
خانی و پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی نه‌ته‌وه‌یی
مهم و زین گه‌وره‌ترین کاری ئه‌ده‌بی کوردییه له مێژوودا و تا ئێستا هیچ تاکه‌کاریکی ئه‌ده‌بی کوردی نییه که له مهم و زینی خانی تێپه‌ڕاندبێ. خانی زانینێکی ئینسیکلۆپیدایی قووڵ و به‌رینی له کاره‌که‌یدا جێکردؤتهوه که وای لێکردووه ببێته دنیایه‌کی تایبه‌تی که سه‌رنجدان و گه‌ران و قوولبوونه‌وه تێیدا، هه‌میشه به‌رهه‌می نوێ و تازه به‌ده‌سته‌وه بدات. موعجیزهکهش ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌موو زانست و بابه‌تانه‌ی له بۆته‌ی کارێکی درامی تراژیدی هونه‌ریدا جێکردؤتهوه به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به هیچ ناهاوتایی، زیاده‌رۆیی، ناسه‌نگی و ناهونهرییهک له کاره‌که‌یدا بکه‌ین. به‌لام به‌داخه‌وه نه‌ک ته‌نیا خویندنه‌وه‌ی تازه بۆ خانی ناکرێ، تا ئێستا هیچ لایه‌نێکی ئه‌و ئینسکلۆپیدیا مه‌زنه‌و هونه‌ره داهینه‌ره به شیوه‌یه‌کی ره‌خنه‌یی ئه‌کادیمی پوخت ڵیکنهدراوهتهوهو گهوههرههکانی ئاشکرا نه‌کراون و بایه‌خی نه‌ته‌وه‌یی و فیکریی و ئه‌ده‌بییان نه دۆزراوه‌ته‌وه. دیاره گه‌ره‌ترین کارێک له‌م بواره‌دا کرابێ کاره‌که‌ی د. عیززه‌ددین مسته‌فا ره‌سوله. ده‌توانین بڵێم، له ئاستی لێکؤڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، هیچ تاکه کارێکی لێکؤلینه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی زانستی له کارێکی ئه‌ده‌بی، تا ئێستا نه‌گه‌یشتۆته ئاستی لێکؤلێنهوه به نرخه‌که‌ی د. عیزه‌ددین سته‌فا ره‌سول ده‌رباره‌ی مهم و زینی خانی.. د. عیزه‌دین هه‌ولیکی زانستی و ئه‌کادیمی سیستیماتیکی و سه‌ختی (جددی) داوه که جیهانی زانینه ئینسکلۆپیدیاییهکهی خانیمان پێبناسێنێ. به‌لام به حوکمی ئه‌وه‌ی دکتۆر ته‌نیا لایه‌نێکی یان چه‌ند لایه‌نێکی نه‌گرتووه و هه‌ولی داوه له لایه‌نه فه‌لسه‌فی و سۆفیگه‌ریی و که‌لتووری و ئه‌ده‌بییه‌کانی به گشتی بکۆڵیته‌وه، ئه‌وا سه‌رجه‌می کاره‌که‌ی که‌شفێکی زانستی یه‌کجار زانستی وئه‌کادیمی یه‌کجار بایه‌خداره، به‌ىی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی هه‌بێ قوولاییهکان بپشکنێ و هه‌موو ئاسۆکان بدۆزێته‌وه یان له ستراکتوری ناوه‌وه‌ی چیرۆکه‌که وه‌ک درامایه‌کی ستراتیجی بکۆلێته‌وه. دیاره ئه‌مه ره‌خنه نییه له دکتۆر، به‌لکو راگه‌یاندنی سنوربه‌ندی هه‌ر تاکه کارێکه ده‌رباره‌ی خانی، که به راستی ده‌یان کاری پسپۆری گه‌ره‌که تا مه‌ته‌ل و ته‌له‌و ته‌واوی ئاخاوتنه‌کانی خانی، ده‌خوێنینه‌وه. لێکۆلینه‌وه‌که‌ی د.عیزه‌دین به عه‌ره‌بییه‌و له ساڵی 1979 چاپ کراوه. به داخه‌وه، تا ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، تا ئێستا ئه‌و تاقانه کاره‌ش نه‌کراوه به کوردی.، که ده‌بوو هه‌ر به کوردی بنووسرایه‌و به ده‌یان هه‌زار دانه‌ی لێ بلاوبکرابایهوه.
مه‌به‌ستی هه‌ره‌گه‌وره‌ی خانی ته‌نیا ئه‌وه نه‌بوو به زمانی کوردی بنوسێ یان چیرۆکی عیشقی کچ و کوڕی کورد بۆ نه‌وه‌کانی دادێ بگێڕێته‌وه، به‌لکو ئه‌وه‌ی کرده به‌هانه بۆ پرۆژه‌یه‌کی مه‌زنی دامه‌زراندنی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و پرۆژه‌ش وه‌ک زۆر به هه‌له بۆی چوون، له پێشه‌کییه‌که‌یدا ده‌ست پێناکا و کۆتایی نایه، ته‌واوی کاره‌که‌ی خانی ده‌زگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کوردییه به فه‌لسه‌فه ده‌ستپێده‌کاو به ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی کۆتایی دێ. به‌رله‌وه‌ی تیئۆری و پراکتیس و نمونه‌کانی ئایدیۆلۆجی و ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆراوایی ده‌رکه‌ون خانی ئه‌و ده‌وله‌ته‌ی به شێوه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ره مۆدێرن دامه‌زراندووه که بنچینه‌که‌ی و فۆرمه‌که‌ی زمانه‌و فه‌لسه‌فه‌که‌ی عیشقه‌و پاله‌وانه‌که‌ی مرۆڤی کوردی عاشقه‌و ناوه‌رۆکه‌که‌ی که‌لتوری نه‌ته‌وه‌یی یه‌و ئامرازه‌کانی بیر‌و و زانست سیاسه‌ت و هونه‌رو ئایینن.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوای زیاتر له 300 ساڵ به سه‌ر دانانی بناغه فه‌لسه‌فی و فیکری و که‌لتووری و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانی ئه‌و دامه‌زراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌دا، نه‌ک به داخه‌وه هیچی ئه‌وتۆ بۆ خانی و پرۆژه‌که‌ی نه‌کراوه به‌لکو به به‌روارد به هێزی رۆحیی و مه‌زنیی زانستی ئینسکلۆپیدیایی و نه‌ته‌وه‌خوازیی ئه‌و پرۆژه‌یه، هه‌م خانی خۆی فرامۆشکراوه، هه‌م پرۆژه‌که‌شی بۆ دواوه گێڕدراوه‌ته‌وه. خانی ره‌خنه له میره‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌و پێشتر ده‌گرێ که میراتی ئه‌ده‌بی پێش و سه‌رده‌می خۆی وه‌ک زمان و کاره‌کانی جزیری و عه‌لی حه‌ریری و فه‌قێ ته‌یران فرامۆش کردووه‌و نه‌وه‌کانی کورد پێیان نازانێ و بوونی ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی به هه‌لومه‌رجی ژیانبه‌خش بۆ ژیاندنه‌وه‌و پێشکه‌وتی زمان وئه‌ده‌ب و که‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێ. که‌چی ئه‌مڕۆ نه‌ک پرۆژه‌که‌ی خانی و فه‌لسه‌فه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی، شوێنی خودی کتێبی مهم و زین له کوێی پرۆژه‌ی زمانه‌وانی و رۆشنبیری و نه‌ته‌وه‌یی کوردییه؟ چی بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه له رووی جاپکرنهوهو بلاوکردنه‌وه‌و لێکؤڵینهوهو به ده‌زگایی کردن کراوه‌و وه‌ک کتێبی سه‌ره‌کی خوێندن له هه‌موو قۆناغه‌کانی خوێندندا جێی شیاوی خۆی گرتووه؟ کوان به‌لگه‌ی بایه‌خدان به ده‌قه‌که‌ی مهم و زین وه‌ک ده‌قێکی ره‌سه‌ن و دامه‌زراوه‌یه‌کی فیکری، ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فی، زانستی نه‌ته‌وه‌یی. چه‌ند سه‌د هه‌زار دانه له‌و کتێبه بۆ نه‌ته‌وه چل ملێۆنییهکهی خانی له سیسه‌د سالی رابردوو دا نا، له 20 سالی ده‌سه‌لاتی کوردی‌دا جاپ کراوه؟ سال نییه ده‌یانهه‌زار کتێبی شهکپسیر جاپ نه‌کرێنه‌وه‌و بلاو نه‌کرێنه‌وه. هیچ وشه‌یه‌کی هیچ یه‌کێ له کاره‌کانی شکسپیر نییه که به سه‌دان جار شیینهکرابێتهوهو لێکنهدرابێتهوه و هیچ کارێک نییه که به سه‌دان شێوه، وه‌ک شانۆگه‌ری، ئۆپه‌رێت، فلیم، کتێبی مناڵان، چیرۆکی په‌خشانیی، هتد نهنوسرابنهوهو سال له دوای سال بهرههمنههێنرێن. هیچ شانۆگه‌رییه‌کی نییه که به سه‌دان کاری لێکؤلینهوهو دیراسه‌ی له سه‌ر نه‌کرابێ. شه‌کسپێر یه‌کێکه له دامه‌زراوه نه‌ته‌وه‌ییه هه‌ره گرنگه‌کانی گه‌لی به‌ریتانی گه‌رچی سه‌دان بنه‌ماو هه‌لومه‌رجی زمانیی و ئه‌ده‌بیی و شارستانیی و سیاسی و سه‌ربازی وئابووری و په‌روه‌رده‌یی و زانستی، هتد ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه.
راسته ئێمه به‌ریتانیا نین، به‌لام ئێمه به چل ملیۆن کورد تاقه خانی یه‌کمان هه‌یه‌و تاقه مهم و زین- ێکمان هه‌یه که بناغه‌ی زمان و ئه‌ده‌ب و که‌لتورو ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ داناوین. چ تاوانێکه بۆ میرانی سه‌رده‌م که له میرانی سه‌رده‌می خانی زیاتر که‌لله پووج و بێمشوورن ده‌رباره‌ی شاعیران و بیرمه‌ندان و بنه‌ماکانی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییمان.
با بیهێنینه‌وه بیری خۆمان خانی بۆچی ئه‌و ‘بدعه و بوهتانه‌ی’ کرد له کاتێکدا که هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له هیچ ولاتێکی رۆژهه‌لاتدا به ئاقاری دروستکردنی ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی باوی نه‌بوو، ئه‌و داگیرکه‌رانی کوردستان و فه‌رهه‌نگه‌که‌یان ده‌کاته ‘ئه‌وی دی’ و به‌رامبه‌ر ئه‌وان بیری نه‌ته‌وه‌یی گه‌لاله ده‌کاو پرۆژه‌یه‌کی رۆحی و فه‌لسه‌فیی و که‌لتووری بۆ سه‌ربه‌خۆیی داده‌ڕێژێ.
ده‌وری پێشڕه‌وانه‌ی تاک و تاکهکار له ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کدا ناسراوه‌و جێگایه‌کی مێژوویی هه‌یه. قورعان زمانی عه‌ره‌بی پاراست و عه‌ره‌بی وه‌ک نه‌ته‌وه دروستکردو کردنیه سه‌رداری دنیا. فیرده‌وسی و شانامه‌که‌ی زمانی فارسییان زیندوو کرده‌وه و نه‌ته‌وه‌ی فارسییان هه‌ستانده‌وه، له ئه‌وروپاش سه‌ره‌تای زمانی ستاندارد‌و یه‌کیتی نه‌ته‌وه‌یی زۆر گه‌لان ده‌توانری له نموونه‌ی یه‌ک کتێبی رێچکهشكێنی زمانی نه‌ته‌وه‌ییدا لێکبدرێته‌وه. خانی هه‌ست ده‌کا کاتێ فیردهوسییهک ئه‌وه‌ی بۆ فارس کردووه‌و شا فارسه‌کان خۆیان [سولتان مه‌حمودی غه‌زنی] له پشت ئه‌م پرۆژه مه‌زنه‌وه بوون که ده‌لین سی سالی له ژیانی فیرده‌وسی برد، دنیای کورد له‌و جۆره پرۆژانه‌و هه‌ر جۆره بیر‌و به‌رنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی خاڵییه و شاعیره‌کانیشی به هه‌تیوی ماونه‌وه‌و به‌رهه‌مه‌کانیان نهپاریزراوه و میرانی کوردیش له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و خولیای رۆشنبیری و خواستی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی بێ مایه‌ن.. خانی دێته پێشه‌وه تا تاقهسواره ئه‌و بۆشاییه زمانییه، که‌لتوورییه، فیکرییه نه‌ته‌وه‌ییه پر بکاته‌وه. چی پالی پێوه ناوه ئه‌مه بکا؟ نهژادگهریی [عه‌سه‌بییه] که خۆی به [ته‌عه‌سسوب و عه‌شیری] ناوی ده‌با. ئیبن خه‌لدون له کتێبی المقدمه – دا [عه‌سه‌بییه] وه‌ک ئایدیۆلۆجییه‌تێک بۆ لێکدانه‌وه دروستبوونی ده‌وله‌تی میرنشینی ڵێکدهداتهوه. که‌واته خانی به پالنانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی و له روانگه‌ی ئایدیۆلۆجی نه‌ته‌وه‌یی یه‌وه، به پرۆژه‌که‌ی ئه‌و بۆشاییه کوشنده له دنیای هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی دا پڕ ده‌کاته‌وه؛
خانی ژ کهمالێ بێ که‌مالی مه‌یدانی که‌مالی دیت خاڵی
یه‌عنی نه ژ قابیلی و خه‌بیری به‌لکی ژ ته‌عه‌سسوب و عه‌شیری
حاسڵ ژ عیناد ئه‌گه‌ر ژ بێ داد ئه‌ڤ بیدعه‌ته کرد خیلافێ موعتاد
[هه‌ژار، مهم و زین، 235-237]
خانی به ته‌واوی ناته‌واویی خۆیه‌وه مه‌یدانی ته‌واویی به خاڵی بینی.
