دۆنی ئارام له‌كاتێكی نائارامدا
رۆمانی روسی نه‌ك ته‌نها له‌ڕوسیادا، به‌ڵكو له‌هه‌موو جیهان و له‌لای هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك جێگای بایه‌خ و له‌دنیای ئه‌ده‌بدا شوێنێكی دیاری هه‌یه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت بهكلاسیك و نوێیه‌وه له‌ئاستێكی فراواندا ده‌خوێنرێته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت..
(میخائیل شۆڵۆخۆف) یه‌كێكه له‌ڕۆماننووسه دیاره‌كانی روس، له‌ساڵی 1905 له‌ناوچه‌ی قه‌وزاق له‌دایكبووه، له‌هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا كراوه بهسهربازو به‌شداریی یه‌كه‌م شه‌ڕی جیهانیی كردووه‌و له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌ڵمان و هاوپه‌یمانه‌كانی جه‌نگاوه. (شۆڵۆخۆف) به‌وه سه‌رنجی خوێنه‌ران و ره‌خنه‌گرانی راكێشاوه كه بابه‌تیانه‌و ساكار، به‌ڵام دوور لهسادهگۆیی، قوڵ، به‌ڵام دوور لهتهمومژ ده‌نووسێت. رۆمانی (دۆنی ئارام) یه‌كێكه له‌شاكاره هه‌ره دیاره‌كانی (شۆڵۆخۆف) كه له‌ساڵی 1928 نووسیویه‌تی و ساڵی 1965 خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ به‌خشراوه..
ئه‌م رۆمانه له‌لایه‌ن كاك (محه‌مه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق)ه‌وه له‌عه‌ره‌بییه‌وه كراوه به‌كوردی، خانه‌ی وه‌رگێڕان به‌تیراژی 1000دانه چاپ و بڵاویكردووه‌ته‌وه. هه‌ندێك له‌ڕه‌خنه‌گران پێیان وایه كه هاوسه‌نگی و لێكچوونێك له‌نێوان رۆمانی (جه‌نگ و ئاشتی) (تۆڵستۆی)و (دۆنی ئارام)ی (شۆڵۆخۆف)دا هه‌یه، به‌وه‌ی كه هه‌ردوو رۆمان باس له‌تراژیدیای شه‌ڕو كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌كه‌ن.
(دۆنی ئارام) كه ئێمه له‌م نووسینه‌دا ده‌مانه‌وێت موتاڵایهكی خێرای ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بكه‌ین، وایده‌بینین چه‌نده ده‌قێكی هونه‌ری ئه‌ده‌بی باڵایه، هێنده‌ش تۆمارێكی مێژوویی راسته‌قینه‌ی ساڵانی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانییه، ئاوێنهیهكهو ره‌وشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی روسیا‌و ناوچه‌ی قهوزاقی تیا به‌دیده‌كرێت، (دۆن) ناوی ئه‌و رووباره‌یه كه قهوزاقییهكان سه‌دان ساڵه لهكهناریدا ده‌ژین، (تاتارسك) یه‌كێكه له‌گونده‌كانی سه‌ر ئه‌م رووبارهو خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕاوه ماسی و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان دابین ده‌كه‌ن، خاوه‌نی دابونه‌ریتی تایبه‌ت به‌خۆیانن، (تاتارسك) كه شوێنی سه‌ره‌كی رووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌یه، دانیشتوانه‌كه‌ی وه‌كو هه‌ر گوندنشینێكی دی له‌په‌یوه‌ندی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی داخراودان، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گونددا رووده‌دات، به‌یانی ورد‌و هه‌راش به‌زیاده‌وه بۆ یه‌كدی ده‌گێڕنه‌وه، خه‌ڵكی (تاتارسك) له‌پێش ده‌ستپێكردنی جه‌نگ به‌وپه‌ڕی ئارامییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كدا ده‌ژیان و كاری رۆژانه‌یان به‌ڕێوه ده‌برد، به‌ڵام جه‌نگ نه‌یهێشت ئه‌م ئارامییه به‌رده‌وام بێت و هه‌موو شتێكی شێواند.. جه‌نگ ماناكانی ژیان ده‌ستكاری ده‌كات و ناهێڵێت یه‌ك ره‌نگ و روویان هه‌بێت، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ مرۆ هه‌وڵی بۆ ده‌دات، سبه‌ینێ جه‌نگ بێ نرخی ده‌كات..
