
حیكمه‌ته‌كانی كه‌رنامه … سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
(زاڵمان ئه‌م ره‌فتاره‌یان هه‌یه، هه‌ر كه كه‌سی به‌رانبه‌ریان بینی بێتوانایه، زیاتری تێهه‌ڵده‌ده‌ن…).
ئه‌م وته جوان و پڕ له‌حیكمه‌ته نه‌قسه‌ی ئه‌فلاتوون و نه‌هیچ فه‌یله‌سوفێكه، نه‌هیچ سیاسهتمهدارو بیرمه‌ندو لوقمان و حه‌كیمێك، به‌ڵكو قسه‌ی ئاژه‌ڵێكه كه مرۆڤ پێی ده‌ڵێت (كه‌ر). به‌ڵێ، ئه‌م وته‌یه كه‌رێك له‌گێڕانه‌وه‌ی گه‌شتی ژیانی خۆیداو له‌لاپه‌ڕه (17)ی كتێبـی (كه‌رنامه)دا تۆماری كردووه، (كه‌رنامه) نووسینی (محه‌مه‌د حه‌سن خان ئیعتماد ئه‌لسه‌ڵته‌نه)یه‌و رۆماننووس (موكری) له‌فارسییه‌وه وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
(كه‌رنامه) له‌خانه‌ی ئه‌و كتێبانه‌یه كه ئاژه‌ڵان له‌بری مرۆڤ قسه ده‌كه‌ن و حه‌كایه‌ت و یاده‌وه‌ریی ده‌گێڕنه‌وه، بێگومان ئه‌م هونه‌ره‌ی نووسین له‌لای زۆر نه‌ته‌وه به‌رچاو ده‌كه‌وێت و هه‌یه، وه‌كو كهلیلهو دیمنه، حه‌كایه‌تی چل تووتی، مه‌زرای حه‌یوانه‌كان و زۆر حه‌كایه‌ت و داستانی تری له‌مجۆره. (كه‌رنامه) پاڵه‌وانه‌كه‌ی گوێدرێژێكه به‌وپه‌ڕیی راستگۆییه‌وه یاده‌وه‌ریی و سه‌رگوزشته‌ی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كرده‌وه‌یه‌دا (راستگۆیی له‌گێڕانه‌وه‌دا) ئه‌م گوێدرێژه، مرۆڤ شه‌رمه‌زار ده‌كات كه به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی كه‌ره‌وه، به‌شه‌ر له‌تۆماركردنی یاده‌وه‌ریدا ته‌نها لایه‌نه باش و جوان و سه‌ركه‌وتووه‌كانی ژیان تۆمار ده‌كات، هه‌رگیز شهرمهزارییهكان، شكسته‌كان، دۆڕاوییهكانی خۆی تۆمار ناكات، له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه مرۆڤ چ بوونه‌وه‌رێكی درۆزن و دووڕووه.
(درۆزنیی مرۆڤ) تۆمه‌تی من نییه بۆ ره‌گه‌زه‌كه‌ی خۆم (مرۆڤ)، به‌ڵكو ئه‌مه ئه‌و خاڵه به‌هێزه‌یه كه پاڵه‌وانی (كه‌رنامه) به‌به‌ڵگه‌وه دیسه‌لمێنێت كه به‌نی ئاده‌م چ بوونه‌وه‌رێكی درۆزن و شه‌رمه‌زارو ته‌فره‌ده‌ره، ده‌ی بابزانین ئه‌م گوێدرێژه چ به‌مرۆڤ ده‌ڵێت: (هه‌موو ژیانی ئێوه به‌هۆی درۆوه، كه خووتان پێوه گرتووه جۆرێكه له‌میزاج، یا راستتر درۆ تێكه‌ڵی میزاجتان بووه، درۆتان كردووه‌ته مه‌رج بۆ گه‌شتی ژیانتان، ئێوه لهتهڕو به‌ڕی سروشتی ژیان دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌و لاتان داوه، به‌ئه‌نجامی درشت و بۆگه‌نی گه‌یشتوون، ئه‌ڵبه‌ت مومكین نییه خۆتان له‌سنووری گه‌نین ده‌رباز بكه‌ن، له‌نێو درۆدا له‌دایكبوون، له‌نێو درۆدا په‌روه‌رده بوون، له‌نێو درۆدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، چۆن ده‌توانن ئه‌م عاده‌تی درۆیه تهرككهن؟.. به‌درۆ ده‌كه‌ونه‌ڕێ، به‌درۆ ده‌چنه نێو مهجلیسانهوه، بهدرۆیش عیبادهت ده‌كه‌ن… لا62).
