موبه‌ق گه‌شتێك به ژیاندا… تێكستێك پڕ نائومێدیی
له‌م چه‌ند رۆژانه‌ی رابردوو سایتی ده‌نگه‌كان به‌رهه‌مێكی تری ئه‌ده‌بی خستینه به‌رده‌ست كه تێكستێكی شیعری بوو له‌لایه‌ن ” دڵسۆز حه‌مه”ه‌وه نووسراوه، شیعرێك كه پێیه‌كی له‌نێو ژیانی ماددیدایه‌و پێیه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌ناو جیهانی ئاوه‌دانیی رۆح و ده‌زووی خه‌یاڵیش ورده‌ورده زمانێكی ساكار و پاراوی كوردی به‌دوای خۆیدا هێناوه و توانیویه‌تی جڵه‌وی سه‌رنجه‌كانمان بكات‌و ناچارمان بكات چه‌ندجارێك بیخوێنینه‌وه.
شیعرێك ئه‌مجاره نووسه‌رێك بنووسیه‌تی كه له‌جیهانی ” مێ” ده‌دوێ. له‌چوارچێوه‌ی كاركردنی هه‌میشه‌یی و داسه‌پاوی ژنان كه ” موبه‌قه” به‌سه‌رقاچه‌كانییه‌وه وه‌ستاوه تا دوایین رسته‌كانی كه لێیده‌بێته‌وه، خه‌یاڵمان بۆ ده‌نووسێته‌وه…خه‌یاڵی عاشقێكی ئه‌زموونگه‌ر، كه هه‌میشه‌و به‌ئاسانی ده‌توانێ له‌هه‌رشوێنێك بێ، جا ئه‌وشوێنه قه‌ره‌باڵغترین شوێن بێ یان تاقه‌تپڕوكێنه‌رترین شوێن، دڵی به عه‌شیقه‌كه‌ی بگات‌و رۆحی به‌ئاره‌زووی فڕین…فڕین به‌سه‌ر ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ی كه رۆحی په‌پووله‌كان هه‌میشه سێبه‌ر به‌سه‌ر ویژدانماندا ده‌كه‌ن…ویژدانێك كه له‌ژێر قامچی شه‌ڕه‌ف نركه‌وناڵه ده‌كات…ویژدانێك كه له‌ناو”نار الحگب” رۆژانه بلێسه‌ده‌دات. ئه‌و ده‌یه‌وێ سه‌فه‌رێكی نائومێدانه به‌ناو پێچیده‌ی دڵه‌ته‌نگه‌كه‌یدا بكات.لێره‌وه له‌م رسته‌یه‌دا زۆر ئه‌سته‌مه له‌په‌یوه‌ندی سه‌فه‌ر و نائومێدی تێبگه‌ین!؟چونكه جه‌ده‌لێكی واقیعی له‌م نێوانه‌دا بوونی نیه.به‌و مانایه‌ی پارادۆكسێك له‌نێوان ئه‌م دوو جیهانه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌دا به‌هه‌میشه‌یی خه‌وتووه…نازانم ئه‌و چۆن به‌یه‌كه‌وه‌ی گونجاندوون،كه ده‌ڵێ: ( ..نووسینه‌وه‌ی سه‌فه‌ری نائومێدیه\ به‌ناو كوچه‌و كۆڵان‌و پێچیده‌ی دڵی هه‌میشه ته‌نگمدا،…)ئه‌و “شاعیره” و باش ده‌زانێ” سه‌فه‌ر” هه‌میشه مرۆڤ به‌ره‌و ئاسۆ به‌ره‌و ئومێد ده‌بات، به‌ڵام بۆ ده‌یه‌وێ به به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره به راڕه‌وی دڵه ته‌نگه‌كه‌ی پێمان بڵێ به‌ره‌و نائومێدی باڵ لێكده‌ده‌م!؟ بۆیه جارێكی دی ده‌پرسم مه‌گه‌ر سه‌فه‌رێك هه‌یه به راڕه‌وێكی پڕ له‌ریسكدا تێپه‌ڕنه‌بووبێ؟.