كێشه‌ی گه‌وره‌ی تاتارسكهكان له‌م رۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان له‌كاتێكدا خاوه‌نی ناسنامه‌و كلتووری تایبه‌تی خۆیانن و جیان له‌نه‌ته‌وه‌كانی تری روس، به‌ڵام به‌شداری جه‌نگێك ده‌كه‌ن كه هیچ په‌یوه‌ندی به‌نیشتمان و زێدی ئه‌مانه‌وه نییه، چونكه قهوزاقیقهكان كه سه‌دان ساڵه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی (تسار)ی روسیدا ده‌ژین، كاتێكیش به‌شداری شه‌ڕده‌كه‌ن هه‌ر پارێزگاری له‌ده‌سه‌ڵاتی (تسار) ده‌كه‌ن، نه‌ك ناوچه‌و نیشتمانی خۆیان… (گریگۆری) كه پاڵه‌وانی ئه‌م رۆمانه‌یه، یه‌كێكه لهلاوهكانی گوندی (تاتارسك) عاشقی ژنه‌كه‌ی (ستێپان) ده‌بێت كه ناوی (ئهكسینیا)یه، ئه‌م دهستتێكهڵكردنه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی زۆرێك له‌خه‌ڵكی گوند، به(ستێپان)ی مێردی (ئهكسینیا)شه‌وه پێی ده‌زانێت، له‌سه‌ر ئه‌م ئابڕووچوونه (ئهكسینیا) چه‌ندین جار تووشی سزا‌و تێهه‌ڵدانی مێرده‌كه‌ی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام هیچ جارێكیان ئه‌و ژنه چاوقایمه ناترسێنێت.. (پانتڵای) كه باوكی (گریگۆری)یه داخوازی (ناتالیا) بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌كات، سه‌رئه‌نجام (ناتالیا) به‌ڕه‌سمی ده‌بێت به‌ژنی (گریكۆری)، به‌ڵام (گریگۆری) هیچ چێژێك له‌ژنه ره‌سمییه‌كه‌ی خۆی نابینێت، هه‌میشه وه‌ك نامۆیه‌ك ته‌ماشای ده‌كات و له‌گه‌ڵیدا ده‌خه‌وێت، ئه‌م دڵی هه‌ر له‌لای (ئهكسینیا)یه، رۆژێك ئه‌م دوو عاشقه سه‌رشێته له‌دایك و باوك و ژن و مێرد‌و ته‌واوی خه‌ڵكی ئاوایی یاخی ده‌بن و ده‌ستی یه‌ك ده‌گرن و ده‌ڕۆن له‌گوندێكی نزیك به‌ناڕه‌سمی ده‌بن به‌ژن و مێردی یه‌كدی و منداڵێكیشیان ده‌بێت.. (شۆڵۆخۆف) به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و له‌چه‌ند به‌شی ئه‌م رۆمانه‌دا قسه له‌په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سێكسییه‌كانی خه‌ڵكی (تاتارسك) ده‌كات كه چۆن كوڕوكچ و ژن و مێردی ئه‌م گونده له‌زه‌ت به‌یه‌كدی ده‌به‌خشن.. خستنه‌ڕووی دیمه‌نه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه له‌به‌شه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌دا هاتووه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ژیانی دوور له‌جه‌نگ بریتییه له‌خۆش رابواردن و دڵنه‌وایی كردنی یه‌كدی، به‌ڵام جه‌نگ هه‌موو عاشقه‌كان به‌ڕه‌سمی و ناڕه‌سمییه‌وه له‌یه‌ك ده‌كات، بۆیه له‌به‌شه‌كانی ناوه‌ڕاست و كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا