ژێرزه‌مینێک.. پڕ له جوانی … حه‌مه مه‌نتک
له شاری سلێمانی، پشت مه‌یدانی سه‌را، گه‌راجی پاسه‌کانی تووی مه‌لیکه، له ژێرزه‌مینه‌که‌ی ته‌لاری هوشیار قه‌فتان، چه‌ند کتێبخانه‌یه‌ک هه‌ن. یه‌کێ له‌وانه کتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنووسه. به دوو قاندرمه ده‌توانی بۆ ئه‌و ژێرزه‌مینه(کتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنووس) بڕۆیت، به هه‌رکامیان بڕۆیت جیاوازی نییه. له‌م ماڵه گچکه‌لانه‌یه کۆمه‌ڵێ گه‌نج ڕۆژی هه‌ینیان دانیشتی ئه‌ده‌بی ده‌به‌ستن. زۆر گوتن قورئان خۆشه، هه‌موو هه‌ینییه‌ک، ئه‌زموونی نووسه‌رێک، ده‌قێک(شیعر، چیرۆک، ڕۆمان)، شانۆنامه‌یه‌ک، فیلمێک به‌رباس ده‌درێت. ئه‌وه‌ی له‌م ماڵه جێی نابێته‌وه قسه و باسی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌به، به تایبه‌ت سیاسه‌ت.
کاتێک سیاسه‌ت تا بینه قاقای هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵی کوردی هاتووه. کاتێک هه‌ر له منداڵێکه‌وه تا گه‌نج و پیره‌کان، بوون به شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی. نێو ماڵه‌کان، نێو بازاڕ، بن دیواری مزگه‌وتان، هه‌ر سیاسه‌ت به‌رباس ده‌درێت. بۆیه‌یش کاتێک شوێنێک بۆ به‌رباسدانی جوانی نا‌مێنێته‌وه، شوێنێک بۆ بیرکردنه‌وه له پرسیاره جددیه‌کان نه‌بێت. کاتێک شوێنێک بۆ ده‌ربڕین و ئاڵوگۆڕکردنی بیری جوایه‌ز، گوته‌ی جوایه‌ز نه‌مێنێت. ئه‌وا مرۆڤ ناچاره به‌دووی شوێنێکی ئارام و دوور له ژاوه‌ژاو، دوور له حه‌کایه‌تی سیاسی بگه‌ڕێت. ئه‌مه له کاتێکدا چالاکی ئه‌ده‌بی، کۆڕی شیعر…تاد هه‌موویان یێک شێوازن، واته پاته‌بوونێک به هه‌موو ئه‌و کۆڕانه‌دا دیاره. کۆڕی شیعر خوێندنه‌وه ئه‌نجامده‌درێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی دوای شیعر خوێندنه‌وه‌که، یێک په‌یڤی ڕه‌خنه له باره‌ی ده‌قه‌کانه‌وه بگوترێت.
له که‌شێکی وه‌هادا، چه‌ند گه‌نجێک له کچ و کوڕ بیرۆکه‌ی دانیشتنی ئه‌ده‌بییان خسته به‌رباس. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رنا پێش هه‌موو شتێک واقیعێکی تر، ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند کاتژمێرێکیش بێ، بخولقێنن. واقیعێک جوایه‌ز له‌و واقیعه ڕۆژانه‌ییه‌ی تێیدا ده‌ژین. هه‌روه‌ها واقیعێکی ئه‌ده‌بی جوایه‌زتر له‌و واقیعه ئه‌ده‌بییه هه‌میشه پاته‌بووه‌وه‌ی بوونی هه‌یه. چونکو یه‌که‌م خه‌می ئه‌وان درووست‌کردنی ڕه‌خنه‌ی جددی، گوتووبێژی ئه‌ده‌بی له‌مه‌ڕ ئه‌ده‌بییاته.
