کاک جەلال و مام نەوشیروان….
قسەیەک لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرکردەی یەکەمی یەکێتی و گۆڕان
ئاری ئەبوبەکر
ڕەنگە هیچ کەس هێندەی ئەم دوو سیاسیە بە ناوهێنانی پێشگری خۆی بۆ بەرامبەرەکەی و بەکارهێنانی پێشگری ئەوی تر بۆ خۆی( واتا ڕەنگە لای مام جەلال ناخۆشترین شت ئەوە بێت کە پێشگری کاک بخرێتە پاڵی، وە لای کاک نەوشیروان، پێشگری مام بخرێتە پاڵی) دی قەڵس و پەست نەبێت، چونکە ئەم دوو سیاسییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هەم هاوکارو هاوڕێباز و هاوحیزب بوون، هەم پێچەوانەکەشی راستە کە دژ یەکە و ڕکابەری سیاسی و دوژمنی سیاسی یەکتری بوون، نوسینەوەی ئەم ململانێ سیحراوییەی نیوان ئەم دوو سیاسییە، پێویستی بە کتێبێک و دووان هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە کە تێیبگەین، ئەوەیە، ئەم دوو سیاسییە لە ئیستادا دانویان بەیەکوە ناکوڵێت و هیچ کامیان ناخوازێت کە پێشگری خۆی بەوی تر ببەخشێت، یان پێشگری ئەوی تر بنوسێت بە ناوەکەی خۆیەوە.
زەنگلێدانی جەلال تاڵەبانی بۆ ژمارە مۆبایلە تایبەتەکەی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر تەکانێکی سیاسی نەبێت لە مێژوی سیاسی ئەم دوو سیاسییەدا، ئەوا لانیکەم بەرەو پێشچونێکی پۆزەتیڤانەیە لە چۆنێتی ململانێی سیاسی نێوان هێزە سیاسیە ڕکابەرەکاندا، چونکە دواجار ئەم دوو سیاسییە، کەم و زۆر جۆرێک لە قسەی بریندارکەریان بەرامبەر یەکتر کرد، جۆرێک لە بێمتمانییەیان بەرامبەر یەکتر ئیعلانکرد، جۆرێک لە دژایەتی و جۆرێک لە ” نەوشیروان مستەفا واتەنی تەخوین” یان بەرامبەر یەکتر کرد، لەمەشدا ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی ڕۆڵی شێری بەردەکەوێت (بە حوکمی ئەوەی نەوشروان مستەفا تەنها وەک دیفاعکەر لە خۆی و بیروبۆچونەکانی هاتە گۆ و وەلامی جەلال تاڵەبانی دایەوە)، چونکە ئەو ڕاگەیاندنەی حیزبی ناوبراو گەیشتە ئاستێک، خۆیان و هەموو ئەوانەی چواردەوری سکرتێرەکەیان بێگوناح وێناکرد، کەچی ڕکابەرەکە و هاوڕێی چل ساڵەی خۆیان کردە خائین و چەندەها تۆمەتی جۆراوجۆر.
ئەم پەیوەندیییە تەلەفۆنییەی تاڵەبانی بە سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئەتوانێت دوو شتمان بۆ ئاشکرا بکات، دوو شت کە لە مەخزا و ناوەرۆک و دیپلۆماتیەتی سیاسیدا دژە یەکن.
یەکێکیان ئەوەیە، کە پێدەچێت تاڵەبانی لەوە تێگەیشتبێت( جا چ لە ڕێی ڕاوێژکارەکانییەوە بێت، یان لە ڕێی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە، یان وەک بە خۆداچونەوەیەک بۆ هەستکردن بە سیاسەتی هەڵەی شەخسی خۆی) کە ناتوانێت لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە ناوچەی سەوزدا ( نمونەی شارە حەیاتەکە) دوا ساتەکانی تەمەنی خۆی بە ئاسودەیی بەسەر بەرێت، یان درێژە بە تەمەنی یەکێتی بدات، گەر بێت و بە شیوەیەک لە شێوەکان دەست نەکاتە ملی ڕکابەرە سەرسەختەکەی دوو ساڵی ڕابردووی، بە واتایاکی تر، جەلال تاڵەبانی دەخوازێت پێش مردنی خۆی، ئەو سەروەرییەی، بەشێک لە خەڵکی ناوچی سەوز، لێیان سەندەوە( لە ڕێگەی دەنگدان بە گۆڕان) وەریبگرێتەوە و ببێتەوە سیمبولی شارە حەیاتەکە.