جگه له‌باسی شه‌ڕو كوشتار باسێكی دی له‌گۆڕێدا نابینێت. (شۆڵۆخۆف) بۆ زیاتر رسواكردنی جه‌نگ، له‌چه‌ند به‌شێكی ئه‌م رۆمانه‌دا حاڵی بێ‌حاڵی ئه‌و ژنانه ده‌خاته‌ڕوو كه چه‌ند وه‌خته لهمێردهكانیانهوه دوورن، ئه‌مان به‌ته‌واوی ئاڵۆشیان تێكه‌وتووه‌و كه‌سێك (نێرینه‌یه‌ك) لهئاواییدا شك نابه‌ن كه ئه‌م ئاڵۆشهیان دامركێنێته‌وه! له‌م كاته‌دا كه (گریگۆری) له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدایه‌و دووره له(ئهكسینیا)، هه‌واڵی ئه‌وه‌ی پێده‌گات كه ده‌ستی له‌گه‌ڵ پیاوێكی تردا تێكه‌ڵكردووه.. جگه له‌مه (پێته‌ر) كه برای (گریگۆری)یه‌و ژنه‌كه‌ی ناوی (ده‌ریا)یه، له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه هه‌واڵی ئه‌وه ده‌بیستێت كه (ده‌ریای) ژنی دڵی داوه‌ته (ستێپان) مێرده‌كه كۆنه‌كه‌ی (ئهكسینیا)و رۆژانه له‌گه‌ڵیدا راده‌بوێرێت! سه‌یر له‌وه‌دایه كه (پیته‌ر) ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا به‌م هه‌واڵه نیگه‌ران ده‌بێت، به‌ڵام كاتێك به‌دیداری (ده‌ریا) شاد ده‌بێته‌وه ئه‌م هه‌واڵه له‌بیرده‌كات، وه‌ك نه‌یبیستبێت ناو ده‌می (ده‌ریا) ماچ ده‌كات! ئێمه له‌م دیمه‌نانه‌وه ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه كه جه‌نگ هه‌ر ته‌نها مایه‌ی له‌ناوبردنی جه‌سته‌ی مرۆڤه‌كان نییه، به‌ڵكو هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هۆكارێكی سه‌ره‌كیشه بۆ نه‌مانی هیچ وه‌فاو په‌یمانێك له‌نێوان ژن و مێرده‌كاندا، ئه‌مان (ژنه‌كان) كاتێك ده‌بیستن شه‌ڕ كوره‌یه‌كی گه‌وره‌ی گڕاوییهو لاشه‌ی مێرده‌كانی ئه‌مان سووته‌مه‌نی ئه‌و شه‌ڕه‌یه، ئیدی بێ هیواده‌بن لههاتنهوهیان، لێره‌وه هیچ شتێك نرخی نامێنێت، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی و دوور له‌هه‌موو سۆز‌و خۆشه‌ویستییه‌ك جه‌سته‌ی برسی یه‌كدی تێرده‌كه‌ن..
(ناتالیا)و (ده‌ریا) كه دوو بووكی یه‌ك ماڵن، هه‌ردوو مێرده‌كانیان له‌شه‌ڕدان و دوورن له‌مانه‌وه، رۆژێك (ده‌ریا) به(ناتالیا) ده‌ڵێت:
(- بۆ ئێوارانێك له‌گه‌ڵمدا ده‌رناچی رابوێرین؟)
(ناتالیا) به‌مه رازی نابێت، (ده‌ریا) سه‌رزه‌نشتی ده‌كات و ده‌ڵێت:
-ده‌ك بمرم بۆت، چ پاكیزه‌یه‌كی! كه مێرهدهكانمان لامان نه‌بن هه‌قی خۆمانه ئه‌ملاو لایه‌ك بكه‌ین..
(ناتالیا) هه‌ر رازی نابێت، (ده‌ریا) له(ناتالیا) راستگۆتره، به‌ته‌وسه‌وه پێی ده‌ڵێت:
-ئۆی. پیره‌ژنی پاكیزه! من ئێوه‌و هاوچهشنهكانتان ده‌ناسم، به‌رده‌وام واده‌ڵێن، كه‌چی له‌ولاشه‌وه ئاگر هه‌ناوتان ده‌سووتێنێ..ل225).
