Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
هەر کەس بە دڵی خۆی خودا وێـنادەکات ….  کاوە هادی

هەر کەس بە دڵی خۆی خودا وێـنادەکات …. کاوە هادی

Closed
by December 4, 2011 گشتی

دەڵێن ڕەوڕەوەی مێـژو بەرەوپێـش دەخولێتەوە بەڵام هیچ کەسـێک باس لە خێرایی ئەو خولانەوەیە ناکات تەنانەت لەو
گۆڕانکاریە مێژوییانەی کە مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە قۆناغێکەوە گواسـتۆتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ ، ئەم باسـە باسـێکی زۆر
بەرفراوانە لە بواری زانسـت و توێژینەوەدا ، هەر کەس دڵی دەخوازێت  ئەوا بە سـەدان کتێب و سـەرچاوە لە ئارادان .
ئەوەی بۆ ئێمە ئاشـکرایە هەتا مرۆڤەکان خولخلۆکە و چەرخە و گالیسـکەیان وە دەسـت هانی چەند هەزار سـاڵێک بە
 سـەر تەمەنیاندا تێپەڕین ، هەر لەو دەرئەنجامەوە بەبێ دڵەڕاوکێ دەڵێم خێرایی ئەو گۆڕانکاریانەی بەسـەر بیر و
 هزریاندا هاتوە هەر بەئەندازەی خێرایی ئەو چەرخە و گالیسـکانەی ئەو سـەردەمە بوە ،  بۆ ئەوەی بۆچون و باسـەکەم
لە هەڵەی مێـژویی دورخەمەوە  ئەوجا یەک بازی  ٣باز  دەدەم بۆ ناوەڕاسـتی سـەدەی پێش و کۆتای ئەو سـەدەیە و
دەسـتپێکی ئەم سـەدە نوێیە … بەبێ هیچ ئاماژە کردنێک بۆ بەڵگە و سـەرچاوەکان بە شـاهێدی هەرهەموان ، ڕەوڕەوەی
مێژو لەم سـەردەمەدا بە خێرایی فرۆکە و شـەمەندەفەر و ئۆتۆمبیلەکانی خۆی دەخولێتەوە بەتایبەت لە بواری تەکنەلۆژیا
و زانیاریدا بەرهەمی ئەو تەکنەلۆژیا پڕفرۆش و خێرافرۆشـانەی بازاڕی سـەرمایەدارانی گەرمکردوە هەر وەک چیرۆکی
پوش و ئاگر بڵاودەبنەوە ئەو زانیاری و تەکنەلۆژیانەی نەخراونەتە بەردەسـتی سـەرمایەدار و بازاڕەوە ، سـەرکردەکانی
جیهان هەڵیان گرتون بۆ ئایندەیەکی نادیار ، ئەوان کاری خۆیان باش دەزانن و ئەوان گەورەی ئەم هەسـارەیەن .
یەکێک لەو تەکنەلۆژیانە تەکنەلۆژیای (( نانۆ )) یە نانۆ لە هەمو بوارێکدا کاری لەسـەرکراوە یەکێ لەو بوارانە بواری
پزیشـکیە … نانۆ توانای ڕێگرتنی لە هەمو جۆرە  نەخۆشـیەک هەیە هەروەها ڕێگرتن لە دیاردەی پیری و خودی مردن .
ئەوەی شـیاوی سـەرنجە زۆربەی خەڵکانی ئەم گۆی زەمینە لە سـەردەمی ئەسـپ و عارەبانەوە تا ئەم چرکە سـاتەیش
هیچ گۆڕانکاریەکی هێند مەزن و بەرچاو بەسـەر هیزری خودا پەرسـتی و بت پەرسـتیاندا  نەهاتوە .
ڕۆژێ لە ڕۆژان مرۆڤ خۆی لای پەیکەرسـاز  یان  لای دارتاش خودایەکی بە دڵی خۆی دروسـت دەکرد  بە دڵی خۆی
دەیڕازاندەوە و بەرز و پیرۆزی دەکرد خاوخێزان نزا و نوێژیان بۆ دەکرد داوای بەخشـین و بەختەوەریان لی دەکرد هەر
لەو کاتەوە هەتاکو ئەمڕۆ کۆمەڵە خەڵک هەن ئاگر ڕۆژ گا سـروشـت ئاو دەپەرسـتن ، دەشـێت زۆر شـتی دیکە هەبن
بە وێنەی خودا چاویان لێ بکرێت بەڵام هەرگیز بەر گوێی من و تۆ نەکەوتون .
بە هەمو جیاوازی وناکۆکیەکانەوە ماوەی چەند هەزار سـاڵێکە زۆربەی زۆری مرۆڤەکان کۆکن لە سـەر ئەوەی خودایەک
هەیە بە سـەر سـەرمانەوە  ئەو خاوەنی ئەم ئەرز و ئاسـمانەیە ئێمە دروسـتکراوی ئەوین ئایندە هەر دەچینەوە بۆلای ئەو
مرۆڤەکان لە وێناکردنی ئەم خودایەدا زۆر جیاوازن  لای کەمەکەی بەتێپەڕبونی کات و گۆڕانی بار و دۆخ وێناکردنی ئەم
خودایە دەگۆڕن بۆ ئێمەی ملکەچ و بێ دەسـەڵات .

