Skip to Content

Tuesday, May 7th, 2024
ئەسیر…. دڵسۆز حەمە

ئەسیر…. دڵسۆز حەمە

Closed
by January 10, 2012 ئەدەب

چەند بە حیکایەتی دڵم دەچیت
چارەنوسی  خەیاڵ لەم کۆڵانە دڵتەنگانەدا
چەندە  بەو پیاوە دەچێت کە خۆشمدەویست ،باخچەکەمان
زبر..بێ بۆن  .. تاریک وەکو جێهێشتن
دەبێ خەیاڵ
بۆنی عەیاری عەترەکانم
داڵغەی  تامکردنی سێو و
خشپەی پێی گومان
بە پێچیدەی یەقینە ساختەکاندا
لە لێوەکانما قاییم کەم .
هەوەسی دەنگهەڵبڕینی ئازار و
بارانێک کە دوگیانە لە سینەمدا ،
گۆڕانیەک کە ئاڵاوەتە دەنگمەوەو
ئەو ئەستێرەیەی بێویستی خۆم هاتۆتە ناو چاوانمەوە
لە جێگایەکدا قاییم کەم
موسافیرێکی وێڵ وسەرگەردانە … دڵم
لە خاکی فەرامۆشیدا
خاکی پەنجەرە دڵتەنگەکان
بە کوێدا بفڕێت تەماشام
بۆنی هەور و
بۆنی ئەستێرە وسێوەکان تاقیکاتەوە
لە پێچێکدا شمشێرەکان  تیرۆری نەکەن خەیاڵم
لە کاتێکدا دیوار وشۆستەو شەقام و
چەتری چاوەڕوانی  پاسەکانیش پیاوانەیە
دوکان وقوتابخانەو قەسابخانەو
پەرداخی شەربەتخانەو
ڕێگا وبان و
تەنانەت پیاڵەکانی چاخانەی شەعب پیاوانەیە
شەقامی سالم
شەقامی گوڵان.. پیاوانەیە
بەردەرکی سەرا پیاوانەیە
ئاپورەی دەوری تەرمەکان ،
دەوری گومان و
دەوری هەڵوەرینی  وەرزەکان  لە قەراغی تەنهاییدا …پیاوانەیە
پەنجەرەی مۆڵە تازەکان
بازرگانی عەتر وستیان و گوارەو
بازرگانی فرۆشتنی کەرکوک
فرۆشتنی خوێن و
فرۆشتنی خەونە بچکۆلەکانمان …هەمویان پیاون
تەنانەت ئەو ژۆرناڵە شوشەییەی  گوایە
بۆ ئازادیمان   شەڕدەکات ،
بۆسەرگەردانی باخچەکەو
ناموردای شەقام
بەتەنهاییماندا دەگەڕێ وئازارمان دەنوسێتەوە
کەسەردەکەیت بە کۆڵانی ئاوێنەکاندا
لەبەر کەللەی کەڵەشێرە گیڤەکان
پرچی عەییارم غەریبەو بە خۆیدا  زۆر دەشکێتەوە
وەکو ئەوەی تەواوی دارسێوەکانی باخچەکە
زڕ و گێل وسەرگەردان بن
هەموو ستوننوسەکانی پیاون
هەموو حەیرانبێژەکانی  نێرن ،
فەرشی ڕاخراوی نوێژخانەکان پیاوانەیە
 هەمو ڕۆژانێکی  هەینی زیاتر
باس لەدەرکردنی  ڕاوەستانی پێیەکانی ژنێتی دەکات
لەسەر پاکیزەیی  فەرشەکانی خۆی
هەتا ئیدی… جێگایەک نەمێنێت بۆ ڕاوەستانی ژنێتی
تەنانەت
زۆربەی ژنان لەسەر شەقام و ناوماڵ و
ئاپورەی مەیدانی
 ماسی فرۆش و
کۆنە فرۆش و
میوە فرۆشەکاندا
لە مەیدانی هاتوچۆی پاسەدوگیانەکاندا
بۆنی پیاوانەیان لێدێت
لەژێر باڵی تەوارە کاغەزینەکاندا
تەوارەکانی سیاسەت
سمێلێک ،
سێبەرێکی ڕیشن
شمشێرێکی مڕومۆچ
بەهەوادا دەکشێ و
باڵی  کاغەزینی تەوارە ساختەکانیش لە شوێنی
هەربۆیە ناگاتە  ماڵی چراخانی بروسکە  یاخیەکان
ماڵەکەمان کزو تەنگ  وتاریکە
بەرگەی فڕین و هەوەسی  بارین ناگرێت
بە فوی پیاوێک
بە فوی حیزبێک
بە فوی توڕەیی تەنهایی
لە تەوارێکی عاشقەوە دەبێتە خەیاڵی فڕین
لە ڕوبارێکی دڵتەڕەوە دەبێتە بەردێکی چەقیو لە چارەنوسی دیواردا
لە کاتێکدا
بازرگانی   فرۆشتنی عەتر و
فرۆشتنی زەوی و
فرۆشتنی عەشق و
بازرگانی سپیکردنەوەی پول و
ڕەشکردنەوەی قسە
هەمویان پیاون
لە پشتی درەوشانەوەی ژیان و  شکۆی  برینداری باخچەکەوە
دەنگە زبرەکە
هەمیشە جەنگەکانی خۆی لە جەستە شوشوییەکەدا دەگێڕیت
بۆیە شەقام لێوانڵیوە  لە هەنگاوی بریندار
 لە و سێوانەی تەرمی خۆیان ڕادەکێشن
لەو درەختانەی   لە نائومێدی  گەشتن بە باران
گەشتن بە عەشق
گەشتن  بە یەک دڵۆپ میهرەبانی
خۆیان دەخەنە باوەشی هەزاران دەستی جوڵاوی ئاگرەوە

ئەڵێی تەواوی  دیرۆكی  دڵڕەقی و گوناهەکانی خەیاڵ
لە دڵی ئەو تەرمانەدایە کە شار
بەدەم بێباکی ڕۆژگارەوە ،وەکو جگەرەی تەواوبوو
فڕێی دەداتە دەوری خۆی ،
ئەڵێی هێشتا گوناه چرکەیەک بەملاتر نەهاتوە
ئەڵێی   ئەسیرم لە  باوەشی ئەم هەمو  ڕمانەدا کە ئاڕاستەی  سێوەکەی ناو دەستمە
چەندە  ئەم کۆڵانەم خۆشدەوێ و
چەندە ئەویش  دەرگاو پەنجەرەکانی داخراو و  کەللەڕەق بون
 یان دەبو لە ژورێدا  بە مردویی  ژیابێتم  
یان لە دەرێیدا  بە زیندویی  مردبێتم.   .

دڵسۆز حەمە
مارت 2011
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.