Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان

لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان

Closed
by January 2, 2012 گشتی

دوای ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆن دانیشتنەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەڵپەسارد  و ڕواڵەتیانە بێ هیوا بوو لە نییەتی دەسەڵات کە خوازیاری چارەسەری ڕیشەیی سەرجەم ئەو قەیرانە سیاسیە بێت کە  دووچاری کایەی سیاسی هەرێم بەگشتی بۆتەوە و بە شێوەیەکی کاریگەرانەش  لەسەر تێگڕای بوارە  ئابوری و ئیداری و  کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵییەکان ڕەنگی داوەتەوە. لە ئێستادا هەردوو لایەنی دەسەڵات  بە شێوەیەکی جیددی هەوڵەکانیان لە ڕازیکردنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی بیانگێڕنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرسە  بەبونبەست  گەیشتووەکان. هەڵبەتە هەڵپەساردنی دانیشتنەکان دوای چەند دانیشتنێکی  لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دێت کە هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەکرا دەرئەنجامیان نابێت و بەردەوامیشدان بەو دانیشتنانە تەنیا خولانەوەیەکی بێهودانەیە لەناو بازنەی بۆشدا و تەنیا ئامانج لێی کوشتنی کاتە، چونکە بەئاشکرا  دیاربوو کە کەشی سروشتی و پێویستی بابەتی و خۆیی لەڕووی سیاسی و ئەمنی و سیکۆلۆگی ئەوتۆ نەڕەخساوە بۆ ئەوەی ڕێگا لێژ بێت بۆ چارەسەری قەیرانەکان کە هەڵبەتە ڕەخساندنی ئەو کەشەش ئەرکی تاکلایەنەی لایەنی دەسەڵاتە.

لەڕێی فۆڕمۆلەکردنی چەند پرسیارێکی خێرا، دەکارین خێراتر بچینە ناو ناواخنی پرسەکە و باشتر لە کرۆکی هەقیقەتەکەی  تێبگەین و ئاقارە دورو نزیکە سیاسییەکانی ئەو پرسە ئێستاییە هەڵسەنگێنین، دەکرێت بپرسین ئایا دەسەڵات چەندە دەرکی بە هەقیقەتی قەیرانەکە کردووە؟ یاخود  بۆچی  دەسەڵات هێندە خوازیاری دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا و لەسەر سەرجەم ئاستەکان تەقەللاکانیان خستۆتەگەڕ؟  ئایا بەڕاستی لەمەبەدوا دەسەڵات گەرەکیەتی گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجام بدات لە سەرلەبەری سیستەمی سیاسی ئێستادا؟
بەبڕوای من واقیعی بوون و  تێگەیشتنی تەواوەتیانەی دەسەڵات لە کرۆکی قەیرانی سیاسی لە کوردستاندا و خوێندنەوەی ڕەهەندە هەستیارو پێشبینی کردنی دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی لە ئایندەی دوور یان نزیکدا، بەشێکی گەورەی  چارەسەری قەیرانەکەیە، چونکە ئەوە خراپ تێگەیشتن  یان هەر تێنەگەیشتنە لە واقیعەکە  کە وادەکات قەیرانەکان وەک خۆیان بمێننەوە و دەرفەتی نزیک بوونەوە لە چارەسەر لەبار بچێت.  ئەمرٶ دەسەڵات  بە ڕواڵەت دەیەوێ واینیشان بدات کە دەرک بە هەستیاری قۆناغەکە دەکات و واقیعەکە وەک خۆی دەبینێ لەو سۆنگەیەشەوە ئەولەویەتی  هەوڵە سیاسیەکانی خۆی تەرخان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا و گوڕدانەوە بە گفتوگۆکان لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
هەڵبەتە ئەوە هەنگاوێکی  بەجێ و پۆزەتیڤە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەنرێت  بەڵام لەڕاستیدا  هەست پێدەکرێت کە سەرجەم ئەو هەوڵ و هەڵوەستەکردنانەی دەسەڵات، دوورن لەوەی کە دەسەڵات  بەشێوەیەکی کۆنکرێتی دەرکی بە هەقیقەتی قەیرانەکان کردبێت و ڕاشکاوانە  مەبەستی بێت کۆتایی بە قەیرانەکان بێت  بەڵکو دەسەڵات دەیەوێ لەڕێی  بەردەوامیدان بە دانیشتنەکانەوە گەمەیەکی ماندووکەرانەی بێبڕانەوەی ئەوتۆ دەستپێبکات کە خەڵکی کوردستان هەم ماندوو وبێزار بن و هەم دڕدۆنگ و بە گومان و بێ ئومێدیش بن بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن لەوەی کە ئۆپۆزسیۆن بتوانێت لەڕێی هێزو نفوزی سیاسی و جەماوەری  خۆیەوە، لە ڕێی وریایی سیاسی و قودرەتی دبلۆماسی خۆیەوە  دەسەڵات ناچار بکات  دەستبداتە چاکسازی و چارەکردنی قەیرانی سیاسی  لە ووڵاتدا.
گومانی تێدا نییە کە قەیرانی سیاسی ئێستا، هێندەی ڕەنگی لەسەر سەرجەم بوارەکانی ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی داوەتەوە و هێندەی ڕۆچۆتە ناو تەواوی خانە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگای ئێمە ، هەرگیز لە توانا و ئیرادەی ئەو دەسەڵاتەی ئیستادا  نییە کە ڕایەڵەکانی پەڕینەوە لەو قەیرانە بونیادبنێت و دەسەڵاتیش بۆخۆش زۆرباش ئەو هەقیقەتە دەزانێت، بەپێچەوانەوە دەسەڵات لەڕێی درێژەدان بە دانیشتنە بێئەنجامەکانەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، دەیەوێ ئەو باوەڕە  لەلای هەریەکە لە خەڵک و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات کە قەیرانی سیاسی لە ووڵاتدا پەیوەستە بە سروشتی سیاسی ووڵاتەکەوە و ئەوە کۆمەڵگای ئێمەیە کە بەدرێژایی مێژووی دوور و نزیک، سروشتێکی قەیراناوی  هەبووەو هەیە و تەنیا ڕێگاچارەش هەڵکردنە لەناو ئەو واقیعە قەیراناوییەدا و خۆگونجاندنە لەگەڵیدا، واتا هەر دەستکارییەک بە ئاراستەی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و چارەسەرکردنی قەیرانەکان کارێکی نەکردەیە و ئەنجام ناداتە دەست. بۆیە من پێموایە هەڵپەساردنی دانیشتنەکان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پێهەڵگرتنێکی سیاسی بەرهەقە و تێگەیشتنی ئۆپۆزسیۆنە لە ئاراستەی جووڵەی پرۆسەکە. هەڵپەساردنی دانیشتنەکان دەبێ  کەلکەڵەی ئەو پلانە  لەلای دەسەڵات سەوز بکات  کە ئیرادە  وەبەرخۆی بێنێتەوە و یەکلایەنە بە گیانی نیشتیمانیانە هەنگاوی جیددی و بەکردەوە هەڵگرێت بەئاقاری چاکسازی ڕیشەیی لە سەرلەبەری سیستەمی سیاسی ئێستادا، 

