Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
فانی ته‌واوکه‌ری قوتابخانه‌ی شیعریی نه‌ته‌وه‌یی خانی و حاجی قادری کۆیی 8

فانی ته‌واوکه‌ری قوتابخانه‌ی شیعریی نه‌ته‌وه‌یی خانی و حاجی قادری کۆیی 8

Closed
by November 26, 2011 ئەدەب


کورد کێیە؟

بە سادەیى کورد لاى فانى مرۆڤێکى ئازایە، دلێرە، قەناعەتکارە، سادەیە، توانست و بەهرەیەکى گەورەى هەیە بۆ پێشکەوتنى بێ سنوور…بەڵام لەبەرئەوەى بە نەزانیى ماوەتەوە و دواکەوتووە، بۆشە، خۆخۆرە، لاف و گەزافى نەزانانەى زۆرە بەڵام کار و کردەوە و بەرهەمى راستەقینەى کەمە.. نرخى کات نازانێ، بیر و بەرنامەى بۆ ژیان نییە، لە گۆڕانەکانى دەوروبەرى و سەردەمى بە ئاگا نییە، زوو فریو دەخوا. زۆر جار دەبێتە قوربانى کارەساتەکان یان داردەستى بێگانە و خاوەن دەسەڵاتەکان .
سەرکردەکانى بەزۆرى مێشک پووت و خۆپەرستن و بێ بیر و پرۆژەى نەتەوەیین. لەبەرئەوەى نەزانە کورد قەدر و نرخى گەورە رووناکبیرانى پێشەواى وەک حاجى قادر و خانى نازانێ، گوێ بۆ ئامۆژگارى و پەندى چاک راناگرێ، سوورە لەسەر هەڵە و رێبازى خۆکوژانەى خۆى.. بەڵام پرۆگرامێکى رۆشنبیرکردن و هۆشیارکردنەوە دەشێ بە زوویى هەموو ئەم خاسێتانە بەراوەژوو کاتەوە و کورد بگەیەنێتە ئاستێک لە سەرووى گەلانى دیکەوە بێ. له‌م لێدانه‌وه‌دا خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان فانی و خانی و حاجی قادر دا زۆرن و ئاشکران..

هەڵوەشاندنەوەى کەسێتى گەزافیى کورد و
دەربڕینى کەسێتى راستەقینەى کورد
 
مەبەستم لە کەسێتى (گەزافیى) (وه‌ک ئاوه‌ڵناو) کەسێتییەکە کە لەسەر لاف و گەزاف، لەسەر درۆ، لەسەر ساختەیى و بیرى خورافى هەڵچنرابێ. فانى بە بەکارهێنانى بیرۆکەى (زانین) هەموو ئەم ئەفسانە و گەزافانە هەڵدەوەشێنێتەوە

.    1 . لافی شارستانیبوونی کورد درۆیه‌. کورد شارستانى نییە. کورد وەحشییە چونکە ده‌ماری جه‌هلی تێدایه‌. تا وا نەزان بێ هەر وەحشى دەمێنێتەوە
تا ئەم دەمارى جەهلە لە لەش را نەکێشنە دەر      
وەحشین و وەحشییانە هەموو شت خەرا دەکەن
****
مەعلوومن بەم قسانە وا قەومى بێ سەواد
وەحشین و بێ مەزییەتن و شێتن و لەگا دەکەن.
****
ئەى کوردى بێ ئەمان و بەش، ئەى جاهیلانى چارە رەش
خۆزگە و بە جوولەکە و حەبەش، یان وەحشییانى بەربەرى
    2. کورد پێشکەوتنى شلرستانى بە خۆیەوە نەدیوە چونکە نەبۆتە کۆمەڵگایەکى خوێندەوار و زانست و هونەر پەروەر. هەر شێوەى دواکەوتووى کۆمەڵگاى پاتریارکى رەچاو دەکا ، نیزام و عەقڵ و دەستوور و یاسا لاى ئەو نە باوى هەیە نە نرخ. گەر ئادەم زیندوو بێتەوە وەحاڵى کورد بپرسێ، دەبینێ چۆنى بەجێ هێشتوون وەک خۆیانن و لە بەرى هەموو دارێکى فیتنە و نەگبەتییان خواردووە، دارى زانست و هونەر نەبێ

