Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
چه‌مكی هه‌ستانه‌وه‌ له‌ شیعری سر‌وودی به‌ره‌نگاری ئه‌بوبه‌كرخۆشناودا

چه‌مكی هه‌ستانه‌وه‌ له‌ شیعری سر‌وودی به‌ره‌نگاری ئه‌بوبه‌كرخۆشناودا

Closed
by December 8, 2011 ئەدەب

یه‌كێك له‌‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردی قۆناغی هه‌فتاو هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو, ده‌بینرێت‌وتاراده‌یه‌ك بوه‌ته‌ شوناسێك بۆ ناسینه‌ی شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا,ئه‌و گوتاره‌ سیاسی‌وشۆرشگێریه‌یه‌,كه‌وه‌ك په‌یامێك له‌ ناوه‌رۆكی شیعره‌كاندا ده‌بینرێت. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی‌و به‌ جیاوازی ئه‌زموونی شیعری شاعیرانه‌وه‌, ئه‌و په‌یامه‌ بوونی هه‌یه‌. په‌ یامێك كه‌ ئامانج تیایدا خه‌بات‌وتێكۆشان‌و رووبه‌روبونه‌وه‌ی دوژمنانه‌, به‌مه‌به‌ستی رزگاركردنی گه‌لێك له‌ چه‌وسانه‌وه‌وژێرده‌ستی‌و سته‌می سیاسی.واته‌ شیعر وه‌ك چه‌كێك, ئامرازێك بوه‌, بۆ هاندان‌وجۆشدانی تاكه‌كان له‌ پێناو گه‌ یشتن به‌ سه‌ربه‌ستی تاك‌ونه‌ته‌وه‌.بۆیه‌شه‌ كه‌م نین ئه‌و شیعرانه‌ی له‌و قۆناغه‌دا, هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌ن.بێگومان ئه‌و قۆناغه‌ كه‌ له‌ رووی مێژوویه‌وه‌,ده‌كه‌وێته‌ زه‌مه‌ن‌و هه‌ڵومه‌رجێكی یه‌كجار دژوار, به‌ یه‌كێك له‌ وقۆناغه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ داده‌نرێت له‌ مێژووی كورددا, كه‌ كاریگه‌ریه‌كی ده‌روونی‌وروحی یه‌ كجار گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌كان جێهێشت. ئه‌و قۆناغه‌ كه‌زه‌مه‌نی دوای هه‌ره‌سی شۆرشی كورده‌, قۆناغی نائومێدبوون‌وشكستی سیاسی‌وده‌روونی مرۆڤه‌كان بوو. به‌ تایبه‌تیش كه‌ تیایدا مرۆڤه‌كان ئومێدێكی گه‌وره‌یان له‌ سه‌ر ئامانجی ئه‌و شۆرشه‌ هه‌ڵچنیبوو. وه‌لێ‌ كاتێ‌ شۆرش هه‌ره‌س دێنێت‌و له‌ چه‌ند چركه‌یه‌كدا, ئه‌و ئومێدانه‌ ده‌ڕمێن ئیدی مرۆڤ رووبه‌رووی دۆخێكی سایكۆلۆژی‌وروحی یه‌كجار دژوارده‌بێته‌وه‌, كه‌ جگه‌ له‌ دارمان‌و نائومێدی, هیچ ئاواتێكی تری نامێنێت له‌ ژیان. بگره‌ هه‌ندێكیان هێنده‌ نائومێدبوون,بروایان وابوو كه‌ مه‌حاڵه‌ جارێكی تر شۆرش هه‌ڵبگیرسێته‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا كه‌ سانێكی تر هه‌میشه‌, به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌ژیان‌وخه‌ونی گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌ستی‌وئازادیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یان ده‌دیت.به‌بۆچوونی من یه‌كێك له‌ داهێنانه‌ سیاسیه‌كانی شۆرشی نوێی كورد, كه‌ له‌ قۆناغی دوای هه‌ره‌سه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات, گۆرینی چه‌مكی خه‌بات‌و تێكۆشان بوو, له‌ كردارێكی جه‌سته‌یی‌و فیزیكی, بۆ پرۆسه‌یه‌كی هزری‌و زمانه‌وانی. به‌و مانایه‌ی له‌و قۆناغه‌ نوێیه‌دا تێكۆشان چیتر به‌ ته‌نیا ئه‌ركی لوله‌ی تفه‌نگ نییه‌, به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی زمانیش وه‌ك چه‌كێكی دیكه‌ی به‌ره‌نگاری, ده‌كرێ‌ له‌ ئاست دوژمناندا بكرێته‌ چه‌كێكی دیكه‌ی تێكۆشان. