Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
که‌رکوکمان له‌ده‌ست چوو ، با کوردستانمان له‌ده‌ست نه‌چێ

که‌رکوکمان له‌ده‌ست چوو ، با کوردستانمان له‌ده‌ست نه‌چێ

Closed
by January 6, 2008 گشتی

با گه‌نجان سه‌رقافڵه‌ی جوڵانه‌وه‌یه‌کی نوێ بکه‌ن ، کوردستان وێرانتر ده‌بێت و تاوانه‌کان دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ ، بێده‌نگی گه‌نج شکستی گه‌وره‌تر به‌ کۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نێت .
 …هێمن ڕه‌ئووف  ….  

درێژ کردنه‌وه‌ی واده‌ی جێبه‌جێ کردنی مادده‌ی ١٤٠ ی ده‌ستوری عێراق ، تاقیکردنه‌وه‌ و پێوانه‌ی سه‌نگی ئاخافتن و لێدوان و سیاسه‌تی سه‌رانی کورد بوو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراق و ئه‌مریکا و تورکیا و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانه‌وه‌ . پرسیارێک بوو که‌ هه‌ریه‌کێ له‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ له‌ خۆیان ده‌کرد ( ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ سازش نه‌کردن له‌سه‌ر که‌رکوک ، ڕقی جه‌ماوه‌ر هه‌ڵده‌سێنێت و ئه‌و ئارامییه‌ ترسناکه‌ی تاکی کوردی تێدا ده‌خه‌سێنرێت ده‌شێوێت ، بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان ؟ )

ئیتر کاتێک ده‌بینن سه‌رانی کورد ئه‌وه‌نده‌ بێهه‌ڵوێستن له‌ ئاست لێدوان و بۆچونه‌کانی خۆیان و ئه‌وه‌نده‌ بیویژدانانه‌ هه‌وڵی ڕازیکردنی جه‌ماوه‌رده‌ده‌ن بۆ ڕازیبوون بۆ کۆیلایه‌تی ومانه‌وه‌ له‌ناو ترس و دلاڕاوکێی ژێرده‌ستی داگیرکه‌ران ، سه‌ره‌تایه‌ک بۆ هۆنینه‌وه‌ی دووباره‌ی پلانه‌ دڕندانه‌کانیان ده‌ست پێده‌کات و دوورنیه‌ به‌ له‌ناوچوونی ئه‌و ئه‌زموونه‌ بچکۆله‌یه‌ی باشوور کۆتایی پێ نه‌یه‌ت  .

بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستی سه‌رانی کورد له‌ ئاستی تۆپبارانکردن و وێرانکردنه‌وه‌ی لادێکانی کوردستان له‌لایه‌ن دڕنده‌یه‌کی تری هاوسنوره‌وه‌ که‌ تورکیایه‌ ، ڕێگا خۆشکردنه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کان که‌به‌سه‌ر گه‌له‌که‌مان هاتووه‌ له‌ ڕابوردودا. گوێنه‌دان به‌ ئاواره‌بوونه‌وه و بێماڵو حاڵ بوون و کوشتنی منداڵ و ژن و خه‌ڵکی سیڤیل و بێدیفاع ، مامه‌ڵه‌یه‌کی نابه‌رپرسانه‌ و خیانه‌تکارانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ر و ڕێگا خۆشکردنه‌ بۆ ده‌ستدرێژی زیاتر و له‌ده‌ستدانی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ بچوکانه‌ی که‌ به‌رهه‌می شۆڕشه‌کان و ڕاپه‌ڕینه‌کان و خوێنی شه‌هیدانی گه‌له‌که‌مانه‌  .

ده‌سه‌ڵاتی کوردی کارده‌کات بۆ له‌ده‌ستدانی ده‌ستکه‌وته‌کان ، له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبی و تاکه‌که‌سییه‌کان !!!.  پشتکردنه‌ گه‌ریللا شۆڕشگێره‌کان که‌ ئه‌رکیان پاراستنی شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ ، و له‌ هه‌مانکاتدا ڕێگه‌دان به‌ تاریق هاشمی له‌سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ داکۆکی له‌ جه‌للادێکی ئه‌نفال بکات ، ئه‌م ڕاستییه‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌ ، که‌ سوکایه‌تییه‌ به‌ خوێنی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال . وه‌لێ ڕازیبوونی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ و گوێگرتن له‌ که‌سێکی وه‌ها که‌ هیچ قیمه‌تێک بۆ خوێنی ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کورد دانانێت ، ئه‌مه‌ جێگای سه‌رسوڕمان و پرسیاره‌ . 

