Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
سوتاندن ….  دلشاد خدر

سوتاندن …. دلشاد خدر

Closed
by December 8, 2011 گشتی

له‌گه‌ل ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی جه‌وله‌ی دووه‌می شه‌ری ناوه‌خۆ، باره‌گایه‌كانی لقی دووی پارتی و شیراتون له‌ نیو جه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر، كه‌وتنه‌ به‌ر په‌لاماری چه‌كداره‌كانی یه‌كێتی. ئه‌و كات، یه‌كێتی بێجگه‌ له‌و هێزانه‌ی خۆی له‌ هه‌ولێر هه‌یبوو، به‌ سه‌دان چه‌كداری ناوچه‌ی گه‌رمیانی بۆ ئه‌م په‌لاماره‌ و كۆنترۆل كردنی شاری هه‌ولێر، هێنابووه‌ نیو شار. ئه‌و ئێواره‌یه‌ی چه‌كداره‌كانی پارتی، پاش بێ هیوا بوونیان له‌ گه‌یشتنی هێز، له‌ نیو شیراتۆن ده‌ستبه‌رداری به‌رگری بوون. كه‌نالی هه‌ولێری ته‌له‌فزیونی یه‌كێتیش په‌یتا په‌یتا  مژده‌ی به‌زینی باره‌گایه‌كانی پارتی بلاوده‌كردوه‌. هه‌ر ئه‌و هۆکارەش بوو، له‌گه‌ل چه‌كداره‌كانی یه‌كێیتی سه‌دان تالانچی گه‌یشتنه‌ نیو شیراتون و هه‌رچی بكه‌وتبایه‌ته‌ به‌رده‌ستیان، وه‌ك تالان به‌ره‌و ماله‌وه‌یان ده‌برده‌وه‌. ئه‌وه‌ی هیچی ده‌ست نه‌كه‌وتوبایه‌ پارچه‌ مه‌رمه‌رێكی دیواره‌كانی لێده‌كرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست به‌تالی نه‌گه‌رێته‌وه‌ ماله‌وه‌. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ چه‌ندین رۆژی خه‌یاند، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی تالان له‌ شیراتون، كۆمه‌لێك به‌رپرسی یه‌كێتی هاتنه‌ ناوچه‌كه‌ و سه‌ردانی باره‌گای ئێمه‌شیان كرد له‌ لێژنه‌ی پاریزگای هه‌ولێری ( حشک )، ئێمه‌ داوامان  لێكردن، هه‌ولده‌ن رێگا له‌م دیارده‌یه‌ بگرن و ئه‌وه‌ مولكی گشتیه‌ با به‌فیرۆ نه‌چیت. كاك ( س، ق ) یه‌كسه‌ر هاته‌ وه‌لام و ووتی;  ئه‌وه‌ رقوقینه‌ی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێره‌ به‌رامبه‌ر پارتی، به‌م رێگایه‌ ده‌یانه‌وێت ره‌گ و ریشه‌ی پارتی له‌م شاره‌ ده‌ربینن و بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر نه‌توانن روو له‌م شاره‌ بكه‌نه‌وه;‌!! زه‌مه‌ن گورا له‌گه‌ل هاتنه‌وه‌ی به‌عس و پارتی بۆ هه‌ولێر له‌ 31 ئابدا، دیسان زۆریك له‌ باره‌گایه‌كانی یه‌كێتی كه‌وتنه‌ به‌ر په‌لاماری تالانچیان، ووتم ده‌بێت كاك ( س ، ق ) ئیستا له‌ كوێ بێت و سەیری ئه‌م تالانچیانه‌ بکات و بزانێت، ده‌بێت نیه‌تیان بنبركردنی ره‌گ و ریشه‌ی یه‌كێتی بێت له‌م شاره‌!!!

