Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم

کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم

Closed
by January 18, 2012 گشتی

 
ئەوەی هەتا ئێستا نا ڕاستەوخۆ لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە باسی لێوە دەکرێت، وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتە لە یەکێتی دانەوەیەتی بە پارتی، نێچیرڤان بارزانیش کاندیدی یەکەم بۆ ئەو پۆستە. هەرچەند هەتا ئیستاش لەسەر ئەو بیروڕایەی خۆمم کە( ڕ. ئاوێنە ژمارە ) کە لۆجیکییەن پارتی پیویستی بە وەرگرتنەوەی حکومەت نییە لە یەکێتی، زۆر بە کورتی لەبەر ئەوەی: ١. سەرۆکایەتی حکومەت لای یەکێتی هیچ کاریگەری نەکردۆتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و ڕەوتی سیاسی لەو ناوچانەدا هەر وەک خۆیەتی و ئەتوانین بڵێین پارتی خۆی حاکمی ناوچەکانی خۆیەتی. ٢. بە هەموو پێوەرەکان پارتی ئاگادارە کە ئۆپۆزسێۆن و بەتایبەتی تریش گۆڕان چەقۆ بۆ کابینەی حەوتەم تیژ دەکاتەوە و لەمەشدا ڕەنگە یەکێتی هاوکارییان بکات بۆ لێدانی ئەو کابینە نوێیە و مایە پوچکردنی بەرهەمەکانی. ٣. پارتی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی لە ژێردایە، کە باڵاترین دەسەڵاتە، وە پارتی ئامادەیە هەموو شتێک بدۆڕێنێت تەنها لە پیناوی مانەوە ئەو کورسییە لە ژێر سەرۆکەکەیدا، ئیتر چ پیویست دەکات حکومەتێکی قەیراناوی و بارگاوی بە کێشەو ئاڵۆزییەکی زۆر وەرگرێتەوە، کە هەموو بڕیارەکان لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە دەربچێت، بێئەوەی سەرۆکی هەرێم بەرپرس بێت لە کەمترین گەندەڵی و کەمتەرخەمی.
بەڵام ئەگەر پارتی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لە یەکێتی وەرگرێتەوە لە ئیستادا (کە هەنووکە بە دوری دەزانم)  و کابینەی حەوتەم لەسەر دەستی پارتیدا پێکبهێنرێت، ئەوا پێدەچێت لە ژێر کاریگەری دوو هەلومەرجدا بێت.
یەکەمیان ئەوەیە، کە ئەگەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی حکومەت وەرگرێتەوە،  ئەوا دوور نییە کە وەرگرتنەوەی حکومەت لە ژێر کاریگەری و فشاری باڵەکەی نێچیرڤاندا بوبێت، چونکە لە دوای تەسلیمکردنەوەی کابینەی پێنجەمەوە هەست بە سستییەکی زۆر دەکرێت لە جموجۆڵی باڵەکەی نێچیرڤاندا، کە ئەمەش دواجار هەستێکی غوبن ئاسای لای ئەو باڵە دروستکردووە و ڕەنگە بیانەوێت لە ڕێگەی وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی حکومەت پێگەی جەماوەری نێچیرڤان بە هێز بکەن دژی ڕکەبەرەکانی لەناو پارتیدا. دووەم هەلومەرج ئەوەیە، ڕەنگە پارتی لەساتەوەختی وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی حکومەت لە یەکێتی، موفاجەئەیەکمان بۆ دروست بکات و کەسێکی تر بکاتە سەرۆکی حکومەت، واتا کەسێک لە دەرەوەی باڵەکەی نێچیرڤان بکاتە سەرۆکی حکومەت، کە ئەویش خۆی لە مەسرور بارزانیدا دەبینێتەوە، چونکە ئەوەی کە شاراوە نییە، ئەو ڕاستییەیە، کە بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکایەتی پارتی و سەرۆکایەتی هەرێم، هەر لە ئێستاوە پارتی هەوڵ بۆ دروستکردنی کەسێک دەدات، باشترین کەسیش مناڵەکانی سەرۆکی پارتییە، بە حوکمی ئەوەی مەسرور بارزانی هەم ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی و سەرۆکی دەزگای پاراستنە، باشترین کاندیدی ناو پارتییە، بۆ ئەوەی ئەم کاندیدە شارەزایانەتر بتوانێت کاروبارەکانی ناو حیزب بە ئەنجام بگەیەنێت و بە ئەزمونێکی زۆرەوە کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم بێت دوای باوکی، باشترە ماوەیەک سەرۆکایەتی حکومەت وەرگرێت و پاشان وەک پیاوی دەوڵەتدار دەرکەوێت. ئەمە ئەگەر ڕێککەوتنێکی پێشوەخت نەکرابێت لە نێوان نێچیرڤان و مەسروردا بەوەی کە یەکەمیان خۆی ئامادەکات بۆ جێگرتنەوەی مامی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا و دووەمیشیان سەرۆکایەتی حکومەت و پاشان بوونە سەرۆکی پارتی دوا باوکی.
ئەگەر لە ڕویەکی ترەوە سەیری وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەت بکەین لەلایەن پارتییەوە،  دەتوانین بڵێێن، کە دەشێت ئەمە ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێری پارتی و یەکێتی بیت، بە دیوێکیدا بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری خۆپیشاندان و کاریگەری بەهاری عەرەبی لەسەر ڕەوشی ئێستای هەرێم و بە گوێی خەلکدادان کە کابینەی حەوتەم تازەیەوە ودەبێت دەرفەتی بدرێتێ تاوەکو بتوانێت چاکسازی بکات، بەمەش تا ماوەیەک خەڵک و ئۆپۆزسێۆن چاویان ببڕنە کابینەی حەوتەم، بە دیوەکەی تردا تا ڕادەیەکی ئەگەر کاتیش بێت شڵەقانی ئەو مەنگییەی کە شانۆی سیاسی کوردستانی گرتۆتەوە و وەک ئومێد و فریادڕەس سەیرکردن و نیشاندانی کابینەی حەوتەم.
لە کۆتاییدا ئەوەی کە شایەنی وتنە، دەستبەکاربوونی کابینەی حەوتەم لەلایەن پارتییەوە، نەک هەر ناتوانێت وەک کابینەی شەشەم بێت، بەڵکو ئەمە خۆکوشتنێکی هێواش هێواشی ئەو کەسەیە کە سەرۆکایەتی ئەو کابینەیە دەگرێتە دەست، چونکە نە ک هەر ئۆپۆزسێۆن، بەڵکو بەشێکی بەرچاوی یەکێتی لە بۆسەدایە بۆ کارکردن لەسەر لێدانی ئەو کابینە نوێیە وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە پارتی لەسەر ئەو تانانەی میدیاکانی پارتی لە کابینەی شەشەمیان دەدا.

ئاری ئەبوبەکر

لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ٣٠٢ دا بلاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.