
ئه‌ودیوی یه‌قین یان گومان
( هه‌رده‌م سه‌قامگیر و ساویلكه‌كان
گومانی ئێمه‌یان پێ ناگیرێته خۆ و
زۆر به‌ساده‌یش راڤه‌ی رووته‌ختی دنیامان بۆ ده‌كه‌ن و
پێشمان ده‌ڵێن ئه‌فسانه‌ی قووڵاییه‌كان هه‌رزه‌گۆیی و گاڵته‌جاڕییه – هێرمان هیسه-).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسینی خوێندنه‌وه‌یه‌ك كه‌وه‌ك خۆی شیاوی خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیدیانه بێت و توانستی داگیركردنی شوێنجێگهیهكی دیاریكراوی مه‌عریفی هه‌بێت و سنووره‌كانی سه‌له‌فیه‌ت و ته‌قلیدییه‌تی نووسین تێپه‌ڕبكات، ئاسته‌م نییه!؟.. به‌ڵام هه‌ن پێیان ئاسته‌مه، به‌و پێیه‌ی ئه‌وان هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه تێڕوانین و تهسهوورێكیان نییه ده‌رحه‌ق به‌ته‌رزه نووسینێك كه‌توانای تێپه‌ڕكردنی سه‌له‌ف و ته‌قلیدی چه‌شنه نووسینێكی هه‌بێت كه‌زاده‌ی دۆگما ئایدیۆلۆژییه‌كان و هه‌موو ئه‌و چه‌شن و شێوه تێڕوانینه رووكه‌شییه تهبسیتكراوانهیه كه‌ساڵانێكه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زۆرێك له‌بواره‌كانی نووسینی بهئهدهبیاتیشهوه دووچاری ئیفلیجبوون و گۆتبوون و راوحكردن كردووه.
ره‌نگه بتوانین بڵێین به‌درێژایی سه‌ده‌یه‌ك له‌نووسینی كوردی، ژماره‌ی هه‌ره زۆری نووسراوه‌كان مه‌گه‌ر له‌فۆرمدا گۆڕانكاری تێدا ببینرێته‌وه، ده‌نا له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر كاوێژكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی پێشووه، به‌چه‌شنێكی بێزاركه‌ر و ناقۆڵا كه‌بۆته مایه‌ی نه‌خوێندنه‌وه یان دروستكردنی خوێنه‌رێكی ناخوێنه‌ر، چونكه كاتێك خوێنه‌ر ده‌بێته خوێنه‌ر كه‌تێكست بتوانێت حه‌زی كه‌شفكردن و گه‌ڕانی تێدا ببزوێنێت و ویستی كردنه‌وه‌ی ده‌ركه‌كانی تێدا به‌رجه‌سته‌بكات، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه رایكێشێته نێو خمخۆركی بێزاری و وه‌ڕسی و هه‌موو حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی وه‌ك خوێنه‌رێك تێدا بكوژێت و بگره ئازاریشی بدات و تووشی چه‌ندین كۆمپلێكسی سایكۆلۆژیشی بكات، كه‌م نین ئه‌و كتێب و نووسینه كوردیانه‌ی له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یاندا خوێنه‌ر ترسی ئه‌وه دایده‌گرێته‌وه ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌پێی ده‌گوترێت، به‌چه‌شنێكی دیكه بیر بكاته‌وه ره‌نگه مه‌جازیانه فه‌لاقه بكرێت، ئه‌قڵییه‌تی حوجره هه‌ر ئه‌وه نییه له‌دوو توێی هه‌ندێ كتێبی ئاینییه‌وه ئێخه‌ی خوێنه‌ر ده‌گرێت و به‌هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و چاوسووركردنه‌وه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی رۆحی و خۆسه‌پاندن و ئیمپریالییه‌تی زمان و دۆگمای بۆچوون و تێزه‌كان ده‌چێته نێو قووڵاییه‌كانی زه‌ینی خوێنه‌ره‌وه‌و مێشكی ده‌سڕێته‌وه‌و دایده‌بڕێت له‌هه‌ر گومانێك كه‌بیه‌وێت دزهبكاته نێو كه‌لێنه‌كانی تهسهوورییهوه، به‌ڵكو به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌وه‌ی له‌به‌رگێكی نوێداو له‌م سه‌رده‌مه‌شدا نووسراوه هێشتاكه دانه‌بڕاوه له‌ئه‌قڵیه‌تی حوجرهگهرێتی و نووسه‌ران و موریدانی به‌چه‌شنی مه‌لا و فه‌قێیانی سه‌رده‌مانێك و به‌هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی فه‌لاقه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و خۆ كه‌س ناوێرێت تهسهوورێكی پێچه‌وانه بنووسێت یان ده‌رببڕێت، كاتێك ده‌زانرێ له‌هه‌موو مینبه‌ر و میحراب و په‌نا و سووچ و كووچه‌و كۆڵان و گۆڕه‌پان و چایخانه‌و گوزه‌ر و ده‌زگاو شوێنه ره‌سمی و ناڕه‌سمییه‌كانی ئه‌و پایته‌خته وه‌همییه لاهوتییه غهیبانییهوه تارماییه پارێزه‌ره‌كانی ئه‌و جۆره ئه‌قڵییه‌تانه به‌و په‌ڕی وه‌لائیانه‌وه بۆ مه‌رجه‌عێك كه‌خۆیان ئینتیمایان بۆی هه‌یه په‌لاماری ده‌ده‌ن.
وه‌ك له‌چاوپێكه‌وتنێكدا ئاماژه‌م پێداوه: ( تێڕوانینێكی سه‌له‌فیانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌پێشووتر نووسراوه‌و ئه‌وه‌ی كه‌دواتریش ده‌نووسرێت، گوتارێكی وه‌عز ئامێزه‌و هیچی له‌گه‌ڵا گوتاری مه‌لا و فه‌قێ و سوختهكانی حوجره‌دا فه‌رق نییه، كاتێك ده‌ڵێیت هێشتاكه رۆشنبیری و هزری كوردی نه‌چۆته ده‌ره‌وه‌ی دیواره دۆگماكانی حوجره‌وه، كه‌سانێكی زۆرت به‌گژددا دێن، كه‌چی راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه‌له‌م رۆژگاره‌دا تازه به‌تازه خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌و جارێكی دیكه ئێخه‌مان پێده‌گرێت و به‌به‌شێكی به‌رچاوی نووسینه‌كانی ئێستاشه‌وه نه‌یانتوانیوه ته‌جاوزی ئه‌و دۆگمایه بكه‌ن، نه‌یانتوانیوه له‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌قدیسكردن و موقه‌ده‌سه‌وه خوێندنه‌وه‌یان هه‌بێت، مه‌سه‌له‌كه لهگهمهكردن بهزاراوهكاندا نییه، وه‌ك كه‌سانێك كه‌سانێكی دیكه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن و بانگهێشتی خوێندنه‌وه‌ی تێكسته تاقانه و ناوازه‌كانیان ده‌كه‌ن، تێكسته جوانه‌كانیان، تێكسته مه‌زنه‌كانیان، تێكسته تا ئێستا نه‌نووسراو و له‌مه‌و دواش نهنووسراوهكانیان؟!.
نازانم هیچ رێی تێده‌چێت، تۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی زیندوو بۆ تێكستێكی زیندوو بكه‌یت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تێكست وه‌ك خۆی هه‌ڵبوه‌شێنیته‌وه؟! به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر لهنهگوتراوهكانی بكه‌یته‌وه؟! ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌خودی دانهرهكهشی بیری لێنه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام تێكست به‌ره‌و ئه‌وێت ده‌بات، به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌دانه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا نه‌شكاوه، به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌وه‌ك بۆشاییه‌ك جێماوه، به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌بۆته په‌راوێز، به‌بێ ئه‌وه‌ی دانه‌ر ئاگادار بووبێت، له‌و په‌راوێزخستنه، یان مه‌به‌ستی بووبێت.
مانه‌وه‌ی هه‌ندێك له تێكسته ئایینییه‌كان تا ئه‌م ساته‌وه‌خته، له‌ڕووی هه‌ڵگرتنی خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویلكردنه‌وه، به‌ده‌ر له‌و پێگه‌یه‌ی كهپاراستویهتی یان سه‌پاندنی و هۆكاره‌كانی دیكه، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ ئه‌و په‌راوێز و په‌نهان و نهێنی و بۆشاییانه‌ی كه‌له‌نێو تێكسته‌كه‌دا هه‌یه، كاتێك تێكستێكی ئایینی دیاریكراو سه‌باره‌ت به”هاوڕێیانی ئه‌شكه‌وت” ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌وه‌ی كهسهرنجم راده‌كێشێت، نه‌گوتنی ژماره‌ی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه‌چوونه‌ته نێو ئه‌شكه‌وته‌كه‌وه، سه‌رباری دیاریی نه‌كردنی ساڵه‌كانی مانه‌وه‌یان، ره‌نگه سه‌رپێی ئه‌مه ببرێته‌وه بۆ نه‌زانینی ژماره‌ی كه‌سه‌كان و ساڵه‌كانی مانه‌وه‌یان، له‌كاتێكدا نه‌زانین و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه له‌گه‌ڵا ره‌هابوونی تێكسته‌كه‌و زانینی میتافیزیكییانه‌ی پێشوه‌ختی به‌هه‌موو شتێك نه‌گونجاو و نه‌شیاوه، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ر ژماره‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌كه‌سه‌كان و ساڵی مانه‌وه‌یانی بگوتایه بێ چه‌ندو چوون جێی قبووڵا بوو، كه‌واته ده‌بێت له‌ڕوویه‌كی تره‌وه تێی بڕوانین، وه‌ك خۆم پێموایه گوتنی هه‌ر زانیارییه‌ك وه‌ك یه‌قینێك سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی كه‌سه‌كان و ساڵه‌كانی مانه‌وه‌یان، ئه‌م رووداوه‌ی ده‌برده نێو مێژووییه‌كی به‌رجه‌سته‌وه، ئه‌و ده‌میش له‌گه‌ڵا راستی و دروستی ئه‌و مێژووه، ئه‌گه‌ر وایه یان وانییه ده‌كه‌وته ناكۆكییه‌وه، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی كتێبه ئاینییه‌كان و تێكسته‌كانیان هه‌وڵی مانه‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژوو ده‌ده‌ن، كه‌واته ده‌بێت ئه‌و بۆشاییه جێبهێڵن و خودی زانینه‌كه په‌یوه‌ست بكه‌ن به‌هێزه میتافیزیكییه‌كانه‌وه، تا تێسكتهكه خودی ده‌سه‌ڵاته میتافیزییكییهكهی له‌ده‌ست نه‌دات و هه‌میشه بۆشایی و كه‌لێن و سوووچ و گۆشه‌ی نه‌زانراو هه‌بێت، كه‌تێكست عاجیزه له‌ئاست وه‌ڵامدانه‌وه‌یدا، له‌كاتێكدا ئه‌و تێكسته وه‌ك گوته‌یه‌كی هێزه‌كانی پشت خۆی، خۆی نمایشده‌كات، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا بۆ نه‌فی نه‌كردنه‌وه‌ی خۆی و مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی پێویستی به‌نه‌زانراوه زیاتر وه‌ك له‌زانراو ).