واته ئه‌و له لێهاتوویی و شاره‌زایی یه‌وه نه‌بوو، به‌لکو له ته‌عه‌سسوب و قهومخوازییهوه بوو، سه‌ره‌نجام به عینادی خۆی گه‌رچی نارهواش ده‌بینرا، به پێچه‌وانه‌ی عاده‌تی باو، ئه‌و داهێنانه‌ی هێنایه گۆڕێ.
ئه‌م ئایدیۆلۆجییه نه‌ته‌وه‌ییه ره‌گه‌زه‌کانی چین؟ چ پرۆژه‌یه‌کی لێ په‌یدا ده‌بێ؟
زمانی نه‌ته‌وه‌یی:
صافی شهمڕاند ڤه‌خوار دوردی مانه‌ندی ده‌ری لیسانی کوردی
ئێنایه نیظام و ئینتیظامێ کێشایه جه‌فا ژ بۆ وێ عامێ
[سافهکانی ده‌رهاویشت و خڵته‌ی شه‌رابه‌که‌ی خوارده‌وه
وه‌ک زمانی فارسی، ئه‌ویش زمانی کوردی هێنایه سه‌ر نیزام و رێکی خست، ئه‌و جهفایهی له پێناو خه‌لکیدا چێشت] [238-239]
زمانی نووسین = زانین = شوناس و هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی= ناسین و سه‌نگ لای گه‌لانی دنیا
دا خه‌لق نه‌بێژتن کو ئه‌کراد بێ مه‌عریفه‌تن بێ ئه‌صل و نه‌ژاد
ئه‌نواعی میله‌ل خودان کتێبن کورمانج ته‌نێ دبێ حسێبن!
تا خه‌لکی تر نه‌ڵین کوردان له زانین بێبه‌شن و ئه‌سڵ و نه‌ژادییان نییه. هه‌موو گه‌لانی دنیا کتێبیان به زمانی خۆیان هه‌یه ته‌نیا کورمانج حسێبێکیان بۆ ناکرێ.
زانین = کاری چاک و په‌سنی (فه‌زیله‌ت) = عیشق
ئه‌فلاتون له دایه‌لۆگه سۆکراتییهکاندا جه‌خت له سه‌ر ئه‌و رایه‌ی سۆکرات ده‌کاته‌وه که په‌سنی (سیفه‌ته چاکه‌کان له مرۆڤدا وه‌ک ئازایه‌تی، جوانی، خۆشه‌ویستی، هتد) زانینن. به بێ زانینیش، زانینی فه‌لسه‌فی دایه‌لێکتێکی، راستی و مه‌جاز لێک جیاناکرێته‌وه، و به‌هره‌ی عیشق به‌رناگرێ. واته نه‌زان ناتوانێ به‌راستی عاشق بێ. عه‌شقی هه‌ر میلله‌تێکیش له عیشقنامهی خۆیدا ده‌رده‌که‌وێ. عیشق ده‌رخه‌ری سه‌ره‌کی که‌سێتی راسته‌قینه‌و شوناسی رۆحی ئێنسانهکانه. نه‌ته‌وه‌ی کورد له رێگای نیشاندانی توانای عیشقبوونی مرۆڤه‌کانی و پاله‌وانه‌کانی ده‌توانێ شوێنی خۆی له دنیادا بکاته‌وه‌و بوونی خۆی بسه‌لمێنێ. خانی بۆیه ئه‌وه ده‌نووسی تا بیسه‌لمێنێ کورد بێ سۆزی عیشق نییه، وه‌ک حه‌یوان نین که نه‌توانن مانای خۆشه‌ویستی بزانن و نه که‌سیان خۆش بوێ نه خۆشبویسترێن:
هه‌م ئه‌هلێ نه‌ظه‌ر نه‌بینن کو کرمانج عیشقێ نه‌کرن ژ بۆ خوه ئامانج
تێکدا نه د طالیبن، نه مهطلوب ڤێکرا نه موحیببن ئه‌و ، نه مه‌حبوب
بێ بههرهنه، ئه‌و ژ عیشقبازی فاریغ ژ حه‌قیقی و مه‌جازی
[242-244]
[هه‌م که‌سانی هۆشمهندو زیره‌ک سه‌رنجی ژیانی ئێمه بده‌ن و بببینن که کورمانج عیشقیان بۆ خۆیان نه کردۆته ئامانج. ئه‌وان نه داخواز‌و نه خواستراوی عیشقن، نه خۆشویستن، نه خۆشویستراو. له عیشقبازی بێ به‌هره‌ن، له مه‌به‌سته حه‌قیقی و مه‌جازییه‌کانی ژیان بی ئاگا‌و به‌تاڵن.]
