Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لەبارەی چەمکی دەوڵەتی مەدەنییەوە

لەبارەی چەمکی دەوڵەتی مەدەنییەوە

Closed


سیپونزا پرسیار دەکات و دەڵێت: ئاخۆ گەل مازۆشییە؟!

سەرەتا پێم خۆشە بڵێم ، قسەکردنی زۆر لەبارەی دیموکراتی لەهەمووکاتێکدا و بەبێ هۆ ، دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەم چەمکە، هەروەک چۆن هەموو دروشم و چەمکەکانی تر بەتایبەت لە ووتاری سیاسی عەرەبیدا لەناوچوون و ڕزین. هەموومان دەزانین کە ئەمڕۆ کەسمان ناتوانین باسی هەندێک ووشەی وەکو ” یەکێتی ، ئازادی، سۆشیالیزم . ” بکەین. چونکە زۆرباسی ئەم ووشانە کرا ، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی هەبێت. هەر هزرێک یان دروشمێک شەو و ڕۆژ بەرزکرایەوە و بەبێ ئەوەی لە ئەرزی واقعیدا بسەلمێنرێت، بەڵکە دەتوانم بڵێم پێچەوانەی دورشمەکەشەوە کاردەکەن ، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیچ مسداقیەتێکی نەمێنێت. ئەمە دەڵێم ، لەگەڵ ئەوەی کە زۆرباش دەزانم کە چەمکی دیموکراتی زۆر گرینگە و هەروەک ڤۆکۆیاما گووتی ” کۆتایی مێژووە” . هەتاوەکو ئەمڕۆ هیچ سیستەمێکی لەو باشتر دروست نەبووەو ڕێشی تێ ناچێت کەلە داهاتووشدا لەو باشتر دروستبێت. ئەو ڕاپەرینە عەرەبیەی کە ئێستا بەردەوامە ، پیشانی دەدات کە چەندە جەماوەر تینووی بەشداری سیاسی و حەزێکی زۆریش هەیە بۆ لەناوبردنی هەموو رژێمە شموولیەکان ، کە ووتارەکانی سوواون و ڕزیون هیچ مسداقیەتێکیشی نەماوە. جەماوەر هەموویان لەم ڕژێمە شموولیانه بێزارن  ، ئەوانەی کەلەپاش سەربەخۆبوونی وڵاتەکان دەسەڵاتییان گرتە دەست و لەهەموو بوارەکانیشدا فەشەلیان هێنا. نە ئاوەدانییەکی ڕاستەقینە دابینکرا، نە ڕۆشنگەری دابینکرا، وە نە جەهیلیش ڕاگیرا..
بەڵام زۆر گرینگیشە بیزانین ، کە هەروا ئاسان نییە لە حاڵەتێکی کۆیلایەتی و چەوساندنەوەو بۆ حالەتی ئازادی و دیموکراسی بازبددەین. بە قسە ئاسانە بەڵام بە کردەوە زۆر زەحمەتە. ماوەیەکی زۆرە لەمێژوودا  لەسەر کۆیلایەتی راهاتووین و واشمان لێ هاتبوو کە نکوڵی لە ئازادی بکەین . بەحوکمی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە لەسەر کۆیلایەتی و چەوساندنەوە ڕاهاتووین ، وامان لێ هاتووە نکوڵی لە حەزی گفتووگۆ و دیموکراسی بکەین . ئەم شتانە لە دەروونناسیدا  ئاشکرایە. گەر یەکێک بێت و لە پڕێکدا بیەوێت کۆیلەکان ڕزگار بکات ، ئەوا کۆیلەکان زیاتر لە خاوەنەکانیان ، لە  کۆیلایەتی خۆیان بەردەوام دەبن و پارێزگاری لە بیری کۆیلایەتی دەکەن .

ئەوان پێیان باشترە لە ژێر سایەی خاوەنەکانیاندا بمێننەوەو مل کەچی بن ، بەڵکە چێژێکی مازۆشییانەی خۆشیان لەم ملکەچی و کۆیلایەتییە دەبینی. گەلەکانیش ڕقیان لە ئازادی و دیموکراسییە ، ئەویش لەئەنجامی ئەو چەوساندنەوەو ناخۆشییەی کەلە ژێر دەستی دەزگاکانی مخابراتی و پۆلیس تووشیان بووە.  فەیلەسووفی فەرەنسی ” جیل دیلوز” لێکۆڵینەوەیەکی  جوانی لەبارەی سیپۆنزاوە کردبوو. لە وێدا ئەم دێرە  زۆر دووبارە دەبێتەوە . یەکێک لەو پرسیارانەی کە سیپۆنزا لە کتێبەکەیدا ” لاهوتی سیاسی” باسیکردووە ئەمەیە: بۆچی گەلان خەبات لەپێناوی کۆیلایەتییدا دەکەن و ڕێک وەکو ئەوەی ئەمە ئازادی بێت ؟ . بالێرەدا نموونەیەک بهێنینەوە. بۆچی گەلی ئێرانی زۆربەیان بەگشتی، دوای خومەینی کەوتن، ئەمە لەکاتێکدا کە خومەینی بەرەو سەدەکانی ناوەراست دەیانگەڕینێتەوەو هەموو ئازادییەکانیشیان بە شەریعەت و لاهووتی کۆنەوە دەبەستێتەوە؟. ئاخۆ ژنانی ئێرانی کە ڕێژەی نیوەی دانیشتوان پێک دەهێنن ، بە کۆمەڵگایەکی لەم جۆرە  رازی دەبن؟. کۆمەڵگایەک کە حیجاب و جادری بەزۆر بە سەردا دەسەپێنێت. ئەمە جگە لە رەجم کردنی وەحشیانەو دڕاندنە بۆ ئەو ژنانەی کە عاشقن.
بەڵکە ئاخۆ پیاوی ئێرانی  قبووڵی دەکات ، گەر کاتێک بیرەیەک یان جامێک شەرابی لە بارێک یا چایخانەیەکدا خواردەوە، بەر جلد لێدانی بکەوێت ؟ . دیارە ئەم حالەتە بەشێوەیەکی گشتی هەموو بزاڤە ئیسلامی سیاسییەکان و ئیخوان موسلمین و سەلفییەکان دەگرێتەوە. جەماوەر زیاتر دوای ئەم بزاڤانە دەکەوێت و دوای بزاڤە لیبڕالییەکان ناکەوێت کە دەیانەوێت ئازادییان بکەن و هەوڵی پێشکەوتنیان دەدەن . بەڵام ئەمە بۆچی  وایە ؟ . ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەوان بە زمانێکی  نەریتی قسە دەکەن کە خەڵكی لێیان تێدەگات ، ئەو زمانەی کە چەندین ساڵە لەناو مێشکی جەماوەردا لە باوکەوە بۆ کوڕ دەووترێتەوەو جێگیر بووە. هەروەها لەبەر ئەوەی کە گەلانی عەرەبی و ئیسلامی ، بۆماوەی چەندین سەدەیە  ئازادییان لەدەست داوەو هیچ جێژی لێ وەرنەگرتووە. بەڵکە هیچ لەماناکەشی تێ ناگەن ، چونکە هیچ کاتێک نەیاندیووە..
چەوساندنەوە ڕەگێکی قووڵی لە مێژووماندا هەیە، لەناو هەموو ناخ و دەروونێکدا جێگای خۆی کردۆتەوە. هەرلەبەر ئەمەشە  زۆر زەحمەتە لەناوی بەرین و  ئەمرۆش ناتوانین تۆیی ئازادی و دیموکراسی بچێنین . پێویستە  ناخی ئەم ڕەگە هەڵکۆڵین ، کەئەوەتا لەناخماندا  بۆ ئەوەی خۆمانی لێ ئازاد بکەین . بەڵام کوانی ئەو زەوی هەڵکەنەرە ئارکیلۆژیە مەزنەی کە بتوانێت رەگی باوەڕی ئیسلامی هەڵکۆڵێت ؟. ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە ، گەر کەسێکی دیل و زیندانی ، لەپڕێکدا ئازادی پێ ببەخشیت ،لەیەکەم ساتدا  پارسەنگی خۆی تێکدەدات و  نازانێت چی بکات و چۆن بەسەر شەقامدا بڕوات. ئەو پێدەچێت لەهەر ساتێکدا بێت بکەوێت و پارسەنگی خۆی تێکبدات.  ئەو پێویستی بە کاتێک هەیە ، هەتاوەکو  بتوانێت  پارسەنگی خۆی ڕابگرێت و جێژی تەواوەتی لەئازادی وەربگرێت .  ئەوەی ئاشکرایە ، ئازادی بریتییە لە بەرپرسیارێتی ، بەڵام کۆیلایەتی هیچ بەرپرسیارێتی تێدا نییە.  هەموو بەرپرسیارێتییەکە تەسلیمی ” باوک ، شێخ، پێشەوا، دیکتاتۆر ” کردووە. چونکە ئەمانە لە جیاتی ئەو بیردەکەنەوە.