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌و شۆرشه‌, له‌ پاڵ ئه‌و خه‌باته‌, مرۆڤه‌كانی به‌ چه‌كی هوشیار بوونه‌وه‌وزمانی نووسینی به‌ره‌نگاریانه‌جۆش ده‌دا, ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و خه‌سڵه‌ته‌ سیاسیانه‌ی ئه‌و شۆرشه‌ له‌ شۆرشه‌كانی دیكه‌ی كورد جیاده‌كاته‌وه‌. لێره‌وه‌ش كه‌م نین ئه‌و شیعرانه‌ی هه‌ڵگری گوتاری یاخیبوون‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ به‌گژ سته‌م‌و چه‌وسانه‌وه‌ بوون. به‌راده‌یه‌ك كه‌م شیعری ئه‌و قۆناغه‌ هه‌یه‌, به‌ جیاوازی فۆرمی شیعریانه‌وه‌ له‌و نێوه‌رۆكه‌دا یه‌كنه‌گرنه‌وه‌. ئه‌زموونی شیعری ئه‌و قۆناغه‌, چ ئه‌وانه‌ی له‌ زیندانه‌ تاریكه‌كانی  دوژمن نووسراون ,چ ئه‌وانه‌شی له‌ باوه‌شی ئازادیه‌كانی شاخدا نووسراون, هه‌موویان شیعری به‌ره‌نگاری‌و هاتنه‌وه‌یه‌ به‌ گژ دوژمناندا. شیعری ئه‌و قۆناغه‌ هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌ سیاسی‌و شۆرشگێریه‌یه‌, كه‌ ژیا ن ته‌نێ‌ له‌ ئازادیدا ده‌بینێته‌وه‌و,به‌بێ ئازادی مانایه‌ك نییه‌ بۆ ژیانی مرۆڤه‌كان. ئازادیش به‌ بێ رێگای خه‌بات‌و قوربانیدان‌و تێكۆشان گه‌یشتن پێی مه‌حاڵه‌. بۆیه‌ له‌ پێناو سه‌رفرازی خاك‌و نه‌ته‌وه‌و ئازادی مرۆڤه‌كاندا,جگه‌ له‌ تێكۆشان هیچ رێگه‌یه‌كی تر نییه‌. لێره‌وه‌ش ئه‌ده‌ب به‌ گشتی‌و شیعریش به‌ تایبه‌تی ده‌بێته‌ ئه‌و په‌ یامه‌ شۆرشگێریه‌ی, كه‌ ئه‌ركی جۆشدان‌وهاندانی مرۆڤه‌كانه‌, بۆ قوربانیدان. سیماكانی به‌رگری‌و گوتاری یاخیبوون‌و چوونه‌وه‌ به‌ گژ دوژمناندا,دیارترین ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ن كه‌ له‌ ئه‌زموونی شیعری ئه‌و قۆناغه‌ی شیعری كوردی ده‌بینرێت. له‌ شیعری ئه‌و قۆناغه‌دا, مرۆڤ بوونی خۆی له‌ بوونی نیشتمان ده‌بینێته‌وه‌و  له‌ پێناو رزگاری خاك‌و نه‌ته‌وه‌و نیشتماندا, ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ قوربانیدانێكه‌. بۆیه‌شه‌ په‌یامی شیعری ئه‌و قۆناغه‌, په‌یامی تێكۆشان‌و قوربانیدان‌و یاخیبوونه‌. دیاره‌ به‌ شێكی ئه‌و گوتاره‌, هه‌وڵێكه‌ بۆ سه‌ر له‌نوێ هه‌ستانه‌وه‌, له‌ دوای ئه‌و شكسته‌ی شۆرشی كورد له‌و قۆناغه‌دا تووشیبوو. به‌ راده‌یه‌ك كه‌ دوژمنان لایان وابوو, كه‌ ئیدی مه‌حاڵه‌ جارێكی تر, پێشمه‌رگه‌ به‌ چیاكانه‌وه‌ ببینرێت‌وشۆرش هه‌ڵبگیرسێته‌وه‌. كه‌چی واقیعه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ كه‌وته‌وه‌.  شیعری (سروودی به‌ره‌نگاری)* هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌یه‌ كه‌ باسمان كرد, كه‌ ئه‌ویش هه‌ستانه‌وه‌و هاتنه‌وه‌یه‌ به‌ گژ دۆخی نائومێدی ژیان , له‌و قۆناغه‌ سیاسیه‌ی مێژووی كورددا.