
ئاماژه جیاوازه‌كانی گوناهبارانی ئه‌ڵتونا
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تێكسته شانۆییه‌كانی نووسه‌ر و بیریاری گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسی ژان پۆل سارته‌ر، جیاوازیكردنێكی گه‌وره ده‌بینرێت له نێوان ده‌قی نووسراو و نمایشی پێشكه‌شكراودا، به جۆرێك زۆرێك له ده‌قه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا جۆرێك ده‌بینرێت و له كاتی نمایش و پێشكه‌شكردنیشدا له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ جۆرێكی تر، ئه‌م ره‌گه‌زه ره‌نگه جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌ب و تێكستی ئه‌و نووسه‌ره بێت له‌گه‌ڵ زۆرێك له نووسه‌رانی هاچه‌رخ و هاوڕێی سارته‌ر له ئه‌ده‌بیاتی بوونگه‌رایی و پوچگه‌رایی فه‌ڕه‌نسای په‌نجا و شه‌سته‌كاندا، ئه‌م خاڵه‌ش به ته‌واوه‌تی جیاوازه له ئه‌ده‌بیاتی شانۆی ریالیزمی، به تایبه‌تیش ئه‌و ئه‌ده‌بیاته شانۆییه‌ی كه به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌ق لایان شتێكی پیرۆزه و لادانی لێی گوناهێكی گه‌وره‌و مه‌زنه، به پێی ئه‌م تێڕوانینه گشتییانه بۆ بینینی تێكستی شانۆیی لای نووسه‌رێكی وه‌ك سارته‌ر، زۆر به روونی له تێكستی شانۆگه‌ریی (گوناهبارانی ئاڵتونا) به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت كه رۆژی 10/2011 له هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی پێشكه‌ش كرا و تا ڕاده‌یه‌كی باش زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت له‌م پێشه‌كییه كورته‌وه قسه له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌و نمایشه شانۆییه بكه‌ین، به تایبه‌تیش لایه‌نی پراكتیكی، كه بۆ به‌رچاو روونی خوێنه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌م نووسینه‌دا به چوار لایه‌نی جیاواز و به چوار ناونیشان لایه‌نه‌كانی (تێكست، نواندن، ریتم و كه‌شی گشتی، ده‌رهێنان) شی بكه‌مه‌وه.
چیرۆك له تێكست …چیرۆك له نمایش
گوناهبارانی ئاڵتونا، ئه‌م شانۆگه‌رییه یه‌كێكه له ده‌قه به‌ناوبانگ و شاكاره‌كانی نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی ژان پۆل سارته‌ر، به‌ڵام به داخه‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌م ده‌قه له ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا له چاو تێكسته‌كانی تری نووسه‌ردا كه‌متر خوێنه‌ر و بینه‌ر ئاشنان پێی، ئه‌مه‌ش به‌جۆرێك له جۆره‌كان به‌دحاڵی بوون و ونبوونێكی زۆری به بینه‌ران له شانۆییه‌كه درووست كردبوو، به‌و پێیه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی شانۆییه‌كه له ده‌قه‌كه‌ی سارته‌ر و نمایشه‌كه‌دا جیاوازی زۆر بوو، ئه‌و جیاوازییه‌ش له شێوازی كورت كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه و گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی شانۆییه‌كه‌دا خۆی ده‌بینییه‌وه، كه له راستیدا بیرۆكه‌ی نووسینی گوناهبارانی ئاڵتونا تێڕوان و بینینی سارته‌ره وه‌ك نووسه‌رێكی فه‌ڕه‌نسی له كێشه و گرفتی نازیزیزم له ئه‌ڵمانیا و كاریگه‌ریی هێنانی ته‌رزێكی نوێ له بیركردنه‌ووه‌ی دوای شه‌ڕی نازییه‌كان له‌و وڵاته‌دا به‌وه‌ی كێ گوناهباره و كێ بێ گوناه؟ كێ فریشته‌یه و كێ جه‌لاد؟ له كرۆكی ئه‌م پرسیاره‌ی سارته‌ر له ماهییه‌تی ده‌قدا هه‌مان پرسیاریی فه‌یله‌سوفان و نووسه‌رانی پوچگه‌راییه له گوناهباران و بێ گوناهانی جه‌نگی جیهانییه‌كان، له‌مه‌وه وته به‌ناوبانگه‌كه‌ی نووسه‌ری پوچگه‌را (ئه‌دامۆڤ)مان دێته‌وه یاد كه وتی “گرنگ نییه كێ جه‌نگی جیهانی هه‌ڵگیرساند، ئه‌وه گرنگه خوێن به شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپادا جۆگه‌له‌یان به‌ست و بێ گوناه و تاوانبارانیش پێكه‌وه سه‌یریان ده‌كرد.!”
