
ده‌سه‌لاتێکی به‌ربه‌ریی و کۆمه‌لگایه‌کی به‌ر با
کۆمه‌ڵگای مودێرن له سه‌ر چوارکوچکه‌ی زانست، دیمۆکراسی و یاسا‌و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی دامه‌زراوه‌و کار ده‌کا. زانست له پێشه‌وه ده‌نووسم چونکه کۆمه‌لگای نوێ نه‌ک هه‌ر به کۆمه‌گای زانین (مه‌عڕیفه) knowledge society پێناسه ده‌کرێ، به‌لکو به کرده‌وه، به راستیی رۆژانه، کۆمه‌لگای زانینه، له نێوان شه‌پۆله‌کانی زانیاری به‌رهه‌می بێ بن و بێ وچانی ته‌کنۆلۆجیای زانیاری و به‌رهه‌مه‌کانی زانست له هه‌موو ئاسته‌کاندا هه‌ناسه ده‌داو ده‌که‌وێته کار. له به‌ر ئه‌وه مه‌حاڵه سیاسییه‌کی ولاتی دیمۆکراتی لێپرسراو که رێزی خۆی بگرێ و به ته‌نگ شوێنی خۆی و ناسینی ده‌وری خۆیه‌وه بێ، قسه‌یه‌ک بکا یان لێدوانێک بدا یان رایه‌ک ده‌ربڕێ که یه‌که‌م پاڵپشتی زانست و زانیاری ولیکؤلینه‌وه‌ی زانستیی دیاریکراوی نه‌بێ، دووه‌م: حیساب بۆ ده‌وری ته‌کنۆلۆجیای زانیاری و تۆڕی کۆمه‌لایه‌تی و پرۆسه‌ی دیمۆکراسی و پرس و راوێژ‌و رای گشتی و ده‌نگده‌ران نه‌کاو سێیه‌م له ئاکامدا بۆ ڕێگای یاسا‌و یاسا دانان و پرۆسه‌ی یاسایی بابه‌تیی و دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی دیمۆکراتی حوکمکردن و به‌رێوه‌بردن و بریاردان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌و چواره‌میش وه‌ک بنه‌مایه‌کی ئه‌خلاقی نه‌گؤڕ، هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵ نه‌خاته پێش به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی و که‌سیی و خێزانییه‌وه.
هه‌موو رووداوێک و راستیی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌لکی کوردستان، به‌داخه‌وه ئه‌وه روون ده‌کاته‌وه که کۆمه‌لگای کوردستانی باشوورر، له ژێر ده‌سه‌لاتی به‌ربه‌ریی بنه‌ماله‌یی حیزبی‌دا، له‌و چوار بنه‌مایانه‌ی ژیانی مودێرن دامالدراوه. ئه‌و رووداوه گرنگ و مه‌ترسیدارانه‌ی زاخۆ و بادینان، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی تا ئێستا نراون و ئه‌و قسه‌و وتانه‌ی ده‌ربردراون، راستیی ئه‌م حه‌قیقه‌ته تاڵ و کوشنده‌یه ده‌رده‌بڕێ. لێکؤڵێنه‌وه‌که‌ی په‌رله‌مان هه‌موو شتێکه لێکؤلینه‌وه‌و به‌دواداچوونی په‌رله‌مانییانه نه‌بێ که ده‌بێ هی ئه‌و زیاتر له هه‌ر به‌شێکی کۆمه‌ل پشت به زانمت و پرۆسه‌ی زانستی و دیمۆکراسی و وه‌رگرتنی رای خه‌لک ولێکۆلینه‌وه‌ی یاسایی ببه‌ستێ و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لک ره‌چاو بکات.. ده‌وری ناوبژییانه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر‌و دانیشتنی حیزبیی و دووقۆلیی دیسانه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ چاره‌سه‌ریی و سه‌لماندنه‌وه‌و به‌رده‌وامکردنی سوڵحی عه‌شایریی پشت په‌رده‌وه‌یه، دوور له روونکاریی و شه‌فاییه‌ت و ده‌وری زانست و دیمۆکراسی و یاسا‌و پرۆسه‌ی دادوه‌ریی و دادپه‌روه‌ری و چاره‌سه‌ری کێشه راسته‌قینه‌کانی خه‌لک. سه‌یرتر لێدوانه‌کانی سه‌رکرده‌و لێپرسراوانی پارتی یه که ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن ده‌سه‌لات خۆی زانست و دیمۆکراسی و دامه‌زراوه‌و پرۆسه‌و یاسا‌و کێشه‌و چاره‌سه‌رو بریارده‌رو به‌رژه‌وه‌ندیداری یه‌که‌م و دواییه.
زاخۆ حه‌قیقه‌تێکی شۆکهێنه‌ری ده‌رخست
حه‌قیقه‌ته‌کانی رووداوه‌که‌ی زاخۆ ، وه‌ک خودی رووداوه‌که خۆی، وه‌ک پرۆسه‌و ئاکام و و لێکه‌وته و ده‌رکه‌وته‌کانی ، ئێستا وه‌ک شۆکێکی گه‌وره ده‌بینـم: راستیی چاوه‌ریی ئه‌وه‌م ده‌کرد له ناوچه‌ی بادینان، به تایبه‌تی زاخۆ که ده‌روازه‌ی هه‌رێمی کوردستانه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه، که به رواله‌ت پێشکه‌وتنی ئاوه‌دانیی و سه‌قامگیریی و پرۆسه‌ی حوکمکردنی قایمتری پێوه دیاره، پارتی زیاتر گرنگیی به دامه‌زراندنی ستراکتوری ده‌سه‌لات و به‌رێوه‌بردنی لۆکالی دابێ و یاسا‌و دامه‌زراوه‌و ده‌زگای حکومه‌ت له‌وێ راستترو کاریگه‌رتر بن بۆ نموونه له‌وه‌ی له سلێمانی هه‌یه. بۆیه، ئه‌وه‌ی زاخۆ هه‌لگێرانه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و بۆچوون و پێشخواسته بوو: بۆ چه‌ند سه‌عاتێ ئاشووب و سووتاندن و په‌لاماری وه‌حشییانه رووده‌دا که‌چی نه پۆلیس دیاره، نه ئاسایش، نه شاره‌وانی، نه ده‌زگای مه‌ده‌نی، نه حکومه‌ت، نه یاسا، نه هیچ رواله‌تێکی ده‌سه‌لاتێکی به‌رپرس و یاساخوازو به ته‌نگه‌وه هاتووی ژیانی خه‌لک و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی، .مه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێ که وه‌ک به‌لته‌جی پاراستن و میلیشیای حیزبی به‌شداری ئاشوبگێرانه‌که بوو بن.
