
گۆڕانی فیگۆره ئاساییه‌کان
گۆڕانی فیگۆره ئاساییه‌کان
له چیرۆکی(ئهکسولۆتیل)ی خولیۆ کورتاسار- دا
ئه‌وه ڕوونه چیرۆک‌نووس بۆ نووسینی چیرۆکه‌که‌ی سوود له هه‌موو که‌ره‌سته‌یه‌کی واقیع وه‌رده‌گرێ. فیگۆره‌کانی نێو واقیع، هه‌ر له مرۆڤه‌وه تا ئاژه‌ڵ و باڵنده و ڕووه‌ک و به‌رد و …تاد، بۆ چیرۆک‌نووس که‌ره‌سته‌ن. به‌ڵام ئایا چیرۆک‌نووس هه‌روا ساده و سانا ئه‌م فیگۆرانه به‌کارده‌با؟ بێگومان ئه‌گه‌ر وا بکات، ئه‌وا ناتوانێ داهێنان بکا. چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و فیگۆرانه وردی و هونه‌رمه‌ندی ده‌وێت. به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر فیگۆری مرۆڤ وه‌ربگرین، چیرۆک‌نووس ئه‌گه‌ر وای نیشان بدات، ئه‌و مرۆڤه بووه به جانه‌وه‌رێک، خوێنه‌ر له کنی ئاسایی بێت و باوه‌ڕ بهێنێت. ئه‌م به‌دگۆڕانه بۆ نموونه کافکا له ڕۆمانی (به‌دگۆڕان) کاری له‌سه‌ر کردووه. لێره‌وه ده‌بێ ڕه‌هه‌ندێکی هونه‌ری به‌رزی هه‌بێ. ئه‌م ڕه‌هه‌نده هونه‌ریه‌ش، به دیوێکی تردا ڕه‌هه‌ندێکی سایکۆلۆژیی هه‌یه، چونکو ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ی تووشیان به‌م گۆڕانه فیگۆڕیانه ده‌بێ، له ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه و گۆڕانی سایکۆلۆژییهتیانهوه بوو. پیشاندانی فه‌زایه‌کی له‌م شێوه‌یه به مانای پچڕاندنی هێڵی به‌ینی ده‌ق و واقیع نییه، به‌ڵکه هه‌روه‌ک گابریل گارسیا مارکیز ده‌ڵێت: “پێویسته نووسه‌ر ده‌زووی واقیع له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا نه‌پچڕێنێ” 1 به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر که‌شێکی وایش پیشان بدات وا له خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت ئه‌و کاره‌کته‌ر و ڕووداوانه هه‌مووی واقیعیین.
چیرۆکی (ئهکسولۆتیل)ی خولیۆ کورتاسار، له کن من یه‌کێکه له چیرۆکه جوانه‌کان، له کتێبی (درامایه‌ک له پارکێکدا) وه‌رگێڕانی عه‌بدوڵڵا قادر ره‌حیم(دانساز)، له دووتوێی ئه‌م کتێبه‌دا چیرۆکی هه‌ریه‌ک له (ئێرکسین کالدوێل و خولیۆ کورتاسار و کریستینا پێری رووسی) تێدایه. کورتاسار یه‌کێکه له چیرۆکنووسه دیاره‌کانی ئه‌رژه‌نتین و ئه‌مریکای لاتین. هه‌روه‌ها ڕۆڵێکی باڵای له نووسینی چیرۆک و ڕۆمان به ڕیالیزمی جادوویی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له گابریل مارکیز و بۆرخیس و یووسا و سامۆدیۆ هه‌بوو. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ک له‌مانه ستایلی نووسینی خۆیان هه‌یه. ” گرنگترین تایبه‌تمه‌ندێتی له‌لای کورتاسار ئه‌و شێوازی پڕ له نهێنی دوو خستنهڕووهیهتی له نووسینه‌کانیدا- فیگۆڕهکانی له پڕێکدا ده‌خزێنه یه‌کترییه‌وه”2 ئه‌م گۆڕانی فیگۆرانه، بۆ نموونه مرۆڤ هه‌ست بکا، به جانه‌وه‌ر بووه. کورتاسار ئاماژه به‌وه ده‌کا مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه، به هۆی شه‌پۆلی سه‌رمایه‌داری و مۆدێلی ڕۆژئاوا مرۆڤه‌کان ده‌بن به بوونی دی. لێره‌وه مرۆڤ کاتێک فیگۆڕهکهی ده‌گۆڕێت، گۆڕان له شوناس و بوونی ڕووده‌دات. به‌و مانایه‌ی کاتێک مرۆڤه‌کان به شێوه‌یه‌کی ته‌واو ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ری سیسته‌م و ڕژێمێکی تره‌وه، ئه‌وه بوونی خۆی وه‌کوو مرۆڤ له ده‌ست ده‌دات، ئه‌مه‌یش کافکا زۆر به وردی و قووڵی کاری له‌سه‌ر کردووه.
