Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
بەرەو راپەڕینێكى دیموكراتیانەى جەماوەرى!!

بەرەو راپەڕینێكى دیموكراتیانەى جەماوەرى!!

Closed
by January 6, 2008 گشتی

حەسەن جودى….

 ئەمڕۆ دەسەڵاتى باشوور، سەرەڕاى پینەوپەڕۆ و شاردنەوەیەكى زۆر بەروونى بەدیاركەوتووە كە لە لوتكەى شكستخواردوویی  و فاشیلبوونى خۆیدا دەژیت. ئەو دەسەڵاتە هەم لەئاستى سیاسەتى ناوخۆیی و هەمیش لەئاستى سیاسەتى دەرەكی خۆیدا نەیتوانیوە بچووكترین هەنگاو بەرەو پێشەوە بهاوێژێت، بچووكترین و سادەترین داخوازی خەڵك بێنێتەدى. ئیدى ئەو متمانەیەى خەڵك بەو دەسەڵاتەى بەخشیبوو ئەمڕۆ بەگشتى لەدەستى داوە، لەئاستى ئێراق و ناوچەكە و جیهانیشدا زێدە بەموخاتەب وەرناگیردرێت و لەپەراوێزى پەراوێزەكان دایە. حكومەتى ئێراق حیسابێكى ئەوتۆ بۆ دەسەڵاتەكەى باشوور ناكات. تەنانەت لەباشترین حاڵەتدا ئەمریكاى خۆبەدۆست و هاوپەیمان زانیش دەیەوێت ئەو دەسەڵاتە هەروەك كارتێك و ئامرازێك بۆ باشتر خۆجێگیركردن لە ئێراق و ناوچەكەدا بەكاریبهێنێت. نەك خزمەتكردنى خەڵك بەدیهێنانى داخوازییەكانیان. لێرەدا پێویست بەنموونە هێنانەوە لەسەر شكستخواردن و فاشیلبوونى ئەو دەسەڵاتە ناكات. داخوازییە سەرەكییەكانى خەڵكى لەباشوورردا چیین كە ئەو دەسەڵاتە نەیتوانیوە و ناشتوانێت بیهێنێتەدى؟ دەكرێ داخوازییەكانى خەڵك لەو شازدە ساڵە و تا داهاتووێكى زۆریش بۆ سێ خانە پۆلین بكەین:
 یەكەم: داخوازییە نەتەوەییەكان. ئەو داخوازییانە بریتین لە دەستەبەركردنى مافە نەتەوەییەكان و پاراستنى ئەو مافانەى بەدەستهاتوون لەئاستى تەواوى كوردستان و ئێراق و ناوچەكە بەگشتى و باشوور بەتایبەتى، كە بریتین لە" دابینكردنى ئازادى و ئاسایشی نەتەوەیی باڵا، بەدیهێنان و پاراستنى یەكێتى و یەكڕیزى نەتەوەیی، پاراستن و پێشخستنى زمان، كولتوور و كەسێتى نەتەوەیی" لەپێناو بەدیهێنانى ئەو داخوازییانەشدا زەمینە برەخسێندرێ تا دەزگا نەتەوەییەكان ئاوابكرێن.
 دووەم: داخوازییە دیموكراتییەكان. ئەو مافانەش بریتین لەمافە  بنەڕەتییەكانى تاك و كۆمەڵگا، داڕشتنى دەستوور و سەروەركردنی یاسا و مافپەروەرى، بەدیهێنانى عەدالەتى كۆمەڵایەتى، ئازادى رادەربڕین، ئازادى خۆرێكخستنكردن و چالاكى نواندن، دەستاودەستكردنى دیموكراتیانەى دەسەڵات، ئازادى و یەكسانى نێوان ژن و پیاو و هەڵوەشاندنەوەى سیستەمى عەشیرەتگەرایی ــ خێڵگەرایی، دەستەبەر كردنى ماف و ئازادییەكانى گەل و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانى خەڵكى باشوورى كوردستان.
