
ئێواره ….. هێمن بابان
ئێواره‌یه و
ڕوومه‌تی خۆر
له‌سه‌ر شلکه ڕانی زه‌وی
کپ که‌وتووه
وه‌ک من ئاسا
ده‌ڵێی له‌دوای ئاوێته‌بوون
به‌ئارامی لێی خه‌تووه
ئێواره‌یه و
سیمای هه‌ور پڕ له قینه
لێزمه‌ی باران له خه‌ودایه و
هه‌ور نوقمی خوێن بارینه
ئێواره‌یه و
چه‌تری ژیان له‌سه‌ر پشته
گه‌نج بۆته‌وه و داناچهمێ
سێبه‌ری خۆی وون کردووه
نه ده‌یبینم ، نه ده‌یگه‌مێ
ئێواره‌یه و
چاوه‌ڕوانی شه‌ماڵێکم
چاوه‌ڕوانی
ده‌نگی شه‌قژنی باڵێکم
تا خه‌مه‌کان
له هێلانه‌ی سه‌ر شانمدا هه‌ڵفڕێنێ
تا به‌رگی خه‌م
لهجهستهما دادڕێنێ
چاوه‌ڕوانی زریانێکم
تیژتر بێ له نوکی شمشێر
رێگای راستم
لێ بکاته کێو و هه‌ڵدێر
چاوه‌ڕوانی زستانێکم
وه‌کو زستانه‌که‌ی پار ساڵ
تا هیچ نه‌بێ به خه‌یاڵێک
بمبا به‌ره‌و کێوی توچاڵ
له‌وێ له لوتکه‌ی عه‌شقدا
ده‌ستم بگری وه‌کو جاران
ئه‌مجاره‌یان جێتناهێڵم
داده‌بارم وه‌کو باران
ئێواره‌یه و
بیرکردنێک بیرت ده‌که‌م
که هیچ که‌سێ پێی نازانێ
جگه له‌خۆم
وه‌کو به‌فری به‌ر خۆره‌تاو ده‌توێمه‌وه
یان سوتانێک به چه‌شنی مۆم
توخوا گوڵم پێی مه‌زانه
نامه‌وێ تۆش بتوێیه‌وه هه‌ر وه‌کو من
نامه‌وێ که
گریانێ ببێ به هاوڕێ و
خه‌نده‌ش بۆت ببێته دوژمن