دروستكردنی خوێنه‌ری ناخوێنه‌ر یان مردوو پێده‌چێت به‌ده‌ر له‌وه‌ی كارێكی خۆبه‌خۆ بێت بووبێته پرۆسه‌یه‌ك، پرۆسه‌یه‌ك بۆ موعتادكردنی خوێنه‌ر به‌خوێندنه‌وه‌ی تێكسته مردووه‌كان و ئه‌وده‌م له‌جێی گه‌ڕان به‌شوێن بۆشایی و كون و كه‌لێن مه‌وداو كایه مه‌عریفیه‌كان و پرسیاركردن، ته‌نها گوێقوڵاغی وه‌ڵامه‌كان ده‌بێت و ته‌سلیم بهدیفاكتۆی ئه‌و چه‌شنه تێكستانه ده‌بێت و خۆشه‌ی ده‌كه‌ن به‌گوێڕایه‌ڵی و هیچ نه‌گوتن و پرسیارنهكردن، به‌مه‌ش ده‌بێته خاوه‌ن ئه‌قڵیه‌تێكی غه‌یبانی به‌و مانایه‌ی كه‌ته‌نها به‌شی ده‌بێته قایل‌بوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ ئه‌و لێشاوه باوه‌ی كهلهگهڵا خۆی ده‌یبات، ئیدی ئه‌و ده‌م خوێنه‌ر له‌گه‌ڵا خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێب و نووسینێكی مردووی بارگاوی به‌هه‌موو ئه‌و كه‌رسته میتافیزیكی و غهیبانیانهی كه‌له‌ناوه‌وه تێكی ده‌شكێنێت، ده‌بێته ئه‌و خوێنهرهكڵۆڵهی كهلهگهڵا خوێندنه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه كتێب و بابه‌تێكی له‌و چه‌شنه وه‌ك مردوویه‌ك ده‌بێت چاوه‌ڕێی ته‌لقیندانی بكات، ئیدی له‌و ساته‌وه‌ختانه‌دا خوێنه‌رێكی ئاوها به‌و چه‌شنه خۆشه‌كراو هیچ توانایه‌كی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و تێكدان و شێواندنه ناوه‌كییه‌ی خۆی نییه‌و دهرهێنانهوهشی له‌و ئاسته‌نگه كارێكی سه‌خته، چونكه ته‌سلیمبوون بهدۆگماكان یه‌كێكه له‌كێشه گه‌وره‌كانی نه‌ك هه‌ر خوێنه‌ران به‌ڵكو نووسه‌رانیش له‌ئاست نووسینی تێكستێكدا كه‌بتوانێت پرسیار بوروژێنێت.
“عه‌لی حه‌رب” ده‌ڵێت: ( وادێته پێشچاو له‌مابه‌ینی وتارێكه‌وه بۆ وتارێكی دیكه من ناكۆك و دژ به‌خۆم یان ناكۆك و دژ بهبیرۆكهكانی پێشووترم بم، نكوڵی له‌مه ناكه‌م و ناكرێت شتێكی تریش بم ).
له‌درێژه‌ی هه‌مان گوتهشیدا ده‌ڵێت:
( ئه‌گه‌ر نه‌گۆڕێم و به‌رده‌وام جیاواز نه‌بم ره‌نگه له‌بیركردنه‌وه رابوه‌ستم، یان لانی كه‌م ببمه مزگێنیده‌ر و بیرمه‌ندیش به‌وه ده‌كوژرێت كه‌ببێته مزگێنیده‌ر ).
ره‌نگه ئه‌وه‌ی كه “عه‌لی حه‌رب” ئاماژه‌ی پێده‌دات یه‌كێك بێت له‌ڕێگه‌چاره سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ستان و راوحكردن و بگره مه‌رگی نووسه‌ریش، ئیدی پێویسته هه‌رده‌م له‌نێو قووڵایی ناكۆكییه خودییه‌كان و كرانه‌وه له‌ئاست مه‌عریفه جیاواز و راو و بۆچوون و تهرحهكاندا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ نووسین یان خوێندنه‌وه‌و هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌توانین ئیدامهیهكی ئه‌كتیڤ به‌خۆمان بده‌ین.
هه‌رچه‌نده زۆر جار به‌ناچاری و هێنده‌ی رێزمان و ده‌ستووری زمان و وشه ده‌سته‌واژه‌كان رێمان پێده‌ده‌ن، تێكست به‌جوان یان به‌هێز و یان دژه‌كانی ناودێر ده‌كرێت، به‌ڵام ئیشكالێك له‌هه‌موو ئه‌مانه‌دا هه‌یه‌و له‌ڕاستیدا كاتێك به‌نووسینێكی دیاریكراو ده‌گوترێت تێكست، ئه‌و واتایه له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ده‌كرێت بخوێنرێته‌وه‌و قابیل بهڕاڤه و ته‌ئویل و قسه له‌سه‌ر كردنه، ئیدی ده‌كرێت تێكستێك تۆكمه‌تر بێت له‌یه‌كێكی تر، یان له‌ئاست خوێندنه‌وه‌دا كراوه‌تر بێت و یه‌كێكی دی داخراو بێت و ئه‌مه‌و زۆر چه‌شنه تێڕوانین و ده‌سته‌واژه‌و زاراوه‌و كه‌رسته‌كانی دیكه‌ی ناساندنی تێكست، ئه‌و راستیه ناشارێته‌وه كه‌ناكرێت تێكست ببێته سێبه‌رێكی نووسه‌ره‌كه‌ی، وه‌ك له‌و پانتاییه به‌ناو رۆشنفكرییهی كهئێمهی تێدا ده‌گوزه‌رێین سه‌رباری زۆر شوێنی دیكه‌ی دنیا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، ره‌نگه تێكسته لاواز و له‌رزۆكه‌كان پێویستیان بهنووسهرهكهیان بێت، له‌كاتێكدا داكۆكی نووسه‌رێك یان هاوبیره‌كانی لهتێكستێكی دیاریكراو زیاد و كه‌م هیچ ناخاته سه‌ر تێكسته‌كه، ته‌نها تێكسته زیندووكانن كه‌وه‌ك خۆیان هه‌ڵگری توانای تێكنهشكاندنن و ده‌توانن مه‌وداكانی زه‌مه‌ن تێپه‌ڕبكه‌ن و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ست نییه به‌چه‌شن و شێوه‌ی لۆژیكی بوونی یان نه‌بوونی سه‌رباری زۆر شتی دیكه كهئهقڵیهتێكی ته‌قلیدی پێی وایه نهێنی مانه‌وه‌ی تێكسته زیندووهكان له‌وه‌دایه.
یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی كه‌له‌سه‌رده‌می خۆیدا بۆ به‌رگری كردن له‌ئایینی مه‌سیحی و ده‌سه‌ڵاتی كڵێسا‌و مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی له‌لایه‌ن “تۆماس فۆن ئهكوینو” به‌ناوی ” ره‌خنه‌گرتن له‌كافره‌كان”، دژ به ته‌رح و بۆچوونه‌كانی “ئیبن روشد” نووسراوه، له‌مڕۆدا وه‌ك تێكستێكی زیندوو سه‌یر ناكرێت و خوێنه‌ر به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌مه‌به‌ست بیه‌وێت بیخوێنێته‌وه بێجگه لهدژایهتییهكی بێ بنه‌مای نووسه‌رێكی ئه‌وروپی چاخه‌كانی رابردوو بۆ ته‌رحه‌كانی “ئیبن روشد” و رك‌و كینێكی ئاشكرا، سه‌رباری ترس و خۆفێكی بێ وێنه له‌بۆچوونه جیاوازه‌كان هیچی دیكه‌ی تێدا نابینێته‌وه، هه‌رچه‌نده سه‌یره پێش ئه‌وه‌ی نووسه‌رانی ئیسلام و نێوه‌نده ئایینییه‌كانی ئیسلام دژ به‌بۆچوون و ته‌رحه‌كانی “ئیبن روشد” بنووسن نووسه‌رێكی ئه‌وروپی مه‌سیحی دژی وه‌ستابێته‌وه، له‌كاتێكدا دواتر بیر‌و بۆچوونه‌كانی ئه‌و بیرمه‌نده كاریگه‌رییه‌كی بێوێنه‌ی كرده سه‌ر نه‌خشه‌ی فیكریی و ئایینی ئه‌وروپاو ئه‌وه بوو ئه‌وان له‌ناوه‌وه‌ڕا گۆڕان و كه‌چی وڵاتانی عه‌ره‌ب و رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی هه‌رچه‌نده ئه‌و كتێبانه‌ی “ئیبن روشد” له‌زۆر رووه‌وه‌و بگره هه‌ر لهناوهڕۆكهوه جا چ شاراوه یان به‌ئاشكرا دژ به‌و ده‌سه‌ڵاته ئایینییه ئیسلامییه بوو كهلهمهرجهعێكدا كۆ ببۆوه‌و له‌گه‌ڵا ده‌سه‌ڵات جیانه‌ده‌كرایه‌وه، به‌هه‌رحاڵا ئهوروپایهك كهدهستپێشكهر بووه له‌دژایه‌تی “ئیبن روشد” و قه‌ده‌غه‌كردنی كتێبه‌كانی گۆڕاو پانتاییه ئیسلامییه‌كه‌ش وه‌ك خۆی ماوه‌یه‌وه. ئه‌وه‌ی كهلێرهشدا پێویسته ئاماژه‌ی پێبدرێت خوێندنه‌وه‌ی ئێستامانه بۆ ئه‌و تێكستانه‌ی “ئیبن روشد” كهماونهتهوهو له‌سووتاندن و فه‌وتان رزگاریان بووه، هاوكات خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كانی “غه‌زالی” یشه له‌گه‌ڵا تێكسته ره‌خنه‌ییه‌كانی “ئیبن روشد” بۆ فیكر و تێڕوانینی “غه‌زالی”. به‌و پێیه‌ی تێكسته‌كانی هه‌ردوو نووسه‌ر تۆكمه‌ن و هه‌رده‌م قابیل بهخوێندنهوهن و هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی خۆیانن كه‌وا له‌خوێنه‌ر ده‌كات وه‌ك تێكست بیانخوێنێته‌وه ئه‌مه له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی كه‌وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ئه‌وه‌ی هه‌ردوو نووسه‌ر نووسیویانه دیاره پێشتر “غه‌زالی” و پاش نزیكه‌ی هه‌شتا ساڵێكیش “ئیبن روشد”، وه‌ك خۆیان هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ته‌كانی تێكستن و قابیل بهخوێندنهوهن، به‌بێ ئه‌وه‌ی چۆنیه‌تی خستنه رووی میتۆدی و فیكریی و تێڕوانین و بۆچونه‌كان هیچ كاریگه‌ریه‌كی هه‌بێت، چونكه به‌ده‌ر له‌هه‌ر دۆگما‌و بۆچوونێكی پێشوه‌خت و سه‌له‌فی و راوه‌ستاو له‌پشت ئه‌وه‌ی خستویانه‌ته‌ڕوو، له‌ساته‌وه‌ختی كرده‌ی نووسیندا زۆر شتیان ره‌نگه به‌ئاگا یان بێ‌ئاگا شاردبێته‌وه كه‌ئێستا به‌خوێندنه‌وه‌یان هه‌وڵی كهشفكردنیان ده‌ده‌ین، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كهویستویانه بیڵێن و نهیانوتووهو ده‌یان ورده‌كاری تر كهتێكسته زیندووه‌كانی پێده‌ناسرێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كهتێكستهكانیان بۆ خۆیان ههڵگریین. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی “ئیبن روشد” بۆ “غه‌زالی” سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه” غه‌زالی” له‌ڕێی خستنه‌ڕووی بیست چه‌شنه بۆچوونه‌وه به‌رپه‌رچی تێكسته فه‌لسه‌فییه‌كان و فه‌یله‌سوفه‌كان ده‌داته‌وه‌و تا ده‌گاته به‌كافر له‌قه‌ڵه‌مدانی “فارابی” و “ئیبن سینا”، ده‌رحه‌ق به‌وه‌ی كه‌ئه‌وان دنیا له‌هه‌موو شتێك بهكۆنتر ده‌زانن و پێیان وایه یه‌زدان ورده‌كارییه‌كان نازانێت و…تاد. “ئیبن روشد” له‌كتێبی “تههافوتی ته‌هافوت”دا به‌رپه‌رچی تێڕوانینه‌كانی “غه‌زالی” دایه‌وه‌و ئیعتیباری بۆ فه‌لسه‌فه گه‌ڕانه‌وه‌و “ئیبن سینا” و “فارابی” یشی له‌خانه‌ی ته‌كفیر هێنایه ده‌رێ و هێرشێكی زۆر توندی كرده سه‌ر “غه‌زالی” و به پیاوێكی شه‌ڕانگێز و جاهیل و خراپه‌كاری دایه‌قه‌ڵه‌م كه‌له‌پێناو سه‌پاندنی راوبۆچوونه‌كانی سڵی له‌به‌كار هێنانی هیچ شێوازێكی پڕ پێچ و په‌ناو دووڕووانه نه‌كردۆته‌وه به‌تایبه‌تیش له‌پێناو ته‌كفیركردنی ئه‌و دوو زاته‌ی كه‌ناومان هێنان. به‌ڵام دیاره ئه‌وه‌ی كه”ئیبن روشد” لهنووسینهكانیدا سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه شاردویه‌تییه‌وه، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی “غه‌زالی” یه لهتهكفیركردنی ئه‌و دوو زاته وه‌ك له‌كتێبی “ته‌فره‌قه” دا ئاماژه‌ی پێداوه، بێگومان تێكسته زیندووه تۆكمه‌كان زۆر له‌وه قووڵترن سه‌رپێی تێیبڕوانین و لێیخووردببینهوه. چی له‌وه سه‌یرتر هه‌یه “ئیبن روشد” له‌ژێر په‌رده‌ی په‌یوه‌ست بوونی به‌ئایین و بیربۆچوونه میتافیزیكییه‌كانه‌وه بێت و ئاماژه به‌وه بدات كهخوداوهند نابێت له‌نێو زه‌مه‌ندا قه‌تیس بكه‌ین، چونكه ئه‌و خالیقی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كهدروستی كردووه‌و به‌و پێیه‌ش هیچ یاسایه‌ك كه‌ئه‌و شتانه ده‌گرێته‌وه ئه‌و ناگرێته‌وه، كه‌واته خوداوه‌ند له‌ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ندایه و هه‌موو شته‌كانی دیكه‌ش له‌نێو زهمهندان، ئیشكاله‌كه ته‌نها ئه‌وه‌نده نییه به‌ڵكو لای ئه‌و بیرمه‌نده شتێكی تره‌و به‌شاره‌وه‌یی و زۆر زیره‌كانه خۆی لێداوه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه‌جه‌خت ده‌كاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كهجووڵه ته‌نها خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌ته به‌و شتانه‌ی له‌نێو زهمهندان و هیچ شتێك له‌ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و دنیای ماتهریاڵا جووڵه‌ی نییه، له‌ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه كه‌واته هیچ شتێك نییه بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و ئه‌گه‌ر تهسهوورێكیش بۆ شتێكی وا هه‌بێت ئه‌وه ئه‌و شته له‌ڕاستیدا نییه!؟.
ئه‌م ئاماژه پێدانه‌مان بۆ ئه‌وه‌یه كه‌بزانین تێكست ته‌نها ئه‌وه نییه كه‌وه‌ك خۆی له‌خۆی ده‌گرێت، به‌ڵكو شاراوه‌و نه‌گوتراو و ته‌نانه‌ت ئه‌و گوتراوانهشی كه‌به‌و چه‌شنه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا په‌رده‌پۆشكراوه شتگه‌لێكی زۆر گرنگن بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌ركه‌كانی تێكست و دۆزینه‌وه‌ی كۆده‌كانی و كاری خوێنه‌ری جیدیش هه‌وڵدانه بۆ كه‌شفكردن و دۆزینه‌وه‌و گه‌ڕانی زیاتر به‌شوێن نهێنی و په‌نهانه‌كانی تێسكتدا، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا خوێنه‌ر ده‌ڕۆستی دێت كهتوانیبێتی ئه‌و وه‌همه له‌مێشكی خۆیدا بسڕێته‌وه كه تێكسته تۆكمه‌كان به‌چه‌شنی قه‌ڵا سه‌خته‌كان پێویستیان بهسوپایهك هه‌یه تا ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ گه‌مارۆی بده‌ن و لهڕێكهوتێكیشدا دیوار و ده‌ركه‌كانی تێك بشكێنن و ئه‌گه‌ر توانیان داگیری بكه‌ن.
