Skip to Content

Sunday, May 19th, 2024
زمانی ڕۆشنبیران له‌دوای حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌

زمانی ڕۆشنبیران له‌دوای حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌

Closed
by December 25, 2011 گشتی

هەندێک ڕووداو هەن لە توانایاندایە گشت ئاڕاستە باوەکان بگۆڕن. ئەو ڕوواداوانە ئەنجامی تووڕە‌ییه‌کی درێژخایه‌نی مێژوویین و دەتوانن کار لە شێوازی بیرکردنەوە، شێوازی ژیان‌، ئاستی زمان، سایکۆلۆجیی تاک و کۆمه‌ڵ و… تاد بکەن. ده‌شێت ڕاپەڕینی 1991 به‌ یه‌کێک له‌و ڕووداوه‌ گرنگانه‌ بزانین، که‌ له‌وێوە ئاڕاستە‌ی زۆربه‌ی شته‌کان گۆڕانی گەورە به ‌خۆیانەوه‌ دەبینن و ئەو گۆڕانەیش خێرا  لە زمانی ئێمەدا دەردەکەوێت، بەوەی وەک (مێرلۆ پۆنتی) باوەڕی وایە زمان و فیکر هەمان پرۆسێسی مەعریفین و هیچ فیکرێک ناکەوێتە دەرەوەی زمانەوە. لە نەوەدەکان شێوازی دەربڕین و گەیاندنمان لە هەموو ئاستەکاندا گۆڕانیان بەسەردا دێت و دەتوانن جیاوازیی خۆیان لەگەڵ سەردەمی پێشوو بە ڕوونی پێشان بدەن، بەڵام ئەو گۆڕانە بەردەوام نابێت، یاخود بە مانایەکی تر ناتوانێت بە هێزی گەورەتر درێژە بە خۆی بدات. ئەمە ئەو شوێنەیە، کە دەبێت لێوەی بوەستین و بزانین زمان هێزی خۆی لە چی وەردەگرێت. ئەمەیش دەمانخاتە بەردەم پرسیاری (پێوەندیی نێوان زمان و فیکر)ەوە، کە پرسیارێکە چ لە بواری فەلسەفی و چ لە بواری زمانەوانیدا پرۆبلەماتیکی گەورەی لە خۆی گرتووە. بۆ نموونە ئەگەر لای (دێکارت) زمان پێوەندیی بە بیرکردنەوەوە هەبێت، کە وەک چالاکییەکی سیمبۆلی خۆی بنوێنێت، ئەوا لای (سۆسێر) دەچێتە ئاستی پێوەندیی دال و مەدلوولەوە، کە یەکەمیان لایەنی دەنگ و بیستن و دووەمیان لایەنی ئه‌ندیشه‌ )ئیماجینەیشن – Imagination) دەگرێتەوە و ئەوانە جیاکردنەوەیان مەحاڵە. واتە ئێمە کاتێ وشەی (شەڕ) دەبیستین، ئەوا هەر دەتوانین (شمشێر)، یان هەر ئامێرێکی دیکەی لەم شێوەیە بهێنینە بەرچاومان، نەوەک شتێکی دیکە. ئەگەر (بیرجسۆن) پێی وایە زمان و فیکر دوو شتی لە یەکتر دابڕاون، ئەوا وەک پێشتر گوتمان (مێرلۆ پۆنتی) هەر دووکیان بە یەک شت دەزانێت. ئێمە مەبەستمان نییە بچینە ناو ئەو ڕێگومکەیەوە، مادام باسێکی ئاڵۆزە و زۆری دەوێت، دواتر لە ڕوانگەی (هایدیگەر)ەوە وردتر سەرنجی لێ دەدەین، بەڵام دەبێت بۆ پرسیارە بنچینەییەکەی خۆمان بگەڕێینەوە، کە ئەوەیە: (بۆچی زمانی ئێمە نەیتوانیوە ئاستی نەوەدەکان تێبپەڕێنێت؟). دەکرێت پرسیارەکە بە شێوەیەکی تر دابڕێژینەوە و بڵێین بۆچی ڕۆشنبیری ئێمە لە تازەکردنەوەی زماندا دەستەوستانە؟ ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە لەدوای ڕووداوی حەڤدەی شوباتەوە ئاسانتر بووبێت، بەوەی ئەو ڕووداوە ڕۆشنبیری ئێمەی لەپەنا ئەو خەرمانە (Aura)یەی بۆ خۆیی کێشابوو، هێنایە دەرێ و ڕوونتر خستییە بەرچاومان. ئەوەی وای کرد ڕۆشنبیر لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر دەربکەوێت، تەنیا لایەنگریی ئەو ڕۆشنبیرە نەبوو بۆ داخوازییەکانی خەڵک، بەڵکو ئەو زەمینەیەش بوو، کە بۆ گوتنی درووشم و گوتە زەقەکانی هاتە کایەوە. ئەمە ئەو لایەنە شاراوەیە، کە دەبێت لە ئێستاوە قسەی لێوە بکرێت. ئەو ڕووداوە بە ئاشکرا ئەوەی پێشان داین، کە بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرە دیارەکانی ئێمە لە ڕاپەڕینەوە تاکو ئێستا نەک هەر خەریکی قووڵبوونەوە نیین، بەڵکو هەموو پڕۆژەکانی خۆیان لە چەند درووشم و گفتوگۆی سیاسییانەی کەناڵەکاندا کورت کردووەتەوە. لە کاتێکدا دەبووایە ڕۆشنبیر کاریگەریی لەسەر گۆڕینی زمانی سیاسیدا هەبووایە، بە پێچەوانەوە زمانی سیاسی نەک زمانی ڕۆشنبیری خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەڵکو لەگەڵ ئاڕاستەی خۆیشیدا جووتی کردووە. ئەو ڕۆشنبیرە ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر زمانی سیاسیی ئێمەدا هەبێت، مادام چاودێر نییە بە سەریەوە، بەڵکو خۆی بەشێکی جیانەکراوەی ئەو زمانەیە. ئەو ڕووداوانە ئەوەیان پێشان دا، کە ڕۆشنبیری ئێمە نەهاتووە کۆمەڵگا بکاتە شوێنی پرسیار، تاکو کار لەسەر پێکهاتە و دیاردەکانی بکات، بەڵکو تێڕوانینی خۆیی لەسەر ئەو دەرئەنجامانە دامەزراندووە، کە حزبەکان پێی گەیشتوون. بە مانایەکی تر ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرە دەیبینێت، خودی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو فۆرمێکی سادەکراوەیەتی. ئەو فۆرمەی لە ئاستی سیاسی و ئیدۆلۆگیدا دەردەکەوێت. وەک سەرنج دەدەین بۆچوونەکانی ئەو لە چوارچێوەی حزبەکان تێناپەڕێت. بە مانایەکی تر ئەو ڕۆشنبیرە تەنیا دەتوانێت لە دیدگای سیاسەتەوە لە کۆمەڵگا بڕوانێت، کە ئەمە تەنیا سادەکردنەوەی پێوەندیی نێوان تاک و دەستەڵات و نەبینینی ڕووبەرەکانی دیکەی کۆمەڵگایە، کە ئەنجام نەخوێندنەوەی گۆڕانکارییە سۆسیۆلۆگییەکان و تەسککردنەوەی زمان و فیکرە. لێرەیشەوە ئەو ڕۆشنبیرە بە هەمان میتۆدی ئیدۆلۆگی، کۆمەڵگا بە سەر دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دابەش دەکات، واتە دەستنیشانکردنی لایەنی خراپە و چاکە و لەوێوە لایەنگریی خۆی بۆ چاکە نەک هەر وەک هەڵوێستی فیکری و ئینسانی پێشان دەدات، بەڵکو وەک پڕۆژەی ڕۆشنبیرییش پێمانی دەناسێنێت. ئەو ڕۆشنبیرانە لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا نەک هەر کاریان لەسەر بەرهەمهێنانی جیاوازیدا نەکردووە، بەڵکو ئەو سادەییە وای لێ کردوون هەموویان لە یەکتر بچن. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وای کردووە زمانی ڕۆشنبیری ئێمە زۆر بە ئاسانی بکەوێتە ژێر دەستەڵاتی سیاسەتەوە. یەکێ لە خەسڵەتەکانی ئەو ڕۆشنبیرە ئەوەیە بە شێوەی زارەکی ئیش دەکات، چونکە لە نووسین دەترسێت، بەوەی نووسین وەک (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت جیاوازی دەردەخات. ئەمە مانای ئەوە نییە، کە ئەو ڕۆشنبیرە هەر هیچ نانووسێت، بەڵکو مەبەست ئەوەیە بە هەمان زمانی ڕۆژانە دەنووسێت. فیکری فەیلەسووفانی وەک (نیتشە)، (هایدیگەر)، (فۆکۆ) و زۆری تر دەهێنێتە سەر ئاستی شەعبی و بە زمانی سادە کورتیان دەکاتەوە. ئەو ڕۆشنبیرە هیچ میتۆدێکی ڕەخنەیی دیاریکراوی نییە، تاکو بەو میتۆدە فیکرییە ئەو فەیلەسووفانە بخوێنێتەوە، بەڵکو بە شێوەی فزوولیانە (Curiosity)ی خۆی، ئەگەر بە زمانی (هایدیگەر) بدوێین، چەند کۆپلەیەکی سادە لەو فیکرانە وەردەگرێت و بۆ مەبەستی تەسکی ئیدۆلۆگی بە کاریان دەهێنێت. ئەگەر لە ڕوانگەی (ئەنتۆنیۆ گرامشی)ەوە بڕوانین، کە پێی وایە هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری تایبەت بە خۆی بەرهەم دەهێنێت، ئەوا ئەو ڕۆشنبیرانە ڕۆشنبیری گرووپی دیاریکراون و بەرگری لە هەندێک شتی دیاریکراو دەکەن و دژی هەندێک شتی دیاریکراویش دەوەستنەوە. ڕۆشنبیری سەربەخۆ نیین و ڕەخنەکانیان لە لایەک سنووردارە و لە لایەکی تر لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیدۆڵۆگیی حزبدایە. زمان لە ڕێگای ڕەخنەوە تازە دەکرێتەوە دینیامیکیەتی خۆی وەردەگرێت، بەڵام ئەو ڕۆشنبیرە نەیتوانیوە ببێتە ڕەخنەگر تاکو ڕووبەڕی زمانی خۆی فرەوان بکات، چونکە ڕەخنە چالاکییەکی فیکرییە و لە لایەک بەندە بە مەودای سەربەستیی ئەو ڕەخنەگرە و  لە لایەکی تریشەوە پێوەندیی بە توانای ئەو هەیە لە قووڵبوونەوەدا، کە ڕۆشنبیری ئێمە ئەو دوو خەسڵەتەی لە خۆیدا پەیدا نەکردووە، یان ئەگەر لە سەرەتای نەوەدەکان پەیدایشی کردبێت، ئەوا دواتر وردە وردە لەژێر زەبری ئیدۆلۆگیی حزبیدا لە دەستی داوە. ئەو ڕۆشنبیرە وەک پێشتر گوتمان مانایەکی سیاسییانەی بە ڕەخنە داوە، کە بریتییە لەوەی چۆن ئەو ڕەخنەیە دەتوانێت وامان لێ بکات بگەینە کەناڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لەوێ بە تووڕەیی لەبارەی هەندێک دیاردەوە بدوێین. بە پێی ئەو تێگەیشتنە فیکر ئەوە نییە چی لە خۆی دەگرێت، چیی نوێ دەهێنێت و چەند کاریگەریی لەسەر تێکشکاندنی بۆچوونە باوەکاندا دەبێت، بەڵکو ئەوەیە لە چ دەمێکەوە دەردەچێت. ئایا ئەو دەمە هیی ئەو ڕۆشنبیرەیە، کە جەماوەر وێنەکەیان لە یاخەی کراسیان داوە و چەپڵە بۆ درووشمە تووڕەکانی لێ دەدەن، یان هیی ڕۆشنبیرێکە دوور لە قەرەباڵغی لە چەمکەکان ورد دەبێتەوە و ئاڕاستەی نوێیان لێ بەرهەم دەهێنێت. ئەو ڕۆشنبیرە، کە لە سەرەتای دەرکەوتنی لە نەوەدەکان پێی لەسەر ئەوە داگرتووە هیچ دانوستان (Bargaining)ێک لەگەڵ بۆچوونە باوەکانی ناو کۆمەڵگادا نەکات و بانگەشەی ئەوەی کردووە چەندایەتیی بە لاوە گرنگ نییە، کەچی لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا، بە تایبەتی لە کاتی ڕووداوەکانی حەڤدەی شوباتدا پێچەوانەی ئەمەی پێشان داوە و ترسی هەبووە جەماوەر لە دەست بدات، بۆیە لە لایەک هەموو هەوڵێکی داوە، تاکو ئاشتبوونەوەی نێوان فیکرە جیاوازەکان بێنێتە دی و لە لایەکی تر ویستوویەتی خۆی لەگەڵ هەموویان ئاشت ببێتەوە، کە بە پێی ئەو ڕێککەوتنە ڕۆشنبیر دەبێتە جەنگاوەرێک لەپێناو بەرگریکردن لە زۆرینە لە دژی کەمینەدا و چاو لە هەموو ناکۆکییەکان دەپۆشێت. لەمەیشەوە (ڕەخنە) لە پرۆسێسی پرسیارکردن و قووڵبوونەوەوە بۆ پرۆسێسی بەگژداچوونەوەی دوژمن دەگۆڕێت، کە ئەو دوژمنە هەموو خەسڵەتەکانی دەستنیشان کراوە و قاڵبی بۆ داڕێژراوە. لێرەوەیە ڕۆشنبیر خۆی لەنێوان دوو بەرەدا دەبینێتەوە، بەرەی