Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

پانناسیۆنالیزم و یەک زمانیی

Closed
by January 10, 2012 گشتی


سەرنج: بەگوێرەی وەڵامی بەڕێز شوان محەمەد، سەرنووسەری ئاوێنە، ئەم وتارە لە ئاوێنەدا بڵاو بووەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رۆژنامەکە لەسەر نێت ماوەیەکە دانانێن، نازانم لە چ ژمارەیەکدا بڵاوبووەتەوە.

 گرینگە جاروبار هەڵوێستە لەسەر هەندێ بۆچوونی ورووژێنەر بکرێ. رێبین هەردیی لە ژمارە 295 دا بابەتێکی بەناوی ( زمان و ناسیۆنالیزم) نووسیوە. وێڕای دیدی مرۆیی و تۆلێرانسانەی  لەسەر ناسیۆنالیزم، کەچیی مەودا فیکریی و سیاسیی و کولتوورییەکانی ناسیۆنالیزمی فەناتیک و پاتریۆتیزم ( نیشتمانییبوون) ی تێکەڵکردووە. راستییەکەی ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم وێڕای جیاوازییە زۆرەکانیان، ئەوەندەش تێکەڵبوونە تەنانەت کەسێکی وەک هانا ئارێنتیش کەوتووەتەوە هەڵەوە، لەئەنجامی کوتانەوەی تۆتالیتاریزمدا هەردووکیان دادەگرێتەوە.
دەوڵەتی نەتەوەیی وەک بنەمایەکی شۆڤینیزمانە بۆ ناسیۆنالیزمی نەتەوەی باڵادەست لە ناسیۆنالیزمی پۆست کۆڵۆنیالەوە تەواو خوێنی خۆی جمان و تەپوتۆزی کارەساتەکانیشی لە دەوروبەری کوردستان، شۆڤینیزمی عەرەبیی و پانتۆرانیی بوو. خراپترین جۆری ناسیۆنالیزم بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی، ناسیۆنالیزمی ئێسنیکیی و پانناسیۆنالیزمە. دەکرێ بگوترێ  پانجێرمانیزم و پانعەرەبیی و پانتورکیی ئاوێتەیەک بوون لەهەردوو توخمەکە.
ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و تورکیی لەوێدا شکستیان خوارد کە یەک نەتەوەو یەک خاک و یەک زمان و یەک جێوگرافیایان مانیفێست دەکرد. لەکاتێکدا دەیان نەتەوەو ئێسنیکی باکگراوند جیاواز و هەرێمی جیۆگرافیی جیاواز لە وڵاتانی عەرەبیی و تورکیادا دەژین یان خاکەکانیان بەبەشێک لەوان ئەژمارد دەکرێن. بۆچوونەکانی رێبین زۆر دروستن لەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی و  سیاسەتی یەک زمانیی نەتەوە باڵادەستەکان کە ناتوانن مافی گەلانی زمان جیاوازی تر بپارێزن. خاڵی تێڕامان ئەوەیە کە گرووپی فرە ستاندەردەکانی زمانی کوردیی کە خزمایەتییەکی باشیان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسییدا هەیە، ئەم جۆرە ئارگیومێنتانە بۆ کەرتوپەرتکردنی ئێسنیکی کورد بەکار دەهێنن.
سەبارەت بەوەی کوردەکان لە هەرێمدا دەتوانن یەک زمانی فەرمییان هەبێ یان نا، باشترە ئەم ترسە بڕەوێنرێتەوە و بەجدییتر قسەی لەسەر بکرێ. کاتێک تاک و جڤاکی کورد، هەست بە ئاساییشی نەتەوەیی یان نیشتمانیی کورد نەکات و  ئینتیمای بۆ زاراوەو ناوچەو خێڵەکەی زیاتر بێت، باشترە لێی بگەڕێی و ئۆغر بکات و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێ.  بەواتایەکی تر لە هەرێمی  کوردستاندا  ئەگەر وەک کورد پێمانخۆشە یەک زمانی نووسینی هاوبەشمان بۆ پەرورەردەو کارگێڕیی هەبێ و ئیرادەی نیشتمانییمان هەبێ، ئەمە مەیسەر دەبێ، بەڵام ئەگەریش هەر گرووپ و ناوچەیەکیش دەیەوێ زمانەکەی جیا بکاتەوە و بیکاتە زمانێکی سەربەخۆ، ئەوە کورد دابەش دەبێ و زمانی جیاواز دروست دەبێ و دەبێ تەحەمولی ئەم جیابوونەوانەش بکەین.
