Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
کورد وەک کۆیلەیەکی بریندار! … کازم بیتوێنی

کورد وەک کۆیلەیەکی بریندار! … کازم بیتوێنی

Closed
by January 10, 2012 گشتی

کۆیلەیەک دەبینم شەڵاڵی ئارەقەو کار وماندوێتی، خاوەنەکەی بەوپەڕی دڵڕەقییەوە بە قەمچییەکەوە بەسەر سەریەوەیە، لەهەر ناگوێڕایەڵیەک وسست و خاو جوڵانێکی کۆیلەدا، یاخود هەر تەنێ بۆ وەرگرتنی چێژی زۆرداری، خاوەن کۆیلە قامچیەکەی دەوەشێنێت و شان و لاملی کۆیلە خوێنی تێدەزێت. هەندێک جار کە ئازاری قەمچیەکە بەسوێتر دەبێت، کۆیلە داد و هاواری ناڕەزایەتی لێ بەرز دەبێتەوە و تا دەمی کت بوونی  ئازارەکە ئەو هاوار و هەڵشاخانەی  بەردەوام دەبێت، دواتر هێور دەبێتەوە و سەرگەرمی کاری کۆیلانەی خۆی دەبێتەوەو ئەوەی ڕوویدا زوو فەرامۆشی دەکات.

کورد کوتومت لەو کۆیلەیە دەچێت، نیشتمانەکەی دابەشکراوە، ساڵەهایە لەژێر نیری داگیرکاریدا دەناڵێنێت، لە خێروبێری ووڵاتەکەی و دەستی خۆی و لە سەرجەم مافە  سەرەتاییە مرۆییەکانی بێبەشە و بە دڕندانەترین شێوە  دەچەوسێندرێتەوە، کاردانەوەی کورد دەرهەق بەو ڕەوشەی تێیدایەتی کاردانەوەیەکی لاوازی ئەوتۆ بووە کە تەنیا لە پێناو کەمکردنەوەی لانیکەمی  ئێش و مەینەتییەکانی نەک بە هۆشیاریەکی قوڵی ئەوتۆ هاتبێتە مەیدان لە پێناو پێکهێنانی ئالوگۆڕی بنەڕەتی بۆ ڕزگار بوونی خۆیی و نیشتیمانەکەی لەژێردەستی و کۆیلەتی و گەیشتن بە ئازادی یەکجارەکی.

کورد لە ئازادی تێناگات و ئازادی خۆشناوێت، واتا گەر بۆ ماوەیەکی کورتیش ئازاد بێت نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازادییەکەیدا بکات و کۆیلەتیەک بە کۆیلەتییەکی دیکە دەگۆڕێتەوە و ناتوانێت و ئیرادە ناکات دەست لە کۆیلەتی هەڵگرێت! بە دڵنیاییەوە ئەگەر زوڵم و زۆرو ئازاردانی داگیرکەرەکانی  نەبوایە کە وەک خاوەن کۆیلەی قامچی بەدەست، لەززەت لە ئازاردانی کۆیلەکان وەردەگرن ، لەوانەیە هەرگیز شۆڕشەکانی کورد سەریانهەڵنەدابا!!! کورد ڕازییە بە داگیرکراوی ووڵاتەکەی و ڕازییە بە ڕەوشی ژێردەستەیی و بێبەهرەبوون لە ئازادی، وەک کۆیلەیەک بەو ئارامیەی ژیانی کۆیلانەی خۆیەوە قانیعە بەمەرجێک زوو زوو شەللاقی خاوەنەکەی زرمە لە شان و لاملی هەڵنەستێنێ  و خوێنەساردەکەی بە پشتیدا جۆگەلە نەبەستێ! ئاخر هیچ نەتەوەیەک لە دونیادا وەکو کورد نەیتوانیوە ساڵەها و بە سەدە لەگەڵ  ژێردەستیدا هەڵکات و عادەت بکات لەگەڵ  تەواوی بێمافی و ئازارو مەینەتییەکانی ژێردەستیدا! هیچ نەتەوەیەک وەک کورد نادان نەبووە لە دیاریکردنی ئامانجی شۆڕش کردندا کە سازش لەسەر ئاستەکانی ئازادی و سەربەستی  خۆیی و نیشتیمانەکەی بکات و بە دیاریکراوی نەزانێت چی دەوێت و بۆچی خەبات دەکات و لەهەر کات وساتێکی جوداجودادا  ئامانجە سیاسی و مرۆییەکانی خۆی بە ویست و بێ ویست ئاڵوگۆڕ پێ بکات و هەر ڕۆژەی داوای شتێک بکات!

هیچ مەنتیقی نییە دەرئەنجامی  چەندین شۆڕش و سەدان ساڵ خەباتی هەمەلایەنە هیچی لێ سەوز نەبێت و یەکسان بێت بە شکست، ئەوە چ خەباتێکە نەتەوەیەک ماوەی سەدان ساڵ لە چاوەڕوانیدا بەسەر بەرێت تا ڕۆژێک سەرکەوێت و خۆری ئازادی لێهەڵێت، لە ڕاستیدا کورد بەگشتی خوازیارو چاوەڕوانی ئازادی نەبووە! هەمیشە  دڵنیایی زیاتری لەو سێبەرەی خاوەنە شەلاق بەدەستەکەی بینیوەتەوە تا ئەوەی بۆ خۆی ببێتە سێبەری خۆی، هەمیشە لەززەتی لە ئازاری ئەو قەمچییانە بردووە کە لەلایەن خاوەنەکەیەوە  لێی دراوە تا ئەوەی لە ئارامی و بێوەیی دورودرێژدا بژیت!

بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو و دوابەدوای دابەشبوونی کوردستان، لەهەر پارچەیەکی  ووڵاتدا ئەگەر شۆڕشێک هەڵگیرسابێت و ” چەند هەزار کوردێک ” پشتیوانیان لێ کردبێت ئەوا لە بەرامبەردا ” چەند سەد هەزار کوردێک ” لە دژی ئەو شۆڕشە وەستاونەتەوە و لە فۆڕمی جاشایەتیدا خەسڵەتی دژە ئازادی و دژە سەربەخۆییان لێ کاڵاوەتەوە.

گومانی تێدا نییە ئەگەر تێگڕای نەتەوەیەک خوازیاری ئازادی ڕاستەقینە بێت، دەبێت لە ڕەهەندەکانی ئازادی بە تەواوی تێبگات تا بتوانێت  بە تەواوی خۆی یەکلابکاتەوە  لە هەڵبژاردن و خەباتکردنی بێ ئەولاوئەولا و بەردەوام و بێ سازش لە پێناوی ئازادیدا، بەبێ ئەو هەنگاوە سەرەتایی و سەرەکییە بەدەستهێنانی ئازادی مەحاڵە.  بۆ نەتەوەیەکی نیشتیمان داگیرکراو و ژێردەستە ناکرێت بڵێسەی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی تەنیا لەو دەم و ساتانەدا بەرزبێتەوە کە جەستەی نەتەوە ئازار دەدرێت و دواتر لەگەڵ کت بوونەوەی ئازارەکەدا  بە شێنەیی بڵێسەی هەستە نەتەوەییەکەش دامرکێتەوە.

ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی ناوچەی شێرناخی باکوری ووڵات،  برینی بەسوێن لە جەستەی نەتەوەی کورددا، بەشێک لە کوردان خرۆشاون لە سەرجەم تورکیا و ووڵاتانی دونیادا. هەڵبەتە ئەو خرٶشانەش وەک هەموو خرۆشانەکانی تر بۆ دەمێکی دیاریکراو دەوام دەکات کە لەوانەیە هەفتەیەک تێپەڕێنێ و دواتر کپ دەبێتەوە بۆیە ناتواندرێت نە تورکیا بجوڵێنێت نە  کۆڕو کۆمەڵی ووڵاتانی دونیا بە گشتی. گیرانی ئۆجەلان گەورەترین وپڕ جووڵەترین خرۆشانی کوردانی بە دوای خۆیدا هێنا لەسەر ئاستی تێگڕای ووڵاتانی دونیا بەڵام ئەو خرۆشانەش ساتەوەختی بوو و زوو دامرکایەوە و نەیتوانی هیچ  بۆ ئۆجەلان و بۆ کورد  بکات و تا بە ئەمڕۆش دەگات کورد هەر ژێردەستە و کوردستان هەر داگیرکراو و جەنابی ئۆجەلانیش هەروا لە زیندان دایە.

کورد دەبێت لەو ڕاستییە ئاشکرایانە بگات کە تا کوردستنان داگیرکراو بێت جەستەی کورد موعارزە  بۆ کوشتن و بە دڵنییایشەوە لە داهاتوودا هەموومان شاهیدی چەندین ڕووداوی هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکەی شێرناخ دەبینەوە. بۆیە گەر کورد ئازادی و سەربەخۆیی  دەوێت دەبێت هەموو کورد بیەوێت، گەر هەموو کوردیش ئازادی و سەربەخۆیی بوێت دەبێ هەموو کورد لەو پێناوەدا خەبات بکات و قوربانی بدات، هیچ مەنتیقی نییە  لە باکوری کوردستان کە دانیشتوانەکەی زیاتر لە بیست ملیۆن کورد دەبێت،  کاردانەوەی کارەساتێکی وەک کارەساتی شێرناخ و هاوشێوەکانی، ئامادەگی کوردان لەسەر شەقامی شارەکان نەگاتە هەزار کەس! بە پێچەوانەوە دەبوایە هەر یەکە لەو کارەساتانەی کە لە ڕابردودا  ڕوویانداوە ببانە هەوێنی ڕزگاری یەکجارەکی و بە سەدان هەزار و بە ملیۆنان کورد بە مانگ  لەسەر شەقامەکاندا ڕۆژیان کردبایەوە و تا بەدەستهێنانی ئازادی.  ئەگەرنا بێدەنگی لە بەرامبەر پایەماڵبوونی ئازادی و سەربەخۆیدا واتای ڕازیبون دەگەیەنێ بەو ڕەوشە، دواجار  دەکرێت” پەیژەی ئازادی ئینجا نان ” کە پەیژەی ژیانی مرۆڤی ئازادە بۆ تاکی کورد نامومکین بێت  بەڵکو تاکی کورد بۆی ئاساییە کەلە تەنیا پەیژەی نان بەبێ ئازادیدا  قەرار بگرێت!

Kadhmomer77@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.