌یاڵ بڵاوی نه‌بێت؟ یان پیاوێك به خه‌یاڵ پڵاوی خواردووه؟!_ خه‌یاڵای به‌بێ ئه‌رزش‌و بێ‌نرخ دێته به‌رچاو، بڕوا بكه خه‌یاڵا له واقیع گرنگتره، ئاخر واقیع به‌رهه‌می خه‌یاڵه، ئه‌گه‌ر (عه‌بباسی كوڕی فه‌ڕناس) خه‌یاڵی فڕینی نه‌كردایه، ئه‌مڕۆ من و تۆ _ كه ده‌ڵێم تۆ‌و من مه‌به‌ستم مرۆڤه، ڕه‌نگه من‌و تۆ كه‌سمان سواری فڕۆكه نه‌بووبێتین_ ئاوا به ئاسانی له ئه‌ڵمانیاوه به چه‌ند سه‌عاتێك نه‌ده‌گه‌یشتینه ئاسیای ناوه‌ڕاست و باشووری ئه‌فریقا و جه‌زیره‌كانی واقواق!
هه‌ر ده پانزه ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بوو، ئه‌و وه‌خت ته‌له‌فزیۆنی مله‌وه‌ن له كه‌م ماڵی كوردستاندا هه‌بوو، تیڤییه‌كی (ئی. ئای. سی) ڕه‌ش‌و سپیمان هه‌بوو، هه‌مووی ته‌نها یه‌ك دوو كه‌ناڵی ئێرانی وه‌رده‌گرت، من و قانعی برام كه هه‌ردوكمان تازه‌لاو بووین، زۆر جار به‌یه‌كه‌وه ته‌ماشای فیلم و به‌رنامه‌كانمان ده‌كرد، نێوانی ئێمه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌كه ته‌نها چه‌ند مه‌ترێك بوو، بۆ گۆڕینی كه‌ناڵ زۆرجار ده‌بووه هه‌رامان، ئه‌و ده‌یگوت تۆ هه‌سته بیگۆڕه و، منیش ده‌مگوت وه‌ڵڵا ده‌بێت تۆ بیگۆڕیت، بیرمه جارێك خه‌یاڵمان بۆ ئه‌وه چوو قامیشێكی درێژ بهێنین‌و له مابه‌ینی خۆمانیدا دانێین و هه‌ركات ویستمان كه‌ناڵا بگۆڕین به‌و قامیشه بیگۆڕین، ئیتر له ده‌رده‌سه‌ری هه‌ڵسان ڕزگارمان ده‌بێت!
ئێمه ئه‌و وه‌خت مناڵ بووین‌و ئاگامان له كۆنترۆڵا و ئه‌و شتانه نه‌بوو! به‌ڵام ده‌توانین سوود له‌م نموونه‌یه وه‌ربگرین بۆ داهێنانی ڕیمۆت كۆنترۆڵی تی.ڤی، ئایا ئه‌و زانایه‌ی یه‌كه‌مجار ڕیمۆت كۆنترۆڵی داهێناوه خۆی قه‌ت گرفتاری ده‌ردی كه‌ناڵ گۆڕین نه‌بووه؟ من وای بۆ ده‌چم هه‌ر شتێكی له‌و جۆره بووبێت. هه‌ر له منداڵییدا دوو كه‌س دوو كه‌س یارییه‌كمان ده‌كرد، هه‌ریه‌ك له‌و دووه‌مان قوتوویه‌كمان ده‌گرت به ده‌ستمانه‌وه و به‌نێكیشمان به هه‌ردووكیانه‌وه ده‌كرد و له یه‌كتر دوور ده‌كه‌وتینه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی به‌نه‌كه مه‌ودای هه‌بوایه‌و نه‌پچڕایه، ئینجا یه‌كێكمان ده‌ممان به قوتووه‌كه‌ی ده‌ستمانه‌وه ده‌نیا‌و ئه‌وی تریش قوتووه‌كه‌ی خۆی به گوێیه‌وه ده‌گرت، بۆ نموونه من ده‌مووت: ئه‌لو ئه‌لو، ئه‌تۆش له‌وێنده‌ر له‌ڕێی به‌نه‌كه‌وه و پاشان له قوتووه‌كه‌وه گوێت له‌و ئه‌لو ئه‌لووه‌ی من ده‌بوو. ئه‌مه به‌رهه‌می خه‌یاڵی مناڵێكی كوردی پێش بیست ساڵی ناوچه‌یه‌كی دووره ده‌ست و وه‌پاشكه‌وتووی وڵاتێكی لاته‌ریكی جیهانه، ئه‌دی ده‌بێت خه‌یاڵی زانایه‌كی شارنشینی ده‌ڤه‌رێكی به‌رین‌و خاوه‌ن شارستانییه‌تی دنیا چۆن بێت! ئێ ته‌له‌فۆن هه‌ر به‌رهه‌می ئاوه‌ها شتێكه. باسمان له گرنگیی خه‌یاڵه، ده‌توانم تا به‌یانی دانیشم‌و نموونه‌ی به‌رهه‌می خه‌یاڵت بۆ بهێنمه‌وه .
مرۆڤ هیچ ساتێك ته‌نها له‌و ساته‌دا ناژێ، به‌ڵكو به‌هاوكاری خه‌یاڵا له هه‌مانكاتدا له ئێستا، دوێنێ و سیبه‌ینێشدا ده‌ژی، تۆ هه‌میشه وه‌ختێ ده‌چیته سه‌ر نوێنی خه‌و بیر له‌وه ده‌كه‌یته‌وه سبه‌ینێ چی بكه‌ی؟ ئه‌وه به‌ری خه‌یاڵی تۆ نییه؟ ئه‌و كاتانه‌ی خه‌ریكی نووسینی، په‌له‌ته هه‌رچی زووه ته‌واو بێت و لێی ببیته‌وه تا خوێنه‌رانت بابه‌ته‌كه‌ت بخوێننه‌وه، ئه‌دی ئه‌وه به‌رهه‌می ئه‌ندێشه نییه؟ یان وه‌ختێ كوڕێ كچێكی شۆخ ده‌بینێ بیری بۆ زۆر دوور ده‌ڕوات و ئیتر . . . به‌م جۆره .