به‌درێژایی ساڵانێك سیسته‌مێكی به‌رفراوانی فیكری و رۆشنبیری و ئه‌ده‌بیی میتافیزیكی كاری بۆ وێناكردنی تێكست كردووه وه‌ك شاكارێكی موقه‌ده‌س و نووسه‌ریش وه‌ك بوونه‌رێكی تهقدیسكراو، به‌مه‌ش كاری خوێنه‌ریان كورتكردۆته‌وه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه بێ چه‌ندوچوون و بگره‌و به‌رده‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیدیانه، نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و فیكری و ره‌خنه‌یی كوردیش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ندێك له‌نووسه‌رانی كوردی كردۆته قاره‌مان و هه‌وڵیداوه به‌گێڕانه‌وه‌ی ماجه‌راكانی ژیانیان و به‌سه‌رهاته جۆراو جۆره‌كان و هه‌ڵوێسته بهنامێیهكانیان نووسینه‌كانیان بخاته په‌راوێزه‌و هه‌رده‌م ئاماده‌گی به ناوه‌كان بدات له‌بری تێكسته‌كان، ئه‌مه‌ش له‌سه‌رجه‌م كتێبه ئه‌ده‌بییه‌كانی قۆناغی خوێندن و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیش له‌زۆرێك له‌نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌بینرێته‌وه، ئیدی به‌شێكی زۆری خوێنه‌رانی كورد ئاگادارن بۆ نموونه له‌وه‌ی فڵانه شاعیر كوڕی كێ بووه‌و ده‌چێته‌وه سه‌ر چ نه‌سه‌ب و عه‌شیره‌ت و خێڵێك و له‌كوێ فه‌قێ بووه‌و له‌كوێ بۆته مه‌لا و له‌كوێ مردووه‌و چه‌ندین شتی له‌و بابه‌ته‌ش، سه‌رباری خستنه‌ڕووی سه‌رپێیانه‌و پێناسه‌كردنێكی بوار و مه‌وداكانی نووسینی و گرێدانه‌وه‌ی به‌قۆناغێكی دیاریكراوی ئه‌ده‌بییه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌و ده‌م و ئێستاش ده‌كرێت:( ته‌نها لهكۆڵخۆكردنهوهو زیادكردنی ژماره ناوه‌كانه و ئامرازێكه بۆ وروژاندنی هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی و شتی له‌و بابه‌ته‌و ئه‌ویش وه‌ك زۆر شتی دیكه له‌ڕوانگه تیرهگهرییه فیوداڵییهكهوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا كراوه‌و وه‌ك دانانی ناوێكی نه‌شیاو له‌گه‌ڵا نووسه‌رانی سه‌رده‌مێك له‌سه‌رده‌مه‌كان و ریزبه‌ندیكردنی و ئاماژه پێدانی و حیساب بۆ نه‌سه‌ب و جێگه‌و شوێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی كراوه، ئه‌گینا هه‌ن هیچی ئه‌وتۆیان نه‌نووسیوه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌ر نووسینێكی ئه‌و تۆیان نییه كه‌وه‌ك ئه‌دیب ناویان بهێنرێت، كه‌چی لێره‌و له‌وێ به‌ویستی فڵان و فیساره كه‌سی ده‌ستڕۆیشتوو ناویان ده‌چێته لیستی نووسه‌رانی سه‌رده‌مێكی دیاریكراوه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه ئه‌گه‌ر كێشه‌ش بێت له‌ڕووی تاكه‌كه‌سییه‌وه هێنده‌ی ئه‌وه كێشه نییه كه‌تۆ به‌درۆ مێژوویه‌ك بۆ ئه‌ده‌بیاتی میلله‌تێك دروستبكه‌یت و فێڵا لهنهوهیهكی خۆت بكه‌یت و پێیان بڵێیت بۆ نمونه له‌كاتێكدا تۆ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی بیست شاعیر بیت كه‌شاعیر بێت كه‌چی ناوی سه‌د شاعیریان بۆ ریزبكهیت و پێیان بڵێیت ئه‌مانه‌ن كهڵهشاعیرهكانی شیعری كوردی!!؟ له‌كاتێكدا هه‌ر وه‌ك نمونه‌یه‌ك عه‌ره‌ب پاش ساڵانێك له‌دانه پاڵی كۆمه‌ڵێك شیعری زۆر بۆ شاعیره‌كانی سه‌رده‌می جاهیلییه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك لایه‌نی ئیستهتێكی یان ناوهڕۆك هیچ كێشه‌یه‌كیش له‌و شیعرانه‌دا به‌دی كرابێت، كه‌چی وردبوونه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی رهخنهكارانی ئه‌ده‌به‌كه‌یان وای لێ‌كردن زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌پێشتر به‌شیعری شاعیرانی سه‌رده‌می جاهیلییه‌ت له‌قه‌ڵه‌مدرابوو وه‌لابنێن بیكه‌نه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌می جاهیلییه‌ته‌وه وه‌ك عه‌ره‌ب خۆی ناوی ده‌بات).
ئه‌مه له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی هیچ كاتێك زۆرێك له‌تێكسته باشه‌كان له‌هیچ شوێنێكی دنیادا نه‌چوونه‌ته نێو ره‌سمیاتی دام‌و ده‌زگا ره‌سمی و كتێبه‌كانی قۆناغه‌كانی خوێندنی وڵاتانه‌وه‌و پێویستیشه نه‌چێت، ئه‌مه‌ش باشترین شتێكه بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و تێكستانه به‌زیندووێتی، چونكه هه‌ر كاتێك تۆ هه‌ر تێكستێكت كرده ماته‌ریاڵی خوێندن به‌زۆر و ئهزبهرهكردن و لێپرسینه‌وه، ئه‌وه گه‌وره‌ترین بێحورمه‌تیت به‌و تێكسته كردووه‌و به‌ته‌واوی مرانووته، هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆكی یه‌كێك له‌وڵاته‌كانی ئه‌مریكای لاتین پاش چاپكردنی ملیۆنه‌ها نوسخه له”دۆن كیخۆته” و به‌زۆر دابه‌شكردنی به‌سه‌ر خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یدا و بانگه‌شه‌كردنی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك بیخوێنێته‌وه، جوانییه‌كانی ئه‌و تێكسته‌ی لای به‌شێكی زۆری خوێنه‌ران كوشت و “دۆن كیخۆته”ی كرده ئامڕازێكی ریكلامی بۆ خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی.
ئه‌مه له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی خۆیان سه‌رقاڵی نووسینی ره‌خنه‌یی كردووه، هێشتاكه نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و تێڕوانینه ره‌خنه‌ییه‌ی كه‌دواجار لای “غه‌زالی” دروست بووه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ره‌خنه‌یه‌ك له‌سه‌ر دژایه‌تی و لێدانی ئه‌م و ئه‌و دروست بووبێت، زۆر دهستهوسانتره كهحهقیقهتێكی مه‌عریفی به‌رهه‌مبهێنێت، چونكه دژایه‌تی و لێدان له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه‌تۆ حهقیقهتێكت لایه جیاواز له‌وه‌ی كهخراوهتهڕوو، به‌مه‌ش كاری تۆ ده‌بێته پاكانه‌و پاساو هێنانه‌وه بۆ حه‌قیقه‌تێكی پێشتر زانراو و سه‌لمێنراو، به‌و پێیه‌ش هه‌رگیز نا‌توانیت فیكر و مه‌عریفه‌یه‌كی نوێ به‌رهه‌مبهێنیت، سه‌رقاڵبوونی ره‌خنه به‌دانه‌ری تێستهوهو له‌بیركردنی تێكست دیارده‌یه‌كی ترسناكه‌و ته‌نها پێكدادان و دژایه‌تییه‌كی بێمانای لێده‌كه‌وێته‌وه.
” رۆلان بارت” ده‌ڵێت: ( دانه‌ر بوونی نییه ته‌نها له‌ساته‌وه‌ختی به‌رهه‌مهێناندا نه‌بێت، منیش وه‌ك خۆم و له‌م ئه‌زموونه خاكییهمهوه هه‌ستم به‌وه كردووه كه پاش نووسین هیچ نامێنێته‌وه له‌باره‌یه‌وه بیڵێم و هیچ پێوه‌ندییه‌كی موڵكایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنیش پێوه‌م نابه‌ستێته‌وه ).
یان ده‌ڵێت:
( تێكست داده‌نرێت و ده‌خوێنرێته‌وه به‌چه‌شنێك كه له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه دانه‌ر تێیدا غائیبه ).
زۆر جاران نووسینه جیدییه‌كان به‌گشتی و شیعریش به‌تایبه‌تی له‌ڕووی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵا یه‌قین و گومان و جێهێشتنی بۆشاییه‌كانه‌وه، “تاوییه‌كان”م بیرده‌خاته‌وه.
” چوانگ تز” “تاو” به‌و شته ده‌چووێنێت كه‌هه‌م بۆشاییهو هه‌م نابۆشایی، له‌كاتێكدا هیچیان نییه. ده‌یچووێنێت به‌و شته‌ی كهڕهگ و قهدهكان دروست ده‌كات و به‌ڵام نابێته ئه‌وان، كۆبوونه‌وه‌و جیاكردنه‌وه دروست ده‌كات، له‌كاتێكدا خۆی نهجیادهكرێتهوهو نهكۆشدهكرێتهوه..وه‌ك لهگوتهیهكی “تاوییه‌كان”دا هاتووه:
( له‌وێ سه‌ره‌تایه‌ك هه‌بوو
له‌وێ سه‌ره‌تایه‌ك هه‌بوو ده‌كه‌وته پێش ئه‌و سه‌ره‌تایه‌وه
له‌وێ بوونێك هه‌بوو
له‌وێ نابوونێك هه‌بوو ).
ره‌نگه زیندووترین تێكست ئه‌و تێكسته به‌راییه بێت كه‌ده‌یه‌وێت ببێته سه‌ره‌تا یان بۆ خۆی ئه‌و سه‌ره‌تایه‌یه كه‌ده‌بێت هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بده‌ین، ئه‌گه‌ر پێشمان وابێت هه‌ر سه‌ره‌تایه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی دیكه‌ی له‌پشته‌وه‌یه‌و به‌م چه‌شنه سه‌ره‌تاكان له‌شوێنێكدا راناوه‌ستن و سهقامگیرنابن، یان بهبڵێین ته‌واو نابن و نابنه كۆتایی، ئه‌و ده‌م خوێندنه‌وه‌مان بۆ تێكست ده‌بێته كرده‌یه‌كی به‌رده‌وامی گه‌ڕان و هه‌وڵدان بۆ كه‌شفكردنی نه‌گوتراو و نه‌زانراوه‌كان.. ههوڵدانیشمان بۆ خوێندنه‌وه‌ی نه‌نووسراو و نه‌گوتراو و نه‌زانراوه‌كان، هه‌وڵدانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و دنیا ونبووه‌ی كه دانه‌ر خۆشی لێی بێئاگایه.