کاردانه‌وه‌و ڵێکدانه‌وه‌کان
با بڵێین ئه‌وه‌ش قه‌یناکا، با بڵێین راسته له هه‌موو کۆمه‌لگایه‌کدا رووداوی نه‌خوازراو و له ناکاو چاوه‌رێنکه‌راو رووده‌ده‌ن. با بڵیین: ئه‌وه رووداوه‌که‌ی زاخۆ به‌و چه‌شنه روویدا ، ئه‌ی دوای رووداوه‌کان بؤچ بۆ زانست و دیمۆکراسی و یاسا نه‌گه‌ڕێینه‌وه تا حه‌قیقه‌تی شته‌کان بزانین و چاره‌سه‌ریان بکه‌ین؟ تا ئێستا ئه‌وه‌ی روویداوه‌و ئه‌وه‌ی کراوه، ئه‌وه دیسان حه‌قیقه‌تی ده‌سه‌لات وپێوه‌ندی به کۆمه‌له‌وه روون ده‌کاته‌وه. با چه‌ند نموونیه‌ک بێنینه‌وه؛:
1. هاولاتی له زمانی به‌رپرسێکی پارتی یه‌وه رایگه‌یاند که رووداوه‌که‌ی زاخۆ گه‌وره بووه‌و ده‌سه‌لای پارتی له ناوچه‌که‌دا بۆی کۆنترۆل نه‌کراوه‌و بۆ پاکانه‌کردنی ئه‌م فه‌شه‌له به‌رواردی له‌گه‌ل روودوی ئاشوبگێرانه‌کانی به‌ریتانیای پێشتری ئه‌مسال ده‌کا که هه‌زاران که‌س که‌وتنه تالانکردن و سووتاندنی بازار‌و ملکه گشتییه‌کان و پۆلیس بۆی کۆنترۆل نه‌کرا.
2) سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارازنی هه‌ر دوابه‌دوای رووداوه‌که، که‌وته به‌یانده‌رکردن و لێژنه دروست کردن، و به‌ر له‌وه‌ی هێچ روون بێته‌وه به‌لگه‌و به‌هانه‌ی ئایدیۆلۆجی خه‌ته‌رناکی بۆ وه‌سفی پێشهاته‌کان هێنایه ئاراوه بۆ یه‌که‌مجار له‌ئاخاوتنی سیاسیی کوردی‌دا، وتاری جیاوازی و ناکۆکی مه‌زه‌بی و ئایینی له کۆمه‌لگای کوردی‌دا هێنایه گؤرێ، و له جیاتی ئه‌وه‌ی گه‌ر شتێ وا هه‌بێ رێگا بدا لێکؤلێنه‌وه‌ی زانستیی و دیمۆکراسی و یاسا و ده‌زگاکانی حکومه‌ت چاره‌سه‌ری بکه‌ن، خۆی وه‌ک پاله‌وانیك نیشان دا که ئاماده‌یه له مه‌یدانی جه‌نگێکی وه‌همیدا، که تا ئێستا ته‌نیا له مێشکی خۆیدا هه‌یه، شه‌ر بکاو دیفاع له مافی مه‌مسیحی و یه‌زیدیی و که مێتییه‌کان بکا، سه‌رنجی جیاکردنه‌وه‌ی یه‌زیدییه‌کانیش له کورد بده‌ن.
3) به‌ر له‌وه‌ی هێچ ئاکامێکی هیچ پرسه‌یه‌کی لێکؤڵینه‌وه‌ی زانستی و یاسایی ئاشکرا بێ، وه‌ک هاولاتی راپۆرتی کردووه: فازل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا كه شه‌وی 8/12 كه‌ناڵی زاگرۆسی سه‌ربه حیزبه‌كه‌ی ئه‌نجامی دا، ره‌خنه‌ی توندی له لێدوانی به‌رپرسانی یه‌كگرتوو گرت و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه كادرانی یه‌كگرتوو به‌شداربوون له رووداوه‌كانی زاخۆدا.
4. دیسانه‌وه به رله‌وه‌ی ئه‌نجامی هیچ لێکؤلینه‌وه‌یه‌کی بێلایه‌نمان به‌ده‌سته‌وه بێ، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا كەلە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە دەڵێت”ئه‌نجامی سه‌ره‌تایی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریده‌خات كه به‌ڕوونی هاندان و ته‌حریز هه‌بووه، هه‌روه‌ها كه‌مته‌رخه‌می بۆ كۆنتڕۆڵكردنی باروودۆخه‌كه‌ش هه‌بووه.”
5. جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان کاک نێچیروان بارزانی له‌سه‌ر ئه‌كاونتی خۆی له‌پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی “فه‌یس بووك” دا، به شێوه‌یه‌کی نه‌رمترو باداوه‌تر وشه‌کانی مامی مه‌سعود بارزانی دووباره ده‌کاته‌وه‌و ‘فاکته‌ری توند‌و تیژییه‌که‌ی’ زاخۆ به جیاوازی ئایین‌و بیروڕای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتوری له قه‌له‌م ده‌داو ده‌نووسێ: زۆر به‌داخه‌وه جارێكی تر ئاژاوه‌و پشێوی به‌ده‌ر له هه‌ر یاسا‌و ڕێسایه‌ك ڕووی له‌هه‌ندێك ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی زۆری ئێمه‌یه، نابێت‌و قابیلی قبوڵیش نییه كه جیاوازی ئایین‌و بیروڕای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتوری ببنه فاكته‌رێك بۆ ئه‌نجامدانی توند‌و تیژی.”.هۆیه‌کی تر لای کاک نێچیروان خراپبه‌کارهێنانی خودی ئه‌و ئازادییه زۆره‌یه که له کوردستان هه‌یه، دیاره‌ه له زاخۆ زیاتریشه! له‌م باره‌یه‌وه ده‌نوسێت: ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی ئه‌و ئازادی‌و دیموكراسیه‌دا خه‌ڵكانێك ده‌یانه‌وێت ڕه‌وشه‌كه ئاڵۆزبكه‌ن‌و كه‌لتوری نه‌خوازراو بهێننه ناو كۆمه‌ڵگاكه‌مان.” دوایی، دوای بیست ساڵ ده‌سه‌لاتی کوردی و چوار سال له سه‌رۆکحکومه‌تی خۆی تازه هه‌ست ده‌کا که کاتی دایه‌لۆگ هاتووه. ده‌نووسێت: : من رووی قسه‌م ئاراسته‌ی پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات‌و برایانم له‌ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌م، كه كاتی ئه‌وه هاتووه پابه‌ندی دیالۆگی نیشتیمانی بین‌و هه‌موو كێشه‌و گرفته‌كان له‌وێ باس بكه‌ین. نابێ جیاوازی سیاسی ببێته هۆكاری تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی سه‌رجه‌م ئایین‌و نه‌ته‌وه‌كانی تێدا ده‌بێته‌وه”.
6. له هه‌مووی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و پووچه‌لتر لێکؤلینه‌وه‌که‌ی په‌رله‌مان و بریاره پووچه‌لتره‌کانێتی که ئه‌مانه‌ن:
* سه‌ركۆنه‌كردن‌و مه‌حكومكردنی ڕووداوه‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان.
* هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه له‌و پلانه‌دا به هاندان یاخۆ تاوانیان ئه‌نجام داوه بدرێنه ده‌ست یاسا.
* ده‌بێت حكومه‌ت ئه‌و به‌رپرسه كارگێڕییانه سزا بدات كه كه‌مته‌رخه‌میان كردووه.
* پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی یاسا قه‌ره‌بووی ماددی‌و، مه‌عنه‌وی ئه‌و كه‌سانه بكاته‌وه كه زه‌رمه‌ند بوون.
* ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێك هێنراوه په‌له بكات له كاره‌كه‌ی‌و به‌زووترین كات ده‌رئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه ڕابگه‌یه‌نێت.
* ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن هه‌ڵمه‌تی دژ به‌یه‌كتر ڕابگرن‌و له ئاست به‌رپرسیاریه‌تیدا بن.
* وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له ڕێگه‌ی وتارخوێنی مزگه‌وته‌كانه‌وه گیانی برایه‌تی‌و لێبوورده‌ی‌و پێكه‌وه‌ژیان بچه‌سپێنێ.
ئایا کێشه‌یه‌ک وه‌ک چییه‌تی و چۆنییه‌تی و پاشخان و فاکته‌ری سیاسیی و کۆمه‌لایه‌تی رووننه‌کرێته‌وه‌و ره‌وش وهۆکاره‌کانی ساغ نه‌کرێته‌وه چۆن بریاری ده‌رباره ده‌درێ؟
نامه‌وێ به وردی یه‌ک به‌یه‌کی ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه شی بکه‌مه‌وه. ئه‌وه‌ی هاوبه‌شه له نێوانیان نه بوونی راستگۆیی و جددییه‌ت و بنه‌ماکانی بۆچوون و لێکؤلینه‌وه‌ی زانستی، بنه‌ماو لۆجیکی و بابه‌تیبوون، نه‌بوونی بنه‌مای دیمۆکراسی ده‌نگ و ره‌نگ و بیرورای خه‌لک، نه‌بوونی هیچ چه‌مک و بوونیکی کۆنکریتی یاسا‌و ده‌زگا حکومییه‌کانه. سه‌یرتریش ئه‌وه‌یه له کاتێکدا ئه‌م قسه‌وباسانه ده‌وترێن گرتن و ته‌نانه‌ت ئه‌شکه‌نجه‌دانی کادران و ئه‌ندامانی یه‌کگرتوو-و به سه‌ربازیکردنی ناوچه‌ی بادینان و قایمکردنی ده‌سه‌لاتی زۆره‌ملێی یه‌کحیزبی تێیدا به‌رده‌وامه. به پێی راگه‌یاندنێکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان ئەبوبەکر کاروانى بۆ رادیۆی سه‌وا (10/12/11): لە روداوەکانى هەفتەى رابردوى دەڤەرى بادینان 23 بارەگا و دەزگاى راگەیاندنى یەکگرتوى ئیسلامى هێرشی کراوەتەسەر و سوتێنراوە، و هۆکارى روداوەکانیش بۆ بوونى هەیمەنەى حیزب دەگەڕێتەوە بەسەر حکومەتدا.” هه‌روه‌ها تا ئێستا 16 کادری یه‌کرتوو له زاخۆ و دهۆک له زیندان دان.
له لایه‌کی تریشه‌وه هیچ کام له‌و کێشه کۆمه‌ڵییه سه‌ختانه‌ی که له ناو هه‌ناوی کۆمه‌لدا په‌نگیان خواردۆته‌وه‌و کۆمه‌لی کورده‌وارییان دارزاندووه‌و شایانی ته‌قینه‌وه‌ن، هه‌ر باسیشیان ناکرێ چ جا زانستییانه‌و مه‌یدانییانه لیكؤلینه‌وه‌یان لێبکرێ و چاره‌سه‌ری رادیکالییان بۆ بدۆزرێته‌وه.