كاتێك كه شه‌ڕ درێژه ده‌كێشێت و ژن و مێرده‌كان بۆ یه‌كدی ده‌بن به‌بێگانه، له‌مه‌ش خراپتر ده‌قه‌ومێت: (ده‌ریا) هه‌ر به‌جارێ ئارامی لێبڕاوه، نازانێت به‌چی خرۆشی گیانی خۆی ره‌حه‌ت بكات، رۆژێك بۆ دامركانه‌وه‌ی ئاڵۆشی جه‌سته‌ی برسی، په‌نا ده‌باته به‌ر (پانتڵای) خه‌زووری! خه‌زوری به‌زۆر خۆی له‌ده‌ستی رزگار ده‌كات و هه‌ڵدێ! به‌ڵام (ده‌ریا) كه شه‌رم و حه‌یای له‌ده‌ستداوه سه‌رزه‌نشتی (پانتڵای) خه‌زووری ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵاتنه.. ئه‌وه‌ی له‌م دیمه‌نه‌دا سه‌رنجڕاكێشه ئه‌وه‌یه كه دواجار (پانتڵای)یش په‌شیمان ده‌بێته‌وه كه بۆچی بووكه‌كه‌ی ره‌حه‌ت نه‌كرد!؟
ره‌نگه (شۆڵۆخۆف) له‌خستنه‌ڕووی ئه‌م دیمه‌نانه‌دا زیاده‌ڕۆیی كردبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌و ویستوویه‌تی راستییه‌ك ئاشكرا بكات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شه‌ڕه وای له‌مرۆڤه‌كان كردووه كه خۆیان و ئه‌وی دی نه‌ناسن و نامۆبن به‌خۆیان و یه‌كدی.. ئه‌گه‌ر وا نییه كه‌ی بووه‌و ده‌بێت بووك كاری سێكسی له‌گه‌ڵ خه‌زووریدا بكات!؟ ئه‌گه‌ر له‌سایه‌ی شه‌ڕدا ئه‌مه حاڵی ژنه‌كان بێت، بێگومان حاڵی پیاوه‌كانیش له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕ، له‌ناو خوێن و كوشتاردا له‌حاڵی ژنه‌كان باشتر نییه.. تۆ ببینه (میشاكۆ شیڤۆی) كه كاره‌كته‌رێكی ئه‌م رۆمانه‌یه لهسهنگهرهكهیدا چۆن رازی دڵی بۆ (ئه‌لیكسی پاشنیاك)ی هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری ئاشكرا ده‌كات (هه‌ركاتێ ژنی جوانم بیردهكهوێتـهوه ده‌خوازم له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا بخه‌وم، به‌باڵا به‌رزو كوڵ و قه‌د باریك و قهڵهویانهوه، به‌ڵام ژیانمان له‌گه‌ڵ تاقه یه‌ك ئافره‌تدا نووسراوه، ئاخۆ پیاو بێزار نابێت؟ له‌هه‌مووشی خراپتر.. ئه‌وان -مه‌به‌سه‌ت لهدهسهڵاتدارانه- جاڕی جه‌نگ ده‌ده‌ن و بێبه‌شمان ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت له‌و تاقه ژنه‌ش! ل416).
له‌م رۆمانه‌دا جه‌نگ ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای ژیان و پرزه‌ی لێبڕیووه، كاتێك جه‌نگ ته‌واو ده‌بێت، مرۆڤه‌كان ده‌گه‌نه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌وه ئه‌وانن ته‌واو بوون، نه‌ك جه‌نگ! چونكه هێشتا یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی ته‌واو نه‌بوو بوو، جه‌نگێكی ماڵوێرانكه‌ری تر له‌ڕووسیادا به‌رپابوو، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆی رووسیا بوو كه له‌م رۆمانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌و له‌قاڵبێكی هونه‌ریدا به‌رجه‌سته‌كراوه.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 1917 شۆڕش له‌ڕوسیا به‌رپا ده‌بێت و رژێمی پاشایه‌تی ده‌ڕووخێت، حكومه‌تی كاتی لهپیترۆگراد پێكده‌هێنرێت، به‌ڵام له‌دوای ماوه‌یه‌ك به‌لشه‌ویكه‌كان بهكودهتایهك ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست و هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی تر له‌ناو ده‌به‌ن، ئیدی لێره‌وه شه‌ڕێكی ناوه‌خت و ناڕه‌وا له‌نێوان سوپای سوری به‌لشه‌ویكه‌كان و جووتیار‌و گوندنشینه‌كاندا به‌رپا ده‌بێت، تراژیدیای ئه‌م شه‌ڕه له‌وه‌دایه كه گه‌لی روسیا به‌ده‌ستی خۆیان یه‌كدی له‌ناو ده‌به‌ن.. ئه‌گه‌ر له‌شه‌ڕه‌كانی تردا ژنان و پیاوان به‌هۆی دوورییانه‌وه به‌یه‌كدی په‌رده‌ی شه‌رم و ئابڕوویان دڕاندبێت، ئه‌وا (شۆڵۆخۆف) له‌سایه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا تراژیدیایه‌كی تر ده‌خاته‌ڕوو.. (پۆنجۆك) كه كاره‌كته‌رێكی شه‌ڕی ناوخۆیه، یه‌كێكه له‌لایه‌نگرانی سوپای سوری به‌لشه‌ویكه‌كان، كاتێك له‌ده‌رفه‌تێكدا (ئانا)ی ده‌زگیرانی به‌دزی دایكییه‌وه خۆی ده‌گه‌یه‌نێته لای و پێی ده‌ڵێت: -ئه‌مڕۆبێ یان سبه‌ی تۆم له‌ده‌ست ده‌چێ.. ده‌مه‌وێ به‌ته‌واوی به‌له‌ش و گیانمه‌وه خۆشه‌ویستیت له‌گه‌ڵدا بكه‌م..