سارته‌ریش به هه‌مان دیدی پوچگه‌رایی ئه‌دامۆڤ له شانۆگه‌ریی گوناهبارانی ئاڵتونادا چیرۆكی شه‌ڕمان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش بۆ ده‌گێڕێته‌وه، چیرۆكێك به زمانێكی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی، كه ئه‌ویش له رێگه‌ی كێشه‌ی به خێزانێكه‌وه باس له گرفتی نازییه‌كانی ئه‌ڵمانی و پرسی جه‌نگ و ململانێ رامیارییه‌كانی ئه‌و كاتی ئه‌وروپا ده‌كات، دواجاریش ئه‌م ده‌قه شانۆییه به هه‌مان شێوه‌و شێواز پرسیار له (گوناه و بێ گوناه) (جه‌لاد و قوربانی) خاوه‌ن ماڵ و بێگانه‌ی ماڵ و زۆر پرسی تری ئه‌و خێزانه ده‌كات.
له‌م تێڕوانینه‌ی سارته‌ره‌وه له ده‌قه شانۆییه‌كه‌یه‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌و دوو ده‌رهێنه‌ره بۆ كورتكردنه‌وه‌ی ده‌قه شانۆییه‌كه هه‌وڵێك بوو بۆ كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌و مانایه‌ی ئه‌و نووسه‌ره له‌سه‌ر ئه‌و پرسه خستییه روو، به‌ڵام به جیاوازی كه‌شی گشتی و جۆری روودا و گرنگی بابه‌تی ئه‌و ده‌قه شانۆییه لای بینه‌رێكی كورد ره‌نگه كه‌مترین زانیاریی هه‌بێت له‌سه‌ر چیرۆكی شانۆییه‌كه.
نواندن له سه‌ر ته‌خته‌ی رووداوه‌كان
شانۆگه‌رییه‌كانی ژان پۆل سارته‌ر، به‌پێی ڤیژنی نووسه‌ر و گۆشه‌نیگای بوونگه‌رایی و پوچگه‌راییه‌كه‌یه‌وه ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌داته ئه‌كته‌ر بۆ ئه‌وه‌ی یاری له‌گه‌ڵ رۆڵی كاره‌كته‌ره‌كاندا بكات، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ریتم و كه‌شه گشتییه‌ی سارته‌ر له شانۆییه‌كه‌دا نه‌خشه‌رێگه‌ی بۆ داناوه وه‌ك خۆی نمایش بكرێت، ئه‌و ئاسته‌ش له ده‌ست نیشان كردنی ره‌هه‌ند و مه‌ودای ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌م شانۆییه به جۆرێك له جۆره‌كان له‌و كه‌شه تایبه‌تمه‌نده‌وه نزیك بوون كه له زۆرێك له ده‌قه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا ده‌بینرێت، نموونه‌ی نواندن له ده‌قه شانۆییه‌كانی سارته‌ر په‌یوه‌ست ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ریتمی سه‌ره‌كی ئه‌و كاره‌كته‌ره له ده‌قه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌یدا چونكه تێكست و نمایش لای سارته‌ر زاده‌ی له دایكبوونێكی قۆناغ به‌ندی قۆناغی نووسین و نمایشكردنی شانۆییه‌كه‌یه له چركه‌ساتێكی دیاری كراودا.
