
گولته‌ن كشاناك ده‌نگی توڕه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك
جاری یه‌كه‌م له هاوینی ساڵی 1993 ناسیم، ئه‌و ده‌مه له رۆژنامه‌ی “ئۆزگیور گوینده‌م” له ئیستانبوڵ وه‌كو رۆژنامه‌وانێك كاری ده‌كرد. منیش بۆ هه‌مان رۆژنامه ، به‌ڵام به كوردی، ده‌منووسی.
پاشان نزیكه‌ی ساڵێك زۆرتر له ته‌له‌فزیۆنی مهد كاری ده‌كرد، ئه‌و ده‌مه منیش له هه‌مان تیڤی كارم ده‌كرد.
هه‌میشه گولته‌ن كشاناك هێمن و له‌سه‌ر خۆ بووه. به‌رده‌وام زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی شیرن له‌سه‌ر لێوهكانییهتی.
كاتێك رۆژی 3.1.2012 له دانیشتنی په‌رله‌مانی توركیا بۆ “هه‌ڵسه‌نگاندنی رووداوه‌كان”ده‌رباره‌ی بویه‌ری ئولوده‌ره قسه‌ی ده‌كرد توڕه بوو. توڕه‌بوونێك هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد له خاتوونه‌دا به‌دی بكرێت.
به‌ڵام دیاره غه‌در به‌رد دێنێته گۆ. گولته‌ن كشاناك له‌و په‌رله‌مانه نوێنه‌ری میلله‌تێكه غه‌دری لێده‌كرێت، ده‌كوژرێت و كه‌سیش ورته‌ی له ده‌م ده‌رنایه‌ت. له‌شكری توركیا به رۆژی روون كورد ده‌كوژێت و به “هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكی” ناو ده‌بات. بۆیه ئه‌و رۆژه گولته‌ن كشاناك ببوو به ده‌نگی توڕه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
به خه‌یاڵی هیچ سیاسه‌توانێكی توركدا نه‌هاتووه رۆژێك له رۆژان له‌و په‌رله‌مانه‌دا باسی كورد بكرێت، به‌ڵام ئه‌و خاتوونه به ده‌نگی به‌رز گوتی:
“چیتان له ئێمه زیاتره؟”. روونتری كرده‌وه و پرسی: ” تورك چی له كورد زیاتره؟”.
هه‌روه‌ها گوتی:
“هه‌موومان مرۆڤین، مرۆڤ. مرۆڤبوونیش سوودی هه‌موومانی تێدایه و ده‌بێت ئه‌مه په‌سه‌ند بكه‌ن. هه‌زار جاریش قڕمان بكه‌ن، ده‌ست له ناسنامه و مافی خۆمان به‌رناده‌ین، ئه‌مه باش بزانن. ئه‌مه به‌وانه ده‌ڵێم له مرۆڤایه‌تی دابڕاون و ویژدانیان نه‌ماوه. ئه‌وانه‌ی به‌رانبه‌ر به‌م ره‌شه‌كوژییه بێده‌نگن و هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن”.
كاتێك یه‌كێك له په‌رله‌مانتارانی تورك ویستی قسه به گولته‌ن ببڕێت، ئه‌م توڕه‌تر بوو و گوتی: “ده‌مت داخه.. ده‌مت داخه”.
راستییه‌كه‌ی ده‌بێت به‌و جۆره بێت ئه‌وه‌ی هیچ شتێك به‌رانبه‌ر به قڕكردنی خه‌ڵك نه‌ڵێت پێویسته ده‌می دابخات بێده‌نگ بێت.
گولته‌ن كشاناك جارێكی تر له “ئه‌نجومه‌نی گه‌وره میلله‌تی توركیا” واته له په‌رله‌مانی وهڵاتهكهوه هه‌مووانی له راستییه‌ك ئاگادار كرده‌وه، راستی كێشه‌یه‌ك كه كێشه‌ی ناسنامه‌یه. واته كێشه‌ی كورد له‌و وه‌ڵاته. ئه‌و نوێنه‌ره‌ی كورد له‌و په‌رله‌مانه گوتی: ” شتێك به ناوی تیرۆره‌وه نییه. میلله‌تێك هه‌یه و داوای مافی خۆی ده‌كات”.
گولته‌ن كشاناك به زمانێكی روون ئاماژه‌ی دا به‌وه كه “سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا خۆی دانی به‌وه‌دا ناوه، چل هه‌زار كه‌سیان كوشتووه و چه‌ندین جار گونده‌كانی كوردستانیان كاول كردووه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و كریارانه نه‌بوو به هۆكاری ته‌واوبوون و بنبڕكردنی كێشه‌كه”.
دواجار له ناوه‌ڕاستی مانگی هه‌شتی 2011دا له شاری ئیستانبوڵ جارێكی تر گولته‌ن كشاناك-م بینییه‌وه. له دانیشتنێكی درێژدا به ئاماده‌بوونی كۆمه‌ڵێك له هاوڕێیانی په‌رله‌مانتاری، باسی ئه‌وه‌ی كرد، ئه‌ردۆگان و حكومه‌ته‌كه‌ی باوه‌ڕیان پێناكرێت و پلانی ترسناكنیان له دژی كورد هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی گوت: “نازانین بۆچ له باشوور به‌شێكی زۆر له سیاسه‌توانان گه‌شبینن به‌رانبه‌ر به ئاك پارتی و سه‌رۆكه‌كه‌ی؟”.
له كۆتایی قسه‌كانی رۆژی 3.1.2012 دا گولته‌ن كشاناك گوتی: “ئه‌گه‌ر دڵتان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ویژدانتان هه‌یه، داوای لێبوردن ده‌كه‌ن و ئه‌و ئازاره له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌دا دابه‌ش ده‌كه‌ن”.
به‌ڵام توركه‌كان بۆ كوشتاری ملیۆن و نیوێك ئه‌رمه‌نی داوای لێبوردن ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت به باسكردنی شێتگیر ده‌بن.
ئه‌وان بۆ ملیۆن و نیوێك داوای لێبوردن نه‌كه‌ن، كێ باوه‌ڕ ده‌كات بۆ 36 كورد! ئه‌و كاره بكه‌ن؟
ده‌ركه‌وت ئه‌ردۆگان لێبوردنه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به ده‌رسیمیش ته‌نها درۆ و چاوبه‌ست بوو. نه‌ك شتێكی تر.
سیروان ره‌حیم