به‌شی دووه‌م
پرسه سه‌ره‌کییه‌که: سه‌نته‌ره‌کانی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کان و شتی تر
ئه‌و ده‌سه‌لاتانه‌ی رێگای عه‌قڵ و عه‌داله‌ت قبوڵ ناکه‌ن ده‌بێ چاوه‌رێی تؤله‌و توند‌و تیژی بکه‌ن
هه‌موو بۆچوونه‌کانی سه‌ره‌وه رووداوه‌کان ده‌که‌نه رووداویكی سیاسی ئایدیۆلۆجی و به پێی تیۆری پیلان (موئامه‌ره) لێکی ده‌ده‌نه‌وه و یان له ناو جوغزی ته‌سک و نادروستی ناکۆکی نێوان پارتی و یه‌کرتوودا چه‌قیان پێده‌به‌ستن له کاتێکدا ئه‌و ناکۆکییه ده‌شێ هه‌ر رواله‌تیی و کاتیی بێ و به هۆکاری ده‌ره‌کی یان به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی بێ جارێکی تر ساردببنه‌وه و بکه‌ونه‌وه ناو یه‌ک جۆگه‌ی سیاسییه‌وه . مه‌ترسییه‌که ئه‌وه‌یه هیچ له‌م بۆچوونانه توخنی کێشه سه‌ره‌کییه‌که ناکه‌ون که گوایه به هۆیه‌وه هه‌راکه‌ی زاخۆ‌و ناوچه‌کانی تری بادینان به خیڕایی په‌ڕه‌ی سه‌ند ئه‌ویش بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر سه‌نته‌ری مه‌ساج و مه‌یخانه یان دوکانی مه‌یفرۆشی یه له‌و ناوچانه‌و وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا رووداوه‌کان هه‌ر چۆنێ ئاماده‌ییان بۆ کرابێ ئه‌و هۆکاره‌ی که ئه‌و خه‌لکه‌ی به راستی یان به به‌رنامه کۆکردۆته‌وه پرسی بوونی نه‌خوازراوی سه‌نته‌ره‌کانی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کانه. مه‌سعود بارزانی و برازاکه‌ی جیاوازی و ناکۆکی تایه‌فی و کۆمه‌لایه‌تی به هۆی ئه‌و توندوتیژییه ده‌زانن و پارتی به گشتی راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ده‌یه‌وێ یه‌کگرتوو وه‌ک نه‌خشه‌دانه‌ر و هانده‌رو بزوێنه‌ری ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناکۆکییانه وێنا بکات وه‌ک شه‌ری ئیسلام دژ به یه‌زیدی و مه‌سیحییه‌کان. باشه خۆ له سلێمانی و که‌لارو قه‌لادزێ مه‌یفرۆشه‌کان و مه‌ساجداره‌کان، که هه‌بن، یه‌زیدی و مه‌سیحی نین، ئه‌ی گه‌ر له‌وێش ئه‌و دوکانانه بسوتێنرێن، وه‌ک له سلێمانی هه‌ولی سوتاندنی مه‌ساجێک درا، چۆن هۆکاری تایه‌فیییان بۆ دروست ده‌کرێ؟ هه‌ندێ نوسه‌رو روناکبیری تریش به‌داخه‌وه هه‌ر له روانگه‌ی ئایدیۆلۆجی و نه‌بوونی بۆچوونی زانستی و نه‌بوونی زانیاری و لێکۆلینه‌وه‌ی مه‌یدانیی و تێگه‌یشتنی سیاسیی و سۆسیۆلۆجییه‌وه، یه‌کسه‌ر بوونی مه‌ساج و مه‌یفرۆشخانه‌کان به رواله‌تێکی ئازادی کۆمه‌لایه‌تی ده‌زانن که ده‌بێ به‌رامبه‌ر به هه‌ره‌سه‌ی فه‌نده‌مینتالیستی دینی ، که ده‌شێ هه‌بێ یان وه‌همی بێ، به‌رگری له‌و ئازادییانه بکرێ و پرسی داخستن یان باسکردنی مه‌ساج و مه‌یفرۆشیی و مه‌یخانه‌گه‌ری له کوردستان نه‌هێنڕێته گۆرێ. به‌لام ئه‌مه راست نییه.
1. بوونی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کان، که تا ئێستا بابه‌تێکی شاراوه بوو، وه‌ک هه‌موو ده‌رده‌کانی تر دیارده‌یه‌کی تره له دیارده‌کانی بێیاسایی و ده‌سه‌لاتی مافیایی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی حیزبی که بنه‌ماو بنچینه‌و به‌های یه‌که‌م و دوایی به‌ده‌ستهێنانی قازانج و سه‌رمایه خڕکردنه‌وه‌یه به بێ بوونی دستوورو یاسا‌و رێسای ئه‌خلاقی و یه‌کسانی ده‌رفه‌ت و رای دیمۆکراتی خه‌لک و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌لایه‌تی. به‌راستی من ئێستا ده‌زانم ته‌نیا له سلێمانیدا زیاتر له 20 سه‌نته‌ری مه‌ساج هه‌یه. هه‌رخواش ده‌زانێ چه‌ند مه‌یخانه‌و مه‌یفرۆشیش هه‌یه. به پێی هه‌والێکی ئه‌مرۆی (ئێن.ئار.تی) (10/12/11) له سلێمانی له كۆی هه‌ژده سه‌نته‌ری مه‌ساج پانزه سه‌نته‌ریان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شت و گوزاری سلێمانیه‌وه داخراون. له به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌لگایه‌کی زانین نییه و کۆمه‌لگایه‌کی حیزبیی تۆتالیتاری ئیتستیغلالی داخراوه، هه‌موو شتێ شاراوه‌یه‌وئامارو زانیاری ده‌رباره‌ی راستییه‌کان و دیارده‌کان و پرۆسه‌کان نییه، نازانرێ ته‌نانه‌ت له ناو هه‌ناوی کۆمه‌لیشدا چ روو ده‌داو چۆن ده‌ردو فاکته‌ره کۆمه‌لییه‌کان له سه‌ره‌وه‌را وه‌کو ڤایروس ده‌چنه ناو ده‌مارو جمگه‌کانی ژیانی خه‌لکه‌وه. هه‌ر له سلێمانی له پاڵ مه‌ساجه‌کان ( که مادام زانیاری نییه گومانه‌کان له جێی خۆیاندان که ئه‌وانیش بۆ له‌شفرۆشی به‌کاربێن)، و مه‌یخانه‌و مه‌یفرۆشه‌کانه‌وه وه‌ک راپۆرتێکی ئاوێنه نیشان دا 400 خانه‌ی له‌شفرۆشی هه‌یه. ئه‌مانه هه‌مووی مانای ده‌ردو دارزانی کۆمه‌لایه‌تیی و ئیتستیغلال و بازرگانیکردن به جه‌سته‌ی ئافره‌ت و به ته‌ندروستی کۆمه‌ل و بلاوبوونه‌وه‌ی ئه‌یدز و داروخاندنی شیرازه‌ی ژیانی کۆمه‌لایه‌تی له ئه‌نجامی نایه‌کسانی و بلاوکردنه‌وه‌ی هه‌ژاری به ئه‌نقه‌سته‌وه هه‌یه و به هیچ جۆر نیشانه‌ی ئازادیی و لیبرالی و پیشکه‌وتنی سروشتی کۆمه‌ڵ نین.
