
دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا و زۆرینەی خەڵکی
لە 99% ی خەڵکی ئەمریکا دژی کەمیننەیەکی 1% ی دەوڵەمەند ڕاپەڕین . ماوەیەکی زۆرە ، تەنها کەمینەییەکی زۆر کەمی ئەمریکی ، سوود لە ئابووری بەهێز و دەوڵەمەندی ئەمریکی دەبینن. هەر ئەمەش وایکردووە کە زۆرینەی خەڵکی توورە بکات.
خۆپیشاندانەکان پرووشکی زۆری لێبوویەوە. ئەوەی کەلە باشووری مانهاتن ” نیۆرک” دەستیپێکرد ، توانی شوێنەکانی تریش بسووتێنێت: لە سان فرانسیسکۆ ، کە قەڵایەکی کۆنی چەپەکانی ئەمریکاییە، هەروەها ئەم خۆپیشاندانە شوێنە خامۆشەکانی تریشی گرتەوە وەکوو ئاتلانتا ، خۆپیشاندانەکان لە کۆتایی هەفتە ، ناوشاریان داگیرکرد . خۆپیشاندانەکان هەموو ئەمریکای گرتەوەو گەیشتە ناو واشینتۆنیش . ئەمڕۆ بزاڤی Occupy Wall Street ( کەمانای ۆڵ ستریت داگیربکەن . *) هەموو ئەمریکای هەژاندووە.
لەسەرەتادا ئەم بزاڤە بریتیی بوو لە کۆمەڵێکی بچووکی خەڵکی ناڕازی کە زیاتر : دژی جەنگ ، دژی چاوچنۆکی سەرمایەداری بوون ، کەتەنها لە بەشێکی کەمی شارە گەورەکاندا ئەکتیڤ بوون، کە لە باشترین حاڵەتدا ژمارەیان نەدەگەیشتە سەد کەس.
بەڵام لەهەموو خۆپیشاندانەکاندا وێنەیەکی گەورەیان بەرز دەکردەوە کە تێیدا بە گەورەیی نووسرابوو : ( ئێمە ڕێژەی 99% ی خەڵکی ئەمریکایین).
لە سەدا 99 ی خەڵکی دژی یەک لەسەدی1% خەڵکی ئەمریکان ، کە دەوڵەمەندەکان دەگرێتەوە. ئەم ژمارە حسابییەش کرایە گۆڕەپانی شەڕ. یان باشتر بڵێم کرایە : ( قەبرستان) . سنووری جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەندی ، بەشێوەیەکی ترسناک لەیەکتر دوور کەوتۆتەوە، هەمووکاتێك جیاوازییەکی ئێجگار گەورە هەبووە لە داهاتی تاکەکەسی لە نێوان کەمینەیەک کە زۆرترین داهاتییان هەیە ، لەگەڵ زۆرینەیەکی ئەمریکی ، کە ژمارەیان بە ملیۆنان کەسە کە هیچیان نییە ، ئەمەش هەموو کاتێک قسەوباسی سەرشەقامی ئەمریکی بووە.
ئەم جیاوازییە زۆرە لە ساڵانی حەفتای سەدەی پێشووەوە دەستیپێکرد . لە ساڵی 1970 وە هەتاوەکوو ئەمرۆ ، داهات و مووچەی بەڕێوبەرە گەورەکان Top-Managern چوار قات زیادیکردووە. هەر لەبەرئەمەشە کە ڕێژەی دیاریکراوی داهاتی تاکەکەسی ، بە ڕێژەی 26% تووشی ( تضخم المالی) بووە. هەر لەبەر ئەوە ، کێ لەسەرەوە بوو ، هەمووکاتێک بە خێراترین کات ، زۆرترین داهاتی دەستدەکەوت . داهاتی ئەو کەسانەی کە زۆرترین مووچەو داهاتی تاکەکەسیان هەبوو، کە دەتوانیین بیانکەین بە سێ بەشەوە:
یەکەمیین بەش:
ژمارەیان لە هەزاران کەس پێک دێت و زیاتر خەڵکانی بازرگان و تۆپ مەنێجەری Top-Managern ئەمریکی دەگرێتەوە، لە نێوان ساڵانی 1970 تا ساڵی 2008 ، بە ڕیژەی 385 داهاتییان زۆرتر بووە، کە داهاتی هەریەکەیان ساڵانە دەگاتە نزیکەی 5.600.000 دۆلار .