(پۆنجۆك) كه‌وته ماچكردنی مه‌مكه قوت و خڕه‌كانی.. به‌ڵام هه‌رچه‌ندی كرد‌و كۆشا هیچی پێنه‌كرا..
له‌دوای ئه‌مه (ئانا)ی ده‌زگیرانی (پۆنجۆك) له‌خۆی دوورده‌خاته‌وه، پێی ده‌ڵێت:
-ئه‌وه تۆ پیاو نیت؟ یان نه‌خۆشی! ئۆی چه‌ند ناخۆشه لێمگه‌رێ با به‌ته‌نها بم..ل505).
تراژیدیای شه‌ڕی ناوخۆ فره‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه، جگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، (پیته‌ر)و (گریگۆری) كه دوو برای یه‌كدین، شه‌ڕی ناوخۆ بۆماوه‌یه‌ك لهیهكدیان ده‌كات، چونكه هه‌ریه‌كه‌یان بڕوا‌و متمانه‌ی به‌هێزی سیاسی هه‌یه، بۆیه ده‌بوو له‌دژی ئه‌وی دی بجه‌نگێت!
(پیته‌ر) له‌گه‌ڵ سپییهكاندایهو (گریگۆری)یش مه‌یلی به‌لای بهلشهویكهكانهوهیه..
خوێنه‌ر له‌چه‌ند دیمه‌نی ئه‌م رۆمانه‌دا ریسوایی و تاوانباری به‌لشه‌ویكه‌كان به‌دیده‌كات.. ئه‌وان وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر كاتێك ده‌چوونه هه‌ر ناوچه‌و گوندێك ته‌ڕو وشكیان پێكه‌وه ده‌سوتاند، تاڵانیان ده‌كرد، سوكایه‌تییان به‌خه‌ڵكی دهكردو ده‌ستدرێژیان ده‌كرده سه‌ر ناموسی خه‌ڵكی..
ئه‌م رۆمانه (دۆنی ئارام) كه پانۆرامایه‌كی واقیعی رۆژانه‌ی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانییه، گه‌لێ رووداو باس و بیری مرۆیی جوانی تیا خراوه‌ته‌ڕوو كه ئێمه له‌م كورته نووسینه‌دا ناتوانین ئاماژه به‌هه‌موویان بكه‌ین، به‌ڵام له‌په‌راوێزی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا ده‌مانه‌وێت بڵێین: له‌خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌وه راستی ئه‌و بۆچوونه‌مان زیاتر بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌ڵێت: ئه‌وه مێژوونووسه‌كان نین كه حه‌قیقه‌تی مێژوو تۆمار ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه ئه‌دیب و رۆماننووسهكانن كه ئه‌م ئه‌ركه رایی ده‌كه‌ن، چونكه مێژوونووس چه‌ند راستگۆ‌و به‌ئینساف بێت، هه‌ر ته‌نها رووداوه‌كان تۆمارده‌كات، به‌ڵام ئه‌دیبه‌كان هه‌موو لایه‌نه باش و خراپه رۆحی و سایكۆلۆژی و فیكرییه‌كانی مرۆڤیش تۆمار ده‌كه‌ن، كه ئه‌م رۆمانه به‌زیاده‌وه هه‌ڵگری ئه‌م سیفه‌تانه‌یه. ئێمه لێره‌دا جگه له‌ده‌ستخۆشی برای وه‌رگێڕ هیچی دی شك نابه‌ین، هیوادارین قه‌ڵه‌می هه‌ر له‌كارو به‌رهه‌می زیاتر‌و زۆرتر بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی ره‌خنه‌یه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شاكاره جوانه ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌ی چاپه‌ی تێكه‌وتووه.
سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
Samadahmd@yhoo.com