له‌وتارێكی دیكه‌دا ئاماژه‌م به‌هه‌ندێك له‌و ده‌نگه جیدیانه‌ی نه‌وه‌ی نوێی شیعر دابوو، كه‌هێنده‌ی خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك ئاگاداری هه‌وڵدانه شیعرییهكانیانم، وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێدابوو، لێره‌شدا جارێكی تر جه‌خت ده‌كه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌ی كهبێگومانم له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوانه ده‌نگی تر هه‌ن و ده‌شبن، ئه‌وه‌ی كه‌من پێشتر و ئێستاش نووسیوومه ته‌نها هه‌وڵدانێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێك لهنهخوێندراوهكانی نه‌وه‌ی نوێی شیعر، ئه‌وه‌نده‌ی كهدهرفهتم بۆ بلوێ و بتوانم، ئه‌گینا هیچ مه‌به‌ستێكم لههێنانهپێشی كۆمه‌ڵێك ناو و سڕینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ناوی دیكه‌ی گه‌نجان نییه، له‌كاتێكدا كه‌وه‌ك به‌درێژایی ئه‌م وتاره ئاماژه‌م پێداوه ئه‌وه‌ی كه‌گرنگه تێكسته نه‌ك دانه‌ر و ئه‌وه‌ی كه‌منیش وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌یخه‌مه‌ڕوو بڕوانامه به‌خشینه‌وه‌و بروز پێكردن و بگره‌و به‌رده‌ی له‌و جۆره نییه، وه‌ك كۆمه‌ڵێك كه‌سانی ئازیز به‌نامه گله‌ییان لێكردبووم كه‌بۆ ناوی كه‌سێكم هێناوه و ناوی یه‌كێكی دیم له‌یاد كردووه‌و زۆر شتی له‌و جۆره كه‌كاری من نییه‌و ئاماژه‌دانیش به‌ناوه‌ڕۆكی نامه‌و ناوی هه‌ر كه‌سێك كهنامهی بۆ ناردبێتم به‌كارێكی جوان و شیاو نازانم و مه‌گه‌ر ته‌نها وه‌ك ئاماژهپێدانێك بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌و ئیشكالانه بگات، كه‌نووسه‌ری هه‌ر خوێندنه‌وه‌و كارێكی ره‌خنه‌كاری دواتر رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌و له‌قاڵبێكی شه‌خسیدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت چه‌ند به‌ڕێزێك پێیان وایه وه‌ك لهنامهكانیاندا خستویانه‌ته‌ڕوو كه‌من تاوانێكی زۆر گه‌وره‌م كردووه چونكه شاعیرهگهنجهكانی باكووری كورستان و رۆژئاوای كوردستان‌م پشتگوێخستووه؟!.. راستیه‌كه‌ی من ئاگاداری به‌رهه‌می شاعیره گه‌نجه‌كانی هه‌موو كوردستان نیم و كه‌م تا زۆر ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادارم ده‌توانم شتێك بڵێم و وه‌ك ئاماژهپێدانێك بیهێنمه نێو خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی من ته‌نها خوێنه‌رێكی شیعری گه‌نجانم و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌رفه‌تی خوێندنه‌وه‌یانم هه‌بێت و بیانبینم، ئه‌گینا ره‌خنه‌گرێكی تایبه‌ت به‌و بواره نیم و جگه له‌خستنه‌ڕووی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ساده‌و ساكاری خۆم ده‌رحه‌ق به‌و شیعرانه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، بانگه‌شه‌ی هیچی ترم نه‌كردووه‌و كاری نووسه‌ریش بانگه‌شه‌كردن نییه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی من نه‌مگوتووه ئینسیلۆپیدیایهك له‌سه‌ر ته‌وژمی نوێی شیعریی گه‌نجانی به‌شێك یان هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ده‌نووسم، وه‌ك گوتم ئه‌وه‌ی گرنگه بوونی ته‌وژمێكی له‌و چهشنهیهو هه‌ر غیابی ره‌خنه‌ی كوردیشه كه وایلێكردووم بۆ جارێكی دیكه‌ش بێمه‌وه نێو هه‌مان كایه، كه‌به‌ڕای من به‌ته‌واویی فه‌رامۆشكراوه‌و ئاوڕ له‌و ده‌نگه نوێیانه نه‌دراوه‌ته‌وه، ئێمه لێره‌دا له‌ئاستێكی شه‌خسیدا قسه له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێی شیعری كوردی ناكه‌ین و كارمان به‌وه نییه كێیان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵی نوسینی جوانتر و جوانتر ده‌دات، یان كێیان له‌مه‌ودوا خراپتر ده‌نووسێت، ئه‌وه‌ی گرنگه بوونی ته‌وژمێكی شیعرییه‌و به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی جدییه‌ت له‌كاره‌كانیاندا ده‌بینرێته‌وه‌و وه‌ك پێشتریش له وتاره‌كه‌ی تردا ئاماژه‌م پێداوه:
( ئاماژه‌دانم به‌و ناوانه‌ی كه‌له‌نێو ته‌ووژمی شیعری نوێی كوردیدا هه‌ن و ده‌نووسن ئاماژه‌دانێكی سه‌رپێی نییه، چونكه پاش خوێندنه‌وه‌ی كه‌م تا زۆری شیعره‌كانیان، له‌زۆر بڕگه و كۆپلهو رسته‌و وشه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار له‌ناونیشانی شیعرهكانیشیاندا هه‌ستم بهههوڵدانیان كردووه بۆ راگرتنی خوێنه‌ر، ئیدی كاركردنی به‌رده‌وام و ئه‌زموونكردنی دنیا‌و هه‌وڵدانی هه‌رده‌می ئه‌وانه، دواجار ده‌كارێت شتێكی جوداو جیاوازی لێبكه‌وێته‌وه، كهقابیل به‌خوێندنه‌وه بێت و راڤه و شیكاری و ته‌ئویلی بۆ بكرێت.
به‌هه‌رحاڵا له‌نێو ئه‌و فه‌وزا و ئاشووبه‌ی ئێستای ئه‌ده‌بیات و رۆشنبیری كوردی و شه‌ڕه‌جه‌نگی ناوه‌كاندا، له‌ئاست تێكسته شیعرییه‌كانی ئه‌و گه‌نجانه‌دا پێویسته هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین و بڕوانینه ئه‌و جوگرافیایه‌ی كه‌ئه‌وان به‌گشتی كاری تێدا ده‌كه‌ن و له‌و پێگه‌یه وردبینه‌وه كه‌ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ری رابوه‌ستن، یان نایانه‌وێت و كه‌چی بێ‌ئاگا له‌وێدا راوه‌ستاون.
ئاشكراشه لێره‌دا كاری ئێمه خوێندنه‌وه بۆ سه‌رجه‌م شیعره‌كانیان، یان شیعرێكی دیاریكراوی هه‌ر یه‌كێكیان نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كهدهمانهوێت ئاماژه‌ی پێبده‌ین وه‌ك پێشتریش باسمان لێوه‌كرد هه‌وڵدانیانه بۆ راگرتنی خوێنه‌ر. دیاره تێكست-یش ئه‌و موقه‌ده‌سه كامڵه نییه كه‌وه‌ك زۆر كه‌س پێی وایه ده‌بێت به‌ڕاده‌یه‌ك كامڵا بێت، كه‌هیچ كونۆچكهو كه‌لێن و بۆشاییه‌كی به‌جێ نه‌هێشتبێت، به‌ڵكو ئه‌مه زۆر به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه تێكستی قابیل به‌خوێندنه‌وه ئه‌و تێكسته‌یه كه‌هه‌رده‌م بۆشاییه‌كانی زیاتره لهپڕكردنهوهكانی.
“ژاك دریدا” سه‌رباری جددییه‌تی تێكستی”دادگایكردن”ی “كافكا”، كه‌چی تێكسته‌كه جێ ده‌هێڵێت و خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره و قووڵا و جیددی ته‌نها بۆ ناونیشانه‌كه‌ی ده‌كات، بۆیه ده‌كرێت له‌سه‌رجه‌م ئه‌زموونی نووسه‌رێكدا، ته‌نها قسه له‌سه‌ر په‌ره‌گراف و دێڕو وشه و ناونیشانه‌كه‌ی بكه‌ین، لهدیدگهیهكی ته‌فكیكییه‌وه تێكست ههڵبوهشێنینهوهو پاشان كاری له‌سه‌ر بكه‌ین ).
بۆ ئاشناكردنی زیاتری خوێنه‌ر به‌هه‌ندێك له‌نموونه شیعرییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی بتوانم ئاماژه به‌هه‌ندێك نمونه‌ی شیعری ده‌ده‌م كه‌نزیكه له‌ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی باسه‌كه‌مانه‌وه.
گه‌ر ئه‌و دیو تێكسته شیعری ( عهندهلیبێك له‌مندا…ئیعتیاد به‌خۆكوشتن )ی “زمناكۆ بورهان قانع” بخوێنینه‌وه، سه‌رباری ئه‌و كاركردنه‌ی كه‌له‌نێو تێكسته‌كه‌دا ده‌كه‌وێته پێشچاو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی نهخوێندراوهكانی ئه‌و شیعره بده‌ین، ده‌بینین تهسهووراتێكی ته‌سه‌وفیی “تاو”یی كه‌وتۆته ئه‌و دیو تێكسته‌كه‌وه، سه‌باره‌ت به‌گرێدانی سه‌ركه‌وتن و كوشتن و خود، “تاوییه‌كان” باوه‌ڕیان وایه:
( ئه‌وه‌ی به‌سه‌ركه‌وتن شادمانه، شادمانه به كوشتن، ئه‌وه‌ی بهكوشتنیش شادمان و به‌خته‌وه‌ر بێت، ناتوانێن ببێته ته‌واكه‌ری خۆی).
واته گه‌ر شادمان نه‌بیت به‌كوشتن(به‌خۆكوشتن-ه‌شه‌وه) ئه‌و ده‌م شادمانیش نابیت به‌سه‌ركه‌وتن!؟ ئه‌م تێڕوانینه له‌ودیو تێكسته شیعرییه‌كه‌وه كاری كردۆته سه‌ر خودی تێكسته‌كه‌و نغرۆی یه‌ئس و بێهوودهییهكی بێوێنه‌ی كردووه، خودێك كه‌نه‌توانێت به‌خته‌وه‌ر و شاگه‌شكه بێت به سه‌ركه‌وتنه‌كانی، له‌كاتێكدا سه‌ركه‌وتن و كوشتن دوالیزمێك بن و خود ته‌نها له‌ڕێی ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ردووكیانه‌وه بتوانێت بگاته خۆی، به‌واتای گه‌یشتنه قووڵترین و تاریكترینی ئه‌و شوێنانه‌ی كهلهنێوهوهدا هه‌ن و سه‌رچاوه‌ی كهئابهت و حوزنێكی ئه‌به‌دین.
وه‌ك له‌تێكسته شیعریه‌كه‌دا هاتووه:
( تۆ عه‌نده‌لیب/ موعتادم مه‌كه بهتێكشكان له‌م جه‌هه‌نه‌مه سووره‌دا/ كهخۆشنوودی حه‌رامه لێی/ بێهۆشم مه‌كه بهئهفیون/ له‌م دۆزه‌خه ره‌شه‌دا/ كه‌پێكه‌نین غایبه تیای/…..تۆ بخوێنه ئه‌ی جومجومه‌ی پڕ خورافات/ ئه‌ی وه‌همی من/ ئه‌ی زه‌خره‌فه‌ی پڕ ئیعتیاد/ ئه‌ی تاعونی قریشكه‌ی من/ ئه‌ی شالووری پڕ حوزنی من/ تۆ بخوێنه ئه‌ی عه‌نده‌لیب/ تۆ بخوێنه…).