کورد گه‌لێک نییه بی که‌ماڵ و به‌هره‌ی زانین بی، به‌لام بێ خاوه‌ن و رێبهرو ده‌وله‌تن ئه‌مه‌ش ئه‌وانی دواخستووه و به‌هره‌دارو شاعیر‌و هونه‌ره‌کانی ئه‌وانی بی بازاڕ‌و بێ بایه‌خ کردووه
کورمانج نه پڕ د ىی که‌مالن به‌لکی د سه‌فیل و بێ خودانن!
گه‌ر دێ ههبویا مه ژی خودانه‌ک عالی که‌ره‌مه‌ک لهطیفه دانه‌ک
عیلم و هونه‌ر و که‌مال و ئیذعان شیعر‌و غه‌زه‌ل و کیتاب و دیوان
ئه‌ڤ جینس ببا ل باوی مه‌عمول ئه‌ڤ نه‌قد ببا ل نک وی مه‌قبول
من دێ عه‌له‌ما کالامێ مه‌وزون عالی نکرا ل بامێ گه‌ردوون
ببناڤه رحا مه‌لێ جزیری پێ حه‌ی بکرا: عه‌لی حه‌ریری
کهیفهک وه بدا (فه‌قیهی ته‌یران) حتی بئهبهد بمایێ حه‌یران
چبکم!! کو قه‌وی که‌ساده بازاڕ! نیتن ژ قوماشێ را خه‌ریدار!!
[کورد زۆر بێ که‌ماڵ نین، به‌لام به‌دبه‌خت و بی خاوه‌نن. گه‌ر ئێمه سهروهرێکمان هه‌بایه، خاوه‌ن که‌ره‌م و که‌رامه‌تی به‌رز، گفت شیرین له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، زانست و هونه‌رو که‌مالی لا گرنگ باو گوێی له سکالای خه‌لک راگرتبا، شیعر‌و هۆنراوه‌و کتێب و دیوان لای ئه‌و ره‌واجی هه‌بایه، ئه‌و دراوه‌ی منیش [که نووسینی کوردییه] لای ئه‌و قبووڵ بایه، ئه‌وسا من ئاوا ته‌نیا باڵ نه‌ده‌بووم، ئالای شیعری کوردیم به‌سه‌ر گه‌ردووندا به‌رز ده‌کرده‌وه، مه‌لای جزیریم زیندوو ده‌کرده‌وه، عه‌لی حه‌ریریم ده‌ژیانده‌وه، خۆشییه‌کی وام ده‌دا به فه‌قێ ته‌یران هه‌تایه هه‌تایه به سه‌رمه‌ستی بمابایه‌وه. به‌لام چبکه‌م، بازاری [وشه‌ی کوردی] زۆر که‌ساده، ئه‌و قوماشه [ئه‌ده‌بییه کوردییه خۆماڵییه‌ی ئێمه پشتیوان و] کڕیاری نییه.
ده‌سه‌ڵاتی نه‌زان = خولیای پاره‌و خۆ ده‌وله‌مه‌ندکردن = که‌لتووری پاره‌په‌رستی = دارووخانی نه‌ته‌وه‌یی
خانی هه‌ر زوو ئه‌و حه‌قیقه‌ته مێژووییه گرنگه‌ی ده‌رک پێکردووه که به‌بێ ده‌زگای نه‌ته‌وه‌یی ته‌رخانکراو بۆ پێشخستنی زمان و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ، ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی و میراتی نه‌ته‌وه‌یی کورد له حاله‌تی کهسادو بیکه‌سی و بێبازاری و په‌راوێزی و دابران له دنیا ده‌مێنێته‌وه. خانی خه‌ون ده‌بینێ: ده‌سه‌لاتێکی کوردی هه‌بێ پشتی خانییه‌کان و جزیرییهکان و حهریرییهکان و فه‌قی تهیرانهکان بگرێ و لییان گه‌رێ ئاسمانه‌کانی گه‌ردوون به ئاوازه کوردییه‌کانیان پڕ بکه‌ن. به‌لام هه‌ر زوو ئه‌و خه‌ونه‌ی ده‌مرێ که ده‌بینی ئه‌و ده‌سه‌لاته کوردییه‌ی هه‌یه ئه‌وی بیری ڵێنهکاتهوه پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ریبهره فیکری و فهرههنگییهکانێتی، باکی ته‌نیا پارهخڕکردنهوهو خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنه‌و که‌لتوورێکی پیسی پاره‌په‌رستی و ولاتنهویستی دروستکردووه:
چبکم! کو قه‌وی که‌ساده بازاڕ نیتن ژ قوماشێ را خه‌ریدار!
خاسا دڤێ عهصرێ دا کو هه‌میان مه‌عشوق و حه‌بیبه بۆمه هه‌میان
یه‌عنی ژ طه‌مه‌ع درا‌ڤ و دینار هه‌ر یه‌ک ژ مهرا بوونه دڵدار
گه‌ر عیلمێ ته‌مام بدی به پوله‌ک بفروشی تو حیکمه‌تێ ب صۆلهک
که‌س ناکاته مهیتهرێ خوه (جامی) راناگرتن که‌سه‌ک (نیظامی)
[ چ بکه‌م بازاڕ زۆر که‌ساده، قوماشی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر کڕیاری نییه. تایبه‌تی
له‌م سه‌رده‌مه‌دا که هه‌موان تاکه خولیای عیشقیان ته‌ماعی پاره‌و دیناره، و هه‌موو بوونه‌ته دلداری دراو، گه‌ر هه‌موو عیلمی دنیایان به پولێک بده‌یتێ، گه‌ر حیکمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌یان به جووتێ که‌وش پێبفرۆشی، ئه‌وان نایکڕن و که‌س (جامی) به مه‌یته‌ر راناگرێ و (نیظامی) به خزمه‌تکار ناوێ.]