چاکە، کە ئۆپۆزیسیۆنە و بەرەی خراپە، کە دەستەڵاتە. ئەمە دوا فۆڕمی ئەو دوو بەرەیەیە و نابێت دەستکاری بکرێت. هەر ئەمەیشە دەبێتە پێوەر بۆ ئەوەی کام ڕۆشنبیرە لەگەڵ بەرەی چاکەیە و کامەیان لەگەڵ بەرەی خراپەدایە. ئیتر (ڕەخنە)، کە بە سرووشتی خۆی هێزێکە بۆ بزواندنی شتە چەسپاوەکان و هەڵوەشاندنەوەی ناوەرۆکیان، لای ئەو ڕۆشنبیرە ئەرکی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە هەوڵ بۆ داپۆشینی زیاتری ئەو شتانە وەک ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرە لەگەڵ دیاردە ئایینییەکاندا دەیکات، کە بە پێی پرینسیپەکانی ئەو پەیمانەی لەگەڵ جەماوەردا مۆری کردووە، لە کادیری حزبە ئیسلامییەکان زیاتر و ڕادیکاڵانەتر بەرگری لە مانەوەی هەندێک گوتار و تێڕوانینی دۆگمایانەی کۆمەڵگا کردووە. بە چاوی خۆمان دەبینین ئەو ڕۆشنبیرە بە هەمان ئەندازەی کادیرانی حزب تینووی ناوبانگ و چەپڵەیە. بە بڕوای (نیتشە) ئەو جۆرە هاوپەیمانییە، واتە هاوپەیمانیی نێوان بۆچوونەکان، بۆ حەقیقەتی مێتافیزیکی (Metaphysical Facts) دەگۆڕێت و توانای گۆڕان لە دەست دەدات. دابەشکردنی هێزەکانی کۆمەڵگا بۆ دوو بەرەی چاکە و خراپە، یاخود دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لای ئەو ڕۆشنبیرە بەشێکی بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە، کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا، ئەو هەموو کۆمەڵگا لە سیاسەتدا کورت دەکاتەوە و وا دەزانێت دەستەڵات تەنیا لایەنی سیاسیی هەیە. لێرەدا ئێمە بۆ ئەوەی پێشانی بدەین ئەو تێگەیشتنەی ڕۆشنبیرانی ئێمە بۆ دەستەڵات زۆر سادە و ڕووکەشە، دەبێت لای (مێشێل فۆکۆ) هەڵوێستە بکەین، بە تایبەتی لەسەر کتێبی (ئیرادەی زانین The Will to Knowledge)دا. ئەو پێی وایە ئەگەر لە سەدەی نۆزدەهەم پرسیاری (چەوسانەوە چییە) دەرکەوتبێت، ئەوا تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پرسیاری (دەستەڵات چییە) فەرامۆش کراوە، کە ناکرێت بۆ هەڵهێنانی ئەو مەتەڵە دیار و نادیارە، ئامادە و نائامادەیە، تەنیا پشت بە (مارکس) و (فرۆید) ببەستین. ئەو پشت لەو تێگەیشتنانە دەکات و دەستەڵات بە زانینەوە دەبەستێتەوە. واتە ئەگەر دەستەڵات وەک ئەنجامی زانین سەیر بکەین، ئەوە زانینیش وەک شێوەیەک لە شێوەکانی دەستەڵات خۆی دەنوێنێت و هێزی خۆیشی لە حەقیقەت وەردەگرێت. بەم شێوەیە (فۆکۆ) چەمکی (حەقیقەت) دەخاتە ناو هاوکێشەی (دەستەڵات) و (زانین)ەوە، بەوەی ئەوە حەقیقەتە وا دەکات زانین ببێتە چەکێک و بە کار بهێندرێت. بە مانایەکی تر زانست، کە فۆرمی هۆشیاریی مرۆڤە وەک حەقیقەتی چەسپاو پشتگیری لە سەپاندنی دەستەڵات دەکات و ڕەوایەتیی پێ دەدات. بەم شێوەیە دەستەڵات دەچێتە ناو هەموو کونوکەلەبەرێکی دنیاوە و خۆی دەخزێنێتە ناو هەر دامودەزگایەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، کەلتووری و مەعریفییەوە. کەواتە ناکرێت تەنیا لایەنی سیاسیی دەستەڵات ببینین و لایەنە مەعریفییەکانی دیکەی فەرامۆش بکەین. ئەمە ئەو خاڵەیە، کە تیۆری (فۆکۆ) لەمەڕ دەستەڵات لە تیۆرییە باوەکان جیا دەکاتەوە، کە ئەوان، دەستەڵات لە ڕێگای یاسا و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانەوە دەناسنەوە. بۆ نموونە مارکیسیزم دەستەڵات بە دەوڵەتەوە دەبەستێتەوە، بەو مانایەی دەوڵەت بە دەست چینێکی دیاریکراوەوەیە و چینەکانی تری پێ دەچەوسێنێتەوە. بەم شێوەیە (فۆکۆ) شێوازە نهێنییەکانی دەستەڵات دەخاتە پاڵ ئەو شێوازە دیار و باوانە و پێی وایە هەمان پڕۆسێسن. ئەوەی پیاوانی ئایینی لە مزگەوت و کەنیسە پیادەی دەکەن لەگەڵ ئەوانە جیاواز نیین، کە پرۆفیسۆرەکان لە زانکۆ کاری پێ دەکەن و هەمووشیان لەگەڵ ئەوانە جیاواز نیین، کە لە دامودەزگا زەقەکانی سەرکوتکردندا هەن. تێکڕای ئەمانە مانایان وایە دەستەڵات سێنتڕاڵی نییە، بەڵکو لە هەموو شوێنێک هەیە، مادام بەرهەمی ناکۆکیی نێوان هێزە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگایە و لە هەر پێوەندییەکی دیار و سیمبۆلیی نێوان کەسەکاندا بەرجەستە دەبێت. دواجار دەستەڵات لە خوارەوە سەر دەکەوێت، نەوەک لە لووتکەوە بۆ بنکە داببەزێت. لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه‌ ئاماژه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌م کۆنسێپت و ئایدیایانه‌ بده‌م، بەڵام بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێینەوە، کە تێیدا ئاماژەمان بە ڕووکەشیی ئەو ڕۆشنبیرە کرد لە ناسینەوەی دەستەڵاتدا. ئەو وا دەزانێت بە دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن چارەسەری هەموو گرفتەکانی کردووە، بەڵام لەوە بێئاگایە، کە دەستەڵات لەناو هەموو ڕووبەرێکی کۆمەڵگادا هەیە. ئەو گرووپ و هێزە دینی و سیاسییانەی ئەو وەک حەقیقەتی ڕەها پشتی پێ بەستوون و لە دەرەوەی بازنەی ڕەخنەی داون، خۆیان دەستەڵاتن و لە چەوساندنەوەی ئەوانی تر بە دەر نیین. ئەوە سادەکردنەوەی فیکرە، کە ئەو ڕۆشنبیرە لە نەبوونی دەنگی ڕەخنەییدا تاکو ئەمڕۆیش بڕەوی پێ دەدات و لەپاڵیدا نەک هەر وەک جەنگاوەری حەقیقەت، بەڵکو وەک ڕووناکبیریش خۆی دەناسێنێت. دوای بیست ساڵ هێشتا ئەو ڕۆشنبیرانە پڕۆژەی ڕۆشنبیریی خۆیانیان نەخستووەتە بەردەستی ئێمە، تاکو لە ڕوانگەی ڕەخنەوە بیانخوێنینەوە، بەو مەبەستەی شتی دیکەیان لەسەر دابمەزرێنین و لێیان تێبپەڕین، بەڵکو بە شێوەی زارەکی کاریان کردووە و بەردەوام چەند چەمکێکی زەقی وەک (عەدالەت)، (ئازادی)، (کۆمەڵگای مەدەنی) و شتی لەم بابەتەیان دووبارە کردووەتەوە.
ئەوەی وا دەکات (بۆدلێر) سەرنجی (فۆکۆ) ڕابکێشێت هۆشیاریی (بۆدلێر)ە لە ئاستی زەمەندا، بەوەی لەو تێکستەی ساڵی ١٨٦٣ لەژێر ناونیشانی (نیگارکێشی ژیانی نوێ  The Painter Of Modern life) دا نووسیویەتی، مۆدێرنتی بە شتێکی ڕاگوزەر دەزانێت، کە (فۆکۆ) لە (ڕۆشنگەری چییە What is Enlightenment) دا وا ئەمە لێک دەداتەوە ئەگەر مۆدێرنتی بە ڕاستی شتێکی ڕاگوزەر و ڕاکردوو نەبێت، چۆن دەتوانێت لەگەڵ (ئێستا) دابڕان بهێنێتە کایەوە و تێیبەڕێنێت. ڕۆشنبیری ئێمە بیست ساڵە ئەو جیاوازییەی لەگەڵ ڕاپەڕیندا پێی گەیشتووە وەک زەمەنێکی ئەبەدی (Eternal) لێی دەڕوانێت و نایەوێت لێی تێبپەڕێت، کە ئەمە بە ڕوونی لەم ڕووداوانەی بەهاری ئەمساڵدا دەرکەوت. ئەو پشتی بەو جەماوەرە بەست، تاکو لەناو ئەو دۆگمایانەیدا زیاتر خۆی قایم بکات و هێندەی دیکە ڕەوایەتی بە زمانە ڕووکەشەکەی بدات. واتە زمانی یەکگرتووی شەقام لای ئەو ڕۆشنبیرە نەک هەر بۆ تێکشکاندن نەبووە، بەڵکو کراوەتە سەنگەر و پارێزگاریی لێ کراوە. (بۆدلێر) لەو تێکستەیدا وا لە مۆدێرنتی دەڕوانیت، کە دوو لایەنی جیاوازی هەیە، لە لایەک تەعبیر لە سەردەمەکەی دەکات و لە لایەکی دیکە جێی دەهێڵێت. بەم شێوەیە (بۆدلێر) باوەڕی وایە نیگارکێش لە یەک کاتدا ئەو پڕۆسێسە دوولایەنە بەڕێوە دەبات، ئەگینا تووشی گوتنەوە و جوویینەوە دەبێت و ناتوانێت داهێنان بکات. وەک گوتم ئێمە پڕۆژەی ئەو ڕۆشنبیرانەمان لە بەردەستدا نییە، تاکو لەسەریان هەڵوێستەی فیکری و مەعریفی بکەین و مەوداکانیان ببینین، بەڵام ئەوەی سەرنجمان داوە ئەوان ئەو گوتانەی لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بە دەمیانەوە گرتووە، هێشتا دەستبەرداریان نەبوون و بەردەوام لە گوتارە ڕۆژنامەوانی و لە گفتوگۆی کەناڵەکاندا دەیانڵێنەوە. دووبارەی دەکەمەوە بەشداریکردنی ئەو ڕۆشنبیرە لە خۆپێشاندانەکانی حەڤدەی شوباتدا تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە، کە ئەو ڕۆشنبیرە لایەنگری ئازادییە و دژی دەستەڵاتە، بەڵکو ئەو شوێنە باشترین زەمینەیە بۆ ئەوەی گوتەکانی ئەو بیست ساڵەی ڕابردووی تێدا بڵێتەوە، بۆیە ئەو ڕووداوە نەک هەر دەکاتە بەرهەمی خۆی و لەوێوە ڕۆشنبیرانی تری پێ تۆمەتبار دەکات، بەڵکو قەبارەکەیشی گەورە دەکات و وەک مژدەیەکی خۆش پێمانی ڕادەگەینێت.
ڕاستییەکەیشی هه‌ندێک ڕووداو هه‌ن، له‌نێو میدیا و بازاڕدا به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌رسورهێنه‌ر گه‌وره‌ ده‌کرێن و بانگه‌شه‌ی گۆڕانێکی بنچینه‌یان بۆ ده‌کرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕووداوانه‌ هه‌رچه‌ند گه‌وره‌ بن، به‌ڵام گۆڕانی بنچینه‌یی به‌ خۆیانه‌وه‌ نابینن. ده‌توانین یانزدەی سێپتێمبه‌ر وه‌ک ڕووداوێک، که‌ له‌ میدیا جیهانییه‌کاندا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بوو، به‌ نموونه‌ بهێنینه‌وه‌‌، که‌ یه‌کێک له‌و ئایدیایانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕه‌وایه‌تیی به‌ خۆی ده‌دا و بانگەشەی بۆ دەکرد، ئه‌وه ‌بوو، گوایە پاش ئەو ڕووداوە هیچ شتێک وه‌ک خۆی نامێنێت. (سلاڤۆی ژیژه‌ک) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ڕەخنە‌ له‌و ئایادیایه‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت: “یه‌کێک له‌و ده‌سته‌واژه‌ ناکۆتاییانه‌ی له‌و چەند هه‌فتەیه‌دا گوێمان لێ دەبێت، ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاش 11ی سێپتێمبه‌ر هیچ شتێک وه‌کو خۆی نامێنێت. به ‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌، که‌ به ‌ڕاستی شتێکی گه‌وره‌ گۆڕابێت. بێگومان له‌ ئاستی پێزانین یان ڕاگه‌یاندندا گۆڕانێک ڕووی داوه‌، به‌ڵام من پێم وا نییه‌ ‌هێشتا بتوانین باس له‌ هه‌ندێک دابڕانی بنه‌ڕه‌تی بکه‌ین. ئه‌و ئاڕاسته‌ و ترسانه‌ سه‌پێندراون و ئه‌و شتانه‌ی میدیا به‌ ئێمه‌ی گوتووە له‌ باره‌ی تیرۆریزم وا ئێستا به ‌ڕاستی ڕوویان داوه””
ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ پێچەوانەی یازده‌ی سێپتێمبه‌ری ساڵی 2001  بۆ ئێمە گۆڕانی گەورەی هێناوەتە دی، کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا ئەو گۆڕانە لە زمانی ئێمەدا دەرکەوت و توانیی دابڕێنێک لە مێژووی پێش خۆی دروست بکات، بەڵام قه‌یرانی 17ی شوباتی ئه‌مساڵی کوردستان (که‌ له‌ 17ی شوباته‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد و تاوه‌کو 17ی چوار به‌رده‌وام بوو)، قه‌یرانێکه‌ ئەگەرچی ناتوانین ئاماژه‌ به‌ گۆڕانه‌ شێوه‌ییه‌کانی نه‌که‌ین، مه‌به‌ست له‌ گۆڕانی شێوه‌یی ئه‌و گۆڕانه‌یه‌، که‌ له‌ ئاست هێمادا ده‌گۆڕێت، نەوەک لە ئاستی بنچینەدا، بەڵام ئەو ڕووداوە نەیتوانیوە دابڕان بهێنێتە دی، بەڵکو بە پێچەوانەوە زمانی ئێمەی زیاتر سادە کردەوە و هێندەی دیکە ڕۆشنبیرەکەمانی ڕادەستی ئیدۆلۆجی و بۆچوونە باوەکانی ناو کۆمەڵگا کرد. بێگومان 17ی شوبات خۆپێشاندانێکی خۆرسکی خه‌ڵک بوو، که‌ تێیدا نه‌وه‌یه‌ک تووڕه‌بوونی خۆی نمایش کرد. ئەو نه‌وه‌یه‌ به‌و شێوه‌ ژیان و ده‌ستەڵاته ڕازی نییە‌. ناکرێت باس له‌ شه‌پۆلی گۆڕانی وڵاتانی تونس، میسر، یەمەن و وڵاتانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی نه‌که‌ین، به‌وه‌ی کاریگه‌ریی ناڕاسته‌وخۆیان هه‌بوو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئەو خۆپێشاندانەی ئێمەدا. لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه‌ دروستی و نادروستیی ئه‌م خۆپێشاندانه‌ باس بکه‌م، هێنده‌ی ده‌مه‌وێت زیاتر جەخت لەسەر ئەو بۆچوونانەی خۆم بکەمەوە، کە پێشتر لەبارەی زمانی ئەو ڕۆشنبیرەوە دەرمبڕین.
به ‌بڕوای (مارتین هایدیگه‌ر) دوو جۆر بوون هه‌ن، بوونی ڕەسەن و بوونی ڕۆژانە‌یی. بوونی ڕەسەن خاوه‌ن شێوه‌ ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌تی، خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌کی جیاوازه‌ (مه‌به‌ست ناسنامه‌ی فیکری ئه‌و که‌سه‌یه  و له‌ ڕێگه‌ی بۆچوونی فیکریی جیاواز contrast دروست ده‌بێت)، که‌ له‌ کۆمه‌ڵ و ئه‌وانی دیکه‌ جیا ده‌کرێته‌وه‌، بوونی ڕەسەن جیاوازیی له ‌به‌رچاو ده‌گرێت و له ‌دیدی ڕەسەنی خۆیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌وانی دیکه‌. له‌ کتێبی (Identity and Deference)  (هایدیگه‌ر) ئاماژه‌ به‌ جیاوازی و ناسنامه‌ ده‌دات، که‌ ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن بوونی ڕەسەنن، جیاوازیشن، به‌ڵام بوونه‌ ڕەسەنه‌کان ڕێزی جیاوازیی یه‌کتر ده‌گرن. بوونی ڕۆژانە‌یی ئه‌و بوونه‌یه‌، که‌ له‌نێو بازاڕی ئه‌وانی دیکه‌دا ون ده‌بێت، که‌سێکه‌ شێوه‌ی ژیان و بیرکردنه‌وه‌ی هیچ جیاوازییه‌کی بنچینه‌یی نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا، له‌نێو‌ کۆمه‌ڵێک دایه‌، که‌ باوه‌ڕی به‌ جیاوازی نییه‌، تاکه‌کان له‌سه‌ر شێوازی خۆی کۆپی ده‌کات. هه‌موویان به ‌یه‌ک شه‌راب مه‌ست ده‌بن و یه‌ک گۆرانییش ده‌یانخاته‌ سه‌ما. زمانی بوونی ڕەسەن جیاوازییه‌کی یه‌کجار زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بوونی ڕۆژانە‌یی، چونکه‌ بوونی ڕۆژانە‌یی خاوه‌ن زمانی ڕۆژانە‌یه‌ و به‌و شێوازه‌ نه‌بێت ناتوانێت بێتە گۆ، بیر بکاته‌وه‌ و بنووسێت. زمان یه‌کێکه‌ له‌و بونیاده‌ ئۆنتۆلۆجیانه‌ی، که‌ پێشمه‌رجه‌ بۆ بوونی جیاوازی. به ‌بڕوای (هایدیگه‌ر) ده‌ربڕین یه‌کێکه‌ له‌ پێشمه‌رجه‌ ئۆنتۆلۆجییه‌کان بۆ بوون، که‌ لایه‌نی گوزارشت له‌ خۆ ده‌گرێت، له ‌ڕێگه‌ی ته‌عبیره‌وه‌ مرۆڤ ده‌توانێت مانا به ‌بوونی خۆی ببه‌خشێت و ببێتە خاوه‌ن بوونی ڕەسەنیانه‌ی خۆی. یه‌کێک له‌و لایانه‌ شیکاریانه‌ی (analytic) (هایدیگه‌ر) له‌ کتێبی (بوون و کات)دا بە دەستیەوە دەدات، ئه‌مه‌یه‌: (What is the meaning of the expression of Being?) واته‌ مه‌به‌ست چییه‌ له‌ گوزارشتکردنی بوونمان؟ لای (هایدیگه‌ر) زمان گوزارشت له‌ بوونی ئێمه‌ ده‌کات لە دنیادا (دازاین- Dasien)، به‌ڵام زمانی ڕۆژانە‌یی ناتوانێت گوزارشت له‌ بوون بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌و زمانه‌ توانیبایه‌، ئه‌وا تاکه‌کان بوونیان داگیر نه‌ده‌کرا و له‌جیاتی سڕینه‌وه‌، رێزی جیاوازیی یه‌کتریان ده‌گرت.
لێره‌دا ده‌توانین بپرسین ئایا زمانی ڕۆشنبیرانی ئێمه‌ زمانێکی ڕەسەن بوو؟ ئایا ئه‌و زمانه‌ ئاسته‌کانی زمانی ڕۆژانە‌یی تێپه‌ڕاند؟ زمانی ڕۆشنبیریی ئێمه‌ له‌ قه‌یرانی 17ی شوباتدا نه‌ک ته‌نیا نه‌یتوانی ئاسته‌کانی زمانی ڕۆژانە‌یی ببڕێت، به‌ڵکو خۆی ئه‌و زمانه‌ی به ‌کار هێنا، سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌و زمانه‌ی به‌شێک له‌ )ڕۆشنبیرانیی(! ئێمه‌ له‌و قه‌یرانه‌دا به‌ کاریان هێنا، له ‌خوارووی زمانی سیاسییه‌کانیشەوە بوو.  به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ جگه‌ له‌ گوتنه‌وه‌ی درووشم نه‌یانتوانی تاکه‌ دێرێکی فیکری بڵێن. له‌و حه‌شامه‌ته‌دا ته‌نیا پشتیان به‌ چه‌پڵه‌ و هه‌رای جه‌ماوه‌ر خۆش بوو. کێشه‌یه‌ک، که‌ ڕۆشنبیری ئێمه‌ له‌و خۆپێشاندانانه‌دا ڕووبه‌ڕووی نه‌بووەوه‌، تێنه‌گه‌یشتن بوو، چونکە هەرگیز بە زمانێک نەدەدوا لەوەی جەماوەر جیاواز بێت. (زه‌رده‌شت)ی )نیتشه(‌ له‌نێو حه‌شامه‌تدا گوته‌یه‌ک پێشکه‌شی جه‌ماوه‌ر ده‌کات و تێیدا بانگه‌شه‌ی به‌رزه‌مرۆڤ (Superman) ده‌کات، به‌ڵام خه‌ڵک لێی تێناگه‌ن، چونکه‌ ئه‌و ناتوانێت به‌ هه‌مان زمانی ئه‌وان قسه‌ بکات و گوێچکەی ئه‌وانیش لە ئاستی ئه‌م قسانه‌ نیین، له‌ ئه‌نجامدا (زه‌رده‌شت) ده‌ڵێت: “ئه‌وان له‌ من تێناگه‌ن، من زارێکم نییه‌ بۆ گوێیه‌کانیان” . ئایا ڕۆشنبیرانی کورد له‌ هیچ کاتێکدا ئه‌م کێشه‌یه‌یان ڕووبه‌ڕوو بووه‌وه‌؟ دیارە مه‌به‌ستم نییه‌ بڵێم ڕۆشنبیر ده‌بێت سوپه‌رمان بێت، به‌ڵام خۆ ده‌بێت له‌ ئاست زمانی ڕۆژانە‌ییدا خاوه‌ن سوپه‌رزمان بێت، واته‌ زمانی ئه‌و ئاسته‌کانی زمانی ڕۆژانە‌یی تێپه‌ڕاندبێت. یان وه‌ک (ڤان کۆغ)ی هونه‌رمه‌ند، که‌ ڕۆژێک به‌ ده‌م رۆیشتنه‌وه‌ له‌ هیکه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت و  ده‌ڵێت باشه‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ بۆ له ‌من تێناگه‌ن؟ ئه‌و قسانه‌ی به‌شێک له‌ ڕۆشنبیرانمان له‌ میدیا و که‌ناڵه‌کاندا کردوویانه‌، خۆپێشانده‌رێکی ئاساییش ده‌یتوانی بیانکات. یه‌کێک له‌و تێگەیشتنە ڕووکەشانە‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ گوایه‌ ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ ڕۆشنبیران سازیان کردووه‌ و ئه‌وان ده‌ستیان له ‌سه‌رهه‌ڵدانیدا هه‌بووه‌. ئەمە هێندەی مانای شانازیکردنی ڕۆشنبیرە بە ڕابردوو و هێندەیش جەختکردنەوەیەتی لەسەر ئەوەی وەک پاڵەوان خۆی بناسێنێت. لێرەوە ئەو ڕۆشنبیرە ڕێگای بە خۆی داوە ئاڕاستەی ئەو خۆپێشاندانە بۆ ئیدۆلۆگی بگۆڕێت و بیخاتە خزمەتی ئۆپۆزیسیۆنەوە، ئەوە لە کاتێکدا له ‌یه‌که‌م رۆژی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و خۆپێشاندانانه‌دا ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵوێستێکی پۆزەتیڤی نه‌بوو. وەک بینیمان بە هیی خۆیی نەزانی، بگرە خۆپێشانده‌رانی به‌ ئاژاوه‌گێڕ ناو برد. سه‌رانی ئۆپۆزیسیۆن به‌ په‌شۆکاوی و ترسێکی زۆره‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنەکان و ئەستۆپاکیی خۆیان ڕاگه‌یاند. کاتێ دۆخه‌که‌ که‌مێک ئاسایی بووه‌وه،‌ خۆیان خزانده‌ پاڵ جه‌ماوه‌ر، به‌وه‌یش نه‌وه‌ستان و خۆیان کرده‌ خاوه‌نی. (گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ) توانییان بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری ئەو ڕۆشنبیرانە بکەن و بە مەبەستی ئیدۆلٶگی بە کاریان بهێنن.
پێویستە ئەوە بگوترێت، کە قسەکردنی ئێمە لەبارەی ئەو ڕۆشنبیرانەوە مانای قسەکردنە لەبارەی ئەو خەرمانەیەی بۆیان کێشراوە و مەبەستمانە لە پشت ئەو خەرمانایەوە ئەوەی دەبێتە جێگای بایەخ، پرسیار و گومان بێت، نەوەک ئەو سۆزەی شەقام بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی هەیە. ئەم باسە بۆ ئەو ڕۆشنبیرانە تەرخانە، بۆیە جێگای ڕۆشنبیری حزبه‌ حکومڕانه‌کانی تێدا نابێتەوە. فۆکووسی من لەسەر ئەو ڕۆشنبیرانەیە، کە لەبەر هەر هۆیەک بێت لە ئێستادا چاوپۆشییان لێ دەکرێت. پوختەی قسەکانم ئەوەیە، ئایا ئەو ڕۆشنبیرە دیارانەی ئێمە وەک ڕۆشنبیری سەربەخۆ کاریان کردووە؟ ئایا ئەوانە تا چ ئەندازەیەک بۆچوونی ئاساییان تێپەڕاندووە؟ ئەم باسەی من دانانی کۆتایی نییە بۆ زەمەنی ڕۆشنبیری، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ کردنەوەی پرسیاری زیاتر و دۆزینەوەی ئاڕاستەی نوێ لەناو بیرکردنەوەی خۆماندا. کاری ئێمە دادگایکردنی ڕۆشنبیر نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی توانا و ئاستەکانی ڕۆشنبیرە، بەو مەبەستەی ئەو دیدگا شەعبییە تێک بشکێنین، کە هەڵوێستی سیاسی بۆ خوێندنەوەی ڕۆشنبیر دەکاتە پێوەر. دەمانەوێت پرسیاری دیکە لەبارەی ڕۆشنبیر و ئەرکەکانیەوە بورووژێنین، بێ ئەوەی بۆچوونی خۆمان بسەپێنین و بیکەینە ئەلتێرناتیڤ. بەم شێوەیە ئەم گوتارەی ئێمە خۆیشی دەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی پرسیار و نایەوێت ببێتە ڕێگاچارە. پرسیاری سەرەکیی ئێمە ئەوەیە ئەو ڕۆشنبیرە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەهاکان (Values)دا دەکات، کە پێمان وایە ڕاپەڕین، شۆڕش، یاخیبوون و زۆری تر بەشێکن لەو بەهایانەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا کۆمەڵگا بەرهەمیان دەهێنێت. ئایا ئەو بەهایانە بۆ پاراستن و هێشتنەوەن، یان وەک (نیتشە) باوەڕی وایە دەبێت هەموویان هەڵبگێڕدرێنەوە؟ قسەی ئێمە ئەگەر لەگەڵ کۆمەڵگا ئەوە بێت، کە دەبێت بەهاکانی ڕاپەڕین، شۆڕش، یاخیبوون و گۆڕان دابمەزرێنێت، ئەوا قسەمان لەگەڵ ڕۆشنبیر ئەوەیە چۆن هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی ئەو بەهایانەدا تێکیان دەشکێنێت. ئەگەر ڕۆشنبیر لەم ئێستایەدا قسەی خۆی لەبارەی ئەو بەهایانەوە نەکات و هەوڵی تێپەڕاندنیان نەدات، ئەوا خۆیشی تێکەڵ جەماوەر دەبێت و ناتوانێت هیچ جیاوازییەک پێشان بدات. نابێت بیرمان بچێت هەموو ئەو بەهایانەی ئێستا حزبه‌ حکومڕانه‌کان دەستی پێوە گرتوون و خەڵکیان لەسەر گوللەباران دەکات، بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ بەدیهێنانیان مرۆڤی ئێمە خوێنی لەپێناودا ڕشتوون. کەواتە سەرەتاییترین پرینسیپ ئەوەیە، کە دەبێت باوەڕمان بەوە نەبێت هیچ بەهایەک بۆ مانەوە و پاراستنە. ئەمە ئەرکی ڕۆشنبیرە ئەو بەهایانە تێک بشکێنێت، کە هەر ئێستا جەماوەر هەوڵی بەدیهێنانیان دەدات. ئەمە پرۆسێسێکی فیکرییە و ڕۆشنبیر بە شێوازی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. واتە ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوەیە نەهێڵێت ئەو بەهایانە ببنە (حەقیقەت)، یاخود ڕاستی، چونکە وەک (نیتشە) دەڵێت (ڕاستی جۆرێکی دیکەی هەڵەیە، کە هەندێک کەسی دیاریکراو ناتوانن بە بێی بژیێن).
لێره‌دا ده‌توانین هه‌ندێک نموونه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ بهێنینه‌وه و ئاماژە بە بۆچوون و هەڵوێستەکانیان بدەین‌، که‌ چۆن حیسابی گەورەیان بۆ تێڕوانین و فیکری باوی ناو کۆمەڵگا کردووە، بەڵام ئەمە هەرگیز مانای ئەوە نییە، کە ئەوەی لەسەرەوە گوترا تایبەتە بەم چەند نموونەیەی لێرە ئاماژەیان پێ دەدرێت، بەڵکو ئێمە لە سەرجەمی ئەم گوتارەماندا مەبەستمان لە ڕۆشنبیرە وەک دیاردە، نەوەک تاکەکەس. (فاروق ره‌فیق)، که‌ له‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌ ناهۆشیاریی هاونیشیمانی کردووه‌، له‌و خۆپێشاندانه‌دا بانگه‌شه‌ی هۆشیاریی هاونیشتیمانی ده‌کرد، به‌وه‌ی ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام. تۆ بڵێی هۆشیاریی ‌هێنده‌ ئاسان بێت، تاکو به‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قامێک دروست ببێت؟! ئایا ئه‌مه‌ رێک ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ نییه‌، که‌ ئۆپۆزیسیۆن بۆ خۆی ده‌کات و پێی وایه‌ له‌وه‌ته‌ی ئه‌وان دروست بوون خه‌ڵک ده‌زانێت ئۆپۆزیسیۆن چییه‌، بودجه‌ چییه‌، دەستەڵات چۆن گه‌نده‌ڵه ‌و…. تاد؟!! ئایا هۆشیاری ئه‌وه‌یه‌ هاونیشتیمانی بزانێت ئەگەر په‌رله‌مان ئۆپۆزیسیۆنی هەبێت، ده‌بێته‌ په‌رله‌مانێکی کارا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ پێوه‌ر بێت، که‌واته‌ کێن ئه‌وانه‌ی ناهۆشیارن؟ ئه‌گه‌ر که‌سانێکیش ناهۆشیار نیین، ئه‌ی بۆچی کوردستان له‌ قه‌یرانی ‌هێنده‌ گه‌وره‌ ده‌خولێته‌وه‌، قه‌یرانی دین، سیاسه‌ت، ترادیسیۆن، کۆمه‌ڵ، تاک، توندوتیژی، هۆشیاری، په‌روه‌رده‌، ڕۆشنبیری … تاد!
ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ نه‌ک نه‌یانتوانی فۆرمێکی جیاوازتر له‌ پارێزه‌رانی ئایینی و بۆچوونە باوەکانی خه‌ڵک دابهێنن، به‌ڵکو خۆیشیان که‌وتنه‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌وان و درووشمه‌کانیان  ده‌گوتنه‌وه‌. (فاروق ره‌فیق) له‌ کتێبی (فه‌لسه‌فه‌ و ژیان)دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، که‌ پارێزه‌رانی ئایین له‌ ده‌نگی ئه‌قڵ ده‌ترسێن. (بڕوانه‌: فه‌لسه‌فه‌ و ژیان/ ن. فاروق ره‌فیق/ له‌ بڵاوکراوه‌کانی خانه‌ی حیکمه‌ت/ 2009 ل 16). ئه‌ی که‌واته‌ چۆن بوو له‌و خۆپێشاندانه‌دا پارێزه‌رانی ئایینیتان چه‌پڵه‌ڕێزان کرد؟ ئایا ئه‌ی ئه‌وانه‌ هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ نیین، که‌ له‌ ده‌نگی ئه‌قڵ ده‌ترسێن؟ پارادۆکس ئەوەیە (ئەقڵ) لە (نیتشە)ەوە دەکەوێتە بەر گەورەترین ڕەخنە و لای (هایدیگەر)، (فۆکۆ)، (دێریدا) و زۆربەی فەیلەسووفانی دیکەی پۆستمۆدێرنیزم درێژەی دەبێت. (ڕێبین هه‌ردی) هه‌ر زوو گوتی (الله‌ اکبر الله‌ اکبر)ی  ئیسلامییه‌کان و (ئازادی ئازادی) عه‌لمانییه‌کان یه‌ک ئامانجیان هه‌یە! ئه‌رێ ئه‌م قسه‌یه‌ به‌ چ لۆجیکێک ڕه‌وایه‌؟ ده‌کرێت ده‌سته‌واژه‌یه‌کی دینیی، که‌ ئه‌گه‌ر لێی ورد ببینه‌وه‌ ناکۆکییه‌کی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ئازادیدا هه‌یه‌ له‌گهڵ ده‌سته‌واژه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیدا یەک ئامانجی هەبێت، که‌ ده‌یه‌وێت مرۆڤ له‌ کۆتوبه‌ندی ده‌ره‌کی ڕزگار بکات و به‌ ئازادی بژیێت. خه‌ونی ئیسلامییه‌کان هه‌رگیز ئه‌و خه‌ونه‌ نییه‌، که‌ به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵ ده‌یخوازێت. شێوه‌ و فۆرمی ئیسلامییه‌کان ئه‌وه‌ی فێر کردووین، که‌ ئه‌وان چ مه‌به‌ستێکیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت تاک چۆن بیر بکاته‌وه‌، ئه‌وان نه‌ک بڕوایان به‌ ئه‌و ئازادییه‌ نییه‌، که‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت، به‌ڵکو ده‌ست ده‌خه‌نه‌ بچوکترین شێوه‌ ژیانی تاکیشەوە. لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌کان هه‌ر خۆیان به‌ سه‌رچاوه‌ی گشت حه‌قیقه‌تێک ده‌زانن، حه‌قیقه‌‌تێکی موتڵه‌ق، کە نە جێگای پرسیارە و نە هیی ئەوەیە قسەی لێوە بکرێت. ئه‌م قسه‌یه‌ی (رێبین هه‌ردی) له‌ درووشمێکی ئاسایی زیاتر‌ هیچی دیکه‌ نادات به‌ده‌سته‌وه‌ و دەچێتە پاڵ ئەو درووشمانەی لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا پێیانەوە خەریک بووە. زمانی (ڕێبین هه‌ردی) چی دیکه‌ زمانی ڕۆشنبیرێکی جیاواز نییه‌، هێنده‌ی پارێزه‌ری لایه‌نێکی سیاسییانه‌یه‌، چونکه‌ زمانی ئەو جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ زمانی ئۆپۆزیسیۆندا نییه‌. من مه‌به‌ستم نییه‌ بڵێم ڕۆشنبیر نابێت پشگیری لە لایه‌نێکی سیاسی بکات، هێنده‌ی مه‌به‌ستمه‌ بڵێم ڕۆشنبیر له‌ هیچ دۆخێکدا زمانی خۆی له‌ ده‌ست نادات و بە زمانی ئەوان نایەتە دەنگ. لەم ڕوواداوانە و پێشتریش بەشداریی ڕۆشنبیرێکی وەک (ڕێبین هەردی) بەشدارییەکی فیزیکی بووە، واتە بەشدارییەک بووە لە ئاستی جەستە تێنەپەڕیوە، لە کاتێکدا ئەو بەشداریکردنە لای ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیرێک خاوەنی تێگەیشتنی جیاواز لە هیی کۆمەڵگا بێت، سنووری جەستە تێدەپەڕێنێت و دەچێتە ئاستی فیکرەوە، کە ئەمە وا دەکات ئەو ڕۆشنبیرە ڕۆشنبیرێکی پرۆبلەماتیکی بێت، واتە نەتوانین لە یەک ئاست و یەک ڕەهەنددا بیخوێنینەوە. ئێمە ئەگەر بمانەوێت لەبارەی (ڕێبین هەردی)یەوە بدوێین، دەبێت بۆ ئامادەبوونی فیزیکیی ئەو لە شەقام و لە کەناڵەکان بگەڕێینەوە، بەوەی لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا پڕۆژەی خۆی بە شێوەی نووسین نەخستووەتە بەردەستمان، بەڵکو مامەڵەیەکی ئیتیکیانە (Ethical Treatment)ی لەگەڵ رووداوەکاندا کردووە و لایەنگریی خۆیی بۆ داخوازییەکانی جەماوەر پێشان داوە. پڕۆژەکەی لەم ئاستە دەوەستێت و ڕێگامان نادات لە ئاستی دیکەدا بیخوێنینەوە.
لێره‌دا ده‌توانین ئه‌وه‌ بڵێین هه‌ر له‌و قه‌یرانه‌دا، زمانی (به‌ختیار عه‌لی)  تەواو له‌ زمانی ئه‌وانی دیکه‌ جیاواز بوو، یان ئەگەر لەوە دروستتر بۆچوونەکەمان دەرببڕین، ئەوا دەڵێین زمانی ئەو لە هیی زۆربەی (ڕۆشنبیرانی ڕەهەند!) جیاواز بوو. ئایا دەکرێت لەمەودوا (گرووپی ڕەهەندییەکان!) هەمان مانای پێش حەڤدەی شوباتی هەبێت، چونکە جیاوازییەکە لەنێوان (بەختیار عەلی) و ئەوانی دیکەدا لەوە دەرچووە تەنیا ئاستی تێگەیشتن و قووڵبوونەوە بێت، بەڵکو گەیشتووەتە جیاوازی لە ئاڕاستەی بیرکردنەوە و کارکردنیش. (ڕەهەند) وەک ئەو سیستێمە کۆمەڵایەتییەی لێ هاتووە، کە لەسەر پرینسیپی (هەموومان لەپێناو یەک ئامانجدا ڕەنج دەدەین و بەرهەمی خۆمان بە یەکسانی دابەش دەکەین) دامەزرابێت. ئەوە بیست ساڵە یەک دوو دەنگی تەمبەڵ لە سایەی ئەو پرینسیپەدا وەک ڕۆشنبیری گەورە و ئاکتیڤ خۆیان دەناسێنن، لە کاتێکدا ڕەنجەکە تەنیا هیی یەک (دوو!!) نووسه‌ره‌. هەیانە ئەگەر ناوی (ڕەهەند!!)ی لێ بکەیتەوە، تەنیا چەند درووشم و گوتەیەکی نەستەقی دەمێنێتەوە و باوەڕ ناکەم هیچ کەسێکی هۆشیار تاقەتی گوێگرتنی ئەو درووشم و قسە نەستەقانەی هەبێت، کەچی وەک ڕووناکبیری گەورە ناسراوە و بڕیار لەسەر ورد و درشتی کۆمەڵگا و کایەی ڕۆشنبیریمان دەدات. ناوی (ڕەهەند) تێگەیشتنێکی زۆر خراپی لە ناوەندی ڕۆشنبیریماندا خوڵقاندووە، بە ڕادەیەک وا دەزاندرێت هەر ئەندامێکی ئەو (گرووپە!!) خاوەنی توانایەکی بێوێنەی فیکرییە. ئێستایش خوێنەری ئاسایی وا دەزانێت فڵان ڕۆشنبیری (ڕەهەند!!) لە توانایدایە هەموو مێژووی فەلسەفەت لە سەردەمی گریکەوە تاکو ئەم ڕۆژگارە بۆ شی بکاتەوە، بێ ئەوەی هەرگیز لە خۆی پرسیبێت ئایا لە ماوەی بیست ساڵەدا ئەمەی کردووە، یان ئەگەر نەیکردووە بۆچی هەرگیز نایکات!! لە کاتێکدا چەند دەنگێکی دیکە، تەنیا لەبەر ئەوەی لەناو ئەو (گرووپە!!)دا نیین حیسابیان بۆ ناکرێت، با توانای ئەوانە زۆر لە سەرووی توانای ئەو چەند ڕۆشنبیرەی (ڕەهەند!!)یشەوە بێت.