دەزانێ ئەو کوڕانەى هیچ نەزانى
نەیاندیوە لە دارى مەعریفەت بەر
وەکو خۆى چۆن بەجێى هێشتوون لە گێتى
وەها برسین و حەیران و قەلەندەر
وەکو و وەحشین لە جێگەى چەنگ و نینۆک
لە بەریان دایە بەد بەختانە خەنجەر

بەرابەر یەک هەموو یان شەڕ فرۆشن
کەڕو بێ چیز و داماون لەبەر کەڕ
نییانە جووڵە گەر کونکا عەدوویان
دەمارى گیانى شیرینیان بە نەشتەر
بەڵا بۆ فەوتى یەکدى گورج و گۆڵن
وەکو شێر و پڵنگ و بەور و ئەژدەر

3. کوردەوارى کۆمەڵگایەکى مردووە چونکە (زانست) شۆێنى خۆى تێدا نەگرتووە
   کوردەوارى بەدەردى بێعیلمى
   وەکو مردووى زەمانە فەوتاوە
. 4. هەرچى کورد دەڵێ دەیکا و گەزاف دەکا بە دەستى دێنێ راست نییە.
چونکە بێ شعوور و بێئاگا و بێبیر و بەرنامەیە، هەرچى بیەوێ بیکا، لە ئەنجامدا بە نەکراوى دەمێنێتەوە‎:  
میللەتى بێ شعوور و بێ ئاگا
هەرچى ویستى کرابێ نەکراوە

5. خۆراگرتن لە کاراو لە خەباتاو لە جەنگا بەبێ هێزی زانین مەحاڵە. نەزان زوو دەبەزێ و ئاشبه‌تاڵ ده‌کا::
چونکە سەبر و سیباتى قەومى نەزان
وەکو بڵقى زەعیفى سەر ئاوە

 6. کوردى نەزان ناتوانێ نیشتمانپەروەربێ. نەزان خۆى بەڵاو ئافەتە لە هەر شوێنێک و پلەیەکدا بێ. لە ئاکامدا نەزان هۆشیارى نەتەوەیى راستەقینەى نابێ و زوو زوو بەرە دەگۆڕێ و خۆفرۆش دەردەچێ:

نەزان بێ بەش لە نوورى عەقڵ و هۆشە
هەمیشە گەلفرۆش و خۆ فرۆشە

گەلى کوردیش لەبەر دەردى نەزانى
دزو دەروێشە یا سیخوڕ و جانى
*****
بۆ نەمانى میللەتى بێ هێز و بۆ فەوتانى تۆ
جاهیلانى نیشتمانن ئەژدەها ئەى نیشتمان

  7. ده‌‌وترێ کورد نفووسى زۆرە و ئەوەش هێزە بۆ کورد. ژمارە خۆی لە خۆیدا نرخى نییە. چەشن (نەوع) نرخى هەیە. زۆریى نفووسى گەلى جاهیل بە چ دەچێ:

کە جاهیل بى کەمە زۆرى نفووست
نفووسى جاهیلان بێ ئیعتیبارە
***
ئەگەر زانا سەدە و تۆ سەد هەزار بى
لە ژێر دەستى سەدا ئەم سەد هەزارە
****
زۆرە کوردى بێ قەڵەم تیعدادیان ئەمما چ سوود
ناگرێ رێى گورگى کارامە لە بەدکارانى من

7.  8. گەلێکی نەزان کە نەزان سەرکردەى بێ ستراتیژی نەتەوەیی نییەو ستراتیژی دوژمنانی جێبەجێ دەکا:، ئەگەر لاشى وا بێ خەباتى نەتەوەیى دەکا و ووڵاتەکەى رزگار دەکا، راستى لەبەر نەزانى و ئاگا نەبوونى لە ستراتیژى سیایى جیهان، ئەو دوایى هەر دەبێتە داردەستى ئەو دوژمنانەى گوایە دژى ئەوان خەبات دەکا و ئەوان چیان پێ باش بێ بۆ خۆیان (و خراپ بۆ کورد). ئەوە ئەنجام دەدەن ، وەک شەڕى ناو خۆیى،

ئەو کوردە بێ سەوادە کە دایم هەرا دەکەن
پاکى لەسەر خەتایە شەڕى بێ خەتا دەکەن
ماددى پەرست و بێ خەبەرن دوژمنانى وان
چۆنیان بەلاوە باشە ئەوانیش وەها دەکەن

راستە کورد ئازایە ، وەک عیفریتە. لە جەنگا بەڵایە. بەڵام ئازایەتییەکەى کەرانەیە بەبناغەى ژیر و عەقڵ پاڵپشتى نەکراوە. بۆیە زەڕبە هەرە مەزنەکانى کە وەشاندوونى لە خۆى داون. ئازایەتى بێ زانایى نەک هەر بێسوودە بەڵایە.