ئەو خودایەی لە کڵێسـاکانی ئەو ڕۆدا وێنا دەکرێت هەمان خودا نیە کە ٤٠٠ – ٥٠٠ سـاڵ لە مەوبەر  وێنایان دەکرد ، ئەم
خودایەی ئەوڕۆ زۆر دڵ نەرمە زۆر داوای ئەوە ناکات خۆیمان خۆشـبوێت زیاتر داوای ئەوە دەکات خۆمان و یەکدیمان
خۆشـبوێت ، بە بارانی پەڵە و دورینەوەی خەرمانی بەرەکەت پاداشـتمان ناکات ، بە سـزای سـەخت نامان تۆقێنێت ، ئافات
 و نەخۆشـی کوشـندەی وەک ئایدز نانێرێت ، واز لە جەسـتەی بێ گیانمان دەهێنێت ، دەڵێن دواڕۆژ ڕۆحمان شاد یان
ناشـاد دەکات ، ئەوەشـمان بیر نەچێت ..  ژنان بە سـەری ڕوتەوە بە جلی ئاڵا و واڵاوە بە دەنگی پیانۆ و سـەمایەکی
نا وروژێنەرەوە  داوا و نزایان ڕەوانە دەکەن . هەرچی ئەو خودایەی لە مزگەوتەکانی ئەوڕۆدا وێنادەکرێت دیسـان
ئاماژەیە بۆ هەمان خودای تاک وتەنهای کلێسـا و ماڵەکانی دیکەی خودا بەڵام تەواو بە وێنەیەکی جیاواز ، ئەم خودایە
هەمان داواکاری خودای کلێسـاکانی هەیە وەلێ زۆر داوای ئەوە دەکات خۆیمان پتر خۆشـبوێت زۆر لێی بترسـێین
بەشـێوازێک ڕۆژی ٥ جار نوێژی بۆبکەین هەمو ڕۆژی ٥ جار پەیمان بدەین کە بە تەنها هەر تۆ خودای وە موحەمەد
دوا نێردراوی تۆیە بۆ ئێمە ، لە تەک ئەو هەمو سـتایشـی میهرەبانی و سـۆز و بەزییەدا  خۆ ئەگەر لە فەرمانەکانی ئەم
خودایە کەمتەرخەم بین ئەوا بە سـزای توند سـزا دەدرێن جا ئەو سـزایە هەر دەسـت بەجێ دەینێرێت یان هەرکەسە
لە ڕۆژی خۆیدا دەی نۆشـێت . زۆر جاران بە کۆمەڵ ســزای خۆمان دەنۆشـین وەک ناردنی نەخۆشـی طاعـون یان
وشـک کردنی کێـڵگەکان یان توڕەبونی ئاوی دەریا و ئۆقیانوسـەکان یان زەوی لەرزان ، پاش ڕۆح کێشـانمان واز
لە جەسـتەی بێ گیانمان نا هێنێت دەڵێن هەمو ڕۆژێک دەمان سـوتێنێت پاشـان پێسـتی نوێ دەکاتەوە بە بەرماندا
پاشـان دەمان سـوتێنێتەوە هەتا هەتایە ئەم دۆزەخە هەمو ڕۆژێک بەردەوام دەبێت  …. من لێرەدا دەنگی خۆم  بەرز
دەکەمەوە باوەڕناکەم  خودایەکی هێند مەزن و میهرەبان دڵی بێت یان کاری بەوە هەبێت ئاوها دڵڕەق و دڕندە بێت ،
من کە ڕاسـت گۆم لە تەک خۆمدا هیچ شـەریکێک بۆ خودا پەیداناکەم ، خوێنی هیچ کام لە مرۆڤەکانم نەڕشـتوە و ناڕێژم
چۆن دەبێت سـزای من و ئەو هەمو خوێن ڕێژەی سـەر ئەم هەسـارەیە یەک سـزابێت ؟ چونکە دەڵێن ڕۆژی ئاخر لە
دادگای خودادا تەنها  دو چارەنوس هەیە بۆ هەرهەمو دانیشـتوانی سـەر ئەم هەسـاڕەیە بە ئێسـتا و ڕابوردو دواڕۆژەوە
یان ئەو دۆزخە ڕەشـە ئەبەدیەیە کە لە سـەرەوە باسـمان لێکرد یان ئەو بە هەشـتە فرە خۆشـیە هەر لە دیمەنی جوان و
خواردن و خواردنەوەی خۆش و هەوای پاک و ئاوی سـارد هەتا خاوەنێتی ٤٠ پەری پاکیزە بۆ هەر پیاوێک لەو پیاو
