مرۆڤی تراژیدی و تراژیدیای مرۆڤ
كاتێ تاسه‌ی بڵندایه‌تی ده‌كه‌ن بۆ سه‌رووی خۆتان هه‌ڵده‌ڕوانن …به‌ڵام كه من به‌ره‌وژوور هه‌ڵكشام ئاگام له‌وه‌ش بوو , كه له ژێر پێمدابوو . ئایا كه‌سی وه‌هاتان تێدا هه‌یه له‌سه‌ر لوتكه‌بێ و
بشتوانێ پێبكه‌نێ .
“نیتشه”
تراژیدیای مرۆڤ په‌یوه‌سته به بوونه تراژیدییه‌كه‌یه‌وه , ڕاسته نیتشه بوونی مرۆڤ به بوونێكی تراژیدی داده‌نێت , به تایبه‌ت له‌به‌ركۆتاییه تراژیدی و حه‌تمییه‌كه‌ی , به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌م ڕاستییه‌دا من وای بۆده‌چم تراژیدیای مرۆڤ و بوونی له نێو ئه‌م جیهانه‌دا , ته‌نها گرێ‌دراو نابێت
له ته‌ك مه‌رگدا , كه كۆتایی بوونی مرۆڤه , وه خوڵقێنه‌ری خودی تراژیدیاكه‌یه , به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تراژیدیاكه گه‌وره‌ترده‌كا و , پانتاییه‌كی زیاتری ده‌داتێ , ئه‌وه هۆكارێكی دیكه‌ی بوونگراییانه‌ی مرۆڤه, كه هه‌میشه ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی راپێچی دنیایه‌ك كردووه , كه تێیدا كاره‌كته‌ری ئه‌فرێنه‌رانه‌ی مرۆڤ به مه‌رگی خۆی شاد ده‌بێت , وه ماڵئاواییه‌كی نه‌زانانه له‌و هێزه بنه‌ڕه‌تی و كاریگه‌ره‌ده‌كات , كه مه‌رجی مانه‌وه‌ی بوونی مرۆڤه وه‌ك بوونێكی ڕه‌سه‌ن .
ده‌گونجێ ئه‌م هۆكاره به‌م شكڵه گوزارشتی لێبكرێت , ئه‌ویش بوونه‌قوربانی بوونی ڕه‌سه‌نی مرۆڤه له به‌رانبه‌ر گشت ئه‌فرێنراوه‌كانی خودی خۆیدا , له ده‌ستدان و ونكردنی هێزه له بۆته‌ی ئه‌و داهێنراوانه‌دا , كه هیچ نین جگه له ده‌ستنیای مرۆڤ خۆی , له خودی خۆیاندا هه‌ڵگری هێزێكی ناوه‌كی نین جگه له‌و هێزه ونكراوه‌ی كه مرۆڤ له پاش داهێنانیان پێیبه‌خشیون , هه‌ڵبه‌ته له مێژووی گه شه‌كردنی شارستانیه‌تدا , كه تێیدا ده‌توانین زانین له هه‌مبه‌ر داهینراوه مادی و مه‌عنه‌وی یه‌كانی مرۆڤه‌وه وه‌ده‌ستبخه‌ین , ڕێكه‌وتی گشت ئه‌و ده‌ستنیایانه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌ین , كه له مانا ڕاسته‌قینه و سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆیان دوورخراونه‌وته‌وه و , گه‌لێك مانا و ڕۆڵی سه‌یریان بۆ هۆنراوه‌ته‌وه , ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته ڕاده‌ی ئاڵوگۆڕكردنی ڕه‌های ڕۆڵی مرۆڤ له ته‌ك ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه ئه‌و بابه‌ت و داهێنراوانه پێویستبوو وازیبكه‌ن , یاخود له بنه‌ڕه‌تدا ڕۆڵگێڕانی هه‌ندێك له وێناكراوه خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌ییه‌كانی مرۆڤ پێویستنه‌بوون , یان لانی كه‌م ئه‌م ڕۆڵه‌یان نه ده‌بوو ته‌مه‌نێكی درێژبژی ,
سه‌یره نه‌زانی مرۆڤ بگاته ئه‌و ئاسته له نزمی , كه ئه‌فرێنراوه‌كانی خۆی نه‌ناسێته‌وه , له مه‌ش سه‌یرتر و تراژیدیتر هه‌ندێك له ئه‌فرێنراوه ئه‌فسانه‌ییه‌كانی مرۆڤ ببنه ئه‌فرێنه‌ری خودی ئه‌فرێنه‌ر , كه خودی مرۆڤ خۆیه‌تی .
بۆ ده‌بێت سه‌رسامی مرۆڤ به داهێنراوه‌كانی , بگاته ڕاده‌ی له بیرچوونه‌وه‌ی خودی خۆی ؟, سڕینه‌وه‌ی بوونی مرۆڤ و فه‌ناكردنی له بۆته‌ی دیاریده‌یه‌كی مرۆڤكرددا , یان سروشتی‌دا كه مرۆڤ له باری ئاسایی و بوونی سروشتیه‌وه گواستویه‌تیه‌وه بۆ بارێكی نامادی و نائاماده له یه‌ك شوێندا و , ئاماده‌بوو له گشت پنتێكی جیهاندا , چ واتایه‌ك بۆ بوونی مرۆڤ ده‌هێڵێته‌وه ؟ , ئه‌گه‌ر بوونی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ په‌یوه‌ستی ژیریه‌تی ئه‌م كائینه بێت وه‌ك شوناسی كاره‌كته‌ری مرۆیی , ئه‌گه‌ر بونیادی ئه‌م دیارده زیندووه‌ی ناو جیهان له سه‌ر هێزی ئیراده خۆیگرتبێت , چۆن ده‌توانین چوارچێوه‌یه‌ك بۆ پێناسكردنی مرۆڤ و سنوره‌كانی مرۆڤبوون بكێشین؟ ,ئه‌گه‌ر مرۆڤ ته‌لارێكی زیندووی ئیرادی و ژیربێت , ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ئه‌م پێناسه‌یه ده‌بنه هه‌ڵگری چ شوناسێك؟
په‌یدابوونی مرۆڤ , وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی گه‌شه‌كردوو , هاوكاته له ته‌ك فۆرمگرتنی پرسیارێكی ئه‌به‌دی دا , ته‌ریبه به ده‌ستپێكردن و وه‌گه‌ڕكه‌وتنی گه‌ڕانێكی هه‌میشه‌یی به دوای مانادا , به‌دوای نهێنییه‌كی گه‌وره‌دا , ئه‌گه‌ر له‌و دیوی ئاشكراییه‌وه بوونی هه‌بێت , هه‌ڵبه‌ته ڕه‌چه‌ڵه‌كی گشت زانخوازی و گه‌ڕانه‌ناكۆتاكانی مرۆڤ له‌و پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه فه‌لسه‌فییه‌وه خۆی بیناكردووه , كه نه‌مرترین پرسیاری
نه‌مری فه‌لسه‌فه‌یه له باره‌ی “بوون” و مانای بوونه‌وه , ڕه‌نگه خه‌مڵینی پرسیارێكی مه‌زن و قول و پڕگرفتی له‌م شكڵه بگێڕدرێته‌وه