ئاشکرایە لە ڕێی سەرجەم ئەو داواکاری و پرۆژانەی کە لەلایەن  خەڵکی ناڕازی ولایەنەکانی  ئۆپۆزسیۆن و ” دەسەڵات خۆشی ” فۆرمۆلەکراون و پێشکەشی دەسەڵاتی کراون تاکو بکرێنە پلاتفۆڕمی چاکسازی قەیرانەکان، دەسەڵات دەتوانێ لەبری ئەوەی تەنیا خەمی ڕازیکردنەوەی  ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ  ئامادەیی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان و درێژەدان بە گفتوگۆکان،  کاری جیددیان لەسەر بکات و بە کردەوە هەم  خاڵ بە خاڵیان جێ بەجێ بکات و هەم بۆ هەموو لایەکیشی  بسەلمێنێ  کە هەنگاو بەرەو چارەسەری دەنێت.

کوردستان ئێستا لە ڕەوشێکی سیاسی هەڵواسراودا بەسەردەبات، کە کاریگەری نێگەتیڤی هەیە بەسەر  بوارەکانی ئابوری بازاڕ و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و …هتد،  تێپەڕینی کات لە خزمەتی هیچ لایەکدا نییە و بەپێچەوانەوە ڕووبەری قەیرانەکە  فراوانتر دەکات. ئەگەر دەسەڵات  بە دروستی واقیعەکە و هەقیقەتی قەیرانەکەی دەرک کردبێت، ئەولەویاتی هەوڵەکانی دەداتە دەستپێکردنی پرۆسەی چاکسازی بۆ دەبازبوون لە قەیرانەکان،  دەنا زۆر مومکینە ڕەوشەکە بە ئاراستەیەکی دیکەی نەخوازراودا  بڕوات کە جێی ڕەزامەندی زووربەمان نەبێت، بە  خودی دەسەڵاتیشەوە.

کازم بیتوێنی
Kadhmomer77@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.