Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
رۆشنبیری کورد لەنێوان ئەنتی( پارتیی و ئیسلامیی)دا

رۆشنبیری کورد لەنێوان ئەنتی( پارتیی و ئیسلامیی)دا

Closed
by December 12, 2011 گشتی

ئەم وتارە قسە لەسەر قەڵەمی هەندێ رۆشنبیری کورد دەکات کە لەنێوان ئەنتی پارتییبوون و ئەنتیی ئیسلامییبووندا ناتوانن بەوردیی رووداوەکانی بادینان بخوێننەوە و بە خشکەیی کەوتوونەتە بەرەی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیی   یان پارتییەوە. تەنانەت هێزێکی وەک گۆڕان کە بڕیارە هێزێکی عەلمانیی بێ و داکۆکیی لە مافە مەدەنیی و سیاسیی و کولتوورییەکانی تاکی کورد لەهەرێمی کوردستاندا بکات، کەوتووەتە شەڕێکی حیزبییەوەو لایەنگیریی لە یەکگرتوو دەکات، بەڵام جورئەت ناکات داکۆکیی لە سەرەکییترین مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤێکی ئازاد بکات، کە مەی بخواتەوە و مەی بەشێک بێ لە رەفاهی ژیانی.
 لەکاتێکدا، رۆشنبیرە ناسراوەکانی کورد و هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی وەک گۆڕان کە داکۆکیی لە مەزڵومییەتی یەکگرتوو دەکەن کە بارەگاکانی دەسوتێنرێ، لەمەش فەرزتر  دەبووایە داکۆکییان لە مافی هەر تاکێکی کوردو هەموو کەمینە ئێسنیکییەکانی کوردستان بکردایە لە شێوازی گوزەرانکردنیاندا. ئەم خۆدزینەوەیە لە سوتاندنی مەیخانەکان، مەودایەکی خەتەرناکی کولتووریی بەدوای خۆیدا دەهێنێ و خزمەت بە کۆنەپەرستیی و موحافیزەکاریی نەبێ بە هیچ شتێکی تر ناکات.  ئەم هەڵاواردنە لە ئیدانەکردن، راستەوخۆ پارتیی و ئیسلامییەکان قازانجی لێ دەکەن و زەرەرمەندی سەرەکییش کۆمەڵگەی مەدەنییە.
بۆچیی گرینگیی بە سوتاندنی بارەگای حیزبیی دەدرێ و  سوتاندنی مەیفرۆشخانەکان و شوێنەکانی مەساج دەخرێنە ژێرەوە؟ ئەگەر سوتاندنی شوێنەکانی مەیفرۆشیی و مەساج سیناریۆی پارتیی یان کێشەی شەخسیی هەندێ سەرکردەو سەرمایەداری پارتییش بێ، بۆچیی چاو لە ئاستیان دەنووقێنرێ و بەس بۆ سوتاندنی بارەگایەکی حیزبیی  کڕوزانەوە دەکرێ؟ مەیفرۆشەکان و مەیخۆرەکان و ئەو کچە بەدبەختانەی لە وڵاتانی ئاسیاوە بۆ بژێویی ژیان هاتوون شانوملی پیاوی کورد دەشێلن، ئەگەر ئایینیان هەرچییەک بێ دەبێ بەجورئەتەوە داکۆکیی لە مافە فەردیی و مەدەنییەکانیان بکرێ.
بەشێکی زۆر لەو رۆشنبیرانەی ئەنتیی پارتیی و دەسەڵاتی سیاسیین، بە ناڕاستەوخۆیی کەوتوونەتە سەنگەری ئیسلامی سیاسیی و و ئیخوانیی کوردییەوە، چاویان دوكەڵی بارەگا دەبینێ بەڵام پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادیی تاک و رەفای کۆمەڵایەتیی نابینن. کۆمیدیایەکە ئەوەیە بەشێكی زۆری ئەم رۆشنبیرە لیبراڵ و ئازادییخوازانە…ئێوارانیان لێ دێت خۆشەویست و ماڵ و منداڵەکانیان بەجێ دێڵن و تا درەنگانی شەو لە یانەکاندا دەخۆن و دەخۆنەوە، کەچیی لەڕووی کوردە نامووسیی و مۆڕاڵی سیاسییەوە جورئەت ناکەن داکۆکیی لە هۆکارەکانی رەفاهیی ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیشیان بکەن کە مەیخواردنەوەیە . هاوزەمان بۆ داکۆکییکردن لە سوتاندنی بارەگای حیزبێک، دەنگیان کیشوەرەکان تەی دەکات.
ریکۆردی پارتیی و زەبروزەنگی ئەو حیزبە بۆ هەموو لایەک روونە، گاڵتەجاڕییترین سیناریۆی، بەئەهریمەنکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بوو کە هیچ منداڵە وردکەیەکیش بڕوای بەو دراما فاشیلە نەهێنا، بەڵام لەنێوان بەرداشی حیزبێکی موحافیزەکاری وەک پارتیی و حیزبێکی ئیسلامیی وەک یەکگرتوودا….هەر یەکگرتوو قوربانیی نەبوو، بەڵکو مافە مەدەنیی و ئازادییەکانی تاک و گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردیی، قوربانیی یەکەم بوون.  ئەمە ئەگەر بەس پارتیی کردبێتی و یەکگرتوو تەواو ئەستۆ پاکیش بێ، ئەوە قەباحەتەکەی خراپتریش خۆی دەنوێنێ.
خۆم یەکێکم لەوانەی زۆرترین رەخنەم لە پارتیی و بنەماڵەی فەرمانڕەوای ئەم حیزبە گرتووە. ئەمجارەو ئەم هەموو رقە ئایدیۆلۆژییە لە پارتیی، لەلایەن نووسەرانی ئۆپۆزیسیۆن و هەندێ رۆشنبیرەوە بووە بە فۆبیا لە پارتیی، لەهەمان کاتیشدا ئەو فۆبیایەی لە هێزە ئیسلامییەکانیش هەیە لەلایەن هەندێکیترەوە هەمان مەترسیی بۆ سەر خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی دروست لە رووداوەکانی بادینان هەیە.  هەردوو بەرەکەش، کەم تا زۆر دژی دیوێکی ئازادیی و دیوێکی مافە مەدەنییەکانی تاک تاک خەڵکی هەرێم دەوەستنەوە. نیوەی ئازادیی قبوڵ دەکەن، بەڵام نیوەکەی تری رەش دەکەنەوە.
یەکگرتوو لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا توانای مۆبەڵایزی خەڵکی بۆ دژی ناعەدالەتیی و گەندەڵیی سیاسیی و ئیداریی نەک نەجوڵاندووە بەڵكو هەمیشە کاری لەسەر میتۆدی ئەخلاقیی و فیکری ئیخوانیی و ئەجێندای حیزبیی  و دینداریی عاتیفەسازیی کردووەتەوە. ئەوە بەس نییە بۆ لایەنگیریی لە ئازادیی و مافی مرۆڤ، کە پلانی یەکگرتوو نەبووە بۆ هەڵکوتانە سەر مەیخانەو مەساجخانەکان، بەڵکو ئەوە رێزگرتن و دداننانە بەئازادیی و مافی بەرامبەردا کە یەکگرتوو بەجورئەتەوە و بەرەسمیی بڵێ بڕوای بە ئیرهابی فیکریی و کولتووریی نییە و رێز لەڕای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان دەگرێ کە دەخۆنەوە.  چونکە خواردنەوە بەشێکە لە کولتوورێکی سەردەمییانە و یەکێکە لە سەرەتاییترین مافەکانی تاک لەئاستی جیهانییدا، دژایەتییکردنی جگە لە فەندەمێنتالیزمی دینیی، گەردێک تۆلێرانسی لێ پەیدا نابێ. مەترسییەکە لەوەدایە، بەشێکی زۆری  ئیسلامییەکانی کوردستان زۆر دڵیان بە سوتاندنی ئەو شوێنانە خۆشە و پێیانوایە ئەگەر بەدەستی ئەوانیش نەبێ بەدڵی ئەوانە، بەشێک لە رۆشنبیرانی کورد و گۆڕانیش کەوتوونەتە ناو ئەم لێڵاوەوە. 
ئیسلامییەکانی کوردستان، ئازادییان تا ئەو شوێنە دەوێ کە خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوسا هەرچی مەیخانە و مەساجخانە و شوێنە گەشتیارییەکان هەیە هەموویان بەزەبری شەرعی خۆیان دادەخەن و حوکمێکی مەزهەبیی پێڕۆ دەکەن. ئاخر ئازادیی یەک دوورایی نییە، بەڵکو وەک ئێم تیۆریی M-Theory  لە فیزیای کوانتەمدا فرە دوورایی هەیە، ئازادییش ئێم دوورایی هەیە. ئەمە شەڕێکی کولتووریی گەورەیەو ئیسلامییەکانی کوردستان دەبێ بە عەقڵانییەوە لە حیزبەکەی ئەردۆگانی تورکیا بڕوانن کە مزگەوت و کڵێساو مەساجخانەو مەیخانەو شوێنە پیرۆزەکانی وەک پێداویستییەکی ژیاریی بۆ ژیانی مۆدێرن، هەموویان بەیەکەوە لەشارێکدا دەبێ هەبن.  