ئاسته‌مه به‌بێ بوونی ئه‌و گومانه‌ی كه‌ده‌كه‌وێته نێو یان ئه‌ودیو تێكسته‌كانه‌وه، تێكست وه‌ك بونیادێكی زیندوو خۆی به‌رجه‌سته‌و وێنابكات.
وه‌ك نمونه‌ی ئه‌و گومانه‌ی كهلهتێكسته شیعرییه‌كانی ئێستا گه‌نجاندا بوونی هه‌یه، ده‌كرێت ئاماژه به‌چه‌ند كۆپله‌یه‌كی تێكسته شیعری ” ئه‌و سهندهڵێكه به‌ته‌نیشت قسنی منه‌وه ده‌ڕوێت”ی “تێكۆشه‌ر خالید” بده‌ین:
( من ئه‌وان ده‌بینم چۆن ده‌خزێنه كۆشی شه‌وه‌وه/ من خۆمان ده‌بینم چلۆن ده‌ڕژێینه ئامێزی سه‌فه‌ره/….ئه‌ی نه‌وره‌سی كاڵی عه‌سرانی من/ لهوردبونما، كاتێك پارچه پارچه ده‌بم به‌فیراق/ چهپاوم كه.. چه‌پاو پارچه‌كانم ببه‌ره‌وه بۆ ئه‌و به‌ر/ له‌یه‌كێك له‌كۆڵانه‌كانی وه‌ردا بمنێژه/…..موناجاتێك شك نابه‌م.. بمباته‌وه سه‌ر دواهه‌مین نزای به‌كوڵی شه‌ونم/ ئه‌زانم پێ راناگه‌م و ئه‌وه ده‌بێت كه‌نابێت/……).
لێره‌وه گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی “هێرمان هیسه” كهلهدهسپێكی بابه‌ته‌كه‌ماندا خستوومانه‌ته‌ڕوو و له‌ئاست ئه‌فسانه‌ی قووڵاییه‌كان رابوه‌ستین، ده‌بینین به‌شێكی زۆری كاریگه‌ری ئه‌فسانه‌كان له‌سه‌ر زه‌ینی ئێمه په‌یوه‌سته به‌و گومانه‌ی لامان دروستی ده‌كات، له‌كاتێكدا كه‌به‌و په‌ڕی یه‌قینه‌وه بهسهرهاتگهل و سه‌رگوزشته‌و هه‌موو شته‌كانی دیكه ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی ئه‌فسانه‌كان به‌گشتی ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و راستیه‌ی كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌موو یه‌قینێك كهدهیخاتهڕوو، لهقووڵاییهكانی گومانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.. پێداگرتنی به‌رده‌وامیشی له‌سه‌ر یه‌قین بوونی هه‌موو ئه‌وه‌ی كهپێمانی ده‌ڵێت، ههوڵدانێتی بۆ شاردنه‌وه‌ی گومانگهلێك كه‌له‌پشت گوتار و گوتنه سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه خۆی حه‌شارداوه.
وابه‌سته‌بوونی شیعر بهئهفسانهوه، یان ده‌توانین بڵێین دوالیزمی شیعر و ئه‌فسانه به‌چه‌شنێكه كهئاستهمه لێكیان داببڕین، به‌له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌ڵهاتنی هه‌ردووكیان له‌پره‌نسیپه میكانیكییه‌كان و یاسا لۆژیكییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌و زانست، فه‌لسه‌فه بۆ چێكردنی سیستمه‌كان په‌نا بۆ چه‌مكه‌كان ده‌بات بۆ ته‌فسیركردنی دنیا‌و زانستیش به‌پره‌نسیپ و هێماكانی دواجار دنیا ده‌كاته هێماو سیمبۆلی ماتماتیكی و فیزیكی و كیمیاویی و بایۆلۆژی و…تاد.
به‌ڵام ئه‌فسانه وه‌ك شیعر په‌یوه‌سته به هه‌ست و سۆز و وه‌ك ئه‌ویش هه‌وڵی وێناكردنی دنیایه‌كی سه‌یرو سه‌مه‌ره ده‌دات، له‌گه‌ڵا واڵاكردنی شاڕێگه‌یه‌ك له‌مابه‌ینی ئاگایی و بێئاگایدا، به‌چه‌شنێك كه‌هه‌رده‌م ئه‌و دوو چه‌مكه‌و چهمكگهلهكانی دیكه له‌بارێكی نائاسایی جێگۆڕكێپێكهردا ده‌هێڵێته‌وه، هه‌ر بۆیه ته‌نانه‌ت لهمڕۆیهكی میكرۆ-ڤیزیۆنی تهكنهلۆژیشدا، له‌جێی ئه‌وه‌ی وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا له‌ناو بچێت و نه‌مێنێت، كه‌چی له‌جاران خه‌ست و خۆڵتر و چڕ‌و پڕتر ده‌بووژێته‌وه، ئیدی ئه‌فسانه‌گه‌له شیعرییه‌كان، یان شیعره ئهفسانیهییهكان هه‌رده‌م ئه‌وه‌مان بیرده‌خه‌نه‌وه كه‌ئێمه له‌م دنیایه‌دا چه‌ند بێكه‌س و ته‌نیاو تهریكین، چه‌ند كڵۆڵا و داماو و هه‌ش به‌سه‌رین ده‌رحه‌ق به‌و چاره‌نووسه نه‌گۆڕه‌ی كهچاوهڕێمان ده‌كات!؟. ئێمه له‌ڕێی خه‌یاڵه‌وه، خه‌یاڵی نێو ئه‌فسانه‌و شیعره‌كان ده‌توانین بچینه ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌وپه‌ڕی ئیغتیرابهوه جارێكی دیكه‌و به‌چه‌شنێكی تر ده‌مانهێنێته‌وه نێو زه‌مه‌ن، نه‌ك به‌و پێیه‌ی زانیاری و راستییه‌كمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵكو به‌و پێیه‌یه‌ی كهئاماژهو ئیحا و ئیماكان له‌خۆ ده‌گرێت له‌بری راڤه‌كاری و وابه‌سته‌كردنی لۆژیكییانه‌ی شته‌كان به‌یه‌كترییه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌توانێت هه‌رده‌م له‌گوماندا بمانهێڵێته‌وه. شیعر و ئه‌فسانه ئه‌و دوانه‌یه‌ن كهئاستهمه بزانین كامیان ده‌بنه سه‌ره‌تای ئه‌ویدیكه‌یان و واپێشدهچێت هه‌ردووكیان پێكه‌وه هاتبێتنه بوون، له‌كاتێكدا زمانه سیحرییه‌كه‌ی شیعره ئه‌فسانه‌كان وێنا ده‌كات، له‌هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ر فه‌زا و ئه‌تۆمۆسفێر و خه‌یاڵی نێو ئهفسانهكانیشه ئه‌و زمانه سیحرییه شیعرییه ده‌هێنێته گۆو هه‌ر بۆیه فه‌لسه‌فه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دژ بهئهفسانهكان وه‌ستاوه‌ته‌وه، به‌واتایه‌كی دی دژ به‌شیعریش وه‌ستاوه‌ته‌وه.. بۆیه”ئه‌فلاتون” شاعیرانی لهكۆمارهكهی خۆی وه‌ده‌رنا، تا له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه ئه‌فسانه دزه نه‌كاته نێو كۆماره یۆتۆبیاییهكهیهوه. قورئانیش وه‌ك كتێبێكی ئایینی ره‌تیكردۆته‌وه كه‌ئایه‌ته‌كانی شیعر بن، بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی به‌شاعیران داوه وه‌ك كه‌سانێك كهخراپهكاران دوایان ده‌كه‌وێت و ….تاد.
شایانی باسیشه هه‌ر شوبهاندنێكی تێكسته ئایینییه‌كان و شیعر، له‌ڕوویه‌كی تره‌وه شوبهاندنێتی بهئهفسانهكان.. كه خودی سه‌رجه‌م ئایینه‌كان هه‌ر لهدهسپێكیانهوه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه، كه‌ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یخه‌نه‌ڕوو ئه‌فسانه نییه، به‌ڵكو حه‌قیقه‌تێكی ئیلاهییه؟!. هه‌ر بۆیه سه‌رباری دژایه‌تیكردنی به‌رده‌وامیان بۆ فه‌لسه‌فه كه‌چی فه‌لسه‌فه‌یان بهنزیكتر له‌خۆیان زانیوه وه‌ك له‌ئه‌فسانه و شیعر.
مه‌به‌ستمان له‌باس و خواسهكهی پێشووتر سه‌باره‌ت به‌ئه‌فسانه‌و شیعر كاریگه‌ری ئه‌و دوو ژانره‌یه له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌شیعره‌كانی نه‌وه‌ی نوێ، نه‌ك به‌و چه‌شنه‌ی كه‌پێشتر كاری تێدا كراوه، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی كه‌مێك شاراوه‌و په‌رده‌پۆشكراو و بگره بهبێههستكردنی دانه‌ری ئه‌و چه‌شنه شیعرانه‌ش گهراِوهتهوه، شیعری( ئیعتیاد به‌خۆكوشتن) له‌گه‌ڵا ئه‌و قوڵاییه “تاو”ییه‌ی كه‌هه‌یه‌تی و زیاتر ده‌یباته نێو دنیای ته‌سه‌وفه‌وه، به‌ڵام لهباڵێكی دیكه‌شه‌وه ده‌چێته نێو ئه‌فسانه‌وه، ئه‌فسانه‌یه‌كی نزیك له‌ئه‌فسانه‌ی سیزیف ولهم وتاره‌شدا ده‌رفه‌تی باسكردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان تاوییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌و ئه‌فسانه و ته‌سه‌وفمان نییه و له‌كاتێكی تردا ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت ره‌خسا ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ری. لێره‌دا ئاماژه به‌شیعرێكی دیكه‌ش ده‌كه‌ین كه‌شیعری “له‌رینه‌وه‌ی وشه‌كان”ی “رابه‌ر فاریق”هو به‌تایبه‌تیش كۆپله‌یه‌كی:
( هه‌مووتان چوون بۆ سه‌فه‌ر، هه‌مووتان
كه‌ستان نه‌گه‌ڕانه‌وه
به‌ته‌نها چووم بۆ سه‌فه‌ر، به‌ته‌نها
ئێوه‌یشم له‌گه‌ڵ خۆمدا هێنایه‌وه
ئاخر، له‌وه‌ستاندا به‌ڕێكه‌وتن
له‌ڕۆیشتندا به‌ڕێكه‌وتم و هاتمه‌وه )
ئه‌و یه‌قینه‌ی له‌وێناكردنی دیوی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م كۆپله شیعره‌دا هه‌یه به‌یه‌قینی نێو ئه‌فسانه‌كان ده‌چێت، گومان له‌ودیو تێكسته‌كه ده‌مێنێته‌وه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رپێیانه ناهێڵێت په‌ی به‌گومانه شاراوه‌كه‌ی بده‌ین!؟.
