Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کێیە بەم ئێوارە مۆرە شیعر دەخوێنێتەوە …  دەوەن

کێیە بەم ئێوارە مۆرە شیعر دەخوێنێتەوە … دەوەن

Closed
by January 20, 2012 ئەدەب

( ئەوەی چێژ دەناسێت و دەیزانێت، ئاشنایە بەو نهێنییە )
                                             هێرمان هێسە
شوێن گەلەری شالوورەکان:
    بەرلەوەی کۆڕەکە دەستپێبکات، من و هاوڕێکەم گەیشتینە بەردەرگای گەلەری شالوورەکان، لە دوورەوە دەنگی پیانۆیەک خەیاڵی بردم، کەمێک وەستام و جگەرەیەکم داگیرساند،لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکەمدا کەوتمەناو دەست وپەنجەی جەوادی مەعرووفییەوە. جگەرەکەم تەواوکرد، خۆم پێنەگیرا و هێدی هێدی بە قادرمەکاندا هاتمەخوارەوە، سەرێکم هەڵبڕی و بینیم (شەهرام)ی پیانۆژەن (جەوادی مەعرووفی) دەژەنێت. هێشتا کورسییەکان بێدەنگ بوون، بە ریزی کورت و درێژ، شانیان بەشانی یەکەوە گیرکردبوو، لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا فەرش و بەڕەی رەنگاوڕەنگ راخرابوون، سنووری نێوان کورسییەکان و بەڕەو فەرشەکان،بێ شەڕوشۆڕ و کاولکاریی چەند کۆتەرەیەکی بەساڵاچوو بوو،کۆتەرەکان ئەجری دراوسێیەتیان لەبەر چاوبوو،دەیانزانی لێرە مرۆڤەکان ئازاریان نادەن بۆیە ملی ڕێزیان بۆ هەمووان نەوی کردبوو. لەرووی سەرەوەی دیواری هۆڵەکە تابلۆیەکی تەواونەکراو  هەڵواسرابوو، کە تابلۆکەم بینی شیعری (ئەستێرە) لە دیوانی (پاییزانە)ی (دلاوەر قەرەداغی)م بیرکەوتەوە.

( شەوی تۆ دەدرەوشێتەوە
بە ئەستێرە
کاتێ کە لەخۆم دەنۆڕم
دەبینم
سەراپا نوقمی بارانم
کاتێ کە سەرم هەڵدەبڕم
دەبینم
بە لێزمە ڕەنگی تۆ
دەڕژێتە چاوانم )