یه‌کێک له‌و قسانه‌ی ڕۆشنبیر بەردەوام له‌ (سه‌رای ئازادی!!) و کەناڵەکانی ئۆپۆزیسیۆندا دەیگوتەوە ڕانەپەڕینی خەڵکی هەوڵیر بوو. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا دووجار له‌ هه‌ولێر هه‌وڵی خۆپێشاندان درا و دەستەڵات سه‌رکوتی کرد. ڕۆشنبیرمان هه‌بووە له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م ڕووداوه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی (هه‌ولێرییه‌کان)ی به‌کار هێناوه‌ و به‌ ترسنۆک ناوی بردوون. (ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین) لەژێر ناونیشانی (هه‌ولێرییه‌کان و پشێویه‌کانی ئازادی)دا بابەتێکی نوسیووە و ئاماژه‌ به‌ بێهه‌ڵوێستیی هه‌ولێرییه‌کان ده‌کات، به‌وه‌ی نه‌ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام. من مه‌به‌ستم نییه‌ باسی ئه‌و هۆکارانه‌ بکه‌م، که‌ بۆچی هه‌ولێر خۆپێشاندانی تێدا نه‌کراوه‌. به‌ڵکو ده‌مه‌وێت لەسەر یەک دوو پەرەگرافی بابەتەکەیدا هەڵوێستە بکەم. له‌ شوێنێکدا هاتووه‌:” (هایدگەر)  باسی لە(خوڵقاندنی زەمەن) کردووە، ئەم خوڵقاندنە چرکە ساتێکی  بوونگەراییە، تێدا مرۆڤ (خودبوونی) خۆی لەزەمەنیکی نوێدا دەۆزێتەوە، ئەم هێڵکاریەی نێوان بوون و زەمەن، لەڕۆحێکی کۆلکتیڤدا (دەستەجەمعی) وەریبگرین، ئەو هەقیقەتە هەستپێدەکەین کەخۆپێشاندانەکان، خۆی لەخۆیدا خوڵقاندنی زەمەنێکی نوێ بوو، لەم فەزا نوێیەدا لەسەرای ئازادی ئەکتەری نوێی سیاسی وئەکتیڤیستی کۆمەڵایەتی وئاینی نوێمان بینی کەتەعبیریان لەخۆیان کرد. ” هه‌ڵه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ (ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین) پێی وایه‌ بوون و زه‌مه‌ن دوو شتی جیاوازن، ڕسته‌ی (خوڵقاندنی زه‌مه‌ن …. که‌ تێیدا مرۆڤ خوودبوونی خۆی له‌ زه‌مه‌نێکی نوێدا ده‌دۆزێته‌وه‌) دوور و نزیک پێوه‌ندی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی (هایدیگه‌ره)‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ به‌ بڕوای (هایدیگه‌ر) بوون و زه‌مه‌ن هه‌ر یه‌کن و به‌شێکی دانه‌بڕاون له‌ یه‌کتر، به‌م شێوه‌یه‌ی (حه‌مه‌ئه‌مین) بێت، بوون ده‌توانێت به ‌بێ زه‌مه‌نیش هه‌بێت. هه‌ر له‌  کتێبه‌‌که‌ی (بوون و زه‌مه‌ن)دا گوزارشت له‌و بۆچوونه‌ی ده‌کات. (هایدیگه‌ر) ده‌سته‌واژه‌ی (Sein Zum Ende)، که‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ئه‌ڵمانییه‌ و به‌ مانای (بوونی به‌ره‌و کۆتایی) دێت، واتە بوونی مرۆڤ مادام له‌ناو کاتدایه‌، ئه‌وا ئه‌و بوونه‌ به‌ره‌و کۆتایی، که‌ مردنه‌، هه‌نگاو ده‌نێت، مردنیش لای (هایدیگه‌ر) کۆتایی به‌ بوونی (دازاین DASEIN) ده‌هێنێت. زاراوه‌ی (دازاین) مانای بوون له‌نێو جیهان ده‌دات، چونکه‌ جیهان پێشمه‌رجێکی ئۆنتۆلۆجییه‌ بۆ بوون. له‌مه‌وه‌ (هایدیگه‌ر) دژی ئه‌و بۆچوونه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌، که‌ شوێن بۆ بوون دیاری بکرێت، به‌ڵکو ئه‌و پێێ وایه‌ بوون لێره‌ دایه‌، واته‌ له‌نێو شوێندا و شوێنیش پێشمه‌رجه‌ بۆ بوون.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی نووسینه‌که‌دا هاتووه‌: ” تەنانەت نوسینی گوتارو پشتگیری ڕۆشنبیرانی هەولێر شەرمنانە وسەیر بوو، ئەمە ئەو هەقیقەتەیە، کەدیوێکی تاڵی خۆپێشاندانەکانی کوردستان بوو ” ئایا هه‌ولێرییه‌کان کێن؟ ئه‌وانه‌ی دایک و باوکیان هه‌ولێرییه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ دوورترین کیشوه‌ری ئه‌م جیهانه‌دا بژیێن، ئه‌وا هه‌ر هه‌ولێرین؟ مه‌به‌ست چییه‌ له‌ ڕۆشنبیرانی هه‌ولێر؟ ئه‌وانی له‌وێ نیشته‌جێن، یان ئه‌وانه‌ی به‌ وجود هه‌ولێرین؟ دابه‌شبوونی جوگرافیای هه‌ولێر ده‌بێته‌ دابه‌شبوونی وجودی تاکه‌کانیش؟ ئایا ڕۆشنبیرێک، که‌ پێی ده‌ڵێن هه‌ولێری ته‌نیا هیی هه‌ولێره‌؟ گریمان سبەینێ ڕۆشنبیرانی هەولێر دەکەونە ناڕەزایی و دێنە سەر شەقامەکانیش، بەڵام ئەمە لە فیکردا چ مانایەکی هەیە. ئەوسا ئەوانە لە هەولێرییەتی دەردەچن، یان وەک خۆیان دەمێنێنەوە؟ کەواتە لە هیچ بارودۆخێکدا ئەو چوارچێوەیەی (حەمەئەمین) گۆڕانی بە سەردا نایەت. ئەگەر ناوی ئەو فەیلەسووف و ڕووناکبیرانەی لە گوتارەکەیدا هاتوون، دەربهێنین، ئەوا ئەوەی دەمێنێتەوە هەر ئەو قسانەن، کە ڕۆژانە خەڵک لەنێوان خۆیاندا دەیانکەن. کوا جیاوازیی بۆچوونی ڕۆشنبیر لەگەڵ بۆچوونە باوەکانی ناو کۆمەڵگادا؟ نامەوێت لەوە زیاتری لێوە بدوێم، چونکە (کاروان عومەر کاکەسوور) لەو بارەیەوە گوتارێکی لەژێر ناونیشانی (هەولێر و هەولێری لە کۆنکرێتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە)دا نووسیوە و هەموو ئەو چەمکانەی هەڵوەشاندووەتەوە، کە (ئیسماعیل حەمەئەمین) گوتارەکەی خۆیی لەسەر دامەزراندوون. (چۆمان هه‌ردی) له‌ کاتی ده‌ستگیرکردنی (رێبین هه‌ردی) له‌ به‌رانبه‌ر بنه‌ماڵه‌ی (بارزانی) و (تاڵه‌بانی)دا ده‌سته‌واژه‌ی (بنه‌ماڵه‌ی هه‌ردی!)ی به ‌کار هێناوه‌ و دەڵێت بنەماڵەکەیان زوڵمی لێ دەکرێت. ئایا ئه‌مه‌یش هەمان مێنتاڵیتیی خێڵ نییه‌؟ کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ژێر گوتاری ڕۆشنبیریدا ئه‌م بۆچوونانه‌ ده‌رده‌بڕدرێن. هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ وا ده‌کات زمانی ڕۆشنبیر ئاسته‌کانی زمانی ڕۆژانە‌ی و بازاڕی تێنه‌په‌ڕێنێت. ڕۆشنبیرمان هه‌بووە به ‌ده‌یان شێوه‌ ته‌نیا یه‌ک قسه‌ی دووباره‌ کردووەته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ ده‌ستەڵات گه‌نده‌ڵه‌، دیکتاتۆره‌، توندوتیژه‌ و…. تاد. له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ ئاسانترین بۆچوونه‌ و که‌سانی دیکه‌یش ده‌توانن بیڵێن. ڕۆشنبیرمان هه‌بووه‌ له‌ که‌ناڵه‌کاندا به‌وه‌ کۆتایی به‌ قسه‌کانی هێناوه‌، که‌ حه‌یف بۆ حکومه‌تێک وه‌ڵامی نییه‌، یان له‌ خۆپێشاندانه‌کاندا خه‌ڵک کوژرا، گازی فرمێسکڕژێن به ‌کار هێندرا. له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ ئه‌رکی رۆژنامه‌نووسێکی ئاساییه‌ ئه‌م زانیاریانه‌ به ‌ده‌سته‌وه بدات‌. خۆ رۆژنامه‌نووسانیش هه‌مان ئاوازیان دووباره‌ ده‌کردەوه‌، په‌یامنێرانیش شتێکی نوێیان به‌ ده‌سته‌وه نەدەدا‌، هێنده‌ی درووشمه‌کانیان دووباره‌ ده‌کرده‌وه‌. له‌م نێوه‌نده‌دا که‌سانێک خۆیان نمایش کرد، که‌ ئه‌گه‌ر لێی ورد بببینه‌وه‌، وه‌کو (ئه‌لبێرت کامۆ) ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئه‌وانه‌ شوێنی کورسیی خۆیشیان له‌ مێژوو داگیر نه‌کردووه‌. دیاره‌ من ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌و که‌سانه‌ نییه‌، که‌ ناوه‌کانیانم هێناوه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌واندا چه‌ندین ڕۆشنبیرمان هه‌بووه‌ نه‌ک نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ک ڕۆشنبیری جیاواز و سەربەخۆ قسه‌ بکەن، به‌ڵکو بیروبۆچوونه‌کانیان هێنده‌ ساده‌ بوون‌، که‌ ئه‌وه‌ی که‌مێک له‌ قسه‌کانیان ورد بووبێته‌وه‌، له‌وه‌ تێگەیشتووە، کە ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌ی لێی قووڵ نه‌بووبێتنه‌وه‌ فیکره‌.
ڕۆشنبیر ئه‌رکی ئه‌وه‌ نییه‌ زانیاریی نێو هه‌رای سیاسی و بازاڕ بدات به‌ خه‌ڵک‌، چونکه‌ میدیا و خه‌ڵک خۆیان ئه‌وه‌ ده‌زانن، ئه‌رکی ڕۆشنبیر ئه‌وه‌یه‌ له‌ قووڵایی قه‌یرانه‌کان بکۆڵێته‌وه‌ و لێیان تێبگات، ڕۆشنبیر نابێت بۆچوونی خۆی به‌ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ بسه‌پێنێت، ‌هێنده‌ی هه‌وڵی ڕاڤە‌کردنی فیکریانه‌ بۆ قه‌یران و ڕووداوه‌کان بدات.
شۆرش، خۆپێشاندان، یاخیبوون ده‌کرێن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی هیچ فۆرمێکدا بخوێندرێنه‌وه‌، هه‌مووان ده‌چنه‌ ناو یه‌ک ریز، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌یان مه‌به‌ستێکی جیاوازتری له‌وی دیکه‌ هه‌یه‌، دواجار دیاریکردن یان گۆڕینی ئاڕاستە‌ی ئه‌و سێ شته‌ خۆڕسکه‌، زه‌برێکی کوشنده‌یه‌ له‌و توڕه‌بوونه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌. ده‌بێت هەموو به‌ زمانی خۆیان بدوێن، به‌ڵام نابێت هه‌موویان به‌ یه‌ک ئاواز سه‌ما بکه‌ن، چونکه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مانه‌ له‌ جیاوازیدا به‌ دیار ده‌که‌وێت. یه‌کێک له‌و درووشمه‌ سه‌رنجراکێشانه‌ی، که‌ له‌ شۆڕشی لاوانی ئایاری ساڵی 1968ی فه‌ره‌نسی هه‌ڵوسرابوو، ئه‌وه‌یه‌: لێمانگەڕێن با گشت شتێک بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئه‌م درووشمه‌ به‌و واته‌یه‌ی، که‌ خۆپێشانده‌ران له‌ هه‌موو شتێکی پێش خۆیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ زمانی (دێریدا) بێت، ئه‌وا ده‌بێت بڵێین هه‌ڵیده‌وه‌شێنه‌وه‌. هۆشیاریی خۆپێشانده‌ر ئاڕاستە‌ جیاوازه‌کانی یاخیبوون ده‌رده‌خات. یه‌کێکی دیکه‌ له‌و درووشمانه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ ئه‌مه‌یه‌: مامۆستاکان ئێوەش وەک کولتوورەکەتان وەک مۆدێرنیزم کۆن بوونە، مۆدێرنیزمەکەتان بریتیە لە مۆدێرنیزەکردنی پۆلیس و کولتوورەکەش تەواو تێک شکاوە.  له‌م درووشمه‌وه‌ کاریگه‌ریی بیریارانی پۆستمۆدێرنه‌ به‌سه‌ر هۆشیاریی خۆپێشانده‌راندا ده‌بینین، بێگومان ئه‌وانی ئه‌م درووشمه‌یان نووسیوه خۆپێشانده‌ری ئه‌و شۆڕشه‌ن، له‌مه‌وه‌ تێده‌گه‌ین لانیکەم ئه‌وانه‌ ئاگایان له‌ تێزه‌کانی (نیتشه‌)، (هایدیگه‌ر)، (فوکۆ) و (دۆلۆز‌) و (دێریدا) و زۆرانی دیکه‌ هه‌یه‌، ئایا ئه‌مه‌ کاریگه‌ریی ڕۆشنبیران به‌ سه‌ر هۆشیاریی تاکه‌کان پێشان نادات؟ فیکر نابێته‌ پڕۆژه‌، به‌ڵام تاک ده‌توانێت به ‌هۆیه‌وه‌ هۆشیار ببێته‌وه‌، ئایا به‌شێک له‌ ڕۆشنبیرانی ئێمه‌ له‌و سه‌کۆیه‌دا هه‌وڵیان دا تاک هۆشیار بکه‌نه‌وه‌؟ ئایا ئه‌وان به‌ زمانێک دوان، که‌ ته‌عبیر له‌ بۆچوونه‌ سه‌ربه‌خۆکانیان بکات، به‌و مانایه‌ی ئایدیای نوێ بە دەستەوە بدەن له‌ به‌رانبه‌ر ئایدیا گشتییه‌کانی نێو بازاڕ و هه‌رای سیاسیدا؟
