Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دەبێت شتێک ڕووبدات…

دەبێت شتێک ڕووبدات…

Closed
by January 30, 2012 گشتی

کاتێک هەموو ڕێگاکان بەرەو بنبەست دەڕۆن، کاتێک ژیان لەخاڵێکدا دەوەستێت، کاتێک خۆمان لەکۆڵانێکی داخراودا دەبینینەوە، ئەوسا ئەو گفتوگۆ خۆبەخۆییە دەستپێدەکات بەوەی دەبێت شتێک ڕووبدات!. دەبێت ڕووداوێک ڕووبدات سەرجەم ئەم بێدەنگی ونائومێدییە بەئاقارێکی دیکەدا بەرێت، دەبێت لەم کۆلانە داخراوە بێینە دەرێ. مرۆڤ لەوەتەی هەبووە لەبەردەم بەریەکەوتنەکانی خۆیدا بووە لەدژی وەڕسی وچەقبەستن، مێژووی مرۆڤایەتی هیچیتر نییە جگە لەجەنگێکی ئەبەدی نەبێت لەدژی وەڕسی وبێزاری وخۆخواردنەوە. لەحەڤدەی شوباتی 2011 دا و ڕووداوەکانی پێش ئەو مێژووە سەرەتاکانی دەرچوون لەو چەقبەستنە هەستیپێدەکرا، هەر لەبڵاوکراوەکەی  گۆڕانەوە کەداوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت وپەڕلەمانی دەکرد، تاگەیشتە خۆپیشاندانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەدواجاردا  لەحەڤدەی شوباتدا ڕووبەڕووبوونەوە دەستپێکرد و لەدوای هەفتەیەکیش بوو بەخۆپیشاندانی بەردەوام. بەمشێوەیە حەڤدەی شوبات خاڵی وەرچەخانێک بوو کەتائەمڕۆ درێژەی هەیە، یادەوەری ئێمە تائێستا لەبەردەم ئەم ڕووداوەدا وەستاوە و ناتوانێت ڕیزپەڕی بکات. نەک تەنها لەبەرئەوەی برینێکی قوڵی لەنێو نەستی کۆمەڵایەتی ئێمەدا بەجێهێشتووە، بەڵکو لەبەرئەوەیە ئێمە لەبەردەم ڕووداوێکی ناتەواوداین، ڕووداوێک ڕوویدا  بۆ دەربازبوون لەم وەڕسی وچەقبەستنە، بەڵام زۆر زوو دامرکایەوە، بەمەش بەڕای من (نەستی کۆمەکی) لەبەردەم ئازارێکدایە کەچەقبەستن ونائومێدی قوڵتر دەکاتەوە. کەواتە دەبێت شتێک ڕووبدات، مادامەکی نەستی کۆ ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەڕووداوەکاندا..
پێش هەموو شتێک من لێرەدا ڕێگە بەخۆم دەدەم  کەچیرۆکی یەکەم ڕووداوی بچوکتان بۆ بگێڕمەوە، چیرۆکی ڕووخانی پادشایەتی لەڕۆما ودروستبونی یەکەم حوکمی کۆماری لەدنیادا. چیرۆکەکە چیرۆکی ڕووداویکی ئیرۆتیکیە کە یەکەم دەوڵەتی کۆماری بەدوادا دروستدەبێت. پێش پێنچ سەد ساڵ بەر لەدایکبونی مەسیح لەڕۆما ئەم چیرۆکەمان دەستپێدەکات، کاتێک  یەکێک لەسەرکردەکانی سوپای ڕۆما لەبەردەم هاوڕێکانی باسی جوانی و دڵسۆزی هاوسەرەکەی (لوکریتسیا  Lucretia) دەکات، یەکێک لەهاوڕێکانی و گوێگرەکانی  ناوی سێکتوس تاراگڤینیس Sextus Tarquinius کوڕی پادشای ڕۆما دەبێت. ئەم سەرکردەیە باسی هاوسەرەکەی خۆی لوکریتسیا دەکات کەچەندە دڵسۆز و کارامە و ژیرە، سەکردەکە وێنەی لوکریتسیا بەپێچەوانەی ئەو وێنەیەی سەرکردەکانی دیکە بۆ ژن هەیانە باسدەکات،  لەو کاتەدا سەکردەکان باس وخواسیان ژن دەبێت.  