Skip to Content

Monday, May 6th, 2024
كورد و كوردبون ….ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی

كورد و كوردبون ….ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی

Closed
by January 2, 2012 گشتی

مرۆڤ گه‌ر به‌ردیش بێت پێویسته‌ بێته‌ قسه‌، گه‌ر تا هه‌نوكه‌ له‌میانی‌ بێباكترین مرۆڤه‌كانی‌ دونیادا بوبێ ئیدی‌ پێویسته‌ ببێته‌ مرۆڤێكی‌ راسته‌قینه‌. هیچ بونێك له‌م جیهانه‌دا نابێته‌ بونێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ مرۆیی‌، تاكو له‌ ئاست ته‌واوی‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌كانیدا خاوه‌نداریه‌تی‌ خۆی‌ به‌توندی‌ و قوڵی‌ رانه‌گه‌یه‌نێت .                                                        
ئێمه‌ی‌ مرۆڤ، له‌ناو مرۆڤبونیشماندا، ئێمه‌ی‌ كورد له‌ چی‌ به‌رپرسیارین؟ ئایا ئه‌و روداوانه‌ی‌ روده‌ده‌ن و هێنده‌ی‌ تر بونی‌ مرۆیی‌ و نه‌ته‌وه‌یمان بریندارده‌كه‌ن چ به‌رپرسیارییه‌كی‌ گه‌وره‌ترمان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆ؟                                  
هه‌میشه‌ بڕوام وایه‌ سه‌ختترین دۆخ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ مرۆڤ بیت. مرۆڤبون به‌ مانای‌ قوڵی‌ وشه‌كه‌، كه‌ له‌ ئه‌ستۆگرتنی‌ به‌رپرسیاریی ته‌واوه‌ له‌ گشت روداوگه‌لێك، كه‌ روده‌ده‌ن. به‌ڵام بۆ مرۆڤی‌ كورد، مرۆڤبون راسته‌وخۆ ده‌یخاته‌ به‌رده‌م ناهه‌موارترین و پڕئازارترین به‌رپرسیاری‌، پڕكێشه‌ترین دونیا، كه‌ دونیای‌ مرۆڤی‌ كورده‌، دونیایه‌كه‌ له‌نێو خۆیدا ته‌واو ناكامڵ و ناڕێك، له‌ته‌ك دونیای‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌ی‌ بێگانه‌دا له‌ قه‌یراندا،  له‌ شكست و له‌هه‌ندێ‌ پنتیشدا له‌ خۆبه‌كه‌مزانین و ملكه‌چكردندا .                                                                                                             
ئه‌گه‌ر وه‌ك نمونه‌یه‌ك ئه‌و تاوانه‌ كه‌م هاوتایه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ تورك وه‌ربگرین، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر هاوڵاتی‌ كوردی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ شێرناخی‌ باكوری‌ نیشتماندا كرده‌ قوربانی‌، ئه‌وا ده‌كارین تێبگه‌ین، ئیدی‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاری‌ ئێمه‌ چیه‌ و له‌ كێ‌ و له‌ چی‌ به‌رپرسیارین .                                                                                                                  
بێگومان سه‌ره‌تایترین و بنه‌ڕه‌تیترین مه‌رجی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م به‌رپرسیاریه‌، بریتیه‌ له‌ هاوده‌نگی‌ و ئاماده‌گی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هه‌رمرۆڤێكی‌ كورد به‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڵوێستگرتنی‌ ئه‌قڵی‌ و كرداری‌ له‌ هه‌مو روداو و پێشهاتێكی‌ ئێستا و ئاینده‌دا، كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ ئامانجی‌ له‌ناوبردنی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان خراوه‌ته‌گه‌ڕ و ده‌خرێته‌گه‌ڕ له‌ ئاینده‌دا.
 