له زنجیره کارتۆنی (ڕۆمیۆ)، که چه‌ند جارێک تماشام کردووه، باس له کۆمه‌ڵێ منداڵ له ئیتاڵیا ده‌کا، که‌سێک ئه‌و منداڵانه له گونده‌کان ده‌کڕێت و له شار بۆ وه‌رزێک به خه‌ڵکی ده‌یانفرۆشێته‌وه، تاکوو ئه‌وانیش ئیشی دووکه‌ڵکێش پاککردنه‌وه‌یان پێ بکه‌ن. له‌و شاره‌دا هه‌ر کۆمه‌ڵه منداڵێک گرووپێکیان هه‌یه، وه‌کوو گرووپی گورگه‌کان، گرووپی دووپشک. منداڵه دووکه‌ڵکێش پاککه‌ره‌وه‌کان، به سه‌رۆکایه‌تی (ئه‌لفرێدۆ) به هاوکاری(ڕۆمیۆ)، له ژێرزه‌مینێک کۆده‌بنه‌وه بۆ پێکهێنانی گرووپێک به ناوی گرووپی دووکه‌ڵکێش پاککه‌ره‌وه‌کان. هه‌ریه‌ک له‌و منداڵانه له‌و ژێرزه‌مینه مۆمێک داده‌گیرسێنن، به هه‌موویان ژووره‌که ڕووناک ده‌که‌نه‌وه. هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وێک بۆ گرووپه‌که‌یان داده‌نێنن، که جوایه‌زه له په‌یڕه‌وی گرووپه‌کانی دی. ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌شیان جوایه‌زه.
مه‌به‌ستم له‌م کارتۆنه ئه‌وه‌یه، هه‌ر هۆڵه بریقه‌داره‌کان و باره‌گه به‌ناو ڕۆشنبیرییه‌کان، شوێنی به‌رهه‌مهێنانی جوانی نین، ده‌کارێت ژێرزه‌مینه‌کانیش پڕ بکرێن له جوانی، له دنیابینی جوایه‌ز له‌و دنیابینییه‌ی ده‌ره‌وه. ئه‌م ژێرزه‌مینه‌ی له سه‌ره‌وه ناونیشانیم نووسی، یه‌کێ له ئامانجه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی جوانییه، له‌وێدا، بیرکردنه‌وه‌ی جوایه‌ز، دیدی جوایه‌ز، ڕه‌خنه‌ی جددی بوونی هه‌یه. هه‌ر که‌سێک باوه‌ڕ ناکا، ده‌توانێ هه‌ینییه‌ک بێت و ئاماده بێت.
من له زۆربه‌ی دانیشتنه‌کان ئاماده‌ییم هه‌بووه، تاک و ته‌را نه‌بێ. له ڕێکه‌وتی(24- 6- 2011) یه‌که‌م دانیشتن ئه‌نجامدرا. ئه‌و ده‌ق و به‌رهه‌مانه‌ی که بیرمه تا ئێستا به‌رباس درابن، ده‌قی ئه‌م نووسه‌رانه‌ن: (ڕێبوار سيوه‌يلی، به‌ختيار عه‌لی، كاروان كاكه‌سوور، عه‌تا محه‌مه‌د، نه‌جات نوری، ڕه‌فيق سابير، ئاكۆ كه‌ريم مه‌عرووف، جه‌ميل سائيب، ڕێبوار حه‌مه ڕه‌حيم، به‌كر عه‌لی، ئه‌حمه‌د موختار، قوبادی جه‌ليزاده، هيوا قادر، جه‌مال غه‌مبار، به‌رزان هه‌ستیار، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) هه‌روه‌ها دوو شانۆگه‌ری و فیلمێک. ئه‌وه‌ی جێی سرنجه، له‌وێ ده‌ق ده‌په‌یڤێت، به‌و مانایه‌ی ده‌ق خۆی وا ده‌کا که ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته بکرێ، یان گوتووبێژی جددی له باره‌وه بکرێ. ئه‌مه‌یش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه، که ته‌نێ ده‌ق وا له‌و که‌سانه ده‌کا، چۆنی قسه له‌باره‌وه بکه‌ن. هیچ پاڵنه‌رێکی تری وه‌کوو: هاوڕێیه‌تی نووسه‌ری گه‌وره(ئه‌گه‌ر هه‌بێت)…تاد بوونی نییه. له‌وێدا بیروڕای جوایه‌ز دێته به‌رهه‌م، ئه‌مه‌یش یه‌کێک له ئامانجه‌کانی ئه‌و دانیشتنه‌یه.
