Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ماف لە بری بەزەیی …  نوری حەمەئەمین

ماف لە بری بەزەیی … نوری حەمەئەمین

Closed
by January 10, 2012 گشتی

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەسەر ڕوپەڕی چەند سایدێکەوە هەواڵی خێزانێک بەرچاو کەوت لە تاو نەداری دەیانەوێت مندالەکانیان ببەخشن، بۆ ئەوەی لانی کەم لە برسیا نەمرن و لە لایەن ئەو کەسەی ئەرکی دایەنی هەڵدەگرێت لە مردن ڕزگار بکرێن. دیارە لە سەرەتادا ئەمە هەواڵێک بوو بۆ ئەوەی حکومەتێکی لێ ئاگادار بکرێتەوە کەوا خەونی کەتەو زل دەبینێ، خەونگەلێک کەوا ئەو مەملەکەتەی ئەم خێزانە نەدارەی تیادا دەژی بکات بە ئەستێرەیەکی تر جگە لە مرۆڤی قەبەو هەناو بەتاڵ کەسی تری تیا جێ نەبێتەوە. تا ئێرە ڕەنگە سەبارەت بەم هەرێمە بێ سەروبەر و شپرزەیە هیچ توشی سەرسوڕمان نەبین، چونکە نهێنی نیەو کەمیش نین ئەو خانەوادانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین ئەوە حەتمیەتێکەو لە هەر کۆڵانێکەوە بنواڕی نمونەگەلی ئەم خێزانانەت بەرچاو دەکەوێت، بەسەر شەقامی ناوەڕاستی هەرشارێکدا تێپەڕی لووتت دەتەقێ بە لووتی دەستگێڕێکدا تا ئێوارە پارەی دوو کیلۆ تەماتەی پێ پەیدا ناکرێت، چاوت بە دەیان پیرە پیاو دەکەوێت لە باشترین شێوەدا دەبێت ئەوانە ژیانیان بۆ مسۆگەر بکرێت و ئەو تاوە ژیانەی ماویانە دەبێت لە ئارامی و دوور لە بەرپرسیاری ببەنە سەر، بۆیە دەڵێم بەرپرسیارێتی لە تەمەنێکدا کە ئەرکی یاسای و سروشتی خۆی تێپەڕندوە ڕاپرسیەکم بە بیردا دێنێتەوە لە ووڵاتی بەریتانیا کە تیایدا پرسیار کرابوو دەربارەی (خۆشنوودی) جا زۆربەی زۆری ئەوانەی ئاماژەیان بە خۆشحاڵی خۆیان دابوو ئەوانە بوون تەمەنیان لە سەرووی ٥٥ ساڵەوە بوو ئەمەش بە هۆی جێ هێشتنی قۆناغی بەرپرسیارێتی و وازهێنان لە ڕاکردن بە دوای پارەو ناوبانگدا، چونکە پێیان وابوو کە چیتر خەمی هیچیان لە بەردەمدا نەماوە. ئیتر شارێک جمەی بێت لە دەست گێڕی منداڵ و پیری غەمبار کە دەبوو لە بنچینەدا دوور لە هەر خەم و بەربرسیاریەک ژیانیان بگوزەراندایە کەچی ڕوخساری ماندوو دەستی لەرزۆکیان بە چەشنێک هاتونەتە قسە ئاماژەکانی بەسەریەکەوە دەیانەوێت بڵێن ” شار خاڵیە لە ڕۆح، چونکە سیخناخە لە جەستەی مردووی بی جوڵە، گەر هێندەی ڕوخساری منداڵێکی دەست گێر لە فەزای شاردا خەم هەبایەو هێندەی پەنجەیەکی لەرزۆکی پیرە پیاوێکی تەزبیح فرۆشیش جوڵە، ئەوا بەزەیی دکتۆر بەشیری ئەندامی پەرلەمانی دەگۆڕی بۆ ماف! ” ئیتر کاتێک هەموومان لە شارێکی وادا وێڵین دەبێت بزانین ڕێگەی ماڵ لە کام لاوە دەچێتەوە!
