
به‌ڕێز سه‌رۆكی حكوومه‌ت به چ هه‌قێك هه‌نگه‌وان ده‌ركرا؟
منداڵ بووم.. زۆر منداڵ بووم له ڕێی كتێبخانه بچكۆڵه‌كه‌ی برا گه‌وره‌كه‌م هۆگری خوێندنه‌وه بووم، هێشتا نه‌چووبوومه مه‌كته‌ب، له ڕێی گۆڤاره جوانه‌كانی (مجلتی) و (المزمار) و دواتر بڵاوكراوه‌كانی (دار پقافه الاگفال) عیشقی خوێندنه‌وه له كه‌لله‌ی دام و دواتریش خوێنده‌واریم ڕسكا، ئه‌م عیشقه‌م په‌ره‌ی سه‌ند و بێ هه‌ردوو گۆڤاره عه‌ره‌بییه‌كه‌ی منداڵان نه‌مده‌توانی هه‌ڵبكه‌م، ئه‌گه‌رچی عه‌ره‌بیم شتێكی وا نه‌ده‌زانی، به‌ڵام له ڕێی هه‌ندێك له هاوڕێكانمه‌وه ئه‌وانه‌ی كه‌مێك له من به ته‌مه‌نتربوون و له خوێندنی عه‌ره‌بی داندرابوون، ده‌متوانی ئاشنای بابه‌ته‌كانی نێو هه‌ردوو گۆڤاره مانگانه‌كه بم، وێنه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌گانی، سیناریۆ و كاریكاتێر و مه‌ته‌ڵ و خشته و پرسیار و چیرۆك و شیعره ساده‌كانی زاخاوی مێشكیان ده‌دام .
ڕژێمی به‌عس گرنگیی به منداڵی عه‌ره‌ب ده‌دا، مانگانه چه‌ندین گۆڤاری ڕه‌نگاوڕه‌نگ و چه‌ندین نامیلكه‌ی له ڕێی وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی تایبه‌ت به منداڵان به تیراژی زۆر ده‌رده‌كرد، كه له هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش دانه‌یه‌كیان لێ نه‌ده‌مایه‌وه، زۆر جاران به هه‌وڵی زۆر و براده‌رێتی بڵاوكراوه‌كانیان بۆ په‌یدا ده‌كردین، كه نرخه‌كانیشیان هه‌رزان بوون .
دواتر له پۆله‌كانی كۆتاییی قۆناغی سه‌ره‌تاییم، من خۆم ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ كتێبفرۆشه‌كانی بازاڕ په‌یداكرد كه نزیك بوون له ماڵمانه‌وه، تێكڕای ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی مه‌به‌ستم بوون به كوردی و عه‌ره‌بیشه‌وه ده‌ستم ده‌كه‌وتن .. ڕژێمی خوێناویی خومه‌ینی كه ده‌سته‌ڵاتیان وه‌رگرت، یه‌كه‌مین قسه‌ی خومه‌ینی ئه‌وه‌بوو : (پێویسته له منداڵانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین و هه‌نگاو و كاره‌كانمان له منداڵانه‌وه بێت، كه ئه‌وانه نه‌وه‌ی دواڕۆژ و گه‌نجینه و ساده و خامن)، ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌یه به‌رده‌وام بوون، كه ده‌رده‌كه‌وێت چۆن تا ئه‌و ڕادده‌یه به مه‌رامه‌كانیان گه‌یشتن و ئه‌وه‌یان داكرد كه هه‌یه… ئێمه‌ی كوردیش له دوای ڕاپه‌ڕینه پیرۆزه‌كه‌وه له هه‌موو بوارێك كڵۆڵ و ده‌سته‌پاچه بووین، ساڵانی سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین به هه‌وڵی چه‌ندین دڵسۆز و نووسه‌ری به توانای میلله‌ته‌كه‌مان تواندرا گۆڤاری (هه‌نگ) ده‌ربكرێت، كه تاكه گۆڤارێكی منداڵان بوو له كوردستان و وابزانم پێش ئه‌ویش برایانی (كوردستانی نوێ) گۆڤاری منداڵانه‌ی (په‌ریستان)یان ده‌رده‌كرد، كه به‌داخه‌وه ته‌مه‌ن كورت بوو.