 بەبڕوای من، کورد بە تیۆری ناسیۆنالیزم، نەتەوە نییە و هێشتا لە قۆناغێکی پریمێتیڤی ئێسنیکیی پارچەپارچەدایە. ئێمە هێشتا بەشێکی زۆر لە رۆشنبیرە گەورەو گرانەکانمان بەم زمانە دەڵێن “سۆرانیی” ئەمەش لە کولتووری شۆڤینیزمی لەهجەیی و عەقڵیەتێکی خێڵگەرایی سەردەمێکی کۆنەوە هاتووە  کە سنوورەکانیان لەگەڵ رەواندوز وسۆراندا بەوە جیاکردووەتەوە کە زاراوەی ئەو ناوچەیەیان ناو ناوە سۆرانیی و  لە گەڵ کرمانجییدا جودایان کردووەتەوە. کاتێ ئەمە رەهەندی فیکریی ئوستاد و ئەکادیمیستەکانمان بێ! ئیتر دیدی ناسیۆنالیستە کوردەکان  لەسەر یەک زمانیی و یەک نەتەوەیی و یەک خاکیی و کولتوور و یادەوەریی هاوبەش، تەپڵ کوتانە بۆ مانگ گیران.  
جۆرج ئۆوێڵ George Orwell لەسەر ناسیۆنالیزم دەڵێ” خراپترین دوژمنی ئاشتییە”، ناسیۆنالیزمی کوردییش وەک لاساییکەرەوە و رەدفیعلی ناسیۆنالیزمی تورکیی و عەرەبیی، چەند دوژمنایەتیی تورک و عەرەبی کردووە ئەوەندەش دوژمنایەتی کوردی کردووە، ئەمەش بەناوی دڵسۆزیی و وەفاداریی بۆ گەلی کوردەوە کراوە. ئەو سیاسیی و ئەکادیمیست و رۆشنبیرانەی بە  کوردی نەتەوەیی ناسراون، هەر هەموویان ساتیع ئەلحوسرییەک و ئیلیاس فەرەحێک و موفەکیرێکی مەهەپە بە ڤێرژنی کوردیی  لە ناخ و هزریاندا هەیە و چەند زیان لە تورک و عەرەب دەدەن، چەندینبار زیان  بە  ماف و داواکانی کوردو ئاشتیی  دەگەیەنن.
 ناسیۆنالیزم بەگشتییش زیانی لە ئاشتیی و ئارامیی کوردستان داوە. لێرەدا دەبێ بەوردەکارییەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکی زمان و ناسنامەی کورددا بکرێ. ئەوەی تا هەنووکەش کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لە خوارتر و کەمتر راگرتووە لەچاو نەتەوە سەردەستەکانی تردا بەهۆی زمانەکەیەوە بووە ( دیارە بە دایەلێکتە جیاوازەکانیەوە). بەواتایەکی تر هیچ کاتەگۆرییەک ئەوەندەی زمان، کورد لە نەتەوەکانی دەوروبەری جودا ناکاتەوە.  بۆیە پێویستە کوردیش زمانەکەی خۆی بپارێزێ و ساغیبکاتەوە، لای کەم لە کوردستانی عێراقدا.
بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر گرینگە کە کوردەکان خاوەنی یەک زمانی رەسمیی و کارگێڕیی و پەروەردەو خوێندن بن، بەكەڵکوەرگرتن لەهەموو زاراوەکان بەڵام لەسەر بناغەی رێزمانی یەک زاراوەی سەرەکیی بێ . دەبێ وەک سەرگەردانیی گرووپی فرە ستاندەردەکان، مافی زمانیی و مافی زاراوە تێکەڵ نەکەین. ئایدیۆلۆژیای ئەوان کوردەکان لەماوەیەکی کورتدا دەکات بە پێنج تا شەش نەتەوە یان ئێسنیکی جیاوازەوە. نابێ دژایەتییکردنیی یەک زمانیی بۆ دەوڵەتی تورکیاو دەوڵەتانی عەرەبیی، رووگیرمان بکات و مۆڕاڵییانەو عاتیفییانە ئەرک و رۆڵی زمان و زاراوە  کوردییەکان تێکەڵ بکەین.