2. مه‌حاله له شوینێکی وه‌ک له‌نده‌نیش ئه‌وه‌نده خانه‌ی له‌شفرۆشی هه‌بێت. له ولاتانی وه‌ک به‌ریتانیاو سوێدو ولاته ئه‌وروپییه‌کانی تریش ده‌وله‌ت سنوور بۆ دیارده‌ی له‌شفرۆشی و مه‌یفرۆشتن و جگه‌ره‌فرۆشتن داده‌نێ. له به‌ریتانیا ئێستا بۆ له‌شفرۆشی وه‌ک له کوردستان باوه، ته‌نیا ئافره‌ت ناکرێته قوربانی و ناگیرێ به‌لکو وه‌ک سوید پیاوه‌کانیش ده‌گیرێن و سزا ده‌درێن. مه‌ی به هیچ که‌س له خوار ته‌مه‌نی 21 سالییه‌وه نافرۆشرێ و مه‌یفرۆشان ده‌بێ روخسه‌تیان هه‌بێ و که به‌ده‌ستهێنانی ئاسان نییه‌و مه‌رجی یه‌کجار زۆره و به‌رده‌وام چاودێری و سزای زۆر توند بۆ فرۆشتنی کحولیاتی قاچاغ و جۆر خراپ هه‌یه. هتد جگه له‌وه‌ش له رێگه‌ی به‌رنامه‌ی چاودێری و په‌روه‌رده‌یی و هوشیارکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌وه حکومه‌ت هه‌ول ده‌دا به هه‌موو جۆرێک له دیارده‌ی جگه‌ره‌کێشان و زۆر خواردنه‌وه که‌مبکاته‌وه که بۆته یه‌کێک له ده‌رده هه‌ره گه‌وره‌کان له رۆژاوا دا له رووی ته‌ندروستی و کۆمه‌لایه‌تی یه‌وه. زۆر دیراساتی زانستی له به‌ریتانیاو ئه‌مریکا و ولاتانی ئه‌وروپی ده‌ری خستووه پێوه‌ندییه‌کی گه‌وره‌و سه‌لمێندراو له نێوان مه‌یخواردنه‌وه‌و جگه‌ره‌کێشان و زیادبوونی نه‌خۆشێیه‌کانی سه‌ره‌تان هه‌یه. له %18 ی نه‌خۆشییه‌کانی سه‌ره‌تان له‌ی پیاوان و له %4 لای ژنان پێوه‌ندی به زۆر خواردنه‌وه هه‌یه، ئه‌وانه‌ی ده‌خۆنه‌وه دو قاتی ئه‌وانه‌ی ناخۆنه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تووشی نه‌خۆشی دڵ و سه‌کته‌ی قه‌لبی ببن. جگه له‌مه‌ش خواردنه‌وه‌ی گه‌نجان له رووی گرفته کۆمه‌لییه‌کان و زیادبوونی توندوتیژی و تاوانکاری له نێوان گه‌نجان و گرفتی ئیدمان و سیکسی پێشوه‌خت و نه‌خوازراوو زیادکردنی ره‌فتاری نامه‌ده‌نی دژه‌کۆمه‌ڵی له زیادبووندایه. راستی مه‌یخواردنه‌وه یه‌کێکه له کێشه کۆمه‌لایه‌تی و ته‌ندروستییه هه‌ره گه‌وره‌کان که به‌ریتانیا به زۆر شیوه ده‌یه‌وێ سنووری بۆ دابنێ. به تایبه‌تی به باج خستنه سه‌رو زیادکردن سالانه‌ی نرخی مه‌شروبات که بۆته هۆی په‌ککه‌وتنی کاری سه‌دان (په‌ب) و داخستنیان له به‌ر نه‌مانی کڕیارو قازانج نه‌کردن. دیاره له کوردستان وه‌ک هه‌ر شتێکی تر هیچ زامنێک نییه که ئه‌و مه‌شروباته‌ی دێ ساغ بێ و ژه‌هری کوشنده‌ی ته‌واو نه‌بێ که ته‌نیاو ته‌نیا بۆ قازانج و بۆ لادان و کۆنترۆلی مه‌لایه‌تی ئه‌و بازرگانییه وا په‌ره‌ی پێده‌درێ.