من لێرەدا ناخوازم بەشێوەیەکی سایکۆلۆژی لە جەوهەری ئەم هەواڵە وورد ببمەوە، هێندەی مەبەستمە لە سەر ئەو کاردانەوە خێرایەی ئەندامێکی پەرلەمان بوەستم کە چالاکانە نەیویست ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئەو هەواڵەدا ڕەت بێت هەڵوێستی خۆی نواند، ئەمە نەک لە ئامادە کردنی پرسیارێکی تۆکمە لە نێو پەرلەماندا، بەڵکو بە دەربڕینی جۆریک لە بەزەیی کە لە ناوەرۆکدا پەیوەندیەکی سایکۆلۆژی و ئوسوڵی ئاینی هەیە، وێڕای ئەوەی ناوبراو خۆشی دەرچووی قوتابخانەیەکی ئایدیالیستیە سەرچاوەکەی لە سەر بەندەی بێ هێز و مرۆڤی بێ چارەی هەمیشە ئینتیزاری فریادرەس پیکهاتووە. د. بەشیر وێڕای ئەوەی کەسێکی دیاری سەر مینبەری مزگەوتەکانە، ئەو ئەندامی پەرلەمانیشە لە سەر یەکێک لە لیستەکانی دەسەڵات، هەڵوێستە خێراکەی ئەم پیاوە هێندە مەسەلەیەکی ئەخلاقی و ئایدیالیستیە هێندە یاسای نیە، ئەو لە بری ئەوەی لێکدانەوەی ئەم بابەتەی بە شێوەیەکی یاسای هەڵسەنگادبایەو دور لە سۆزو بەزەیی و دیدگا ئاینیەکەی خوێندنەوەی بۆ بکردبایە، ئەو دێت و لە پڕ لە ژێر هەر ناونیشانێکدا لەسەر ئەرکی خۆی یارمەتی بۆ ئەو خێزانە نەدارە دەبڕێتەوە، ئەمەیە ئەو پرسیارە مشتومڕ ئامێزەی دەبێتە کرانەوەی دەروازەی ئەم بابەتە بۆ لێکدانەوەی زیاتر، ئێمە دەزانین ئەو وەکو کەسایەتیەک کەوا کار لە نێو دەسەڵاتێکدا دەکات کەوا دسەڵاتی یاسادانانەو دەسەڵاتی یاساش بەو مانایە دێت کە بەخشینی ئەو زەمینەیەیە تیایدا هەموو تاکەکانی نێو کۆمەڵ وەکو یەک مومارەسەی مافەکانیان دەکەن، لامان ڕونە مافیش ئەو پێگەیەیە کەوا مرۆڤ لە دێرزەمانەوە فیداکاری بۆی کردووە بەو هیوایەوە سەرجەم ئەو بەندو بارانە بسڕیتەوە کە کەسێتی ئەوی وەک بابەتێک بەستووەتەوە لە ژێر وەهمی کۆمەڵە دەسەڵاتێکدا کە هەمیشە وەک بوونەوەرێکی جێی بەزەی و یارمەتی دەربکەوێت. هەڵبەتە مێژووی مرۆڤایەتی پڕن لەو ئاستە جیاجیایانەی تاک پیایدا گوزەری کردووە، ڕەنگە لێرەدا دەرفەت نەبێت تەواوی ئەو گۆڕانکاریانە دەستنیشان بکەین، مرۆڤ لە ڕابوردودا پیایدا تیپەڕیوەو لە ئاستێکدا مانای بەخۆی بەخشیوە ، بەڵام هەموو گوزەشتەی ئەم بوونەوەرە ئێستاشی لە گەڵ بێت هەوڵێک بووە تا بە پێی پێودانگەکانی ماف پێوانەی خۆی بکات و لە دواجاردا بگات بە ئاستێک لە ئاستەکان و لە ڕێیەوە مومارەسەی خوود بکات. هەر بۆ نموونە لە سەردەمێکدا خەڵکانێک هەبووە مافی کڕین و فرۆشتنیان بەسەر خەڵکانێکی ترەوە هەبووە، بەمەش دوو کەسی جیاواز لە پلەو ئاستەکانی مافدا دەبینین لایەکیان خاوەنی بڕێک مافەو لایەکی تریان لە بڕێک پێداویستی فیسیۆلۆژی بترازێت مافی هیچی نەبووە، یان واتایەکی تر ماف لە جیگەیەکەوە بۆ جیگەیەکی تر جیاوازەو هەر کۆمەڵگایەو لە ئاستێکدا مامەڵەی دەکات، ڕەنگە مامەڵەی پیاوێکی بەریتانی لەگەڵ مافەکانیدا جیاواز بێت لە پیاوێ لە ئەریتیریا، یان مامەمەڵەی ژنێک لە فەرەنسا جیاوازە لە ژنێک لە کوردستان. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ماف مافەو جێگەیەکی دیاری کراوی نیە، بەڵام ڕایەک هەیە پێی وایە مروڤ لانی کەم دەبێت مافی هەڵبژاردن و مافی ژیانێکی ئازادو تەندروستی هەبێت، بەمەش دەبێتە کەسێک لانیکەم خاوەنی سەروەری خۆیەتی.
ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە پلەو ئاستی ماف لە کۆمەڵگەی کوردیدا بپشکنین دیارە لەوپەری خراپیدا دەگوزەرێت ئەویش بە هۆی ئەو شپرزەی و بێ سەروبەریەی لە سیستەمی بەڕیوەبردندا هەیە بە پلەی یەک ئەو دەسەلات و دامودەزگایانەی ئەرکی بەرپرسیارێتیان لە سەر شانە و ئەمرۆ بە ناوی پیاوانی بەرپرسەوە بەڕێوەی دەبەن لە نێویشیاندا بەڕێز د. بەشیریش بەدەر نیە لە هەڵگرتنی ئەم ئەرکە، بە بی گومان ناوبراو باش دەزانێت ئەوە ئەرکی ئەو نیە موچە بۆ خێزانێکی هەژار ببرێتەوە، وەک ئەوەی تەنها ئەو هەرێمە یەک خێزانی هەژاری تیادا بێت و بەڕیزی لەڕێی خودا لەو تەنگەژەیە ڕزگاریان دەکات، بەڵکو ئەرکی ئەو ئەوەیە ئەم هەواڵە بکات بە پرسیارێکی جدی لە نێو هۆڵی پەرلەمانداو کاری جدی بۆ بە یاسا بوونی (بیمەی بێ کاری ) بکات. لە لایەکی تر گەر بگەرێینەوە بۆ ناوکۆی ئەم کێشەیە بێ قووڵ بوونەوە بەوە دەگەین خوودی موچەکەی دکتۆر وێڕای نەبەخشینی هیج جۆرە باج (تاکس)ێک بڕێکی زۆری زیادەیەو لە کیسەی هەزارەها خێزانی هەژاری ئەو هەرێمە بڕاوەتەوە. ئەو دەبوو هەر هیچ نەبیت کاتێک ئەم هەواڵە گەیشتە بەر دەرگاکەی و خۆی لێ بێ خەبەر نەکرد، ڕێگەیەکی گونجاوی لۆژیکی بگرتایەتەبەر وەک ووتمان بیکردایەتە پرسی زیندوی نیو پەرلەمانی ساڵی نوێ و هەوڵەکانی چڕ بکردایەتەوە لە پێداگیری و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ گیڕانەوەی بڕێکی زۆر لەو پارە بە فیڕۆ چوانەی بوودجە کە هەموو ساڵێک لە پرۆژە وەهمیەکاندا دیار نامێنێت! ئەو لە بڕی ئەم هەست و سۆزە ناکاوەی دەبوو جەخت بکات لەسەر مافی هاوڵاتی و چەسپاندنی ئەو یاسایەی هەموو لایەک سوودمەند دەکات لە بەرامبەر ئەو داهاتەی کە لە ئەزەلدا موڵکی گەلە، لە لایەکی تر پرسی هەموو ئەو ملیۆنەر و ملیارلێرە ناشەرعیانەی بوروژاندایە و لە سەرچاوەی سەروەتەکانیان لێکۆڵینەوە بکرایە لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوەڵەکانیدا یاسای سیستەمی باجیان هەموار کردبایە. بەمەش بەشێوەیەکی خۆکار (میکانیکی) کرێکار و بازرگان و پارەدار دەبویە هۆکارێک بۆ دەرباز بوون لە کێشەی هەژاری ئیتر لە باتی ئەوەی هەست و بەزەیی بکرێت بە چارەسەر بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی هەژاری ماف دەبوویە جێگرەوە(ئەلتەرناتیڤ)یەکی بێ منەت.

28/12/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.