مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی، ئیشكردن له‌سه‌ر شته بچوكه‌كان
مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی the museum of innocence یه‌كێكه له ڕۆمانه دیاره‌كانی ڕۆماننوسی به‌ناوبانگی توركی و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نو‌بڵ ئۆرهان پامۆك. ئه‌م ڕۆمانه ڕۆمانێكه له‌بواری عه‌شقدا و چركه‌ساته‌كانی عه‌شق و په‌یوه‌ندیه سۆزداریه‌كانی نێوان دوو عاشق ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م ڕۆمانه ساڵی 2008 نوسراوه و بۆ زۆرێك له زمانه بیانییه‌كان وه‌رگێردراوه. به‌كر شوانی ئه‌م ڕۆمانه‌ی وه‌ك زۆرێك له ڕۆمانه‌كانی تری ئۆرهان پامۆك وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. سه‌رباری ئه‌وه‌ی من ده‌قه ئینگلیزییه‌كه‌م لابوو، به‌ڵام نایشارمه‌وه كوردیه‌كه‌ی زۆر جوان وه‌رگێڕدراوه و به‌راستی به‌كر شوانی زۆر سه‌كه‌وتوو بووه له وه‌رگێڕانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا و خوێنه‌ر كه ده‌یخوێنێته‌وه هه‌ست ده‌كات به كوردی نوسراوه نه‌ك وه‌رگێڕدرابێت، ئه‌مه‌ش لانی كه‌م سه‌لیقه‌ی به‌كر شوانیمان بۆ ده‌رده‌خات و هیوادارم جگه له به‌كر كه‌س ده‌ست بۆ ئه‌ده‌بی توركی نه‌بات بۆ وه‌رگێڕان.
ئه‌وه‌ی ڕۆمانی مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی له ڕۆمانی به‌فر snow ی هه‌مان ڕۆماننوس جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه ڕۆمانی به‌فر زیاتر قسه‌كردنه له‌سه‌ر ململانێ سیاسییه‌كانی توركیا. له به‌رفردا سه‌رباری ئه‌وه‌ی پامۆك باس له عه‌شقی نێوان ئیسلامیسته‌كان و كیژه سێكولاره‌كانی توركیا د‌كات ، به‌ڵام زیاتر پامۆك له به‌فردا ململانێی نه‌ته‌وایه‌تی نێوان كورده‌كان و توركه‌كان وێنا ده‌كات له‌پاڵ ململانێی عه‌لمانیه‌ت و ئیسلامیه‌كان له‌و وڵاته‌دا. واته ڕۆمانی به‌فر ته‌واو ڕۆمانێكی سیاسیه‌و ئه‌گر عه‌شقیش هه‌بێت ئه‌وا ته‌نها وه‌ك بوونێك له ڕۆمانه‌كه‌دا جێی كراوه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه پیاوانی ئاینیش ده‌كرێت عاشق بن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ڕۆمانی مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌ییدا ده‌یبینین دروست قسه‌كردنه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و سه‌رباری ئه‌وه‌ش شته ورده‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی نێوان ئینسانه‌كان. خۆشه‌ویستی به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی و ئه‌و شتانه‌ی كه عه‌شق جوان ده‌كه‌ن. دوو كوپ قاوه كه دوو عاشق ده‌یخۆنه‌وه، سیسه‌می نوستن كه په‌رده‌ی كچێنی تیادا ده‌مرێت، ته‌پڵه‌كی جگه‌ره و نیوه جگه‌ره‌ی سوربوو به سوراوی كچ و زۆر شتی تر ئه‌گه‌ری جوانتر كردنی عه‌شق نیشان ده‌دات.
ئه‌و شته وردانه چین كه شایه‌نی ئه‌وه‌ن بیرمان نه‌چنه‌وه؟ چێژی ماچێك له چركه‌ساتێكدا، نوستن له‌گه‌ڵ عاشقه‌كه‌تدا، چاوه‌ڕوانی جێژوانێك و چه‌ندانی تر ئایا ده‌كرێت بیربچنه‌وه؟ مرۆڤ چۆن وا بكات هه‌ر جوڵه‌یه‌ك له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی وا مامه‌ڵه بكات كه شایه‌نی بیرچوونه‌وه نه‌بێت؟ چێژی چاوه‌ڕوانی و دواتر لێدانی زه‌نگی ته‌له‌فۆنێك چ دڵخۆشییه‌ك به‌دوای خۆیدا دێنێت؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری تر له ڕۆمانی مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یدا به‌زمانێكی ئه‌ده‌بی چێژبه‌خش وێنا كراوه.
