
تکایه شاڵاو حه‌بیبه ده‌ست هه‌ڵگره..!
ماوه‌یه‌که خویه‌کی پیسم گرتووه، ئه‌ویش نامه ئاراسته‌کردنه بۆ نووسه‌ره براده‌ره‌کانم. ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا نامه‌یه‌کم بۆ ڕابه‌ر فاریق وه‌ڕێخست، هێندێک براده‌ر ئه‌وه‌یان به موریدایه‌تی هه‌ژمارکرد، ئه‌رێ به‌ڕاست موریدایه‌تی چییه؟ ئه‌وجاره ڕووم له شاڵاو حه‌بیبه‌یه. شتێکی سه‌یر هه‌یه هێندێک نووسه‌ر شاڵاو ده‌بینن یه‌کسه‌ر زمانی نووسینی کوردیان به بیردا دێت. نازانم بۆ بیر بۆ نموونه له چه‌ناگه‌ی ناکه‌نه‌وه، یان گۆڕینی پێڵاوه‌که‌ی له‌و پێڵاوه‌ی به دۆنگی ناسراوه بۆ قۆنده‌ره(باته، قاڵتاغ).
یه‌کسانکردنی شاڵاو به زمان ئه‌مه مانای خۆی هه‌یه. من زۆرجار ئه‌و شینوشه‌پۆڕه‌ی شاڵاوم، که بۆ زمانی نووسینی زۆر له نووسه‌ران گێڕاویه‌تی بینیوه. ئه‌من لێره‌دا ناڵێم شاڵاو زمان‌زان و کارزانه، به‌ڵام بۆخۆی ده‌مێکه خه‌ریکی به‌دواداچوونی زمانی کوردییه. به حه‌ق ده‌ڵێم شاڵاو کوردیزانه. توانیویه‌تی هه‌رنا بزانێت وشه‌کان له ڕیشه‌وه چۆنن و له‌کوێی ڕسته‌دا به‌کارده‌برێن. ئه‌رێ شاڵاو ئه‌گه‌ر ئێستا مام هه‌ژار، مه‌لا شوکور، مه‌سعوود محه‌مه‌د له ژیاندا بمانایه و له‌و ڕۆژنامه و گۆڤارانه‌یان ڕوانیبا، ده‌بێ چیان بکردایه؟ چ قوڕێکیان ده‌پێوا؟ ئاخر زۆر نووسه‌رمان هه‌ن تا ئێستایش چۆن ده‌په‌یڤێت، هه‌ر ئاوهایش ده‌نووسێ، نازانێ زمانی ئاخاوتن و نووسین ئاسمان و ڕێسمانه. هه‌فته‌نامه هه‌یه له‌م شاره‌ی شاڵاوی لێ نیشته‌جێیه، باوه‌ڕی به ده‌نگی دوو (وو) نییه. شاڵاو براله ئه‌وانه هه‌ر به هه‌وه‌س زیادکردن و فڕێدانی ده‌نگێک وه‌کی ته‌ماته کڕین ده‌ڕوانن، کاکه تۆیش له‌م باسه وه‌ده‌نگ وه‌ره. شاڵاو لێره ئیزنم بده دوو ڕستان بنووسم. وابزانم ئه‌و هه‌فته‌نامه‌یه نازانێ ئه‌م دوو (وو)ه، ده‌نگه، قورسی و کاریگه‌ری خۆی له وشه‌دا هه‌یه. دواتر ئه‌رێ براده‌رانی ئه‌و هه‌فه‌ته‌نامه‌یه، ئێوه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌و ده‌نگه درێژه(وو) بۆ (و) کورتی ده‌که‌نه‌وه. به قه‌ولی چ زمان‌زان و کوردیزانێکی ده‌زگه و هه‌فته‌نامه‌که‌تان ئه‌و بلحاته ده‌که‌ن. ئه‌م ده‌نگه، ده‌نگێکه له زمانی کوردی، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان به‌و ده‌نگه‌ی زمانی کوردی نییه، که‌واته بۆ به کوردی هه‌فته‌نامه‌که‌تان چاپ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له کن من جێی تێڕامانه، تا هه‌نووکه شاڵاو نه به وشه‌یه‌ک، نه به نووسینێک ورته‌ی لێوه نه‌هاتووه، هه‌رچه‌نده ئه‌م باسه، ته‌نێ ئه‌رکی شاڵاو نییه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر کتێبێک به ده‌سته‌وه بگرێ، یێکسه‌ر له زمانه‌که‌ی ده‌ڕوانێت.