 سێیەم: داخوازییە خزمەتگوزارییەكان. ئەو داخوازییانەش بریتین لە؛ سەرلەنوێ بنیادنانەوەى ژێرخانى ئابوورى و دابینكردنى پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانى خەڵك و دابینكردنى بەشێوەیەكى یەكسان و دادپەروەرانە. فەراهەمكردنى ئاسایش و ئارامى لەباشوورى كوردستان.
 ئەوانە پووختەى داخوازییەكانى خەڵكى باشوور بووە و دواى شازدە ساڵ هێشتا لەسەدا دە(10%)ى ئەو داخوازییانە بەدینەهاتوون و هیچ ئاماژەیەكیش لەئارادا نییە كە ئەو دەسەڵاتە بۆ بەدیهێنانى هەوڵبدات.
 لێرەدا گرنگە بپرسین؛ بۆچی دەسەڵاتى باشوور ئەو داخوازییانەى خەڵكى بەدینەهێناوە؟ ئایا دەرفەت و زەمینەى بەدیهێنانیان هەبوو یان نا؟ چونكە مسۆگەر ئەو هێز و لایەن و  كەسێتییانەى شازدە ساڵە ئەو وڵاتە بەزۆرەملێی بەڕێوەدەبەن خاوەن ئەقڵییەت و كەسێتییەكى نەتەوەیی و دیموكراتى و پێگەیشتوو نین، بۆیە نەیانتوانیوە ببنە خاوەن بچووكترین پلان و بەرنامەى نەتەوەیی و دیموكراتیانە بۆ بەڕێوەبردنى خەڵك و دابینكردنى داخوازییەكانیان. ئەگەرنا بۆچی باشوورى كوردستانیان كردۆتە زیندان و دۆزەخێكى گەورە؟ بۆچی ئاستى هوشیارى و هەستى نەتەوەیی و یەكڕیزى نەتەوەیی زۆر لەجاران كەمتر بۆتەوە، پێشێلكارییەكان لەبوارى مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و خۆرێكخستن و چالاكى نواندن جیاوازییەكى ئەوتۆى لەگەڵ دۆخى ژێردەسەڵاتى رژێمە دەستپۆتەكانى ناوچەكەدا نییە، ژمارەى خۆسووتاندن و كوشتنى ژنان چوار قات لەژمارەى قوربانی كیمیابارانەكەى هەڵەبجە زیاترە!! ئاستى خزمەتگوزاریش گەیشتۆتە ئاستى هەرە نزمى خۆى و ئاستى بژێوى خەڵك لەژێر رێژەى هەژاریی دایە. گەندەڵیش گەیشتۆتە ئاستى هەرە بەرزى خۆى… بەكورتى ئەو دەرفەت و زەمینە و پۆتانسێلە لەنێو خەڵكدا لەئارادابوو بۆ ئەوەى دەسەڵاتى باشوور رێژەیەكى باشی ئەو داخوازییانە بێنێتەدى، بەڵام نەیهێنایەدى و شیمانەى هێنانەدیشی لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە زۆر كەمبۆتەوە.
 بێگومان پێویستە لەم رووەوە دەرك بە دوو راستیی گرنگ بكرێ. یەكەم؛ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوە بەناو جەماوەرى و مەدەنییەكانى گرێدراوى هەردوو زلحزبەكە بەشدارن و هۆكارن لەبەدینەهێنانى ئەو داخوازییانەى خەڵك. ئەوانیش وەك سێبەرى هەردوو زلحزبەكە خاوەن هەمان ئەقڵییەت و كەسێتى نانەتەوەیی و نادیموكراتى و پاشڤەڕۆن،  لەبەر ئەوەى هەم پشتیوانى هەموو هەڵە و كەموكورتییەكانى ئەو دوو حزبەیان كردووە و لێی بێدەنگ بوون، هەمیش خۆیان بەكردارى بەشدارى ئەو هەڵە و كەموكورتیانەن و لێی سوودمەند بوون. هەروەها پارت و لایەنە ئیسلامییەكانیش هەم ترسنۆكانە لەبەرامبەر ئەو دۆخە تراژیدییە بێدەنگ بوون، هەمیش هەلپەرستانە و فێڵبازانە زۆر لێى سوودمەندبوون. دووەم: ئەمریكا بەتایبەت و هاوپەیمانەكانى بەگشتیش تارادەیەكى زۆر هاوكارى و پشتگیرى خۆى لەو دەسەڵاتە گەندەڵەى باشوور كردووە و لێی بێدەنگ بووە. بۆیە پێویستە ئەو راستییانە هەمیشە لەبەرچاو بگیردرێت كە هەڵوێست لەبەرامبەر دەسەڵاتى باشوور لەهەمانكاتدا هەڵوێستیشە لەبەرامبەر هەموو ئەو هێز و لایەنانەش كە هاوكار و پشتیوان و بێدەنگبوون.  