سه‌رباری شته ورده‌كان پامۆك له‌م ڕۆمانه‌دا ئیش له‌سه‌ر ململانێی سوننه‌ت و مۆدێرنه ده‌كات له توركیادا. هاتنی مۆدێرنه و نوستن له‌گه‌ڵ كچان له ده‌ره‌وه‌ی زه‌واج و له‌ده‌ستدانی په‌رده‌ی كچێنی و سه‌مای ناو هۆڵه‌كان و مۆدێلی جلوبه‌رگه‌كان كه له خۆرئاواوه دێن، دنیایه‌كی تر له ئه‌سته‌نبوڵ ده‌خوڵقێنن. دروست ڕۆماننوس ده‌یه‌وێت مێژووی هه‌نگاوه‌كانی توركیامان بۆ وێنا بكات له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سوننه‌تیه‌وه بۆ مۆدێرنه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕۆماننوس تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووه ئیش كردنه له‌سه‌ر شته ورده‌كانی نێو ئه‌م دنیایه. دوو خانم مكیاج ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی ده‌میان به‌ر ڕووكه‌تی یه‌ك بكه‌وێت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مكیاجه‌كه‌یان تێك نه‌چێت، نوسه‌ر ده‌ڵێت مۆدێرنه نایه‌ڵێت به‌راستی یه‌كتر ماچ بكه‌ین و تامی ماچه‌كان بكه‌ین به‌ڵكو ته‌نها ماچێكی ده‌سكردی یه‌كتر ده‌كه‌ین.
له دوای ئه‌م ڕۆمانه و گێڕانه‌وه‌ی مێژووی مۆدێرنی توركیاوه ئیدی توركیا هه‌رگیز ولاته‌كه‌ی پێشوو نیه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای ڕۆماننوس گرنگه مانه‌وه‌ی عه‌شقه له‌نێو مۆدێرنه‌دا. ئایا عه‌شق له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌دا چۆن جێی خۆی ده‌كاته‌وه؟ ئایا شته‌كان هه‌موو مه‌كیاج بن، هۆڵه‌كان ته‌نها جه‌سته تمایش بكه‌ن، ده‌كرێت كه‌سێكمان خۆش بویت و تاكێك گواره‌كه‌ی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌بێت لامان؟ ئه‌وه‌ی پامۆك له‌م ڕۆمانه‌دا جه‌غتی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه بریتیه له پاكیزه‌یی مرۆڤ خۆی. ئه‌وه مرۆڤه ده‌توانێت عه‌شق به پاكیزه‌یی بهێڵێته‌وه. ئه‌وه مرۆڤه ده‌توانێت مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ شته‌كانی عاشقه‌كه‌ی بكاته‌وه و له تاكی گواره‌كه‌یه‌وه گرنگ بێت تا كه‌وچكی قاوه‌كه‌ی.
پامۆك ده‌یه‌وێت له مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌ییدا پێمان بڵێت كه پیاو چی لێدێت كه عاشق ده‌بێت. عه‌شق چ سیحرێكی هه‌یه بۆ گۆڕینی مرۆڤ له كه‌سێكی توندوتیژه‌وه بۆ مه‌خلوقێكی نه‌رم و نیان كه نه بیر له ماده ده‌كاته‌وه و نه گرنگیشی پێده‌دات. ونكردنی هه‌موو دنیا له كه‌سێكدا خه‌سڵه‌تێكی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه‌یه به‌ناوی كه‌ماڵ كه دنیا له‌ودا هیچ نیه جگه له فوسون. كه‌مال تا كۆتایی ڕۆمانه‌كه به یاده‌وه‌ری جوتبوون له‌گه‌ڵ فوسوندا ده‌ژێت كه له خانوویه‌كی چۆڵی خۆیاندا به‌یه‌كه‌وه ده‌نوستن و قاوه‌یان ده‌خوارده‌وه و ماچیان ئاڵوگۆڕ ده‌كرد. لێره‌وه ده‌بینین كه عه‌شق لای پامۆك عه‌شقێكی ڕاسته‌قینه‌یه و ونكردنی ژیانه له یه‌ك كه‌سدا و چێژوه‌رگرتنه له‌گه‌ڵ ته‌نانه‌ت شتومه‌كه‌كانی ئه‌و كه‌سه‌دا.