گۆڤاری (هه‌نگ) خزمه‌تێكی زۆری كرد و بوو به قوتابخانه‌یه‌ك بۆ پێگه‌یاندنی چه‌ندین نووسه‌ری بواری منداڵان و چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی پێگه‌یاند و ته‌نانه‌ت بڕوانامه‌ی به‌رزی زانكۆییشی له‌باره‌وه وه‌رگیراوه، به‌داخه‌وه نه‌ورۆزی ڕابردوو ڕاگیرا، كه تاكه گۆڤارێكی حكوومه‌تی هه‌رێم بوو بۆ منداڵان له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌وه مانگانه ده‌رده‌چوو. سه‌ره‌تا ئه‌م گۆڤاره به تیراژێكی یه‌كجار كه‌م بڵاوده‌كرایه‌وه به شێوه‌یه‌ك هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك دانه‌یه‌كی به‌رنه‌ده‌كه‌وت، دواتر به هه‌وڵی سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی كه ئێستا له‌كار لادراوه، تیراژه‌كه‌ی هه‌ندێك زیادی كرد و لووتكه‌ی زیادكردنی تیراژه‌كه‌ی گه‌یشته چوار هه‌زار دانه. سه‌رنووسه‌ری (هه‌نگ) ئه‌وه‌نده دڵسۆز بوو بۆ كاره‌كانی به شێوه‌یه‌ك گۆڤاره‌كه‌ی ده‌خسته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران بێ هه‌ڵه‌ی نووسین و زمان و چاپ، كه هیچ دانه‌یه‌كی له بازاڕ نه‌ده‌مایه‌وه.
دواجار له‌جیاتی ئه‌وه‌ی تیراژی (هه‌نگ) بۆ ده‌یان هه‌زار زیاد بكات . به‌داخه‌وه ڕاگیرا و زینده‌به‌چاڵ كرا، ئه‌گه‌ر پشتگیریی سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی كرابا و بگه‌یه‌نرابایه ده‌ستی زۆربه‌ی منداڵان، ئه‌وا دڵنیام منداڵانی كوردستان به په‌روه‌رده‌یه‌كی ڕاست و دروست ڕۆشنبیر ده‌بوون، هه‌ژده ساڵی ڕه‌به‌ق سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی بێ وچان له تێكۆشاندا بوو بۆ خزمه‌تكردنی ڕۆڵه‌كانی دواڕۆژمان، كه هه‌ژده ساڵ عومرێكی زۆره و ئه‌و سه‌رنووسه‌ره كۆنترین سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێكی حكوومه‌ت بوو له مێژووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له خزمه‌ت مابێته‌وه، سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی پیاوێكی پڕ له ئه‌زموون و پڕ له به‌رهه‌م، دڵسۆز له پێناوی ئامانجه‌كانی، ڕابڕدوو پاك پاك وه‌ك په‌ڕی گوڵ، به‌خشنده، خزمه‌تگوزار و میهره‌بان، ڕاستگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و له‌گه‌ڵ كار و خه‌مخۆر له پێناو گه‌یاندنی (هه‌نگ) بۆ ئاستێكی به‌رز، هه‌موو هه‌وڵی له‌وه‌شدا بوو، كه گۆڤاره‌كه بۆ منداڵانی هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان بێ، بێ جیاوازیی شێوه‌زار و دیالێكت كه مووچه‌یه‌كی كه‌می مانگانه‌ی هه‌بوو و دڵنیام بارته‌قای كرێی هاتوچۆكه‌شی نه‌بوو.
به‌ڕێز سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان : ئه‌مانه به‌شێك بوون له سیفاته جوانه‌كانی سه‌رنووسه‌ری (هه‌نگ) كه حه‌زی ده‌كرد به‌قه‌د ئه‌و ماندووبوون و دڵسۆزییه‌ی ڕێزی لێ بنرێت، كه‌چی ئێوه به به‌ڕێز وه‌زیری ڕۆشنبیرییشه‌وه گۆڤاره‌كه‌تان وه‌ستاند و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌یتان ده‌ركرد و ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌تان كرد، بێ ئه‌وه‌ی له‌دوای بنێرن و سوپاسێكی ڕه‌ق و ته‌قی بده‌نێ، هه‌ژده ساڵ خه‌ریكی (هه‌نگ) بوو، بێ خواحافیزی لاتاندا . خه‌ڵك ته‌نانه‌ت هه‌ژده ساڵ باڵنده‌یه‌كیشی ڕاگرتبێ ناتوانێ ئاوا به سووك و سانایی ده‌ستبه‌رداری بێت،كه‌چی ئێوه توانیتان، ئه‌مه‌یه ڕیز و حورمه‌تی كه‌ڵه ڕۆشنبیران لای ئێوه؟َ!.. ئه‌و پیاوه به توانا و په‌روه‌ردكار و نووسه‌ر و فه‌رهه‌نگساز و ڕۆژنامه‌نووسه‌تان به پاساوی چی له‌شوێنی خۆی هه‌ڵقه‌ناند؟!.. چ ئاسمانێك قه‌بووڵیه‌تی دوای ده‌رچوونی (174) ژماره، ئه‌م گۆڤاره زینده‌به‌چاڵ بكرێ؟!.. له سه‌رده‌می كابینه‌ی ئێوه تیراژه‌كه‌ی كرایه هه‌زار دانه و یه‌ك تاكه هه‌زار دانه‌تان بۆ منداڵانی كوردستان به ڕه‌وا نه‌بینی؟.. نزیكه‌ی ساڵێكه منداڵانمان له‌م گۆڤاره بێبه‌شن و خه‌ریكه ناوه‌كه‌شیان بیرده‌چێته‌وه . سه‌ره‌تای ساڵی تازه‌ی كوردی ئه‌م گۆڤاره‌تان ڕاگرت، كه ده‌بوایه به‌م بۆنه گرنگه‌وه زیاتر بایه‌خی پێ بده‌ن و بیكه‌ن به گۆڤارێكی هه‌فتانه.