کوردە بە شەجاعەت وەکو و عیفریتى بەڵام
هیچە، هەر زەڕبە وەشاندووتە لە خۆتت داوە   

 9. براشت گەر نەزان بێ دۆستت نییە. هەروا ئەفسانەیە کە بڵێی برام ، چونکە برامە دۆستمە، پاڵپشتمە، قەلاى تەنگانەمە، گەر براو باوکیشت (نەزان) بن، گەر لەسەر بناغەى زانین و هۆشیارى باڵا هاو هەست و هاوبیر و هاو ئامانج نەبن، ئەوە دڵنیابە براشت دۆست و ئاشنات نییە و دەشێ بۆ بەرژەوەندیەکى خۆپەرستانەى کەم پشتت بەر دەدەن :

هەتا زانین نەبێتە ئاشنامان
مەحاڵە ئاشنا دەرچێ برامان
****
نەکەى دەرچى لە ڕێ بە قسەى نەزانان
براو باب و کەست عیرفانە، عیرفان

 10. کە براى خۆت لەبەر نەزانى نەبێتە برات و برایەتى تەنیا برایەتى بیر و بەها و رەوشتى بەرز و تێگەیشتنی زانستانەو رووناکبیرانەى جیهان و پەیامى مرۆڤ بێ لە ژیاندا، چۆن دوژمن و داگیرکەرى خاکەکەت و وێرانکەریى وڵات و کولتوورت، بکوژى ماڵ و مناڵت، قڕانکەرى نەوەکانت، چۆن ئەوانە دەبنە برا ؟ لە عەقڵى بەربەرى و دواکەوتووى کورد بەو لاوە، چ میللەتێک بە بکوژ و داگیرکەر و قڕانکەرى خۆى وتووە برا و براى گەورەش و وەک نۆکەر بەدواشیان  کەوتبێ !!
دواى سەدان و هەزاران ئەزموونى تاڵ و تامى ژەهراوى کێ بە جێنۆسایدکەران دەڵێ برا و باوەڕیان پێ دەکا ؟
یان مووى زۆر لەو ماستە ڕەشەدا هەیە ؟
یان لەبەر ئەوەیە دوژمن لە کات و ساتى سەرکەوتنى کوردا پوول و پارەى بێ سنوور و ئەژمار دەڕێژێ! ئەى نابێ لەو هەموو تاقیکردنەوانەى مێژوو فێربین؟

بروا نەکەى بە لافى عەدوو هەر درۆیە بەشى
نادا لە کاتى سەغڵەتییا دەستە بارى من
پەندێکى زۆر بەکەڵکە بەسەرهاتى پێشەوا
بۆ رۆڵەکانى ژیر و کوڕى هۆشیاریى من
***
قەت بە تەفرەى دوژمنى خوێنمژ لە رێگا دەرنەچى
پوول و پارەى دوژمنان بۆ ئێمە دانە و داوە بەس

ئەو کەسەى بۆ دوژمنانى ئاگرى شەڕ خۆش دەکا
هەروەک و پەروانە ئەو دێوانە خۆى سووتاوە بەس
گوێ لە لافى دوژمنان گرتن خەتایەکى زلە
 لافى دوژمن بۆ زیانى ئێمە وەک لافاوە بەس
شێر و رێوى لا وەکو  یەک وایە دوژمنى پاک و پیس
هەرچى ناوى کوردە دەیکوژێ خەریکى راوە بەس
***
غایەیان هەر خوێن مژینى هۆزى کوردە و بەس هەموو
ئاشنایانى بەڕێز و دۆستانى باوەفا
دۆستیى رۆم و عەجەم سەد ساڵە سوودێکى نەبوو
دادڕین و خوێنمژینە ئیشى گورگ و ئەژدەها
ئاى چە لاوانى بەنرخ و شێرە مەردانى نەبەز
چوونە ژێر سێدارە، مردن بێ گوناه و بێ خەتا