(ئێوه‌ی به‌نی به‌شه‌ر دڵنیابن، ئه‌وه‌ی ریا‌و چاپلوسی و ئه‌ده‌ب نواندنتان بۆ ده‌كات، هه‌مووی درۆ‌و مهخسهرهیه، ئێوه راستی و حه‌قیقه‌ت گۆیی په‌سه‌ند ناكه‌ن، ریاتان پێ باشتره‌و حه‌زتان به‌درۆیه، نه‌ك له‌حه‌قیقه‌ت.. هه‌میشه له‌نێوان دوو دۆستدا بۆ ئه‌وه‌ی دۆستایه‌تیی رووكه‌شیان به‌رده‌وام بێت، ده‌بێ درۆ‌و نادروستییان له‌نێواندا به‌رقه‌رار بێ، ئه‌گه‌ر دوولا راستگۆییان كرده بناغه‌ی دۆستایه‌تی، ئه‌وا ده‌سبه‌جێ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كدی نامێنێ.. لا89).
ئه‌مانه‌و ده‌یان به‌ڵگه‌ی تر، ئه‌م كه‌ره مرۆڤ ده‌داته دادگا‌و له‌بێ ئینسافی و بێ عاری و بێ دادی و بێ عه‌قڵی و بێ ئه‌خلاقی به‌شه‌ر ده‌كۆڵێته‌وه.
من وه‌ك تاكێك له‌ڕه‌گه‌زی مرۆڤ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تۆمه‌تانه‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك توانای به‌رگری كردنم نییه‌و دان به‌هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌شدا ده‌نێم و خۆم به‌تاوانبار ده‌زانم.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هێشتا ده‌سته‌به‌رداری سیفه‌تی مرۆڤانه‌ی خۆم نابم، ئاماده نیم كه گوێ له‌داخوازی و لێپرسینه‌وه‌و بڕیار‌و سزای دادگای كه‌ران بگرم، بۆیه به‌له‌سه ده‌بم و هه‌ڵدێم، نه‌ك هه‌رخۆم ناده‌م به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش ده‌ده‌م! چونكه تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه چه‌كێكی كاریگه‌ره‌و مرۆڤ ئاسووده ده‌كات، گرنگ نییه لهتۆڵهسهندنهوهكهدا له‌سه‌ر حه‌قم یان نا، گرنگ ئه‌وه‌یه قه‌ره‌بووی شكسته‌كانم بكاته‌وه.
به‌درێژایی مێژوو ئێمه‌ی به‌نی به‌شه‌ر زانییومانه كه رق و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه سیفه‌تێكی خراپه، مرۆڤ به‌ره‌و دردۆنگی و ژیانیش به‌ره‌و په‌شێوی و ناكۆكی و تاوانی زیاتر ده‌بات، به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری نه‌بووین و پێناچێت هه‌تا تۆوی به‌شه‌ر بمێنێت ده‌ستبه‌رداری ببین..