هەربۆیە هەندێک لە ڕووناکبیران پێیان وایە ، هەندێک گەل ناتوانێت یان ئامادە نییە، کەبە ئازادانە و دیموکراسیانە بژیت. بەڵگەشیان ئەوەیە ، گەر ئەم گەلانە ڕێگایان پێ بدرێت کە ئازادانە دەنگی خۆیان بددەن ، ئەوا یەکسەر دەنگ بە ئیخوان و سەلەفییەکان دەدان و ، دەنگ بە پارتە مۆدێرن و عەلمانییەکان نادەن . تۆ تەماشای سەرکردە سەلەفییەکانی میسر بکە، کە چۆن پەلەیانە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت. کێ دەتوانێت ئەم هێرشە ڕابگرێت . ئایا خێویی سەدەکانی ناوەراست بەسەرماندا سەپێنراوە ؟ . ئەوان لەهەموو شوێنێکدا دەیبەنەوە . بیری ئایین پەروەری و توندڕەویی سەردەمی منداڵیم ، هەتاوەکو ئەمڕۆش بەدوامەوەیە. من  بەمانایەکی تەواوەتی ، بەرهەمی  سەدەکانی ناوەراستم .  بەڵکە سەدە کۆن و خراپەکانی ناوەراست ، نەک پێشکەوتووەکان . واتە ئەو کاتانەی کەهیچ ڕووناکیەکی تێدا دیارنەبوو. ماوەی چل سالە من لەدەستی ئەو خێوە ڕەشە ڕادەکەم ، بەڵام ناشتوانم هیچ لە دژی بکەم ، چەندە لێی دەرچووم بەناچاری دەگەڕێمەوە بۆ هەمان شوێنی خۆم.
پاش نەتەوەپەرستی و مارکسی و لیبڕاڵی و سۆشیالیستی و مۆدێرنیتە و پۆست مۆدێرن ، ئەوەتا ئێمە بەرەو ئیسلامیەتی ئیخوانی دەگەڕێینەوە. ئای لەم پێشكەوتن و گەشەسەندنە!! بەرەو دواوەو دواوە دەگەڕێینەوە … کەواتە ئایدۆلۆژیەتی ئوسوڵی بە هەر شێویەک بووە بەسەرماندا دەسەپێنرێت… کێ دەتوانێت لە مێژووی کۆنی خۆی ، لە سەردەمی منداڵی خۆی دەربچێت ؟ کێ دەتوانێت لە پێستی خۆی دەربچێت ؟  سەیری “القرضاوی” بکەن ، هانی خەڵکی دەدات کە بچن دەنگ بددەن ، چونکە ئەمە فەریزەیەکی شەرعییە، بە مەرجێک دەنگ بە عەلمانی و غەیرە موسڵمانەکان نەدەن. ئەرێ لەکەیەوە قرضاوی و شێخەکانی تر  حەزیان لە دیموکراسیی بووە ؟ هەتاوەکو دوێنی بوو، ئەمانە دژی دەوەستانەوەو دەیانگووت ئەمە بیدعەیەکی شەیتانی و رۆئاوایییە و دژی فەرمانڕەوایی خوداییە. حوکم ، حوکمی خودا یە و، ئەمریش ، ئەمری خودایە و گەل هیچ ڕۆڵی نییە. گەل کێییە ؟ گوو بە گەل . گوو بە میسر ، هەروەک سەرۆکی ئیخوانی میسری محمد مهدی  عاکف گوتی . هەتاوەکو ئەمڕۆش ، هەر وا بیر دەکەنەوە.  بەڵام بۆ ئەوەی بگەنە دەسەڵات ، هەموو شتێک حەلالەو  ئاساییە. ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی زۆر لە سیاسەت پسپۆرن ، خاوەنی تەکتیک و ستراتیژی و ئەکادیمی خۆیانن.

