
ئاو له بن تاشه سه‌خته‌ندازه‌كاندا
ئه‌وه‌بۆ چه‌ندین ساڵ ده‌چێت، هونه‌رێك وه‌كو یاده‌وه‌رییه‌كی پڕ له هه‌راو زه‌نای مناڵی، له تهكمهوهیهوه، هونه‌رێك وه‌ك سێبه‌ر له‌گه‌ڵما به‌رێوه‌یه، لهكوچهكاندا، له سه‌رمێزی قوتابخانه‌كاندا، له‌ناو یاریگاكانی مناڵیدا، له بازاڕه‌كاندا، لهپهنابهردو شاخه‌كاندا، با‌نگم ده‌كات، به‌ره‌نگه ئاوییه‌كانی دامدهپۆشێ و له مانه‌وه له ناو وه‌ستان و سڕیدا ده‌مپارێزێ، هه‌میشه له‌گه‌ڵمایه،ده‌نگی ئه‌و هونه‌ره له قووڵاییه‌كانه‌وه دێت، وه‌ك ئه‌وه وایه، كه له ناو چاخه به‌ردینه‌كانه‌وه، با‌نگم بكاته خهڵوهتێ، كه هه‌مووی ره‌نگ و فرشه و پۆرترێت و بابه‌ته ،هه‌مووی سیحر‌و وههم و حه‌قیقه‌ته، هه‌ندێ جار وه‌ك ده‌نگدانه‌وه‌ی هاوارێكه،له ئاوه‌كان هه‌ڵبسێ،ئه‌و ئاوانه‌ی سه‌رده‌مانێك له‌بن هه‌موو تاشه و كهڤَرێكهوه هه‌ڵده‌قوڵان،بینای مرۆڤیان له ره‌نگی ئاو و ساماڵ ده‌گرت، هه‌میشه ده‌پڕژێنه ناو ته‌واوی وورده دهمارهكانمهوه، هێنده ئاشنان، هه‌رده‌ڵێی رۆحی خۆمن ههڵدهپژێنه ناو گیانمهوهو شه‌ڵاڵی ژیانم ده‌كه‌ن، ئه‌و هونه‌ره هونه‌رێكی راسته‌قینه‌یه،كه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی داهێناندا، شاده‌ماری بزوتنه‌وه‌ی ئێستهتیكن، هه‌ر له گه‌ڵ دروست بوونی هونه‌رمه‌نده‌كه‌وه خه‌ڵق بووه، سه‌ره‌تا له كوچه‌و كۆڵانه‌كانی ته‌یراوه‌دا،به ته‌نكه شه‌رمێكی هه‌رزه‌كارییه‌وه،راوی ئاسكه‌كانی جوانی ده‌كرد،بناغه‌ی ته‌لارێكی ئێسته‌تیكی داده‌ڕشت، له‌گه‌ڵ كتێبه‌كاندا ، سۆراغی جیهانبینی ده‌كرد، هه‌میشه هاوده‌می گۆماوه‌كان بوو،ئه‌و گۆماوانه‌ی بۆ ئه‌و ئاسۆیه‌ك بوو،ره‌هایی تیادا ده‌دۆزیه‌وه، ئه‌و گۆماوانه‌ی كه‌باران خه‌ڵقی ده‌كردن، ئاو و گیا بووبوو به خولیایه‌كی هێجگار ده‌گمه‌نی ئه‌و هونه‌رمه‌نده، پاشان هه‌مان ئه‌و خولیایه گه‌وره بوو، به‌ره‌و شاره گه‌وره‌كان چوو، تێكه‌ڵ به ئایدیالوژیاو كێشه‌كان بوو، تێكه‌ڵ به ته‌م و هه‌ورو تاشه به‌رده‌كان بوو، تا تێكه‌ڵی ده‌ریاكانی جیهان بوو، مه‌دای جیهانبینی و چه‌مكه‌كان ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یان هاڕی، تا له دواجاردا ، له گه‌ڵ ئاودا تێكه‌ڵ بوو ، بوو به هونه‌رمه‌ندێكی ئاویی،ئاو به مانای حیكمه‌ته‌كان، به مانا هونه‌رییه باڵاكان، له ئاودا هه‌موو ره‌نگه‌كانی دۆزییه‌وه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده خاكییه ، قه‌ره‌نی جه‌میله ،كه ئێسته‌یش وه‌ك چۆن له سه‌رتاوه هونه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵمایه، هه‌روا له‌گه‌ڵما رێده‌كا.