کوردی بێ زانین و بێ ڕێبه‌ری روناکبیر = که‌ره‌سه‌ی سروشتی خاو = خزمه‌تکارو دارده‌ستی داگیرکه‌ران
پرسیاری هه‌ره‌گرنگ که خانی ده‌یهێنیته گۆڕێ، میلله‌تی بێ زانین و قه‌درنه‌زانی زانین چی به‌سه‌ر دێ، ره‌وشی چۆنه؟
ئه‌و گه‌له نابێته هێزێک بۆ خۆی. وه‌ک سیفه‌ت ئازایه، جوامێره، خۆبه‌ختکه‌ره. ئه‌و سیفه‌ته بۆ خۆی به‌لایه، هۆی یه‌کتر قبوڵنه‌کردن و یه‌کنه‌گرتنه. وه‌ک جه‌وهه‌ر عه‌قڵی پێش ناکه‌وێ و له حاله‌تی سروشتی دا ده‌مێنێته‌وه ده‌بێته که‌ره‌سه‌ی خاو‌و دارده‌ستی داگیرکه‌ر، خوێنی ئه‌و له جیاتی خۆی و سنووری ده‌وله‌تی خۆی بپارێزێ ده‌سه‌لات ودهولهتان هێزه ناوچه‌ییه‌کانی پێ ده‌پارێزێ. خانی ئه‌مه ده‌خاته ناو چوارچێوه‌ی جیۆپۆلیتیکی کوردستانه‌وه :هه‌ر لایه‌کی ده‌وله‌ته داگیرکه‌ره‌کان کورد ده‌که‌نه سه‌ددی خوێن و گۆشت به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی:
بفکر ژ عه‌ره‌ب حه‌تا ڤه گورجان کورمانجیه بویه، شوبهی بورجان
ئه‌ڤ رۆم و عه‌جه‌م ب وان حهصارن کورمانج هه‌می له چار که‌نارن
هه‌ر دوو ته‌ره‌ف قه‌بیلێ کورمانج بۆ تیری قه‌زا کرینه ئارمانج
گۆیا کو له سه‌ر حهددان کلیدن هه‌ر طابقه سهددهکن، سهدیدن
ئه‌ڤ قولزومێ روم و به‌حرێ تاجیک هندی کو بکن خروج و ته‌حریک
کورمانج دین دبن ب خون مولهططهخ وان ژێک ڤه دکن میسالێ به‌رزه‌خ
جوامێری و هیممه‌ت و سه‌خاوه‌ت مێرێتی و غیره‌ت و جه‌لاده‌ت
ئه‌و خه‌تمه ژ بۆ قهبیلی ئه‌کراد وان داته ب شیر و هیممه‌تێ داد
ئه‌ڤ غیره‌ت و ئه‌ڤ علووێ هیممه‌ت بو مانعێ حه‌ملی بارێ مننه‌ت
له‌و پیکڤه هه‌میشه بێ تفاقن دایم ب تهمهررودو شیقاقن
[بڕوانه له عه‌ره‌بستانه‌وه تا گورجستان، کورد وه‌ک بورجان به‌رز دیارن، ئه‌و رۆم و عه‌جه‌مه له هه‌ر چوار که‌ناره‌وه به‌وان شوورهکراون، هه‌ردوو لایان خه‌ڵکی کوردیان بۆ تیری قه‌زا کردۆته ئامانج گوایه ئه‌وان له سه‌ر سنووره‌کان بۆ ئه‌وان بوونه کلیل، هه‌ر تایه‌فه‌یان سهددێکن و به‌ربه‌ستێکن بۆ لایه‌کیان، هه‌ر کاتێ ده‌ریای رۆم و به‌حری تاجیک ته‌کان بده‌ن و هه‌ڵچن، کوردان خه‌ڵتانی خوێن ده‌بن، وه‌ک به‌رزه‌خ لێکیان جیا ده‌که‌نه‌وه. تۆ نابینی، جوامیری و هیممه‌ت و به‌خشنده‌یی، میرێنی و غیره‌ت و خۆراگریی، خه‌تمی سیفاتی چاکی کوردانن، به شیر‌و هیممه‌ت دادیان چه‌سپاندووه، به‌لام ئه‌و غیره‌ت و ئازایی و هیممه‌ت به‌رزییه‌ی خۆیان بۆته هۆی ئه‌وه‌ی منه‌تی یه‌کتر هه‌ڵنه‌گرن چه‌نده له ئازایه‌تیدا دهسبهکارن ئه‌وه‌نده له منهتههلگرتن خۆ دوور ده‌گرن، بۆیه هه‌میشه نارێکن له‌گه‌ڵ یه‌ک، هه‌مێشه ناکۆکن و خه‌ریکی به‌ربه‌ره‌کانی یه‌کترن.]
یه‌کبوونی کوردان = به‌راوه‌ژووکردنه‌وه‌ی حاله‌تی تراژیدی جیۆپۆلیتیکی = سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی = دامه‌زرانی کۆمه‌لگای زانین و فه‌لسه‌فه‌و حیکمه‌ت = روونی و وتاری کوردی و ته‌واوبوونی که‌سێتی کوردیی
گه‌ر دێ هه‌بووا مه ئیتتیحادهک ڤیکرا بکرا مه ئینقیاده‌ک
روم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م ته‌مامی هه‌میان ژ مهرا دکر غولامی
ته‌کمیل دکر مه دین و ده‌وله‌ت تهحصیل دکر مه عیلم و حیکمه‌ت
ته‌مییز دبو ژ هه‌ڤ مه‌قالات مومتاز دبوون خودان که‌مالات
[گه‌ر ئێمه یهکگرتنێکمان له نێو خۆدا هه‌بایه، هه‌موو یه‌ک سهکردایهتیمان قبوڵکردایه، ته‌واوی رۆم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م هه‌موویان خزمه‌تکارییان بۆ ئێمه ده‌کرد، پرسه‌کانی دین و دامه‌زراندنی ده‌وله‌تمان ته‌واو ده‌کردن، مناله‌کانمان زانست و فه‌لسه‌فه‌و حیکمه‌تیان ده‌خوێند، وتار‌و شوناسی کوردی جیا ده‌کرایه‌وه‌و ده‌ناسرا، ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن که‌مال و به‌هره‌ن پله‌ی هه‌ره‌به‌رزیان به‌ده‌ست ده‌هێنا.]