 11. ته‌مه‌نی زۆر و درێژ کورد عاقڵ ناکا. هەر چۆن میللەتان با هەزار ساڵیشە هەبن کە دوور لە بن لە رووناکى زانست و دوورە پەرێز بن لە جیهانى پێشکەوتن، دەکرێ وەک وەحشى بەربەرى لە چیاو بەندەن و دەشتەکانیاندا بمێننەوە و  بەبێ خوێندن و بەدەستهێنانى ئامرازى بیرکردنەوەى فەلسەفى و کاریى زانستى و بەرهەمى تەکنۆلۆژى هیچ پێشنەکەون، ئە ئاواش مرۆڤێکى تاک هەر لە خۆیەوە بە تێپەڕبوونى کات و کەڵەکە بوونى ساڵەکانى تەمەن فێر نابێ نابێتە مرۆڤێکى دنیادیدەى هۆشمەند .. دەبێ چراى زانینت پێ بێ تا کون و قوژبنەکانى ژیان و جیهان شارەزابێ و هەر رۆژە و حەفتە و ساڵە لە تەمەنت شتێکى تازە فێر بى و لەئەنجامدا زانابى ئەمجا توانابى.
نەزان با تەمەنیشى زۆر بێ دەخڵەفێ و مناڵ دەبێتەوە و وەک کۆرپە رەفتار دەکا و هیچ لە دەور و بەرو ئەرکى ژیان و زەمانى نوێ  تێ ناگات، سەر چ سوودێکى هەیە گەر (میشکی) تیانەبێت
 (سەر کە موغزێکى نەبێ سوودى نییە) و گەشتى هۆشیاریى نەزان گەرانەوەیە بۆ دواوە (بۆ مناڵیى) نەک پێگەیشتن و کامڵیى هوش و تەمەن
کاکە جاهیل گەر بگا عومرى بە سه‌د
گێلە سه‌د چەندانە ئیشى کاڵ دەکات
***
خاڵۆ کەلە حەفتا دەدرێ ساڵى حەیاتى
جاهیلترە ئێستاکە لە دەورانى مناڵى
****
گەر تاجى سەرت لەعلە لەگەڵ تەختى تەلایى
بێ نوورى زەکا جاهیل بێبەش لە کەماڵى

. 12. زۆر دەوترێ کورد گوردە، پاڵەوانە، مەردە، سەر لەبەر دوژمن دانانەوێنێ. ئەمانە لە ئەفسانەوە نزیکترن لەوەى لە راستى
راستییەکەى ئەوەیە کورد هەژارە، کەساسە، نەزانە. تووشى نەگبەتى سەرانى دواکەوتوو و خۆپەرست و کۆنەپەرست هاتووە کە هەموو شتێ بۆ خۆیان (ئیحتیکار) دەکەن و میللەت چەواشە دەکەن و رێگەى راستى لێ تێکدەدەن.
کورد گڵى خاوە، کەرسەکە، بە جۆرە ئاوێ دەبێتە قووڕ و بەپێى رێبوارانەوە دەنووسێ:

ئەگەر وەک من گەلى خۆتان دەناسن
دەزانن چەند بە جێماو و کەساسن
نە وەرشۆن و نە پۆڵان و نە ئاسن
گڵى خاوەن بە کەرسەکیان بناسن
                  بە چۆڕێ ئاو شل یەک یەک دەنووسێن
                  بە قاچى رێبواراندا دەنووسێن.

هەتا کەى تۆ دەلێى ئەم کوردە گوردن
لە مەیدانا نموونەى دەست و بردن
زەمانێ ئیشى زل زلیان دەکردن
ئەوان خوایان لەگەل به‌ جوملە مردن

              ئەمانى ئێستە رەجعى و ئیحتیکارین
              خەریکى زوڵم و زۆر و نا بەکارین

13. کورد ئیستاش وەک مناڵ وایە:

ئێمە ئێستەش بێ خەبەر وەک کۆرپە ساواى باوەشین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.