
وهرزی پێنجهم … ئارام شێخ وهسانی
1
پاكبوونەوە:
بەفرێك ڕوومان سپیدەكاتەوە
هەورێكی ڕەش به ناپاکمان دەزانێ.
2
هەژانی ڕامان:
هەر لە یەكەم تەماشادا
فاڵچییەك تەوبەی كرد.
3
نیگایەكی پەككەوتوو:
ئادەمێكی پشتچەماوە
ناتوانێ بەرز بڕوانێ.
4
قەرەج:
له کۆتاییی دنیا دا
سەفەر کۆتایی دێت.
5
كچەكەم:
مۆبایلم بە زەوی كەوت
جەرگم لەرزی
6
ماچی ئاسمان و زەوی:
گوڵ قەت دڵگران نابێ بەشەونم
ئەوینم تەڕترە لە زهریا.
7
باوەشی دوای مردن:
دڵناشادم وەك بیرێكی بێ ئاو.
8
مامۆستا:
كەس نییە مانای ناوم بزانێت!؟
9
زیكری پەروانە:
مەحوی تائێستاش بەشەوان دەگەڕێت.
10
وەرزی پێنجەم:
بڕیارە ئەم شەو, ڕۆژ لە ڕۆژئاوا هەڵبێت.
11
وەسیەتی دەروێشێك:
توخوا,كەمردم قژم كورتمەكەنەوە.
12
پیاوێكی تەنها:
كە ئافرەت هاتە دنیا
یەكەم پیاو كوژرا.
13
نوێژ:
لە خەوی شەو و ڕۆژێكدا
نوێژی شەشەمم چوو.
14
دایكم:
قەت باران ناتوانێ
وەك فرمێسكی ئەو بێت
15
نزای تەمەن:
پاسارییەكان
لەنووح زیاتر چێژ لە تەمەن وەردەگرن.
16
وێنە:
ئێمە بڕوامان بەئاوێنە نییە
بۆیە, وێنە دەگرین.
17
خاك:
كە مرۆ نهما
ئەویش دەمرێت
18
مەرگی سنەوبەر:
وەرزەكان لە تەلیسمی
نەمری تێدەگەن
19
وشە:
زیندان نوێنەری ڕستە ڕاستەقینەكانە
20
تۆقەڵانی چاوەڕوانی :
دەفتەرێك پەڕەكانی هەڵدەورێت
ماڵمان پڕ بووە لە مار و مێروو
21
توانەوە:
لەبەردەم بەفری سەر ئاگر
زامی دووری دەدروومەوە
22
كەڤاڵی پایز:
پەنجەكانم ببڕنەوە
نەكا فڵچە خۆی بشكێنێت
23
لێو:
زمانی نەوڕەسێكیان بڕی
تا تاوانی دەنگ نەزانرێ
24
دڕك:
گوڵێك بۆ مەنفا نێردرا
تا فێری خۆكوشتن بێت
25
ڕۆح:
مرۆ چەند بێباكە
جۆرەها ئاژەڵ سەردەبڕێت.
26
ئافرەت:
كەپیر بووم
خۆم بە زوڵفێكی ڕەش هەڵدەواسم
27
دەسەڵات:
لەناو بۆگەنترین شوێندا
مەیلی چاندنی ڕێحانەم هەیە.
30
گۆرانی :
پیاوێكی كەڕ لەخۆی بێزارە.
31
قەڵەمی فریشتە:
گوناه تەواو دڵگرانە!
ئیمان لەداخا ون بوو.
32
قەلەڕەش:
مێژوو شایەدە
كێ گەورەترین ئەندازیاری ئەقڵە؟
33
ئاوی نەمری:
تەنها چێژ له ونبوونی خۆم وهردەگرم
دنیا لەدەست مندایە.
34
دووری:
پاش ئەوەی نەگەڕایتەوە
لەتەرمخانە كچێك پێدەكەنێ.
35
جوانبوونی پارە:
زاهیدێك لەدوام دەگەڕێت
بەنیازم دنیا بفرۆشم.
36
هاوڕێ:
تاڤگە بێ هاژە دڕندەیە
بێدەنگی كۆڵان سامناكە!
37
ڕەنگ:
شەو هەموو جوانییەكان ناشارێتەوە
چاوم بۆتە پەلكەزێڕینە.