تێنه‌گه‌یشتن و خۆپه‌رستی میرو سه‌رکردان = مانه‌وه‌ی حاله‌تی تراژیدی نه‌بوونی یه‌کێتی کوردان = مانه‌وه‌ی حاڵه‌تی نۆکه‌ری و خزمه‌تکاری ىێگانهو داگیرکه‌ران
ئه‌مما ژ ئه‌زه‌ل خودێ وساکر ئه‌ڤ روم و عه‌جه‌م لسه‌ر مه راکر
تهبهعیهتێ وان گه‌رجی عاره ئه‌و عاره ل خه‌لقێ نامداره
ناموسه ل حاکم و ئه‌میران تاوان چییه شاعیر‌و فه‌قیران؟
[ئه‌وه خودا وایکردووه له هه‌وه‌ڵ رۆژه‌وه رۆم و عه‌جه‌می به سه‌ر ئێمه‌دا کردۆته که‌ڵه‌گا، نۆکه‌ریکردن بۆ ئه‌وان گه‌رچی شه‌رمه‌زاریی و حه‌یابه‌ره‌یه، ئه‌و شووره‌یی و بێکهرامهتییه بۆ که‌سانی ناوداره. بێشه‌ره‌فیی هو بێنامووسییهکه بۆ ده‌سه‌لاتداران و میرانه، تاوانی شاعیران و هه‌ژارانی تێدا نییه].
دهستنیشانکرنی ده‌رد = گه‌ڕان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و ده‌رده
خانی دوای ئه‌وه‌ی ئاوا به به‌کارهێنانی عه‌قل و شیکردنه‌وه‌ی بابه‌تیی هه‌مه لایه‌ن ده‌ردی کورد له دواکه‌وتوویی سه‌رکرده‌و نه‌بوونی ڕیبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی روناکبیر و به بیر‌و ته‌گبیرو خاوه‌ن ویژدان و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بینێته‌وه، جاره‌که‌ش هه‌ر له گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌و دروستکردنی ئه‌و جۆره سهرکرادیهتییهدا ده‌بینێته‌وه. کورد سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌ره‌که رۆشنبیر بێ و نرخی قه‌ڵه‌م بزانێ و بره‌و به زانین بدا. خه‌لکی هه‌ژار له بێ‌ویژدان و نامه‌ردان رزگار کا، خه‌مخۆری هه‌تیوو بێکه‌سان وهه‌ژاران بێ، کورد له ژێرده‌ستی بێگانه بێنێته ده‌ر و سه‌ریان به‌رز کاته‌وه. به‌لام له‌به‌ر تایبه‌تی سه‌رده‌مه‌که‌ی و نه‌بوونی بیری دیمۆکراسی و ناهوشیاری ، ده‌رکه‌وتنی ئه‌م جۆره سه‌رکرده‌یه بۆ به‌خت ده‌هێڵێته‌وه:
به‌ختی مه ژ بۆ مهرا ببت یار جاره‌ک ببتن ژ خواب هوشیار
رابت ژ مه ژی جیهان پهناههک په‌یدا ببتن مه پادشاهه‌ک
شیرێ هونه‌را مه ىیته دانین قه‌دری قه‌له‌ما مه بێته زانین
ده‌ردێ مه بببینتن عیلاجێ عیلمێ مه بببینتن رهواجێ
…..
حاصل ببویا ژ بۆ وی تاجه‌ک ئه‌لبه‌تته دبو مه ژی رهواجهک
غهمخواری دکرت ل مه یه‌تیمان تینانه ده‌رێ ژ ده‌ست له‌ئیمان
غالب نه دبو ل سه‌ر مه ئه‌ڤ روم نهدبونه خربهیێ د ده‌ست بوم
[ده‌با جارێک به‌خت یاری ئێمه بێ، جاره‌ک له خه‌و هوشیار بێته‌وه، را بێت له ناو ئێمه‌دا جیهانپهنایهک، له‌ناوماندا ده‌رکه‌وێ پادشایه‌ک، شیری هونه‌ری ئێمه بێته ناسران، قه‌دری قه‌ڵه‌می ئێمه بزانرێ، ده‌رده‌کانی ئێمه چاره‌سه‌ر بن، زانستی ئێمه ره‌واجی هه‌بێ.. ئه‌و پادشایه ببێته خاوه‌ن تاجی ده‌سه‌ڵات، ره‌واجی بۆ ئێمه په‌یدا ده‌کرد، ده‌بووه غهمخواری مناڵه بێباوکهکانمان، خه‌لکی هه‌ژاری له ده‌ست بێ‌ویژدان و نامه‌ردان ده‌ردێنا، تورک به‌سه‌ر ئێمه‌دا زال نه‌ده‌بوون ، ولاتی ئێمه نه‌ده‌بووه وێرانه‌ی کونده‌به‌بوو.]
به‌خت + قه‌ده‌ر+ بێهومێدی = مانای ته‌نیا چاوه‌ڕیکردن و هیچ نه‌کردن نییه
وه‌ک بینیمان خانی له لایه‌که‌وه ئه‌وه وه‌ک قه‌ده‌ری کورد ده‌بینێ که له ئه‌زه‌له‌وه خراوه‌ته ناو چوارچێوه‌یه‌کی دۆزهخیییهوهو نه‌ته‌وه‌ی بێگانه ئه‌ویان کردۆته شووره‌ی ره‌نج و خوێن بۆ خۆیان، له لایه‌کی دیکه‌وه ته‌واو بێهومێده له میران و سه‌رانی کورد. وه نه‌بێ کورد سه‌رکرده‌و میری له زه‌مانی خانی یان پێشتر یان پاشتر نه‌بووبن، به‌لام ئه‌و سه‌رکرده‌ی عه‌قل و قه‌له‌م و زانست نه‌بوون که خانی به لێکدانه‌وه‌ی وردی خۆی به تاقه‌رێگای یه‌کێتی و سه‌رفرازی و ژیانه‌وه‌و ده‌رکه‌وتنیان له جیهاندا ده‌زانێ. به‌لام خانی به‌رامبه‌ر ئه‌م حاله ده‌سته‌وستان دانانیشێ، سه‌یر ده‌کا مه‌یدان خاڵییه، روانگه تاریکه، هیوا تروسکایی نایه، به‌لام هه‌ست ده‌کا عیشقێکی به‌تین بۆ گه‌ل و ولاته‌که‌ی و بۆ مرۆڤانی نه‌ته‌وه‌که‌ی گیانی ده‌هه‌ژێنێ، هه‌ست ده‌کا ئه‌و عیشقه لای هه‌موو مرۆڤێکی ولاته‌که‌ی هه‌یه، به‌خشنده‌ییه‌کی خوداوهندیییهو مانای قووڵی ژیان و کار‌و خه‌بات و قوربانی و ڤهدیتیی (شه‌هاده‌ت) له‌و عیشقه‌دا ده‌بینرێته‌وه. له لایه‌کی تره‌وه، زانایی و حیکمه‌ت ئه‌وه‌یه، که هه‌تبوو، ئه‌و زانایی و رێنماییه به خه‌ڵک بگه‌یه‌نی، به نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆت، به زمانی خۆی و ئه‌وسا له نمونه‌یه‌کی به‌رزا که به پێچه‌وانه‌ی که‌سێتی خوار و خۆخۆری میره‌کانه‌وه، که‌سێتی راسته‌قینه‌ی مرۆڤی کورد‌و عیشقی راسته‌قینه‌ی مرۆڤی کورد ده‌رده‌بڕێ.