سه‌رانی کورد خه‌ریکی به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئامانجی شۆڕشه‌کانی ڕابووردوون و له‌هه‌وڵی  سه‌رکوتینه‌وه‌ی ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ر دان. له‌ده‌ستدانی که‌رکوک و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌ڵگه‌ به‌هێزه‌کانن بۆ خستنه‌ ڕووی ئه‌م سیاسه‌ته‌ نابه‌جێیه‌ . پشتگوێ خستنی قوربانیانی کاره‌ساته‌کان و هه‌وڵدان بۆ که‌ڵه‌که‌ کردنی سامانی میلله‌ت و ، به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ڕه‌وشه‌ به‌مشێوه‌یه‌ داهاتوومان کاره‌ساتاوی ده‌کاته‌وه‌ . بۆیه‌ ده‌بێ بۆ ڕێگرتن له‌م داڕوخانه‌ وێرانکه‌ره‌ هه‌نگاوبنێین و هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ بنوێنین .

با گه‌نجان سه‌رقافڵه‌ی جوڵانه‌وه‌یه‌کی نوێ بکه‌ن :

ئه‌وانه‌ش که‌ خۆیان به‌ هۆشیار ده‌زانن ده‌بێ هۆشیار ببنه‌وه ، هۆشیاره‌کانی ئێمه‌ گۆڕانکاریان نه‌کردووه‌ و هه‌وڵیان نه‌داوه‌ گۆڕانکاری بنچینه‌یی بکه‌ن .

لێره‌ و له‌وێ و له‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا کۆمه‌ڵێک هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ درا بۆ ده‌ربازبوون له‌و تاریکیه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی تێدا بزر بووه‌ . ئێمه‌ بێخه‌م نه‌بووین له‌ ڕابووردوا هه‌نگاوی زۆر بوێرانه‌مانه‌مان ناوه‌ . سه‌روه‌رییه‌کانی ڕابووردو له‌ لاپه‌ڕه‌کانی مێژوودا ده‌بینرێن ، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌ له‌و جموجوڵانه‌ به‌ داخ و بێهوده‌یی کۆتاییان هاتوه‌ ،  کۆتاییمان هه‌ر بێهیوابوون و له‌ناوچوون و پارچه‌ پارچه‌ بوون و دۆڕاندن بووه‌ .
ئه‌ی بۆچی نه‌پرسین بۆ ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵه‌کانمان بێ ئه‌نجام بگاته‌ کۆتایی ؟ ئه‌ی بۆ نه‌توانین وه‌لامێکی تۆکمه‌ و درووست و ڕاشکاوانه‌ی ناوازه‌ بۆ ئه‌م هه‌موو کۆتاییه‌ خه‌مناکه‌ نه‌هۆنینه‌وه‌ و نه‌یکه‌ین به‌ ڕاستییه‌ک و ببێته‌ ئامانج ؟ بۆچی  یه‌کگرتووی بۆ ئامانجێک که‌ سه‌روه‌ری ده‌رووست ده‌کات و تۆو ده‌چێنێت و به‌رهه‌می ده‌بینرێت له‌ داهاتوودا، نه‌که‌ینه‌ به‌رنامه‌یه‌کی پیرۆز و بۆ به‌جێهێنانی ئه‌و ئه‌رکه‌ پێویسته‌ ،دڵسۆزانه‌ نه‌که‌وینه‌ کار ؟
درووست بوونی ئه‌م هه‌موو ڕێخراو و گروپ و پارت و کۆمه‌ڵه‌ و له‌خۆنانی ئه‌م هه‌موو ناو و شوهره‌ته‌ تازه‌یه‌ شتێک نییه‌ جگه‌ له‌ بچوککردنه‌وه‌ و توانه‌وه‌ی خۆمان له‌به‌رده‌م گه‌رمیه‌کی به‌هێزدا که‌ ناشێت به‌م بچوکیه‌ به‌رگه‌ی بگرین .
پارچه‌ پارچه‌کردنی ئه‌و هه‌موو بیر و بۆچوونه‌ لێکچوانه‌ی که‌ پێکه‌وه‌ خێراتر و کاریگه‌رتر و جوانتر و ڕاستر بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و گه‌ڕان بۆ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ گونجاوه‌کان هه‌وڵده‌ده‌ن ماڵ وێرانی و داماوی و دووبه‌ره‌کی ده‌چێنێ ، با هه‌وڵ بده‌ین بۆ کۆکردنه‌وه‌ و لێکنزیککردنه‌وه‌یان هه‌تا بتوانین باشتر به‌رگه‌ی پلانه‌ ده‌ره‌کییه‌کان بگرین و به‌رپه‌رچی توند و بوێرانه‌یان بده‌ینه‌وه‌ . چه‌ندین ساڵه‌ که‌رتکه‌رت ده‌بین و به‌ش به‌ش لێمان که‌م ده‌بێته‌وه‌ و بێهێز دبین ، با به‌ کرده‌وه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بمرێنین .