کێشەی دیموکراتی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی /

لێرەدا بۆچوونێک هەیە دەمەوێت باسی بکەم ، بەڵام ئەمە مانای ئەوەی نییە کە خۆم هەڵگری ئەم بۆچوونە بم . ئەوەش ئەوەیە : پێویستە پێش ئەوەی دیموکراسی و مافی دەنگدان ببەخشینە  گەلەکانمان ، پێویستە سەرەتا رۆشنبیر بکرێت و فێری خوێندن و  ئامادە بکرێت و نەخوێندەواری نەهێلرێت ، بۆ ئەوەی بزانێت  کێ هەڵدەبژێرێت. پێویستە سەرەتا لەڕووی فکریەوە رۆشنبیر بکرێت ، بۆ ئەوەی دەنگ بە سەلەفیی و تاریک بینیەکان  نەدات . بەگشتی بۆئەوەی بگەینە قۆناغی دیموکراسی ، پێویستە دوو هەنگاو بنێین :
یەکەم هەنگاویان پۆزەتیڤە ، بەڵام دووەمیان نێگەتیڤە. یەکەمیان ، لەناوبەرە ، دووەمیان بوونیاتنەرە. ئێمە هێشتا نەمانتوانییوە لە قۆناغی نێگەتیڤی و لەناوبردنی فکرە ئووسلیەکان  ڕزگارمان بێت و ئیتر چۆن باسی قۆناغی بونیاتنان و پۆزەتیڤی بکەین ؟ هێشتا نەمانتوانییوە لە پاشماوەکانی پێشوو ڕزگارمان بێت ، ئیتیر چۆن دەتوانین داهاتوو بوونیاتبنێین ؟ وە لەسەر چ بنەمایەک ؟ .
پێویستە هەموو بیرێکی کۆن و تەقلیدی  پێشوو لەناوببرێت ، بۆ ئەوەی بتوانین لەجێگایدا بیری نوێی و مۆدێرن و ڕۆشنگەری و تۆلۆرانس و ئازادی دروستبکەین و ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ  ، هەر مرۆڤێک بێت ، نەک تەنها  ئەندامانی تایەفە و دینەکەی خۆمان  دابنێین.  بەڵام ئاخۆ القرضاوی لەمە تێ دەگات ؟  یان ئەو هێشتا وەکوو هەموو شێخەکانی عەرەب و مووسڵمانەکان ،  لە بیری دۆگماتیکی مەزهەب و تایەفە ی خۆی زیندانە؟ کوانێ گەورەترین فەیلەسووفی رۆشنگەری  ئێمە لە مێژوودا؟ ئەوەی دەیزانین ، نیتچە فەلسەفەی دەگووت و چەکوشیش لە دەستی دا بوو؟ ئایا ئەمە جێگای باوەڕە ؟ بۆچی چەکوش ؟ ئایا ئەو ئاسنگەرە یان دارتاشە ؟ بەڵێ  زۆر لەمە زیاتریشە . بەڵێ ئەو سەر شکێنە :  سەری هەموو عەقیدەیەکی کۆن و ئەو چەمکە کۆنانەی، کەبوونەتە  بتێکی وەستا . ئەمانە خۆیان بەسەر ملیۆنەها خەڵک سەپاندووەو ڕێک بوونەتە خودایەکی پیرۆز ، لەحالەتێکدا ئەمانە لە مرۆڤەوە هاتوون . هەموو ئەوعەقیدانەی کە پێتان وایە خوداییە، لە ڕاستیدا ” مرۆڤیە، بەڵکە زۆر لە پێویستیش مرۆڤییە” هەروەک نیتجە دەڵێت .  بەڵام هەموو شتێکی کۆن بۆتە شتێکی پیرۆز و لەناو مێشكماندا چەسپاوە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ، کە دەبێت هەموو  مێژوو و کولتوورمان بسڕینەوە.بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم ، کەبەشێک لەم عەقیدە کۆنانە ، بوونەتە ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم پێشکەوتن و ئازادیماندا.  ڕێژەیەکی زۆری ئەو عەقیدە توندڕەویانە لەناو هەموو مەزهەب و تایفەکان باوە، جا لە ناو زۆرینە یان کەمینەکاندا بێت  ، ئەمانە ناهێڵن ، یەکێتی نیشتمان و هاولاتی بوون بوونیاتبنرێت.لەبەر ئەوە دەبێت ، سەرەتا ئەمانە لەناوببرێن و پشتگوێبخرێن. ناتوانین پێش ئەمە ، دەوڵەتێکی نیشتمانی و مەدەنی و مۆدێرن دروستبکەین . پێویستە هەموو  واز لە مێژوو بهێنین و بیرە وشك و توندڕەویەکان  لەناوبەرین و تەنها لە کرۆکدا بمێنینەوە ، واتە : زانستە رۆحی و ئەخلاقیە بەرزەکانی کولتووری عەرەبی و ئیسلامی، هەروەها کولتووری عەرەبی مەسیحی . کە ئەویش زۆرە . پاش ئەمە دەتوانین هەنگاو بەرەو قۆناغێکی پۆزەتیڤی نوێ بنێین کە بریتییە لەوەی : گەل هەموو ئازادی و بەرپرسیارییەتی پێ بددەیت . بۆچی؟ چونکە ئێستا دەتوانێت جێژ لە ئازادی ببینێت و مومارەسەی دیموکراسی بە شێوەیەکی ڕاستەقینانە بکات .
بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ، بۆچوونێکی تر هەیە کە پێی وایە ، پێویستە هەر ئێستا مومارەسەی دیموکراسی بکەین ، چونکە گەلەکانمان شایستەی ئەمەن ، هەرچەندە هێشتا باشیش ڕۆشنبیر نەبووە. ئێمە ناتوانین  چیترربوەستین تا گەلەکانمان ڕۆشنبیر دەبن ، چونکە ئەمە لەوانەبێت سی تا چل ساڵێکی تری پێویست بێت. گەر دیموکراسییەکەمان لە سەرەتادا تەواویش نەبێت و ببێتە هۆی ئەوەی خەڵکی دەنگ بە سەلەفییەکان بدات ، بەڵام هەر قەیناکات.
ئێمە ناتوانین ئوسوڵیەت لەناوبەرین ، هەتاوەکو ئەو کاتە پێیدا تێنەپەڕین و خەڵکی دەبێت ئاگری ئەمانیش ببینێت. پێویستە ڕێگا بە خەڵکی بددەین خۆی تاقیبکاتەوەو جەدلیەتە کۆمەڵایەتییە مێژوویەکە ، ناگۆڕێت و پێویستە کاری خۆی بکات و بەشێوەیەکی سروشتی ئەم قۆناغە تێپەڕێت.
لێرەوە دەبینین ، کە مەسەلەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترن وەکو ئێمە بیرمان لێ دەکردەوە، دەوڵەتی مەدەنی و مۆدێرنیش ، ناتوانین بۆ بەیانی بەرنامەی بۆ دابڕێژین و بەڵکە دەبێت بۆ دوو سبەی دایبنێین . لێرەدا پرسیارێکی ترسناک لەبارەی پراکتیزەکردنی دیموکراسیەوە ، ڕووبەرومان دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە : چۆن دەبێت ئێمە مافی دەنگدانی دیموکراسی بددەینە ئەو ڕێکخراوە تەکفیریانەی ، کەهیچ باوەڕیان  بە گفتووگۆ و ڕای جیاواز نییە ؟ چۆن دەتوانین لەگەڵ کەسێکدا گفتووگۆ بکەین ، کە باوەڕی وایە خۆی هەڵگری ڕاستی خودایی رەهایە و تەنها خۆشی ئیماندارەو خەڵکانی تریش کافرن ؟ وە مافی ئەوەی هەیە خەڵکی بکوژێت ، بەڵکە بە ئەرکی خۆشی دەزانێت کە خەڵکی تر بکوژێت بۆ ئەوەی لە خودا نزیک بێتەوە ، ئەویش بە تەصفیە کردنی زەندەق و کافرەکان . ئائەمەیە کێشەی هەرە گەورەی دیموکراسی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا . لەهەمان کاتیشدا ڕژێمە شمولی  و پۆلیسیەکانیش  ، کە خاوەنی بیری یەک پارتین، گەورەترین ڕێگرن لەبەردەم دروستکردنی دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی.
کەواتە ئێمە خۆمان لە نێوان دوو ئاگردا دەبینینەوە : ئاگری ئوسوڵی و ئیخوانی ، ئاگری دیکتاتۆری وپۆلیسی. سەیری ئایەتوڵا کۆنەپارێزەکان بکەن ، چیان بە ئێران کرد ، یان ئیسلامیەکانی سودان ، کە هیچیان پێ  نییە تەنها جەلد لێدانی ژنە شەریفەکان وەکو خاتوو لبنی ئەحمەد حسین. ئەمە بێجگە لە طالبانەکان . سەیری مەیدانی تەحریر بکەن ، شۆرشگێرەڕاستەقینەکان بەهەموو شێوەیەک  خەبات لە دژی هەژمونی عەسکەر و ئیخوانەکان دەکەن  . زۆر جوامێرانەش بە خوێن باجی ئەم کارەیان دەدن ، لیبڕالییەکان هیچ ڕۆڵیان نەماوە.