لێره‌وه‌یه که خانی ده‌ڵی له‌به‌ر [ته‌عه‌سسوبی] بۆ قه‌ومی خۆی کاتێ مه‌یدانی وا چۆڵ و خاڵی له زانینی کوردی بینی، که عیشق به بی زانین، به‌دی نایه، قؤلی لێههڵمالی و کتێبی عێشقی بۆ نووسین.
له قه‌ده‌رو به‌خته‌وه بۆ عیشق و خه‌بات
بۆ ئه‌مه خانی له‌گه‌ل ئه‌و هه‌موو زانیارییه ئینسایکلۆپیدیایهیی و ئه‌و هه‌موو نموونه‌ی عیشق و عاشقانه که ناوی زۆریان له کاره‌که‌یدا ده‌با، ئه‌و نمونه‌ی عیشقه له داستانی کوردی خۆمالی به‌ناوو به‌ربلاوی مهم و زین دا ده‌بینێته‌وه‌و ده‌یکا به چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌و پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی نه‌ته‌وه‌یی به‌و شێوه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ: به بیر، به فه‌لسه‌فه، به زانست، به وته‌ی چاک و کرداری چاک، به کردنی هه‌موو ئه‌مانه به یه‌ک پرۆسه: پرۆسه‌ی عیشق که پرۆسه‌یه‌کی هیوا به‌خشه چونکه ئازاره‌کانیشی به‌شێکن له شوناس و حه‌قیقه‌تی هه‌بوون و ئامانجی خۆی و چونکه عیشق مردن پێی ناوێرێ و چونکه مردنیش بۆ عیشق دیسانه‌وه به‌شێکه له‌و چیرۆکه‌ی که خۆی بۆ خۆی دروست ده‌کا، گه‌ر قه‌ده‌ریش ده‌ستی تیدا هه‌بێ، که هه‌یه، ئه‌وا خۆی به هوشیاری خۆی داستانه‌که ده‌کاته هی خۆی و به‌و ئه‌نجامه‌ی ده‌با که خۆی ده‌یخوازێ و به خواست و به‌رنامه‌ی خۆی له مردنی تێده‌په‌ڕێنێ و له جیهانی نه‌مریدا ده‌بێته نموونه‌ی ئه‌به‌دیی بۆ دلدرانی ئه‌به‌دیی. له‌م گه‌شته‌دا خانی هه‌موو وشه‌و ره‌نگ و که‌ره‌سه‌و تفاق و ئامرازه‌کانی به‌کاردێنێ تا مهم و زین بکاته ئایدیالی عیشق و عیشقه‌که‌یان بکاته پرینسیپ و پرۆسه‌ی دامازراندنی نه‌ته‌وه‌یی و ژیانی ئینسانیی.
نموونه‌یه‌کی عیشقی ئینسانیی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز = به‌هانه‌ی پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و دروستکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک:
سازێ دلێ کول ب زیرو به‌م بت
سازندهیێ عیشقێ زین و مهم بت
شه‌رحا غه‌مێ دل بکم فه‌سانه
زینێ و مهمی بکه‌م به‌هانه
نه‌غمی وه ژ په‌رده‌یێ ده‌رینم
زینێ و مه‌مێ ژ ن‌و ڤهژێنم
مه‌علول بووبن حه‌بیب و عاشق
ئیرۆهه وه‌کی طهبیبێ حاذق
ده‌رمان بکم ئه‌ز ئه‌وان ده‌وا کم
وان بۆ مهدهدان أ نوڤه را کم
ده‌ردێ د دلێ مه‌مێ جگه‌ر ئێش
زینا ژ ده‌روونی دل جه‌فا کێش
وێ په‌رده گی یا، عه‌فیف و مه‌ستوور
وێ بێ گونه‌هێ ژ توهمهتێ دوور
مه‌شهور بکم ب طهرزو ئوسلوب
مومتاز ببن موحیبب و مه‌حبووب
ئه‌و ره‌نگه بکم ژ ن‌و سه‌ره‌فراز
دابێنه تهماشهیی نه‌ظه‌ر باز
دلبه‌ر ل مه‌مێ بکن گرینێ
عاشق بکه‌نن بدهردێ زینێ
هه‌مده‌رد بکن ب وان صهفایێ
بێ ده‌رد بکه‌ڤنه حهلوهلایێ
خه‌لقێ کو ژ سینه و ژ دل ساف
پاکیزه سروشت و ئه‌هلێ ئینصاف
بیلجومله بکن ژ بۆ مه ته‌حسین
ببێژن کو: (ب قهبجی هاته ته‌دوین)!
با سازی کوڵی دڵم ئاوازی زیر و به‌م بێت
سازنده‌و رازێنه‌ره‌وه‌ی عیشق مهم و زین بن
با بۆ شه‌رحی غه‌مه قووڵ و په‌نگخواردووه‌کانی دڵم
فسانه‌ی (به‌یتی) مهم و زین بکه‌مه به‌هانه
ئه‌و نه‌غمه‌و ئاوازانه له بن په‌رده ده‌ربێنم
زین و مهم له نوێ بژێنمه‌وه
ئه‌و خۆشه‌ویست و عاشقانه نه‌خۆش و بیمار بوون
ئیرۆ من وه‌ک پزیشکێکی کارامه‌و شاره‌زا
ده‌ردی ئه‌وان ده‌رمان ده‌که‌م
ئه‌و بێ په‌ناو یارانه، له نوێ ههلدهستێنمهوه
ده‌ردی دڵی مهمی جگه‌ر زامدار
ئه‌و زینه‌ی له ده‌روونه‌وه جه‌فاو ئازاری چێشتووه
ئه‌و پهردهگییه خۆپارێزه، پاک و بێگه‌رده،
ئه‌و بێگوناحهی دووره له تومه‌تی ناوزڕاندن
من ئه‌وان به ته‌رز (شێواز) و میتۆد (ئوسلوب) ی (هونه‌ری شیعر)
وه‌ک دوو که‌سی مومتاز (وێنا ده‌که‌م)
به‌م ره‌نگه ئه‌وان له نوێ سه‌رفراز ده‌که‌مه‌وه
تا ته‌ماشاکه‌ران بۆ سه‌یری ئه‌وان بێن
دڵبه‌ران بۆ مهم به‌کوڵ بگرین
عاشقان بۆ ده‌ردی زین شیوه‌ن بکه‌ن
ههمدهردان به (تراجیدی ) ئه‌وان غه‌مه‌کانیان بڕۆن (ساف بن)
ىبێدهردانیش بکه‌ونه حاله‌تی حهلوهلاو واق وڕمان
خه‌لکی پاک ده‌روون و دڵساف
خه‌لکی پاک سروشت و به ئینساف
هه‌موو تێکڕا ئافه‌رینی ئێمه بکه‌ن
بلێن: به‌راستی به جوانی تۆماری کردووه.