3. به پێی یاسای بازار، فرۆشی هه‌ر کالاو خزمه‌تگوزارییه‌ک پێوه‌ندی به بوونی کریارو داواکاری بۆی هه‌یه. مادام ئێمه کۆمه‌لگایه‌کی دیمۆکراتی زانیاری کراوه نین ئه‌وه‌ش روون نییه چ دواکارییه‌ک و پێویستییه‌کی کۆمه‌لایه‌تی بۆ خزمه‌تگوزاری له‌شخانه‌کان و مه‌یخانه‌کان و مه‌ساجه‌کان هه‌یه، کریاره‌کانیان کێن؟ کێن ئه‌وانه‌ی پاره‌یان هه‌یه‌و به‌رده‌وام ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه به‌کاردێنن و ده‌بنه هۆی ته‌شه‌نه‌کردن و زیادبوونیان وه‌ک دیاره داوکاریی زیاتر بۆ کردنه‌وه‌ی مه‌ساج به ئاشکراو هه‌لبه‌ت سێکسخانه که به نهێنی هه‌یه. ئه‌مه پێویستی به دیراسه‌ی سۆسیۆلۆجی زانستی ورد‌و به‌رفروان هه‌یه تا بچینه ناو ورده‌کاری کۆمه‌لایه‌تی دیارده‌که‌وه، لایه‌که‌ی تر ئه‌وه‌یه کێن قازانج له به‌رێوه‌بردنی له‌شفرۆشخانه‌کان و مه‌یخانه‌و مه‌ساجه‌کانه‌وه ده‌که‌ن؟ كێن ئه‌و جۆره بازرگانییه به‌رێوه ده‌به‌ن؟ ئایا راسته ،ته‌نیا یه‌زیدی و مه‌سیحییه‌کان، ئه‌وه ده‌که‌ن؟ کێ روخسه‌تیان ده‌داتێ و شه‌ریکه له‌گه‌ڵیان؟ ئایا دیارده‌کان له ناوچه‌یه‌کی ته‌سکدا هه‌ن یان له هه‌موو کوردستان ته‌شه‌نه‌یان کردووه؟ له‌شفرۆش و مه‌ساجکاره‌کان و مه‌شروباته‌کان له کوێوه دێن و چۆن دێن و کێ ده‌یانهێنێ؟ نرخ و نه‌و‌عییه‌تیان چۆنه؟ چۆن ئه‌م دیاردانه کار ده‌که‌نه سه‌ر ژیانی خه‌لک و بیرکردنه‌وه بۆچوونیان؟ دیاره ئه‌مانه به موعجیزه روو ناده‌ن و له ناو جه‌رگه‌ی کۆمه‌ل و به پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامی کڕین و فرۆشتن روو ده‌ده‌ن. ئه‌مانه که‌مێ له‌و پرسیاره زۆرانه‌ن که ده‌بوو لێژنه‌که‌ی په‌رله‌مان وه‌لامیان بداته‌وه‌و پێویستییان به وه‌لامدانه‌وه‌ی زانستی ورد‌و دروست هه‌یه.
4. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌و ده‌توانرێ وه‌ک راستییه‌ک بوترێ ئه‌وه‌یه دیارده‌ی مه‌ساج و مه‌یخۆریی و سێکسخوازیی وه‌ک هه‌موو لایه‌نه سه‌لبی و ده‌ردو دیارده کوشنده‌کانی تر پێوه‌ندی به ده‌سه‌لاتی قۆرخکاریی حیزبی و سیاسه‌تی ده‌وله‌مه‌ندبوون و قازانجی مافیاکانی ده‌سه‌لاته‌وه هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌هایه‌کی ئه‌خلاقی و ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی و دینییان هه‌بێ و هیچ ترسێکیان له هیچ لێپرسینه‌وه و موحاسه‌به‌کردنێکی یاسایی هه‌بێ. هیچ دیارده‌یه‌کی پیس و زیانبه‌خش نییه به‌رپرسانێکی حیزبی پیس و زیانبه‌خشی له پشته‌وه نه‌بێ. له سالی 2008 که گه‌رامه‌وه سلێمانی هه‌ندێ براده‌ر چه‌ند شه‌و له سه‌ریه‌ک داوه‌تیان ده‌کردم بۆ یانه‌ی کۆمه‌لایه‌تی که له ناو پارکی ئازادی دروستکراوه. زیاتر‌و زیاتر هه‌ستم به دزێویی و نائاساییبوونی بوونی شوینێکی خواردنه‌وه له‌و شوێنه کرد. پارکی ئازادی له ناو جه‌رگه‌ی شاره‌و ئه‌و پارکه به هه‌موو مانایه‌ک ده‌بوو سه‌دی سه‌د شوێنێکی خێزانیی دوور له مه‌یخواردنه‌وه‌و مه‌یفرۆشی و خربونه‌وه‌ی گه‌نده‌لان و مه‌یخۆرو سه‌یاره‌و قه‌له‌بالغی بێت. جگه له‌مه‌ش ئه‌و پارکه مه‌فڕوزه ملکی گشتی و شوینێکی گشتی بێ چۆن ده‌کرێ بکرێ به ملکی تایبه‌تی و بۆ قازانجی تایبه‌تی و بۆ چالاکییه‌کی دژه‌کۆمه‌لایه‌تی و خیزانیی له‌و چه‌شنه داگیر بکرێ و به‌کار بێت؟ ئایا له‌و سه‌دان پارکه گشتییانه‌ی له‌نده‌ن تاقه پارکێک هه‌یه کرابێته شوێنی خواردنه‌وه‌و (په‌ب)ی تێدا بێت؟ که‌چی تاقه پارکێکی گشتی ناو شارێکی وشک و برنگ و بێهه‌ناسه‌و سه‌وزایی و شوێنی گشتی بۆ گه‌نجان و خێزان، ئاوا ملهورانه کراوه‌ته نادی خواردنه‌وه؟ کێ ئه‌و جۆره بریارانه ده‌رده‌کا؟ چۆن؟ له‌و ولاتانه‌دا که یاسا‌و ئه‌خلاق و دیمۆکراسی هه‌یه، بۆ روخسه‌تدان به هه‌ر چالاکییه‌کی بازرگانی ساده‌ش نه‌ک هی وه‌ک کردنه‌وه‌ی نادی خواردنه‌وه، شاره‌وانی یان ئه‌نجومه‌نی هه‌لبژێردراوی ئه‌و شوێنه، به پێی یاسا، پرس به هه‌موو دانیشتوانه‌کانی ئه‌و شوێنه‌و ده‌وروبه‌ری ده‌کا، خه‌لکی ئه‌و شوێنه چ به کۆمه‌ڵ چ وه‌ک تاک ده‌توانن ناره‌زایی نیشان ده‌ن و کردنه‌وه‌ی ئه‌و چالاکییه بوه‌ستێنن یان په‌نا بۆ دادگا به‌رن. کام ئه‌نجومه‌نی شار، شاره‌وانی، دادگا له کوردستان بریاری داگیرکرنی ملكی گشتی و کردنه‌وه‌ی نادی و مه‌یخانه‌و مه‌ساجه‌کان ده‌دا؟ پارکی ئازادی ده‌بوو قاوه‌خانه‌ی مۆدیرنی هه‌رزانی چاو قاوه‌و خۆشاو خواردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی بۆ کچ و کو رو خێزان لێبایه نه‌ک نادی خواردنه‌وه. به‌لام سه‌رنج ده‌ده‌ین لای ئێمه زه‌وی و ئاسمان، بنئه‌رزو سه‌رئه‌رز، داگیر ده‌کرێ، بینایه‌و قوتابخانه‌و ره‌وزه‌و بینای حکومی، مافیای حیزبی داگیریان ده‌کا، ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌ش، وه‌ک قوتابخانه‌ی فریشته‌ی مێژوویی، بۆ قازانجی مافیاکانی ده‌سه‌لات تێک ده‌درێ به بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک نووزه‌ی لێوه بێ، به بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگایه‌ک به خه‌به‌ر بێ، ئۆپۆزیسیۆنێک ده‌م بکاته‌وه، ئه‌نجومه‌نێک نارازه‌یی نیشان دا، پرسێک به که‌س بکرێ، یان گوێ به بیروبۆچوونی هاولاتیان و به‌ها ئه‌خلاقی و ئینسانییه‌کان بدرێ.