کۆمه‌ڵگای کوردی وەک هەر کۆمەڵگایەکی دیکە کۆمه‌ڵێک هێزی ناوه‌کی دژ به‌ یه‌کی له‌ خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، که‌ جه‌مسه‌رێکی ئه‌و هێزه‌ ناوه‌کییه‌ ده‌یه‌وێت نه‌گۆڕێت و ئاڕاستە‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان له‌ ئاست واقیع و جه‌وهه‌ری خۆیدا بکات. له‌ ناوه‌ڕۆکدا ئه‌و دوو هێزه‌ دژ به‌یه‌که‌، چونکه‌ له‌ گۆڕان و نه‌گۆڕان تێگه‌یشتنێکی قووڵیان نییه‌، ته‌نیا هه‌وڵه‌کانیان له‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی ڕووکه‌شیانه‌ تێپه‌ڕ ناکات، ئه‌م ڕووکه‌شییه‌ ساده‌ییه‌ بۆ تاکی کورد هه‌موو شتێکه‌، به‌و مانایه‌ی تاکی ئێمه‌ توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و دوو هێزه‌ دژ به‌یه‌که‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ خودی ڕاستەقینە‌ی شته‌کان تێبگات. وه‌ک ئه‌شکه‌وته‌که‌ی (ئه‌فلاتون) وایه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ فه‌یله‌سووف له‌و ئه‌شکه‌وته‌دا ئه‌و که‌سه‌ نییه‌، که‌ بیه‌وێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خودی ڕاستەقینە‌ی شته‌کان ببینێت، به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ بوونی نییه‌، به‌ڵکو له‌ناو ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌دا ئه‌و دوو هێزه‌ دژبه‌یه‌که‌، کێشه‌که‌یان له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و بچووکی سێبه‌ره‌کانه‌، نه‌وه‌ک ئه‌و شته‌ ڕاسته‌قینه‌ی سێبه‌ره‌کان دروست ده‌کات.  بۆیه‌ تاکی کورد، ئه‌گه‌ر نه‌توانێت ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ تێک بشکێنێت، ئه‌وا هیچ کات ناتوانێت له‌و ئه‌شکه‌وته‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌وه‌ تێبگات، که‌ هه‌ر دوو هێزه‌ دژ به‌یه‌که‌که‌ ڕاستییان لێ ونبووه‌ و به‌ دوای سه‌راب که‌وتوون، هاواری حه‌شامه‌تیش هه‌مووانی مه‌ست کردووه‌. یاخیبوونی به‌ کۆمه‌ڵ ده‌توانێت ئه‌و شێوازه‌ بێت، که‌ هه‌مووان زنجیری کۆیله‌بوونیان بپچڕێنن و به ‌رێگه‌وه‌ بن بۆ ئه‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵ له‌ ئه‌شکه‌وت بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و سیحری ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ ناوه‌کییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌تاڵ بکه‌نه‌وه‌، ئاخۆ له‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌شکه‌وته‌که‌دا کێشه‌ی گه‌وره‌یی و بچووکیی سێبه‌ر مانایه‌کی ده‌مێنێته‌وه‌؟ ئایا تاکو ئێستا به ‌کۆمه‌ڵ توانیومانه‌ سیحری ئه‌و دوو هێزه‌ ناوه‌کییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌تاڵ بکه‌ینه‌وه‌؟ به‌ مانایه‌کی دیکه‌ تاکی کورد هه‌ستی به‌وه‌ کردووه‌ جه‌مسه‌ره‌ دژ به‌یه‌که‌کان هیچ نین، جگه‌ له‌ بانگه‌شه‌ کردن بۆ سێبه‌رێک، که‌ هه‌مووان وا ده‌زانن خودی شته‌ ڕاسته‌قینه‌که‌یه‌؟ ئایا له‌ دوای حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه ئه‌و یاخیبوونه‌ ئاستێکی مێتافیزیکیی وه‌رگرتوو و مێتافیزیکای پێش خۆی تێپه‌ڕاندوه‌؟ یان خۆیشی له‌و ئاسته‌دا نمایشی تووڕه‌بوونێکی ڕووکه‌شیانه‌ی کردووه‌ و لەناو هەمان مێتافیزیکای پێش خۆیدا ماوەتەوە؟ ئایا به ‌شێوه‌یه‌کی کەڵەکتیڤ توانی سیحری هێزه‌ دژبه‌یه‌که‌ ناوه‌کییه‌که‌ی کۆمه‌ڵگا به‌تاڵ بکاته‌وه‌؟ یان ئه‌و یاخیبوونه له‌پاڵ یه‌کێک له‌ ئایدیاکانی دوو جه‌مسه‌ره‌ دژ به‌یه‌که‌وه‌ بوو؟ ئایا به‌شێک له‌ ڕۆشنبیرانمان هاواریان کرد با ئیتر خه‌ڵک ململانێ بۆ گه‌وره‌یی و بچووکیی سێبه‌ره‌کان نه‌که‌ن، تاکو هه‌موویان هه‌وڵ بده‌ن له‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و دنیا ڕاسته‌قینه‌کە ببینن؟ دیاره‌ هه‌ندێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ تاکو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت و بە خه‌ڵکی ناو ئه‌شکه‌وت بڵێن هه‌ر هه‌وڵێک بۆ ناسینی ڕاستی له‌ناو ئه‌شکه‌وت، هه‌وڵە بۆ به‌ درۆکردنی ڕاستی، بگرە ئه‌و ڕۆشنبیره‌ هه‌ر خۆی ململانێی له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و بچووکیی سێبه‌ره‌کان کردووه‌، بۆیه‌ نه‌ک نه‌یتوانیوه‌ ئاسته‌کانی ئه‌و واقیعه‌ تێبپه‌ڕێنێت، به‌ڵکو خۆیشی له‌ژێر گه‌وره‌یی و بچووکیی سێبه‌ره‌کاندا بانگه‌شه‌ی ڕاستەقینە‌ی شته‌کانی کردووه‌. هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌و ئه‌شکه‌ته‌ سێ ئه‌نجامی هه‌یه‌. یه‌که‌م: ئه‌وه‌ ده‌زانین، که‌ سێبه‌ره‌کان فریویان داوین و ئه‌وانه‌ خودی ڕاستەقینە‌ی شته‌کان نه‌بوون. دووه‌م: ده‌توانین سه‌ربه‌ست بین، چونکه‌ زانین بۆ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ بتوانێت خۆی له‌ کۆت و به‌ندی ئه‌و سێبه‌رانه‌ ڕزگار بکات. سێیه‌م: ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌م چاره‌نووسی خۆمان، واته‌ خۆمان چاره‌نووس بۆ خۆمان دیاری ده‌که‌ین، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی، که‌ باوه‌ڕیان به‌ سێبه‌ره‌کان هه‌یه‌، وه‌ک ڕاسته‌قینه‌یه‌کی له‌ گومان به‌ده‌ر. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ئه‌نجامانه‌ کێشه‌دارن بۆ ئه‌و تاکه‌ی له‌نێو کۆمه‌ڵێکدایه‌ و جه‌وهه‌ری ناوه‌کی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ جیاوازیی هه‌ڵناکات. هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ وا ده‌کات مرۆڤ له‌و ئازادییه‌ هه‌ڵبێت، که‌ له‌ رێگه‌ی ڕاستییه‌وه‌ پێی گه‌یشتووه‌. ئایا ڕۆشنبیر ده‌بێت له‌و ئازادییه‌ هه‌ڵبێت؟ یان ئه‌زموونی ئه‌و ئازادییه‌ پێشانی ئه‌وانی دیکه‌ بدات؟ پیشانی ئه‌وانه‌ی له‌نێو ئه‌شکه‌وت زاناکه‌یان پێیان ده‌ڵێت هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی باش بخه‌ون، ده‌بێت ڕۆشنبیر وه‌ک (زه‌راده‌شت)ه‌که‌ی (نیتشه‌) وابێت، که‌ له‌ ئاست قسه‌ی زانا رێزداره‌که‌ پێبکه‌نێت و بڵێت: خه‌واڵوه‌کان به‌خته‌وه‌ره‌ن، چونکه‌ به‌م زوانه‌ لێی ده‌خه‌ون.  ڕۆشنبیر ده‌بێت دەرک به‌وه‌ بکات مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ خه‌وتنێکی باشه‌، چه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕۆشنبیر ببێته‌ ئه‌و زانایه‌، که‌ ئامۆژگاریی خه‌ڵک بکات بۆ خه‌وتنێکی باش. ئایا زمانی به‌شێک له‌ ڕۆشنبیرانمان له ‌ئاست ئه‌و ڕووداوا‌نه‌دا زمانێک نه‌بوو، که‌ پێمان بڵێت ئاوا بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی باش بخه‌ون، نه‌وه‌ک پێمان بڵێن له‌ ده‌ره‌وه‌ی خه‌وی نێو ئه‌شکه‌وتدا، دنیا گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌که‌ین. ئه‌وانه‌ی لێره‌ن و بانگه‌شه‌ی شته‌ ڕاستەقینە‌کان ده‌که‌ن، نابێت له‌ پێشمانه‌وه‌ بن و بوونمان داگیر بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌وان ته‌نیا و ته‌نیا سێبه‌ره‌کان ده‌بینن، ڕاستەقینە‌ی شته‌کانیان لێ ونبووه‌، هه‌مووان له‌و داوه‌دا گیریان خواردووه‌. پێده‌چێت چێژی بێئاگایی هه‌مووانی مه‌ست کردبێت، هه‌مووان له‌نێو ئه‌شکه‌وتدا ته‌نیا درووشم بڵێنه‌وه‌، ئایا له‌و ئه‌شکه‌وته‌ ته‌سکه‌دا بانگه‌شه‌کردن بۆ جه‌مسه‌رێک له‌ جه‌مسه‌ره‌ درۆینه‌کانی نێو ئه‌شکه‌وت، مانای گه‌یشتنه‌ به‌ ئازادی؟ یان ئه‌وه‌تا ئامانجه‌کان هێنده‌ بچووکن، که‌ ده‌کرێت هه‌موو هه‌ر له‌نێو ئه‌شکه‌وت بمێننه‌وه‌ و به‌ خواسته‌کانیان بگەن. ئه‌گه‌ر به‌شێک له‌ ڕۆشنبیرانمان ئه‌وه‌یان پێی گوتووین، ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ ئه‌م رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌ نابێت بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت، چونکه‌ مه‌به‌سته‌کانیان له‌ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا ده‌پێکێت، هێنده‌ هه‌یه‌ به ‌سه‌ر هێزی به‌رانبه‌ردا زاڵ بین و له‌نێو ئه‌شکه‌وتیشدا گۆڕان بکه‌ین! کێشه‌ی زمان، یان (ئۆکتاڤیۆ پاز) گوته‌نی گه‌نده‌ڵی زمانی به‌شێک له‌ ڕۆشنبیرانمان له‌ قه‌یرانی حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ ئه‌وه‌بووه‌، که‌ زمانی ئه‌وان بانگه‌شه‌کردن نه‌بووه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ ئه‌شه‌که‌وت، به‌ڵکو زمانی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌شکه‌وتدا نه‌یتوانیوه‌ تێبپه‌ڕێت. شته‌ ڕاستەقینە‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت، ئه‌و  ڕاستییه‌ن، که‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین جێنیشینانی ناو ئه‌شکه‌وتی پێیه‌وه‌ هۆشیار بکه‌ینه‌وه‌. لێره‌دا پرسیاێک دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ هه‌موو که‌سه‌کانی ناو ئه‌شکه‌وت ده‌یانه‌وێت هۆشیار ببنه‌وه‌؟ ره‌نگه‌ یه‌کێک‌ له‌ نموونه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌کان، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان بداته‌وه‌، ئەویش هه‌واڵی مردنی خواوەندە، که‌ (زه‌راده‌شت) (مه‌به‌ست له‌ (زه‌راده‌شت)ی کاره‌کته‌ری (وه‌های گوت زه‌راده‌شت)ی نیتشه‌یه‌، که‌ له‌وێدا زه‌رده‌شت هه‌واڵی بوونی سوپه‌رمان و مردنی خوا به‌ خه‌ڵک ده‌ڵێت) به‌ جینیشینه‌کانی ناو ئه‌شکه‌وتی داوه‌، له‌ ئه‌نجامدا به‌شێک له‌ جینشینه‌کانی ناو ئه‌شکه‌وت به‌و هه‌واڵه‌ ده‌گه‌شێنه‌وه‌ و سه‌ما ده‌که‌ن، به‌شه‌که‌ی دیکه‌یش زه‌نده‌قیان ده‌ڕژێت و به‌ سه‌ختی به‌رپه‌چی ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی به‌و هه‌واڵه‌ خۆشحاڵن، ئه‌و ده‌سته‌یه‌ن، که‌ ده‌مێکه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ن، که‌ تینووی ئازادیین، یان به‌ واتایه‌کی دیکه‌ تینووی هه‌واڵکی له‌و چه‌شنه‌ن، چونکه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ سه‌ربه‌ستبوونی مرۆڤ له‌ کۆتوبه‌ندی کۆیله‌بوون بۆ هێزێکی دیکه‌ ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. ئه‌مه‌ وه‌ک نموونه‌یه‌ک، که‌ مه‌به‌ستم لێی ئه‌وه‌یه‌ به‌شێکی زۆری نیشته‌جێیه‌کانی نێو ئه‌شکه‌وت تینوون بۆ ئه‌و ئادیایانه‌ی، که‌ مرۆڤ له‌ کۆیله‌بوون ڕزگار ده‌که‌ن، تامه‌زرۆی ئه‌وه‌ن ڕاستییه‌کان بزانن، چونکه‌ هه‌ستیان به‌وه‌ کردووه‌ ژیان له‌ته‌ک ئه‌و سێبه‌رانه‌، به‌و شێوه‌ داخراوییه‌ی نێو ئه‌شکه‌وت، چه‌نده‌ مرۆڤ له‌ خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ زمانی (هایدیگه‌ر) گوزارشت له‌وه‌ بکه‌ین، ئه‌وا ده‌ڵێین: پڕۆژه‌کانی ڕۆژانە‌ی دازاین به‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ و ئه‌وان به‌و جۆره‌ی ده‌یانه‌وێت بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن: ئه‌وانیش، که‌سانێک نین بناسرێنه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌موویان له‌یه‌کدی ده‌چن و نوێنه‌رایه‌تی یه‌کدی ده‌که‌ن. له‌م داگیرکردنه‌ به‌رچاونه‌که‌وتوه‌دا تاک ده‌بێته‌ ئه‌وان و ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وان زۆرتر ده‌کات.  که‌واته‌ ئه‌وانه‌ی خۆشحاڵن، چاوه‌ڕێی هه‌واڵێکی وەهان و ئه‌م چاوه‌ڕێبوونه‌ش له‌ ئه‌نجامی هه‌وڵدانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستی و هۆشیاربوونه‌وه‌یان له‌وه‌ی، که‌ دەستەڵاتی زلهێزی ناو ئه‌شکه‌وت بوونیان داگیر کردووه‌ و ناتوانن ئازاد بژیێن، به‌ شێوه‌یه‌ک تاک که‌وتووەته‌ ژێر کاریگه‌ریی ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وان و ناتوانێت خۆی بێت. هه‌رچی ئه‌وانه‌ن، که‌ به‌م هه‌واڵه‌ تووشی شۆکێکی گه‌وره‌ ده‌بن، ئه‌وانه‌ن، که‌ نایانه‌وێت هۆشیار ببنه‌وه‌ و هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن هه‌ڵخه‌ڵه‌تاون، به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ئه‌وان چێژ له‌و ناهۆشیارییه‌ ده‌بینن و تێیدا نقووم بوونه‌، دۆگمای نێو ئه‌شکه‌وت داگیری کردوون، که‌سانێکن هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ باش بخه‌ون.
چۆن ده‌توانین به‌م ئادیایه‌ گوزارشت له به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ بکه‌ین، که‌ وه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێی داوه‌ زمانیان ئاسته‌کانی زمانی ڕۆژانە‌یی (Vulgar)یان تێنه‌په‌ڕاندووه‌، به‌ڵکو خۆشیان ئه‌و زمانه‌ به‌کار ده‌هێنن؟ ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌، چونکه‌ نه‌چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت، جگه‌ له‌ ململانێی نێو ئه‌شکه‌وت (ململانێ له‌سه‌ر ئاستی زمان) ئاگایان له‌وه‌ نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دنیا چۆنه، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ نایانه‌وێت وێنای ده‌روه‌ی ئه‌شکه‌وت بۆ که‌سانی نێو ئه‌شکه‌وت بکه‌ن، ئه‌مه‌یش به‌رگریکردنه‌ له‌ دۆگمای نێو ئه‌شکه‌وت. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ بن، که‌ ده‌نگی ناوه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌یان کپ کردبێت‌، که‌ چاوه‌ڕێی هه‌وڵێکن بۆ ده‌رچوون له‌ دۆگمای نێو ئه‌شکه‌وت و هۆشیاربوونه‌وه‌ له‌ دۆگمای سێبه‌ره‌کان. ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ له‌ رێگه‌ی زمانه‌وه‌ پێیان گوتین، هیچ شتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت بوونی نییه‌، به‌وه‌دا ئه‌شکه‌وت بووه‌ چه‌قی ململانێکانیان. نابێت چاوه‌ڕێی دەستەڵاتی ره‌های ناو ئه‌شکه‌وت بکه‌ین، که‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وتمان ببات، چونکه‌ ئه‌و دەستەڵاته‌ خۆی باش ده‌زانێت، که‌ به‌ بینینی دیمه‌نی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت، سیحر و کاریگه‌یی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ و ناتوانێت له‌وه‌ زیاتر ئه‌وانی دیکه‌ بکاته‌ کۆیله‌، به‌ڵام جه‌مسه‌ره‌ دژه‌که‌ی دەستەڵات لانیکه‌م ده‌بێت هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات له‌و به‌شه ‌ده‌نگکپکراوه‌ی که‌سانی نێو ئه‌شکه‌وت بگه‌یه‌نێت، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌دا ده‌شێت جیهانێکی گه‌وره‌ و به‌رفراوان هه‌بێت بۆ خه‌ونه‌کانمان، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ دەستەڵاتێکی دۆگمایی نه‌توانێت بوونمان داگیر بکات، نه‌وه‌ک ململانێی بۆ ئه‌وه‌ بێت خۆی ببێته‌ خاوه‌نی دەستەڵاته‌ ڕه‌هاکه‌. له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ خه‌ونی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یان کوشت، که‌ ده‌یانویست بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت، هه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ یاخییه‌ی کرده‌ مه‌به‌ستی ململانێکانی و دووباره‌ ده‌یانکاته‌وه‌ کۆیله‌. ئه‌مە واقیعی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ یاخییه‌یه‌، که‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌یان بهێننه ‌دی، که‌ به‌ شێوه‌ ژیانێکی جوانتر‌ و شیاوتریان ده‌بینی، شێوه‌ ژیانێک ئه‌شکه‌وته‌کەی کوردستان سێنتڕاڵی نییه‌، به‌ڵکو ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وتدا مه‌یسه‌ر ده‌بێت. ئاماده‌بوون دەستەڵاتی ره‌های نێو ئه‌شکه‌وت له‌ رێگه‌ی قوربانیدان تێک بشکێنن و بیانه‌وێت برۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت تاکو له‌ کۆیله‌بوون ڕزگاریان بێت، به‌ڵام ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی ئاڕاستە‌ی رێگای ده‌رچوونیان له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو دۆگمای ئه‌شکه‌وت گۆڕیی، به‌مه‌دا رێگای له‌ خۆپێشانده‌ران گۆڕی، به‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی تێزه‌ ساده‌کانیانه‌وه‌ ئه‌وه‌یان پێ گوتن، ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌شکه‌وت چه‌قی ململانێکانه‌. ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ ترسیان له‌وه‌ بوو خه‌ڵک بگاته‌ ده‌روه‌ی ئه‌شکه‌وت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ توانیی شته‌ ڕاستەقینە‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌ ببینێت، له‌وه‌ تێده‌گه‌ن ڕۆشنبیرانیش چه‌نده‌ سێبه‌ره‌کانیان گه‌وره‌تر و پیرۆزتر کردووه‌.
دوای هەموو ئەمانە دەبێت ئێمە بپرسین چۆن ئەم زمانە سادە و ڕووکەشە تێبپەڕێنین؟ بە مانایەکی دیکە چ زمانێک دەتوانێت ئێمە بباتە ناو دنیای دوای حەڤدەی شوباتەوە؟ چۆ بتوانین پشت لەو تێگەیشتنە ستانداردە بکەین، کە وا لە ڕۆشنبیر دەڕوانێت بوونەوەرێکی بوێرە و توانای هەیە لە شەقام و لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆندا دەربکەوێت، تاکو تووڕە ببێت و ناڕەزایی دەرببڕێت؟ چۆن دەکرێت وێنەیەکی نوێی ڕۆشنبیر دابهێنین، کە کەموزۆر لەو وێنە ستانداردە نەچێت؟ چۆن دەتوانین لەمەودوا ڕۆشنبیر لە ڕێگای بەرهەم و پڕۆژەکانیەوە بناسینەوە و لەوێوە بیخوێنینەوە، نەوەک لە ژمارەی دەرکەوتنەکانی لە تیڤی و لەسەر شەقامەکاندا؟ چۆن لە ئێستاوە واز لەوە بهێنین ڕۆشنبیرەکان بە کۆ بخوێنینەوە، با ئەوانە لە هەمان دامودەزگایش کار بکەن، یان با ئەوانە ستافی یەک گۆڤاریش بن؟ ئەرێ زمانی ئەو ڕۆشنبیرە مادام لە ئاستی ئەو بیست ساڵەی پێش حەڤدەی شوباتدا نەبێت، ئەی چۆن دەتوانێت لە دوای حەڤدەی شوباتەوە کاریگەریی هەبێت و گۆڕانکاریی بێنێتە دی؟ ئایا ڕۆشنبیری ئێمە، بە تایبەتی نەوەی نوێ توانایان هەیە  پۆستفێبریوەری ڕابگەیەنین؟ مەبەستم لە وشەی (پۆست Post) تێپەڕاندنە وەک لای فەیلەسووفانی پۆستمۆدێرینتە داهێندراوە، کە جاڕی بەسەرچوونی مۆدێرنیتییان داوە. ئایا زەمەنی دوای (فێبریوەری) تەواو بووە و ئێمە پێمان خستووەتە ناو (پۆستفێبریوەری)یەوە؟