له چیرۆکی (ئهکسولۆتیل)، کورتاسار به هه‌مان شێوه‌ی کافکا کاریکردووه. من لێره‌دا له‌و بڕوایه‌دام که چیرۆک‌نووس کاریگه‌ری ته‌واوی کافکای له‌سه‌ره. ئه‌م چیرۆکه باس له که‌سێک ده‌کا، زۆر عاشقی(ئهکسولۆتیل) ده‌بێت. هه‌موو ڕۆژێک به‌یانیان و ئێواران بۆ سه‌یرکردنیان ده‌چێت. له ئه‌نجامی تێڕامان له بوونی ئهکسولۆتیل زۆر به قووڵی تێکه‌ڵاوی ده‌بێت. گێڕه‌وه له‌م چیرۆکه جێناوی (من)ه. هه‌موو گێڕانهوهکهیش به مه‌نه‌لۆگه. گێڕه‌وه لێره‌وه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، تیۆری گه‌شه‌سه‌ندنی داروین ڕه‌تبکاته‌وه. ” ئه‌و کێشکردنه‌ی له‌لای جۆرێک له جۆره‌کانی مه‌یمووندا هه‌یه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌یه، که زۆربه‌ی مرۆڤه‌کان باوه‌ڕیان پێی هه‌یه، ئه‌و کێشکردنه‌ی ئه‌وان ئاشکرا ده‌کات. ئه‌و دوورییه بێهاوتایه‌ی نێوانیان، که به‌سه‌ریاندا تێده‌په‌ڕێت و ده‌گات به ئه‌نجامی دووریی نێوان ئه‌وان و ئێمه، به‌ڵگه‌ی نائاماده‌یی ڕه‌های هه‌موو لێکچوونێک له نێوان ئهکسولۆتیل و مرۆڤی به من دا” خۆ دۆزینه‌وه‌ی گێڕه‌وه له بوونێکی وه‌کوو ئه‌م گیانه‌وه‌ره، به‌ڵگه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی ئه‌و مرۆڤه‌یه، ناڕازیبوونی ئه‌و مرۆڤه‌یه به‌رانبه‌ر به ژیان. هه‌روه‌ها کاتێک مرۆڤ هه‌وڵێکی وا ده‌دات، که سه‌رڕای فشاری ده‌روونی، ده‌ڕوانێت هیچ چارێکی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، ته‌نێ بوون به ئهکسولۆتیل نه‌بێ. ئه‌م هه‌موو نائومێدییه به‌رانبه‌ر به ژیان، له ئه‌نجامی فشاری ئه‌و ژیانه قورسه‌یه که مرۆڤی سه‌رده‌م تێیدا ده‌ژیه‌ت. ئه‌وه‌یش ڕێیه‌که بۆ خۆ ڕزگارکردن، خۆپیشاندانه به شێوه بوونێکی تر، چونکو نا ئومێدبووه به‌رانبه‌ر بوونه‌که‌ی خۆی. له‌وێوه هه‌وڵدانه واقیعێکی تر بۆ بوونی خۆ درووست بکا. چوارچێوه کێشانێکه بۆ درووست‌کردنی ئازادییه‌ک، تاکوو له‌وێوه پراکتیزه‌ی ئازادییه تاکه‌که‌سیه‌کانی بکات، چونکو ئه‌و ئازادییانه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژی به‌ربه‌ستی هه‌یه. لێره‌وه ئه‌و تیۆره‌ی هایدیگهرمان بیرده‌که‌وێته‌وه. هایدیگه‌ر دوو جۆر له بوونمان بۆ دیاریده‌کات. بوونی ڕه‌سه‌ن و بوونی ناڕه‌سه‌ن. بوونی ڕه‌سه‌ن ئه‌و بوونه‌یه که خاوه‌نی خۆیه‌تی، خاوه‌نی پرۆژه‌ی تاکه‌که‌سی خۆیه‌تی، نه‌که‌وتۆته ژیر کاریگه‌ری بوونی ئه‌وانیتر. هه‌رچی بوونی ناڕه‌سه‌نه، پێچه‌وانه‌ی بوونی ڕه‌سه‌نه، خاوه‌نی خۆی نییه، پرۆژه‌ی خۆی بۆ ژیان نییه، له ژێر کاریگه‌ری بوونی ئه‌وانیتر دایه. بوونی ئه‌وانیتر بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ده‌ن. بۆیه‌یش ئه‌و