Skip to Content

Saturday, February 24th, 2024
بۆنی شەڕ و دەنگی جەنگ دێ..!!

بۆنی شەڕ و دەنگی جەنگ دێ..!!

Closed
by December 19, 2011 گشتی

کە هەواڵی  وێنەیی ڕۆژنامەکان و ڤیدۆیی تەلەفزیۆنە لوکاڵی و جیهان‌یەکان دەینین و دەخوێنینەوە..هەست دەکەین کێشە و ململانێ‌ ئابوری و سیاسی‌یەکان قوڵتر بونەتەوە، دەسەڵاتداران خەریکن لە سەر چارەنوس و ژیانی ئێمە جەنگێکی ترو شەڕێکی دی تاقی دەکەنەوە..!
باهۆزی جەنگ ڕۆژانە وەك ڕەشەبا ڕۆژی سنورێك دەبرێت و بەنێو وڵاتاندا دەلورێنێ، ئاوازی شەڕ بە گوێی مرۆکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاساتدا دەچرپێنێ..!
ڕۆژانە زەنگی شەڕ بەئاگامان دێنێتەوە و دەمانخاتە دڵەڕاوکێوە، زەنگی شەڕەکان پێمان دەڵێن کە بێخەم  پاڵی لێ مەدەنەوە، چونکە هۆکار و فاکتەرەکانی جەنگ لە هۆش و دەروونی دەسەڵاتداراندا هەر زیندووە..!
ئێستا ئەوەندەی  ئەم گەردوونە  بە تایبەت دەڤەرەی ئێمە بۆنی جەنگ و شەڕی لێدێت ئەوەند بۆنی ئارامی و ئاساییش و ئاشتی  لێوە نایەت..! هەر ئێستا لە سنورەکانمانەوە گوێمان لە گرمە و زرمەی  موشەک و بۆمبەکانە..ئاگامان لێ‌یە کە چەکەکان لەم دەڤەرەدا بۆ ساتێك بێدەنگ نابن..! ئەمڕۆ لە هەموو ساتەکانی دیی مێژوو، فەزای جەنگ بە ئاشکرا دەبینین و دەبیستین..شارەکانمان پڕ بوە  لە هەواڵی  شەڕ و جەنگ..! ڕۆژی هێزی سەربازی دەسەڵاتێک بە بۆنی شەڕ ئاڵودە دەبێ.. سەرمەست دەبێ،  بۆ جەنگێکی سور و گەرم و خوێناوی ئامادە دەبێ..!
زۆرێك لە دەسەلاتداران بۆ پیشاندانی هێز بەرامبەر بەیەك، بەرگی سەربازیان فڕێ نەداوە و هەر دەستیان لە سەر پەلەپیتکەی چەکەکانیانە، ڕۆژانە نمایشی بەهێزترین و ترسناکترین چەك و بۆمب و موشەکی ئەتۆمی لە نێو درێژترین و بەرینترین شەقامی نێو وڵاتەکانیاندا دەکەن..! وە زۆرینەی سەروەت و سامانی ولات بۆ سوپای گەورە و پڕچەكکرن بەکاردەهێنن، تا بەم هێز و سوپا و سەربازگایانە جەنگێکی  نا عەدالەت ونەویستراو بەسەر مرۆکاندا بسەپێنن..!
ئێمەی کوردیش کە ماندووی شەڕە دەرەکی و ناوەخۆیی‌یەکانین وە لە زۆربەی جەنگەکاندا بە ڕاستەوخۆیی و ناڕاستەوخۆیی بونمان هەبوە، وە زیندوو ماوەی چەندەها  شەڕ و جەنگی یەك لە دوای یەکین، سەرەڕای پڕنەکردنەوەی زیانە مرۆیی و ئابوری و کۆمەلایەتی‌یەکانی جەنگەکانی ساڵانی پێشوومان، سەرەڕای نەگەیشتن بە جارەنوسی سیاسیمان، سەرەڕای مانەوەی کێشەی میللی و نەتەوەیمان بە چارە نەکراوەیی، ئێستاش لە نزیکەوە ڕۆژانە گوێبیستی ئاوازی هەواڵی شەڕ و جەنگە  ناوخۆیی‌یەکانیین..!
وە بە زیندوو هێشتنەوەی ڕق و کینە دروستکراو و بێ بنەماکانی ئەمڕۆ و مێژووە کە  ڕێگا نادا یەك بە یەکی چەکەکان بپێچینەوە و بۆ هەتا هەتایە فڕێیان بدەینە جبە خانەکانەوە، تا بە تەواوی ژەنگ دەکەن و دەڕزێن..!
دروستکردنی وێنەی وەهمیی دوژمنە نوێکانی دەستی دەسەڵاتدارانە کە فەزای جەنگی لە کۆمەڵگاکەماندا هێشتۆتەوە، گەورەکردن و ناشیرینکردنی ئەم وێنە دروستکراوانەیە کە ڕێگا نادا جیاوازیەکانی یەکدی..خەون و خەیاڵە تایبەتەکانی یەکدی قبوڵ بکەین و  پێویستمان بە چەکەکان نەمێنێت تا یەکتری پێ بێدەنگ بکەین. 
بەڵێ بۆنی شەڕ دێ..دەنگی جەنگ دێ..بۆنی شەڕ خەریکە بەسەر هەموو بۆنەکانی دیدا زاڵ دەبێت، دەنگی جەنگ خەریکە هەموو دەنگی پێشکەوتنێك بێدەنگ دەکات، ئەم بۆن و دەنگە خەریکە تەواوی بۆنی خۆش و ئومێدی ژیانی ئینسانەکان دادەپۆشێت. گەر ئەم بۆن و دەنگە بتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و جەنگێکی دی، ئەوا دیار نی‌یە کە چارەنوسی کۆمەڵگاکەمان بە چ ئاکامێك دەگات…؟!!
بۆنی شەڕ و دەنگی جەنگێك دێت، کە نەك ئێمە خاوەنی نیین و لە قازانجی ئێمەدا نی‌یە بەڵکو هەموو بەڵاو وێرانیەکانی  بۆ ژیان و گیانی ئێمەی هاوڵاتیان و بێبەشانی ئەم وڵاتەیە..!
گەر بە مێژوودا بچینەوە و کەمێك تێرامێنین ئەوکات دەزانین کە زۆرینەی جەنگ و شەڕەکان..جەنگ و شەڕێك نەبوە لە پێناوی ژیانی ئێمەی هەژاراندا، بۆیە دەڵێم با خۆمان لەدوور بگرین  و بەشداری ئاگری جەنگ و شەڕەکانی دەسەڵاتداران نەکەین و خوێنی بۆ نەڕێژین، گەر ئێمە نەبینە سەربازیان دڵنیابن کە مەیدانی  شەڕ و جەنگەکانیان چۆڵ چۆڵ دەبێت..!


کامەران عەزیز

Kamaran91@gmail.com

06.12.2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.