لەو باوەرەدان کەلە سووریاش شتێکی جیاواز لەمە ڕووبدات ؟ یان لە لیبیا ؟ . تەنها لە تونس نەبێت ، کەتوانییان لەم کێشەیە ڕزگاربن ، بەلایەنی کەمەوە هەتاوەکو ئێستا. دیارە ئەمەش لەبەر ئەوەی ئوسوڵیەتی تونسی رۆشنبیر ترەو چیتر ئیخوانی نییە. گەر تونس بتوانێت لەماوەی داهاتوودا ئەم معادەلە زەحمەتە بسەپێنێت ، مەبەستم  لەم معادەلەیە ( ئاشتی لە نێوان ئیسلام و مۆدێرنەدا )  . گەر ئەمە بکەن ، ئەوا هەموو عەرەب دواییان دەکەوێت .
پەیوەندی نێوان فەلسەفە و دیموکراسی
یەکەم :  بەبێ فەلسەفە ، دیموکراسی بوونی نییە، یان بە واتایەکی تر بڵاوکردنەوەی بیری  فەلسەفی ڕەخنەیی و عەقڵانی و ئازاد ، لەناو جەماوەرێکی رۆشنبیر و خوێندەوار. لەهەمانکاتیشدا بەبێ فەلسەفەیەکی ڕۆشنگەری ، دەوڵەتی مەدەنی دروست نابێت . گەر بیری لاهوتی کۆن هێشتا بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت ، کەواتە ناتوانین دەوڵەتێکی عیلمانی و مەدەنی دروستبکەین . ناتوانین پارسەنگی لە نێوان بێ دین و ئیماندار بپارێزین . ئەمەش لە ئەزمونی دەوڵەتە مۆدێرنەکانەوە فێربووین  . دیموکراسی ناتوانێت سەربکەوێت ، هەتاوەکو فەلسەفەی مرۆڤی و مۆدێرن ، جێگای بیری ئایینی و مەزهەبی کۆن نەگرێتەوە  و نەبێتە مەرجەعیەتی بیری گەل.
پێویستە فکری دیموکراسی و فەلسەفەی مافی مرۆڤ ، جێگای حوکمی خودایی و ولایەتی فەقیهی بگرێتەوە ، چ لەناو شیعە یان سوونە . لە ژێر رۆشنایی بیری تاكرەوانە، چی ئوسوڵی بێت یان پارتی تۆتالیتاری فاشی بێت ، هیچ هەلی دیموکراسی و گفتووگۆی ئازاد و فرە رەنگی لەناو کۆمەڵگادا نییە. بۆچی ؟ . چونکە ئوسوڵیەتی ئایینی پێی وایە کە خاوەنی ڕاستی رەهای پیرۆزە، لەبەر ئەوە هیچ بواری نیقاش و دژایەتیکردنی نییە. لەم کەش وهەوایەدا گفتووگۆی دیموکراسیانە شتێکی نەکردەیەو بە کوفر و زەندەق و لادەر لەشەریعەتی خودا دادەنرێیت. بەهەمان شێوەش  ئایدۆلۆژییە تۆتالیتاریەکان کە سیمایەکی دونیاییان هەیە ، جا فاشی بێت یان کۆمۆنیستی ، ئەمانیش  بەهەموو شێوەیەک گفتوگۆ ڕەتدەکەنەوەو لەلای ئەمان مانای دەرچوون لە ڕاستی تاک پارتی و تاک سەرۆکی  دەگەیەنێت، جا ئەو سەرۆکە  پێشەوا هیتلەر بێت یان هاوڕی ستالین بێت ، هەر یەک شتە. هەر لێرەوە ڕقیان لە سیستەمی پەرلەمانی فرە ڕەهەندی و لیبڕالی رۆئاوایی دەبێتەوە ، کە باوەڕیان بە پارتی جیاوازهەیە. لەلای ئەمان گفتوگۆی ناو پەرلەمانی ، بریتییە لە کات بەفیڕۆدان و هیچ مانایەکی تری نییە. لەبەر ئەوە کاتێک ئەمانە دێنە سەر حوکم و دەسەڵات دەگرنە دەست ، یەکسەر دەست دەکەن بە داخستنی پەرلەمان و پارتەکان و لەناوبردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و داخستنی دەمی خەڵكی. ( ئەمە لەکاتێکدا هیتلەر لەڕێگای سندوقی دەنگدانەوە هاتە سەرکار ، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی گرتە دەست یەکسەر  مۆری سووری لێدا و کۆتایی بە ژیانی دیموکراسی و هەڵبژاردن هێنا). لەکاتێکدا سیستەمی دیموکراسی لەسەر بنەمای فرە پارتی و ڕۆژنامەی ئازاد و ئازادی گفتووگۆ و هەڵسەنگاندنی کێشەکان لەهەموو ڕوویەکەوەو بۆئەوەی باش لە کێشەکان تێبگەین و پاشان بڕیارێکی باش بددەین. هەر لێرەشەوە  ڕێگا بە پەرلەمان دەدرێت کە لەبارەی هەموو مەسەلەکانەوەو گفتووگۆ بکرێت، بەڵکە دەبێت لەبارەی مەسەلەکانەوە گفتووگۆیەکی توند لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دا  بکرێت. زۆرجار ئەم گفتووگۆ توندانەش ، قاڵبێکی توندتر وەردەگرن و دەبێتە شەڕی و دەستەو یەخە لە ژێر قووبەی پەرلەماندا. هەر لێرەشەوە  گرینگی  دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەردەکەوێت. ئەمڕۆ ئەوەی لەدەسەڵاتدایە ، سبەینی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن ، پێچەوانەکەشی ڕاستە.  بەڵکە زۆرجار دەسەڵات سوود لە ڕەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن وەردەگرێت و یارمەتی دەدات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا. بەم شێوەیە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی زیرەک ،خزمەتی دەسەڵات دەکات و ڕۆڵێکی پۆزەتیڤانە دەبینێت ، واتە تەنها رەخنە و هێرش بۆ سەر دەسەڵات ناکات . لەکۆتاییدا بەرژەوەندی گەورەی وڵات ، کاری هەردوولا دەبێت. لێرەدا پێم خۆشە باسی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان بکەم ، ئەوانەی توانییان کێشە بنەڕەتییەکانیان چارەسەربکەن و قۆناغی شەڕی ئەهلی  ناخۆش و لاهوتی سیاسی و تایەفییان تێپەڕاند و بەسەر رێگرە کولتووری و پاشماوەکانی مێژوویان رزگاریان بووە. بەشێوەیەک ئەمڕۆ ئەم دەوڵەتانە لەڕێگای گفتووگۆی عەقڵانی و دیموکراسییانەدا هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان دەدەن.
 هابەرماس لە ئەتروحە ناسراوەکەیدا ، ئەم کۆمەڵگایانە بە ” مومارەسەی بەردەوامی عەقلانی ناودەبات ، واتە ئەو کۆمەڵگایانەی کە باوەریان بە گفتووگۆ و دیموکراسی  هەیە ” . بابگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگا هەژارە باشەکەی خۆمان ، ئەوەی کە هێشتا نەیتوانییوە تیکەیەک نان بۆ ئەندامەکانی پەیدابکات ، جا ئیتر چۆن دەتوانێت گفتووگۆی عەقڵانی و دیموکراسی ئازاد دابین بکات ؟!.  ئێمە لەکام پلەین لە چاو کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ئوروپای رۆئاوا و ئەمریکای باکور، یان  تەنانەت لەچاو دەوڵەتە تازە پێشکەوتووەکانی وەکو ژاپۆن و هیند و بەرازیل ، ئەو دەوڵەتانەی کە هەنگاوی گەورەیان بەرەو دیموکراسی ناوە.  هەروەک لەسەرەتاشدا گووتم ، ئەوەنیقاشەی لەبارەی دیموکراسیەوە  کەئەمڕۆ لە جیهانی عەرەبیدا دەکرێت، بریتییە لە چەنەبازییەکی بێ تام و زۆر سەرەتایی و هەژارەو دژی مانا راستەقینەکەی دیموکراسییە و دژ بەهەموو فەلسەفەی مۆدێرنی دیموکراسییە ، کە فەیلەسووفە مەزنەکانی وەکو ” جان جاک رۆسۆ ، ئیمانوێل کانت ،، هتد” پێشیان خستووە .  لەوە دەترسم کە دیموکراسی بۆ دروشمێکی درۆینەو بەریقدار  بگۆڕێت . هەروەک سۆسیۆلۆژی فەرەنسی بیربوردیو دەڵێت :
( هەموو شتێک لەبارەی هیچەوە دەڵێت و ، هیچیش لەبارەی هەموو شتێکەوە ناڵێت)
لەم حالەتدا  دورشمی دیموکراسی دەبێتە شتێکی درۆ و جەوهەر و مانا ڕاستەقینەکەی خۆی دەدۆڕێنێت و وەکو دورشمەکانی پێشوویان لێدێت و لای خەڵکی ناشرین و قێزەون دەبن. ئاخۆ ئەمە گاڵتەجاری نییە ، ئێستا ئوسوڵیەکان بوونەتە  عاشقی دیموکراسی و سوێند بەسەری دیموکراسی دەخۆن ؟  لەکەیەوە سەلەفییەکان  پێیان وابووە کە دیموکراسی واجبێکی شەریعەتی ئیسلامییە ؟ . ئەری هەر بلحاج ” سەرۆکی سەلەفییەکانی جەزائیر”  نەبوو بەئاشكرا لەعنەتی لە دیموکراسی  دەکرد و تەنانەت ڕقی لە ناوەکەشی دەبوویەوە ؟. بەڵام شەهوەتی دەسەڵات سنووری نییە .  لەبەر ئەوە  کەسمان ناتوانین ڕێگا لە   هەلپەرست و چڵکاوخۆرەکان و تەنانەت ئوسوڵیەکانیش  بگرین ، کە جوانترین و باشترین چەمک و دەستەواژە کان بەکاربهێنن. تەنها فکرێکی جدی و بەرپرس دەتوانێت ، ئەو ساختەگەرییە زۆرەی ناو گۆرەپانی رۆشنبیری و سیاسی ئێستامان دەربخات و ڕیسوای بکات . هەر ئەویش دەتوانێت ” واتە فکرێکی جدی”  ئایدۆلۆژیای عەرەبی کۆن لەناوبەرێت و کێشەکانی شرۆڤە بکات و چارەسەریان بکات .