قۆناغێك كه‌ تیایدا نائومێدی وه‌ك ته‌مێك باڵی به‌ سه‌ر كوردستان‌وگه‌له‌ كه‌ی داكێشابوو.قۆناغێك كه‌ تیایدا مرۆڤی كورد, له‌ دۆخێكی سایكۆلۆژی سه‌خت ده‌ژیا, به‌ هۆی ئه‌و شكسته‌ی شۆرشی كورد توشی هاتبو‌و. وه‌لێ‌ كاتێ‌ شۆرش هه‌ره‌س دێنێ ئیدی له‌گه‌ڵیشیدا, هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی مرۆڤه‌كانیش هه‌ره‌س دێنن,كه‌ تا ئه‌وسات له‌ سه‌ر باڵای شۆرش هه‌ڵیانچنیبوو. به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌و شۆرشه‌ له‌و كاتدا, ئومێدی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی مرۆڤه‌كان بوو, به‌وه‌ی كه‌ دواجار ده‌یانگه‌ینێته‌ سه‌ربه‌ستی‌و ئازادی‌و رزگاركردن له‌ جه‌وروسته‌می داگیركه‌ران. به‌ڵام كاتێ‌  شۆرش هه‌ره‌س دێنێ‌, ئیدی مرۆڤه‌كانیش ده‌كه‌ونه‌ دۆخێكی ده‌روونی سه‌خته‌وه‌, به‌راده‌یه‌ك كه‌ كاردانه‌وه‌یان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و شكسته‌ دا هه‌بێت. چونكه‌ ئه‌وان شكستی شۆرش به‌ شكستی خۆیان ده‌زانن. له‌و روانگه‌یه‌وه‌, شاعیر له‌ شیعری سروودی به‌ره‌نگاریدا ده‌لێ:_

ئه‌ی دره‌خته‌ زه‌لامه‌كه‌..
بۆ چیاو رووبارت به‌ جێ هێشت؟
بۆ هه‌ڵاتی؟
بۆ لێ گه‌رای..ده‌ستگیرانه‌ برینداره‌كه‌ت به‌دیل بگرن؟
بۆ هه‌ڵاتی؟

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و كۆپڵه‌ شیعریه‌ بده‌ین ده‌بینین, شاعیر شۆرشی كوردی ده‌خاته‌ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌یه‌كی سیاسی‌و مۆراڵی گه‌وره‌و, هاوشێوه‌ی دادوه‌رێك, شۆرش دادگایی ده‌كات. به‌وه‌ی كه‌چۆن له‌ به‌رامبه‌ر دوژمناندا, هه‌ره‌سی هێناوه‌و نه‌یتوانیوه‌, درێژه‌ به‌و كاروانه‌ی خۆی بدات.شاعیر شۆرش به‌دره‌خت‌ونیشتمانیش به‌ ده‌ستگیرانێكی بریندار وێنا ده‌كات.دیاره‌ دره‌ختیش هێمایه‌ بۆ مانه‌وه‌و خۆراگری‌و هاتنه‌وه‌ به‌گژ هه‌موو رووداوێكدا. كه‌واته‌ بۆ شاعیر جێگه‌ی پرسیاروهاوكات,ره‌خنه‌و لێرسینه‌وه‌‌و دادگایی كردنیشه‌, به‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌بێ دره‌خت له‌ به‌رامبه‌ر گه‌رده‌لولێك, به‌ ئاسانی ره‌گه‌كانی هه‌ڵبكه‌ندرێن.له‌ كاتێكدا ئێمه‌ ده‌زانین, یه‌ كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی هه‌ر دره‌ختێك, ئه‌وه‌یه‌ كه‌ره‌گی هه‌یه‌و ره‌گه‌كانیشی به‌ خاك داچوون.كه‌واته‌ هه‌ڵكه‌ند‌و ده‌رهێنانی كارێكی ئاسان نییه‌.وێرای ئه‌مه‌ش دره‌خت هه‌میشه‌ سیمبولێكه‌ بۆ هێزی مانه‌وه‌, له‌ ئاستی زه‌مه‌ن‌و شوێندا. وه‌لێ كاتێ‌ ئه‌و شۆرشه‌, دواجار ئه‌و دره‌خته‌ خۆراگره‌ نییه‌, كه‌ له‌ دنیابینی شاعیر دایه‌,ئیدی ده‌كه‌وێته‌ دیالۆگ له‌ گه‌ڵ دره‌خته‌كه‌و دادگایی ده‌كات. به‌ومانایه‌ی خۆراگر نه‌بوه‌, له‌ ئاست ئه‌و ره‌شه‌بایه‌دا.به‌كه‌وتنی دره‌خته‌كه‌ش ئومێد‌وهیوای ئه‌ویش كه‌وتوه‌.