له‌م رۆژانه‌ی دوایشدا، بۆ جاری دووه‌م، یه‌كگرتووی ئیسلامی چه‌ندین باره‌گای له‌ ناوچه‌ی بادینان به‌به‌ر چاوی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داگیر كران و سوتێنران، دیسان به‌ ناحه‌ق خرایه‌ سه‌ر كاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر، به‌رامبه‌ر شكاندنی یاسا، له‌لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نگرانی یه‌كگرتوو. دیارده‌ی داگیر كردن و سوتانی باره‌گای پارته‌ ركه‌به‌ره‌كانی ده‌سه‌لات، بۆته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌سه‌لات سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر رووداوێك له‌ كوردستان بێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتیكدایه‌ كه‌ ده‌سه‌لات له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر باس له‌ یاسا و ژیانی فره‌حزبی ده‌كات. به‌لام له‌گه‌ل هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو، گروپی داگیر كردن و سوتاندی باره‌گای لایه‌نی ركه‌به‌ر ئاماده‌یه‌. ئه‌م رووداوه‌ ئه‌وه‌ چه‌ندین جار به‌رامبه‌ر یه‌كگرتوو و گوران له‌ ناوچه‌كانی ژیر ده‌سه‌لاتی پارتی دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌موو كاته‌كانیش ناوی رێكخراوه‌كان و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی لایه‌نی بكه‌ر، گوردراوە بۆ ناوی جه‌ماوه‌ر!! حه‌تمه‌ن پاش رووداوه‌كه‌ لایه‌نی ده‌سه‌لات پێش حكومه‌ت ئیدانه‌ی ئه‌م كاره‌ ناشارستانیه‌ ده‌كات و داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كات ئه‌نجامده‌رانی بدرێنه‌ دادگا!! به‌لام نازانرێت ئه‌م پرسیاره‌ ئاراسته‌ی كێ بكرێت، ئه‌و نهێنیه‌ چیه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی سه‌دان هه‌زار چه‌كداری لایه‌نی ده‌سه‌لات، وه‌ك پولیس، ئاسایش، پێشمه‌رگه‌، زێره‌ڤانی …. موچه‌ ده‌دات و ناتوانی ئه‌م تاوانبارانه‌ی به‌ رۆژی نیوه‌ روو ئه‌م تاوانانە‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن بگیرین و بدرێنه‌ دادگا!! له‌كاتیكدا ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ به‌ زه‌قترین  شێوه‌ی توند و تیژی رێگای لێگیرا ده‌نگی خۆی له‌ رێگای گردبونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی گه‌نده‌لی له‌م شارا رابگه‌ینێت. مافه‌كانی جه‌ماوه‌ر كالإی بازاره‌كان نیه‌، ئه‌وه‌ی تۆ ئاره‌زوته‌ بیكری و ئه‌وه‌ی تر به‌جێ بێلی. دیسان كێ ده‌توانی ئه‌م پرسیاره‌ وه‌لام داته‌وه‌ كه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر ته‌نیا ئه‌و مافه‌ی پێ ره‌وا ده‌بیندرێت په‌لاماری  باره‌گاكانی لایه‌نی ره‌كه‌به‌ری ده‌سه‌لات بدات؟ كێ ئه‌و سنوره‌ كراوه‌یه‌ی بۆ دیاری كردوه‌ كه‌ كوتایی پرۆسه‌كه‌ به‌ سوتاندنی باره‌گایه‌كه‌ كوتایی بێت؟

هه‌رچه‌ند هه‌ولده‌رێت ئه‌م كاره‌ ناشیرنانه‌ بخه‌رێته‌ ئه‌ستۆی جه‌ماوه‌ر!! بەلام به‌رپرسیاره‌تی لایه‌نی ده‌سه‌لات له‌م كرده‌وه‌ قێزه‌وێنانه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ و ناتوانی له‌م وێنه‌یه‌ زیاتر خۆی به‌ خه‌لكی نیشانبدات، كه‌ سنوری هه‌موو لایه‌نێكی ركابه‌ر نابێت بگاته‌ سنوری هێرش له‌ سه‌ر ده‌سه‌لاتی من!! سوتاندی باره‌گا سه‌ره‌تا و كوتایی بیركردنه‌وه‌ی منه‌، بۆ هه‌موو هه‌نگاوێك ئامانجی له‌قاندنی ده‌سه‌لاتی من بێت. له‌ كاتیكدا سوتاندن ئه‌م داهێنانه‌ بوو كه‌ هێزه‌ به‌ربه‌رییه‌كان بۆ تۆقاندنی به‌رامبه‌ر له‌ پرۆسه‌ی په‌لاماردانه‌كانیان ئه‌نجامیان ده‌دا. ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رسورمانی بۆ خۆینه‌ران جێ هێشتوه‌، ئه‌و پرسیاره‌یه‌. له‌ ناوچه‌یه‌ك خۆت ده‌سه‌لات بیت و هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان و دادگایه‌كان له‌ ژێر ركێفی خۆت دابیت، چ پیویست دەکات بۆ ترساندنی لایه‌نی ركابه‌ر هه‌نگاوی یه‌كه‌مت سوتاندنی باره‌گاكانیان بێت!!! دروشمیشمان یاسا سه‌روه‌ر بێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.