کەسێکتۆس  لەسەردانیکیدا چاوی بە لوکریتسیای ژنی هاوڕێکەی دەکەوێت، حەزی لێدەکات، ماوەیەکی کورت دوای یەکەم بینین  سێکتۆس بەدزیەوە خۆی دەکات بەژووری نوستنی لوکریتسیا وهەڕەشەی ئەوەی لێدەکات گەر لەگەڵیدا نەخەوێت، ئەوا کۆیلە ڕەشەکەی دەکوژێت وپاشان لوکریتسیاس سەردەبڕێت، لەدواجاردا  و بەهاوڕێکەی دەڵێت کەکۆیلەکەی بەسەر لوکرتیسیاوە گرتووە و ئەمیش وەک هاوڕێیەکی بەوەفا هەردووکیانی کوشتووە. لێرەدا لوکریتسیا ناچارە ڕازی بێت لەلایەن سێکتوسەوە لاقەبکرێت.  دوای ئەم ڕووداوە لوکریتسیا  مێرد و باوکی بانگدەکات و چیرۆکەکەیان بۆ دەگێڕێتەوە و هەر لەوێدا خۆی بەقەمەیەک دەکوژێت. باوک و مێردی ئەم چیرۆکە بۆ خەڵکی ڕۆما دەگێڕنەوە، هەواڵی  ئەو ڕووداوە وەک ئاگر بەنێو پووشی وشکدا بڵاودەبێتەوە، لەدواجاردا خەڵک لەدژی پاشای ڕۆما  و کوڕەکەی  ڕادەپەڕن و پاشا دەکوژن، بۆ یەکمجار پێش پێنج سەد ساڵ پێش لەدایکبونی مەسیح دەوڵەتی کۆماری و پەڕلەمانی دادەمەزرێت، ڕووداویکی ئیرۆتیکی لەنێو ئەم هەموو خوێنە ڕستنەدا ختوکەی نەستی کۆمەکی دەدات و کۆتایی دەهەێنێت بەستەم.
لەم چیرۆکەوە ئەوە حیکمەتە بچوکەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کەڕووداوە گچکەکان دەبنە وەرچەرخانی مێژوویی. سکنداڵ و حەیاچوونەکانی لێپسراوانی گەندەڵی لای خۆشمان ئەوەندە چیرۆکی سەیرن، کەویژادانی گشتیان بریندار کردووە، وەک چۆن چیرۆکی لوکریتسیا دانیشتوانی ڕۆمانی بریندارکرد وگەیشتە ئاستی تەقینەوە، دەشێت یەکیک لەو جیرۆکانە ڕووداو دروستبکات…ئەمڕۆش بریندارییە رۆحیەکانکان لەساڵی پارەوە قوڵتربوونەتەوە و زەمەنی ڕووداو پیگەیشتووە، کەواتە دەبێت شتێک ڕووبدات بۆ ئەوەی ئەم برینە قوڵەی حەڤدەی شوبات کەبەردەوام ئازارمان دەدات بەرەو کەناڵی ڕاستەقینەی خۆی هەنگاوبنێت. دەبێت شتێک ڕووبدات و توانای دروستکردنی ڕوودامان هەبێت، بۆئەوەی  لەم هەموو ئازاری ناعەدالەتی و گەندەڵیە ڕزگارمان بێت. دەبێت بەدوایدا ڕوودوا لێرەو لەوێ ڕووبدات، بۆ ئەوەی واقیعیکی سیاسی دیکە دروست بێت، دەبێت سیاسەت ئەوەندە زیندەگی بێت ڕووداو دروستبکات، نەک بەدوویدا ڕابکات، لێرەوە من پێموایە : دەبێت شتێک ڕووبدات …
بەدیوێکی تردا لەسەر ئاستی ژیانی کەسی خۆمان لەدروستکردنی ڕووداو بڕوانین، کاتێک  دەبینین ژیانمان بەرەو خاڵێکی داخراو هەنگاودەنێت، کاتێک کێشەکانی ژیانمان بەرەو داخران و دووبارەبوونەوەیەکی جاڕسکار پەلکێشماندەکات، ئەوسا بیر لەڕووداوێک دەکەینەوە کەکۆی ئەم چەقبەستنە بەئاقارێکی دیکەدا بشکێنێتەوە، بەمانای دەبێت  ڕووداوێک ڕووبدات کەئێمە لەکایەی تایبەتی خۆماندا بەرەو جیهان پەلکێشبکات وجارێکیتر بوونی خۆمان بسەلمێنین، دۆزینەوەی کارێک، چیرۆکیکی دیکەی ئەشق، پڕۆژەیەکی بچوکی ژیان کەلەچەقبەستن قوتارمان بکات. لەسەر ئاستی دەستەجەمع و گروپە کۆمەڵایەتیەکانیشدا وەهایە، کۆمەڵگە و گروپە کۆمەڵایەتیەکان توانای بەرگەگرتنی ئازاریان هەیە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەڵام لەخاڵێکدا ئەم سەبرە دەگاتە سنوورەکانی خۆی. ئیدی  دەبێت ڕووداوێک هەبێت کەئازار تێدا دەبێتە ئەکتیڤبوونێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەسی. 