هاوكات شاعیر نیشتمان به‌ ده‌زگیرانێكی بریندار ده‌چوێنێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین,شاعیر به‌ ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ ده‌زگیران ناكات,به‌لكو سیفه‌تی برینداری داوه‌ته‌ پاڵ ده‌زگیران وه‌ك سیمبولێك بۆ خاك‌و نیشتمانی كوردستان.دیار جیاوازیه‌كی زۆریش هه‌یه‌ له‌ نێوان,ئه‌و دوو وێناكردنه‌دا. چونكه‌ ده‌زگیرانی بریندار, واته‌ كه‌سێك كه‌ له‌ سه‌رووبه‌ندی زامداربوون دایه‌و له‌ هه‌موو كاتێك زیاترپێویستی به‌ هاناچوونه‌وه‌ هه‌یه‌, له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نزیكه‌ بمرێت.ئاسانیش نییه‌ مرۆڤ بتوانێت كه‌ سێك, به‌ تایبه‌تیش خۆشه‌ویسترین كه‌سی كه‌ ده‌زگیرانه‌كه‌یه‌تی, له‌ سه‌ره‌ مه‌رگ جێبێڵێت‌و پشتی تێبكات. بۆیه‌ كاتێ‌ له‌ دنیابینی شاعیردا, نیشتمان ئه‌و ده‌ستگیرانه‌ زامداره‌یه‌, كه‌ خوێن له‌ به‌ر برینه‌كانی ده‌روات‌وكه‌سێكیش به‌ هانایه‌وه‌ ناچێت‌و له‌و ته‌نیایه‌دا جێی دێڵن, جێگه‌ی ره‌خنه‌ گرتن‌و بگره‌ سه‌ر زه‌نشت كردنیشه‌. بۆیه‌ له‌روانگه‌ی شاعیردا, نه‌ده‌بوو دره‌خت ده‌زگیرانه‌ زامداره‌كه‌ی جێبێلێت. بێگومان وه‌ك ئاماژه‌شمان پێدا,دیاره‌ خودی دره‌خت‌وده‌زگیرانیش خوازه‌و ئیدیۆمن, بۆ دوو ره‌گه‌زی تر, كه‌ ئه‌ویش شۆرش‌و نیشتمانه‌. به‌تایبه‌تیش كه‌مرۆڤه‌كان له‌و سه‌رده‌م‌و قۆناغدا, وه‌ك باسمان كرد ئومێدێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌یا ن به‌و شۆرشه‌ هه‌بوه‌.به‌ڵام كاتێ شۆرش شكست دێنێ, ئیدی ئه‌وان واهه‌ست ده‌كه‌ن, ژیانی ئه‌وانیش كۆتایی هات. چونكه‌ مرۆڤه‌كان ژیانیان له‌ ئازادیدا, ده‌بینیه‌وه‌, به‌ تایبه‌تیش ئه‌وكات كه‌ سه‌رده‌می سته‌م‌و چه‌وسانه‌وه‌و ژێرده‌ستی بوه‌. بۆیه‌شه‌ شكستی شۆرش بۆ شاعیر نه‌ك هه‌ر ئاسایی نییه‌, بگره‌ جێگه‌ی وه‌ستان‌و نائومێدی‌وبێ هیواییش بوه‌. له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ دادگاییكردنی خودی شۆرشه‌كه‌و لێپرسینه‌وه‌ی مێژوویی به‌و مانایه‌ی ده‌بوا به‌رده‌وامی هه‌بوایه‌.تا دوا وێستگه‌ی ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی.ئه‌گه‌رچی شاعیر ده‌زانێ‌ به‌به‌رده‌وامی ره‌شه‌بایه‌ك هه‌ڵده‌كات‌وهه‌وڵی له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كاندنی ئه‌و دره‌خته‌ ده‌دات. كه‌ بێگومان لێره‌وه‌ش ره‌شه‌با هێمایه‌, بۆ دوژمنان. به‌ومانه‌یه‌ی هه‌میشه‌ هه‌وڵی له‌ نێوبردنی ئه‌و شۆرشه‌یان داوه‌. وه‌لێ به‌ لای شاعیر ناشێ دره‌ختێك هێنده‌ لاواز‌و بێ ده‌سه‌ڵات بێت, به‌رگه‌ی ئه‌و ره‌شه‌بایه‌ نه‌گرێت‌وله‌ ره‌گه‌وه‌ ده‌ری بێنێت.به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ,به‌ڵكو ده‌بێ یاخی‌و خۆراگروبه‌هێز بێت‌وبتوانێت,به‌ گژدوژمنان دابچێته‌وه‌.ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌رده‌لولێكی به‌هێزیش بێت.