چاکانەی کە گوێ ڕایەڵی فەرمانەکانی خودا و نێردراوەکەی بون . هەمو باوەڕدارانی ئەم نێردراوە کۆکن لە سـەر
پەیامەکانی خودا بەڵام دیسـان هەنوز زۆر کارو بار هەن کە کۆک و تەبا نین ، تا ئاسـتی خوێن ڕشـتن سـەر پانکردنەوە
گومڕابون و یەکدی بە کافر زانین ، دەربڕینی زێدە خۆشـەویسـتی بۆ یەکێک لە پیاو چاکانەی ئەم ئاینە لە یەکێکی کەیان ،
پەیڕەوی کردنی ئامۆژگاریەکنیان و هەڵگرتنی شـوێن پێیان تا ئەم چرکە سـاتەش ، ئەم باوەڕ و شـوێن کەوتنە ڕەنگی
داوەتەوە لە بواری خودا پەرسـتیدا لە شـێۆازی نوێژ و پاڕانەوەیاندا ، لە بواری بە ڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا لە تێڕوانینی
ماف و ئازادیەکان بۆ دایک و خوشـکەکانیان لە پێناوی ڕەزامەندی و میهرەبانی خودا لە ڕۆژی ڕوبەڕو بونەوەدا .
لە ڕاسـتیدا ئەوەی من بەم شـێوازە  سـانا و سـەرپێییە باسـی لێدەکەم ئەوە مێژویەکی پڕ خوێن و ســتەمکاریە ، هەر
چەندە خاوەنی یەک خوداو یەک پێغەمبەرن ، ئەوا زیاد لە هەزار سـاڵە تێر لە خوێنی یەکدی ناخۆنەوە ، هەر لایەک
دەسـەڵاتی هەبوبێ زوڵمێکی ئاوها خەسـتی لە لاکەی کەیان کردوە ، خۆیان وتەنی کافر زوڵمی ئاوهای نەکردوە .
ئەو تراژیدا خوێناویەی کە ڕۆژانە لە عێراقی فیدراڵی دیموکراتدا دەگوزەرێت تەنها دڵۆپە خوێنێکە لەو ئۆقیانوسـە
خوێنەی لە نێوان شـیعەی موسـڵمان و سـونەی موسـڵماندا ڕژاوە .
تەنها چاو لە وێنەی ئەو تاکە خودایە بکەن لە دیدی تورکیا و سـعودی عەرەب و ئێران و ڕێخراوی برایانی موسـڵمان و
ئەلقایدە و تالیبانی ئەڤغان و جوندلئیسـلامی کوردسـتان ، هەرچەندە یا سـا و ڕێسـای هەمو وڵاتە موسـڵمانەکان پشـتیان
بە بنەماکانی ئەم ئاینە بەسـتوە بەڵام بە گشتی لە هەمو وڵاتە موسـڵمانەکاندا سـێ جۆرە بزاوتی سـیاسی بەدید دەکرێن
ئەوانەی لەماڵی خۆیاندا خوداپەرسـتی دەکەن  و سـەر وماڵ دەبەخشـن بۆ ئەوی وڵات بکەن  بە ئاڵا هەڵگری ئەم ئاینە وە
قورئان چارەسـەری هەمو گرفتەکانی کۆمەڵگە بکات لە دیدی مەزهەبەکەی ئەوانەوە ، ئەوانەی لە چوارچێوەی حیزبدا کار
دەکەن بە ڕوکەش ئاشـتی خوازن دژی خوێن ڕشـتنن بە بڵاوکردنەوەی ڕۆشـنبیری و هۆشداری  خەڵکی دەخەنە سـەر
ڕێگای خۆیان دەسـت دەخنە دەسـتی دۆسـت و دوژمن  بۆ ئەوەی بگەنە دەسـەڵات ئەوجا ئاشـکرایە ئەو دۆزەخەی کە
باسـی لێ دەکەن هەر بە ڕاسـتی پیشانی نەیارانی دەدەن . توند ڕۆکان زۆر ڕاشـکاون یەک ڕێگایان هەڵبژاردوە خوێن
ڕشـتن تۆقاندن تۆ کوشـتن خۆکوشـتن ، بەدەر لە خۆیان هیچ کەس بەڕاسـت نازانن  دژی تەوژمی ڕەوڕەی مێژون ، خۆ
ئەگەر پارچە خاکێکی بەدبەخت کەوتە ژێر دەسـڵاتیان ئەوا ڕەوڕەوی  مێژو دەگەڕێننەوە  بۆ ١٠٠٠ ساڵ  لەمەوبەر.       

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.