تائێره كه ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌یه رامانمان له‌سه‌ر خه‌یاڵ‌و وێنه‌چڕه‌كانی ناو خه‌یاڵی شاعیره‌و له‌م سه‌فه‌ره‌دا چاوه‌ڕێین بمانگه‌یه‌نێته شوێنێك كه‌چی ئه‌و به”لاشه” هه‌ر له موبه‌ق گوزه‌رناكات و ئێمه‌ش مه‌جبورده‌كات كامێراكانمان لێره‌دا جێگیر بكه‌ین…دڵی ده‌ڕوات و كه‌چی ده‌سته‌كانی هه‌ر له‌ناو حه‌وزی كه‌فاوی پڕقاپی چه‌ور‌و چڵكنه.له‌دوای ئه‌م رستانه‌وه، زۆر شاره‌زایانه په‌یوه‌ندیێكی دیكه‌مان له‌ناو شوێندا ” شوێنی له‌دایكبوونی ئه‌م شیعره” بۆ ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی جێی قاپشووشتن و په‌نجه‌ره‌یه، چونكه له‌وێ راسته ده‌سته‌كان ئیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵ به شووشه روونه‌كانی په‌نجه‌ره‌دا باڵده‌بزێوی و ژیان به‌جۆرێكی دیكه پێناسه ده‌كاته‌وه:
له‌پشتی په‌نجه‌ره‌ی موبه‌ق، ژیان
رێگایه‌كه به‌سه‌حرادا،
سێوێكه بێ‌باك له هێرشی كرم و چاره‌نووسی
كه‌وتنه ناو زبڵخانه‌وه….
چواندنی ژیان به‌سێو نزیكمانده‌خاته‌وه له‌چیرۆكی یه‌كه‌م. ئه‌وه‌نده ژیرانه بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه گه‌ڕاوه، كه هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه وه‌خۆناگرێ، ناتوانین له‌بری سێ‌و خۆخ یان هه‌رمێ …دابنێین. دیسان هێنانی ناوی سێ‌و لێره‌دا‌و په‌یوه‌ند به‌م شوێنه هیچ له ماناكانی ناكوژێ به‌پێچه‌وانه‌وه هاوكاریمانده‌كات تا خه‌یاڵمان چڕكه‌ینه‌وه ناو ئه‌م ژووره، كه “موبه‌قه”هه‌روه‌ها ناوهێنانی زبڵخانه كه له موبه‌قدا پیس‌وپۆخڵییه‌كانی تێفڕێده‌درێ ده‌كرێ له‌په‌یوه‌ند به‌سێودا به‌و ژیانه نه‌گریسه‌ی بچووێنین، كه سێ‌و له‌وێش له‌یه‌كه‌م چیرۆكدا ده‌بێته هۆكارێك بۆ فڕێدانی ژیان له جاویدانی بۆ كوله‌مه‌رگی..له‌جوانی بۆ پوچیی..له تام بۆ بێتامی..له گه‌شانه‌وه بۆ رزین.