ئێمه‌ وتمان,گوتاری ئه‌و شیعره‌ی شاعیر, په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵومه‌رجێكی سیاسی دژواره‌وه‌, كه‌ له‌رووی مێژوویه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ قۆناغی هه‌ره‌سی شۆرشی كورد,له‌ نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكاندا.واته‌ ئاماژه‌كردنێكه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌. له‌وروانگه‌یشه‌وه‌ به‌لای شاعیره‌وه‌, ئه‌و ره‌شه‌باوزریانه‌ی گونده‌كانی تاساندوه‌, نه‌ك هه‌ر كۆتایی نه‌هاتوه‌, بگره‌ جارێكی تر ده‌یه‌وێت, دره‌ختێكی ترو ده‌زگیرانێكی تر, له‌ نێو ببات. به‌ده‌ربرینێكی تر له‌ دنیابینی شاعیر خودی ره‌شه‌باكه‌,هێورنه‌بۆته‌وه‌,به‌لكو به‌ شێوه‌یه‌كی ترسه‌رهه‌ڵئه‌داته‌وه‌,دیاره‌ ئه‌مه‌شه‌ هێمایه‌, بۆ مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی دوژمنان له‌هه‌مبه‌ر داگیركردنی خاك‌و نیشتمانمان. واته‌ ره‌ شه‌باكه‌ جارێكی تر هه‌ڵده‌كاته‌وه‌و سه‌رله‌نوێ ده‌یه‌وێت,دره‌خته‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا رابپێچێ‌. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌, ئاخۆ ئه‌مجاره‌ دره‌خت خۆراگر ده‌بێت, ؟یان به‌هه‌مان شێوه‌ی پێشووتر به‌رگه‌ی ره‌شه‌باكه‌ ناگرێت؟ بۆیه‌ شاعیر ده‌لێت:_

دیسان هه‌مان ره‌شه‌بایه‌..
ئه‌وره‌شه‌بایه‌ی ئه‌وێ ساڵ ..
دره‌ختی پیری راپێچا..