گەر تۆزیک ئەبستراکت و بەزمانی فەلسەفە بیربکەمەوە، پێموایە لەڕووداو دروستکردندا،  خود (سوبێکت) بەرامبەر (ئۆبێکت) دەبێتەوە و کاریگەری دەبێت لەسەری. ئۆبێکت وەک دنیای شتەکان، وەک ژیانی دەرەوەی ئێمە کەئێمە بەخۆیەوە مەحکومدەکات، وەک ڕووداوەکانی دەرەوەی خودی ئێمە کاریگەرن لەسەرمان، بەڵام ئێمەش وەک خود  بەهەمان شێوە لەڕێگەی ڕووداوێکەوە کاریگەردەبین لەسەر جیهان، لەسەر ئۆبێکت بەمانایەکی دیکە. بەمجۆرە لەجیهاندا دەبین، لێرەدەبین و بوونی خۆمان دەسەلمێنین،  وەک لەوەی تەنها لەنێو جیهاندا بژین، لەلێوارەکانی ژیاندا خۆمان دووبارەبکەینەوە. دەتوانین لەم هاوکێشەیەوە لەگرنگی ئەو دەستەواژەیە تێبگەین کەماوەیەکە سەرقاڵی کردووم بەوەی (دەبێت شتێک ڕووبدات)…دیارە ئەمە وەرگێڕینە سەر زمانی ژیانی ئێستامان، دەبینین لەدوای حەڤدەی شوباتەوە  دنیای ئێمە هەروەک خۆی ماوەتەوە، هەروا چەقبەستوو و بێ گۆڕانکاری و بێ هەناسەیە. مافیاکاری بەردەوامە، لێدان بەردەوامە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوامە، ئازادی ڕۆژنامەنوسی بەردەوام لەمەترسیدایە. دادگاکان شوێنای ئەوە نین هەقیقەت و یەکسانی تێدا یەکلابکرێتەوە، پارە لەبندەستی بنەماڵە سیاسیەکان وهێزیش لەبندەستیاندایە، حکومەت ئیفلیج و بەتاڵە. لەهەموو لایەکەوە گەڕانەوەیەک هەستپێدەکرێت بۆ بارودۆخی پێش حەڤدەی شوبات، هەموو شتێک لەچەقبەستندا گیریخواردووە. ئەمە لەکاتیکدایە کەدیکتاتۆرەکانی ناوچەکە یەک لەدوای یەک لەبەردەم بەهاری عەرەبیدا دەڕووخێن، ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی ئامادەدەکات ئەوەیە: بۆچی لای ئێمە حەڤدەی شوبات بەردەوامی نەبوو؟ بۆچی ئاوەها بەئاسانی سەرای ئازادی چۆڵکراو و دیسانەوە بوو بەشەڕی کەناڵە تەلفیزۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و جارجارەش گووتنەوەی وانەی فەلسەفی لەسەر شاشەکان؟. بۆچی هەولێر بەشدار نەبوو لەژێر هەر ناوێک و حونجەتیکدا بێت؟، بۆچی جادە جارێکیتر خۆی تەسلیمکرد بۆ دانوستان، کەلەسەرەتاوە دەیزانی سوودی نییە؟. تۆ بڵێی کۆمەڵگە پەیمانێکی نهێنی لەگەڵ دەسەڵاتدا مۆر نەکردبێت، بەوەی خۆپیشاندان لەبەرژەوەندیدا نییە، ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی  سەرای ئازادی ئاوەها لەشەو و رۆژیکدا خۆپیشاندان بوو بەڕستەیەک لەڕابوردوودا؟. ئەمانە ئەم پرسیارە پڕئازارەن کەهەمووان لێی ڕادەکەین وباسیناکەین، ڕەخنەدەگرین لەدەسەڵات و ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات دەکەینە ماتریاڵێک بۆ ڕەخنەگرتن، بەڵام باس لەخودی ڕووداوەکە ناکەین، باس لەو ڕوودانە گەورەیە ناکەین کەلەساتەوەختێکدا بەخوێنی گەنجی بێزار لەژیان تۆماریانکرد . ئەم