دیموکراسی وەکو فەلسەفەیەکی پێکەوەگرێدراو  نەک وەکو ئامڕێزێکی هەڵبژرادن

کەواتە ئەو دیموکراسیەی ئەمرۆ ، بەرهەمی سێ سەدە زیاتری تەمەنی ڕۆشنگەری فکری ئوروپی مۆدێرنە. دەتوانم بڵێم بەرهەمی دووهەزار و پێنچ سەد ساڵە،  گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن و سەرەتای بیری فەلسفە و دیموکراسی کەلەسەر دەستی سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ چەکەرەی کرد. بەڵام ئەم دیموکراسیەی ئەمان نوقسان بوو ، چونکە دیموکراسی ئەمان تەنها شموولی پیاوانی ئازادی دەکرد و ژنان و کۆیلەکان و بێگانەکانی نەدەگرتەوە .

لەبارەی چەمکی ” شورا” وە ، کە خەڵکانێکی زۆر لە جیهانی عەرەبیمان باسی دەکەن ، لەڕاستیدا گرینگیەکی زۆر کەمی هەیە ، چونکە ئەم چەمکە ، تەنها ئەصحابەکانی  دەگرتەوەو هەموو مووسڵمانەکانی نەدەگرتەوە. ئەمە جگەلەوەی بەهیچ شێوەیەک ئەندامانی ئایینەکانی تر و خەڵکانی تر ” هاوڵاتی”  واتە خەڵکی وڵاتەکەی نەدەگرتەوە.  پێویستە ئەم چەمکە لە تێزە لاهووتیەکەی دەربهێنین  بۆ ئەوەی لە چەمکی دیموکراسی بە مانا راستەقینەکەی خۆی ، نزیک بکەیەنەوە. چونکە هیچ کاتێک دیموکراسی ڕاستەقینانە ، بە بێ بوونی دەوڵەتێکی علمانی سەرناگرێت. واتە یەکسانی تەواوەتی بۆ هاوڵاتییان  ، لەڕووی ئەرک و مافەوە بەبێ گوێدانە  رەگەز و ئایین و مەزهەب و نەتەوەیانەوە . لە سیستەمی دیموکراسی مۆدێرندا ، کەلە فەلسەفەی ڕۆشنگەری لەدایک بووە، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان کوڕی ژنێکی ئازاد و و کوڕی کۆیلەیەک ، کوڕی فرقەی ناجیە و فرقەی مهرطەقە، هەروەک کتێبەکانی ” النحو و البدع” ی کۆن دەڵێن ، هەتاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆری مووسڵمانەکانی جیهان ، باوەڕیان بەم عەقیدەیە هەیە.
 لە سیستەمی دیموکراسیدا ، پرۆتستانییەکی وەکو ” لیۆنێل جۆسپان یان میشێل رۆکار” ، هەمان مافی وەکو جاک شیراک و فرانسۆ میتران یان شارڵ دیگۆل هەیە ، کە سەر بەمەزهەبی زۆرینەی فەرەنسییەکانن ” کاتۆلیکن ” . بەڵام لەسەردەمی پێش قۆناغی ڕێنانساز و شۆرشی فەرەنسیدا ، ئەوە شتێکی مەحاڵ بوو ، کە پرۆتستانییەک بگاتە سەرۆکایەتی حکومەتی فەرەنسا. لەو سەردەمەدا ، پرۆتستانی بە زەندیق و کافر ناودەبران و کەسانی بێ ماف و لەهەموو کارو کردەوەیەکیاندا گوومان لێکراوبوون . هەر بوونی لەناو زۆرینەی کاتۆلیکی فەرەنسیدا شتێکی ناخۆش بوو، بەهیچ شێوەیەک قبووڵیان نەدەکرد. لەبەر ئەوە هەتاوەکو کێشە تایەفی و مەزهەبییەکان چارەسەرنەکرێن و لەجێگایاندا فەلسەفەی سیاسی مۆدێرن دانەنرێت ، کە لە فەلسەفەی مۆدێرنەوە سەرچاوە دەگرێت و جێگای  لاهوتی سیاسی باو فقهی تایەفی کۆن نەگرێتەوە، کەهەتاوەکو ئێستاش حکومی  جیهانی عەرەبی ئیسلامی دەکات ، قسەکردن لەبارەی بیری دیموکراسیی لە جیهانی عەرەبیدا شتێکی هیچ و پووچە و هیچ مانای نییە.
ووشەی دیموکراسی دەبێتە شمەکێکی بەکارهێنانی مەحەلی ، کەبۆ بازرگانی سیاسی بەکاردەهێنرێت و هیج مانای تری نییە. تەنها دەبێتە ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ، دەبێتە ئامڕازێک کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەردووکیان بۆ خۆیان بەکاری دەهێنن. ئەمەش دوورە لەمانا رەسەنەکەی دیموکراسییەوە.  گاڵتەجارییەکە لەوەدایە ، ئەمڕۆ ڕێکخراوە ئوسوڵیەکانیش  دەڵێن ئێمە دیموکراسین !! هەمووکەس لای ئێمە بۆتە دیموکرات. ئەمڕۆ هیچ کەسێک نییە لە جیهانی عەرەبیدا ، دیموکراسی نەبێت!! بەڵام کاتێک پێیان دەڵێیت، کاکی برا :
( ئەو فەلسەفەیەی کە دیموکراسی پشتی پێ دەبەستێت ، داوامان لێ دەکات و دەبێت یەکەمجار دان بنێین بە یەکسانی تەواوەتی  بۆ هەموو هاوڵاتییانی وڵات ، هیچ هاوڵاتی پلە یەک و پلە دوو و سێی تێدانییە.) بەڵام  ئالەم کاتەدا دەکشێنە دواوە.