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و ده‌برینه‌ شیعریه‌ بده‌ین ده‌بینین, شاعیر ئاماژه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌م‌و قۆناغه‌ مێژوویه‌ ده‌كات, كه‌ تیایدا شۆرش هه‌ره‌س دێنێت.ئه‌وێ ساڵێ كه‌ له‌رووی ده‌ربرین‌وكرداری زمانه‌وانیه‌وه‌, ئاماژه‌یه‌ بۆ رابردوو, گوزارشته‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌.قۆناغێك كه‌ سه‌رده‌می نائومێدی‌وبێ هیوایی بوه‌, له‌روانگه‌ی شاعیره‌وه‌.لێره‌دا ده‌كرێ بپرسین, بۆچی شاعیر ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌و ئاماژه‌ی پێده‌دات؟له‌ كاتێكدا,ئه‌و قۆناغه‌ له‌رووی مێژوویه‌وه‌ كۆتایی پێهاتوه‌و؟ هاوكات شاعیر له‌ سه‌رده‌مێكی تر‌وقۆناغێكی دیكه‌ی تێكۆشان دایه‌, به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئێمه‌ ده‌زانین شاعیر خۆشی پێشمه‌رگه‌بوه‌؟به‌ده‌ربرینێكی ترشاعیر بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌له‌ بواری سیاسی‌و ده‌روونیدا, له‌ كۆمه‌لگای ئێمه‌؟به‌بۆچوونی من گه‌رانه‌وه‌ی شاعیر بۆ ئه‌و قۆناغه‌, له‌لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و كاریگه‌ریه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌ی شكستی ئه‌و شۆرشه‌,له‌ سه‌ر ژیانی شاعیر‌ونه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ش به‌گشتی.له‌و روانگه‌یه‌وه‌ش هانی مرۆڤه‌كان بدات, بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر به‌ گژدوژمنان دابچنه‌وه‌.به‌وپێیه‌ی شكستیان بیر دێنێته‌وه‌, تا بیر له‌ سه‌ركه‌وتن بكه‌نه‌وه‌,له‌لایه‌كی تره‌وه‌ش شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی, ئه‌و گوتاره‌ ئاراسته‌ی دوژمن بكات, كه‌ ئێستا دره‌ختێكی به‌ هێزتر, له‌وه‌ی پێشووتر(دیاره‌ مه‌به‌ست شۆرشی نوێیه‌) بوونی هه‌یه‌, كه‌نه‌ك هه‌ر به‌رگه‌ی ئه‌و ره‌شه‌بایه‌ ده‌گرێت,بگره‌ به‌ گژیشی داده‌چێته‌وه‌.ئه‌مه‌ش په‌یامێكه‌ بۆ دوژمن كه‌ شۆرش جارێكی تر‌وبه‌گروتینێكی تر به‌رده‌وامی ده‌بێت.وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وان‌وهه‌ستانه‌وه‌یه‌كیش بۆكورد به‌ گشتی‌وشاعیریش به‌ تایبه‌تی له‌و قۆناغه‌ شكست خواردوته‌ژی له‌ نائومێدیه‌دا, كه‌ شۆرش هێنایه‌ ئاراوه‌. لێره‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌و شیعره‌ی شاعیر له‌ سه‌ره‌تادا,هێما بێت بۆ قۆناغی نائومێدی‌و گوزارشتكردنێك بێت له‌وشكسته‌, به‌و پێیه‌ی شاعیر پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات, كه‌ بۆچی دره‌خته‌كه‌,به‌رگه‌ی ره‌شه‌باكه‌ی نه‌گرتووه‌,ئه‌وا له‌ دێره‌كانی كۆتایی ئه‌و شیعره‌, ئێمه‌ چه‌مكی هه‌ستانه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆرش‌وجارێكی تر خه‌بات‌و تێكۆشان‌وهاتنه‌وه‌ به‌ گژ دوژمن ده‌بینینه‌وه‌. بۆیه‌شه‌ ئه‌گه‌ر شاعیر سه‌ره‌تا باس له‌ نائومێدیه‌كان بكات, ئه‌وا له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ له‌و نائومێدیه‌ رزگار ده‌كات‌و جارێكی تر, وره‌و خۆراگری‌وبرواو هه‌ستانه‌وه‌ ‌وئومێدمان, له‌ رێی شیعره‌كه‌وه‌ پێده‌به‌ خشێته‌وه‌.بۆئه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ تێبه‌رێنین‌وسه‌رله‌نوێ بۆ دوژمنی بسه‌لمێنین,كه‌وا ئێمه‌ ماوین‌وبه‌فر نین بتوێینه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیرخۆشی ده‌یلێت.