پرسیارانە چەقبەستن و پشێویی قوڵتردەکەنەوە، ڕووبەرەکانی گومان فراوانتر دەکەن، مەوداکانی ئازاسر فراونتردەکەن. تاکە چارەسەر بۆ تەقینەوەی ئەم هەموو پەنگخواردنەوە و برینداریە ڕۆحیە ڕوودانی ڕووداویکی دیکەیە، کەبەڕای من زەمەنی خۆی پێگەیاندووە و وەک سێوێکی گەییوو وەهایە، ئامادەیە بۆ کەوتنە خوارەوە، بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی وەک نیوتن لەهێزی کێشی زەوی تێبگەین، بۆ ئەوەی هەموو ئەو گرێ کوێرکەی پرسیارانە زیاتر وەڕسمان نەکات، حەڤدەی شوبات برینێکی سارێژنەبووی پڕ سوێیە، ئیدی ئەو مێژووە پابەندە بەو  بریندارییە ڕۆحییە کەڕووداوی دیکە دروستدەکات، چ نەبێت بیرۆکەی (دەبێت شتێک ڕووبدات) بەردەوام لەفەزای نەبینراوی ڕۆحماندا خۆی نمایشدەکات  .
 دیوێکی دیکەی ڕووداو دروستکردن   لەچەمکی ئۆپۆزیسیۆن و ئۆپۆزیسیۆنبووندا خۆی دەبینێتەوە،  مانا سیاسیەکەی لەوەدا خۆی بەرجەستەدەکات  کەئۆپۆزیسیۆن لەبەردەم ڕووداودا خۆی تاقیکدەکاتەوە، لەبەردەم دەستەواژەی (دەبێت شتێک ڕووبدات) و لەپرۆسەی ڕووداو خەڵقکردندا هێزی خۆی بۆ ئاشکرادەبێت، بەوەی ڕووداوەکان پێوەری ئەو تاقیکردنەوەیەن بەرامبەر بەدنیای دەرەوەی خۆیان. ڕوونتر قسەبکەم دەتوانم بڵێم کاتێک بارودۆخێک نێزیکدەبێتەوە لەچەقبەستن، کاری گروپە کۆمەڵایەتیە ئەکتیڤ و ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەوەیە ڕووداوێک دروستبکەن، لێگەڕێن شتێک ڕووبدات بۆئەوەی جارێکیتر  دەسەڵات یاری نەکات لەسەر کەمانچەی دووبارەبوونەوە و کەڵکەکردنی کێشە ودۆسیەکان، کەتاوەکو ئێستا سەرکەوتووانە ئەنجامیداوە . لەم تێزەی سەرەوە من لەچەمکی (ڕووداو دروستکردن) نێزیکدەبمەوە، پێموایە ئەرکی سیاسەت تەنها  گوڕێنی سوستێم نییە، بەڵکو دروستکردنی و خوڵقاندنی نەرینی نوێیە لەسەر ئاستی سیاسی وکۆمەڵایەتی، ئەمەش بەخوڵقاندنی ڕووداو دەستپێدەکات. سیاسەت خاوەنی زمانی تایبەتی نوێیە کاتێک دەیەوێت گۆڕانکاری بکات، لەم گۆشە نیگایەوە ڕووداو دروستکردن نێزیکبونەوەیە لەچەمکی دروستکردنی مێژوو، یاخود پێگەیاندنی ئەو ناکامڵیەی لەڕووداوەکاندا دەردەکەون و توانای ئەوەیان نییە گەشە بکەن، ڕووداوەکان پێییان دەگەێنن. تائێستا بەداخەوە ئۆپۆزیسۆن دوای کامڵبوونی ناڕەزایی کەوتوون ولەسەر جەستەی ڕووداو جوڵەی سیاسی خۆیان بینا کردووە. نەک هەر ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو مێژووی حزبی سیاسی کوردی، مێژووی ڕەدووکەوتنی ڕووداوە نەک دروستکردنی ڕووداو و کاریگەری لەسەری.  بەمەرجێک  سیاسەتی زیندگیانە، سیاسەتی دروستکردنی ڕووداوە بۆ ئەوەی لەچەقبەستنەوە بچینە نێو گەرمەی ململامنێیەکی نوێ ونەیارەکانیشمان ڕاپێچی ئەو ململانێیە نوێیە بکەین. 