دووەمیین بەش :
ئەو کەسانەن کە خاوەنی داهاتی بەرزن کە ڕێژەی ( 0،1 تا 0،5 دانیشتوانی ئەمریکا دەبن ) داهاتی ساڵانەیان بە ڕێژەی 141 بەرزبۆتەوەو ساڵانە نزیکەی 878.139 دۆلاریان دەست دەکەوێت.
سێهەمین بەش :
ئەم خەڵکانە ، کە ڕێژەی ( 0.5 تا 1.0 دانیشتوانی ئەمریکا پێکدێنن) ، بە ڕێژەی 90% داهاتییان زیادیکردووە، بە جۆرێک کە سالانە داهاتییان دەگاتە نزیکەی 443.102 دۆلار.
لەبەرامبەر ئەماندا ، نزیکەی 137 ملیۆن ئەمریکی کە رێژەی 90% ی ئەمریکا دەبن ، داهاتی ساڵانەیان دەگاتە 31.244 دۆلار بەڵام لە نێوان ساڵانی 1970 هەتاوەکوو ساڵی 2008 ، یەک سەنت داهاتی ساڵانەییان زیادی نەکردووە..
ئەمەش ڕاستییەکی نوێی کۆمەڵگای ئەمریکایە ، هەر ئەمەش وایکردووە کە ئەمریکا بەسەر دووبەش دا دابەشبکرێت : ( چینی دەوڵەمەندەکان و ئەوانی تر کە زۆرینەی کۆمەڵگای ئەمریکا پێک دەهێنن) .
ڕاستە تەنگەژەی ئابووری و مالی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی زیاد کرد ، وە ملیۆنەها چینی ناوەنجی ” ناوەراستی ” ئەمریکا ، ترسی لە کار و ماڵی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام لە راستیدا شەڕی هێزە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کە ئەمریکا وێران دەکەن ،مێژوویەکی زۆر درێژی هەیە . هەتاوەکوو کۆتایی هەفتاکانی سەدەی پێشوو ، چینی کرێکارانی ئەمریکی ، داهاتی تاکەکەسیان ڕوو لە زیادبوون و گەشەسەندن بوو. لە نێوان ساڵانی 1947 ( واتە پاش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان) هەتا ساڵی 1979 ، ڕێژەی بەرهەم هێنان و داهاتی تاکەکەسی ،بەشێوەیەکی گشتگیرانە ، ڕوو لە بەرزبوونەوەو گەشەسەندن بوو. جێگای گووتنە بەم ساڵانە لە مێژووی ئەمریکا دا دەڵێن ” “fair deal”.
بەڵام ئەم بارە خۆشە درێژەی نەکێشاو لە سەرەتای هەشتاکاندا هەمووی لەناوچوو. لەساڵی 2007 دا ئەو سەد یەکەی ئەمریکا ( مەبەستی دەوڵەمەندەکانە،،،، وەرگێر) ڕێژەی 23.8% کۆی گشتی داهاتی ئابووری ئەمریکایان بۆ خۆیان دەبرد . ئەمە لە حالەتێکدا ، ساڵی 1976 ، ئەم چینە دەولەمەندە ، تەنها رێژەی 8.9 % کۆی گشتی داهاتی ئەمریکایان دەبرد .
Robert Reich رۆبێرت ڕایش ، کە پرۆفیسۆرەو پێشتریش لە حکومەتی بیل کلینتۆن دا ، وەزیری کار بووە. پێی وایە . ئەم ڕێژەیە واتە 23% یە ، لە ساڵی 1928 هەتاوەکوو ئێستا بەرزترین ڕێژەیە . هەروەک چۆن ساڵی 1928 پاش ڕووداویی Great Depression ** جیهان تووشی تەنگەژەی ئابووری بوو، بەهەمانشێوەش ساڵی 2007 جیهان تووشی گەورەترین تەنگەژەی ئابووری بووە. رۆبێرت ڕایش پێشی وایە ، کەهەر ئەم تەنگەژە ئابوووریە گەورەیە بۆتە هۆی ئەم بێ سەرووبەریەی ئەمڕۆ.