بۆ چه‌رخه دره‌نگتره‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی , وه به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و سه‌ره‌تایانه‌ی كه میژووناسانی فه‌لسه‌فه له باره‌ی چرۆكردن و شێوه‌گرتنی فه‌لسه‌فه وه‌ك فه‌لسه‌فه هێمای پێده‌كه‌ن , به‌ڵام بێگومان ئه‌م پرسیاره مێژووی له‌گه‌ڵ مێژووی مرۆڤدایه , نه‌ك له‌ته‌ك خه‌مڵینی فه‌لسه‌فه دا , یاخود نه‌ك له هاوكاتی له‌دایكبوونی فه‌یله‌سوفدا , ئه‌مه پرسیارێكه بوونی له‌ته‌ك “بوون”دایه به شێوه‌یه‌كی گشی , مردنی ئه‌م پرسیاره بوونی نییه , ته‌نها وه‌ك هایدیگه‌ر ده‌ڵێت له بیرچوونه‌وه‌ی بوونی هه‌یه , كه ئه‌م فه‌یله‌سوفه به‌توندی ناكۆكه له‌ته‌ك هه‌ر هه‌وڵێكی له بیربردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌دا , وه له په‌رتوكی “بوون و كات”دا یه‌كه‌مین ئه‌ركی ئیشكردنی خۆی به نوێكردنه‌وه و هێنانه‌وه‌گۆڕێی ئه‌و پرسیاره نه‌مره سه‌رمه‌دییه ده‌ناسێنێت . ئه‌وه‌ی ڕوونه بۆ من بوونی هه‌میشه‌یی ئه‌م پرسیاره‌یه , به‌ڵام ئه‌وه‌ش شایه‌نی هێماپێكردنه , كه فۆرم و داڕشتنی ئه‌م پرسه به پێی سه‌رده‌م و گۆڕانه هه‌میشه‌ییه‌كانی شارستانیه‌ت و كه‌لتوری مرۆڤایه‌تی , به‌تایبه‌ت گه‌شه‌كردنی زمان و جیاوازییه‌كانی و فره‌مانایی , وه بوونی زمان به هیزێكی گه‌وره كه ته‌واوی بوونی له بۆته‌ی خۆیدا نیشته‌جێكردووه , به‌و پێوه‌ره پرسی بوونیش به جیاوازی خراوه‌ته ڕوو , به‌ڵام ئه‌وه‌ی له جه‌وهه‌ردا ده‌توانێت چونیه‌كنه‌بوونی پرسیاره نه‌مره‌كه له چه‌رخگه‌لی جودادا بۆ ئێمه نمایش بكات , ئه‌وه خودی پرسه‌كه نییه , به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامگه‌لێكه كه له میانی پرۆسێسی به‌رده‌وامی پرس و گه‌ڕاندا وه‌ده‌ستده‌هێنرێت , ئه‌مه‌ش هه‌رله وه‌ڵام و ده‌رئه‌نجامه ئه‌فسانه‌یی و ئایینیه‌كانه‌وه وه‌ڕێكه‌وتووه تا ده‌گاته دۆزینه‌وه زانستییه‌كان , دیاره له نێو ئه‌م پرۆسیسه‌دا و , له ڕێگه هه‌مه‌لایه‌ن و فره‌ئاراسته‌كانی گه‌ڕان به‌دوای مانای بووندا , له هه‌ندێك ڕێگادا و , له ئه‌نجامی ماندوكه‌ربوونی ئه‌م پرسیاره‌دا , وه دواجار داهێنانی گه‌لێك وه‌ڵامی سیحراوی بۆ ئه‌م پرسه , له وێستگه‌گه‌لێكی جیاوازدا جاڕی چیدیكه پێویستنه‌بوونی ئه‌م پرسه ڕاگه‌یه‌نرا
,دیاره ئه‌م جاڕدانه جگه له به‌تاڵكردنه‌وه‌ی مرۆگه‌لێك له‌م پرسیاره نه‌مره كه مه‌رجی نه‌مری مرۆڤه وه‌ك كائینێكی ژیر و به‌ئیراده چ ده‌رئه‌نجامگه‌لێكی ئه‌وتۆی لێوه‌ده‌ستنه‌هاتووه , چونكه ئه‌وه‌ی گرنگه پرسیاری بوون نه‌مری خۆی پاراستووه و ده‌شی پارێزێت .
له‌بیركردنی خواوه‌نده‌كان وه‌ك داهێنراوی مرۆیی:
یه‌كه‌م وێستگه ,كه مرۆڤ تێیدا وه‌ستا و , ته‌نانه‌ت گه‌لێك له مرۆڤه‌كان كردیانه ماڵی هه‌میشه‌یی خۆیان , وێستگه‌ی خواوه‌نده‌كان بوو , مرۆڤ ناوی لێنا وێستگه‌ی ئاسمان , ئایین , سه‌رومرۆیی , جیهانی ڕوناكی , وه گه‌لێك ناونانی دیكه , كه هه‌موو گوزارشتن له مه‌زنبوونی ئه‌م
وێستگه‌یه كه خواوه‌نده‌كان فه‌رمانڕه‌وایی به سه‌ردا ده‌كه‌ن , هه‌ڵبه‌ت گوزارشتێكی ڕاسته‌وخۆشه له بچوكبوونه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ بوونه‌وه‌رێكی
فه‌رمانبه‌سه‌ردا كرا‌و , نیشته‌جیبوون له قه‌ڵه‌مڕه‌وی خواوه‌نده‌كاندا , بووه ئه‌فسانه‌یه‌كی گه‌وره و پیرۆز , بووه په‌ناگایه‌كی ئارام بۆ ئه‌وانه‌ی به دووی ئارامییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌دا وێڵن , بووه ڕاسته‌قینه‌یه‌كی نكۆڵیلێنه‌كراو بۆ ئه‌وانه‌ی كه دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت وه‌ك حه‌قیقه‌ت قبووڵده‌كه‌ن , كاتێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆتدا بوونه‌وه‌رێك وه‌ك ڕاستی ڕه‌ها بڕواپێده‌هینی , ئه‌و كاته نه‌بوونی خۆت وه‌ك ڕاستییه‌ك و , بوونت وه‌ك خه‌یاڵێكی پوچ قبوڵده‌كه‌یت,چونكه ئه‌گه‌ر ته‌نها مه‌رجێك بۆ بوونی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ بوونی هه‌بێت , ئه‌وه ته‌نها بوونی مرۆڤ خۆیه‌تی , نه‌ك بوونه‌وه‌ریكی دیكه كه ببێته مه‌رجێكی ڕه‌ها بۆ بوونی مرۆڤ, بوونی مرۆڤ له چ ساتێك‌دا وه‌ك بوونێكی ناره‌سه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت , هه‌ڵبه‌ت كاتێك ده‌یه‌وێت له ده‌روازه‌ی بوونێكی دیكه‌وه هه‌نگاو بنێته ناو بوونه‌وه, له ماوه‌ی تێپه‌ربووندا به‌ناو جیۆگرافیای ئه‌و بوونه‌ی دیكه‌دا , نه‌ك هه‌ر ناتوانێت به‌رگری له بنه‌مای بوونی خۆی بكات , به پێچه‌وانه‌وه كاتیبوونی خودی خۆی , بوونی له ناو
جیهاندا ده‌كاته پاساوێكی گه‌وره بۆ ڕاده‌ستبوون به ئه‌به‌دیه‌تی خوداكان , كه ئه‌به‌دیه‌تێكی سه‌رچاوه‌گرتووه له شه‌یدایی و په‌رۆشیه‌كی بێ ئه‌ندازه‌ی مرۆڤ بۆ نه‌مری , باوه‌ڕم وایه شه‌یدایی مرۆڤ بۆ نه‌مری له خۆشه‌ویستی ژیانه‌وه نیه , ئه‌وه‌نده‌ی ترسی ئه‌وه له مردن ,ئه‌وه‌نده‌ی ناتوانایی ئه‌وه له قبوڵكردنی مه‌رگ وه‌ك مه‌رجێكی نكۆڵیلێنه‌كراوی بوونی خۆی .