(شاعیران كۆشك له‌ناو هه‌وردا درووست ده‌كه‌ن). . . شتێك هه‌یه گرنگه بیرمان بۆی بچێت، مرۆڤ تا له واقیعدا بێده‌سه‌ڵاتتر بێت، زێتر په‌نا وه‌به‌ر جیهانی ناوه‌وه و قسه‌كردن له‌گه‌ڵا خۆیدا (مه‌نه‌لۆگ) ده‌بات، به‌بڕوای من زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان به جۆرێك له جۆره‌كان و له هه‌ندێ له حزه‌ی دیاریكراودا شاعیرن، شاعیر چییه؟ كه‌سێكه به‌رانبه‌ر به ده‌وروبه‌ر هه‌ستیاره، وه‌لـێ هه‌موو كه‌س به مانا باوه‌كه‌ی ناتوانن شاعیر بن، شاعیر خاوه‌ن جۆرێك له توانای به‌یان و ده‌ربڕین و قسه ڕێكخستنه كه له ڕێیه‌وه خۆی ده‌رده‌بڕێت، ته‌عبیر له ورده ساته‌كانی خۆی ده‌كات، تۆ بیر بكه‌ره‌وه له‌وه‌ی: ئایا كه‌س هه‌یه ڕۆژێ له ڕۆژان بیری له شتێكی خه‌یاڵیی ئه‌وتۆ نه‌كردبێته‌وه كه ئه‌گه‌ر به نووسین یان به قسه‌كردن ده‌ری ببڕێت ببێته گاڵته‌چیی ده‌می خه‌ڵك! مرۆڤ هه‌یه له خه‌ون‌و خه‌یاڵیدا ڕۆژی ده جار ده‌بێته سه‌رۆك كۆمار‌و ئه‌م داركاری ده‌كات‌و ئه‌و ڕاو ده‌نێت، له كاتێكدا عه‌ره‌بانه‌چییه‌كی به‌دبه‌خته‌و ڕۆژێ كار نه‌كات زارۆكانی له برساندا ده‌مرن! یان تۆ بڕۆ ناو خه‌یاڵی تازه لاوێكه‌وه_ لای خۆمان به هه‌ڵه ده‌ڵێن هه‌رزه‌كار_ ئه‌و شه‌وانه له‌سه‌ر جێگه‌و له كاتی نووستندا ڕه‌نگه بیری بۆ سێكسكردن له‌گه‌ڵا كچی دراوسێكه‌یاندا بچێت، وه‌لـێ له خوا‌و خۆی به‌ولاوه كه‌س به‌مه نازانێت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو نهێنی خۆی له كۆڵاندا به ده‌نگی به‌رز دركاند چی ڕووده‌دات؟ ڕه‌نگه شه‌ڕی دوو عه‌شیره‌تی لێبكه‌وێته‌وه، خوێن بڕژێت . . هه‌موو كه‌س، شاعیر‌و ناشاعیر له‌م خه‌یاڵه به‌ربڵاوه پڕ له بۆنی پڵاوه‌یان هه‌یه، به‌یه‌ك جیاوازییه‌وه، ناشاعیره‌كه له دڵی خۆیدا ده‌یهێڵێته‌وه، وه‌لـێ شاعیره‌كه ده‌ریده‌بڕێت‌و باسی ده‌كات، ده‌ینووسێت‌و بڵاویده‌كاته‌وه، بۆیه خه‌ڵكی به‌لایانه‌وه سه‌یره، له‌كاتێكدا هه‌ق بوو كه‌س پێی سه‌یر نه‌بوایه، چونكه وه‌ك وتم هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه بۆ خۆشیان خه‌یاڵی له‌و جۆره‌ی شاعیره‌كه‌یان هه‌یه. جیاوازییه‌كی تر ئه‌وه‌یه شاعیر خاوه‌ن خه‌یاڵێكی به‌پیتتر و دوورمه‌وداتره، وێنه‌ی وا له خه‌یاڵیدا ده‌كێشێت مرۆڤێكی تر كه خه‌یاڵی توانای ئه‌و وێنه‌كێشانه‌ی نییه، وه‌ختێ ده‌یبینێت پێی سه‌رسام ده‌بێت، ئه‌ها وه‌ختێ یه‌كێكی نه‌خوێنده‌وار خوێنده‌وارێك ده‌بینێت كتێبێكی قه‌به‌ی به ده‌سته‌وه‌یه و سه‌رقاڵی موتاڵاكردنیه‌تی، چۆن ده‌م ده‌كاته‌وه‌و به ئیعجابه‌وه لێی ده‌ڕوانێت، ئه‌ویش ڕێك ئاوهایه .