بوونه، بوونێکی ناڕه‌سه‌نه، چونکو له ژێر کاریگه‌ری ده‌یان دیارده‌یه. به‌و مانایه‌ی ته‌کنه‌لۆژیا، ڕۆژئاوا کاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر ئهوبوونانه هه‌یه، بۆیه‌یش ده‌یه‌وێ شێوه‌یه‌کی تر به‌و بوونه‌ی خۆی ببه‌خشێ. ئه‌و ئهکسولۆتیلانه، له نێو شووشه‌یه‌کدا به‌ندکراون. کاتێک گێڕه‌وه سه‌یریان ده‌کات ئه‌و بوونه به نیگای چاوه‌کانی، به بێده‌نگییه‌که‌ی، گله له‌و ده‌کات، هه‌ست ده‌کات ئه‌و وه‌کوو مرۆڤ بوونی ئه‌ویان خستۆته خزمه‌ت بوونی خۆیان. بۆیه‌یش لێره‌وه ئهکسولۆتیلهکه به شێویه‌ک له گێڕه‌وه ده‌ڕوانێت، که هه‌ست بکا بووه‌ته ئه‌و، تاکوو له‌و ڕێیه‌وه ئازاره‌کانی خۆی پێ بڵێت. پێی بڵێت ئه‌و وه‌کوو بوونێک به‌ندکراوه له نێو شووشه‌یه‌ک ته‌نێ بۆ حه‌زی مرۆڤه‌کان، ئازادی پێشێلکراوه، یان لێی زوهتکراوه، چونکو ئهکسولۆتیل به نیگا و بێده‌نگییه‌که‌ی به گێڕه‌وه ده‌ڵێت: سه‌رده‌مێک ئێمه سه‌رداری ئه‌م زه‌وییه بووین. بۆیه‌یش مرۆڤ بوونی ئه‌وانی زه‌وتکردووه. ئه‌م گۆڕانی فیگۆری گێڕه‌وه به ئهکسولۆتیل ته‌کنیکێکی چیرۆکنووسه بۆ ئه‌وه‌ی وا له خوێنه‌ر بکا، ئه‌م گۆڕانه به ئاسایی وه‌ربگرێت، تاکوو ئه‌م ئهکسولۆتیلانه پێمان بڵێن بوونی ئێوه له بنه‌ڕه‌تدا له ئێمه‌وه گه‌شه‌تان کردووه. لێره‌وه چیرۆک‌نووس” به‌رده‌وام ئه‌و هه‌سته‌مان ده‌داتێ که مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیوه هه‌ره ڕه‌ق و ڕاست و بێشهرمهکهی واقیعدا ده‌کات، لێره‌وه ئاشکراکردنی نهێنیی جنسی پاڵه‌وانه‌کان، به شێکی گرنگی ئه‌و گه‌مه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بێشهرمهیه له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌کاندا، به‌ڵام کۆی ئه‌م دونیا واقیعییه لای چیرۆک‌نووس له ڕاستیدا هیچ نییه جگه له سێبه‌ری چیرۆکێکی سوریالی”3 ده‌بینین هه‌م گێڕه‌وه و هه‌م ئهکسولۆتیل دوو فیگۆری واقیعن، به‌ڵام چیرۆک‌نووس له ڕێی ئه‌م گه‌مه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ڕه‌گه‌ز و مێژوو و بوونی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ریه‌ک له‌م دوو فیگۆره نیشان بدات. مرۆڤ که بوونی به هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانییه‌وه سه‌راپای سرووشتی له پێناو حه‌زه له‌بن نه‌هاتووه‌کانی خۆی وێرانکردووه، به‌و مانایه‌ی بوونی ڕه‌سه‌نی هه‌موو بوونه‌کانی تری خستۆته ژێر بوونی خۆی، لێره‌وه‌یه ئه‌م ئهکسولۆتیله به نیگا و بێده‌نگییه‌که‌ی وا له گێڕه‌وه ده‌کا، هه‌ست بکا به ئهکسولۆتیل بووه، تا بوونی ڕه‌سه‌ن ببینێت، ئازاره‌کانی لێ سه‌ندنه‌وه‌ی بوونی ڕه‌سه‌ن و ئازادی هه‌ست پێ‌بکات. تاکوو هه‌ست به‌و ئازاره‌ی