خواوه‌نده‌كان له كۆی ئه‌و هێزانه پێكهاتوون كه مرۆڤ له‌ناو خۆیدا ده‌ریانده‌كات و , له ده‌ره‌وه‌دا
له فۆڕمی خواوه‌ند و هێزگه‌لی بانمرۆیی و بان‌سروشتی دا دووباره شكڵده‌گرنه‌وه و , وه‌ك یه‌كێتی هێزه‌كان نمایشی له ڕاده‌به‌ده‌ری و ناكۆتابوونی خۆیان ده‌كه‌ن , لێره‌دا مرۆڤ وه‌ك قاوغێكی پوچ , وه‌ك بۆشگه‌یه‌كی به‌تاڵ , پێویستبوونی پڕبوونه‌وه , ترس له بۆشایی, ترسی
خاڵی بوون له هێز , ترسی گه‌وره‌ی مرۆڤ له ته‌نهایی , بێكه‌سی گه‌ردوونی , ئه‌مانه پاڵنه‌ر و خوڵقێنه‌ری پێویستیه‌تی پڕبوونه‌وه‌ی مرۆڤن
له هێز , كه له بنه‌ڕه‌تدا مرۆڤ له‌ده‌ستی داون و , ئێستا وه‌ك هێزێكی ده‌ره‌كی له‌خۆیانده‌گرێته‌وه. له خۆگرتنه‌وه‌ی ئه‌م هیزه ده‌ره‌كیانه یارمه‌تی مرۆڤ ناده‌ن له سه‌قامگیربوونه‌وه‌ی دا وه‌ك بوونێكی سه‌ربه‌خۆ , له به‌رئه‌وه‌ی ته‌به‌نیكردنی هێز له ده‌ره‌وه, له بنه‌ڕه‌تدا دژی سه‌ربه‌خۆییه , پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی گه‌شه‌كردنی كاره‌كته‌ری مرۆڤه , له كاره‌كته‌رێكی ناكارا و كارلێكراوه‌وه به‌ره‌و ئاسۆی بوونه‌وه‌رێكی دیكه‌ی مرۆیی , كه ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی ناكارایی و به‌ركارییه له بوونی مرۆیی‌دا , هه‌میشه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه پێویستمان به هێزیكی خودی و خۆییه
, چونكه له بارێكدا ئه‌نجامی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مرۆیی ده‌توانێت هه‌ماهه‌نگبێت له ته‌ك بوونی مرۆڤدا , كه ئه‌وه‌ی ڕه‌تده‌كرێته‌وه خودی مرۆڤ
نه‌بێت , به‌ڵكو گشت ئه‌و بوون و بیرۆكه نامۆ و بیگانانه‌بن كه دزه‌یانكردۆته ناو سنوری نیشتمانی بوونه‌وه , یان له بۆسه‌دان هه‌میشه
بۆ بڕین و خاپوركردنی سنوری دیاریكراو و سه‌ربه‌خۆی ئه‌وانی دیكه . له هه‌موو كاتێكدا په‌نابردنه به‌ر هێزه ده‌ره‌كیه‌كان , مه‌حكومت ده‌كات به سه‌ردانه‌واندن بۆ سه‌روه‌ری ئه‌و هیزانه , بێگومان كاتێك تاكه‌كه‌س وه‌ك بوونه‌رێكی بێ هێز مرۆڤبوونی خۆی قبوڵده‌كات و,
له ده‌رگای ئه‌وانی دیكه ده‌دات بۆ پشتیوانیكردن , یاخود ئه‌وی دیكه ده‌خوڵقێنێت و هه‌ر خۆیشی ماڵێكی بۆ بونیاد ده‌نێت و , ناویشی ده‌نێت په‌نای بێكه‌سان , هه‌ر له پاش ئه‌وه خۆی وه‌ك بێكه‌سێك ڕوو ده‌كاته په‌نای بێكه‌سان و , ده‌بێته په‌ناهنده‌یه‌كی بچوك له ماڵه ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی ده‌ستنیای خۆیدا ,ئه‌مه چاره‌نوسێكی تراژیدییه ,كه تێیدا مرۆڤ خۆی له‌بیر ده‌كات . ئازاره‌كانی بوون گه‌لێك سه‌ختن
, ئه‌و هه‌ژانه ناوه‌كییه‌ی كه له بوونماندا و له ده‌رونماندا په‌یدای ده‌كه‌ن فره‌ن , ته‌نانه‌ت تۆقێنه‌رن , ئازایه‌تی و جه‌ربه‌زه‌یی گه‌ره‌كه له ئاست پرسی قووڵی بووندا خۆ ڕابگریت و نه‌دۆڕییت , هه‌موو پرسێك هه‌وڵێكه بۆ كه‌شفكردنی تاریكی , هه‌موو تاریكیه‌كیش نادییاریه‌كه و, هه‌موو نادیارییه‌كیش ترسێكی له هه‌ناودایه , ئه‌و ترسه بۆ مرۆگه‌لێكی تۆقیو ده‌بێته خواوه‌ند و مرۆڤ خۆی پێ فریو ده‌دات و , بێ ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك ڕووناكی دڕی به‌تاریكییه‌كه دابێت , ئه‌م تۆقیوانه شه‌وه‌زه‌نگیان لێ ده‌بێت به ڕۆژی ڕووناك , وه‌ك چۆن سه‌رابێكیان لێده‌بێته
ئاوێكی حه‌قیقی , چه‌ند بێمانایه باس له خواردنه‌وه‌ی تۆزقاڵێك ئاو بكه‌یت كه له سه‌رابێكه‌وه وه‌چنگتكه‌وتووه, هێنده‌ی ئه‌وه بێ مانایه
باوه‌ڕ به ڕووناكییه‌ك بكه‌یت كه بوونی نییه , یاخود له تاریكی‌دا نه‌دره‌وشابێته‌وه , گوڕی دڕپێدانی تاریكی نه‌بێت , ڕووناكیه‌ك له ترسه‌وه
له‌دایك بێت مه‌ترسییه , له بری ئه‌وه‌ی ڕووناكمان بكاته‌وه ده‌مانسوتێنێت , له بری ئه‌وه‌ی چاومان پێ ببه‌خشێت كوێرمان ده‌كات , له جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌ومان بزڕنێت ده‌مانكاته خه‌و ,هه‌میشه په‌یڕه‌وی له یاسایه‌ك ده‌كه‌ن كه نیتشه له زمانی دانایه‌كه‌وه له په‌رتوكی “ئاوای گووت زه‌رده‌شت” دا ئاماژه‌ی پێكردووه , له كاتێكدا كه دانا سه‌رگه‌رمی بانگه‌شه‌كردنه بۆ باوه‌ڕه‌كانی خۆی, كه ده‌رباره‌ی گرنگی خه‌وخۆشی و په‌سه‌ندی بۆ گوێگره‌كانی ده‌كات و ده‌ڵێت :”ئاگاداری ڕێز و گه‌وره‌یی خه‌وخۆشی بن كه پایانی یه‌كه‌می هه‌یه , دووره په‌رێزبن له‌و كه‌سانه‌ی كه توشی به‌دهه‌ڵاژیان و خه‌وزڕان بوون ” لێره‌دا هێمایه‌كی قوڵ هه‌یه به ناوه‌رۆكی ئه‌و بیره نامۆیانه‌ی كه زاڵبوونیان به داته‌پاندنی بیرتیژی و بیرزیندوویی كۆتایی دێت , ئه‌م هێمایه تێگه‌یشتنمان پێده‌به‌خشێت كه چۆن و به چ میكانیزمێك سوسه‌كردن و سه‌ره‌ڕۆیی و ته‌وژمه ڕووله‌یاخیبوونه‌كانی مرۆڤ سه‌ركوت و ده‌مكوت ده‌كرێن , له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ئه‌و ڕاستییه خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه له شوێنی
ئه‌وه‌ی هوشیارت بكه‌نه‌وه مه‌ستت ده‌كه‌ن , له مه‌ستبووندا ته‌ڵقینت ده‌كه‌ن , به ته‌ڵقینكردنیش وه‌ك كۆیله‌یه‌كی حه‌قیقی ڕامتده‌كه‌ن , ڕه‌نگه لێره‌وه ئێمه گوێبیستی ئه‌و ئامۆژگارییانه ببین , كه بۆ زیاتر و قوڵتر گه‌مژه‌كردن و زه‌وتكردنی مرۆڤ بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرێت , كه بێگومان مایه‌ی پێكه‌نینن له شوێنێكدا , وه به‌خشه‌ری داخێكی گه‌وره‌شن له لایه‌كیدیكه‌دا , واته له یه‌ككاتدا تراژیدیایه‌كی گه‌وره و كۆمیدیایه‌كی مه‌زنن , مایه‌ی پیكه‌نینن له به‌رئه‌وه‌ی بانگی مرۆڤ ده‌كه‌ن بۆ بیركردنه‌وه , له كاتێكدا هه‌ر خۆیان ده‌مێكه هێزی بیركردنه‌وه و ئامێری بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤیان خاپور و ویران كردووه , مایه‌ی پێكه‌نینن چونكه ئه‌وانه خودان مانیفێستێكی نه‌گۆڕ و ڕه‌هان , له هه‌مان كاتدا خودان ده‌رئه‌نجامی نه‌گۆڕ و ڕه‌هاشن , بۆیه كاتێك ئه‌مانه بانگی مرۆڤبكه‌ن بۆ گه‌ڕان و بیركردنه‌وه شایه‌نی پێكه‌نینن , تۆ چۆن ده‌توانیت ئازادانه بیربكه‌یته‌وه و , چۆن ده‌توانیت ده‌رئه‌نجامه جیاوازه‌كانی بیركردنه‌وه قبوڵبكه‌یت ئه‌گه‌ر له پێشدا یه‌ك ده‌رئه‌نجامت