دیارە دەبێت لێرەدا جیاوازی بکەین لەنێوان (سیناریۆ دروستکردن ) و (ڕووداو دروستکردن)دا. لەحاڵەتی یەکەمدا وەک ئەوەی پارتی لەبادینان کردی بەسوتاندن وهاندانی خەڵک لەدژی ئیسلامیەکان، ئەمە بەسیناریۆ لەقەڵەمدەدەرێت چونکە نابێت بەڕووداو، ئەمە لەکاتێکدا دەبوو بەڕووداو کە ئیسلامیەکان بەئاشکرا و بێپەردە لەمزگەتەکانەوە هێرشیانبکردایەتە سەر دوکانی مەیفرۆشین وپەلاماری ئیزیدی وکریستەکانیان بدایە، لەوساتەدا کاردانەوە و دژایەتی کردنی ئەو دیاردەیە لەسنوورەکانی سیناریۆوە دەچووە خانەی ڕووداوی سیاسی. لەسیناریۆدا ڕەگەکانی ڕووداوەکە کز و دروستکراون و لەڕووداودا هۆکارەکان بەرەو پێگەیشتن دەڕۆن و بزوتنەوەی سیاسی دەیجوڵێنێت وکاری لەسەر دەکات، لەم ڕووەوە ئۆپۆزیسیۆن (دیارە مەبەستم گۆڕانە) ئەڵتەرناتیڤی گەورەی لەبەردەستدایە بۆ پێگەیاندنی ڕووداو لەدژی دەسەڵات. چونکە پێگەێشتنەکانی ڕووداوەکان دەبینین، بۆ نمونە    گەڕەکەکان خۆپیشاندان دەکەن، لەقەزای سۆران، لەسلێمانی و شوێنەکانی تر خۆپیشاندان لەشێوەی ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە، بەوەی ڕێگەکان دەگیرێت و حکومەت ناچار دەکرێت بۆ چارەسەر. لەخۆپیشاندانی سەر ڕێگەی تاسڵوجەدا، خەڵکی ئەو گەڕەکە ئێمەیان فێرکرد کەدەتوانن ڕووداو دروستبکەن، دەتوانن ڕووبەڕووببنەوە، و حکومەت  ناچار بکەن. ئەمە وانەیەکە لەکۆمەڵێک خەڵکی هەژار و بێدەرامەتەوە بۆ هەمووان کەبەردەوام خەریکی فەلسەفاندن و تێوریزەکردن و قسەکردنین لەسەر شاشەکان،و لەپەڕلەماندا هاواردەکەین، وانەیەکە بۆ ڕووداو دروستکردن.  وانەیەکە پێماندەڵێت کەئەو حکومەتە ئیفلیجە، ئەو پەڕلەمانەش جگە لەپەڕلەمانی قسەی بەتاڵ  نەبێت هیچیتر نییە، هەموو کارابوونێکی لێ زەوتکراوە. بەدیویکی تردا کێشەکەی هاشمی ئەوەی فێرکردین کەئیمە لەدیوەخانیکی گەورەدا ژیان بەسەردەبەین و ژیانی ئیمەش هیچیتر نییە جگە لەژیانی خێڵەکیەکان کەدەزانن ئینتەرنێت و مۆبایل بەکاربهێنن.. ڕووداوەکان بەڕای من بەڕێوەن ئەوەش ترسی منە وەک نوسەرێک کەلەخاڵکێدا بەناشرینی بتەقێتەوە، ئەوسا نەزانین کامە ڕەشە و کامە سپی. لەوانەیە شەڕێکی بچوک لەنیوان دووکەسدا، کێشەیەکی بچوک کەدەسەڵات ودژەتیرۆ و پاراستنەکەی تێوەگلابن،  لەهەموو شوێنێکدا ڕووداوی جۆراوجۆر بتەقێنێتەوە. لەکوردستانی ئێمەدا ڕۆژانە ڕووداوی لوکریتسیا دووبارە دەبێتەوە، لەفۆرمی جیاواز و لەڕەمزیەتی جیاوازدا خۆی نمایشدەکات. ئێستا لەیادەوەری هەموواندا تەنها یەک ڕستەی نەگوتراو هەیە دەبێت بگوترێت، ئەویش ڕستەی (دەبێت شتێک ڕووبدات )…


ئیسماعیل حەمەئەمین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.