پاڵه‌وانی (كه‌رنامه) د‌رك به‌خراپیی سیفه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كات، ئه‌م گوێدرێژه لهیاداشتهكهی خۆیدا ئه‌وه تۆمار ده‌كات كه ئه‌و له‌ئه‌نجامی كاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا چ به‌ڵایه‌كی به‌سه‌ردا هاتووه، بۆیه لێی په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌و داوا له‌مرۆڤیش ده‌كات كه ده‌ستبه‌رداری ببێت، ئه‌م گوێدرێژه خهوشهكانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه به‌مشێوه‌یه تۆمار ده‌كات و ده‌ڵێت: (كه‌سانێ كه خاوه‌نی عه‌ناسری سیستی و ئه‌ربابی ئارائی سه‌خیفن، زۆرجار تۆڵهسێنن و ره‌غبه‌تی به‌خشینیان لانییه.. كام تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه شه‌رم ئاوه‌ر نییه؟ چ پاداشتێ هه‌نده‌ی ئه‌وه به‌سۆزه، كه جه‌زای خراپه‌كاریی به‌چاكی و خه‌تا بهعهتاو گوناهیش به‌لێبوردن بێت.. هیچ زاڵمێك نه‌یتوانیوه ئامێرێكی ئه‌شكه‌نجه دروست بكات، ئازار به‌خشتر بێت لهڕووشكاندن و په‌شیمانی، چونكه به‌دكاریی و په‌شیمانیی له‌ئاوێنه‌ی ویژداندا چه‌سپاون.. پیاو ئه‌و كه‌سه‌یه له‌دامێنی خزاندا له‌تاوان و تۆڵه خودداریی بكات، نه‌كه‌وێته چاڵی په‌شیمانی ئه‌به‌دییه‌وه.. چاو پۆشی و به‌خشین بكاته پیشه‌ی خۆی.. لا224،225،226). به‌ڵام ئه‌م قسانه هیچ نین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كار له‌ئێمه‌ی مرۆڤ ناكات و نامانكاته كه‌سانێكی به‌خشنده‌و میهره‌بان، ئێمه‌ی به‌نی به‌شه‌ر بۆ خۆشكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كدا، له‌جیاتی به‌خشنده‌یی و میهره‌بانی، سیفه‌تی ته‌مه‌لوق و ریامان هه‌یه، كه له‌دێرزه‌مانه‌وه له‌باوو باپیرمانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه، ئێستاش له‌هه‌ر كاتێك زیاتر كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین. ئێستا ته‌مه‌لوق و ریا ئه‌و خۆراكهن كه رۆژانه هه‌موومان له‌ئاسته جیاجیاكاندا به‌كاریده‌هێنین و پێی ده‌ژین.
ئێمه‌ی به‌شه‌ر به‌پێچه‌وانه‌ی ره‌گه‌زی كه‌رانه‌وه ره‌فتار ده‌كه‌ین، پاڵه‌وانی (كه‌رنامه) ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر من به‌م كه‌ریه‌تی خۆمه‌وه، له‌جیاتی گه‌وره پیاوانی سه‌رده‌م بام، ئه‌وا هه‌میشه هاوڕێیه‌كی راستگۆم ده‌كرده راوێژكار، رێی درۆ‌و ریام لێده‌گرت، ناچارم ده‌كرد حه‌قیقه‌تی ئه‌حواڵ و راستی و واقیعم بۆ بگێڕێته‌وه… لا92). له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاوها، ئێمه‌ی به‌نی به‌شه‌ر به‌پاڵه‌وانی (كه‌رنامه) ده‌ڵێین، تۆ راست ده‌كه‌یت كه ده‌ڵێیت: (ئه‌گه‌رچی تهمجیدو موباله‌غه‌و ته‌مه‌لوق بێ مه‌عنان، به‌ڵام ئێستا بۆ كه‌سانی گه‌وره، له‌جیهانی ئینسانی‌دا مهجبورییه، چ كه‌سێك هه‌یه پله‌و پایه‌یه‌كی ده‌ستكه‌وت، خه‌ڵك ده‌رحه‌قی ته‌مه‌لوق و موباله‌غه گۆیی نه‌كات…لا94). به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا گه‌وره پیاوانی ئێمه‌ی به‌شه‌ر وه‌كو ره‌گه‌زی كه‌ران، نه‌ك هه‌ر رقمان له‌سیفه‌تی ته‌مه‌لوق و ریا‌و درۆ نییه، به‌ڵكو به‌شێك له‌وزه‌و شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆمان هه‌ر له‌م رێگایانه‌وه به‌ده‌ست هێناوه، بۆیه مه‌حاڵه ده‌ستبه‌رداری ببین. ئه‌ری هه‌یاران، ئه‌مه چ غیرهتێكه بۆ ئێمه‌ی به‌شه‌ر كه گو‌ێدرێژێك رێنماییمان بكات و لێمان ببێته موعه‌لیم و ده‌رسی ئه‌خلاق و په‌روه‌رده‌و ده‌سه‌ڵاتمان پێ بڵێته‌وه؟ ئه‌ی كوا ده‌سه‌ڵات و غروری ئینسانیمان؟
بۆچی ئێمه رۆژێك له‌ڕۆژان گوێمان له‌یه‌ك گرتووه هه‌تا ئێستا گوێ له‌ڕێنمایی كه‌رێك بگرین؟ ئایا عه‌قڵی ئێمه‌ی به‌شه‌ر، رۆژێك له‌ڕۆژان رێگه‌ی پێداوین كه دان به‌وه‌دا بنێن كه كه‌سێك هه‌یه له‌من فامیده‌تر، گه‌وره‌تر، راستگۆتر، جوانتر، زیره‌كتر، جوامێرتر؟ نه‌خێر هه‌میشه هه‌ریه‌كه‌مان خۆی له‌وی به‌رامبه‌ر بهشهریفتر، پاكتر، ئیماندارتر، حهقانیتر زانیوه. خوێنه‌ری به‌ڕێز، تۆش كه ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانیت، به‌خۆت بزانیت یان نا، پریشكی ته‌علیق و سه‌رزه‌نشتی ئه‌م كه‌ری كهربابهت به‌رده‌كه‌وێت! جگه له‌و سه‌رزه‌نشتانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌زانیت ئه‌م گوێدرێژه چیتر به‌ئێمه‌ی مرۆڤ، ئێمه‌ی پاكترین و جوانترین و فامیدهترین مه‌خلوقی خودا ده‌ڵێت و چۆن ژیانی ره‌گه‌زی كه‌ران له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی مرۆڤدا به‌راورد ده‌كات؟ ئه‌م كه‌ره پێمانده‌ڵێت: (جیاوازی نێوان ئێوه‌ی حه‌یوانی ناتیق له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی حه‌یوانی سامیت له‌مه‌دایه كه ئێمه به‌جه‌ماعه‌ت ده‌ژین و ده‌بینه خه‌مخۆری یه‌كدی، ئێوه‌یش له‌به‌ر غرورو خۆپه‌سه‌ندیی خۆتان كاتێ هه‌ست به‌سوودو مهنفهعهتێ بكه‌ن، ریعایه‌تی خه‌مخواری و یه‌كسانی ناكه‌ن و له‌بازنه‌ی ئه‌و سوودو مهنفهعهدا هه‌وڵی زاڵمانه ده‌ده‌ن، هاوڕه‌گه‌زو هاوسێكانتان بێبه‌ش ده‌كه‌ن.. لا43).
زمان درێژیی ئه‌م گوێدرێژه هه‌موو سنوورێك ده‌به‌زێنێت و جه‌ماعه‌تی خۆیان(كه‌ران) له‌جه‌ماعه‌تی ئێمه‌ی به‌شه‌ر به‌باشتر ده‌زانن، ئێمه بهچاوچنۆك و چروك و بێ سفه‌ت و خۆپه‌رست و تێرنه‌خۆر ده‌داته قه‌ڵه‌م، پێمان ده‌ڵێت: (ئێوه هه‌ر ورگ و گیرفانی خۆتان له‌بیره، ته‌نانه‌ت سوپاسگوزاریی نیعمه‌ت و به‌خششه‌كانی خودا‌ش نین، پێمان ده‌ڵێت: (ئێمه‌ی جه‌ماعه‌تی كه‌ران له‌ئێوه باشترین، یه‌كێ له‌و باشییانهمان ئه‌مه‌یه، هه‌ر كه بهئیشتهادی خۆمان ئاڵفان خوارد‌و تێربووین، شوكری یه‌زدان ده‌كه‌ین كه رزقی داوین، بیر لهپاشهكهوتكردنی زه‌خیره ناكه‌ین، به‌ڵام ئێوه هه‌ركاتێ له‌نیعمه‌ته‌كانی خواوهندتان به‌ركه‌وێ، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ززه‌تی لێوه‌رگرن و شوكرانه بژێربن، بیر لهزهخیرهو پاشه‌كه‌وتكردن ده‌كه‌نه‌وه… لا34).