که به‌سه‌ر ئهکسولۆتیلهکهیان سه‌پاندووه بکا. گێڕه‌وه که ده‌بێت به‌و بوونه، ئه‌و گۆڕانه‌ی فیگۆر، گۆڕانێکی نائاساییه، تاکوو له‌وێدا گێڕه‌وه هه‌ست به ونبوونی خۆی بکا. ته‌نانه‌ت هه‌ست به‌و باره ده‌روونییه‌ی ئهکسولۆتیلهکهیش بکا. ئه‌وه‌ی چیرۆک‌نووس بۆمانی ده‌نووسێت جگه له واقیعێک چیتر نییه، به‌ڵام شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ی به‌م شێوه جادووییه گه‌مه‌یه‌که له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر. پیشاندانی ئه‌م گۆڕانی فیگۆرانه هه‌وڵێکی چیرۆکنووسه تا بڵێت ئه‌وه‌ی من ده‌ینووسم واقیعه، نه‌ک فانتازیا و جادوو. قه‌ناعه‌تپێکردنی خوێنه‌ر که ئه‌مه‌ی ده‌ینووسێت واقیعه. تاکوو خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر خۆی بکا به کاره‌کته‌ری نێو چیرۆکه‌که، هه‌مان هه‌ستی واقیعیی له کن درووست بێ. درووست‌کردنی ئه‌م هه‌سته واقیعییه شۆڕبوونه‌وه‌یه بۆ نێو دروونی کاره‌کته‌ر و له هه‌مان کاتدا ئیشکردنه له‌سه‌ر ده‌روونی کاره‌کته‌ر، که له‌م ڕێیه‌وه کۆمه‌ڵێ کۆدمان بۆ ئاشکرا ده‌بێ. ئه‌و برینه‌ی له ده‌روونی ئهکسولۆتیلهکه وه‌کوو فیگۆر و بوونێک هه‌یه، ئه‌وه‌نده قووڵه، وا له کاره‌کته‌ر ده‌کا له ڕووی ده‌روونییه‌وه هه‌ست به ئازاره‌کانی ئه‌و فیگۆره بکا. هه‌ستکردنی کاره‌کته‌ر به‌و برینه، له ڕێی گه‌مه‌ی چیرۆکنووسه‌وه کراوه. له ڕێی ئه‌م گۆڕانه نا واقیعییه‌وه، که گۆڕانی فیگۆری مرۆڤه به ئهکسولۆتیل، واقیعێکی ترمان نیشان ده‌دات، ئه‌ویش داگیرکردنی بوونه‌کانی تری نێو سرووشته له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه. هه‌ر له نێو ژیانی مرۆڤه‌کانیشه‌وه، مه‌به‌ستم کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه، مرۆڤه‌کان وه‌کوو گریگۆری سامسای ڕۆمانی(به‌دگۆڕان)ی کافکا، مرۆڤه‌کان بوونی یه‌کتر داگیرده‌که‌ن. ئه‌م گۆڕانهیش پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێیه‌وه بیربکه‌نه‌وه، هه‌ست به بوونی ئه‌وانیتر بکه‌ن.
حه‌مه مه‌نتک
سه‌رچاوه‌کان:
1. مارکیز ئه‌وه‌ی له بری هه‌موومان نووسی،ته‌لعه‌ت تاهیر، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ،ژماره:53، تشرینی یه‌که‌م 2011، ل14.
2. درامایه‌ک له پارکێکدا، کۆمه‌ڵه چیرۆک، و : عه‌بدوڵڵا قادر ره‌حیم(دانساز)، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی، 2011، ل44.
3. کاروان چیرۆک‌نووسی ونبوونه گه‌وره‌کان، به‌ختیار عه‌لی، پێشه‌کی کۆمه‌ڵه چیرۆکی مناره‌ی ئاوه‌دانی، کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی چاپ وبڵاوکردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی،2011، ل21.