5. ئه‌م تاوان و ناهه‌قیی و که‌له‌گاییانه به سه‌دان شێوه‌و نموونه دووباره ده‌بنه‌وه‌و زیاتر و زیاتر کۆمه‌لگا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌یه‌کی که‌م، سه‌دی یه‌که تاوانکاره‌که، داده‌رزینن. له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌رچی ده‌زگای زانستی و لێکۆلینه‌وه‌و به‌کارخستنی عه‌قل و ریکخستنی ئیداریی و مه‌ده‌نی کۆمه‌ل و ژیان هه‌یه له لایه‌ن مافیای ده‌سه‌لاته‌وه په‌کی خراوه. میدیای حیزب و لافاوی گۆڤار‌و رۆژنامه زێرابییه‌کانی هه‌موو لایه‌نێكی زانین و ده‌ربرین و راستی بۆگه‌ن کردووه. زانین و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری بوونه زبلدانی حیزب. وشه‌کانی یاسا و دیمۆکراسی و دادگا له درۆی شاخداری بێشه‌رمانه زیاتر نین که ئۆپۆزیسیۆنیش دوای ئه‌و هه‌موو نانبرین و هیرش و ئیهانه‌و ئه‌تک کردنه ئه‌وانیش درۆزنانه‌و ریاکارانه ئه‌و وشه بۆشانه وه‌ک فریادره‌س دووباره ده‌که‌نه‌وه. درۆ‌و دووروویی و ساخته‌یی و شاردنه‌وه‌و ژێر په‌رده‌دان و ژێر به‌ڕه‌نان سیاسه‌ت و پراکتیسی رۆژانه‌ی بیست ساله‌ی ده‌سه‌لاتی به‌ربه‌رییه. بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ ته‌رجه‌مه‌م بۆ بی.بی.سی ده‌کرد. له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساله‌دا ره‌نگه به ده‌یان جار هه‌واڵ و راگه‌یاندنی سه‌رانی ده‌سه‌لاتم ته‌رجه‌مه کردبێ که دوو حکومه‌ته‌کهیان کراون به‌یه‌ک، پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و مالیه‌ش یه‌کیان گرتۆته‌وه و هه‌موو شتیک ته‌واو بووه‌وته‌نیا چه‌ند گرفتێکی ته‌کنیکی بچووک ماون! ئایا راسته شه‌ش ساڵ گرفتی ته‌کنیکی بچووک ماوه‌و چاره‌سه‌ر ناکرێ یان درۆی گه‌وره‌ی بێئابرووانه چاره‌سه‌ر ناکرێ. جا چۆن هێزه‌کانی ده‌ره‌وه رێزی ئه‌م جۆره سه‌رکردانه ده‌گرن یان بۆ نۆکه‌ریی نه‌بێ حیسابێکیان بۆ ده‌که‌ن؟
6. ئه‌م رواله‌ته ساخته‌و شاردنه‌وه‌نانه‌ن که حه‌قیقه‌تی دارزانی کۆمه‌لایه‌تییان ون کردووه: ئه‌رێ رۆژانه ، سالانه چه‌ند ژن ده‌کوژرێن و خۆ ده‌سووتێنن؟ بؤچی؟ چه‌ند گه‌نج خۆ ده‌کوژن؟ چه‌نده‌ها هه‌زار تووشبووی سه‌ره‌تان و نه‌خۆشی دل و نه‌خۆشی ده‌روونی و عه‌قلیمان هه‌یه؟ چه‌نده‌ها هه‌زار پیرو په‌ککه‌وته‌مان هه‌یه‌و چۆن ژیان به سه‌رده‌به‌ن؟ چه‌ندان هه‌زار گه‌نجی ئاواره‌ی ده‌ستی ئه‌و ده‌سه‌لاته به‌ربه‌رییه‌مان هه‌ن که له رێگا‌و بانه‌کان بوونه قوربانی یان له ئاواره‌یی له دۆزۆخدا ده‌ژین؟ چه‌نده‌ها خه‌لک له سه‌ر جادده‌و رێگا‌و بانه‌کان ئه‌نفال ده‌کرێن؟ منالانی هه‌توو بێکه‌س چۆن ده‌ژین؟ چه‌ند منالی ژێرته‌مه‌ن کار ده‌که‌ن و له قوتابخانه‌و ژیانی ئاسایی بێبه‌ش کراون؟ چه‌نده‌ها تانکی گه‌وره‌ی نه‌وتدزین سامانتاڵانکردن رۆژانه جادده‌کان قه‌له‌بالغترو خه‌ته‌رناکتر ده‌که‌ن؟ چه‌نده‌هاهه‌زار دۆنم زه‌ویوزاری گشتی داگیرکراوه؟ چه‌نده‌ها سه‌رچاوه‌ی نه‌وتی و غاز به بێئاگایی و به گه‌نده‌ڵی به تالان دراوه به شه‌ریکه‌کانی بێگانه؟ چه‌نده‌ها پرۆژه‌ی ساخته له سه‌ر کاغه‌ز هه‌ن و پاره‌که‌یان دزراوه‌و لووش دراوه؟ چه‌نده‌ها مووچه‌خۆرو خانه‌نشینی حیزبی مشه‌خۆرو بێکار هه‌یه؟ چه‌نده‌ها ده‌زگای جاسووسی تورکی و ئێرانی هه‌یه؟ پرسیاره‌کان بی کۆتایین و وه‌لامه‌کان سفرن. هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه له ولاتانێ په‌رله‌مان و دیمۆکراسیان هه‌بێ له سه‌دان پلاتفۆرمه‌وه هه‌ر له په‌رله‌مان و کۆمیته‌کانه‌وه تا کۆنفرانسی نه‌قابات و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و میدیای سه‌ربه‌خۆی ناحیزبی ئازاد، هتد موناقه‌شه ده‌کرێن و له‌لایه‌ن سه‌دان ده‌زگای ئه‌کادیمی و زانستی و لێکۆلینه‌وه‌ی ستراتیجی و (ثینک تانکه) – ه‌وه شیده‌کرێنه‌وه به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ری دریژخایه‌نیان بۆ داده‌ندرێ.