“عه‌لی حه‌رب” ده‌ڵێت: ( بۆ رزگاربوون له‌سێبه‌ری شیعری پێویستمان بهسێبهرێكی دیكه… رزگاربوونیش له‌ستراتیژییه‌تی ناوه‌كانیش به‌بێ خستنه‌گه‌ڕی دژهستراتیژیهتێك چێ نابێت ).
ره‌نگه هه‌بن لهههوڵدانیان بۆ راڤه‌و شرۆڤه‌ی ئه‌م كۆپله شیعرییه وێنه‌یه‌كی لێكچوو یان كه‌مێك جیاوازمان بۆ بگێڕنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێو ئه‌و چه‌ند دێڕه‌دا دهكهوێتهڕوو..به‌ڵام كاری خوێندنه‌وه‌یه‌كی زیندوو گێڕانه‌وه‌و خستنه‌ڕووی مه‌به‌ست و نیازی دانه‌ری تێكست نییه، به‌ڵام زۆرێك له‌و خوێندنه‌وانه‌ی كهكراوهو ده‌كرێت، ده‌چنه خانه‌ی ته‌قلیدییه‌تی خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌وه كه‌له‌هه‌ر هه‌موویاندا دانه‌ر بوونی هه‌یه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زاڵه.
خوێندنه‌وه‌ی ته‌قلیدییانه‌ی تێكست ئه‌و چه‌شنه خوێندنهوهوهیه كه‌وابه‌سته‌ی نووسراوی نێو تێكستهكهیهو له‌ناساندنی دنیابینی و بیر‌و بۆچوونی دانه‌ر لانادات و به‌باش و به‌خراپ هه‌ر به‌ده‌وری ئه‌وه و شته‌كانی تردا ده‌خولێته‌وه، ئاشكراشه ئه‌م جۆره خوێندنه‌وانه دۆگمای تهسهووراته پێشینه‌كان تێپه‌ڕناكات و به‌رده‌وام ده‌مانباته‌وه بۆ نێو بازنه‌یه‌كی داخراو.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌و كۆپلهشیعریهی كه‌ئاماژه‌مان پێدا، هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵا گوتاری پشت ئه‌و دێڕه شیعریهشدا مامه‌ڵه بكات ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه، چونكه گوتار پهردهپۆشێكی ئه‌و گه‌مه‌یه‌یه كه‌تێكست ده‌یكات.
به‌ڵام كاری ئێمه گه‌ڕانه به‌شوێن تێكستی به‌راییدا، تاله‌به‌رده‌م یان له‌ودیو ئه‌وه‌ی تێكست پێمان ده‌ڵێت وننه‌بین و بۆخۆمان بگه‌ڕێین به‌شوێن ئه‌و تێكسته‌ی كه‌دانه‌ر مه‌به‌ستی بووه بینووسێت و نهینووسیوهو هۆكاره‌كانی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی نێوان تێكست و دانهرهكهشی هه‌رچییه‌ك بن له‌ئێستادا ناتوانین ته‌واو خۆمانی لێبده‌ین و یه‌كاڵای بكه‌ینه‌وه. ئاشكراشه ته‌نها ئه‌و تێكستانه ده‌توانن ئێمه‌ی خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش بكه‌ن كه‌زیندوون و له‌ئاست خوێندنه‌وه‌دا ده‌كرێنه‌وه‌و دوورن له‌و چه‌شنه به‌ناو تێكستانه‌ی كهمردوون و لهفهرزێكدا بشیانخوێنینهوه هیچمان لادروست نابێت. قسه‌كردنێكی جیدییانهش ته‌نها له‌سه‌ر تێكسته تۆكمه‌كان ده‌كرێت، ئه‌و تێكستانه‌ی كه‌ده‌توانن له‌ئاست خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ری زیره‌ك و جدییدا خۆیان رابگرن و به‌ڵكو گه‌مه‌یه‌كی زۆر قووڵا و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌شیان له‌گه‌ڵا بكه‌ن، تێكست له‌گه‌ڵا هه‌موو ئه‌وه‌ی كهدهیخاتهڕوو و هه‌موو ئه‌وه‌ش كهدهیشارێتهوه، به‌ده‌ر نییه له‌خه‌یاڵا و فانتازیاو وشه‌سازی و ره‌وانبێژی و به‌رهه‌مهێنانی واتا‌و ته‌وزیفكردنی ده‌لاله‌ته‌كان و بوونی ئیستراتیژیهتێكی شاراوه‌و ئاشكرا، له‌هه‌مووشی گرنگتر كه‌ینونه‌ی تێكسته كهمهشروعییهتی مانه‌وه‌ی پێده‌به‌خشێت و به‌و پێیه‌ش كه‌بۆخۆی هه‌ڵگری مهشروعیهتێكی ناوه‌كی و خودیشه، بۆیه ده‌بێت به‌ده‌ر لهدانهرهكهی و ئه‌و واقیعه ده‌ره‌كییه بخوێنرێته‌وه كه‌هه‌بووه و هه‌یه، ئه‌وه خوێندنه‌وه‌ی ته‌قلیدییه كه‌تێكست و نووسه‌ره‌كه‌ی وه‌ك دوانه ده‌بینێت و ناتوانێت لێكیان جوودا بكاته‌وه، زۆر جار چاوپێكه‌وتنی پڕ نه‌رجسیه‌تی نووسهرانێكم خوێندۆته‌وه كه‌هه‌موو باسكردنێكی باشی تێكسته‌كانیان به‌باشه‌ی خۆیانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و هه‌موو باسكردنێكی خراپی تێكستهكانیشیان به‌خراپ باسكردنی خۆیانی ده‌زانن، له‌كاتێكدا تێكستی خراپ و باش بوونی نییه!؟
ئه‌وه‌ی هه‌یه تێكستی زیندوو یان مردووه، یان بابڵێین تێكست و ناتێكسته!؟.
یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی تێكسته زیندووهكان ئه‌وه‌یه نه‌یانتوانیوه‌و ناتوانن ببنه ئاوێنه‌ی واقیع ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باسی واقیعێكی دیاریكراویشیان كردبێت، هه‌رده‌م مه‌وداو بۆشاییه‌كی ئاشكرا یان شاراوه‌یان له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئیشكال له‌باسكردن و خستنه‌ڕووی واقیعێكی دیاریكراودا هه‌یه ئیدی ئه‌و واقیعه هه‌رچییه‌ك بێت، ئاسته‌مه ببێته‌وه به‌و واقیعه‌ی كه‌باس ده‌كرێت، هه‌ر بۆنمونه كاتێك سه‌خترین ساته‌كانی ژیانمان ده‌گێڕینه‌وه نابێته‌وه به‌و واقیعه‌ی كه‌تێیدا ژیاوین، كه‌ی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی كه‌كه‌سێكی تێیدا رووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بێته‌وه هه‌ر ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه‌ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه له‌مه‌رگ رزگاری بوو بۆمانی بگێڕێته‌وه، بۆیه ده‌كرێت بڵێین تێكستی زیندوو ئه‌و تێكسته‌یه حه‌قیقه‌تی خۆیمان لابه‌رجه‌سته ده‌كات، كاری ئێمه‌ش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ودیوی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه‌تێكست له‌خۆی گرتووه، ئه‌مه‌ش بهتێپهڕكردنی بونیادی تێكسته‌كه، تا نه‌گوتراوه‌كانی بدۆزینه‌وه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی گوتراوه‌كانی تێكست هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رن.
زۆرێك له‌تێكسته‌كان ده‌رئه‌نجامی گوتراوهكانیان خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌مه مه‌به‌ستی تێكسته‌كه‌یه، له‌كاتێكدا له‌پشت ئه‌و گوتراوانهوه، پێچه‌وانه‌كه‌ی خۆی مه‌ڵاس داوه، وه‌ك ئه‌و تێز و ته‌رحانه‌ی له‌دوو توێی تێكسته‌كانه‌وه به‌ناوی ئازادی و یه‌كسانی و دژایه‌تی ئیمپریالیزم و دیكتاتۆریه‌ت و چه‌ندین شتی له‌و بابه‌ته خوێنه‌ر مه‌ست ده‌كه‌ن و دواتر هه‌ر خودی دانه‌رانی ئه‌و كتێبانه‌و باوه‌ڕدارانیان كه‌بۆیان لوا دنیایه‌كی زۆر له‌وه‌ی پێشووتر خراپتر و ترسناكتر بنیات ده‌نێن و له‌جێی ئیمپریالیهت و دیكاتۆریه‌ت و هه‌موو ناشیرینییه‌كانی پێشوو دزێوترو ناشیرینتر دێنه‌وه مه‌یدان، له‌كاتێكدا خوێنه‌رێكی وردبین و جیدی ده‌توانێت هه‌ر له‌نێو خودی نووسینه‌كانیاندا ئیمپریالیه‌تی زمان و ته‌سه‌وور و دنیابینی دیكتاتۆریانه‌ی ئه‌وان ببینێته‌وه.
