Skip to Content

Tuesday, December 3rd, 2024
ئێمە زڕ قەڵەمین یان ئێوە زڕ پرۆژە؟

ئێمە زڕ قەڵەمین یان ئێوە زڕ پرۆژە؟

Closed
by April 2, 2008 گشتی

  ئاسۆعەبدوللەتیف……
 بە ناونیشانی  "بیانوی ژمارە 13 بۆ هێرش كردنە سەرمان" بەرێز جەمال عەبدوڵا لە ژمارە 4527 ی كوردستانی نوێدا نازانستیانە شەن و كەوی  ووتارێكی ئێمەی كردووە لە گۆڤاری شەقام و بە زڕ قەڵەم ناوی بردوین، بەڵام ئایا بزانین قەڵەمەكەی ئێمە زڕە یان ستونەكەی ئەو؟ ئاخر بۆیە ئەڵێم نا زانستی و زڕ چونكە ستونەكەی لە بارەی مەعلوماتەوە زۆر زڕو هەژارە، سەیركەن ئەم وتەبێژەی حكومەت نە ناوی نوسەرو نە ناوی گۆڤارو نە مێژووی نوسینەكەی ئێمەی دەستنیشان نەكردووە كە ئەم سیانە رەگەزی بنچینەیی هەواڵ و بەدواداچوونی رۆژنامەنوسین، گەر كەسێكی بێگانە ئەم ستونە بخوێنێتەوە وا ئەزانێت چیرۆكێكی خەیاڵاوی كاك جەمال خۆیەتی،
 بەڵێ من بۆ یادەوەری بیست ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كۆمەڵێك ووتارم نوسی و دوو لەو ووتارانە (13 ملیۆن دۆلارەكەی بەغدا بۆ هەڵەبجە 13 تەعن لە حكومەتی كوردیی لە گۆڤاری شەقام و ئەوە چۆن لە رووتان دێ باسی هەڵەبجە بكەن لە رۆژنامەی هەواڵ) كە بە توندی دڵی دەسەڵاتی بڕی بە كاك جەمالیشەوە كە وتەبێژی حكومەتە، ئەو دەسەڵاتەی هەڵەبجەی پەراوێز خستووەو دوو بۆری زێراب و دوو پەیكەرو دووخانووی لێ كردووینەتە پرۆژەیەكی گەورەو بواری بۆ دڵسۆزی و موزایەدەكانی حكومەتی بەغداش دروست كردووە كە پارەی بۆ تەرخان بكەن و رەمزە دیارەكانیان بنێرن بۆ هەڵەبجە لە بری رەمزەكانی خۆمان كە قەت بیریان لای هەڵەبجە نییە لە شانزەی سێدا نەبێ، بەڵێ خەریكە وای لێ دێ حكومەتی عیراق لە حكومەتەكەی خۆمان زۆر دڵسۆز تر بێ و خەڵكی هەڵەبجەش ئێستا ئەوەندەی ئومێدیان بە بەغدایە بە هەولێر نیە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە ئەگرێ كە حكومەتی بەغدا بەراستی سیاسەت و یاری ئەكات و ئەیەوێت ئەو تاقە سەرمایە رەمزیەی كورد بكاتە رەمزێكی عیراقی كە قوربانی و رەمزی نەتەوەی كورد نیە ئەوەندەی قوربانیەكی ئاینی و ئایدۆلۆژی و مەزهەبیە لەسەر دەستی ئایدۆلۆژیای بەعس، هەروەك خەڵكی هەڵەبجە هەرگیز ئەو قسەیەی بەرێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی حكومەتیان بیر ناچێتەوەو لەسەر دڵیانە كە پاش سووتانی مینۆمێنتەكەی هەڵەبجە لە ووتارێكی تەلەفزیۆنیدا ووتی ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە لە ئەستۆی حكومەتی عیراقدایە نەك ئێمە،
 پاشان هەواڵی تەرخانكردن و بەخشینی 13 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵەبجە لە لایەن حكومەتی عیراقیەوە لە كونە دیواردا نەمهێناوەتە دەر، با لەم قەڵەمە زڕەی خۆمەوە بە كاك جەمال بڵێم بگەرێرەوە بۆ ژمارە 4509 ی كوردستانی نوێ و لاپەرەی یەكەم و بۆكسی سەرەوە، واتە گوێچكەلەی راست، دڵنیام ئەشزانی گوێچكەلەی راست و چەپ چ گرنگیەكی هەیە لە رۆژنامەدا، كە بە گەورەیی و بە گرنگیەوە نوسیویەتی و دەڵێ( بە بڕی 13 ملیۆن دۆلار.. چەندین پرۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێن ) هەواڵەكەشم لە ناوەرۆكی ئەم هەواڵەی كوردستانی نوێدا وەرگرتووە كە خدر كەریم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەش بە كوردستانی نوێی راگەیاندوە كە رۆژی 25/2 وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پلاندانان لە حكومەتی عیراق پێی راگەیاندین ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بریاریدا بە بڕی 13 ملیۆن دۆلار چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە ئەنجام بدات،، كەواتە كاك جەمال كوردستانی نوێش ناخوێنێتەوە كە كردویەتیە میمبەری هێرشەكانی خۆی، من تەنها تەعلیقم لەسەر  ژمارە  13 داوە كە بۆ كورد ژمارەیەكی شوومەو  مایەی شەرمیشە كە  بۆ گەورەترین سومبولی قوربانی نەتەوەكەمان بەبەردەوامی لە چاوەروانی خەڵكدا بین، لەكاتێكدا بازرگانیكردن بە هەڵەبجەوە زۆر سەركردەی كوردی كردە بازرگان بەبێ ئەوەی توانیبێتیان یەك هۆڵی سیمینارو تەلارێكی گەورە بۆ ئەم شارە بكەنەوە تا كۆنفرانسەكانی هەڵەبجە نەبرێنە سلێمانی و هەولێر، ئەوەشم ووتووەو نایشارمەوە كە گەر هەڵەبجە كەلاوەترین شاری دونیا نەبێت ئەم دەسەڵاتە رۆڵیان تەواو ئەبێ و ئەبنە دۆراوترین پاڵەوانی دونیا، بۆیە ئێمە نە مەدحی بەغداد ئەكەین و نە ستایشی ئێوە، چونكە ئەوەی كردوتانە بۆ هەڵەبجە هێشتا زۆر زۆر كەمترە لەوەی كە كراوە بۆ كۆیەو سلێمانی و هەولێر كە دەیان گوندی ئەڵمانی و ئیتاڵی و ئەمریكی و شاری خەونەكانە، دواجار كاك جەمال ئاگاداری ئەو جیاوازیە گەورەیەی هەولێرو هەڵەبجەیە؟ درەختی 5 دۆلاریان بۆ هەڵەبجە هێناوە گوایە بۆ سەوزایی و زینەیەو ئەڵێی گوڵە بەرۆژەیە، بەڵام بۆ هەولێر هەر درەختێكی زینەی واشنتۆنیا 1400$ ی پێدراوە، ئیدی ئێمە زڕ قەڵەمین یان ئێوە زڕ پرۆژەن بۆ هەڵەبجە؟
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.