گرنگترین خاڵی نواندن له‌م نمایشه‌دا رووخساری ئه‌كته‌ره‌كان بوو له‌ناو چوارچێوه‌ی نواندندا، دیاره روخسار به چه‌مكه شانۆییه‌كه‌ی لای من به (فه‌یس) نایه‌ت، به‌ڵكو به مانای فیگه‌ر و شێوازی به‌ركه‌وتنیانه به‌و چیرۆك و رووداوانه‌ی كه له نمایشه‌كه‌دا بوونی هه‌یه، به‌و مانایه‌ی ئه‌و فیگه‌رانه كه پێشتر وه‌ك ئه‌كته‌ر ره‌نگه زۆریش بینرابن به تایبه‌تی لای هه‌ریه‌ك له (نیاز له‌تیف، روبار ئه‌حمه‌د، گۆران نامیق) به‌ڵام له‌م نمایشه‌دا هه‌وڵێك هه‌بوو له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌وه بۆ ده‌ركه‌وتنێكی جیاوازتر، هه‌رچه‌نده له یه‌كه‌م چركه‌ی نمایشه‌وه ریتم و كه‌شی شانۆییه‌كه رێگری له‌م ره‌گه‌زه كرد، به‌ڵام به گشتی نواندن به ریتمێكی تایبه‌تمه‌ند لای ئه‌كته‌ره‌كانی شانۆییه‌كه له چوارچێوه‌ی چیرۆكی ده‌قدا ده‌بینرا، هه‌رچی دوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ی تریشه به تایه‌به‌تی (په‌یام ئه‌مین، ئاكام تاهیر) من بۆخۆم به بینینیان وه‌ك فیگه‌رێكی جیاواز له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بینینمیان كه‌مه‌ندكێش ده‌كرد بۆلای خۆی، ئه‌مه به‌پشتگوێ خستنی ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی كه تارمایی شێوازی نواندنی پێشڕه‌و حسێن وه‌ك ده‌رهێنه‌رێك به ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر (ئاكام تاهیر)ه‌وه ده‌بینرا، بێگومان ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له خه‌وشه‌كانی شێوازی مامه‌ڵه‌ی ده‌رهێنه‌ران له‌گه‌ڵ ریتمی نواندن له‌و شانۆگه‌رییه‌دا، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و لایه‌نانه ده‌توانم بڵێم ئاستی نواندنی ئه‌كته‌ره‌كان له نمایشه‌كه‌دا ئاستێكی هونه‌ریی هه‌بوو به نزیكی له چیرۆكی شانۆییه‌كه‌و چۆنییه‌تی خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی تێكسته‌كه، كه هه‌موو ئه‌مانه سیمای دیار و گه‌شی ئه‌و نمایشه شانۆییه بوون.
كه‌شی گشتی وه‌ك مۆته‌یه‌كی كوشنده
یه‌كێك له بنه‌ما گرنگه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی تێكستێكی باو، بۆ ده‌ستنیشان كردنی كۆی ره‌گه‌زه‌كانی پێكهاته‌ی هه‌ر نمایشێكی شانۆیی، به‌ده‌ر له ره‌گه‌زه دیار و ئاشكراكانی وه‌ك (ئه‌كته‌ر، دیكۆر، مۆزیك، سینۆگرافیا…هتد) ده‌ستنیشان كردن و خوێندنه‌وه‌ی كه‌شی گشتی شانۆییه‌كه‌یه، ئه‌م چه‌مكه‌ش له رێگه‌ی ره‌گه‌زێكی بچووكتری ناو كه‌شی شانۆییه‌كه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه كه له ئه‌ده‌بیاتی شانۆییدا به (ریتم یان تیمپۆ) ناوده‌برێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك به ته‌نها یه‌كێكه له گرفته‌كانی ستراكتۆری ئه‌م شانۆییه وه‌ك نمایش، به‌ڵكو یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ناسینه‌وه‌ی تێكسته‌كانی ئه‌و نووسه‌ره شانۆییه، كه ده‌قه‌كانی كاریگه‌رییه‌تی زۆری ره‌گه‌زه‌كانی تری ئه‌ده‌بیاتی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و به‌مه‌ش دایده‌بڕێت له كه‌شێكی سه‌رنجڕاكێشی بینین له پرۆسه‌ی نمایشدا، مه‌گه‌ر به ته‌نها له رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی كۆی شفره و هێماكانی ده‌قه‌كه‌وه ئه‌و كه‌شه گشتی و رتیمه ئاساییه ده‌ست نیشان بكرێت.
له گوناهبارانی ئاڵتونادا، یه‌كێك له ره‌گه‌زه زۆر دیاره‌كانی بێزاركردنی بینه‌ر و دابڕانی له نمایش له ده‌ستدانی ریتم و كه‌شی گشتی بوو، كه ره‌نگه ئه‌مه‌ش به پله یه‌ك په‌یوه‌ست بێت به‌و كورتكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنه‌وه‌ی كه ئه‌م دوو ده‌رهێنه‌ره له‌م ده‌قه‌دا كردوویانه و ئه‌مه‌ش وایكرد له‌گه‌ڵ لایه‌نی سه‌ركه‌وتووی نواندن و ده‌رهێنان و خوێندنه‌وه‌یه‌كی جوانی هونه‌ریی بۆ شوێن و نا شوێنی ئه‌و نمایشه بینه‌ر هه‌ست به بێزاری زۆر بكات و هه‌ندێ جاریش دابڕانێكی زۆر له نێوان بینه‌ران و نمایشدا درووست ده‌بوو، كه دواجار به داخه‌وه گرفتی ئه‌م ره‌گه‌زه زیانێكی گه‌وره‌ی گه‌یاند به‌و گۆشه‌نیگا و تێڕوانینه هونه‌رییانه‌ی ئه‌و دوو ده‌رهێنه‌ره بۆ ئه‌و ده‌قه شانۆییانه‌ی هه‌یان بوو.