ئێمه‌ی گه‌نج له‌ تواناماندا هه‌یه‌ کار بکه‌ین بۆ رووناککردنه‌وه‌ی داهاتوومان ، با هه‌ریه‌که‌ له‌ ئێمه‌ خۆی به‌ به‌رپرسێکی خاوه‌ن ئه‌رک بزانێت و قۆڵی ئازایه‌تیمانی لێهه‌ڵماڵین ، با پێکه‌وه‌ دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان ڕوو له‌یه‌ک ئامانج به‌ په‌یامێکی کوردانه‌ی ڕاستگۆیانه‌وه‌ بێینه‌ پێشه‌وه‌ .

درووستکردنی به‌ره‌یه‌کی ڕابوونی گه‌نجان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م سته‌مه‌ مۆدێرن و هه‌وچه‌رخه‌ی له‌ گه‌له‌که‌مان ده‌کرێت پێویستیه‌کی بێمه‌رجی هه‌نوکه‌ییه‌ . ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌و بازنه‌ داخراوه‌ بێینه‌ ده‌ره‌وه‌ و چیتر به‌ده‌وری گومه‌زێکی خاڵیدا نه‌سوڕێنه‌وه‌ . ده‌بێ هه‌وڵبده‌ین بۆ تێکشکاندنی ئه‌و کۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی ئامانجی گه‌له‌که‌مان ژێر پێ ده‌نێت . ئێمه‌ ته‌نها به‌ سه‌ربه‌خۆبوون و یه‌کگرتووی ده‌توانین وه‌ڵامی دوژمنان بده‌ینه‌وه‌ . به‌ داڕشتنی پلانێکی هاوچه‌رخی ڕاشکاوانه‌ و بوێرانه‌ و بێسڵه‌مینه‌وه‌ له‌هه‌ر ئاسته‌نگێک ده‌توانین ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنین .
گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و زه‌رده‌شت و قامیشلۆ و هه‌موو سیمبۆله‌کانی قوربانیدانی ئه‌م گه‌له‌ ، له‌ کوردبوونمانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ . ده‌بێ به‌ کوردبوونمان وه‌ڵامی ئه‌م زۆردارییانه‌ بده‌ینه‌وه‌ . با به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانمان وه‌لانێین و بۆ کوردبوون تێبکۆشین.

با له‌ ئێستاوه‌‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی به‌سه‌رچوو بناسین ، تازه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ڕێگای خزمه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کان لایداوه‌ و وه‌ها وون بوه‌ که‌ هه‌رگیز خۆی نادۆزێته‌وه‌ . با پێکه‌وه‌ بۆمه‌به‌ستێکی پاک و ڕاسته‌قینه‌ تێبکۆشین . ئێمه‌ داهاتوویه‌ک چاوه‌ڕێمان ده‌کات که‌ خۆمان ده‌ستنیشانی ده‌که‌ین . زمان و خاک و داهات و نیشتیمانێکی ڕه‌سه‌نمان هه‌یه‌ . ئێمه‌ سته‌م له‌که‌س ناکه‌ین و خاکی که‌سمان ناوێت . با بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌کانی خۆمان تێکۆشانێکی شه‌ریفانه‌ بکه‌ین .  با ده‌ست له‌ ناو ده‌ست بین به‌ پلانێکی بنیاتنه‌رانه‌ ، بۆ کوردستانێکی ئازاد و ئاوه‌دان  کۆشش بکه‌ین هه‌تا خه‌ڵکێکی هۆشیار و سه‌ربه‌ست دروست بکه‌ین . گه‌نج به‌رپرسیاره‌ له‌ بارودۆخێک که‌ تێیدا ده‌ژی ئه‌م ڕه‌وشه‌ دژواره‌ی ئێمه‌ی گرتۆته‌وه‌ و بێده‌نگبوون له‌ تێپه‌ڕینی به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌رمانا ، به‌ شه‌رمه‌زاری پێ ده‌نێینه‌ مێژوویه‌کی پڕ له‌ نه‌هامه‌تییه‌وه‌ .

www.hemnrauf.kurdblogger.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.