لەسەردەمی ڕۆنالد ڕیگنەوە ( سەرۆکی ئەمریکا بوو ، لەنێوان ساڵانی 1980 تا 1988،،،،وەرگێر)
حکومەتی واشینتۆن ، دەرگای بۆ بازاڕی ئازاد کردۆتەوە و هەروەها بە شێوەیەکی ڕەها بازاڕی ئازاد کردووەو دەستیکردووە بە پریفاتیزەکردن ( فرۆشتنی کەرتی گشتی بە کەرتی تایبەتی) ، هەروەها باجی لەسەر داهاتی تاکەکەسی دەوڵەمەندەکانی ، زۆر کەم کردۆتەوە. لەکاتێکدا چینی ناوەنجی ” ناوەڕاستی ” ئەمریکی ، هەتا ساڵی 2008 هێزی کڕینی کەم بۆتەوەو هەتاوەکو ملی لە قەرزدا خنکاوە. هەربۆیە ئەمڕۆش ئەمریکا تووشی داڕمان بووە.
ڕۆبێرت ڕایش پێی وایە کە :
( هەتاوەکوو جارێکی تر باری ژیانی چینی ناوەڕاست باش نەکرێت و نەیەتەوە سەر خۆی ، ئابووری ئەمریکا ناتوانێت لەم کێشەیە بەسەلامەتی بێتە دەرەوەو لە داڕمانی ئابووری ڕزگاری بێت .).
تەنها دەوڵەمەندەکان ، کەڕێژەیان ناگاتە 5% ی کۆی دانیشتوانی ئەمریکا ، ناتوانن ئابووری ئەمریکا لە داڕمان رزگار بکەن .
ئەم سیستەمە نوێییە جێگای خۆی چەسپاندووە /
ئەم سیستەمە نوێیەی ئابووری ئەمریکا ، بەتەواوەتی خۆی چەسپاندووە. بەپێی یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ” سیستی گرووپ” ، ” ئابووری دەوڵەمەندەکان ” خۆی چەسپاندووە.
لەکاتێکدا کە ئەو سەدا یەکەی کە داهاتێکی زۆرییان هەیە ، ساڵانە بەقەد لە 60% ی دانیشتوانی ئەمریکی وەردەگرێت . هەروەک بانکەکان لە ساڵی 2005 وە بڵاویانکردەوە کە ئەم چینەی سەروی ئەمریکا ، توانیوویەتی کۆنتڕۆڵی لە 90% ی سامانی ئەمریکا بۆ خۆی بکات .
Ajay Kapur, کە پێشتر سەرۆکی سیتی گروپ بووە دەڵێت :
( گەشەسەندنی ئابووری و بەشێکی زۆری شمەکەکانی ناوبازار ، تەنها لەلایەن کەمینەیەکی دەوڵەمەندەوە قۆرخکراوە. لەکاتێکدا زەوی لەسەر ماسوولکەی هەژاران دامەزراوە، بەڵام خاوەن کارەکان ، کە زۆر شیکانە و سادانە ، بە پشت بەستن بە تەنکنەلۆژیای نوێ و بارە نوێکەی گلۆبالیزم ، توانیووییانە بۆ سودی خۆییان ئابووری نیشتمانی بەکاربهێنن.)