لێره‌دا خانی ده‌ورو په‌یامی خۆی وه‌ک شاعیر روون هدکاتهوهو کت و مت ئه‌و پێناسه کلاسیکییه بناغه‌ییه‌ی ئه‌رستۆ بۆ شیعر‌و تراجیدی ده‌رده‌بڕێ. خانی فسانه‌ی مهم و زین وه‌ک رووداویكی مێژوو وه‌رناگرێ. به‌لکو وه‌ک بابه‌تێک بۆ شیعر، بۆ هونه‌ری تراجیدیا. ئه‌رستۆ جیاوازی له نێوان مێژوو – شیعر دا ده‌کات: مێژوو رووداو ده‌گێڕێته‌وه وه‌ک هه‌یه یان روویداوه، شیعر وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌بێ ببێ. له تراجیدیشدا ئه‌رستۆ ده‌لێ تراجیدینووس ده‌بێ که‌سه‌کانی دراماکه‌ی باشتر له‌وه نیشان دا که هه‌ن واته تا راده‌یه‌ک ئایدیالیان بکا، بیانکا به نموونه، هه‌روه‌ها ئه‌رکی تراجیدی به (کاتارسیس) ، واته پاککردنه‌وه‌ی بینه‌ر له هه‌ستی ترس و په‌رۆش و خه‌م، داده‌نێ. واته که‌سێ که بابه‌تێكی تراجیدی ده‌خوێنێته‌وه یان سه‌یر ده‌کا، ئه‌وا له‌گه‌ڵ پاله‌وانه‌کان ههمدهردو هاوسۆز ده‌بێ، هه‌ستی ده‌جوولێ، ده‌گری، به‌مه‌ش ئازاره‌کانی خۆی سووک ده‌کات.
هه‌ر سێ ره‌گه‌زه‌کانی ئه‌رستۆ زۆر به وردی و بهچریی له‌م وه‌سفه‌ی خانی بۆ کاره‌که‌ی خۆی دهربردراون.
1. خانی به شیواز‌و میتۆدی شیعر مهم و زین وه‌ک که‌ره‌کته‌ری {مومتاز)، پاک، بێگوناه و عاشقی راسته‌قینه نیشان ده‌دا. نه‌ک به‌و شیوه‌ی هه‌بوون و تۆمه‌ت و بوختانیشیان بۆ کراوه.
2. ئه‌مه به مه‌به‌ست بۆ نیشاندانی شانۆ ده‌کا، که خه‌لک بێ بیانبێنێ له نواندنه تراجیدیاکهیاندا. ئه‌مه ئه‌وه نیشان ده‌دا خانی شاره‌زای هونه‌ری تراجیدی یۆنانیش بووه و به ئاشکرا دیاره چیرۆکی مهم و زینی وه‌ک درامایه‌کی تراجیدی نووسیوه نه‌ک وه‌ک داستان یان ئیپیک {ئه‌مه‌م له دیراسه‌یه‌کی 70،000 وشه‌یی به زمانی ئینگلیزی به درێژی روون کردۆته‌وه).
3. خانی کت و مت تیۆری کاسارسیس یان سافبوونهوهی ئه‌رستۆ ده‌رده‌بڕی که ده‌لێ: نهزهربازان به ته‌ماشا کردنی درامای مهم و زین، دلبه‌ران ده‌گرین و ههمدهردان به‌ده‌ردی ئه‌وان ده‌که‌ن سه‌فایێ.
به زیندوو کردنه‌وه به ئایدیالکردنی مهم و زین، خانی وه‌لامی گه‌وره‌ترین بیربهندی [ئیشکالی] نه‌ته‌وه‌یی ده‌داته‌وه: گرفتی سه‌رکرده. خانی ده‌ری ده‌بڕی که سه‌رکرده عاشقه‌کانن. به وانه‌شه‌وه که میژووشیان کوێرکراوهتهوهو له بیر کراون و ته‌نانه‌ت تهومهتی خراپیشیان بۆ دروست کراوه. به‌لام له ئه‌نجامگیری دواییدا خانی خۆی ئه‌و سه‌رکرده‌یه که خۆی بۆ گه‌له‌که‌ی ده‌خوازێ: سه‌رکرده‌ی فه‌لسه‌فه، قه‌له‌م، زانست، هونه‌ر، ئایین، ئه‌خلاق، به‌زه‌یی بۆ خه‌لک و خۆشه‌ویستی خه‌لک و باوه‌ربوون به ، له شیکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌تاییدا، کاتبه‌ندیی و له‌رزۆکی ئه‌م ژیانهوسهروهریی و نه‌مریی چاکه‌و خۆشه‌ویستی، سه‌رکرده‌یه‌ک وه‌ک پرۆژه‌و ستراتیجی به خۆشه‌ویستی زمانی کوردی ده‌ستپێده‌کاو له خۆشه‌ویستی کچان و کوڕانی عاشقی کوردا خۆی ده‌نوێنێ. گه‌ر کورد تا ئێستا گرفتی سه‌رکردایه‌تی هه‌یه، له به‌ر ئه‌وه‌یه دوای سێسه‌د سال هێشتا خانی وه‌ک ئه‌و سه‌رکرده ستراتیجییه ئینسانییه فه‌یله‌سوفه‌ی خۆی نه‌ناسیوه و نرخی کوڕ‌و کچه عاشقه‌کانی و عه‌شقه‌که‌یان نازانێ.
د. که‌مال میراوده‌لی