له‌بڕگه‌یه‌كی دیكه‌دا ئه‌ركه رۆژانه‌ییه‌كانی ژنانمان بۆ ده‌ژمێَرێ، كه ده‌لێ: به‌م رۆژگاره\ من پیس‌و پۆخڵی ژیان\ له‌م ژوورانه،\له‌م جلانه،\له‌م قاپانه،\ له‌م ژیانه ده‌رده‌كه‌م،\ قاپ ده‌شۆم و \جل ده‌شۆم‌و،\ماڵ ده‌شۆم‌و،\ په‌نجه‌ره و مێز‌و په‌رداخ‌وكاشی ژێر پێ\ ده‌سڕمه‌وه\ كه‌چی ژیان دڵی له خه‌یاڵم پیسه،\دڵی له له‌شی من پیسه،\دڵی له‌كه‌مه‌رم پیسه،\دڵی له‌قوڵایی نیگا‌و عه‌تره‌كانم\له‌مه‌مكم و \ له‌ڕازی دڵیشم پیسه،\. لێره‌دا شاعیر نایه‌وێ باز به‌سه‌ر نه‌ریته باوه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌یدا بدات و هه‌رچی ده‌كه‌وێته خانه‌ی عه‌یبه و پێویسته ژن تا ژیانی هه‌یه ده‌ستیان پێوه‌بگرێ‌و نه‌هێڵێ بكه‌ونه ژێر تیشكه دوورهاوێژه‌كانی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر ” ئه‌و” كۆیكردوونه‌ته‌وه. ئه‌مه ئه‌و وێنه پڕ له راستیبێژانه‌ن كه ره‌نگده‌ره‌وه‌ی بویه‌ری ژن له ناوكۆی ژیانی كورده‌واری به‌دیارده‌خه‌ن. له‌م په‌ره‌گرافه‌دا به ئه‌ركێكی ره‌خنه‌گرانه له بویه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی راساوه، به‌ڵام دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه له زمانی شیعر و له فۆڕمێكی قه‌شه‌نگدا هاتووه ئه‌و ستراكتۆره كولتورییانه‌ی هێناوه‌ته زمان كه تاریك و تاڵ له‌ژیان ده‌ڕوانن، به‌تایبه‌ت ژیانی ره‌گه‌زی “مێ”. ئه‌م چه‌ند بڕگه‌یه په‌یامێكی ناوه‌كییانه‌ی ره‌گه‌زی خۆیه‌تی ده‌رهه‌ق به ژیان..ئه‌و ده‌یه‌وێ نیشانه‌ی پرسیاره‌كان تۆختربكاته‌وه و بیانكاته زه‌نگێكی هۆشیاركردنه‌وه، بۆ راچه‌ناندنی كۆمه‌ڵگا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه وێنایه‌كی بۆ”ژن” كردووه، كه ته‌نیا پاڵ به‌میله‌كانی كاتژمێره‌وه ده‌نێ بۆ پێشه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌چركه‌چركی نێوان چركه‌كاندا شادیێكی راسته‌قینه بچنێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ ساتێكیش له‌ده‌ستی گومان رزگاری بێت” گومان” خۆره‌یه‌و چنگی له‌رۆح و پڕشنگه‌كانی ژیان گیركردوون،چركه‌چركه دایانده‌خورێنێ. له درێژه‌دا زۆر به‌ئازاره‌وه ده‌ڵێ: (… نه‌وه‌ك گومان\ جێپێیه‌كی جێهێشتبێ\ له‌تارمایی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ڕاڕه‌وی خه‌یاڵمدا\گوزه‌ر ده‌كات\). هه‌روا ده‌ڕوا و به‌شوێن ته‌میزییدا ده‌گه‌ڕێ وپۆخڵییه‌كان له‌ناوده‌بات. له‌رسته‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ردا ده‌ڵێ:( ته‌نافه‌كان پڕده‌كه‌م\ له گۆره‌وی‌و ده‌رپێ‌و فانیله‌و چه‌رچه‌ف‌و\ به‌رگی ئه‌و سه‌رینانه‌ی \گۆڕیچه‌ی سه‌رنانه‌وه‌ی ده‌یان رسته‌و\ وێڵبوونی ئه‌به‌دی خه‌یاڵم بوو له كوچه تاریك‌و\قه‌بزه‌كانی\ته‌نهاییدا).