یه‌کێک له خاسیه‌ته‌کانی ئه‌و دانیشتنانه که پێی ناسراوه و من زۆر به دڵمه، ڕه‌خنه‌ی جددییه. به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه، دوو قازانجی هه‌یه، یه‌که‌م: ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه و گۆڤاره ئه‌ده‌بییه‌کان بکه‌ین،له‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه خاڵییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه، ته‌نێ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌کانه، یان ئه‌گه‌ر شیعر بێ، ڕاڤه‌کردنی مانای شیعره‌که‌یه به په‌خشان. بۆیه‌یش به‌رهه‌مهێنانی مۆدێلێکی وای ڕه‌خنه، بۆ ئێستای ئه‌ده‌بی کوردی پێویسته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وا ده‌کا ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه بگردرێت، ده‌قه‌که خۆیه‌تی، نه‌ک هۆکاری تر.
دووه‌م: درووست‌کردنی توانای ڕه‌خنه‌گرتن، واته بوێری له کن ئه‌و که‌سانه‌ی، که له‌وێدا ده‌په‌یڤن درووست ده‌کا. له‌و ژێرزه‌مینه، که‌س سانسۆر نییه، که‌س ڕێگر نییه، ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر چۆن له باره‌ی ده‌قه‌که‌وه ده‌په‌یڤێت، وه‌کوو پێشتر گوتم، ده‌قه‌که وامان لێ ده‌کا چۆنی له باره‌وه بپه‌یڤین. ئه‌م بوێرییه، له ڕه‌وتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی زۆر لاوازه. ئه‌و گوتاره ڕه‌خنه‌ییانه‌ی نووسراون، یان پێداهه‌ڵدان، یان هێرشکردنی که‌سی بووه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سرنجه، ئه‌و پڕۆژه ئه‌ده‌بییه‌ی غه‌زه‌لنووس زۆرجار تانه و پلاری لێ ده‌درێت. به‌وه‌ی شوێنێکه بۆ لێدانی کتێب، شوێنێکه بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌ق. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاکوو ئێستا کراوه، به گه‌واهی ئه‌و نووسرانه‌ی که ده‌قه‌کانیان قسه‌یان له باره‌وه کراوه و خۆیشیان له‌وێ ئاماده‌ییان هه‌بووه، ته‌نێ ده‌قه‌کان سه‌نگی مه‌حه‌ک بوونه. هه‌وڵدان بۆ کوشتنی پڕۆژه‌یه‌کی وه‌ها، جگه له کوشتن و چه‌پاندنی ڕه‌خنه و گوتووبێژی ئه‌ده‌بی جددی چیتر نییه. له بری ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌کی وه‌ها پاڵپشتی بکرێ، هاوکاری بکرێ. تانه و پلاری لێ ده‌درێت.
سه‌رنووسه‌ری یه‌کێک له گۆڤاره‌کان، که هه‌میشه باس له ئازدی و دیموکراسی و ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌کات. که‌سێکی وه‌کوو ئه‌و، هه‌میشه له‌سه‌ر تێلیڤزیۆن و گۆڤار و ڕۆژنامه‌کان له باره‌ی ئازادی و ئازادی په‌یڤین ده‌په‌یڤێت. به‌ڵام بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه و له کتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنووس گوتبوی:” فه‌یله‌سووفه‌کان لێره نین؟” ئه‌م پلاره‌ی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره یاخییه‌که، زۆر له هاوڕێیانی غه‌زه‌لنووسی تووشی شۆککرد. به‌و مانایه‌ی که‌سێکی وه‌ها چۆن دژ به پرۆژه‌یه‌کی ئه‌ده‌بییه. له کاتێک سه‌رزار و بنزاری ئازادی بیروڕایه. من ده‌ڵێم غه‌زه‌لنووس شوێنێک نییه بۆ چه‌له‌حانێی سیاسی، شوێنێکه ئێستاتیکای ئه‌ده‌بی لێ به‌رباس ده‌رێت، بۆیه‌یش ڕه‌نگه ئه‌مه نامۆ بێ بۆ کاکی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌که، چونکو ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ناوبراو شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسییه، نه‌ک ئه‌ده‌ب دۆست. لێدانی پلاری وه‌ها، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه، که ئه‌ده‌ب و ئێستاتیکای ئه‌ده‌ب، جوانی له هه‌ر شوێنێک بێ له‌م هه‌رێمه، هه‌وڵی کپکردنی ده‌درێ. ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ر شتێکی نوێ، دیارده‌یه‌کی نوێ، پڕۆژه‌یه‌کی نوێ درووست بێ، نه‌یاری ده‌بێ، ئه‌مه‌یان شتێکی سرووشتییه، به‌ڵام بۆ که‌سانێک، هه‌میشه گله‌ی ئه‌وه بکه‌ن، بیروڕا ئازاد نییه، خۆیان به ڕۆشنبیر بده‌نه قه‌ڵه‌م، نه‌یار و دژی پڕۆژه‌ی ئه‌ده‌بی و هه‌وڵدان بۆ ڕه‌خساندنی که‌شێک بۆ دیدی جوایه‌ز بن، ئه‌وه جێی پرسیاره، من ئه‌و جێی پرسیاره له خۆیان ده‌که‌م.