شیعر پرۆسه‌ی وێناكردنی خه‌یاڵه په‌نهانه‌كانه، له دونیای سینه‌مادا تێرمێك هه‌یه پێی ده‌وترێت خه‌یاڵی زانستی (Scientific Imagination)، له هۆلیۆددا به به‌رده‌وامی فیلم له‌سه‌ر ئه‌و ستایله ده‌رده‌چێت، بۆ نموونه دیمه‌نێك پیشانده‌دات، له‌و دیمه‌نه‌دا سه‌ر مانگ ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌و خانووی تێدا دروستكراوه و له‌و جۆره شتانه، له فیلمه‌كه‌دا وا پیشانی بینه‌ر ده‌درێت ئه‌مه واقیعه‌و ڕوویداوه، له كاتێكدا نه واقیعه‌و نه ڕوویداوه‌و نه هیچێ، وه‌لـێ له هه‌مانكاتدا ڕوویداوه، له كوێدا ڕوویداوه؟ هه‌ڵبه‌ت له خه‌یاڵی ته‌نها كه‌سێكدا، ئه‌ویش نووسه‌ری ده‌قه‌كه‌یه . . شیعریش هه‌ر ئاوهایه، مرۆڤ وه‌ختێ توانای به‌ده‌ستهێنانی شتێكی نییه ناچار په‌نا وه‌به‌ر خه‌یاڵ ده‌بات، ئیتر هه‌یه خه‌یاڵی خۆش ده‌كات و له‌و ئه‌ندێشه‌یه‌یدا به خواسته‌كانی ده‌گات و به دولبه‌ره‌كه‌ی شاد ده‌بێت و ئه‌و ماشێنه‌ی حه‌زی لێیه‌تی سوار ده‌بێت و ئه‌و خواردنه‌ی به‌لایه‌وه خۆشه ده‌خوات و . . هه‌یشه خه‌یاڵی نه‌رێیی (Negative) ده‌كات و ناتوانێت ته‌نانه‌ت ماڵی ئه‌ندێشه‌شی ئاوه‌دان بكاته‌وه، ئیتر له‌مه‌وه بیر له پووچی ژیان و بێهوده‌یی دونیا ده‌كاته‌وه. ڕێبازێكی له‌م جۆره له ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژئاوادا به‌ناوی پوچگه‌رایی(عه‌به‌سیه‌ت)ه‌وه هه‌یه، ئاخر وه‌ك چۆن مێشكی مرۆڤ دوو جۆره بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه، بیركردنه‌وه‌ی (ئیجابی) و بیركردنه‌وه‌ی (سلبی)، وه‌ك مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د له به‌رگی یه‌كه‌م‌و دووه‌می (مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر)دا به درێژیی باسی لێوه ده‌كات، هه‌ر به‌و شێوه‌یه خه‌یاڵیش دوو ڕووی پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤی هه‌یه، خه‌یاڵی پۆزه‌تیڤ گه‌شبینی (Optimism) به‌رهه‌مده‌هێنێت و، خه‌یاڵی نێگه‌تیڤیش ڕه‌شبینی (Pessimism)ی لێده‌كه‌وێته‌وه .
ئه‌مه‌ی دوایی لای هه‌ندێ نووسه‌ری ڕۆژئاوایی وه‌ك ئه‌لبێركامۆ و سامۆئێل بیكێت ده‌گاته چڵه‌پۆپه، بۆ نموونه كامۆ له ڕۆمانی (تاعون)دا هێنده به‌وردی باسی دۆخی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه له شارێكدا ده‌كات، خوێنه‌ر ده‌توانێت ده‌ستی لێبدات و هه‌ستده‌كات خۆی له‌و شاره‌دایه، گه‌رچی ڕۆمانه‌كه‌ی به پێدانی ئومێد به دواڕۆژی مرۆڤیش كۆتایی پێده‌هێنێت. هه‌روه‌ها له ڕۆمانی (بێگانه)دا ئه‌وه‌نده جه‌خت له‌سه‌ر به‌دبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شیی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه، مرۆڤ سه‌ری ده‌سوڕمێت له توانای ئه‌و كابرایه له كۆكردنه‌وه و وه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌مووه ورده‌كارییانه‌ی ئاماژه‌ن بۆ به‌دبه‌ختی (مارسۆ)ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ی و، هه‌روه‌ها له پیشاندانی هه‌ستی ناوه‌وه‌ی ئه‌و پاڵه‌وانه‌دا كه له زیندان دایه و چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی حوكمی ئیعدام ده‌كات. كامۆ له‌سه‌ر ڕێبازی بوونگه‌رایی (الوجودیه) بوو كه (ژان پوڵا سارته‌ر) ڕێبه‌رایه‌تی ده‌كرد، وه‌لـێ له ساڵی 1945دا خۆی لـێ جودا كرده‌وه‌و ڕێبازی عه‌به‌سییه‌تی (Absurdism) ڕاگه‌یاند .
پوچگه‌رایی به‌رهه‌می خه‌یاڵی سلبی‌و ڕه‌شبینانه‌یه، هه‌روه‌ك وجودییه‌ت(Existiantialism) و عه‌ده‌مییه‌ت(Nehilism)یش به‌ری داری ئه‌و جۆره ڕوانینه‌ن .
نووسه‌رێلێكی تری وه‌ك (فرانز كافكای) چیرۆكنووسی نه‌مساوی و (ئیم‌یل سیۆران)ی ئه‌دیب و فه‌یله‌سووفی ڕۆمانییش له‌وانه‌ن كه به نائومێدییه‌وه له به‌های ژیان و چاره‌نووسی مرۆڤیان ڕوانیوه. له جیهانی ئیسلامییشدا شاعیرگه‌لێكی وه‌ك عومه‌ری خه‌ییام‌و ئه‌بوعه‌لای موعه‌ڕری له كۆندا نموونه‌ی هه‌ره دیاری وه‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵی نێگه‌تیڤتن، خه‌یام سه‌راپا پرسیار و حه‌یره‌ته، ئه‌و گومان له مانای بوون ده‌كات، له شیعرێكدا ده‌بێژێت:
بۆ هاتمه سه‌رزه‌وی له‌به‌ر چــی چوونــم؟
به‌هره‌ی چی بوو بۆ خودا بوون و نه‌بوونم؟
هــاتم و ده‌چــــم بێوه‌ی بزانم بۆچـــی
پــاش مردنه‌كــه‌ش دووره ده‌راوی ڕوونم
چیرۆكنووسی ئێرانی (صادقی هیدایه‌ت) كۆپییه‌كی ئه‌لبێركامۆیه به فارسی! ئه‌و چیرۆكنوسه زۆر به چاوێكی ڕه‌شبینانه‌وه له دوا ڕۆژی مرۆڤی ڕوانیوه‌و سه‌ره‌نجامیش ئه‌وه بوو خۆی كوشت .
له دنیای كوردییدا نووسه‌رێكمان نییه بتوانین وه‌ك نوێنه‌ری ڕه‌شبینی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا بكه‌ین، وه‌لـێ لێره و له‌وێ هه‌ندێ وێنه‌ی نائومێدبوون و چیرۆكی تژی له ترس و ڕه‌شبینی لای جگێ نووسه‌ر ده‌بینین، (محه‌مه‌د موكری) له ڕۆمانی (سه‌گوه‌ڕ)دا به‌ویست یان بێویست لاسایی (بێگانه)ی كامۆ ده‌كاته‌وه، پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی ئه‌میش پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌و له زینداندا چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی حوكمی ئیعدامه كه به‌سه‌ریدا دراوه. (شێرزاد حه‌سه‌ن)یش له نۆڤڵێتی (حه‌سار‌و سه‌گه‌كانی باوكم)دا كه وه‌گه‌ڕخستنی تیۆریاكه‌ی فرۆیده له‌سه‌ر دروستبوونی ته‌وته‌م و سه‌رهه‌ڵدانی ئایین، كه‌شێكی پڕ له شڵه‌ژان و دڵته‌نگیی خوڵقاندووه .