دیاره‌ ئه‌و په‌یامه‌ی شاعیریش هه‌ستانه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ ئاست شكستی ئه‌و قۆناغه‌و هاوكات, وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیشه‌ بۆ دوژمن, كه‌ بروای وابوو, ئیدی مادامه‌كێ شۆرش هه‌ره‌سی هێنا, ئه‌وا كۆتای به‌ خه‌بات‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌وتێكۆشانی كوردیش هات.بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گوتاری ئه‌و شیعره‌, له‌ سه‌ره‌تادا هه‌ڵگری ده‌لاله‌تێكی نائومێدیانه‌ بێت‌وره‌خنه‌ ئاراسته‌ی شۆرش بكات, به‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ درێژه‌ به‌كاروانه‌كه‌ی بدات,ئه‌وا دواجارسه‌رله‌نوێ, په‌یامی هه‌ستانه‌وه‌و خۆراگری‌وتێكۆشان ده‌گه‌یه‌نێت.ئه‌مجاره‌یان شۆرش نه‌ك سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌,بگره‌ به‌رده‌وامیشی ده‌بێت,تاده‌گاته‌ دوا وێستگه‌ی خۆی.لێره‌وه‌ش به‌بۆچوونی من ناوه‌رۆكی ئه‌و شیعره‌,جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌,له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكی به‌شێكی زۆری شیعری كوردی له‌و سه‌رده‌مدا واته‌ دوای هه‌ره‌س.چونكه‌ شیعری كوردی له‌ دوای هه‌ره‌س جۆرێ له‌ نائومێدی‌وبێ هیوایی‌و شكستی تیا ده‌بینرێت.به‌ده‌ربرینێكی تر,شیعری كوردی له‌وكاتدا, تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر هێمایه‌,بۆ نائومێدبوون.به‌ومانایه‌ی هێنده‌ی گوزارشت,له‌و شكست‌وهه‌ره‌س هێنانه‌ ده‌كات,هێنده‌ روحی هه‌ستانه‌وه‌وپێدانه‌وه‌ی ئومێد به‌مرۆڤه‌كانی تیادا نابینرێت.له‌كاتێكدا شاعیر له‌و كورته‌ شیعره‌ی خۆیدا,نه‌ك هه‌ر به‌ ئومێدێكی زۆره‌و ده‌روانێته‌ ژیان‌وسه‌رله‌نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆرش,بگره‌ ئه‌و ئومێده‌ش لای مرۆڤه‌كان دروست ده‌كات,كه‌ دواجار شۆرش ئازادی‌و سه‌ربه‌ستیان بۆ وه‌دی دێنێ.به‌ بۆچوونی من هیچ شتێك له‌ ژیانی مرۆڤدا, به‌قه‌د هه‌ڵسانه‌وه‌ی دوای شكست سه‌خت‌ودژوار نییه‌ .چونكه‌ جوامێری‌و ئازایه‌تیه‌كی زۆری ده‌وێت.هه‌موو مرۆڤه‌كان ناتوانن,دوای شكست به‌ ئومێدوهیواوه‌,جارێكی تر باوه‌ش به‌ ژیاندا بكه‌نه‌وه‌.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌,بگره‌ زۆر جار ئه‌و شكسته‌,به‌ره‌و مه‌رگ‌وهه‌ره‌سهێنانیان ده‌بات.كه‌چی شاعیر نه‌ك هه‌ر له‌دوای ئه‌و شكسته‌ جارێكی تر, هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌و ئومێدی به‌ شۆرش هه‌یه‌.بگره‌ ئه‌و ئومێده‌ له‌ ناخی مرۆڤه‌كانیی تریش ده‌چێنێت‌ودڵنیایان ده‌كاته‌وه‌كه‌ ئه‌مجاره‌, ره‌ شه‌باكه‌ نه‌ك هه‌ر ناتوانێ‌ دره‌خته‌كه‌ له‌گه‌ڵا خۆیدا رابپێچێ,به‌لكودره‌خت به‌ خۆراگریه‌وه‌ له‌ ئاست ره‌شه‌باكه‌دا ده‌وه‌ستێته‌وه‌.ئه‌مجاره‌یان دره‌خت ره‌گی به‌ قوڵایی زه‌ویدا رۆچوه‌و هیچ ره‌شه‌با‌وگه‌رده‌لولێك ناتوانێت هه‌ڵیته‌كێنێ.هه‌ربۆیه‌شه‌ شاعیر به‌ئومێدوهه‌ستانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ رووبه‌روی دوژمن ده‌بێته‌وه‌و ده‌ڵێ:_

به‌ڵام ئێمه‌ خۆبه‌فر نین..
له‌به‌ر هه‌تاو بتوێینه‌وه‌..
رووباریش نین سه‌ر به‌ره‌وخوار..
ملمان نابێ‌و
پێمان نه‌كرێ بگه‌رێینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كان…
داره‌به‌نین له‌به‌رده‌م ره‌شه‌بادا..
گولله‌ین له‌وه‌رامی سته‌م..