سۆران ئازاد

———————————————————–

سەرچاوەکان………

[1] http://www.columbia.edu/itc/architecture/ockman/pdfs/dossier_4/Baudelaire.pdf

[٢] http://foucault.info/documents/whatIsEnlightenment/foucault.whatIsEnlightenment.en.html

[٣] INTERVIEW WITH SLAVOJ ZIZEK: The one measure of true love is: you can insult the other. by: Sabine reu and Thomas Deichmann.

[٤] . Martin Heidegger/ Identity and Deference/ translated and with an introduction by Joan Stambaugh

[٥] Nitzsche, Friedrich Wilhelm / Thus Spoke Zarathustra/ Translated By Walter Kaufmann/ Page (14)

[6] ئازاد حه‌مه‌ / ئاماژەکانی درووشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریس/ سایتی ده‌نگه‌کان

[7] هەمان سەرچاوە

[8] من که‌مێک وێنه‌ ڕەسەنه‌که‌ی (ئه‌فلاتون)م بۆ ئه‌شکه‌وت ده‌ستکاری کردووه‌. (ئه‌فلاتون) له‌ دیالۆگی (کۆمار)دا ئه‌شکه‌وت به‌و شیوه‌یه‌ وێنا ده‌کات، که‌ کۆمه‌ڵه‌ که‌سێک له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌نێو ئه‌شکه‌وت مل و قاچه‌کانیان به‌ زنجیر به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ده‌رگای ئه‌شکه‌وته‌که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ و له‌وانه‌وه‌ دووره‌، ده‌رگاکه‌یش به‌ قه‌د پانیی ئه‌شکه‌وته‌که‌یه‌ و ڕووناکی له‌وێوه‌ به‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌ ده‌گات. رووناکییش بۆ نێو ئه‌شکه‌وته‌که‌ له‌و ئاگره‌وه‌ دێت، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ پشتیانه‌وه‌ هه‌ڵکراوه‌. له‌نێوان ئه‌وان و ئاگره‌که‌دا راڕه‌وێکی درێژ هه‌یه‌. له‌ (کۆمار)ه‌که‌دا هاتووه‌: وای دابنێ له‌به‌رده‌م ئه‌م ڕاڕاوه‌دا، وه‌کو چیغی به‌رده‌م شانۆی بووکه‌شووشه‌ بۆ هه‌ڵسووڕانی بووکه‌کان دیوارێکی نزم هه‌ڵچنراوه‌. وای دابنێ هه‌ندێک که‌س له‌ودیو دیواره‌که‌وه‌ په‌یکه‌ری مرۆڤ و ئاژه‌ڵیان به‌ کۆڵه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ به‌رد و ته‌خته‌ و شتی دیکه‌ داتاشراون و هاتوچۆ ده‌که‌ن. هه‌ندێکیان ده‌دوێن و ئه‌وانی دیکه‌ بێده‌نگن. (بڕوانه‌: ئه‌فلاتون/ کۆمار/ وه‌رگێڕانی: د. محه‌مه‌د که‌مال/ به‌شی حه‌وته‌م/ ل 227 / له‌ بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ 2009)

پارادۆکس ئه‌وه‌یه‌ کاتێ ئه‌و ڕووناکییه‌ی دێته‌ ناو ئه‌شکه‌وت و به‌ر شته‌کان ده‌که‌وێت، سێبه‌ر دروست دەکات. ئەوانەی ناو ئەشکەوت وا ده‌زانن ئه‌وه‌ شته‌ ڕاستەقینە‌که‌یه‌ و ئیتر نازانن ڕاستەقینە‌ی ئه‌و ته‌نه‌ی سێبه‌ری دروست کردووه‌، چییه‌. ده‌ستکارییه‌که‌ی من ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی نێو ئه‌شکه‌وت به‌ زنجیری ئاسایی به‌ند نه‌کراون، به‌ڵکو ناو ئه‌شکه‌وت کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌ و هه‌موو پێکهاته‌یه‌کی کراوه‌ی تێدایه‌، هێنده‌ هه‌یه‌ خه‌ڵک ناتوانێت گریمانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بکات و بزانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ شتە ڕاستەقینە‌کان چۆنن. هه‌ر له‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگا داخراوه‌دا، که‌ من به‌ ئه‌شکه‌وتم شوبهاندووه‌، جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ک هه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ نیین، که‌ به‌ ڕاستییه‌کان بگه‌ن و خۆیان له‌ فریوی سێبه‌ره‌کان ڕزگار بکەن، به‌ڵکو ململانێکانیان بۆ دەستەڵاتی نێو ئه‌شکه‌وته‌. که‌واته‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت ئه‌و کۆمه‌ڵه‌، ئه‌گه‌ر ئاگاداریی ئه‌وه‌ نه‌بن، که‌ هه‌ر جه‌مسه‌رێک له‌وانه‌ دەستەڵات بگرێته‌ ده‌ست، هیچ له‌وه‌ ناگۆرێت، که‌ ئه‌وان له‌ کۆتوبه‌ندی سێبه‌ره‌کان ڕزگاریان ببێت، به‌ڵکو جەمسه‌ری ڕاستەقینە‌ ئه‌وه‌یه‌ بیانباته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت و خودی ڕاستەقینە‌ی شته‌کان ببینن. لای من ململانێ سیاسییه‌کانی نێو گۆڕه‌پانی دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن به‌و شێوه‌یه‌.

 

[9] Nitzsche, Friedrich Wilhelm / Thus Spoke Zarathustra/ Translated By Walter Kaufmann/ Page 19

 

 

[10] هایدیگه‌ر و شۆڕشێکی فه‌لسه‌فی/ د. محه‌مه‌د که‌مال/ له‌بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ 2007. ل320

هه‌روه‌ها بڕوانه‌: Martin Heidegger/ Being and Time, translated by John Macquarrie and Edward Robinson/ Page 164

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.