7. هه‌راکه‌ی زاخۆ‌و لێکه‌وته‌کانی ته‌نیا نیشانه‌یه‌کی بچووک به‌لام گرگ و خه‌ته‌رناکی تری که‌له‌که‌بوونی کێشه کۆمه‌لایه‌تیی و سیاسییه کوشنده‌کانه که گه‌ل و ولات و ژیانی هاوولاتییانیان کردۆته قوربانی. به‌هۆی که‌له‌که‌بوونی ئه‌و کێشه کوشندانه‌و شاردنه‌وه‌و ساخته‌کاری و درۆ‌و ده‌ڵه‌سه‌ی بێ‌کۆتایی ده‌سه‌لات و نه‌بوونی هیچ رێگا چاره‌سه‌رییه‌کی یاسایی و مه‌ده‌نی و دیمۆکراتی و ئه‌خلاقییه‌وه بۆ خه‌ڵک، ته‌قینه‌وه‌ی کۆمه‌لایه‌تی توندوتیژ دره‌نگ یان زوو کارێکی حه‌تمییه. له تونس ئه‌وه‌ی له پێش هه‌موو شتێکدا بووه ئامانج و نیشانه‌ی په‌لامارو تالانی خه‌لک کۆشک و ته‌لارو شوێنی سیاحی و دوکان و سوپه‌رمارکێته‌کانی بنه‌ماله‌و که‌سانی سه‌ر به ده‌سه‌لات بوو، له لیبیا کۆمه‌له کۆشک و ته‌لاری عه‌زیزییه‌ی قه‌زافی و بنه‌ماله‌که‌ی له‌گه‌ڵ گرنگی مێژوویی و ئه‌رکیتێکچه‌رییان تالان کراو ته‌خت کرا، زۆر به‌شی شاری سرت ته‌نیا له رقی ئه‌وه‌ی قه‌زافی بۆ خاتری خێزان و خێڵه‌که‌ی خۆی گرنگیی زۆری به‌و شاره‌دا بوو و پێشی خستبوو، به‌شێکی زۆری وێران کرا. ئه‌و ده‌سه‌لاتانه‌ی رێگای عه‌قڵ و عه‌داله‌ت قبوڵ ناکه‌ن ده‌بێ چاوه‌رێی تؤله‌و توند‌و تیژی بکه‌ن. گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌ی تاوان و دزی و داگیرکاری و داوێنپیسیی و دارزاندنی شیرازه‌ی کۆمه‌لایه‌تی له لایه‌ن %1 ی یه‌کی بنه‌ماله‌و ده‌ست و پیوه‌نده حیزبییه‌کانیان کۆتایی نه‌یاو له رێگای ده‌ستورو یاسا‌و دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه به‌خێرایی راست نه‌کرێته‌وه، ئه‌وا دره‌نگ یان زوو ده‌بێ چاوه‌رێی هه‌مان سیناریۆبن و هه‌ر له زاخۆوه تا دهۆک و پیرمام و سه‌ری ره‌ش و هه‌ولێرو سڵێمانی، کۆشک‌و ته‌لارو بازاڕ‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌نده‌ڵه ملهوڕه‌کان ده‌بێ چاوه‌رێی ته‌قینه‌وه‌ی رقی خه‌لک بن. راستتره هه‌ولی سوتاندنی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کان له بادینان و سلێمانی و قه‌لادزه‌و که‌لار، وه‌ک سه‌ره‌تای ئینزارێکی به‌ڕێوه‌بوونی ئه‌و ته‌قینه‌وه ببینرێ نه‌ک وه‌ک به‌ربه‌ره‌کانییه‌کی ئایدیۆلۆجی دینی و تایه‌فی. ئه‌وه داواکارییه‌کی ره‌وای خه‌لک و هه‌نگاوێکی عه‌قلانی و دیمۆکراتییه بۆ پاراستنی ته‌ندروستی فیزیکی و کۆمه‌لایه‌تی و ئه‌خلاقی گه‌ل، به ده‌ر له هه‌ر ڵێکدانه‌وه‌یه‌کی دینیی، که خه‌لک داوای قه‌ده‌غه‌کردنی هێنان و بازرگانی و فرۆشتنی مه‌شروباتی که‌حولی و جگه‌ره و زۆربوونی مه‌ساجخانه‌و مه‌یخانه‌و مه‌یفرۆش و له‌شفرۆشخانه‌کان بکات.
{ماویه‌تی)