(دنیا و مه‌قامی ئێوه بهخۆڕسكیی ناسازگاره، ئه‌وه‌ی هه‌تانه دار ئهبواره (دۆزه‌خه)و جێی په‌شێوی و بێچاره‌ییه، سامان و موڵكتان و هه‌موو ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی خواوه‌ند به‌ئێوه‌ی داوه، چێژی لێوه‌رناگرن و دنیاكه‌ی خۆتان ده‌كه‌ن به‌جه‌هه‌ننه‌م، هه‌مان دنیای ئێوه‌ی به‌نی به‌شه‌ر وه‌ك نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره وایه، هه‌ریه‌ك له‌ئێوه مانه‌ندی بیماران به‌ئه‌وپه‌ڕی بێهێزییه‌وه گرفتاری نه‌خۆشی جۆراوجۆرن.. لا61).
ئه‌ی به‌نی ئاده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت به‌ده‌ست عه‌قڵی له‌خۆبایی و سیفه‌تی تهكهبوورو فیزو به‌خیلی و دڵپیسی و دڵڕه‌شی و چاوچنۆكی و ته‌مه‌لوق و ریا‌و فشهبازی و بێ ویژدانی و درۆزنی و زاڵمی و هه‌رچی سیفاتی مونكهری تر هه‌یه، خۆمان و ته‌واوی به‌نی به‌شه‌رمان تووشی چ كهلهلاو سهرلێشێواوییهك كردووه، بڕۆ گوێڕادێره بۆ نهسیحهتهكانی ئه‌و كه‌ری كهربابه.. بڕۆ (كه‌رنامه) بخوێنه‌ره‌وه، ئه‌وسا تێده‌گه‌یت (كه هه‌ندێ ئینسان له‌م مه‌وقیعه‌دا پێویستییان به‌ڕێنمایی كهرێكه.. لا151).
له‌په‌راوێزی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا، ده‌بێت قسه‌یه‌كیش له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌رهه‌مه پڕ له‌فه‌لسه‌فه‌و حیكمه‌ته بكه‌ین، (كه‌رنامه) له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌خانه‌ی ئه‌ده‌بی تهنزدایه، (موكری) زۆر به‌جوانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی وه‌رگێڕاوه كه ته‌واو له‌خزمه‌تی رۆح و بونیادی به‌رهه‌مه‌كه‌دایه.
زمانی وه‌رگێڕانه‌كه له‌یه‌ك كاتدا تێكه‌ڵه‌یه‌كه له‌كوردی و فارسی و عه‌ره‌بی و توركی و ئازه‌ری، كه چێژێكی زیاتری به‌ده‌قه‌كه داوه، هه‌ڵبه‌ت وه‌رگێڕانی له‌مشێوه‌یه جگه له‌شاره‌زایی ئه‌و پێنج زمانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه ناومان هێنا، هه‌روه‌ها پێویستی زۆری به‌سه‌لیقه‌ی نووسین و ئه‌ده‌بی هه‌یه، ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بم كه ده‌ڵێم ئه‌م سه‌لیقه‌یه كه (موكری) لهوهڕگێڕانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا نواندوویه‌تی، له‌لای كه‌م نووسه‌رو وه‌رگێڕی تر به‌دیده‌كرێت، بۆیه هه‌وڵه‌كه‌ی جێگای سوپاس و ستایشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه جوانه‌ی ناشرین كردووه، ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌ی چاپه‌یه كه تێی كه‌وتووه.