ئه‌م هه‌موو پلارانه، له‌و تێڕوانینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، که ئه‌م ژێرزه‌مینه شوێنێکه ده‌ق و کتێبی تێدا له سێداره ده‌درێت. به‌ڵام خاوه‌نی ئه‌م هزرانه، له‌وه بێ ئاگان، نموونه‌ی ئه‌م جۆره دانیشتنانه، له وڵات و شوێنانی تر چۆنبووه. بۆ نموونه ئه‌و دانیشتنانه‌ی چیرۆک‌نووسی گه‌وره‌ی ئێران(هۆشه‌نگ گوڵشیری) سه‌رپه‌رشتی ده‌کرد. کاتێک چیرۆکێک قسه‌ی له باره‌وه ده‌کرا، به شێوه‌یه‌ک ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گیرا، تێبینی له باره‌وه ده‌گوترا، که چیرۆک‌نووس زۆر سوودی له‌و ڕه‌خنه و تێبینیانه وه‌رده‌گرت و چیرۆکه‌که‌ی پێ پوخت تر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کرد.
له شاری که‌رکووک، ئه‌و ده‌مه‌ی گرووپی دووی که‌رکووک له شه‌ست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بوونی هه‌بوو. له‌وانه(سه‌رگۆن پۆڵص، جه‌لیل قه‌یسی، جان ده‌مۆ، فازڵ عه‌زاوی) و چه‌ند که‌سێکی تر، ئه‌مانه‌یش که له‌باره‌ی ده‌قێکه‌وه ده‌په‌یڤین، قسه‌ی جددی و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیان ده‌گرت. دواتر سه‌رگۆن بوو به ڕابه‌ری شیعری نوێی عه‌ره‌بی، ده‌گێڕنه‌وه هێندێکجار سه‌رگۆن پۆڵص ده‌قی دڕاندووه.
ئێمه له غه‌زه‌لنووس نه ده‌ق ده‌دڕێنین، نه کتێبان له سێداره ده‌ده‌ین، به‌ڵکه ئه‌وه ده‌قه وامان لێ ده‌کا، چۆنی له باره‌وه بپه‌یڤین. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی جددی، بوونی نه‌بێ، ئه‌وا ده‌قی جوانیش به‌رهه‌مناهێندرێ. ئێمه ناکرێ به هه‌موو نزایه‌ک ئامین بێژین. هه‌ر ده‌قێکمان خوێنده‌وه بکه‌وینه ستایشکردنی، که تاکوو ئێستایش نووسه‌ری کورد ئه‌وه‌ی ده‌وێ، به داهێنانی له قه‌ڵه‌م بده‌ین. پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، له نێو ئه‌ده‌بی کوردی، هیچ کات بایه‌خی پێ نه‌دراوه، ئه‌م چه‌ند ده‌نگه‌ی ژێرزه‌مینه‌که‌ی پشت سه‌را، له‌م پڕۆژه‌یاندا، له هه‌وڵدا ده‌بن ئه‌و شه‌خته‌یه بشکێنن، هه‌ر نا ئه‌وه‌نده‌مان پێ ده‌کرێ خۆمان له‌سه‌ر بوێری ڕه‌خنه‌گرتن ڕابێنین، ئه‌وێ ژێرزه‌مینێک نییه، شوێنی ئه‌شکه‌نجه و لێدان بێ، شوێنێکه پڕه له جوانی، پڕه له دنیابینی جوایه‌ز له‌سه‌ر بنه‌مای ئێستاتیکای ئه‌ده‌ب.