وه‌ك حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها و , وه‌ك نه‌گۆڕێكی ئه‌به‌دی باوه‌ڕپێكردبێت , كه تۆ خودان حه‌رامی گه‌وره‌بیت چۆن ده‌كرێت وزه‌ی بیركردنه‌وه له تۆدا پرۆسیسێكی ماقوڵ و دروست هه‌نگاوبنێت , بیركردنه‌وه به واتای حه‌قیقی خۆی له وه‌ها بۆشگه‌یه‌كدا نه‌بووه”غائیبه” , ئه‌وه‌ی هه‌یه جگه له خزمه‌تكارێكی بیرنه‌كردنه‌وه شتێكی دیكه نییه , كۆمیدییه له‌م جیهانه‌ی كه جوڵه و فزوڵیه‌تی مرۆڤی تێدا سه‌رده‌بڕدرێت , قسه له خاوه‌نداریه‌تی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه و زانست بكرێت , له كاتێكدا ته‌نها ئه‌و وه‌ڵامانه قبوڵكراون كه تۆزقاڵێك له سنوره ئاسنینه‌كانی مانیفێسته ڕه‌هاكه‌یان تێنه‌په‌ڕاندووه . دیسانه‌وه دووپاتی ئه‌و ڕاستییه ده‌كه‌ینه‌وه كه فه‌لسه‌فه و زانستیش له ناو سنوره داخراوه‌كاندا , به‌ته‌واوی له شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان داده‌بڕێنرێن و , ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه جگه له ناوه‌كه‌یان شتێكی دیكه نییه , ڕۆڵیشیان زیاتر له ڕۆڵی خزمه‌تچییه‌كی پاسیڤ چیدیكه نییه . هه‌ڵبه‌ت گشت ئه‌م سه‌یر وسه‌مه‌ره‌ییه ته‌نها كۆمیدیایه‌ك نییه و به‌س , به‌ڵكو تراژیدیایه‌كی گه‌وره و خه‌مهێنه‌ری مرۆڤیشه , خه‌مهێنه‌ره له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م بیرانه لافاوێك له مرۆڤایه‌تی مه‌ستكردووه , كه مایه‌ی نائومێدی گه‌وره‌ن , تراژیدیایه‌كی گه‌وره‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆیله‌گه‌وره‌كانی خواوه‌نده‌كان وه‌ك مرۆڤی گه‌وره و پێشه‌وای هه‌تاهه‌تایی مرۆڤایه‌تی ته‌حه‌كوم به ژیانی مرۆڤه‌كانه‌وه ده‌كه‌ن و , گه‌له‌مرۆڤی گه‌وره‌ش ئاسوده‌ن به‌و واقیعه‌ی تێیدا ده‌ژین , هه‌ستبه‌شانازی ده‌كه‌ن كه هه‌ڵگری وه‌ها به‌ها گه‌لێكن , كه ئه‌م شێوازه ڕاستژیانه‌ی پێبه‌خشیون , حه‌قیقه‌تیان كردۆته گه‌مژانه‌ترین و ساویلكانه‌ترین چه‌مك كه بێماندووبوون , وه ته‌نها له ڕێگه‌ی باوه‌ڕێكی دیاریكراوه‌وه ده‌توانیت له باوه‌شی بگریت , حه‌قیقه‌تیان كردۆته تاقانه‌یه‌ك و له هه‌ناویاندا خواستی ته‌وژمێكی مه‌ترسیدار شه‌پۆل ده‌دات بۆ وێرانكردنی جیهان , به تایبه‌ت ئه‌و جیهانه‌ی كه ئازادی تێیدا ده‌شێ له دایك ببێت. چۆن مرۆڤ له هه‌ناوی مرۆڤه‌وه له دایكده‌بێت , ئازادیش نه‌وه‌یه‌كی مرۆڤه و له هه‌ناوی مرۆڤه‌وه دێته بوونه‌وه , وه مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و بوونه‌شه كه له هه‌ناویه‌وه دێته‌بوون , ڕه‌چه‌ڵه‌ك و به‌رده‌وامی ڕه‌گه‌زی ئه‌م بوونه چۆن پێوه‌سته به پڕبوونی مرۆڤ به نه‌وه‌یه‌كی تازه , ئه‌وهاش بوونی ڕه‌سه‌نی ئه‌م بوونه گرێدراوی توندی ئه‌و ئازادییه‌یه كه له هه‌ناوی خودی مرۆییه‌وه ده‌ڕسكێت , هه‌ڵبه‌ت مرۆڤ چۆن توانایی خوڵقاندنی ئازادی هه‌یه , هه‌مان توانایی له ئه‌فراندنی كۆیلایه‌تیدا هه‌یه , ئازادی و مرۆڤێكی ئازاد چۆن له هه‌ناوی مرۆڤه‌وه له دایك ده‌بن , ئه‌وهاش كۆیلایه‌تی و
بوونه‌وه‌رێكی كۆیله له هه‌مان جێگه‌وه نه‌ش و نماده‌كه‌ن , به‌ڵام ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی مرۆڤ جودا له ته‌ك نه‌وه‌ی یه‌كه‌میدا گه‌شه و مانه‌وه‌ی پێوه‌سته به كوشتنی دایكییه‌وه , واته كوشتنی دایك ده‌بێته مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی بۆ بوونی كۆیلایه‌تی , هه‌روه‌ك چۆن ده‌بینین دایكه دووپشك كاتێك بێچووه‌كانی دێنه بوون , خۆی له ته‌ك له دایكبوونی نه‌وه‌كانیدا ده‌مرێت , هه‌ڵبه‌ت مردنی دایكه دووپشك به شێوه‌یه‌كی سروشتی بووه‌ته مه‌رجی له دایكبوونی بێچووه‌دووپشك , كت و مت وه‌ك كۆیلایه‌تی كه له‌سه‌ر كوشتنی باوانی خۆی ده‌ژی .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و شت و هێز و خه‌یاڵ و ئایدیایانه‌ی مرۆڤ له سه‌روخۆیه‌وه نیشته‌جێ ی كردوون , وه كڕنوشیان بۆده‌بات , له‌و هه‌ناوه مرۆییه‌وه وه‌دیهاتوون . ئه‌م شتگه‌ل و هێزگه‌له جیاوازه بوونه‌ته سه‌ردار و خاوه‌نی مرۆڤ , مرۆڤیش سه‌رداری و خاوه‌نداریه‌تی خۆی له بیركردووه , له نه‌زانی و له ته‌مه‌ڵیدا ئه‌م تراژیدیا نه‌گریسه‌ی قبوڵكردووه.
له بیركردنی ته‌كنۆلۆژیا وه‌ك داهێنراوی مرۆیی:
له تێگه‌یشتنمدا بۆ ڕه‌چه‌له‌كی خواوه‌نده‌كان , وه له بیركردنیان وه‌ك داهێنراوێكی مرۆیی , ئاماژه‌مان به‌كاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی توانای له
بیركردن كرد له مرۆڤدا , كه چۆن ده‌رفه‌تی بۆ له‌بیركردنی خودی خۆی ڕه‌خساندووه , وه توانیمان وه‌ك خاڵێكی دیكه زیادی بكه‌ین بۆ زیاتر
سه‌لماندنی تراژیدیای مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا , كه ته‌نها مه‌رگ نیه ئه‌و تراژیدیایه‌ی خوڵقاندووه , به‌ڵكو ئه‌م جۆره له ساویلكه‌بوونی مرۆڤیش
خاڵێكی جه‌وهه‌رییه له بونیادی ئه‌و تراژیدیایه‌دا .
دیاره یه‌كێكی دی له ده‌ستنیا و دروستكراوه‌كانی مرۆڤ ته‌كنه‌لۆژیایه , كه ئه‌میش به هه‌مان شێوه به پرۆسه‌یه‌كی گه‌شه‌كردندا تێپه‌ڕیوه
و مرۆڤ توانیویه‌تی په‌ره‌ی پێبدات به ڕاده‌یه‌ك كه جێگه‌ی سه‌رسامییه , ڕۆڵیشی له ژیاندا به شێوه‌یه‌ك گه‌وره بووه كه سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیه , مه‌ترسییه‌ك كه ناكرێت نادیده‌ی بگرین , هه‌روه‌ك چۆن خواوه‌نده‌كان ئه‌و مه‌ترسییه هه‌مه‌لایه‌ن و قوڵه‌یان دروستكردووه و دروستیشی ده‌كه‌ن به به‌رده‌وامی , هه‌ر ئه‌وهاش ته‌كنۆلۆژیا چركه به چركه ئه‌و كایگه‌رییه‌ی قوڵتر ده‌بێته‌وه و زیاتر سه‌راپای ژیانی مرۆڤ داگیرده‌كات
به ڕاده‌یه‌ك كه ئێستا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌رباره‌ی مرۆڤ قسه‌بكه‌ین ده‌بێت باس له ته‌كنۆلۆژیایه‌كی گۆشت و خوێن بكه‌ین , ده‌بێت هێما به دیارده‌یه‌كی كۆنترۆڵكراو بكه‌ین كه ته‌كنۆلۆژیا و ئه‌و واقیعانه‌ی ده‌یسه‌پێنێت كات و بوون ی ئه‌م دیارده‌یه دیاریده‌كات . ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و گرنگی و سودانه‌ی كه به‌مرۆڤی ده‌به‌خشێت .