بۆئەوەی کەمێک هێمنت بکەنەوە پێت دەڵین : مەترسە پارێزگاری لەمافی کەمینەکان دەکەین. بەڵام بەڕێزان ! لەناو کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسی مۆدێرندا ، کەمینە و زۆرینە نییە. یان چەمکی هاوڵاتیی بوون یان هیچی تر نییە. یان دەبێت بنووسرێت ” هاوڵاتییان لە ماف و ئەرک دا، یەکسانن ” یان هیچی تر نییە. واتە دیموکراسی هەرە ئەمەیە . زۆرینە و کەمینە دەبێتە چەمکێکی سیاسی و لەسەر بنەمای تایەفی و نەتەوەیی و رەگەزی  نامێنێت. هەموو شوێنێک بەیەک چاو سەیر دەکرێت، ئاینیش دەبێتە شتێکی تایبەتی و پەیوەستە بە لایەنی رۆحی ئەو کەسە دەگرێتەوە .
یان کاتێک پێیان دەڵێیت  فەلسەفەی دیموکراسی داوامان لێ دەکات ، دەبێت پێش هەموو شتێک باوەڕی تەواوەتیمان بە ئازادی ویژدان و عەقیدە هەبێت. بەواتایەکی تر : ئازادی لە ئایین و باوەڕبوون و بێ باوەڕبوون بە خودا ، دەبێت ئازادی رەها بۆ هەموو ئایینێک فەراهەم بکرێت ، لەم کاتەدا کەباسی ئەمانە دەکەین ، زیاتر دەکشێنە دواوە و ڕێژەی دیموکراتەکان کەمتر دەبێتەوە. یان کاتێک پێیان دەڵێیت ، فەلسەفەی دیموکراسی مانای جوداکردنەوەی تەواوە لە نێوان هاوڵاتی بوون و ئایین پەروەری ، بەمانایەکی تر ، هەموو ئیماندارێک هاوڵاتییە ، بەڵام  مەرجی نییە هەموو هاوڵاتییەک ئیماندار بێت . لەم کاتەشدا ژمارەی دیموکراتەکان زۆر کەمتر دەبێتەوە. کاتێک پێیان دەڵێیت : گەر کەسێکی سونی مەزهەب لە ئێران دا ، توانایەکی باشی هەبێت ، دەتوانێت ببێتە سەرۆکی ئێران ، یان کەسێکی بەتوانای قیبتی ببێتە سەرۆکی میسر ، مەسیحیەکی بەتوانا دەبێتە سەرۆکی سووریا ،ئەمازیغیەکی بەتوانا ببێتە سەرۆکی جەزائیر، کوردێکی بەتواناش دەتوانێت ببێتە سەرۆکی عێراق . ئالەم کاتەدا بەتەواوەتی دەترسێن و تێک دەچن و هاوار دەکەن : نەخێر ، نەخێر ،  ئەمە دیموکراسی نییە !!!.ئەمە شتێ قۆرە تۆ دەیڵێیت. ئەمە بۆ ئێمە ناگونجێت . ئەم شتانە تەنها بۆ رۆئاوا دەگونجێت و دەشێت.
 تۆ سەیر بکە چۆن قەومچی” ناسیۆنالیستە عەرەبەکان”  هێرش دەکەنە سەر پێشەوای کوردی ” جەلال تاڵەبانی ” ، چونکە بۆتە سەرۆکی عێراق، لە حالەتێکدا هەزار جار لە سەدام حسێن چاکترو پاکترە.  ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکە بۆ ڕزیوبوون و هیچی پووچی  سیاسی و ئەخلاقی لە جیهانی عەرەبیماندا . ئەمە نیشانەی ئەوەیە ، کەهێشتا فکری کۆن بەسەرماندا زاڵە. بەڵام گەلی ئەمریکی رازییە کە باراک ئۆباما ، ببێتە سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدا کە ئەو ڕەش پێستە و مێژووییەن کەمینەیەکی بچووکی چەوساوە بوون ، لەکاتێکدا ڕەش پێستەکان ڕێژەی 10% ی دانیشتوانی ئەمەریکا پێک دەهێنن. بۆچی ؟ چونکە باراک ئۆباما بە پیی دەستووری ئەمریکی هاوڵاتییە و  وەکو جۆرج بۆش و بیل کلینتۆن هەمان مافی هەیە و هیچ لەوان کەمتر نییە. ئەویش بەهەمان پلەی ئەوان هاوڵاتییە و هەمان ماف و ئەرکی کۆمەڵایەتی هەیە. گەر لە فەرمانرەوایەتی ئەمریکا سەرکەوتووبوو، ئەواچەپڵەی بۆ لێدەدەن و گەر سەرکەوتووش نەبوو، ئەوا لە دەسەڵات لای دەبەن . 
ئەمەیە مانای تەواوەتی چەمکی ” هاوڵاتی ”  بوونە و تەنها مرەکەبی سەرو کاغەز نییە. ئەم گەلە دیموکراتە هیچ ترسیان لەم بڕیارەیان نییە، چونکە خاوەنی دەزگای دیموکراسییە راستەقینانەن.
کاتێک لەبارەی ئەم ترسەوە لە تۆماس جیفرسۆنیان پرسی ، کە بە باوکی دەستووری علمانی ئەمریکا دادەنرێت ،، کە هەموو هاوڵاتییانی لە ئەرک و ماف دا یەکسانکرد و ئایینی لە سیاسەت جیاکردەوە . لێیان پرسی باشە گەر هاتوو کەسێکی موحەمەدی ” واتە مووسڵمان ” یان کەسێکی بێ باوەڕ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا تۆ دەڵێیت چی ؟ ئەویش گووتی : ئاساییە باببێت ! گەر گەلی ئەمریکی  کەسێکی ئازادییان هەڵبژراد ، ئەوا ئێمەش ڕازیین . بەلام ئەو مەبەستی گەلی ئەمریکی خوێندەوار و هۆشیاربوو ، کە دەزانێت چی دەوێت و چی ناوێت . نەک گەلێکی توندڕەو دواکەوتوو جاهیل ، کە بە شێوەیەکی کوێرانە دوای قسەی پیاوانی ئایینی  دەکەوێت ، هەروەک جەماوەرێکی زۆری ئێمە ، دوای قسەی شێخە ئاسمانییەکان  دەکەوێت. ” مەبەستی ئەو شێخە ئایینیانەی کەلە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە فتوا دەدەن ،،،،،، وەرگێڕ” .
لەبەرئەوە پێش ئەوەی مافی دیموکراسی بە گەلێک بددەیت ، پێویستە سەرەتا ئەو گەلە هۆشیاربکرێتەوەو ئامادەبکرێت و ڕێژەی نەخوێندەواری زۆر کەمبکرێتەوە ، بەشێوەیەک ئەو گەلە بزانێت چاکەو خراپەی خۆی هەڵبژێرێتو فێربێت بەرنامەی هەڵبژرادنی پارتە سیاسیەکان بخوێنێتەوەو بتوانێت باش کارەکان هەڵبسەنگێنێت و بزانێت کێ هەڵدەبژێرێت.  گەر بەم شێوەیە نەبێت ، ئەوا ئوسوڵی و رەگەزپەرست و تایەفییەکان هەڵدەبژێرێت. هەر لەبەرئەم هۆیەش بوو  ، شۆرشی فکری و رۆشنگەری ، پێش شۆرشی سیاسی کەوت ، هەروەک چۆن لە ئوروپا و ئەمریکای باکور و جیهانی مۆدێرندا ئەم حالەتە دەبینین ، دیارە بێجگە لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی . ئێمە هەموومان سەرمان سوورما  کاتێک لە پڕێکدا شۆرشی ئوسوڵی لە ئێران وئەفگانیستان و پاکستان و سودان  سەری هەڵدا.