له‌م ساته‌ تراژیدییانه‌ی‌ مێژوماندا، سه‌رباری‌ به‌رپرسیاری‌ مرۆڤی‌ كورد وه‌ك تاك، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا به‌حوكمی‌ ئه‌و دابه‌شبون و ئه‌و ئاسته‌ نزمه‌ له‌ وشیاری‌ نه‌ته‌وه‌یدا، كه‌ رێگه‌ی‌ له‌ به‌رده‌م دابه‌شبون و ده‌ركه‌وتنی‌ ئینتیمای‌ ره‌ها و نیمچه‌ ره‌های‌ خه‌ڵكیدا واڵاكردوه‌ بۆ حیزبگه‌ل و هێزگه‌لی‌ سیاسی‌ كوردی‌ جیاواز. بۆیه‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌ كوردییانه‌ وه‌ك چۆن ده‌رفه‌تی‌ وشیاری‌ ئینسانی‌ و نه‌ته‌وه‌ییان بۆ مرۆڤی‌ كورد نه‌ڕه‌خساندوه‌ تا كۆمه‌ڵی‌ كوردی‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێكی‌ مه‌ده‌نی‌ په‌ره‌بسێنێت و ببێته‌ خودان راوبۆچونی‌ دروستی‌ خۆی‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك، كه‌ چیدی‌ له‌ پێناو پرسی‌ مه‌زنی‌ ئینسانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ خۆیدا ملكه‌چی‌ حیزب و هێزه‌ سیاسیه‌كان نه‌بێت، بۆ خستنه‌ڕوی‌ هه‌ڵوێستی‌ راشكاوانه‌ی‌ خۆی‌ چاوه‌ڕوانی‌ سیاسییه‌ حیزبیه‌كان نه‌كات، به‌ خۆڕسكانه‌ گوزارشت له‌ خه‌م و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی‌ خۆی‌ بكات .                  
بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌رپرسیاریی‌ یه‌كه‌م و گه‌وره‌ی‌ مێژوییان له‌ ئه‌ستۆدایه‌، له‌پاڵ ئه‌و به‌رپرسیارییه‌ی‌ كه‌ هه‌ر تاكێكی‌ كورد پێویسته‌ ده‌ركیپێبكات، ئه‌وانه‌ حیزب و بزوتنه‌وه‌ كوردییه‌كانن له‌ هه‌رشوێنێكی‌ جیهان و له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی‌ كوردستاندابن .                                                                                                                                 
گرنگه‌ سه‌رنج له‌و دۆخه‌ی‌ باشوری‌ نیشتمان بده‌ین، بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ڕونی‌ ده‌رك بكه‌ین، كه‌ مرۆڤی‌ كورد له‌ ئه‌نجامی‌ سیاسه‌تێكی‌ نادیموكراتی‌ و نانه‌ته‌وه‌ییدا، چۆن هه‌نوكه‌ له‌ قه‌یرانی‌ لاوازی‌ وشیاری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و لاوازی‌ هه‌ڵوێسته‌كانیدایه‌ له‌ ئاستی‌ ئه‌و تراژیدیایانه‌ی‌ سات به‌ سات له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كانی‌ كوردستاندا روده‌ده‌ن .              
بونی‌ ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌ی‌ خه‌ڵك كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ پرۆتێستۆكردنی‌ كرده‌ی‌ نامرۆڤانه‌ی‌ داگیركه‌راندا وه‌دیده‌كرێ‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و ئۆپۆزسیۆن به‌ ته‌واوی‌ له‌ئاستیدا به‌رپرسیارن. مه‌به‌ستمه‌ بێژم، كه‌ ده‌رككردن به‌ لاوازی‌ و پاشكه‌وته‌یی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی‌ كوردستان گه‌لێك ئاسانه‌، چونكه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك نزمی‌ و لاوازییان تێدا به‌دی‌ ده‌كرێ‌، كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ راگه‌یه‌ندراوێكیش بوێری‌ ئه‌وه‌یان نه‌بوه‌ ئیدانه‌ی‌ كۆكوژی‌ هاونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بكه‌ن .                                                                                                                   
له‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردیشدا، ئه‌و هێزه‌ی‌ كه‌ به‌ نیسبه‌ت منه‌وه‌ گرنگه‌ چاودێری‌ وردی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی‌ بكه‌م “بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان”ه‌، كه‌ ئه‌م هێزه‌ تا ئه‌م چركه‌ ساته‌ش سه‌رباری‌ كه‌موكورتیه‌كانی‌ جێگه‌ی‌ ئومێدی‌ زۆر له‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستانه‌ به‌و ئامانجه‌ی‌ به‌ پرۆژه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی‌ باری‌ ناله‌باری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و فه‌رهه‌نگی‌ بگۆڕێ‌، یاخود به‌شداری‌ و كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ دابنێت له‌ پرۆسه‌ی‌ گۆَڕان و گه‌شه‌ی‌ وڵاتدا .                                 
لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین به‌رپرسیاری‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ته‌نها به‌رپرسیارییه‌كی‌ سیاسی‌ روت نییه‌ له‌ ئاستی‌ ناوه‌خۆی‌ باشوری‌ كوردستاندا، ته‌نهاش له‌ پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه‌ واتایه‌كی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ له‌به‌ركراوه‌، به‌ڵكو به‌رپرسیاری‌ هه‌ره‌گه‌وره‌، كه‌ ده‌شێ‌ ته‌واوكه‌ر و سه‌لمێنه‌ری‌ هه‌مان تێكۆشان بێت له‌پێناو ئازادی‌ و عه‌داله‌تدا، بریتییه‌ له‌ هه‌ڵوێست و كرده‌ی‌ بوێرانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی‌ له‌ هه‌نوكه‌دا له‌ ئه‌ستۆیدایه‌.                                                                                                                                  
باشترین و بنه‌ڕه‌تیترین و به‌رجه‌سته‌ترین هه‌نگاو بۆ مامه‌ڵه‌كردنێكی‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ و مرۆییانه‌ خستنه‌گه‌ڕی‌ هه‌مو هێزی‌ جه‌ماوه‌ری‌ و راگه‌یاندن و دیبلۆماسی‌ خۆیه‌تی‌ بۆ به‌شداریكردن و ئاماده‌گییه‌كی‌ راسته‌قینه‌ له‌ دۆزی‌ ره‌وا و پڕگرفتی‌ كورددا له‌ سه‌ر ئاستی‌ هه‌ممو كوردستان، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پاساوه‌ بێ‌ بنه‌ما و بێ‌ مانایانه‌ی‌، كه‌ تاكو ئێستاش حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌ری‌ ده‌ژین، دوباره‌بكاته‌وه‌، كه‌ بریتین له‌ پاساوی‌ دڵگرانبونی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ دراوسێ‌ و ئه‌و په‌یوه‌نییه‌ ناڕه‌وا و ناڕونانه‌ی‌ له‌ته‌كیاندا گرێیانداوه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ وازهێنان، یان بێده‌نگی‌ له‌ ئاست كێشه‌كاندا، كه‌ جه‌وهه‌ری‌ كێشه‌ی‌ ئینسانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ ئێمه‌ن .      

                                                                              
ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی-روسيا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.