شاڵاو ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به‌زمان ده‌دا، دوو ئه‌وه‌نده زۆرگۆیه، هه‌ر که گوتی: چۆنی، ئیتر تۆ ده‌بێ زارت داخه‌ی، جا له قسه‌کانیدا یووسا به هیمنگوای ده‌ڵێ: لاچۆ نۆبه‌ی منه، مارکیز به فۆکنه‌ر ده‌ڵێ: بالێک، کێشه له‌وه‌دایه ده‌بێ گوێی لێبگری و سه‌یریشی بکه‌ی، ئه‌گه‌ر ته‌نێ گوێت لێگرت و سه‌یرت نه‌کرد، ئه‌وا که‌له‌که‌ت کوون ده‌کا ده‌ڵێ: سه‌یرم بکه قسه‌ت بۆ ده‌که‌م. ئێستا ده‌بینم زار له فه‌لسه‌فه‌ی وه‌رده‌دا. هه‌ر زۆرم له کن سه‌یر بوو. چونکو قه‌ت که‌یفی به فه‌لسه‌فه نه‌هاتووه. ئه‌وێ ڕۆژێ بۆم نووسی: شاڵاو فه‌لسه‌فه به‌رباس مه‌ده، دوایی مارکیز و یووسا لێت زویر ده‌بن.
شاڵاو زۆر گرنگی به کوردیزانی ده‌دات. هه‌ر ئه‌مه‌یشه کێشه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سانی دی بۆ درووست ده‌کا. به‌ڵام هێشتا له‌م لایه‌نه‌وه زۆری ماوه، ده‌توانم بڵێم شاڵاو وه‌کوو له‌سه‌ره‌وه گوتم له زۆران کوردیزانی تر بێ. ئه‌وه‌ی له نێو نووسه‌رانی کورد جێی تێڕامانه، که‌س بایه‌خ به کوردیزانی نادات. ئه‌وه وه‌رگێڕه‌کانمان چه‌ند دانه‌یه‌کیان نه‌بێ، کوردی‌زان نین. به‌و مانایه‌ی، که‌م وه‌رگێڕی کورد هه‌یه، له یه‌ک شێوه‌زاری کوردی زێتر بزانێت. هه‌رنا ئاگه‌داری لێیان هه‌بێ. بۆیه‌یش ئاگه‌داربوون له شێوه‌زاره‌کانی تر(شاڵاو مه‌به‌ستم تۆیشه) هه‌نده‌ی تر له کوردیزانی نزیکمان ده‌کاته‌وه. ئه‌م کوردیزانییه، له چه‌ند لایه‌که‌وه سوودمه‌ند ده‌بێ. جوانییه‌ک و په‌تییه‌ک به نووسینه‌کانمان ده‌دات. چه‌ندین وشه‌ی کوردی ناسک و جوان هه‌یه، ده‌توانین له بری زۆرێک له‌و وشانه‌ی ئێستا به‌کاریان ببه‌ین، که ئاوازه و ڕیتمێک به نووسین ده‌به‌خشن، بۆ خوێنه‌ر چێژی زێتر ده‌بێ. ڕه‌نگه بڵێن کاکه تۆش به ناو مه‌که‌وه، خۆ هه‌موو نووسینێک شیعر نییه، ئاوازه‌ی هه‌بێ. به‌ڵێ، هه‌موو نووسینێک ئاوازه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌ر بزانین وشه‌کان له کوێدا به‌کار ده‌به‌ین. به‌ڕاست بۆ هێندێک نووسین هه‌یه ناخوێندرێته‌وه؟
شاڵاو، تکایه ئه‌گه‌ر باس له زمانزانی و کوردیزانی ده‌که‌ی، با قسه‌ت له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و نووسینانه، ئه‌و شوێنانه، هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا ده‌ست هه‌ڵگره و به‌بێ سه‌رئێشه بۆ خۆپه‌یداکردن له ماڵه‌وه ڕوونیشه. ئه‌م هه‌ڵایه له‌سه‌ر زمانی نووسین و کوردیزانییه، ده‌بێ هێندێک درووستی بکه‌ن، ده‌نا وا بڕوات، زمانی نووسینی کوردی ده‌بێته چێشتی شێتان. ده‌ی کاکی خۆم یان ده‌ست هه‌ڵگره، یانژی بیکه هه‌ڵڵا، دڵنیاش به چه‌ندین زمان‌زان و کوردیزانی باش له پشتتن، چه‌ند دانه‌یه‌ک له گه‌نجه‌کانیش.
حه‌مه مه‌نتک