داریوش شایغان دەپرسێت : شۆرشی ئایینی مانای چییە؟ .
دەستەواژەکە خۆی لە خۆیدا ناتەواوەو خۆی لە خۆیدا دژە. بەڵام خومەینی توانی بە شٶرشە دواکەوتووکەی  سەرکەوێت و کۆمەڵگاش بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە. دیارە ئەویش لەبەر هۆیەکی ئاسان . چونکە کارەکان لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا ، لینگەوقووچ دەبنەوەو هەنگاو بەرەو دواوە دەنێن. مەبەستم ئەوەیە ، کە شۆرشە سیاسییەکان پێش شۆرشە فکرییەکان دەکەون . بەڵام لەفەرەنسا پێچەوانەی ئەمەبوو. پێش شۆرشی فەرەنسی ، شۆرشێکی ڕۆشنگەری فەلسەفەی لەسەر دەستی ڤۆلتێر و جان جاک رۆسۆ و دیردۆ ،،هتد ، دەستی پێکرد و ڕێگای بۆشۆڕش  خۆشکرد و عەقلیەتی خەڵکی رۆشنکردەوەو پێی گەیاند. لەبەر ئەوە کاتێک شۆرشێکی ئازاد سەری هەڵدا ، بازی بە کۆمەڵگا نا بۆ پێشەوەو  بەشێوەیەک کە هیچ کەسێک نەتوانێت بۆ دواوە بیگەڕێنێتەوە دواوە، هەروەک خوومەینی بە شٶرشی ئێرانی کرد، هەروەک چۆن ئەمڕۆش لەمیسر گەر ئیخوان دەسەڵات بگرێتە دەست  وای لێدەکات.
باجارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ کورسی قووتابخانەکان بەڵکە بۆ قۆناغی سەرەتایی . ئێمە هێشتا لەڕووی رۆشنگەری ئایینی و فەلسەفییەوە ، یەک هەنگاو بەرەو پێشەوە نەچووین . یان دەتوانین بڵێین کەمینەیەکی رۆشنبیری خوێندەوار لە بابەتەکە تێگەیشتووەو زۆرینەی خەڵکیش لە ژێر دەستی ئوسوڵی و تەوژمە پۆپۆلیستەکانە، کە کەنالە ئاسمانییە گێرەشێوێنەکان ووزەو هێزی گەورەیان پێ دەبەخشێت.
بەڵکە دەتوانم بڵێم هێشتا لە ناو هەموو نووسەر و رۆشنبیرانی عەرەبیشدا ، ئەم کێشەیە یەک لایی نەکراوەتەوە. هەر لەبەرئەوە ناتوانین بچووکترین هەنگاو لەهیچ بوارێکدا بەرەو پێشەوە بنێین. باجارێکی تر بگەڕێینەوەو بۆ خاڵی سفر و ببپرسین . ڕۆشنگەری ئایینی چ مانایەک دەبەخشێت ؟ . لێرەوە پەیوەندی نێوان رۆشنگەری فەلسەفی و دیموکراسی تەواو دەبێت . (دیموکراسی بۆ دوژمنانی دیموکراسی نییە ،   ئازادی بۆ دوژمنانی ئازادی  نییە)
ئەمەش دورشمی شۆرشی فەرەنسی بوو.
پرسێکی نا مێژوویی ؟
کاتێک بابەتەکەمان گەیشتە ئەم خاڵە ، ناچارم دان بەوەدا بنێم ، کە باسکردنی بابەتەکە ناخۆش و هێرش بەر بووە. چونکە من داوا لە گەلانی عەرەبی و ئیسلامی دەکەم ، کە شتێک قبووڵ بکەن ، کە زۆر زەحمەتە قبووڵی بکەن . داوایان لێ دەکەم کە لە کاتێکی زۆر کەمدا هەنگاوی گەورەو مەزن بنێن .  ئەمەش شتێکی ناواقعی و نا ئینسانییە. چونکە تۆ ناتوانیت بەم شێوەیە لە رەگەوە دەریبهێنیت .  رووناکبیرە گەورەکان ئاگادارمان دەکەنەوەو کە پەلەکردن و بازدان بەسەر قۆناغەکاندا ، سزای زۆری هەیە. چونکە گەلانی ئێمە هێشتا قۆناغی رۆشنگەری ئایینی نەدیوەو هێشتا شۆرشە زانستی و فەلسەفی و سیاسییەکانی هەزم نەکردووە هەروەک چۆن گەلانی ئوروپی و ئەمریکی بۆ ماوەی سێ سەدساڵە  هەزمیان کردووە. لەبەرئەوە کاکی برا لەسەرخۆبە! کاری قوورسمان بەسەردا مەسەپێنە . تۆزێک سەبرتان هەبێت. بۆ ئەوەی هیواکانت بە یەک جار بهێنینە دی ، دەبێت گەلانی شارستانیمان بۆ ئیکسپۆرت “لە دەرەوە هێنان” بکەیت ، چونکە ئەوان دەزانن چۆن ڕێز لە یاسا و سیستەم بگرن . هەر  ئەو گەلانەش جێگای گەلانی عەرەبی و ئیسلامی هەژار و دواکەوتوو بگرێتەوە، چونکە ئەم گەلانە هەموو هەینییەک گوێ بۆ شێخ و مەلاکانی مزگەوتەکان دەگرن . ئێمە ناتوانین گەلی هۆلەندی بهێنین بۆ سووریا و جێگای ئەوان بگرێتەوە، یان ناتوانی گەلی ئەڵمانی بهێنین جێگای گەلی میسری و جەزائیری بگرێتەوە،،،هتد. ئەم قسەیەشیان راستە . من ئیعتراف دەکەم و دەڵێم ڕاست دەکەن . ئەم شتەی من داوای دەکەم لەوانەبێت چل تا پەنچا ساڵی تری پێ بچێت. بەڵام تەنانەت باسکردنی شتێکیش ، کە هەلوومەرجی پراکتیزەبوونی ئەمڕۆ جێ بەجێ نابێت ، شتێکی باشە چونکە داهاتوومان رۆشن دەکاتەوە. بەڵام پشتگوێ خستنی مەسەلەکان و  ڕاستی نەگووتن لە کاتی چارەسەکردنی کێشەکاندا  دەبێتە هۆی ئەوەی کە تووشی تێکەڵاوییەک بین، لە نێوان چەمکی دیموکراسی و  چەمکی زۆرینەی سیاسی لەلایەک و ، چەمکی زۆریەنی تایەفی لەلایەکی تر.  بەم شێوەیەش دیموکراسی تەنها بۆ سندوقی هەڵبژاردن دەگۆڕێت و لەهەموو چەمکە سیاسیە مۆدێرنەکەیی و مافی مرۆڤ بۆش دەردەچێت. بەم شێوەیە زۆرینەی شیعەی ئێرانی ، سەرۆکێکی شیعە مەزهەب هەڵدەبژێرن و لە میسریش  زۆرینەی تایەفی سوونی مەزهەب ، سەرۆکێکی موسلمانی سوونە هەڵدەبژێرن. ئەمەش دژی چەمکی مۆدێرنی دیموکراسییەو دژی ئەو فەلسەفەیەشە کەسەرچاوەی هەڵگرتووە. ئەمە مانای ئەوەیە ، کەبەهیچ شێوەیەک دیموکراسی دروست نابێت.