له‌نێوان به‌رگی سه‌رین و گۆڕیچه‌ی سه‌رنانه‌وه‌ی رسته‌و پرسیار و خه‌ون و خه‌یاڵ…هتد په‌یوه‌ندیێكی جه‌ده‌لی هه‌یه زۆر له په‌یوه‌ندی ” موبه‌ق” و خه‌یاڵه‌كانی ده‌چێت، كه له یه‌كه‌میاندا به‌ئه‌ركیی ته‌میزكردنه‌وه راده‌بێ و پێویستده‌كات هه‌میشه پاك دیاربێ. له دووه‌میشیدا سه‌ر به‌سه‌ر ماڵێكی ته‌نهاییدا ده‌كات، كه هه‌ر خه‌یاڵ به‌رهه‌مدێنێ و دواجار به گۆڕستانی پرسیاری داده‌نێ بێگومان ئه‌و پرسیارانه‌ی بێوه‌ڵام ده‌مێننه‌وه!.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و له‌نێوانی سكون و بزاوتدا گه‌مه‌یه‌كی جوان ده‌كات، سكونێك كه ماڵه‌كه‌ی بویه‌ره و چواردیواره‌كه‌ی ” دیواره به‌ردیینه‌كانی موبه‌ق یان گه‌رما‌و یان ژووره‌كانی حه‌وانه‌وه‌ن”لێره‌دا ناوهێنانی به‌رد وه‌ك سیمبولی چه‌قین و سكون و كوشتنی كات پێویستی كردووه بێته گوتن. ئه‌و كه ده‌ڵێ:( به‌دوی ته‌میزیدا\ فریوی خوارد هه‌موو عومرم) مه‌به‌ستی ته‌میزییه له‌ناو دیواره به‌ردینه‌كان، له‌ناو فه‌زایه‌كی پڕ له‌سكوندا. بۆیه ناهه‌قی نیه كه بڵێ: كات له‌م شوێنانه‌دا له‌به‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی سیزیفیانه به‌فیڕۆ ده‌ڕوات.
له‌نێوان ته‌میزیی و فریوخواردندا رایه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده به‌هێز بوونی نیه، كه‌چی ئه‌وه زمانی شیعره له‌پاڵ یه‌كتریانداده‌نێ و له‌یه‌ك تابلۆدا یه‌ك به‌رگیان ده‌كات به‌به‌ردا. ئه‌و هاتووه ته‌میزی به‌قه‌ده‌ری ژنه‌وه گرێداوه‌و كاتی كردۆته به‌هانه كه ته‌میزی دایكرماندووه و ده‌یه‌وێ زۆر غه‌مبارانه بڵێ: جوانترین ساته‌كانی ته‌مه‌نم به‌سیحری ته‌میزی به‌خشین و ئه‌وه‌نده‌م زانی له‌وسه‌ر وه‌ك سێوێكی رزیوو خه‌ریكه هه‌ڵده‌درێمه ناو زبڵخانه‌و چیدی ژیان تاقه‌تی نیه بمگرێته‌خۆی…ئه‌مه تراژیدیتریین حاڵه كه ژنان پێیه‌وه گرفتارن. ئه‌وه‌ی زیاتریش هانی ئه‌و به كۆیله‌بوونه‌ی موبه‌قی داوه ره‌گه‌زه‌كه‌ی تره. ..ده‌ستخۆشییه‌كانی پیاوانه له چێشته به‌له‌زه‌ته‌كانی ژن و ئافه‌رینه‌كانی جلشووشتن و تد… . كاتیش یاریێكی بێڕه‌حمانه له‌گه‌ڵ مه‌وداكانی ته‌مه‌ندا ده‌كات.
ئه‌وه‌ی له‌هه‌مووشی گرنگتره دیدی گه‌شی شاعیرخۆیه‌تی بۆ ژیان …بۆ ته‌نهایی، بۆ نائومێدی، بۆ ته‌مه‌ن له‌نێو چواردیواری موبه‌قدا. له‌كۆتاییدا ئومێدی به‌رده‌وامیی بۆشاعیر بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییانه‌ی كه كه‌میان بۆ نووسراوه.
حه‌سه‌ن مسته‌فا