
توڕه‌ی مه‌كه‌ن با نه‌مرێت
سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی 7/1 مه‌رگ قه‌ڵه‌مێكی دیكه‌ی شكاندین، ئینجانه‌یه‌كی دیكه‌ی پڕكردین له ژه‌هر، ئه‌ستێره‌یه‌كی تری كۆژاندینهوه، كۆترێكی سپیترمانی پێكا.
ئه‌و به‌یانییه ( لاچین و لارا) (ئیدۆ) یان به‌خه‌به‌ر نه‌هێنا، وتیان بابه هیلاكه با جارێ بخه‌وێ، به‌ڵام مه‌رگ چنگ له‌سه‌ر شان خۆی كرد به‌ژێر جێگاكه‌یدا و بۆ ئه‌به‌د كردییه خه‌و.
ئیدریس شه‌یداهۆ، یه‌كێك بوو له رۆژنامه‌وانه چالاك و شاعیره ناسكه‌كان، له ماوه‌ی بیست ساڵی رابردووی كاكردنیدا له ناو دنیای رۆژنامه‌وانی و شیعر نووسیندا، خۆی وه‌ك یه‌كێك له قه‌ڵه‌مه جوانه‌كانی نه‌وه‌ی پاش ڕاپه‌ڕین و ناساند و به‌شێك له رۆژنامه‌كان پێشبڕكێیان بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ( شه‌یداهۆ) گۆشه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌لای كامیان بكاته‌وه، چونكه ده‌یانزانی به‌هۆی نووسینه ته‌نز ئامێز و گۆشه كاریگهرییهكانیهوه ژماره‌ی خوێنه‌ری رۆژنامه‌كانیان زیاد ده‌بێت.
ئیدۆی هاوڕێمان، نووسه‌رێكی یاخی و ره‌خنه‌گرێكی هێمن بوو، ئه‌و زۆر باش دركی به نه‌هامه‌تی ده‌كرد و سه‌رچاوه‌ی ناعه‌داله‌تیه‌كانی ده‌زانی، به‌ڵام زۆر مه‌نتیقیانه و به وشه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان دهكردو ره‌خنه‌ی خۆی ئاڕاسته‌ی شته ناشرینه‌كان و دیارده دزێوه‌كان ده‌كرد.
له راستیدا ئه‌وه‌ی شه‌یداهۆ له شیعر و گۆشه و نووسینه‌كانیدا ده‌ینووسی، وێنه‌یه‌كی راسته‌وخۆی ژیانی ساده‌و هه‌ژارانه‌ی خۆی بوو، چونكه ئه‌و پاش ئه‌وه‌ی له شاری هه‌ولێره‌وه دێته سلێمانی و به‌ناو رۆژگاره سه‌خته‌كاندا گوزه‌ر ده‌كات، زۆر به‌باشی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ش و فه‌زا سه‌خته‌دا ده‌گونجێنێت و وه‌ڵامی شیاو بۆ پرسیاره سه‌خته‌كانی ئه‌و رۆژگاره ده‌داته‌وه، له‌وه‌ش زیاتر یاخێتی خۆی ده‌باته ناو ژیان و دوونیای نووسینه‌وه، توڕه بوون و هه‌ڵچوونه ده‌روونی و رۆحیه‌كانی خۆی به شیعر و نووسینی گۆشه‌ی رۆژنامهونای به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و عه‌به‌سیه‌ت و تڕۆهاتییهی ئه‌و له ژیاندا دركی پێكردبوو، به تۆخی و زه‌قی نه‌ك له‌ژێر نوكی قهڵهمهكهیدا به‌ڵكو له هه‌ڵسه‌وكه‌وتی ژیانی رۆژانه‌شیدا ره‌نگیدا بوویه‌وه.
ئیدریس شه‌یداهۆ له ژیانی نووسینی ئه‌ده‌بی و رۆژنامه‌وانی خۆیدا، بوویه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك كتێب و خه‌ونی زیاتریشی هه‌بوو، به‌ڵام ئیدی وه‌ك قوربانییه‌كی ده‌ستی سه‌ختیه‌كانی ژیان، وه‌ك مرۆڤێك ناسك و هه‌میشه دڵ‌پڕ، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نهڕهخساو ئاڕاسته‌ی ژیانی به جۆرێكی دیكه گۆڕا كه چ خۆی و چ دۆست و هاوڕێكانی به ئه‌سه‌فه‌وه لێیان ده‌ڕوانی، شه‌یداهۆ وه‌ڵامی ئه‌و جۆره ژیانه‌ی خۆشی ته‌نها به‌نووسین ده‌دایه‌وه، كه‌سێك شیعر و نووسینه‌كانی نهخوێنبایهتهوه، نه‌یده‌زانی (ئیدۆ) بۆچی مه‌ستی ئازار و موعانات به‌رینادات.