نووسه‌ری ئه‌وتۆیش هه‌یه به هه‌ردوو باری ئیجابی و سلبی دا خه‌یاڵی وه‌گه‌ڕ خستووه، ئه‌دیبی به‌ناوبانگی جیهانی (ولیام شكسپیر) كه خاوه‌نی نزیكه‌ی سی و حه‌وت شانۆنامه‌یه یه‌كێكه له‌وان كه‌سانه، شانۆیی (ماكبێس) به هه‌ق نوێنه‌ری لایه‌نی تاریك و شانۆیی (As you like)یش نموونه‌ی لایه‌نی ڕووناكی خه‌یاڵی ئه‌و نووسه‌ره بلیمه‌ته‌یه .
ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی لایه‌نی سلبی‌و ئیجابی خه‌یال بوو، ڕه‌نگه له هه‌ندێ شوێنیش‌دا كه‌وتبیتمه هه‌ڵه‌وه، ئاخر من به پشت به‌ستن به یادگه‌و خه‌یاڵی خۆم ئه‌مانه ده‌ڵێم، مه‌به‌ستم نییه خۆم بخه‌مه جێی ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی یان توێژه‌رێكی ده‌روونناسی‌و فه‌لسه‌فییه‌وه .
ئه‌ی شیعر چییه؟ ڕاسته خه‌یاڵپڵاوییه؟ شیعر ته‌نیا ئه‌و وشانه نییه كه له زاری مرۆڤێكه‌وه ده‌رده‌چێت یان له ڕووپه‌ڵی ده‌فته‌رێكدا ده‌یخوێنینه‌وه، شیعر زایه‌ڵه‌ی ناخی بنیاده‌مه، ده‌نگی ئه‌و مرۆڤه نووستووه‌یه كه له ناخی هه‌ر بنیاده‌مێكدا هه‌یه، هه‌موو یه‌كێك له ئێمه مرۆڤێكی نووستومان له ناخدایه، بنیاده‌م هه‌یه ده‌مرێت‌و ئه‌و مرۆڤه‌ی ناخی هه‌ر به نووستوویی ده‌مێنێته‌وه، هه‌یشه له قۆناغێكی ژیانیدا مرۆڤه‌كه به‌خه‌به‌ر دێت، (شیعر هاواری ویژدانه)، شیعر دووكه‌ڵی به‌رزبووه‌وه له گڕی ناخ و هه‌ناوه .
وه‌خته بڵێم ته‌مه‌نی شیعر له ته‌مه‌نی ئینسان درێژتره. هه‌موو قسه‌یه‌ك ته‌عبیركردنه له خود، شیعریش جۆرێكه له گوزارشت له خۆكردن .
شیعر بابه‌تێكی ته‌واو خودی (زاتییه)، به‌شێكی فراوانی له ناخی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه، واته شاعیره‌كه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و په‌یوه‌ندی به ده‌ره‌وه‌ی زاتی ئه‌وه‌وه نییه، به‌شێكیشی به‌رهه‌می ئه‌و كات و شوێنه‌یه وا شاعیره‌كه‌ی تێدا ده‌ژی .
شیعر هه‌ستێكی دانه‌بڕاوه له زات، شتێك نییه وه‌ك زانست لای هه‌ندێك هه‌بێت‌و كه‌سانێكیش فڕیان به‌سه‌رییه‌وه نه‌بێت، ڕاستییه‌كه‌ی بابه‌ته هونه‌ری‌و ئه‌ده‌بییه‌كانی وه‌ك میوزیك، نیگاركێشان و، شیعر نووسین، (یان شیعر وتن) بابه‌تگه‌لێكی تا بڵێی زاتین، مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د له به‌رگی یه‌كه‌می (مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر)دا زۆر به‌وردی باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی كردووه .
شیعر شتێك نییه وه‌ك هه‌ر هونه‌رێكی تر له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه یان دیراسه‌كردنه‌وه مرۆ فێری ببێت، له‌مه‌دا شیعر له مۆسیقا و نیگاركێشانیش جودا ده‌بێته‌وه، ئاخر ئه‌م دووانه‌ی دوایی ئه‌گه‌ر نه‌یانخوێنیت مومكین نییه فێریان ببیت، كه‌سێك ئه‌گه‌ر هونه‌ری په‌یكه‌رتاشیی نه‌خوێندبێت یان لانی كه‌م ته‌ماشای ده‌ستی په‌یكه‌رتاشێكی هه‌نه‌رمه‌ند نه‌كات، مه‌حاڵه به‌هره‌ی ئه‌و هونه‌ره‌ی تێدا بڕسكێت، هه‌روه‌ها كه‌سێك ئه‌گه‌ر میوزیك نه‌خوێنێت یان هیچ نه‌بێت ساڵانێك پرۆڤه له‌سه‌ر ئامێرگه‌لێكی وه‌ك ساز و ته‌نبور و فلوت و پیانۆ و . . . هتد نه‌كات، ڕێی نییه میوزیكژه‌نێكی باش یان ته‌نانه‌ت خراپیشی لێده‌رچێت. وه‌لـێ شیعر وانییه، هه‌ریه‌ك له ئێمه له ده‌وروبه‌ری خۆماندا خه‌ڵكانێك ده‌بینین هونه‌ری شیعریشیان نه‌خوێندووه و شاعیریشن، تێیشیاندایه هۆنه‌ری باشیشن، له‌وه‌ش واوه‌تر مرۆڤ هه‌یه نه‌خوێنده‌واره و شاعیره، بگره هۆنراوه‌ی باشیش ده‌نووسێت .
شیعر شتێك نییه سه‌ربه‌خۆ له ناخی تا مرۆڤ بتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت، به‌ڵكو به‌شێكه له زات _وه‌ك له پێشه‌وه ئاماژه‌م پێدا_.