    هاوڕێکەم قسە دەکات و من نیگام هەر لەسەر تابلۆکەیە، جارجار گوێم لە دەنگی پێی میوانەکانە، کە بە قادرمەکاندا دێنەخوارەوە. روومکردە هاوڕێکەم و پێمووت: ئێمە لەسەر ئەو دوو کورسییە دادەنیشین،کەپاڵیان داوەتەوە بە دیواری لای راستی هۆڵەکەوە. هەردووکمان دانیشتین، لەپڕێکا دوو پێک شەرابی سوورمان بۆ هات، بۆنێکی شەرابەکەم کرد، یەکەم قومم لە شەرابەکە خواردەوە، تامی شەراب تێکەڵ بە تامی شیعربوو، روومکردە هاوڕێکەم و پێمووت: دەزانی شەرابیش وەک شیعر پێگە و جێگەی تایبەت بە خۆی هەیە؟! هەردووکیان پڕن لە مەراق، پڕن لە بۆنی رەز و ڕەنگی ترێ، هەردووکیان یەک سروشتیان هەیە، هەتا کۆن بن تامیان خۆشتر و رەنگیان جوانتر دەبێت، هەردووکیان چاوباشقاڵن و عەوداڵی باڵای مێینەکانن، گوفتاریان خۆشە، لە قەلەندەرخانە و باڵەخانەکاندا پێگەیان بەرزە، کە بەریەک دەکەون هەناسەی یەکتری دەگۆڕنەوە، حەزیان لە ماچ و گۆرانییە، تەمەنیان درێژە، مێژووی تەمەنی شیعر و شەراب، لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەکانەوە دەستپێدەکه‌ن، هاوشانی شارستانییەت و گشت ئایینەکانن.
    دەنگی کەسێک خەیاڵی شکاندم و پارچەکانی کەوتە نێوان پرسیارەوە: بە یارمەتیت ئەو کورسییە نەگیراوە؟ نەخێر فەرموو دانیشە! پێشتر کورسییەکان تەنیا و بێدەنگ بوون،ئیدی ئێستا بێدەنگیان وردوخاش بوو، میوانەکان لە جیاتی کورسییەکان شانیانداوە بە شانی یەکدییەوە. رۆماننووسێک لەسەر کورسییەکەی پاڵیداوەتەوە و جارجارەش دەستەکانی دەئاخنێتە بن باڵەکانی، لە تەک دێرە شیعرەکاندا خەیاڵی هەر لە لای پاڵەوانی رۆمانەکەیەتی (ژنێک بەسەر منارەوە). ئاور دەدەمەوە و دەبینم شاعیرێک لەپاڵمدا هەردوو قاچەکانی وەکو (گۆڕ غەریب)ێک درێژ کردوە و بۆ (دەروازەی مێژوو دەگەڕێت) لەبەردەمی کورسییەکەمدا شێوەکارێکی(سەرو ڕدێن سپی)دەستەکانی لە ژێر چەنەی تووندکردووە و لەناو دێڕە شیعرەکاندا ڕەنگە سارد و گەرمەکان تێکەڵ بە یەک دەکات و بە خەیاڵ تابلۆیەکی نوێ دروستدەکات، کەمێک لەولاترەوە (جه‌نگاوه‌رێکی دێرین) بە بێدەنگی گوێ دەگرێ و تفەنگەکەی لە گۆڕناوە و بەم ئێوارە مۆرە دەخوازێت رۆژانی بەسەرچووی ببینێتەوە. شانۆکارێک لە شانی راستمەوە پەردەی شانۆکەی داداوەتەوە و شیعری ناوەتەناو لەپی دەستی و هەندێجاریش هەناسەیەکی قووڵ دەکات و لە ژێر چاوەکانیدا بەخەیاڵ یەک یەک پەردەی نمایشی شانۆیی (چاو ئەکەیتەوە لمە جەستە، سەحرایە رۆح) لادەدا. هەر لەناو هۆڵی شالوورەکاندا، وێنەگرەکان چرک چرک وێنە دەگرن، چاوم لێیە چیرۆکنووسێک راستەو راست بەرامبەرم بە چوارمشقی دانیشتووە و لە ژێر (حەکایەتی رەشپۆشەکان)دا چاوەکانی بۆ (خەوننامەی دادە سۆزی) دەگەڕێت، رۆماننووسەکە گەیشت،چاوی گێڕاو هاوڕێکانی دییەوە، دەستەکانی لەگیرفانی دەرهێناو دانیشت و کەوتە نێوان پێکەنینی (حەمە تاڵ) و کتێبخانە سەفەرییەکەی (ئارام غەمگین)ەوە، نیگام هەر لەسەر پێکی شەرابەکەی نێوان دەستم بوو، خەیاڵم لەتەک خۆیدا بردمی و خۆیکرد بە ماڵێکدا کە پێشتر بینی بووم، لەسەر دەرگەی ماڵەکە نووسرابوو (من لە شارێکی زۆر دوورم) بەکاوەخۆ کەسێک هاتە تەنیشتمەوە بە ئەسپایی چرپاندی بە گوێمداو لێیپرسیم: هاوڕێ سەعاتت پێیە؟ وتم: بەڵێ، سەعاتەکەم لە دەستی چەپم کردەوە و دامە دەستی، ئەویش گوڵێکی مۆری پێبوو وتی: فەرموو، گوڵەکەم لێ وەرگرت و سوپاسم کرد.
    پیانۆژەنەکە سەرێکی هەڵبڕی و تەماشایەکی هاوڕێکەی منی کرد، هاوڕێکەم بەو تەماشاکردنەی پیانۆژەنەکە تێگەیشت کە کاتی هەڵفڕینی وشە و دێڕەکانە بۆ خەیاڵ و سروشتی میوانەکان، جارجارەش دەنگە دەنگێک لەناو هۆڵەکەدا دەبیسترا، شالوورەکان زۆر بە هێمنی قسەیان بۆ یەکدی دەکرد. یەکێکیان وتی: هەموو شیعرێکی جوان پەلمان دەگرێت و لەتەک خۆیدا دەمانبات بۆ ئەو جێگە دوور و نزیکانەی کە لە دەرەوەی ئێمە بوونیان هەیە. شالوورەکان هێندە زۆرن مرۆڤ ناتوانێ گوێبستی هەندێکیان بێت، وەلێ شالوورە دەنگخۆشەکان بەنهێنی و لەناو ڕۆح و هەستماندا بوونیان هەیە و ئەو دەمانەی کە بەئازادی دەخوێنن، ئیدی ئێمە گشتمان لە ناوەوەی جەستەی خۆماندا مرۆڤێکی ترین و هەنگاو بەسەر خەیاڵ و ئەندێشەی  ئەوانیتردا دەنێین، لە بەرزایی خەیاڵەوە گشت شتەکان دەبینین و چاویان لێدەکەین. شالووری ئەمجارەمان (دلاوەر قەرەداغی)یە ئەو هەمیشە وەک سۆفییەکی بێدەنگ لەناو تەهاڕەتی شیعردا ماڵێکی بۆ خۆی و بۆ شیعر چێکردووە.هاوڕێکەم بە بێدەنگی پێیووتم: خودایە چەند جوانە(دلاوەر قەرەداغی)هەر دەڵێی خوداوەند بۆ شیعر خوڵقاندویه‌تی، منیش وتم: دروست وایە، لەلای من شیعر زمانێکی عەجول و لە هەمانکاتیشدا پڕ نهێنییە، هەندێجاریش عال و سال وەک گەڕیدەیەکی قەلەندەر هەنگاو دەنێت بەسەر شۆستە چۆڵ و بێدەگەکانی خەیاڵی شیعر و ڕستە ڕەنگاوڕەنگەکانی شاعیردا. گەر ڕۆژێک دلاوەر قەرەداغی ون بوو خوێنەری زیتەڵ دەتوانێ لەناو دێڕە ئاسمانییەکانی شیعردا بیدۆزێتەوە، منەکردن و گەڕان بەدووی خەیاڵ و ئێستاتیکای شیعردا کارێکی ئاسان و سەرپێی نییە. شکلۆفسکی وتەنی: (شاعیران ئاماژەکان ناخوڵقێنن، بەڵکو دەیاندۆزنەوە.) واتە لە رێگەی زمانی سروشت و زمانی پێوەرەوە کۆیان دەکەنەوە، دلاوەر قەرەداغی لە ریگەی زمان و وێنەی رەنگاوڕەنگ و خەیاڵی سروشتەوە، دێرە جوانەکانی شیعر بەڕەنگ دەنووسێتەوە!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.