سەرەنجام رۆشنبیر نابێ دوای عاتیفەی حیزبێکی ئیسلامیی یان پارتیی بکەوێ کە هەردوولایان ئارگیومێنتی ئایدیۆلۆژیی خۆیان هەیە. بەڵام گرینگترین چەمک و بەهاو مۆڕاڵ وەک  مافی مرۆڤ، پیاوێکی ئایینیی جا ئیسلام بێ، یان کریسیتیان یاخود جوولەکەو هەر مەزهەبێکی تر بێ، بەستاندەردی جیهانیی و چارتەکانی مافی مرۆڤ و چەمکی ئازادیی ، ماف و رێز و ئیعتیباری ئینسانیی لەگەڵ سۆزانییەکان و مەیخۆرەکاندا وەک یەک وایە. ئەم مافە یونیڤێرساڵە ( جیهانییە) بە عەقڵانییەت دەسەلمێنرێ نەک بەحەماس و هاوارو فەتوای شەرعیی و حوکمی ئیلاهیی ناو کتێبە ئاسمانییەکان ساغبکرێتەوە. مەیفرۆشەکان و مەیخۆرەکان و ئەندامەکانی یەگرتووش هەموویان وەک یەک مافیان هەیە و دەبێ داکۆکیی لە ئازادیی و لە مافی مرۆڤ، لەهەموو مەودا جیاوازەکاندا بێ، نەک بەس لە جوغزی ئایدیۆلۆژیی حیزب و گرووپێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە بێ.


کامیار سابیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.