لەناوبردن وداڕمانی چینی ناوەاستی ئەمریکی ، بەماوەیەکی زۆر پێش تەنگەژە ئابووریەکە دەستیپێکردووە، بەتایبەت لە ساڵانی نەوەتەکانەوە داڕمانەکە زۆرتربوو. لەنێوان ساڵانی 1990 تا وەکو 2008 ، زیاتر لە 27.3 ملیۆن کەس ، کارەکەی لەدەستداوەو کەوتۆتە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای ئەمریکا . پسپۆر و زانای ئەمریکی میشائیل سپێنس Michael Spence ( کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵیشە) دەڵێت:
( ئەم نەگبەتییە بەشێکی زۆری ئابووری ئەمریکای گرتەوە، کە دەتوانم بڵێم بە رێژەی 97% ی هەموو کەرتە ئابووریەکانی ئەمریکای گرتەوە. لەکاتێکدا کەئەم بەشانە ، هیچ کاتێک بەر کێبرکێیەکی دەرەکی نەکەووتوون ” واتە ئەم بارە خراپە ، لەئەنجامی کێبرکێی کەرتە ئابوورییەکانی ئەمریکا ، لەگەڵ کەرتی بیانی ، تووشی ئەم زەرەرو زیانە نەبوون ، بەڵکە بەهۆی خراپی سیستەمی ئابووی ئەمریکا خۆیەوە ، تووشی ئەم حالەتە بوون )
گەورەترین کەرتی ئابووری ئەمریکا ، ( کەرتی تەندروستی و کەرتی خزمەتگوزاری حکومییە). کەهەردووکیان بە دوو ماتۆڕی گەورەی ئابووری ئەمریکا دادەنرێت ، نزیکەی 10.4 ملیۆن کەس تێیدا کاردەکەن . بەڵام Michael Spence دەڵێت :
( ئەم دوو کەرتە ئەمڕۆ تووشی گەورەترین ترس بوونەتەوەو لەهەمانکاتیشدا خراپترین جێگای کارن ، ئەویش بەهۆی بوونی قەرزداری حکومەت و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ” التقشف، کەمکردنەوە خەرجی حکومی” ئەمەش وایکردووە کە فەرمانبەری نوێی حکومی و دکتۆر و پۆلیسی نوێ دانەمەزرێنرێت)
بەپێچەوانەی ئەم کەرتە گرینگەی ئابووری ئەمریکا، کەرتەکانی تری کە پشت بە بازاڕی جیهانی دەبەستێت ، لێرەدا ( واتە ئەم کەرتە ئابووریانە) ، پشت بە کۆمپانیای ” تأمین ” و قەرزی بانکە جیهانییەکان دەبەستن ، بەتایبەت کۆمپانیا گەورەکانی بواری کۆمپیوتەر ، داهات و موچەی ڕاوێژکار و بەڕێوبەرەکانیان ، زۆر بەرزە. ئەمانە کەبە (Topjobs ) ناسراون ، هەمووکاتێک داهاتییان ڕوو لەبەرزییە.
لەساڵی 2000 وە بەگشتی پاش ئەوەی کە کەرتی پیشەشازی ئەمریکی تووشی کێشەبوون و بەشێکیان داخران، کۆمپانییاکان دەستیانکردووە ، بە ڕووتانەوەی ئەو شەش ملیۆن بێکارەی ، کەخاوەنی هیچ بڕوانامەیەکی زانستی و زانکۆیی نین ، هەربۆیە بە کەمترین نرخ ئامادەن کاربکەن.
کۆمپانییاکانیش ئەمانە بە خراپترین شێوە بۆ سوودی خۆیان دایاندەمەزرێنێت. خەڵكێکی زۆر تەنها دەتوانێت لەڕێگای کارێکەوە داهاتی دەسبکەوێت ، کە کەمترین موچە دەدەنە کرێکاران.
ئەمەش دەمانگەیەنێتیە دەرئەنجامێکی بەم جۆرە :
نیوەی هەموو هەلی کارە نوێکانی ئەمڕۆ ، هەتاوەکو ساڵی 2018 ، ئەو کارانەن کە کرێیەکی زۆر کەم بە کرێکار دەدەن.. تەنها سێ یەکی 1/3 ی هێزی کاری ئەمریکی داهاتی باش دەبێت. ئەمەش دەمانگەینێتە ئەو دەرئەنجامەی ، کە ئەم ناکۆکی و ئاڵۆزییە بەردەوام دەبێت و خراپتریش دەبێت.
نووسینی : کریستیان ڤێرنیک
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
Ardellen4@yahoo.de
پەراوێز:
*ۆڵ ستریت ناوی شەقامێکی ئەمریکییە لە شاری نیۆرک کە باڵەخانەی بۆرسەی مالی ئەمریکایە تێدایە.
** Great Depression ساڵی 1928 ، بۆرسەی نیۆرک ، گەورەترین داڕمانی لە نرخی پشکەکانیدا ڕوویدا. هەر پاش ئەمە بووە هۆی دروستبوونی گەورەترین تەنگەژەی ئابووری لەو ساڵەدا ، کەهەموو جیهانی گرتەوە.
سەرچاوە :
ڕۆژنامەی زیود دویتچە تسایتوونگ .
Christian Wernicke-.Amerikas Reiche – und der große Rest.. www. Süddeutsche Zeitung. De