به‌ڕێز سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان :
بیرته له دانیشتنێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان وه‌زیری ڕۆشنبیری و ڕاوێژكاره‌كانت، سه‌رنووسه‌ری (هه‌نگ) باسی له موعاناته‌كانی خۆی كرد و داواكانی گۆڤاره‌كه‌ی خسته به‌رده‌ستتان و گله‌یی له‌وه كرد كه چه‌ندین یادداشتی داوه‌ته وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه و باسی له‌وه كرد كه ئه‌م گۆڤاره لای حكوومه‌تی ئێمه چه‌نده بێ بایه‌خه؟ جه‌نابتان زۆر ڕاتان له قسه‌كانی بوو و به‌ڕێز وه‌زیری ڕۆشنبیریش سه‌ری ڕه‌زامه‌ندیی بۆ هه‌ردوولاتان ده‌له‌قاند. له‌وێ له وه‌ڵامدا باستان له بایه‌خه‌كانی ئه‌ده‌بی منداڵان كرد، ئێمه كۆڵێك شادمان بووین، كه به‌ڕێز د.به‌رهه‌م بۆ له‌مه‌ودوا كتێبخانه‌ی منداڵانی كوردستان پڕ به‌رهه‌م ده‌كات .. باشم له یاده كه دوای نانخواردن له دیوانی به‌ڕێزتان ، قۆڵتان له قۆڵی سه‌رنووسه‌ری (هه‌نگ) هه‌ڵكێشا و گوتتان : خه‌متان نه‌بێت كارێك ده‌كه‌ین داخوازی و خه‌ونه‌كانتان به سه‌ربه‌رزییه‌وه بێته‌دی، پاشان له به‌ڕێكردنمان یه‌كه یه‌كه ته‌وقه‌ت له‌گه‌ڵ كردین و كه گه‌یشتنه سه‌رنووسه‌ری (هه‌نگ) بۆ ته‌وقه‌كردن ، سێ پاتت كرده‌وه (خه‌مت نه‌بێ)، دڵناییتان دایێ و ئه‌و هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕوان و چاوه‌ڕوانه. چ حكوومه‌تێك له دنیادا هه‌یه گۆڤاری منداڵان ڕابگرێت ؟. هیچ پاساوێك جێگه‌ی قه‌بووڵ نییه، چی به منداڵانی كوردستان بڵێین؟ چ پاساوێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گۆڤاری (هه‌نگ) له منداڵان بسه‌نینه‌وه ؟.. من هیچ له‌م هاوكێشه‌یه ناگه‌م و هه‌زاران هاوكێشه‌ی ماتماتیك و فیزیام وه‌ك پسپۆرێكی هه‌ردوو بواریش به سووك و سانایی شیكار كردووه، كه‌چی بۆ ئه‌مه‌یان ده‌سته‌پاچه‌م و هیچم بۆ ناگوترێ ئه‌وه نه‌بێ به ستافه كۆڵنه‌ده‌ره‌كه‌ی (هه‌نگ) و سه‌رنووسه‌ره ماندووه‌كه‌ی بڵێم ده‌ستتان خۆش و ته‌مه‌ن درێژ بن كه چه‌ندین ڕۆڵه‌ی له ده‌سته‌ی نووسه‌ران و نه‌خشه‌سازان و پیتچنان و هونه‌رمه‌ندانی نیگاركێش و سیناریست و هه‌ڵه‌چن وكرێكاری چاپ تێیدا ماندوو بوون و شه‌ونخونییان كێشا و خزمه‌ته‌كانیان له مێژووی ئه‌ده‌بی منداڵاندا به گه‌شه‌داری ماوه‌ته‌وه .
* سه‌رۆكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد/ لقی هه‌ولێر
ferhadi1963@yahoo.com