له‌م نووسینه‌مدا رامانكێشییهك، سه‌باره‌ت به یه‌كێ له تابلۆكانی ده‌كه‌م ، ئه‌ویش تابلۆی ئاوه له شاخ شاخانێی ده‌گه‌ڵ كه‌ڵ دا .
هه‌موو تابلۆیه‌كی شێوه‌كاری نا،به‌ڵكو هه‌موو تابلۆیه‌كی هونه‌ریی باڵا، كۆكراوه‌ی خود‌و بوویهرو بابه‌ت و مه‌عریفه‌ی هونه‌رمه‌نده، به مانایه‌كی دیكه، هونه‌رمه‌ند بریتییه له بوونی خوودی و له‌دایك بووی واقیعی خۆی و له بابه‌تی هه‌ڵبژێردراوی خۆی و له و مه‌عریفه‌یه‌ی، كه ئه‌زمونی خۆی پێی ده‌به‌خشێ، كه ئه‌مانه به‌رهه‌م هێنه‌ری پارادۆكسین له هونه‌ردا، واته شتێك به‌رهه‌م ناهێنن، مه‌ئلوف بێت یا بچێته ناو ته‌می كاره باوه‌كان، یا له ناو راڕه‌وی سه‌له‌فییه‌ت كار بكات، به ڵكو ئاسۆی بوونه‌وه ره‌چاو ده‌كه‌ن، بۆیه له به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره تابلۆ یا كهفاڵانه، پێویستیمان به بینینێ هه‌یه، كه پارسه‌نگی بابه‌تی له گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و خود‌و بوویهرو بابه‌ت و مه‌عریفه‌یه دروست بكات، پێویستیمان له خودی هونه‌رمه‌ند به بینینی قووڵ و ئاگری ره‌نگه‌كان هه‌یه، له بوویه‌ری هونه‌رمه‌ندا پێویستیمان به لێكدانه‌وه‌و رامان هه‌یه، له بابهتهكشیدا پێویستیمان به‌و چه‌مكانه هه‌یه كه پرسیار خه‌ڵق بكه‌ن، به‌ڵام له مهعریفهكهیدا پێویستیمان به دایه‌لۆگ هه‌یه، واته خودی هونه‌رمه‌ند پێویستی به بینینی قووڵی بینه‌ر هه‌یه، تا ئاسۆ بیر‌و كاری هه‌نه‌رمه‌ند بخوێنێته‌وه، پێویستی به رامانی بینه‌ر هه‌یه تا ئه‌ندێشه‌ی كارههونهرییهكهی ئاشكرا بكات، پێویستی به پرسیاری بینه‌ر هه‌یه ، دواجار پێویستی به دایه لۆگی بینه‌ر هه‌یه، تا له تولانهوهكانی بگه‌ن، هه‌ركاتێكیش ئه‌و به‌رامبه‌ر بوونه، فیت كرانه سه‌ریه‌كه‌وه، ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵی تێگه‌یشتن له ماهیه‌تی یه‌كتری دێته كایه‌وه، واته ماهییه‌تی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندو ماهیه‌تی بینینی بینه‌ر،كه ئه‌مه زور پێویسته، تا بتوانین له‌به‌رامبه‌ر تابلۆی هونه‌رمه‌ندێكدا بوه‌ستین و قسه بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر تابلۆ له ئه‌ده‌بی كرستیانیدا، بریتی بێ له تابلۆی كه‌ون و هه‌بوون ، كه له پهسڵانهوه سه‌رچاوه ده‌گرێ و باس له ڕۆژی لێپرسینه‌وه