له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه شیعر هه‌بووه، به بڕوای من تا ئه‌و ڕۆژه‌ش مرۆڤ هه‌بێت شیعر ده‌مێنێت. زه‌مانی زوو ته‌نانه‌ت پێش داهاتنی نووسینیش بنیاده‌م شیعری وتووه‌و گۆرانیی چڕیوه، ئه‌گه‌رچی به‌ڵگه‌یه‌كی بێگومانم له‌به‌رده‌ستدا نییه، وه‌لـێ ده‌توانم له ناخی خۆم و له ده‌وروبه‌ری خۆم به‌ڵگه بۆ ئه‌و شته وه‌ربگرم، تۆ وه‌ختێ به ته‌نیا ده‌بیت چی ده‌كه‌یت؟ یان گۆرانی ده‌چڕیت یان شیعر ده‌ڵێیت یان . . . هه‌ر بۆڵه‌بۆڵێ له‌به‌ر خۆته‌وه ده‌كه‌یت، هه‌ندێ سات مرۆڤ به ته‌واوی له دونیا داده‌بڕێت‌و له جیهانی ناوه‌وه‌ی خۆیدا نوقم ده‌بێت، به قه‌ولی شاعیریش: (وإنّك لجرمٌ صغیر وفیك انگوی العالم اڵاكبر)، ناخی بنیاده‌م وه‌ك جه‌سته‌ی بچووك نییه، تۆ به‌س چاو بنوقێنه‌و به ئه‌سپایی بیربكه‌ره‌وه، ده‌بینیت دونیا سه‌رله‌به‌ر: فریشته و دیو و درنج، په‌ری و ئه‌هریمه‌ن، ڕه‌ش و سپی، جوان و ناشرین، هه‌تاو و مانگ، شه‌و و ڕۆژ، گوڵا و په‌پووله، بۆنی ڕه‌یحانه و بۆنی خوێن و چه‌قۆی قه‌ساب، سته‌م و دادپه‌روه‌ری، هه‌ر هه‌موو له ده‌ریای بێ‌كه‌ناری ناخت‌دا مه‌له ده‌كات، جا وه‌ختێ مرۆڤ له ناخی خۆیدا نوقم بوو، جارێكی تر به‌و وێنانه‌ی كه پێشتر له دونیای ده‌ره‌وه‌ی ناخیدا پێیان ئاشنا بوو ئاشنا ده‌بێته‌وه، به‌ڵام وێنه‌كه‌ی ناو ناخ تۆزێ جیاوازه، نا زۆر جیاوازه. . له ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌ست له‌گه‌ڵا وێنه‌كانی ناخدا شیعر له دایك ده‌بێت .
مرۆڤ هه‌ر مرۆڤه، ڕه‌نگه له ڕووی بایۆلۆژییه‌وه بنیاده‌می ئێستا له چاو هی ده هه‌زار ساڵا له‌مه‌وبه‌ردا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبێت، له ڕووی عه‌قڵییشه‌وه هه‌روه‌ها، به‌ڵام سۆز شتێكی جودایه، من وای بۆ ده‌چم مرۆڤ تابێت له ڕووی سۆزدارییه‌وه به‌ره‌و لاوازییه‌وه ده‌چێت، وه‌ك بڵێی ئاوه‌ز و سۆز دوو شتی دژ به‌یه‌ك بن، به‌شه‌ری ئه‌مرۆ خاوه‌نی ئاوه‌زێكی پێشكه‌وتووتره له چاو بنیاده‌می (نیانده‌رتال)دا، كه‌چی عاتیفه‌ی مرۆڤێكی دوو هه‌زار ساڵا له‌مه‌وبه‌ر له هی مرۆڤێكی ئه‌مرۆِیی كڵپه‌سه‌ندووتر بو‌وه، ڕه‌نگه پرسیارێك به بیری خوێنه‌ردا بێت‌و بڵێت: ئه‌گه‌ر وایه ئه‌دی چۆن مرۆڤی كۆن دڵی هاتووه هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆی كه ئه‌ویش هه‌ر مرۆڤه بكات به كۆیله؟ له‌وه‌ش زیاتر هه‌ندێ له پاشا و ئیمپراتۆره‌كانی وه‌ك ئه‌وانه‌ی ڕۆمان كۆیله‌یان كردووه به گژ كۆیله‌دا و خۆیشیان به دیاریانه‌وه دانیشتوون و ته‌ماشایان كردوون تا یه‌كێكیان ئه‌ویتریانی له خۆینی خۆیدا گه‌وزاندووه، ئه‌م دیمه‌نه‌ش ئیمپراتۆر و ته‌ماشاچیانی تریشی كه‌یف خۆش كردووه! وه‌لـێ ئه‌و كه‌سه‌ی ئاوها پرسیارێكی به خه‌یاڵدا دێت، بیری ده‌چێت ئه‌و سته‌م‌و كۆیله به گژ یه‌كداكردنه‌ی سه‌رده‌مانی كۆن له چاو ئه‌وه‌ی ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ یاری مناڵانه‌یه، نابێت مرۆڤ هێنده ساویلكه بێت به‌وه بخه‌ڵه‌تێت كه له ڕیكلام و هه‌واڵی میدیاكاندا ده‌یبینێت‌و ده‌یبستێت، ئه‌و سته‌مه‌ی ئه‌مرۆِكه له ئارادایه به درێژایی مێژووی مرۆڤ نه بو‌وه و نه خه‌یاڵی مرۆڤێكی پێنج سه‌د ساڵا له‌مه‌وبه‌ریش ده‌یتوانی وێنای بكات، باشه له ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی دوو سوپای وه‌ك ماد و ئاشووردا چه‌ند كه‌س ده‌كوژران؟ سه‌د كه‌س، دوو سه‌د، تۆ بڵـێ هه‌زار كه‌س، ته‌نها له ئه‌نجامی جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه په‌نجاو پێنج ملیۆن بنیاده‌م له‌ناوچوون، له ساڵی 1987دا و له چه‌ند كاتژمێرێكدا ته‌نها له شارێكی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌دا نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌س له هه‌ناسه‌دان بێبه‌شكران، هه‌ر له‌م راپه‌ڕینانه‌ی به‌م دواییانه له ولاتانی عه‌ره‌بیدا به‌رپا بوون، چه‌ند كه‌س كوژران؟ به به‌راودكردنی كوشتاری ئه‌و سه‌رده‌مه له‌گه‌ڵا سه‌رده‌مه كۆنه‌كاندا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت مرۆڤی ئێستا هه‌ستی سۆزداری به‌ره‌و لاوازییه‌وه هه‌نگاوی ناوه، ئه‌مه ته‌نها باسی كوشتنی مه‌یدانی، ئه‌ی برسیكردنی هه‌زاران هه‌زار مرۆڤ له ڕێی كۆمپانیاكانه‌وه؟ سیستمی سه‌رمایه‌داری مرۆڤی له مرۆڤبوون خست، له تازه‌ترین ئاماردا هاتووه ساڵانه پێنج ملیۆن كه‌س به‌هۆی ژه‌هری جگه‌ره‌وه ده‌مرن؟ ئێستا یه‌كه‌م هۆكاری مردن له جیهاندا جگه‌ره‌یه، ئه‌ی جگه‌ره كێ دروستی ده‌كات؟ هه‌ر به‌شه‌ر نییه؟ بۆ ئه‌وه‌ی گیرفانی كۆمه‌ڵێك بنیاده‌م پڕ بێت ده‌بێت ورگی هه‌ندێكی تر به تاڵا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده دوانزده ملیاردێرێك پاره‌كه‌یان شتێكی بچێته سه‌ر، پێویسته هه‌زاران كه‌س زیاتر برسی بن، مادده‌ی بێهۆشكه‌ر (مخدر) مه‌ترسییه‌كه‌ی له چه‌كی ناوكی كه‌متر نییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌تۆمیش هه‌ر به‌رهه‌می ده‌ستی مرۆڤه‌و بۆ قڕكردنی هاو ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی دروستی ده‌كات، وه‌لـێ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌تۆم شتێكی په‌نهانه‌و مه‌ترسیه‌كه‌ی ڕووی له داهاتووه، ڕه‌نگه ڕۆژێك ببێته ڕاست و له‌وانه‌شه قه‌ت نه‌بێت، كه‌چی هه‌ڕه‌شه‌ی مادده‌ی بێهۆشكه‌ر ڕۆژانه ده‌بێته ڕاست، ڕۆژ نییه له‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا لانی كه‌م یه‌كێكی تازه تووشی داوی ئه‌م ژه‌هره كوشنده‌یه نه‌بێت. ئیتر هه‌روا پێدا بڕۆ: به شتكردنی مرۆڤ، له‌م نمایشكردنی جل‌و به‌رگه‌ی له كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا ده‌یبینین، كه‌ناڵی تایبه‌ت به مۆد (Fashion) هه‌یه، خه‌ڵكێك له‌م به‌ر‌و ئه‌وبه‌ری ته‌خته‌ی نمایشكردنه‌دا داده‌نیشن‌و چاوه‌ڕوانن، له پڕ ئافره‌تێك به له‌نجه‌و لار تا ئه‌م سه‌ر دێت، هه‌ندێ خۆی ده‌له‌نگێنێ و به شوێن خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر كه ئه‌م دیار نه‌ما یه‌كێكی تر له پشتی په‌رده‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، به هه‌مان ڕێدا‌و به جلێكی نوێ و شێوه ڕێكردنێكی تازه‌وه دێت و خۆی ده‌له‌نگێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌م شێوه‌یه هه‌زاره‌ها ئافره‌ت كراون به بازیچكه و ڕۆژانه جلوبه‌رگ و كاڵایان پێ نمایش ده‌كرێت، ئه‌مه‌یه دونیایه‌ك كه ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین و لێیه‌وه ڕه‌خنه له سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی ده‌گرین!
مه‌قوله‌یه‌كی ماركسی هه‌بوو ده‌یگوت: (مرۆڤ به‌نرخترین سه‌رمایه‌یه)، ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی گاڵته‌كردنه به مرۆڤ، مرۆڤ به نرخه، وه‌لـێ سه‌مایه نییه، سه‌رمایه و شمه‌ك و كاڵا ده‌بێت له خزمه‌تی مرۆڤدا بن، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆكه له دونیای نوێ‌دا ئافره‌ت ده‌كرێته وێنه‌ی سه‌ر به‌رگی صابون و به‌رگی شقارته و شامپۆ، ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی ڕێزی لێبگیرێت وه‌كنمایشكاری مۆدی نوێ قبووڵ ده‌كرێت، (پاولۆ كۆیلۆ) له ڕۆمانی (یانزه خوله‌ك)دا جوان له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه وه‌ستاوه، كه‌چی زۆربه‌ی گه‌نجه‌كانی ئێمه ئه‌و ڕۆمانه ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی سێكسی ده‌خوێننه‌وه!
ئه‌و نموونانه‌ی هێنامنه‌وه بۆ ئه‌وه بوو بڵێم مرۆڤی ئه‌مڕۆ هه‌ست‌و سۆزی له‌چاو مرۆڤی هه‌زاران ساڵا له‌مه‌وبه‌ردا زۆر كه‌متره، دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ خستنه‌ڕووی ده‌رئه‌نجامه‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ستی سۆزداری مرۆڤی نوێ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر شیعر .
ده‌مه‌وێت بڵێم مرۆڤ به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی نووسینیش شیعری وتووه، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌م قسه‌یه‌مان ئه‌وه‌یه كۆنترین ئه‌و تێكستانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه شیعرن، وه‌ك: گێلگامێش، ئه‌لیاده و ئۆدیسه و. . .هتد
خاڵێك هه‌یه ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بووه‌ستم، بۆ پشتیوانیكردن له‌و قسه‌یه‌ی ده‌ڵێم شیعر له ناخی مرۆڤه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌و خاڵه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان شیعر‌و فه‌لسه‌فه‌یه!