دووەم، ڕەنگە بۆ یەکەم جار، بە هۆی پشێویەکانی ئەم دواییە عێراق و ململانێکانی نێوان مالیکی و عەلاوی و بە تایبەتی تر کشانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا، مام جەلال، هەست بکات کە هەم پۆستەکەی خۆی، هەم ئاسایشی هەرێم کەوتۆتە ناو مەترسییەکی گەورەوە، لەم ڕوانگەیەشەوە لەبەر دوو هۆ بخوازێت ئۆپۆزسێۆن و هێزە سیاسیە ڕکابەرەکانی خۆیان بخزێنێتە ناو کێشمە کێشەکانی نێوان دەسەڵاتە باڵاکانی هەرێم و دەسەلاتی مەرکەزی عێراق، یاخود ڕەنگە مام جەلال بە جۆرێک لە جۆرەکان بێئومید بوبێت لە سەرۆکی هەرێم و بخوازێت ئۆپۆزسێۆن و گۆڕان وەک میتۆدێکی سیاسی نوێ بەکاربهێنێت بەرامبەر دەوڵەتی مەرکەزی عێڕاق. لە هەمانکاتدا دەشێت مام جەلال بیەوێت قسەکردن لەگەڵ کاک نەوشیروان وەک کارتێکی سیاسی بەهێز بەکاربهێنێت بەرامبەر دوو لایەن، یەکێکیان پارتی و سەرۆکەکەی، چونکە پارتی بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان بەرانبەر یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی دەربڕیوە لە ڕوماڵکردن و هەڵوێستی سیاسی یەکێتی لە ڕوداوەکانی بادیناندا، دووەمیان بەکارهێنانی کارتی “بزوتنەوەی گۆڕان” بەرانبەر مالیکی، بەوەی کە من وەک جەلال تاڵەبانی، هەرکاتێک بخوازم دەتوانم هەموو هیزە سیاسییەکان بەرامبەر عێراق بەکاربهێنم، لەبەر ئەوە هیچ پێویست ناکات ئۆپۆزسێۆن لە کوردستان وەک کارتێکی فشار بەرامبەر یەکیتی و پارتی بەکاربهێنن.
دواجار ئەم ئەگەر ئەم شیکردنەوەنا هەلە دەرچون، ڕەنگە تەنها شتێک کە مسۆگەر بێت بۆ نەوشیروان مستەفا، ئەو ئەگەر بێت کە مام جەلالی خستۆتە سەر کەڵکەکەی تەلەفۆنکردن بۆی، ئەوێش ئەگەری بە مام کردنی نەوشیروان مستەفا بە واتا مەعنەوی و میتافیزیکییەکەی، چونکە پێدەچێت مام جەلال لەوە تێگەیشتبێت، پارتی ناتوانێت ئەو خەونە بێت کە یەکێتی و لایەنگرانی یەکێتی و لە هەمووی گرنگتر باڵە جیاجیاکانی یەکێتی لە خۆی ڕازیبکات، بۆیە ڕەنگە جەلال تاڵەبانی لە دواساتەکانی تەمەنیدا بخوازێت، نەوشیوان مستەفا ببێتە شفاعەتکەرێکی خۆی و نزیککەوتنەوەی هەردوو هێزەکەی لە یەکتری”یەکێتی و گۆران”. دیارە وەلامی گۆڕان وەک هەمیشە، جۆرێتی ئەگەرەکانی داهاتوو، بە تایبەت دوای دابڕانەکەی کاک جەلال و مام نەوشیروان دیاری دەکات.
لە ڕۆژمانەی ئاوێنە ژمارە ٣٠٧ دا بڵاوکراوەتەوە