38
خەڵوەت:
لاپەڕەیەكی تەڕ
سكاڵای لە پەنجەرەیەكی داخراو نییە.
39
میوان:
تازە بە حەرامی گەورە بوومە
هەموو ڕۆژێ سێوێك دەخۆم.
40
دڵ:
شووشە خۆی بەخوێن دەشوات
ئەم ئێوارەیەش قەدرم نەگرتی
41
كیسەڵ:
خودایە …بمبەخشە
چیتر نوێژ بە پەلە ناكەم.
42
شێتبوون:
شارێكم هەیە بێ ئاڵا
زستانێكی شووم بەڕێوەیە.
43
پرسەی مانگ:
ژیان, بەڵێنی خۆی بردەسەر
مانایەك نەماوە بۆ گریان.
44
كۆتایی:
كوڕم چركەكان بژمێرە
گەردوون نیازی ڕۆیشتنی هەیە.
45
دنیا:
كەلاوەكەم نۆژەنكەنەوە
تاگۆڕەكەم خۆش بێت.
46
شەهوەت:
فڕەندەیەكی دەنووك خوێناوی
بەدوای خۆشوشتندا وێڵە.
47
دین:
ئەو خەوەی پیاوانی ئەشكەوت
هەموومانی فێری سەما نەكرد.
48
مرۆڤ:
تا ئێستا ئەگەر هەیە
لە هەردوو دنیا بسووتێم.
49
وەڵام:
بێ ئامانج نەهاتوومەتە دنیا
هیچ پرسیارێك ناكەم!
50
چاو:
چ دەبوو هەموومان كوێرباین؟
خۆزگە ڕووناكی نەبوایە!
51
نووسین:
هەردوو دەست و زمانیان بڕیم
هەرگیز لە وتن ناكەوم.
52
تووڕەبوون:
فانۆسێكی شووشە ڕەش
ئاگرێكی سپی هەیە.
53
حەقیقەت:
هێزی كۆترە باریكە
لەقیامەت دەردەكەوێت.
54
شەڕ:
كە برا برای كوشت
مردن پێدەكەنی.
55
سیاسەت:
فرۆشیارێكی كۆن وتبووی:
پیاز درۆ لەگەڵ چاو دەكات.
56
ماسی وشكانی:
خەڵكانێك یاری بە ئاو دەكەن
منیش لەگەڵ سەراب (گەشكە*) دەگرم.
بیركاری:
هەمیشە لە كۆكردنەوەی كۆدەكانی عیشقدا
هەڵە دەكەم.
58
گواستنەوەی هێلانەكان:
بۆ ڕاگەیاندنی پرسیارێك
هەموومان لەسنوور پەڕینەوە.
59
جوانی:
بەزەردەخەنەی دەزگیرانم
دەمم پڕ ئاو دەبێت.
60
خەمێكی بێ مانا:
كە فلوتەكەم ونبوو
بەدەمم كەوتمە فیكە لێدان.
61
جەژن:
چی جلی جوان هەیە بیكرن,
با كفنەكەشمی لەگەڵ بێت.
62
چیرۆكی دارەبەن:
هەموو جەستەم برینە
كەچی بەقوڕاو , گڵاویم دەشۆنەوە.
63
ڕابردوو:
هەمیشە یادەكان تاڵ و شیرینن
وەلێ من بێ بیرهوهرییم.
64
كلیل:
كە من ونبووم
ئیتر دەرگاكان بشكێنن.
66
خەیاڵی زهریا:
سێ بەشی دنیا ئاوە !
ئەی بۆچی نەهەنگەكانم دەكوژن؟
67
ڕازی بەرەبەیان:
كە گوڵ دەپشكوێت,
چارؤگەی نهێنییەكانم دەكرێتەوە.
68
كەمانچەی غوربەت:
سەرانسەری دنیا لە بیردەكەم
تا ناوتم بیرچێتەوە .
69
گۆچان:
پیرەمێردێك لە حەمام كەوت و مرد.
70
ڕێژنەی ڕق:
كەناسێك بەكورەكەی وت:
ئەری ئێمەی لە توخمی مرۆڤ نین؟
* گەشكە : جۆرە نەخۆشییەكە دووچاری مرۆڤ دەبیت , بەهۆیەوە مرۆڤ لەهۆش خۆی دەچیت.