فه‌لسه‌فه له ئه‌نجامی وردپێوی و له‌سه‌ر شت ڕۆیشتنی مرۆڤه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، واته مناڵی ئاوه‌زه، كه‌چی شیعر به‌چكه‌ی سۆزه، ده‌بینین له هه‌ندێ كات و شوێنی مێژوویی‌دا جۆره تێكهه‌ڵپژانێك له نێوان شیعر‌و فه‌لسه‌فه‌دا ڕوویداوه، هه‌ندێ فه‌یله‌سووف به توندی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر شیعر و به ئامرازی گه‌وجاندنی به‌شه‌ریان زانیوه، له كۆندا (ئه‌فڵاتۆن) شاعیرێتی به پیشه‌یه‌كی بێبه‌ها وه‌سفكردووه و شاعیرانی به كه‌سانی گومڕاكه‌ر ناوبردووه‌و ته‌نانه‌ت له كۆماره خه‌یاڵییه‌كه‌یشی وه‌ده‌ری ناون، ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌فڵاتۆن له باوه‌ڕێكی تری ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه: له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فڵاتۆندا ئه‌وه ئاشكرایه كه ئه‌م دونیایه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤی تێدا ده‌ژین وێنه‌ی دونیایه‌كی میسالیی باڵایه، واته سێبه‌ری ئه‌و دونیایه‌یه، له‌م دونیایه‌دا زۆر كه‌م و كورتی هه‌یه، بۆ نموونه مناڵێك ده‌بینیت ده‌ستێكی نییه، لای ئه‌فڵاتۆن ئه‌م زارۆیه سێبه‌ری مناڵێكی ڕاسته‌قینه‌یه له دونیایه‌كی باڵاتردا، ئه‌وه سێبه‌ره‌كه‌یه ده‌ستی نییه، ده‌نا مناڵه ڕاسته‌قینه‌كه ده‌ستی ته‌واوه، وه‌ك كه لاق و چاو و هه‌موو شوێنه‌كانی تریشی بێ كه‌م و كورتین .
ئه‌فڵاتۆن كه پێی وایه ئه‌م دونیایه سه‌رله‌به‌ر وێنه‌ی سێبه‌ری دونیایه‌كی باڵاتره، ده‌بینێت شاعیر دێت وێنه‌ی ئه‌م دونیایه ده‌كێشێت، ئاخر ئه‌وه‌ی شاعیر ده‌ینووسێت و ده‌یڵێت: خه‌یاڵه، خه‌یاڵیش وێنه‌ی ناو ناخی شاعیره‌كه‌یه له‌سه‌ر دونیا، له كاتێكدا دونیا خۆی وێنه‌ی دونیایه‌كی تره، كه‌وابوو شاعیر دێت وێنه‌ی وێنه ده‌كێشێت، ئه‌مه‌یش ئه‌وپه‌ڕی پووچی و بێهوده‌یی و تا ڕاده‌یه‌ك نیشانه‌ی ده‌ستبه‌تاڵیشه!
ئه‌م فه‌یله‌سووفه دژه شاعیره، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دژه شیعریش بێت، چونكه شیعرنووسین وایكرد دژی شاعیران ده‌نگ هه‌ڵبڕێت، كه‌چی وه‌ك (وێل دیورانت) له (قصه الفلسفه)ه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات: شێوازی ده‌ربڕین و نووسینی ئه‌فڵاتۆن ئه‌وپه‌ڕی شاعیرانه‌یه، به‌رز‌و جوانه، ڕوون و پاراوه، ڕێك و سه‌رنجڕاكێشه. .
بڕوانه چونكه شیعر به‌شێكه له زاتی مرۆڤ، ده‌بینی ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ی كه هاوكات مرۆڤیشه، چه‌ند دژه شیعره دیسان بێئه‌وه‌ی ئاگای لێبێت ده‌بێته‌وه به شاعیر!
له دوای ئه‌فلاتۆن، ئه‌رستۆ هات و هه‌ڵه‌ی مامۆستاكه‌ی ڕاست كرده‌وه، ئه‌مه‌ی دوایی به پێچه‌وانه‌ی ئوستاده‌كه‌یه‌وه شیعری به هونه‌رێكی گرنگ وه‌سفكردووه و كتێبیشی به ناوی (هونه‌ری شیعر)ه‌وه نووسیوه .
له سه‌رده‌می نوێشدا جارێكی تر ڕووبه‌ڕووی فه‌یله‌سووفێكی تر ده‌بینه‌وه، كه تائێستاش زۆرێك له توێژه‌ره‌وان نازانن به شاعیر بانگی بكه‌ن یان به فه‌یله‌سووفی بزانن! (فریدریك وێڵهێڵم نێتشه) زۆر به قورسی له‌ناو فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیات و ڕوشنبیریی ئه‌و دووسه‌د ساڵه‌ی دوایی ڕۆژئاوادا حزووری هه‌یه، ئه‌و زاته له مه‌یدانی فه‌لسه‌فه‌ی نوێ‌دا نزیكه بڵێم كه‌س شان له شانی نادا، هه‌ندێك پێی ئێژن: (ئه‌و كه‌سه‌ی شیعری خسته ژێر پێی فه‌لسه‌فه‌وه)، كه‌چی نووسینه‌كانی هێنده سفت‌و پته‌و و به‌رز و شیرین نووسیوون، مرۆڤ وه‌ختێ ده‌یانخوێنێته‌وه بیری ده‌چێت خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه كه بابه‌تێكی وشك و بێ ڕووحه!
كتێبی(وه‌های گوت زه‌رده‌شت) له ده‌قێكی شیعری ده‌چێت، له هه‌مانكاتدا تێكستێكی فه‌لسه‌فییه. ڕه‌نگه نیتشه نه‌یویستبێت شاعیر بێت، وه‌لـێ نووسینه‌كانی شیعریان لێ ده‌چۆڕێت .
ئه‌م نمونه‌یه‌ش پێمان ده‌ڵێت شیعر شتێكی دانه‌بڕاوه له زات و هه‌ر كات ده‌رگایه‌كی لـێ داده‌خه‌یت له درزێكی تره‌وه خۆی ده‌كاته‌وه به ژووردا، شتێك نییه مرۆڤ بتوانێت به ئاسانی لێی بنه‌وێت و تووڕی هه‌ڵدا!
ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی: ئایا سه‌رده‌می نوێ سه‌ر زه‌مه‌نی مردنی شیعره؟
ڕه‌نگه ئه‌م پرسیاره زۆر نووسه‌ر‌و توێژه‌ری به خۆیه‌وه سه‌رقاڵا كردبێت، هه‌ندێك پێیان وایه له دایكبوونی چیرۆك و به دوای ئه‌ویشدا ڕۆمان له‌سه‌ر حیسابی كاڵبوونه‌وه‌ی شیعر بوو، یان ده‌ڵێن سه‌رهه‌ڵدانی شیعری ئازاد و دواتریش په‌خشانه شیعر ڕێگایه‌كه بۆ ئاوابوونی زه‌مه‌نی شیعر و مردن و نه‌مانی ئه‌م هونه‌ره .
هه‌ندێك وایده‌بینین مرۆڤی دونیای نوێ هێنده سه‌رقاڵا و جه‌نجاڵه نایپه‌رژێته سه‌ر ناخی خۆی، شیعریش به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌سته له‌گه‌ڵا ناخدا، ئیتر ورده ورده شیعر به‌ره‌و دیارنه‌مان ده‌چێت .
پێشتر وتم مرۆڤی ئه‌مڕۆ كه‌م سۆزتره له‌چاو مرۆی له‌مه‌وبه‌ر، شیعریش به‌رهه‌می لایه‌نی سۆزدارییه، ئیتر ڕوونه وه‌ختێ سۆز لاواز بێت، شیعریش لاواز ده‌رده‌چێت، ئه‌وه بۆیه ده‌بینین شیعری ئه‌م زه‌مانه كه‌م چێژتره له چاو شیعری په‌نجا سه‌د ساڵێك له‌مه‌وبه‌ردا. ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم شتێكی گشتییه، ده‌نا ناوبه‌ناو شاعیری وا له‌م سه‌رده‌مه‌شدا هه‌ڵده‌كه‌وێت، شیعری هاوتای شیعری شاعیرانی گه‌وره‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تییه .
دیاره زۆر شتی نوێ له‌م سه‌رده‌مه‌دا په‌یدا بوون، هه‌ر یه‌كێكیان به‌شێكی ئه‌و بۆشایییه‌یان پڕكردووه‌ته‌وه كه سه‌رده‌مانی پێشتر شیعر كه‌لێنگیری كردبوون، ئه‌مرۆ شانۆ هه‌یه، سینه‌ما هه‌یه، شێوازه‌كانی ڕاگه‌یاندن به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه: ته‌له‌فۆن، ته‌له‌فزیۆن، ئینته‌رنێت، دونیای مرۆڤیان جه‌نجاڵا‌و پڕ هه‌یاهوو كردووه، وه‌لـێ له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم شیعر به‌نیاز بێت به‌م زووانه ماڵئاوایی له دونیای مرۆڤ بكات، هیچ نه‌بێت به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی ڕه‌نگه زێده نه‌ڕۆم ئه‌گه‌ر بڵێم لانی كه‌م له ڕۆژهه‌ڵاتدا له‌م زه‌مانه‌دا شاعیر له هه‌موو ده‌م زیاتر هه‌ن، هه‌ر له‌و شیعره كورتانه‌وه بیگره كه بۆ كورته نامه‌ی مۆبایل ده‌نووسرێن تا ده‌گات به قه‌سیده‌و هۆنراوه‌ی درێژ، ڕاستت بوێت چیرۆك و ڕۆمانیش به مانا فراوانه‌كه‌ی ده‌چنه چوارچێوه‌ی شیعره‌وه .
من ده‌ڵێم تا مرۆڤ مابێت شیعر ده‌مێنێت، هه‌ر وه‌خت بینیت شیعر ماڵئاوایی لێكردین، ئه‌وا بكه‌وه گومانه‌وه له‌وه‌ی مرۆڤێك له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا مابێت، كه ده‌ڵێم مرۆڤ مه‌به‌ستم بنیاده‌م نییه، له شاعیرێكم بیستووه:
ئه‌وا شاعیره‌كانیشیان كوشت، ئیتر كێ
خوا وه بیری مرۆڤه‌كان بهێنێته‌وه؟
ڕاستییه‌كه‌ی شیعر هێمایه‌كیشه بۆ په‌یوه‌ستبوونی مرۆڤ به ئاسمانه‌وه، شیعر پێمان ده‌ڵێت: مرۆڤ سه‌رچاوه‌یه‌كی دوور له‌م زه‌مینه‌ی هه‌یه، شیعر ڕه‌هه‌ندی ستوونیی مرۆڤه، ڕێگای عرووجه به‌ره‌و بانی سه‌ر، زۆرێك له گه‌وره سۆفییانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌تایبه‌ت دونیای ئیسلام شاعیر بوون و به شیعر ته‌عبیریان له خۆیان كردووه:
هه‌رچـی دیت وه چه‌م شی وه سه‌فــه‌ردا
هه‌رچـی مــوینی وا نــــه گـــوزه‌ردا
كه‌س حاڵی نه‌بوو و هیچ كه‌س نه‌یفامـا
ئاد په‌ی چێش ڕۆیی ئێد په‌ی چێش ئاما
(مه‌وله‌وی)
ئه‌مه‌یه ڕازی په‌یوه‌ستبوونی مرۆڤ به شیعره‌وه دۆستی ئازیز، شیعر وشه ڕێكخستن نییه به مه‌به‌ستی گیرفان پڕكردن و ناو و ناوبانگ ڕۆیشتن .
شیعر خه‌ڵوه‌تی مرۆڤه له‌گه‌ڵا خۆیدا، هاوارێكی بێده‌نگه به‌ره‌و ڕووی ناخ، ده‌نگدانه‌وه‌ی خوده له خوددا، له كاتی ناوهێنانی شیعردا پێویسته هه‌مووان به ئارامی هه‌ستینه سه‌رپێ و چاو ببڕینه ئاسمان .
هێمن خورشید
• ئه‌م بابه‌ته وه‌ڵامی منه بۆ یه‌كیك له‌و كۆمه‌ڵه پرسیاره‌ی، به‌ڕێز (حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا) ئاراسته‌ی كردووم و به زنجیره له گۆڤاری (K21)دا بڵاوده‌كرێنه‌وه.
• ئیمه‌یلی نووسه‌ر: Hemnxurshid79@gmail.com