به‌هه‌ر حاڵا گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسه‌كه‌مان، له‌كاتێكدا چه‌ند وا ته‌سه‌وور بكه‌ین كه‌لێی چووینه‌ته ده‌ره‌وه له‌ڕاستیدا له‌نێو خودی باسهكهداین و هه‌روه‌ك چۆن چه‌ند تهسهووریش بكه‌ین له‌نێو باسهكهداین له‌ڕاستیدا لێی چووینه‌ته ده‌ره‌وه، ئیدی ئه‌مه گهمهیهكهو به‌ده‌ر له‌ویستی خۆمان ده‌مانهێنێت و ده‌مانبات، دواتر ئه‌وه‌ی گرنگه كردنه‌وه‌ی دهركهیهكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی نه‌خوێندراوه‌كان!؟.
تێكسته ئه‌فسانه‌یی و شیعرییه‌كان نمونه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و چه‌شنه تێكستانه‌ن كه‌هه‌رده‌م ده‌كارێت بخوێنرێنه‌وه. به‌و پێیه‌ی كه‌توانایه‌كی سه‌یریشیان تێدایه بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌مه‌به‌ست بووه بگوترێت و له‌پشت گوتراوهكانیهوه دنیایه‌ك نهێنی و په‌نهان هه‌یه، چه‌ندیش ئه‌و نهێنی و په‌نهانانه زیاتر بن هێنده خوێندنه‌وه‌مان بۆی چڕتر و زیاتر ده‌بێت.
( هه‌مووتان چوون بۆ سه‌فه‌ر، هه‌مووتان
كه‌ستان نه‌گه‌ڕانه‌وه
به‌ته‌نها چووم بۆ سه‌فه‌ر، به‌ته‌نها
ئێوه‌یشم له‌گه‌ڵا خۆمدا هێنایه‌وه،
ئاخر، له‌وه‌ستاندا به‌ڕێكه‌وتن
له‌رۆیشتندا به‌ڕێكه‌وتم و هاتمه‌وه).
ره‌نگه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌قلیدیی بۆ ئه‌م كۆپله شیعرییه ته‌نها بتوانێت باس لهمهحكهمبوونی بكات، یان ئاماژه به‌یه‌قین و تاكڕه‌هه‌ندی و مانای سه‌رزاره‌كی بكات. واته ئه‌وه‌ی كهخوێندهوهیهكی ته‌قلیدیی ده‌توانێت پێمان بڵێت ته‌نها ئه‌وه‌یه كهلهڕووكهشدا هه‌یه‌و له‌وه زیاتر ناتوانێت رۆبچێته نێو چینه‌كانی دیكهیهوهو شاراوه‌و نهزانراوهكانیمان بۆ كه‌شف بكات. هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كیش ئه‌وه‌مان بۆ بخاته‌ڕوو كه‌تێكست ده‌یڵێت له‌ڕاستیدا هیچی بۆ ئێمه نه‌خستۆته‌ڕوو جگه لهڕووكهشی ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه.
له‌كاتێكدا خوێندنه‌وه ئه‌وه‌یه تۆ له‌ڕێی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه بگه‌یته نه‌گوتراو و شاراوه‌كان، هه‌روه‌ك چۆن ده‌توانین له‌لۆژیكی تێكسته‌وه نالۆژیكییهت و له‌پشت ئه‌قڵانییه‌ت و ماقووڵهوه، ناماقووڵا و نائه‌قڵانییه‌ت بدۆزینه‌وه، ئاواش له‌م به‌شه‌ی ئه‌و شیعره‌ی كه‌له‌به‌ر ده‌ستدایه ده‌توانین گومانێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره ببینینه‌وه كه‌نه‌ك هه‌ر دژ و ناكۆكه له‌گه‌ڵا تێكسته‌كه وه‌ك رووداو و كرده‌یه‌ك، به‌ڵكو خودی ئه‌و یه‌قینه‌ش به‌تاڵا ده‌كاته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه تێكسته شیعرییه‌كه ده‌كاته تێكستێكی زیندوو، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه له‌یه‌قین و ره‌هابوون هه‌ر ئه‌وه‌نده بووایه، نه‌ده‌كرا رامانبگرێت و هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی بده‌ین!؟.
ئه‌گه‌ر من-ی نێو ئه‌و به‌شه‌ی شیعره‌كه هاتباو زۆر پێ‌داگر بایه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كهمهبهستیهتی بیڵێ و جه‌ختی لهسهركردبا، ته‌نها یه‌قینێكی رووكه‌شیانه‌ی لای خوێنه‌ر دروستده‌كرد و به‌و پێیه‌ش گومانكردنیش ده‌بووه شتێكی رووكه‌شی.
به‌ڵام یهقینهكه به‌ڕاستگۆیی و ساده‌یی و خۆڕسكانه، بێ دوو دڵی و دڕدۆنگی و دڵه‌ڕاوكێ و پێچ و په‌نا خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی زانراو بۆ كه‌سێكی ئاگادار له‌مه‌سه‌له‌كه بگێڕیته‌وه، یان بهڵگهنهویستێكی غه‌یبانی بۆ باوه‌ڕدارانی چه‌شنه غهیبانییهتێك باسبكه‌یت و پێیان رابگه‌یه‌نیت.
“ئیبن عه‌ره‌بی” تێڕوانینێكی زۆر گرنگی هه‌یه، پوخته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كاتێك مرۆڤ ده‌یه‌وێت لهئهقڵهوه ده‌ست پێبكات یان ئه‌قڵانییانه شتێك بخاته‌ڕوو، ئه‌وه بیه‌وێت و نه‌یه‌وێت بێ‌ئاگا په‌نای بۆ وههم بردووه‌و له‌ڕێی وه‌همه‌وه ئه‌مه‌ی كردووه، ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بڕوانینه ئه‌م بۆچوونه‌ی “ئیبن عه‌ره‌بی” ده‌بینین پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته. ئه‌و یه‌قینه وه‌همییه‌ی لهكۆپلهشیعرییهكهدا خراوه‌ته‌ڕوو، لهپشتیهوهڕا ئه‌قڵانییه‌تی ئاسته‌مبوونی كارێكی ئاوها و له‌و چه‌شنه خۆی حه‌شارداوه، وه‌ك ئاماژه‌شم پێدا هیچ گومانێك لهڕووكهشی تێكسته‌كه‌دا و له‌میانی وشه‌و دێڕه‌كانه‌وه خۆی ده‌رناخات و هیچ دژایه‌تی و ناكۆكییه‌كیش به‌دی ناكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر ههشبایه ئه‌وه تێكسته‌كه‌ی ده‌مراند!؟.
“فرانسوا جاكۆب” ده‌ڵێت:
( له‌مڕۆدا ئه‌فسانه‌و خورافات ناچنه ریزی توڕه‌هات و شته پووچهكانهوه، به‌ڵكو وه‌ك سیستمێكی پێگه‌یاندن و جیاكردنه‌وه، لێك دابڕاندن و پێكه‌وه‌گرێدان لێی ده‌ڕواندرێت… ئه‌فسانه‌و خوڕافات سیستمێكی راڤهكارییانهی جیهانه…).
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌تێكسته‌كه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو بینراو و به‌رجه‌سته‌كراو بایه، ئه‌وه نه‌بینراو و خه‌یاڵ لێكراوه‌كه‌ی ده‌كه‌وته ئه‌ودیوی تێكسته‌كه‌و پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته!؟.
ده‌بێت ئاماژه‌ش به‌وه بده‌ین كه‌ئه‌و یه‌قینه‌ی لهكۆپله شیعرییه‌كه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو، نزیكه لهیهقینی ئه‌م دێڕه شیعرییه‌ی –مه‌حوی-ییه‌وه:
( خه‌و ئه‌زانێ نییه، ده‌یوت ده‌بنوو بێمه خه‌وت
نێك به‌ختم بهوهنهوهزێ بكه، ئه‌ی به‌خته مه‌ده‌د)
دیاره ئه‌م به‌یته شیعرییه‌ی –مه‌حوی- زیاد له‌هه‌موو تێكسته شیعرییه‌كانی خودی –مه‌حوی- خوێندنه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام یه‌كێك له‌گرفته‌كانی خوێندنه‌وه‌و دنیای ره‌خنه‌كاری كوردی تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێیان سه‌یره كه‌سێك ته‌نها له‌سه‌ر دێڕه شیعرێك بنووسێت،به‌ڵام وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا، “ژاك دریدا” قووڵترین خوێندنه‌وه‌ی ته‌نها بۆ ناونیشانی “دادگایكردن”ی “كافكا” كردووه.
دواجار سه‌باره‌ت بهكۆپله شیعرییه‌كه‌ی نێو شیعری “له‌رینه‌وه‌ی وشه‌كان”، ده‌بێت بڵێین به‌شی شاراوه‌ی ئاماژه به‌و لێكچوونه ده‌كات، كه‌من-ی نێو شیعره‌كه له‌گه‌ڵا هه‌مووان ده‌كاته‌وه یه‌ك و هه‌مووانیش له‌گه‌ڵا من-ی نێو شیعره‌كه ده‌كاته‌وه یه‌ك، پێمان ده‌ڵێت ئیدی ناكرێت من “من” بم، چوونكه “من” بوومه‌ته ئێوه‌و ئێوه‌ش بوومهنهته “من”، ئه‌مه جگه له‌و فه‌زا سوریالییه‌ی له‌و كۆپله‌یه‌دا هه‌یه و ده‌كرێت به‌خه‌ونێك بشوبهێنرێت، كه‌چه‌ند له‌كاتی دیتنیدا یه‌قینمان هه‌بێت، به‌ڵام دواجار پاش بێداربوونه‌وه‌مان شتێك نامێنێت به‌ناوی یه‌قین، ره‌نگه گومانیش له‌و حاڵه‌ته‌دا رێچكه‌یه‌كی دیكه بگرێته به‌ر، ئیدی ده‌بێت هه‌رده‌م له‌نێو یه‌قین و گومانه‌كاندا بۆ شوێنجێگهیهك بگه‌ڕێین كه‌هیچیان نه‌بێت، به‌ڵام ئاخۆ شوێنجێگهیهكی ئه‌وها له‌هیچ شوێنێكدا هه‌یه!؟.
یوسف عیزه‌دین