لوتكه‌ین له‌دژی زریان..

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و ده‌ربرینه‌ شیعریه‌ بده‌ین ده‌بینین, شاعیر له‌ رێی شیعره‌كه‌یه‌وه‌ دڵنیایێ به‌ مرۆڤه‌كان ده‌دات كه‌ ئه‌مجاره‌یان,شۆرش به‌رده‌وامی ده‌بێت‌وبه‌ ئاسانی دره‌خته‌كه‌ له‌به‌رده‌م ره‌شه‌باكه‌دا چۆك دانادات.له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ده‌ربرینانه‌ی نێو ئه‌وكۆپڵه‌ شیعریه‌,هێمان بۆ خۆراگری‌ونه‌به‌زین‌وبه‌رده‌وامی‌ومانه‌وه‌ له‌ ئاست دوژمندا.تا ئه‌و ساتانه‌ی شۆرش ده‌گاته‌ دواوێستگه‌ی خۆی. تائه‌و كاتانه‌ی مرۆڤ به‌ ئازادی‌وسه‌ربه‌ستی ده‌گات.بۆیه‌ ده‌بینین شاعیرئاماژه‌ بۆ به‌فرده‌كات وه‌ك ره‌گه‌زێكی سروشتی كه‌ به‌ ئاسانی له‌ به‌ر هه‌تاو ده‌توێته‌وه‌. یاخود ئاماژه‌ به‌داربه‌ن ده‌كات . دیاره‌ ئه‌و دره‌خته‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیه‌كی خۆی هه‌یه‌ كه‌ جیای ده‌كاته‌وه‌ له‌ دره‌خته‌كانی تر.  داره‌به‌ن جگه‌ له‌وه‌ی دارێكی به‌ هێزه‌و ره‌گی تا ئه‌ندازه‌ یه‌كی زۆر به‌ زه‌وی داده‌چێت, هاوكات سروشتێكی به‌رگریانه‌ی به‌ هێزیشی هه‌یه‌, كه‌ ده‌توانێت له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره‌ ره‌شه‌باو زریانێك خۆی رابگرێت , ئه‌گه‌ر بێ ئه‌ندازه‌ به‌ هێزیش بن. وێرای ته‌مه‌ن درێژی ئه‌و دره‌خته‌ش  له‌ ئاستی مانه‌وه‌و بووندا كه‌ ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ سه‌دان ساڵ. بۆیه‌ كاتێ‌ شاعیرئاماژه‌ به‌و دره‌خته‌ ده‌كات, مه‌به‌ستیه‌تی شۆرشی ئه‌مجاره‌ هاوشێوه‌ی دره‌ختی داره‌به‌ن نیشان بدات,له‌ خۆراگری‌و مانه‌وه‌. به‌ومانایه‌ی ئه‌مجاره‌یان مه‌ حاڵه‌ شۆرش هه‌ره‌س بێنیًت.لێره‌وه‌ ده‌كرێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ شاعیر له‌و شیعره‌ی خۆیدا,پێشبینی وه‌ك كردارێكی هوشیاری له‌ شیعردا به‌ رجه‌سته‌ كردوه‌. چونكه‌ چه‌ندین ساڵ له‌ دوای مێژووی نووسینی ئه‌و شیعره‌,شۆرش نه‌ك هه‌ر سه‌ركه‌وتنی هێنا,بگره‌ دوژمنانیشی راماڵی.بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان ره‌شه‌باكه‌ نه‌یتوانی دره‌خته‌كه‌ له‌ره‌گه‌وه‌ ده‌ربێنێت. ئه‌مه‌ش گه‌شبینی‌و پێشبینی شاعیر بۆسه‌ركه‌وتنی شۆرشی كورد,چه‌ندساڵێك به‌ر له‌ سه‌ركه‌وتنی شۆرشه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت,وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌راپه‌ریندا بینیمان…..


سه‌ دیق سه‌عید رواندزی

sadiqrwandze@yahoo.com
تێبینی/سروودی به‌ره‌نگاری,شیعرێكی خوالێخۆشبوو(ئه‌بوبه‌كر خۆشناو)ی شاعیره‌,له‌ رۆژنامه‌ی (به‌درخان)ژماره‌(158)رۆژی 15/8/2011له‌گه‌ڵ دووكورته‌ شیعری تر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.