دەتوانین بڵێین تەنها خۆی لەشتێکی رەمزی دەبینێتەوە کە بریتییە لە : پرۆسەی دەنگدان و سندوقی هەڵبژاردن . گەر دیموکراسیش بۆ سندوقی هەڵبژاردن بچووککرایەوە ، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئێمە هیچ لە مانای چەمکی دیموکراسی وەکو فەلسەفەیەکی قووڵ و ئینسانی تێ نەگەیشتووین . لە فەرەنسا و ئەڵمانیاو تەواوی وڵاتە مۆدێرنەکاندا ، هەڵبژاردن لەسەر بنەمای تایەفی و مەزهەبی ناکرێت ، بەڵکە لەسەر بنەمای سیاسی ڕووت ئەنجام دەدرێت. بە واتایەکی تر تەنها لەسەر بەرنامەی هەڵبژاردن کە باسی بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات دەکات . لەم کاتەدا دەتوانم دەنگ بەکەسێک بددەم کەسەر بە تایەفەکەی خۆم  یان ئایینەکەی خۆم نییە. لەم حالەتدا زۆرینەی گەلی ئەڵمانی دەنگ بە پیاوێکی وەکو هیڵمەت کۆڵ دەدەن کە سەر بە مەزهەبی کەمینەیە ، ئەم پیاوە زۆرترین ماوە حوکمی  ئەڵمانیای کرد و توانیشی ئەڵمانیا بکاتەوەو بەیەک. ئەوەی ئاشكرایە کۆڵ کاتۆلیکی بوو ، لە وڵاتی لۆتەر کە زۆرینەی خەڵکی ئەڵمانی پرۆترستانتن . لەوانەبێت گەلی ئەڵمانیش هەر نەیزانیبێت کەئەو کاتۆلیکە ، چونکە ئەوان تەنها بەرنامەکەیان خوێندۆتەوە. پاشماوەی ئەو شەڕە کۆنەی مەزهەب و تایفەکان لە ئەڵمانیادا ، ئەمڕۆ لە ڕێگای عەقڵ و دیالۆگەوە ڕۆشن دەکرێتەوە. ئەڵمانیای پاش لایبنتز و کانت و فیختە و شیلنگ و هیگل و بسمارک ، ئەڵمانیای سەدەکانی ناڤین نییە. بەداخەوە حالی ئێمە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەم شێوەیە نییە. ئەمرۆ گەلی ئەڵمانی هیچ گرینگی بەوە نادات ، کە ئەنجیلیکا مێرکل ، کچی قەشەیەکی پرۆتستانی ئەڵمانیای رۆهەڵات بووە. ئەوەی کە بەلای گەلی ئەڵمانییەوە گرینگە ئەوەیە ،  ئەنجیلیکا مێرکل ، هاوڵاتییەکی ئەڵمانییە و ژنێکی بەتوانایە  و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا دەکات .  بەڵام لەلای ئێمە سەرەتا خەڵکی پرسیاری ئەوە دەکەن . ئەم کەسە کەدەیەوێت ببێتە سەرۆکی وڵات ئاخۆ سەر بەچ تایەفەکە؟ یان سەر بە چ مەزهەب .چ خێڵێکە ؟ عەشیرەتەکەی ناوی چییە؟  ئاخۆ سەر بە گرووپەکەی ئێمەیە یان نا؟ . ئەمە پێش ئەوەی پرسیاری ئەوە بکەن ،ئاخۆ ئەم پیاوە چی لە مێشکیدایە ؟  ئاخۆ ئەم کەسە دەتوانێت ئەم بەرپرسیاریەتە وەربگرێت و بەتوانایە ؟ یان ئاخۆ ئەم کەسە ، کەسێکی دەست پاکە یان نا؟ .
 ئاخۆ گەلێک چۆن دەتوانێت لەم حالەتدا سەربکەوێت ؟ لەبەرئەوە ئەو کەسانەی کە شەو و ڕۆژ باسی دیموکراسی دەکەن ، دوورترین کەسن لە دیموکراسی و فەلسەفەی سیاسی مۆدێرنەوە ، چونکە ئەمانە دیموکراسی و زۆرینەی تایەفی تێکەڵاوی یەکتر دەکەن ، چونکە ئەوان دڵنییان لە کاتی هەڵبژاردندا ، ئەوا خەڵکی دەنگ بە زۆرینەی تایەفی دەدات و دەیبەنەوە. بەم شێوەیە مەشروعیەتی دیموکراسیمان بە سیستەمی تایەفی داوە، کەلە بنەرەتدا دیموکراسی بۆ لەناوبردنی سیستەمی تایەفی پەیدابووە. لێرەوە چەمکەکان بە هەڵەیی تێکەڵی یەکتری دەکرێن. هەرلەبەئەوەش بوو. هەر لەسەرەتای باسەکەمەوە خۆم لەم ناڕۆشنی و نادیارییە لە کاتی باسکردنی چەمکی دیموکراسی دوورخستەوە ، بۆ ئەوەی تایەفی و دیماگۆگ و قەومچییە عەرەبییەکان بە خراپ بەکاری نەهێنن.

کەواتە چارە چییە؟  چی بکەین ؟ . ڕازی بین بە دیموکراسییەکی رەمزی کە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ئوسوڵیەکان؟ ، یان حوکمی ملهووری و پۆلیسی  کە لە گەل دوورکەوتۆتەوە و دژ بەگەلە ؟.  ئاخۆ چارەسەری سێهەم نییە ؟  کە لەرێگایەوە بتوانێن لەم کێشە ئاڵۆزە ڕزگارمان بکات ؟  چۆن دەتوانین درزێک لە دیواری مێژووی کۆن و چەسپاوماندا بکەین ؟ .
هەوڵ دەدەم لە لێکۆڵینەوەیەکی ترمدا ، وەڵامی ئەم پرسیارانە بددەمەوە.

نووسینی : هاشم ساڵح
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
سایتی الاوان .
هاشم صالح.  في مفهوم “الدّولة المدنيّة” (1). 13. کانون الاول( دیسمبر) 2011.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.