گه‌ر چه‌ند رسته‌یه‌كی تریش له‌سه‌ر ئه‌م گرفته بڵێم به بڕوای من سه‌ره‌كیترین گرفت له وونبوونی ریتم و تێكشكانی كه‌شی گشتی نمایشدا بۆ نه‌بوونی رێپوارتواری شانۆیی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه تا هه‌نووكه رێپوارتۆری هونه‌ریی وه‌ك چاوی تیۆریی و بینینێكی تیۆره‌زه‌كراوی نمایش له پشتی ده‌رهێنانه‌وه نا ئاماده‌یه، پێم وایه له ئاماده‌یی رێپورتوار له‌م نمایشه‌دا شانۆییه‌كه ئاستێكی به‌رزتر و وێنه‌ی جوانتری له بینینی بینه‌ردا داگیر ده‌كرد و ریتمێكی سه‌رنجڕاكێشتر و هونه‌ری تریشی ده‌بوو.
ده‌رهێنان …زمانی وێنه و زمانی بینین
كۆی ره‌گه‌زه‌كانی هه‌ر نمایشێكی شانۆیی دواجار له‌رێگه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره بێ ده‌نگه‌ی نمایشه‌وه ده‌گاته بینه‌ر كه ره‌نگه بینه‌ره بزێوه‌كانی لێ ده‌رچێت هه‌موو بینه‌رێك نه‌گه‌ڕێت به‌دوای ئه‌وه‌ی كه كێ رێكخه‌ری سه‌ره‌كی جوڵه و ریتم و وێنه و دیمه‌نه جوانه‌كانی ئه‌و نمایشه بێت، ئه‌وه‌ی له‌و كرداره‌دا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و كه‌سه‌یه كه به ئیمپراتۆری عه‌رشی نمایش ناوده‌برێت كه (ئه‌كته‌ره) به‌ڵام گوناهبارانی ئاڵتونا، پێچه‌وانه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته بینرا، به‌ڵكو له پاڵ ئه‌كته‌ریشدا بینه‌ر تارمایی و بوونی دوو ده‌رهێنه‌ر ببینێت، ئه‌م بینینه‌ش به تایبه‌تی لای پسپۆڕان و شانۆكاران به‌رچاو ده‌كه‌وت.
من پێم وایه هه‌ر دوو ده‌رهێنه‌ر به دوو پرۆسه‌ی بینینی هاوبه‌شه‌وه به ته‌واوه‌تی ئه‌زموونێكی نوێی كاری ده‌رهێنانی شانۆییان پێشنیشانداین كه ره‌نگه جیایان بكاته‌وه له به‌شێكی زۆری ئه‌و ئه‌زموونه هونه‌رییانه‌یان كه پێشتر بۆ ئێمه‌یان خستووه‌ته روو، ئه‌م جاره له هه‌وڵێكی هاوبه‌شی ده‌رهێناندا ئه‌و ده‌رهێنه‌ره زمانی وێنه و زمانی بینینی تێكستێكی شانۆییان به ئێمه پیشاندا كه ره‌نگه پێشتر به‌و ئاسته نه‌مان بینیبن، دیاره ئه‌زموونی هاوبه‌شی كاری ده‌رهێنان بێ خه‌وش و كه‌موكورتی نییه، كه من بۆخۆم له بواری كاری هاوبه‌شی ده‌رهێناندا چه‌ند ئه‌زموونێكی هاوشێوه‌م هه‌یه و ده‌زانم له كوێدا بۆشایی هه‌یه و له‌كوێدا لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رتاپاگیریی له مامه‌ڵه‌ی ده‌رهێنه‌رانه‌ی ئه‌م دوو ده‌رهێنه‌ره‌دا له‌م شانۆییه پشكی خۆیان شان به‌شانی پشكی نواندن و پشكی و نووسین، بوونه سێ كوچكه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێكهاته‌ی ئه‌و نمایشه شانۆییه كه سارته‌ر خۆشی هه‌میشه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م سێ ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌ی كاری شانۆیی ده‌كرده‌وه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانیدا كه ئه‌وانیش (ده‌ق، ده‌رهێنه‌ر، ئه‌كته‌ر) ن.
شانۆگه‌ریی گوناهبارانی ئاڵتونا، له نووسینی ژان پۆل سارته‌ر، ده‌رهێنانی پێشڕه‌و حوسێن، كاردۆ عه‌زیز، نواندنی (نیاز له‌تیف، روبار ئه‌حمه‌د، گۆران نامیق، په‌یام ئه‌مین، ئاكام تاهیر) به‌رهه‌می وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی تیپ و سه‌نته‌ره شانۆییه‌كانی سلێمانی رۆژی 21 /10/2011 بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له هۆڵی رۆشنبیریی شاری سلێمانی پێشكه‌شكرا.
كامه‌ران سوبحان