بیگومان مرۆڤ له سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردنی زانست و سه‌رهه‌ڵدانی ته‌كنه‌لۆژیادا به بیریدا نه‌هاتووه , وه ئه‌و پێوابوونه‌شی به‌ڕه‌زامه‌ندییه‌وه وه‌رنه‌گرتووه كه ئه‌شێ ساتێكی مێژووی مرۆڤایه‌تی بێته پێشه‌وه كه گۆڕانه‌كان له سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیاندا به‌و ڕاده‌یه‌ی ئێستا به‌رچاوده‌كه‌ون ڕووبده‌ن , هه‌ڵبه‌ت به باش و خراپی گۆڕانكارییه‌كانه‌وه . ئه‌مه‌ش هه‌روه‌ك چۆن مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه چه‌ندین دیاریده و هێزی جیاوازی سروشتی وه‌ك هێزی باڵا و ڕزگاركه‌ر وێنا ده‌كات , بێئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌ی به بیردا هاتبێت كه ده‌شێت سه‌رده‌مێك له ئاینده‌دا ده‌ربكه‌وێت كه ئه‌م هێزگه‌له به‌توندی و قوڵی ڕۆبچنه هه‌ناوی مرۆڤه‌وه , وه ببنه خاوه‌ن قسه و په‌رتوك و ئامۆژگاری زۆر و زه‌وه‌ند , هه‌ر ئه‌وهاش مرۆڤ له به‌رده‌م ته‌كنه‌لۆژیا و جوڵه‌ی پڕ له گه‌شه‌ی ئه‌م دیاریده‌یه‌دا سه‌راسیمه و بێ پێوابوون بووه , به‌هێمنی به
ژیان و به‌كاربردنی دیارده ماددییه‌كانی ناویه‌وه سه‌رقاڵبووه , هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ به‌كارهێنانی ئامرازی نوێ چووه‌ته خزمه‌تی ئه‌م
دیارده‌یه‌وه “ته‌كنۆلۆژیا” , وه له ته‌ك ئه‌مه‌شدا له ژیانیدا هه‌ندێك ئاسانكاری بۆ كراوه به‌هۆی ئامێره نوێیه‌كانه‌وه , ئه‌مه له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا كه به هه‌نگاوبه‌گه‌نگاوی گه‌شه‌كردن و زیادبوونی ئامیره‌كان پێداویستییه‌كانیش زیادیان كردووه , به‌هێنده‌ی ئه‌م گه‌شه‌كردنه سه‌رقاڵی مرۆڤ
به ده‌رئه‌نجامه‌كانه‌وه گه‌وره‌بووه , ئه‌م سه‌رقاڵییه به په‌یوه‌ست له ته‌ك كاتدا ئه‌گه‌ر لێیوردببینه‌وه , ئه‌وا ئیشكالیه‌تی هه‌ره‌گه‌وره و چاره‌نوسسازی به‌نیسبه‌ت بوونی مرۆڤه‌وه خوڵقاندووه , كه كات وه‌ك مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و بوونه ڕۆڵ ده‌گێڕێت , بوونی مرۆڤ له ناو كاتدا ئه‌مه ئه‌و مه‌رجه یه‌كه‌مینه‌یه , هه‌روه‌ك بوونی مرۆڤ له جیهاندا , به‌ڵام مه‌رجێكی هێند گرنگی دیكه بۆ ئه‌م بوونه به‌كارهێنانی كاته واته پارێزگاریكردن له سوبێكتیه‌تی مرۆڤ له به‌رانبه‌ر كاتدا ,گه‌ر مرۆڤ ئه‌م مه‌رجه‌ی له ده‌ستدا ده‌توانم بڵێم مه‌رجی یه‌كه‌م له‌ده‌ست ده‌دات , یاخود مه‌رجی یه‌كه‌م به نیسبه‌ت بوونی ئه‌وه‌وه هیچ گرنگییه‌كی نامێنێت و , ماناكانی خۆی ونده‌كات.
ته‌كنۆلۆژیا به به‌رده‌وامی له گه‌شه‌كردندایه , ڕۆڵیشی له ژیاندا به هه‌مان ڕاده له گه‌وره‌بووندایه , مرۆڤیش له سایه‌ی نه‌شونماكردنی ئه‌م دیارده‌یه‌دا به هه‌مان ڕاده له بچوكبوونه‌وه‌دایه , بچوكبوونه‌وه و نزمبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌و مه‌ترسییه به‌رده‌وامانه‌ی ناو ئه‌م جیهانه‌یه , كه
هه‌میشه وه‌ك خۆره‌ی بوونی مرۆڤ ئاماده‌گی هه‌یه , ئاماده‌گی ئه‌م نه‌خۆشیه كه ئیش له سه‌ر داخورانی ئیراده و ویستی ڕاسته‌قینه ده‌كات
وه‌دیهێنه‌ری ئه‌و پاسیڤبوون و ملكه‌چییه ترسناكه‌ی مرۆڤه كه له ئاست یه‌كێكی دی له داهێنراوه‌كانیدا هه‌یه‌تی , ڕاسته ئه‌م داهێنانه زانستی و ته‌كنه‌لۆژییانه داهێنانی مرۆڤه‌كانن , به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه لێره‌دایه داهێنراوه‌كان ئێستا بوونه‌ته داهێنه‌ری جۆرێك له مرۆڤ , كه
ئه‌شێ له سه‌رده‌مه‌كانی تردا نه‌بینرابن , ته‌نانه‌ت ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا و زانسته به‌وه‌وه ڕانه‌وه‌ستاوه , كه فۆرمێك له مرۆڤ له سه‌ر مۆدێلێكی مۆڕاڵی ته‌كنه‌لۆژی , سیاسه‌تی ته‌كنه‌لۆژی , نابیركردنه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژی , ئه‌قلێكی ته‌كنه‌لۆژی , كاتێكی ته‌كنه‌لۆژی , نزیكه‌ی هه‌موویه‌كی ته‌كنه‌لۆژی بونیادبنێت , به‌ڵكو له ئێستادا خودی مرۆڤ له ڕووی بایۆلۆژییه‌وه بووه‌ته داهێنانێكی ئاسانی ئه‌م داهێنه‌ره داهێنراوه , ئه‌توانێت شێوازێك له مرۆڤت بۆ دروست بكات له سه‌ر خواست و داواكاری , ئه‌مه به ڕای من مه‌زنترین ده‌ستوه‌ردانی زانست و ته‌كنه‌لۆژیایه له بوونی مرۆڤ به گشتی , ئێستا مرۆڤ بووه به جۆرێك له ڕۆبۆت , هه‌م وه‌ك ڕۆبۆت ته‌ماشاده‌كرێت , هه‌م خۆیشی وه‌ك ڕۆبۆت مامه‌ڵه له ته‌ك بوونی خۆیدا ده‌كات , ئه‌و كارده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك كه ئامێره‌كان ده‌یانه‌وێت و فه‌رمان ده‌كه‌ن , ئه‌و پاداشتی ئه‌و كاره‌ی وه‌رده‌گرێت وه‌ك چۆن ئامێره كان بۆ به‌رده‌وامبوونیان له جوڵه پێویستیان به جۆرێك له سوته‌مه‌نی یان بڕێك كاره‌با هه‌یه, ئه‌و ته‌نانه‌ت له ناو كاتێكی ته‌كنه‌لۆژیدا ده‌ژی
ڕووبه‌ڕووی جۆرێك له دابڕانبووه‌ته‌وه له ته‌ك كاتی گه‌ردوونیدا , ئێستا شه‌و و ڕۆژ وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكی په‌یوه‌ندی نێوان زه‌وی و خۆر كه‌مێ كشانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه له كاریگه‌ریه‌كانیدا له سه‌ر ڕێكخستن و دیاریكردنی كاته‌كانی مرۆڤ , ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ك چۆن له گلۆبالیزه‌یشندا
ڕۆڵی تێكشكێنه‌ر و سڕه‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان ده‌گێڕێت , لێره‌شدا ئه‌و ڕۆڵه‌ی خۆی وازی ده‌كات و به‌نزیكه‌یی كاته‌سروشتییه‌كانی تێكه‌ڵاوكردووه و , چۆن خواستی پاره و ئامێر گوزارشت له خۆیان ده‌كه‌ن , مرۆڤ و كاتیش به‌و شێوازه نمایشی خۆیان ده‌كه‌ن , ڕاستتر نمایش ده‌كرێن .