   ئەوەى لێرەدا گرنگە ئەوەیە؛ چیبكرێ تاكو ئەو داخوازییانە چیدى درەنگ نەخرێن و هەوڵی بەدیهێنانیان بدرێت؟ ئایا گەل توانست و هێزى ئەوەى هەیە ئەو داخوازییانە بێنێتەدى؟ ئایا بەبێ گۆڕینى ئەو دەسەڵاتە دەكرێ باس لە بەدیهێنانى داخوازییە نەتەوەیی، دیموكراتى و خزمەتگوزارییەكان بكرێت؟ لەكوێ و چۆن دەست بەگۆڕینى ئەو دەسەڵاتە بەدەسەڵاتێك بكرىَ كە بەلایەنى كەم سادەترین مافەكانى ئەو خەڵكە دەستەبەر بكات و متمانەیەكى  جەوهەرى و راستگۆ بەخەڵك بدات و خەڵك بتوانێت خۆى خۆى بەڕێوەببات و داخوازییەكانى خۆی بێت؟  
 دەكرێ لێرە بەكورتى هەندێك تێڕوانین لەم بارەیەوە دەرببڕین؛
 (1) پێویستە خەڵك لەبەدەستهێنانى داخوازییەكانى خۆى چیدى چاوەڕێی دەسەڵاتێكى گەندەڵى بێسەروبەر نەكات، كە ئەمڕۆ چینێكى مشەخۆر و ملهوڕ و دەسپۆتى بەهەزار پەتەوە وابەستە بەدەرەوە تێیدا باڵادەستە و فڕی بە پرەنسیپە نەتەوەیی و دیموكراتى و هاوچەرخییەكانەوە نییە، تەنانەت لەپێناو بەرژەوەندى تەسكى خۆیاندا ئامادەن سەرجەم دەسكەوت و بەها نەتەوەییەكان هەڕاج بكەن.
 (2) ئیدى ئەو دەسەڵاتە لەزۆر رووەوە لەوە دەرچووە چاكسازى (ریفۆرمیزە) تێدا بكرێ. كەواتە گۆڕاندنى ئەو دەسەڵاتە بەگوێرەى داخوازییە نەتەوەیی و دیموكراتى و خزمەتگوزارییەكان  بۆتە پێداویستییەكى دەست لێبەرنەدراو. هەڵبەتە ئەم دەسەڵاتە بەهۆى تایبەتمەندێتى قەڵمڕەوى و پاوانخوازى حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە توانستى دەستاودەستكردن و دابەشكردنى  دەسەڵات زۆر لاوازە. بۆیە پێویست بە رێگاچارەى دیكە دەكات بۆ گۆڕاندنى ئەو دەسەڵاتە و بنیادنانى دەسەڵاتێكى پەیوەست بە ئامانجە نەتەوەیی و دیموكراتى و خزمەتگوزارییەكانەوە.
 (3) لەدەرەوەى مافی بەرگرى رەوا، كە مافێكى رەوا و یاسایی و گەردوونییە، هەر هەوڵدانێك بۆ بەكارهێنانى توندوتیژی هەڵە و خەتایەكى مەزنە و نابێت پەناى بۆببردرێت. بەڵام بەرگری لەخۆكردن و نواندنى چالاكى سەرپێچى مەدەنیانە مافێكى رەوا و پێویستى خەڵك و هەموو كەسێكە.
