Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
جێگۆڕکێی پیتەکان و شکۆمەندی مرۆڤ !

جێگۆڕکێی پیتەکان و شکۆمەندی مرۆڤ !

Closed
by January 4, 2012 ئەدەب

{ شەڕ ، شەو ، ماڵ ، عەشق ، شەقام }                               ناڵە حەسەن

_ شەڕ

ئەگەر شینی شەڕ بگۆڕین بە کاف
وشەکە دەبێتە کەڕ
ئێمە لەوەتەی هەین لەنێو ماڵی خەونەکانمان کەڕمان دەکەن
پێمان دەڵێن گوێ هەڵمەخەن
بێدەنگ بن و بێدەنگ بن و بێدەنگ بن
ئەگەر شینەکە بگۆڕین بە تێ
وشەکە دەبێتە تەڕ
ئەگەر ئەیەکەی نێوانیان لابەرین
وشەکە دەبێتە تڕ
یان ئەگەر ئۆیەکی بخەینە سەر
وشەکە دەبێتە تڕۆ
بەمانای
مرۆڤە تڕۆ و تڕکەنەکانی شەڕ
تەڕنابن و تەڕ نابن و تەڕ نابن
بۆیە شینی شەڕ پرسیارێک دەکات و دەڵێ
شکۆمەندیت لە کوێیە ئەی مرۆڤ ؟

_ شەو
ئەگەر شینی شەو بگۆڕین بە خێ
وشەکە دەبێتە خەو
ئێمە لەوەتەی هەین لەنێو ماڵی خەونەکانمان
خەو دەمانباتەوە و هەر دەخەوین
خۆ ئەگەر شینەکە بگۆڕین بە ڕێ
وشەکە دەبێتە ڕەو
ئێمە لەوەتەی هەین لەنێوماڵی نیشتیمانمان
هەر ڕاو دەندرێین و ڕەو دەکەین
هەر ڕەو و هەر ڕەو و هەر ڕەو
شینی شەویش هەمان پرسیار دەکاتەوە و دەڵێ
شکۆمەندیت لە کوێیە ئەی مرۆڤ ؟

_ ماڵ
ئەگەر میمەکەی ماڵ بگۆڕین بە سین
وشەکە دەبێتە ساڵ
ئێمە چەندین ساڵە و لەوەتەی هەین
لەنێو نیشتیمانی خەونەکانمان
ماڵێکمان نیە بۆ عەشق
ماڵێکمان نیە بۆ ئارامی
ماڵێکمان نیە بۆ ژیان
ئیدی میمەکەی ماڵیش دەپرسێت و دەڵێ
شکۆمەندیت لە کوێیە ئەی مرۆڤ ؟

_ عەشق
ئەگەر عەینی عەشق بگۆڕین بە میم
وشەکە دەبێتە مەشق
بە مانای
ئێمە لەوەتەی هەین لە نێو ماڵی خەونەکانمان
مەشقمان پێدەکەن بۆ مردن
مەشقمان پێدەکەن
بۆ ونبوون و فەنابوون و
خۆکوشتن
ئیدی
عەینی عەشقیش
هەمان پرسیاری شینی شەڕ دەکاتەوەو دەڵێ
شکۆمەندیت لە کوێیە ئەی مرۆڤ ؟

_ شەقام
ئەگەر شینی شەقام بگۆڕین بە میم
وشەکە دەبێتە مەقام
ئێمە شەقامی خەونەکانمان
پڕ کردووە لە
مەقام و گۆرانی و سروود
لە کەرنەڤاڵ و کەژاوە و کڕێوە
بۆئەوەی
شەقامەکانمان وەکو باخچەکانی ئەوین
پڕبن لە گوڵ و ڕووناکی
وەک سنەوبەرێکی باڵا بەرزیش
بە مەقامەکانی عەشق بشنێنەوە
بەدەم پیاسەی عاشقەکانیش
ڕووخساریان پڕ بێت لە زەردەخەنە
بەڵام کوانێ ؟
شەقامەکانی ئێمە
بەبێ گوڵ و بێ ڕووناکی و بێ هەناسەن
شەقامەکانی ئێمە
لەنێو بێشکەی پەراسووەکانمان ڕاکشاون
لایلایە بۆ مەرگ و مردن دەکەن
ئیدی
شینی شەقامیش هەمان پرسیار دووبارە دەکاتەوە و دەڵێ
شکۆمەندیت لە کوێیە ئەی مرۆڤ ؟

_ ئاوێزانبوونی وشەکان بەبێ شەقام

( شەڕ ، شەو ، ماڵ ، عەشق )

ماڵێک پڕاوپڕ بێت لە شەڕ
کێڵگەکانی عەشق
جگە لە چرۆکانی شەوێکی ئەنگوستەچاو
چیتری لێ شین نابێت

عەشق لەنێو ماڵەکانی شەڕ
تووڕەهاتترین خولیایە
لەنێو دەفتەرە خۆڵەمێشیەکانی خەون

ماڵی نێو شەوەکانی پڕ لە شەڕ
دۆزەخێکی ئەبەدی و
گۆڕستانێکی تاریکە بۆ عەشق
ئیدی
شەڕ و شەو و عەشق
لەنێو ماڵەکانی ئێمە
هەموویان بەیەکەوە
هەمان پرسیار دووبارە دەکەنەوە و دەڵێن
شکۆمەندیت لە کوێیە ئەی مرۆڤ …؟

                                    سەرەتای ئۆگشتی ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.