ده‌سته‌وه‌ستانی و ناكارایی مرۆڤ هه‌روه‌ك چۆن خوداكانی خوڵقاند و گه‌وره‌ی كردن ئه‌وها ته‌كنه‌لۆژیاشی بردۆته ئاستێك كه زه‌حمه‌تبێت ئازادبوون له چنگی , ئه‌گه‌ر له ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤی ئه‌وڕۆوه نمونه‌كان وه‌ربگرین ئه‌وه ده‌توانین ئه‌وه بسه‌لمێنین كه ته‌كنه‌لۆژیا مرۆڤی
به‌شێوه‌ك گۆڕیوه كه دوری خستۆته‌وه له مرۆڤبونه‌كه‌ی خۆی وه‌ك سوبێكت , مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌م بونه‌وه‌ره له‌ته‌ك دیارده‌ی كۆمپیوته‌ردا
ده‌شێ ده‌رخه‌رێكی گونجاوی ئه‌م كاریگه‌رییه‌بێت كه یه‌كێ له دیارده هه‌ره‌باوه‌كانی ئه‌مرۆی ته‌كنه‌لۆژیایه :
زیندانكردنی مرۆڤ :
به‌ڵێ كۆمپیوته‌ر ئه‌و ئامێره‌ی كه مرۆڤی ناچار كردووه له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا بمێنێته‌وه و به بڕیارێكی بێ ئاگایانه‌ی خۆی ماڵه‌كه‌ی بگۆڕێت
بۆ زیندان , هه‌ڵبه‌ت بێ ئه‌وه‌ی دادگایه‌ك بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ری به‌سه‌ردا سه‌پاندبێت , ئه‌و نائاگیانه فه‌رمانێكی نهێنی جێبه‌جێ ده‌كات كه ته‌كنه‌لۆژیای كۆمپیوته‌ر سه‌پاندویه‌تی , لێره‌دا مرۆڤ بووته كائینێكی دابڕاو له سروشت , ئه‌و سروشته‌ی كه یه‌كه‌م شاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بوونه‌ته شورای هه‌ره‌مه‌زن له نێوان مرۆڤ و سروشتدا ,وه له ناو جه‌وهه‌ری شاره‌كانیشدا ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه به‌ته‌واوی و به شێوه‌یه‌كی به‌ربه‌ریانه مرۆڤ و سروشتی لێكجوداكردۆته‌وه و بووته بكوژی ڕاسته‌قینه‌ی سروشت له ژیانی مرۆڤدا , كه ده‌شێ مرۆڤ له شاره‌گه‌وره و جه‌نجاڵكاندا ته‌نانه‌ت له بینینی ئاسمانیش بێبه‌شبێت , بێگومان كاتێك مرۆڤ ده‌بێته مه‌كینه‌یه‌كی ئیشكه‌ر كه شه‌وڕۆژ سه‌رقاڵی كاربێت , كاتی پشووه‌كانی سه‌رقاڵی نانخواردن و خۆونكردن بێت له ناو دنیای جه‌نجاڵ و وه‌رسكه‌ری كۆمپیوته‌روئینته‌رنێتدا ئه‌وه چ كاتێك ده‌مێنێته‌وه بۆ بیركردنه‌وه له خودی خۆی وه‌ك مرۆڤ , بۆ بیركردنه‌وه له ژیان , له كێشه هه‌میشه‌ییه‌كانی ناو جیهان و مرۆڤایه‌تی , بیركردنه‌وه و دووپاتكردنه‌وه‌ی پرسی بوون بۆ بوونه‌وه‌رگه‌لێكی له‌و شێوه‌یه چ واتایه‌كی هه‌یه جگه له گاڵته‌جاڕی و وه‌رسكه‌ری به نیسبه‌ت
مێشكی پوكاوه‌ی ئه‌م مرۆڤه له‌ده‌ستچووانه‌وه , مانای بوونی مرۆڤ لێره‌دا زیاتر نیه له پێناسكردنی ئه‌و بوونه وه‌ك كاركه‌ر و نانخۆر , كه ده‌شێ ئه‌م پێناسه‌یه بۆ ئاژه‌ڵه‌كانیش دروستبێت . دیاره پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌م ده‌رئه‌نجامه نێگه‌تیڤه په‌یوه‌سته به توانای پاریزگاریكردنی مرۆڤ له سوبیكتیه‌تی خۆی له به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیادا , په‌یوه‌سته به ڕاده‌ی ئه‌و سودانه‌ی مرۆڤ ده‌یخوڵقێنێت به هۆی
ئامێروداهێنراوه ته‌كنه‌لۆژی یه‌كانه‌وه , به‌ڵام له‌م كاته‌شدا هه‌میشه مه‌ترسیه‌كه له سه‌ربوونی مرۆڤ زیندوویه‌تی خۆی پاریزگاری لێده‌كات
خۆی ده‌سه‌لمێنێته‌وه له ڕێگه‌ی ئه‌و سووده ماددییانه‌ی هه‌یه‌تی , مرۆڤیش دووباره له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌چێته‌وه ئه‌و دونیا داخراوه‌ی كه ته‌كنه‌لۆژیا خوڵقاندویه‌تی , بازنه‌ی كۆیلایه‌تی مرۆڤ له ئیشكردن و به‌رده‌وامیدا ده‌مێنێته‌وه , هه‌ركاتێك مرۆڤ ده‌یه‌وێ به پاساوی سوودی مادییه‌وه كه‌ڵك له‌و دیاردانه وه‌ربگرێت , ئه‌وه له وێستگه‌یه‌كی تری خولانه‌وه‌ی بازنه‌كه‌دا ده‌چێته ناو په‌رستگایه‌كی تره‌وه كه تێیدا حه‌شاماتێك له‌به‌رده‌م خوای كاڵادا نوشتاونه‌ته‌وه و بچوكی خۆیان دووپاتده‌كه‌نه‌وه , پرۆسیسێكی ئه‌وها مه‌ترسیدار پێویستی به وشیاری و ئیراده‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه , كه جێگه‌ی داخه مرۆڤ ئه‌مانه‌ی له‌ده‌ستداوه .
سستكردنی ویستی كۆمه‌ڵایه‌تیبوون :
به‌رده‌وامده‌بین له سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه ته‌كنه‌لۆژیا به‌گشتی , وه لێره‌دا به‌تایبه‌ت كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت دروستیانكردووه و دروستیده‌كه‌ن له سه‌ر بوونی مرۆڤ , جێپه‌نجه‌یان به سه‌ر په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه جێگه سه‌رنجه و , شیاوی له سه‌ر وه‌ستانه , مرۆڤ له پێش قوڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆڵه‌ی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌م ساته‌دا ده‌یگێڕن , له په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵاوبوونێكی جیاواز و گه‌رموگوڕدابوو , به شێوه‌یه‌ك لێكدابڕان و یه‌كنه‌بینینی ڕاسته‌وخۆ و ڕوو به ڕوو هه‌رگیز قبوڵكراونه‌بوو , وه ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه
په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كانی پڕكردبوو له چێژ , مرۆڤ له ڕێگه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌وه دووباره هه‌ستی مرۆڤدۆستی و پێكه‌وه‌بوونی له ناودا تازه ده‌بووه‌وه , ئه‌م تازه‌بوونه‌وه‌یه به‌هێزكردنه‌وه‌ی ئه‌و بونیاده مرۆییه‌بووه كه ده‌توانین وه‌ك مه‌رجێك بۆ بوونی مرۆڤ له ناو جیهانی مرۆیی‌دا هێمای پێبكه‌ین , وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌رستۆ ده‌لێت ” مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌لایه‌تییه” ئه‌گه‌ر ئه‌مه دروستبێت ,ئه‌وا به‌م پێیه ده‌توانین بێژین كۆمه‌ڵایه‌تیبوون مه‌رجێكی ئۆنتۆلۆجیانه‌ی مرۆڤه , كه به‌بێ ئه‌م بوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه ناتوانین هێما به بوونه‌وه‌رێك بكه‌ین به ناوی مرۆڤه‌وه , واته بوونی مرۆڤ مه‌رجێكه بۆ بوونی خودی خۆی , له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی دیارده‌ی مرۆڤ بوونی نییه , هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه هیچ له‌و تاقانه‌ییه‌ی مرۆڤ له نێو جیهاندا ناگۆڕێت , كه مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه مرۆڤ تاقانه‌یه‌كی بێكه‌سه و هه‌ر خودی خۆی به‌رپرسیاری خۆیه‌تی بێئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه هیچ هێزگه‌لێكی دیكه ته‌حه‌كوم به بوونیه‌وه‌بكات .