 (4) دەكرێ ئەنجامدانى چالاكى دیموكراتیانەى هەمەجۆر و نەوعى و بەردەوام و لەهەموو شوێنێك ببێتە چوارچێوەیەك بۆ راپەڕینێكى سەرتاسەرى جەماوەرى. پێویستە ئەو چالاكییانە لەسەر بنەماى ستراتیژ یان بەرنامەیەكى گشتى و بەرفراوان بێت كە تێیدا ئامانجەكان و شێواز و پرەنسیپی كار و چالاكییەكان بەروونى دەستنیشان بكرێت. هەروەها وریایی و شێلگیرى زۆرى دەوێت تا ئەو چالاكییانە دەسەڵات نەیقۆزێتەوە و  بۆ سوودى خۆى بەكارى نەهێنێت.
 (5) دەكرێ هەر گوند، ناحیە، قەزا و شارێك هەمان چالاكی ئەنجام بدات كە لەشوێنەكانى دیكە ئەنجام دراوە. هەروەها دەكرێ لەهەر گوند، ناحیە، قەزا و شارێك كۆمیتە یان كۆمین یان شورایەك لەكەسانى هوشیار و پاك و دڵسۆز و بەجورئەت پێك بێت و  سەرپەرشتى سەرجەم چالاكی و كارەكانى گۆڕاندنى دەسەڵات لەو شوێنە بكات، هەروەها دەكرێ كۆمیتەكانى چەند گوندێك یان چەند ناحیەیەك پەیوەندییان بەیەكەوە هەبێت و تەنسیق و هاوكارى لەگەڵ یەكتر بكەن و كار و چالاكى هاوبەش بكەن.
 (6) دەبێت لەو راستییەش تێبگەین كە لەدۆخى ئێستادا هیچ پارتییەك بەتەنیا توانستى ئەوەى نییە پێشەنگایەتى  یان سەركردایەتى سەرجەم چالاكى  و كارەكانى ئەو راپەڕینە دیموكراتییە جەماوەرییە بكات، بۆیە دەكرێ ئەو حزب و لایەنانەى خاوەن رۆح و تایبەتمەندى ئۆپۆزسیۆنین لەدۆخى ئێستادا هاوكار و پشتیوانییەكى جددى ئەو راپەڕینە ببن.
 بەگشتى دەكرێ ئەو خاڵانە وەك چەند پێشنیارێكى سەرەتایی بن بۆ ئەوەى خەڵكى باشوورى كوردستان لەو گێژاوەى تێیدا دەژین لێی رزگار ببن و بگەنە ژیانێكى ئازاد و دیموكرات و شكۆمەند. بەڵام ئەوەى جێی بایەخ و گرنگی پێدانە ئەوەیە؛ كە گەلەكەمان شایستەى ژیانێكى ئازاد و شكۆمەند و پڕ لەكەرامەتە. ئەوەی مسۆگەریشە ئەوەیە هیچ دەسەڵاتێك چەندە بە زەبروزەنگ و دەسپۆت بێت، بەڵام لەئاكامدا ئیرادەى ئازاد و سەربەخۆ و یەكگرتووی خەڵك و گەل توانیویانە ئەو دەسەڵاتە بگۆڕن و هەنگاوێك بەرەو داهاتووێكى پرشنگدار و پێشكەوتوو بنێن. گەلی ئێمەش شایستەى ئەو ژیانەیە كە ساڵەهاى ساڵە لەپێناویدا تێكۆشانى مەزن و بەهادارى بۆ كردووە و ئامادەشە لەم پێناوەدا بیكات. بەڵام ئەمجارە بۆ خۆى نەك بۆ چینێكى مشەخۆرى پاوانخوازى نانەتەوەیی و نادیموكرات…

 

 hesen_cudi@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.