هەرێمی کوردستانی عێراق، چ لە ئێستادا و چ لە جیابوونەوەشدا نابێ بیر لەوە بکاتەوە کە زمانی کوردیی بەسەر نەتەوەو ئێسنیکەکانی تردا بسەپێنێ. زمانی تورکمانیی و عەرەبیی و کەلدۆئاشوورییەکان، لەپاڵ زمانی کوردییدا دەبێ هەموو مافێکی زمانییان هەبێ. بەهەمان میتۆدیش نابێ شۆڤینیزمی کوردیی رێگەی پێ بدرێ کە ئاڵای کورد بەسەر گرووپ و ئێنسیکە جیاوازەکانی کوردستاندا بسەپێنێ، بەڵکو دەبێ ئاڵایەکی نیشتمانیی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابنرێ، نەک ئەو ئاڵایەی بارزانیی خۆی بە میراتگیری دادەنێ، چونکە تەنیا بە ئێسنیکی کوردەوە  پێوەندیی هەیە. هەمان روانگەش بۆ سروودی نیشتمانیی یاخود سروودی نەتەوەیی گەلانی هەرێمی کوردستان ( نەک بە تەنیا گەلی کورد) دروستە، چونکە سروودی ئەی رەقیب، رەشترین جۆری ناسیۆنالیزمی ئێسنیکیی لێ دەتکێتەوەو هەرگیزاو هەرگیزیش هیچ نەتەوەو باکگراوندێکی تر لەهەرێمی کوردستاندا قبوڵی ناکەن. 
راستە ئەمێریکا و بریتانیا و کانەداو ئوسترالیاو ئەفریکای باشوور هەموویان ئینگلیزیی زمانی سەرەکییانەو وەک رێبین دەڵێ یەک نەتەوە نیین، بەڵكو دەگوترێ باکگراوندی سەرەکییان ئینگلیزە. بەهەمان شێوەش ئەگەر فانتەسیی کوردستانی گەورە! یان سەربەخۆیی پارچەکانی کوردستان لەداهاتووی دووردا دەستەبەر بوو، خەڵکی ئەو وڵاتانە یان ئەو هەرێمانە نابن بە یەک نەتەوە وەک بناغەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەڵکو تەنیا وەک ئێسنیک ، ئەوەی بە کورد دەناسرێن ، خاوەنی یەک باکگراوند دەبن. کورد بەمشێوەیە نابێتە یەک نەتەوە نە بەو پارچە پارچەییەی ئێستاو نە بەسەربەخۆیی کوردستانەکانیش لەسەر بناغەی ئێنسکیی بە یەک نەتەوە دەبێت.
کاتێ دەڵێین نەتەوەی کورد لەکوردستانی عێراقدا، هەمان تێڕوانینی بەعسە بۆ نەتەوەی عەرەب لە عێراقی عەرەبیی و کەمالیزم بۆ نەتەوەی تورک لە تورکیادا. عەقڵانییترە نەتەوەکانی کوردستان یان گەلانی کوردستان بەکار بهێنرێن. چۆن زمانی عەرەبیی وەک تاکە زمانی سەرەکیی عێراق مایەی قبوڵکردن نییە، دەشبێ عەقڵانیی بیر لەوە بکەینەوە، کوردیش بۆی نییە دوو تا سێ زمانی جیاواز بخاتە خانەی زمانی فەرمییەوە لە کوردستانی عێراقدا. بەڵکو یەک زمانی کوردیی ( نەک خەڕەکی زاراوە کوردییەکان ) و  یەک زمانی تورکمانیی و یەک زمانی کەلدۆ ئاشووریی و یەک زمانی عەرەبیی………..تاد زمانی رەسمیی هەرێمی کوردستان دەبن.

رێبین کە رەخنە لە سیاسەتی یەک زمانیی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و تورکیی دەگرێ، ناکرێ ئەو ئارگیومێنتە بۆ دژایەتییکردنی یەک زمانی فەرمیی پەروەردەوخوێندن و کارگێڕیی لەهەرێمی کوردستاندا بەکاربهێنرێ و لەبەرامبەریشدا خەڕەکی زاراوەکان هەر  یەکەو لەشارێک و دەڤەرێک و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستاندا درێژەی پێ بدرێ. ناشێت شاعیرانە دڵیشمان بەوە خۆش بێت کە کوردەکان لەهەموو شارەکانی هەرێمدا و لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا هەر کوردن و هەموومان یەک نەتەوەین  و یەک چارەنووسمان هەیە و پێویستمان بە یەک زمانی نووسین نییە.


کامیار سابیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.