ته‌كنه‌لۆژیا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌قوڵی په‌یوه‌ندییه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌رته‌سككردۆته‌وه و نزیكیكردۆته‌وه له نه‌مان , ئه‌و جۆره له په‌یوه‌ندی كه بوونیادی ناوه له نێوان مرۆڤه‌كاندا , له سه‌ر شێوازی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه له نێوان به‌شه جیاوازه‌كانی خودی ته‌كنه‌لۆژیادا هه‌یه , وه‌ك هایدیگه‌ر ده‌ڵێت ” ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مرۆڤ ده‌رهێنراوه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان بوون به ته‌كنه‌لۆژیانه . ئه‌م ئه‌ستێره‌یه ئه‌و زه‌وییه نییه كه مرۆڤی له سه‌ر ده‌ژی” دیاره ئه‌گه‌ر لێره‌وه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ یه‌كێك له‌و مه‌رجه ئۆنتۆلۆجیانه‌ی كه ئه‌م فه‌یله‌سوفه بۆ بوونی مرۆڤ له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆیدا سه‌لماندوویه‌تی , ئه‌وه ده‌توانین تێگه‌یشتنمان بۆ له ڕه‌گ و ڕیشه ده‌رهێنانی مرۆڤ ئاسانتر و فراوانتر بكه‌ین ,” بوون له‌ته‌ك ئه‌وانیتردا” مه‌رجێكی ئۆنتۆلۆجیانه‌ی بوونی مرۆڤه , كه بێگومان ئه‌مه‌ش نزیكایه‌تییه‌كی له‌ته‌ك پێناسه‌كه‌ی ئه‌رستۆ بۆ مرۆڤ هه‌یه , واته پێناسه‌كردنیش به‌جۆرێك له جۆره‌كان دیاریكردنی مه‌رجه بۆ بوونی دیارده‌یه‌ك , بۆ مرۆڤ كۆمه‌ڵایه‌تیبوون پێناسه‌یه و مه‌رجێكی بوونگه‌راییانه‌شه , ئه‌و ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌ش كه مرۆڤ هه‌یه‌تی له نێو مه‌رجه‌كانی بوونیدایه , هه‌ڵبه‌ت یه‌ك له‌و مه‌رجانه‌ش بوونه له‌ته‌ك ئه‌وانیتردا , بێگومان مرۆڤ به‌گشتی و مرۆڤی ڕه‌سه‌ن به‌تایبه‌تی به ئاگامه‌نییه‌وه مامه‌ڵه له‌ته‌ك ئه‌م مه‌رجه‌ی
بوونی خۆیدا ده‌كات , ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه له‌ته‌ك ئه‌وانیدیكه‌دا دایانده‌مه‌زرێنێت له سه‌ر بنه‌مای ئاگامه‌ندی و ده‌رككردنه به پێویستیه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه له نێوانی مرۆڤه‌كاندا , وه هه‌ر ئه‌مه‌ش شێوازی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه خودی مرۆڤ به ڕێگه‌یه‌كی ئاگامه‌ندانه بوونیادی ده‌نێت جیاده‌كاته‌وه له ته‌ك ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه ئه‌مڕۆ ته‌كنه‌لۆژیا له نێوان تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا خوڵقانوویه‌تی كه زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه پارچه‌جیاوازه‌كانی ئامێرێكی پێكه‌وه گرێداوه و , هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه پارچه‌ئامێره‌كان نین كه وه‌ها په‌یه‌ندییه‌كیان هه‌ڵبژاردووه ,به‌ڵكو هێزێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆیانه ئه‌مه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاندوون , هه‌روه‌ك چۆن ته‌كنه‌لۆژیاش په‌یوه‌ندییه‌كانی مرۆڤی نزمكردۆته‌وه بۆ ئه‌م ئاسته‌ی كه ئامێره‌كان تێیدان , لێره‌دا سه‌رنج له دوو خاڵ ده‌ده‌ین یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی مرۆڤ له خوڵقاندنی ئامێره‌كان و په‌یوه‌ندیه‌كانیشیاندا ڕۆڵێكی داهێنه‌رانه ده‌گێڕێت به‌ڵام له هه‌مان كاتدا داهێنانه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامێر و ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ی بوونیادی ده‌نێت خراپه و كارناكات , به‌ڵكو له به‌رئه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا داهێنراوه‌كه خودی داهێنه‌ر ده‌كوژێت و چیتر مرۆڤ وه‌ك بوونێكی ڕه‌سه‌ن نامێنێته‌وه . دووه‌م ئه‌و تراژیدیایه‌ی به‌م هۆیه‌وه له دایك ده‌بێت , به‌شداری له گه‌وره‌كردنی زیاتری ئه‌و تراژیدیایه‌دا ده‌كات , كه په‌یوه‌ستی بوونی ڕووله كۆتایی مرۆڤه له جیهاندا , به‌ستراوه به له بیركردنی ڕۆڵی داهێنه‌رانه‌ی مرۆڤ و نزمبوونه‌وه‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌وه بۆ ئاستی شته‌كان و هه‌بووه‌كان كه خاوه‌ن بوونێكی ئاگامه‌ندانه نین .
ده‌توانین بڵێین ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ك بوونێكی ناڕه‌سه‌ن مامه‌ڵه له‌ته‌ك مرۆڤدا ده‌كات , ئه‌و بوونه‌ی ته‌نها به ناڕه‌سه‌نی قبوڵه , ئه‌مه ئه و كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌یه كه بوونی مرۆڤ له ڕه‌سه‌نبوونه‌وه بۆ ناڕه‌سه‌نی ده‌گوازێته‌وه , ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه بوونی مرۆڤ بووه‌ته
به‌شێك له‌و سامانه سروشتییه‌ی كه ته‌كنه‌لۆژیا پێویستی پێیه‌تی , واته وه‌ك هه‌بوویه‌ك له هه‌بووه‌كان مامه‌له‌َش له‌ته‌ك بوونی مرۆڤدا ده‌كرێت , وه‌ك دكتۆر محه‌مه‌د كه‌مال هێمای به‌م ڕاستییه كردووه و نوسیویه‌تی :” مه‌ترسییه‌كه له‌وێدایه كه ته‌كنه‌لۆژیا به خزانی بوون به‌گشتی بۆ نێو چوارچێوه‌ی وه‌به‌رهێنان جیاوازییه‌كانی نێوان بوونی مرۆڤ و هه‌بووه‌كانی سریوه‌ته‌وه . بوونی مرۆڤیش خزێنراوه‌ته نێو چوارچێوه‌كه‌وه و به گه‌نجینه‌یه‌كی سامان داده‌نرێت ” , هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه ڕاستییه‌كی بونگه‌راییانه‌یه , كه مرۆڤیش وه‌ك هه‌موو هه‌بووه‌كان به‌شێكه له بوونه مه‌زنه‌كه , یاخود ئه‌و بوونه بنه‌ڕه‌تی بوونی مرۆڤیشه وه‌ك چۆن بنه‌ڕه‌تی بوونی هه‌بووه‌كانیشه , به‌ڵام ئه‌وه‌ی مرۆڤ و هه‌بووه‌كان به‌قوڵی لێكجودا ده‌كاته‌وه ئه‌وه په‌یوه‌سته به ئاگامه‌ندی مرۆڤه‌وه له ئاست بوون به گشتی و بوونی خۆیدا , هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له كاتێكدا كه توانیبێتی پارێزگاری له ڕه‌سه‌نیه‌تی بوونی خۆی بكات , بوونی خۆی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی یاخیبوو به هه‌میشه‌یی بهێڵێته‌وه , به‌بێ ئه‌م خۆڕاگرییه توند و سه‌رمه‌دییه ناتوانین هێما به بوونی مرۆڤ وه‌ك نا-شت , یاخود وه‌ك بوونێكی ئاگامه‌ند بكه‌ین .
ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ك بكوژی پرسیار :
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كۆمه‌ڵێك مه‌رجی بونگه‌راییانه بۆ بوونی مرۆڤی ڕه‌سه‌ن دیاریبكه‌ین جیاواز له مه‌رجه ئۆنتۆلۆژیی و گشتییه‌كانی مرۆڤ
ئه‌وا پرسیاركردن به‌ڕای من ده‌بێته یه‌كه‌م له‌و مه‌رجانه‌ی كه بوونێكی ڕه‌سه‌نیان له سه‌ر داده‌مه‌زرێت , یه‌كه‌مین پێگه‌یه كه مرۆڤ بوونی خۆیی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و بوونه‌ی تێدا جێگیرده‌كات و ده‌سه‌لمێنێت , ده‌سه‌ڵات لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه به‌سه‌ر خۆیدا , گه‌ر ئه‌م بوونه‌وه‌ره بتوانێت ته‌حه‌كوم به خودی خۆیه‌وه بكات ئه‌وه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته , واته ئه‌وه ئه‌وانی تر نین كه ده‌ستیان به سه‌ر قه‌ڵمڕه‌وی ئه‌م بوونه‌دا گرتووه , به‌ڵكو ئه‌وه خودی ئه‌و بوونه خۆیه‌تی كه پاریزه‌ری ڕه‌سه‌نیه‌تی بوونی خۆیه‌تی , كه‌واته ئه‌م بوونه بوونێكی داگیركراو نیه , بووه‌ته بوونێكی ڕه‌سه‌ن .