ده‌كات، پاشان باس له مێژووی تراژیدی مه‌سیح و شه‌وق و مردنی بكات، كه هه‌مووی له ئه‌نجامی به -یهكاچوونی فۆلكلورو فه‌لسه‌فه‌ی كۆنه‌وه بوو- ئه‌وه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا، تێكه‌ڵاو بوونی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ژیانی رۆژانه بوو، به‌ڵام له ئه‌ده‌بی ئه‌وروپیدا، بریتی بووه له لهبهریهكترازان و گونجان، به مانایه‌كی دیكه -تراژیدیا‌و كۆمیدیا- به‌ڵام له سه‌رده‌می رێنیسانسدا، تابلۆ له تاك كورتكرایه‌وه، به‌وپێیه‌ی تاك نه‌یاری كۆمه‌ڵ نیه، به‌ڵكو كورته‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه، به‌م جۆره تابلۆ بوو به‌به‌رهه‌می كێشه‌ی مرۆڤ ، له‌گه‌ڵ ڕۆژانی په‌سڵان و ره‌وتی ژیانی ڕۆژانه‌و ترازان و گونجان و كێشه‌كانی تاك .
هه‌موو ئه‌وانه‌ی گووتم بۆ ئه‌وه‌بوو، بچمه سه‌رباسی ئه‌و تابلۆیه‌ی هونه‌رمه‌ند قه‌ره‌نی جه‌میل-كه‌ڵ و ئاو- كه رووبه‌رێكی له ره‌نگ داگیركردووه، به‌ڵام رووبه‌رێك كه هه‌مووی جووڵه‌و بزاڤ و سه‌رسامییه، چه‌ندین هانده‌ری هونه‌ری تێدایه، كه ده‌مانگه‌رێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌كانی رابردوو، ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه ئاو سه‌ر زه‌وی داگیركردبوو، له هه‌موو لایه‌كدا رۆحی ئاو زاڵی سه‌ر زه‌وی بووبوو، گه‌وره‌ترین جه‌نگی نێوان سروشتی ئاو و سروشتی بوونه‌وه‌رو هه‌ندێ له شه‌ره شاخی كه‌ڵه‌كان، له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ئاودا ، به‌رجه‌سته ده‌بوو، له هه‌مان كاتدا ئه‌و تابلۆیه، ئهمانهێنێتهوه سه‌ر ئێستای رۆحه وونبووه‌كانی ئاو، جۆرێك نۆستالگیامان بۆ خودی رۆحی ئاو، بۆ دروست ده‌كات، به‌و پێیه‌ی كه -وێنه ئه‌مانه‌تی هونه‌ره – لای هونه‌رمه‌ند، بۆیه ده‌بێت فرشه‌ی هونه‌رمه‌ند، فرشهیهكی پڕ له ترس و حیكمه‌ت بێت، له‌كاتی وێنه‌كێشاندا، حیكمه‌تی قه‌ره‌نی جه‌میل له‌وه‌دایه، كه حیكمه‌تی ئاو زیندوو ده‌كاته‌وه، له‌كاتی كه‌مبوونه‌وه‌و كه‌مبوودی ئاودا، ناچارمان ده‌كات كه ئاو بكه‌ین به نموونه‌ی باڵای ژیانمان ، كاتێك مرۆڤ به‌دیار ئه‌م تابلۆًیهوه ده‌وه‌ستێت، سه‌یری شاخی كه‌ڵ و شه‌پۆلی ئاو ده‌كات، له‌كاتی بهیهكاچوونیاندا ، راسته‌خۆ ئه‌و پرسیاره لای بینه‌ر دروست ده‌بێت، كه ئاخۆ ده‌روونی هونه‌رمه‌ند چه‌ند پڕ بووه له مانا گهروهركانی ئاو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و هه‌نده زۆره له بینینی قووڵ لای بینه‌ر دروست بكات؟ له هه‌مان كاتدا به سه‌یركردنی ئه‌م تابلۆیه، چه‌ند ده‌چینه‌وه ناو بوویه‌ری هونه‌رمه‌ند، تا تێبگه‌ین كه ئه‌و، چه‌ندی پرسیار كردووه، تا له‌م بوویه‌ره بگات؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو رامانه لای بینه‌ر بێته كایه‌وه، له بابهتهكهشیدا ئه‌و هه‌موو پرسیاره بۆ بینه‌ر دروست بكات، ئاوێك كه سپی بچێته‌وه له‌ناو شه‌پۆلدا، چاوچاوێنێ بكات له به‌رامبه‌ر شاخی كهڵێكدا، ئه‌وسا ووردو خاش بێت، ده‌ه‌بێت چ دیمه‌نێك ههڵڕژێنێته سه‌ر رۆحی بینه‌ره‌وه، ئاو لای هونه‌رمه‌ند ره‌نگه، رۆحه، بزاوتێكی ئه‌به‌دییه، ترسه، هه‌ڵگری هه‌زران بیرۆكه‌ی هونه‌رییه، كاتێكیش كه‌من لهبهرابهریا ده‌وه‌ستم ، ره‌نگه‌كان ده‌بن بههێشووی پرسیار، رۆحی ئاوه‌كان ده‌بن به چه‌پكێ له‌ترسی با ، بزاوتی ئه‌به‌دی هه‌مان ئه‌و ئاوه‌ش، ده‌بێته هه‌ڵگری من و به دونیادا دهمسوڕێنێ، سه‌یركه ئاو له‌ژێر شاخی كهڵدا ، له جه‌نگێكی پڕ له خۆشه‌ویستیدا، بینه‌ر بۆ كام ده‌ره‌تان ده‌باته‌وه‌و چی بۆ دروست ده‌كات.
شاخی كه‌ڵ، سیمبولی هێزه ، به‌ڵام هێزی شه‌رانگێزی و كوشتن نا ، به‌ڵكو هێزی جوانی ، هێزی ئێستهتیكا، هێزی جه‌وهه‌ر، هێزی رۆحیكی كوژران به جوانی ئاو و له ناوچونی نا ، هێزێكی پرۆمیتۆسی له دزینی ئاگری خوداوه‌نده‌كاندا ،هێزی شاخی كه‌ڵێ له گه‌ڕان به دوای دزینی ئاودا، كه‌واته هونه‌رمه‌ند له شاخی كهڵدا، به‌رهه‌م هێنه‌ری جوانی هێزه لای بینه‌ر و بویه‌ری هونه‌رمه‌ند له شه‌پۆلی ئاوی سپی دا دروست كه‌ری رامانه لای بینه‌ر و بابه‌تی هونه‌رمه‌ند له بهیهكاچونی كه‌ڵ و شه‌پۆلدا جێی دایه‌لۆگی بینه‌ره .
به‌مجۆره له تابلۆی كه‌ڵ و شه‌پۆلی قه‌ره‌نی جه‌میلدا، بینه‌رو هونه‌رمه‌ند ده‌بن به یه‌ك قه‌باره‌ی شێلگیر و جۆرێك له دۆناودۆنی سۆفیگه‌رێتی ده‌خوڵقێ و بینه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌زاران بیرۆكه‌ی رابردوو، به ده‌یان بیرۆكه‌ی ئێستا بونیاد ده‌نێت، باشه تۆزێ له تابلۆكه وورد به‌ره‌وه، ئه‌وه جگه له ئاو هیچ شتێكی دیكه چه‌مكی نامینێ چونكه -ته‌نها ئاو وه‌ك ئاو وایه –
كه‌ریم ده‌شتی