دوای چه‌ندین ساڵ دوور كه‌وتنه‌وه دواجار كه‌ماڵ ماڵی فوسون ده‌دۆزێته‌وه و هه‌رچۆنێك بێت خۆی به فه‌ره‌یدونی مێردی ده‌ناسێنێت و هاتوچۆیان ده‌كات. لێره‌وه مۆزه‌خانه‌كه دروست ده‌بێت كه كه‌ماڵ شته‌كانی ماڵی فوسون ده‌بات و له‌جێگه‌ی ئه‌و شته شتێكی زۆر گرانبه‌هاتر ده‌كڕێت و دایده‌نێته‌وه. كه‌ماڵ ده‌ست ده‌كات به دزینی شته ورده‌كان، ئه‌و شتانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به فوسونه‌وه هه‌یه، ئه‌و شته‌ی هی فوسون بێت زۆر پیرۆز و جوان ده‌بێت لای كه‌مال. پێنوس، شانه، ئاوێنه، پاكه‌تی جگه‌ره، چه‌تاڵ و كه‌وچك، سه‌رقاپی پیپسی، خوێدان و فلته‌ره جگه‌ره‌ی كه سوری لێوی فوسونیان پێوه‌یه، هه‌موو شت كه په‌یوه‌ندی به فوسونه‌وه هه‌یه. كه‌ماڵ هه‌موو شته‌كانی فوسونی لا پیرۆزه و ده‌یات و له ئاپارتمانه‌كه‌ی خۆیدا هه‌ڵی ده‌گرێت و دواتر مۆزه‌خانه‌یه‌ك له شته‌كانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی دروست ده‌كات. لێره‌وه پامۆك پێمان ده‌ڵێت عه‌شق وا له مرۆڤ ده‌كات كه هێمن بێته‌وه و كاره‌كته‌ری عاشق سه‌بووری به شته‌كانی ده‌وروبه‌ری مه‌عشوقه‌كه‌ی دێت. دروست كه‌مال بۆ فوسون هه‌مان شته. ئه‌وه كه‌ماله چێژ له بینینی پاكه‌ته جگه‌ره‌ی به‌تاڵ ده‌بینێت كه ڕۆژێك فوسون ده‌ستی داوتێ.
دروست له‌م ڕۆمانه‌دا كه سه‌راپای بریتیه له عه‌شقێكی ڕاته‌قینه‌ی مرۆڤ بۆ مرۆڤ له سه‌رده‌مێكی مۆدێرندا له‌لایه‌ك وردی ڕۆمانووس پیشاد ده‌دات بۆ وه‌سفكردنی عه‌شق و ئه‌و شتانه‌ی كه له‌ده‌وروبه‌مان هه‌یه، له‌لایه‌كی تره‌وه پیشانمان ده‌دات ئه‌وه عه‌شقه مرۆڤه‌كان ده‌كات به مه‌خلوقێكی نه‌م و نیان و پاكیزه‌یان ده‌كاته‌وه و خاڵیان ده‌كاته‌وه له هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی توندوتیژی.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش ڕۆمانه‌كه به تراژیدیا كۆتایی دێت و به مردنی فوسون یان دروستتر بڵێین به خۆكوشتنی فوسون كۆتایی به‌م یارییه دێت. دوای ئه‌وه‌ی كه‌مال داوا له فوسون ده‌كات بكه‌ڕێته‌وه بۆ لای و سوار ئۆتۆمبیله‌كه‌ی بێت فوسون ڕازی ده‌بێت به‌و مه‌رجه‌ی خۆی ئۆتۆمبیله‌كه لێبخوڕێت. دواجار به‌خێرایی ئۆتۆمبیله‌كه لێده‌خوڕێت و ده‌یكێشێت به دارێكدا و فوسون ده‌مرێت.
ئه‌و مشتومڕه‌ی كه له كۆتایدا له‌نێوان كه‌مال و فوسوندا دروست ده‌بێت ئه‌وه‌یه كه فوسون به كه‌مال ده‌ڵێت تۆ بوین به سه‌به‌بی ئه‌وه‌ی كه من نه‌بم به ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا عه‌شق توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕێگری له مرۆڤه‌كان بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت ده‌ربكه‌ون؟ ئایا عه‌شقی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌مال بۆ فوسون تا ده‌كاته جیابوونه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ ئه‌و، وایكردووه ڕێگر بێت له‌وه‌ی كه فوسون نه‌بێت به‌و شته‌ی كه مه‌به‌ستێتی؟ به‌ڵام دواجار سه‌رباری ئه‌وه‌ی فوسون نه‌بوو به ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی به‌ڵام له به‌شی كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا نوسه‌رێك به‌ناوی پامۆك ڕووداوه‌كه ده‌كات به ڕۆمان و ڕۆمانی مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی لێ به‌رهه‌م دێت، ڕۆمانێك پڕ له عه‌شق و یاده‌وه‌ری.
عه‌زیز ڕه‌ئووف