به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا خوڵقاندویه‌تی دۆخێكی بێ پرسیاره , هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ گه‌له‌مرۆیه‌كی گه‌وره و ڕاده‌ستبوو به لافاوێك له
ئامێر و ئامرازی ته‌كنه‌لۆژیای زانستی , كه ڕۆژی ئه‌مرۆ بینه‌قاقای مرۆڤایه‌تی گرتووه , خه‌ریكه هه‌ناسه‌ی مرۆڤبوونی تێدا ناهێڵێت ,
بێگومان نامۆكردنی پرسیار و به پێویستنه‌زانینی , وه دواجار بڕیاردان له مه‌رگی پرسیار , ئه‌و زه‌مینه‌یه ده‌ڕه‌خسێنێت كه تێیدا مرۆڤی
بێ پرسیار و ناڕه‌سه‌ن له دایكده‌بێت , له به‌رئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان و بنه‌ماكانی مرۆڤیان وه‌ك بنه‌مایه‌ك و به‌شێك له خۆیان جێگیركردووه
, ئه‌وه‌ی بۆ مرۆڤیان جێهێشتووه به‌رده‌وامی ئه‌و ژیانه‌یه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ناڕه‌سه‌ن , گه‌لێك ئامێر و ئاسانكاری جۆراوجۆریان به مرۆڤ به‌خشیوه , به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا بوونی ڕه‌سه‌نی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌یان زه‌وتكردووه , به‌شێوه‌یه‌ك دایانبڕیوه له ڕاسته‌قینه‌ی خۆی كه ته‌واوی
كاته‌كانی ببه‌خشێته ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیا خنكێنه‌ره , ته‌نانه‌ت ئه‌م دابڕانه له ئاستێكدایه كه ئه‌شێ ئه‌و مه‌رجه‌ی بوونی مرۆڤ تووشی گۆڕانكارییه‌كی خراپ بكات , مه‌رجی بوون له‌ته‌ك ئه‌وانیتر بگۆڕێته سه‌ر بوون له‌ته‌ك ئامێره‌كاندا , ئه‌م مه‌ترسییه له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا
ئه‌زمونی ده‌كه‌ین ئه‌و كاته‌ی تۆ گه‌ره‌كته به دیداری باوك یان دایك یان هه‌ر نزیك و دۆستێكی ئه‌زیزت شادببیت , هه‌ر له‌و چركه‌یه‌دا ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندی كه ئامێری ته‌له‌فۆنه‌كه‌ته شاڵاوده‌هێنێته سه‌ر سۆزوتامه‌زرۆییت و به كۆمه‌ڵێك پاساوه‌وه خۆی ده‌كاته دۆستی تۆ و بكوژی په‌رۆشییه مرۆڤانه‌كه‌ت , تۆش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ناڕه‌سه‌ن ملكه‌چی و گوێڕاڵی پیشانده‌ده‌یت , له‌و ساته‌دا ئامێری ته‌له‌فۆنه‌كه‌ت
ده‌خه‌یته‌كار و دوو وشه‌ی درۆینه ئاراسته ده‌كه‌یت له‌و ئامێره‌وه كه یه‌كێك له سیفه‌ته‌كانی ڕه‌خساندن و هاندانی درۆكردن و به‌خشینی ده‌مامكه به مرۆڤ . به‌خشینی ده‌مامك بۆ خۆی دابڕاندنێكی قوڵی مرۆڤه له خودی خۆی , خۆ نمایشكردنه له ده‌موچاوێكی دیكه‌دا , واته هه‌وڵدانه بۆ ناساندنی جه‌وهه‌ری كه‌سێك جیاواز له جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی , ئه‌مه هه‌م فێڵكردن و درۆیه له‌ته‌ك ئه‌وانی دیكه‌دا , وه هه‌م له هه‌مانكاتدا درۆكردنه له ته‌ك خودی خۆتدا , وه‌ك ده‌ڵێن درۆزنترین كه‌س ئه‌و كه‌سه‌یه له‌ته‌ك خودی خۆیدا درۆده‌كات , درۆكردن خۆونكردنه , خوڵقاندنی نه‌خۆشییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه , ڕاسته‌خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده‌یه كه له‌ته‌ك ئه‌وانیتردا پێكمانه‌وه گرێده‌دات ,
بێگومان ئه‌م هه‌ڵه‌گه‌وره‌یه مرۆڤ به ئاقاری ناڕه‌سه‌نبووندا ده‌بات .
وێرانكردنی سروشت :
ته‌كنه‌لۆژیا بووه‌ته بوونه‌وه‌رێكی زه‌به‌لاح , بووه‌ته دێوێكی ئه‌فسانه‌یی , بووه‌ته خواوه‌ندی شه‌ڕ , ئاگرێكه مرۆڤ هه‌ڵیگیرساندووه و
خه‌ریكه ئه‌و ته‌لاره خاپور و خامۆش ده‌كات كه خودی مرۆڤی تێدا ده‌ژی , مرۆڤ له‌وه‌هاكاتێكدا هه‌م وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك , هه‌م وه‌ك دڕنده‌یه‌ك
مامه‌ڵه له‌ته‌ك ئه‌م دیارده ترسناك و وێرانكه‌ره‌دا ده‌كات , گه‌مژه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی بێباكانه په‌ره‌به‌و ڕه‌وته‌له‌ته‌كنه‌لۆژیای زانستی ده‌دات كه
هه‌موو چركه‌ساتێك هه‌ره‌شه له‌ته‌واوی ژیان ده‌كات له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی , ئه‌مه ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و هه‌مووه گازه ژه‌هراوی و مه‌ترسیداره بده‌ین
كه به‌رگه‌هه‌وایان پیسكردووه و كاریان له كه‌ش و هه‌وای ته‌واوی گۆی زه‌وی كردووه , ئه‌وا ڕاستییه‌تی گه‌مژه‌یی مرۆڤمان بۆده‌رده‌كه‌وێت , ئه‌مه سه‌ره‌ڕای قه‌باره‌یه‌كی زه‌به‌لاح له پاشه‌رۆ كه تێكه‌ڵاو به ئاوی زه‌ریاو ده‌ریان ده‌بێت و , سه‌رچاوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی ژیان ڕووبه‌ڕووی كاره‌سات ده‌بێته‌وه , ئه‌مه له ته‌ك له ڕیشه ده‌رهێنان و نه‌هێشتنی ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی دارستانه‌كان كه ڕاسته‌وخۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره‌گرنگی به‌رده‌وامی ژیانی مرۆڤ و ته‌واوی بونه‌وه‌ره زیندووه‌كانن .
مرۆڤ سه‌ره‌ڕای ناشییرینكردن و وێرانكردنی ماڵه سه‌ره‌كییه سروشتییه‌كه‌ی خۆی , له ته‌ك ئه‌و كاره‌ساته چاوه‌ڕوانكراوانه‌ی كه ئه‌شێ له
سروشتدا ڕووبده‌ن و زیانی گه‌وره له مرۆڤایه‌تی بده‌ن له ده‌رئه‌نجامی مامه‌ڵه‌ی نابه‌رپرسیارانه و چه‌وتی مرۆڤه‌وه , هیشتا به هه‌موو ئه‌و
كاریگه‌ریانه‌ی دركیان پێده‌كه‌ین ناتوانن گوزارشت له گه‌مژه‌یی و دڕه‌نده‌یی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به خودی خۆی بكه‌ن , چونكه به‌شێوه‌یه‌ك بچوكبووه‌ته‌وه له ئاست ته‌كنه‌لۆژیا و برسیه‌تییه‌كه‌ی دا بۆ هه‌ڵلوشینی جیهان , كه ده‌رك به بوونی خۆی ناكات , له‌و په‌ری ناڕه‌سه‌نبووندا
جێگه‌ی گرتووه , هه‌وڵه بێباكانه‌كانی مرۆڤ و نابه‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م بوونه‌وه‌ره له مامه‌ڵه‌كردنی له ته‌ك سروشت و ئه‌وانی دیكه‌دا واده‌رده‌كه‌وێت كه جێگه‌یه‌كی دیكه جگه له‌م جیهانه كه مه‌رجی ئۆنتۆلۆجی بوونی مرۆڤه بۆ ژیان بوونی هه‌بێت , ئه‌وه‌ی له دڕاندایه‌تی و به‌ربه‌ریه‌تی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌دا به‌رچاومان ده‌كه‌وێت , ئه‌یه‌وێت ئه‌وه‌مان پیشان بدات و بیسه‌لمێنێت , كه وێرانكردنی سروشت و ژیان پێویسترینه‌كانه كه مرۆڤ وه‌ك ئه‌ركێك ده‌بێت به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت , ئه‌گه‌ر وانیه بونیادنانی چه‌كه كۆكوژه‌كان و چه‌كی ئه‌تۆم بۆ چ مه‌به‌ستێكه , ئایا ویستی وێرانكردن مرۆڤ به‌ره‌و نیشته‌جێبوون له جیهانێكی دیكه‌دا ده‌بات ؟
ئومێد حه‌مه عه‌لی- ڕووسیا
تێبینی : ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری “هه‌نار” ژماره “71” دا بڵاوبووه‌ته‌وه .