
( ئێمه) له نێوان مردنی رۆح و چه‌رچییه‌كانی عه‌قڵدا
شارستانییه‌تی هه‌ر گه‌لێك له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی كه‌م له پرنسیپه بنچینه‌ییه‌كان داده‌مه‌زرێ، هه‌ر له‌و بنه‌مایانه‌شه سیستم و ئاداب و هونه‌ریان لێ هه‌ڵده‌هێنجرێت و هه‌موو ئه‌مانه‌ش زۆر دره‌نگ درووست ده‌بن و زۆر دره‌نگیش ده‌سڕێنه‌وه.
گۆستاڤ لۆبۆن
ئه‌وه‌ی لۆبۆن ده‌یڵێت به‌ڵگه‌نه‌ویستێكی زانستییه و ئه‌وه نییه هه‌ر ئه‌و وتبێتی و به‌ر له‌و كه‌سی تر په‌ی به‌و حه‌قیقه‌ته نه‌بردبێ، لۆبۆن وه‌ك (كێشه) هه‌ستی به‌وه كردووه كه هه‌ر بوونێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌شی له‌و هه‌لومه‌رجانه وه‌رگرتووه كه به‌رده‌وام و له دوور و له نزیك له به‌رخورددا بووه له‌گه‌ڵیاندا. ئه‌و كێشه‌كه‌ی دیاركردووه و له‌م رسته جوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئاخنیوه و پاشان چه‌ندین جار به نووسین و كتێبی جیاجیا په‌رژاوه‌ته سه‌ری و دواتر له توێژینه‌وه‌یه‌كی جوان‌دا به ناونیشانی (بنه‌ما سایكۆلۆژییه‌كانی گه‌شه‌كردنی نه‌ته‌وه‌كان) گه‌ڵاڵه‌ی كردووه.
پرنسیپه بنچینه‌ییه‌كانی پێكهاتنی نه‌ته‌وه یا گه‌ل بریتین له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كی و سه‌نتراِڵه‌كان كه دنیایه‌ك هۆكار به‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر تاك به تاكی ئه‌و گروپانه‌ی داده‌نێن و ژیان به به‌رده‌وامیی له‌گه‌ڵ ئه‌م هۆكارانه هه‌ر یه‌كه به شێوازیی خۆی كاراكته‌ری تاكی نه‌ته‌وه و دواتر خودی نه‌ته‌وه ده‌نه‌خشێنێ، ئه‌م تێڕوانینه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه كاراكته‌ر زاده‌ی مێژوویه‌كی خۆیه‌تی له رووی زه‌مه‌نییه‌وه و پاشان هه‌ڵگریی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جیاجیایه له رووی ده‌روونی و میزاجییه‌وه و ئینجا فۆڕمێكی مۆرفۆلۆژی ئه‌وتۆی ده‌داتێ به ئاسانی له كه‌سانی جوگرافیای تر و كولتووری تر جیا بێ، ئه‌مه‌شیان له رووی شوێن و كاریگه‌ریی جیۆئه‌تنیكییه‌وه. ئه‌مانه قالبی داڕێژراو نین بوونێكی ره‌هایان هه‌بێت، به‌ڵكو نیشانه‌گه‌لێكن هه‌ر ده‌بێ ئاوه‌ها قووڵ بن و به‌م شێوه‌یه ریشه‌داربن تاوه‌كو هه‌روا به ئاسانیی به شنه‌بایه‌ك نه‌له‌رنه‌وه و دواتر له ریشه‌وه ده‌رنه‌كێشرێن.
عورف و عاده‌ته‌كان سه‌ره‌تا ئه‌و نه‌زم و رێ‌و شوێنانه‌ن كه هه‌ر گروپێكی ئاده‌میی له چوارچێوه‌ی جه‌ده‌لییه‌تی وه‌ڵام بۆ هه‌ر وروژێنه‌رێكی ده‌ور و به‌ر دێنه ئاراوه، ئه‌مانه ورده ورده ده‌بن به شێوازی ژیانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك و پاشان له قالبی كولتوور داده‌ڕێژرێن و دواتریش كۆمه‌ڵگه وه‌ك فه‌لسه‌فه لێیان ده‌ڕوانێ. ئه‌مانه‌ن لۆبۆن پێیوایه دره‌نگ درووست ده‌بن و دره‌نگیش ده‌سڕێنه‌وه، ئه‌م دره‌نگ درووست بوون و دره‌نگ سڕانه‌وه‌یه خه‌سڵه‌تی ره‌ها ناداته عورف و عاده‌ت به قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌دات وه‌ك یاساگه‌لێك نیشانیان بدات تاوه‌كو كۆمه‌ڵگه یا نه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی ئه‌م پرنسیپانه‌دا بجولێته‌وه و خودی خۆی نمایش بكات.
لۆبۆن زۆر قسه له‌سه‌ر (گیانی ره‌گه‌زه‌كان) ده‌كات و پێیوایه به‌یه‌كه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو خه‌سڵه‌ته به‌یه‌كچوانه‌ی تاكه‌كانی یه‌ك ره‌گه‌ز سه‌ره‌نجام خه‌سڵه‌تی یونیڤێرساڵ ده‌داته جه‌سته‌ی ره‌گه‌زه‌كه و وا وه‌دیار ده‌كه‌وێ ئه‌وه روحێكه و به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌جولێ.
ئه‌م رۆحی گروپ یا نه‌ته‌وه‌یه پێ به پێ له‌گه‌ڵ به‌سه‌رچوونی زه‌مه‌ندا تین و تاقه‌تی دیكه‌ی وه‌به‌ر كه‌وتۆته‌وه و تا هاتوه ئه‌م خه‌سڵه‌ت و ره‌فتارگه‌له‌ی له چوارچێوه‌ی عورف و عاده‌تدا بوون ناوه‌رۆك و شكڵی دیكه‌یان به‌خۆوه گرتووه و وه‌ك سیستمێكی به‌هایی په‌یڕه‌و كراون، شكڵگرتن و ناوه‌رۆك گۆڕینی عورف و عاده‌ت و به‌هاكان تا ده‌ركه‌وتنی رۆشنگه‌ریی له ئه‌وروپا زۆر هێواش بوون و زه‌مه‌ن ئه‌وه‌نده به خێرایی كاریگه‌ریی خۆی له سه‌ریان دانه‌ده‌نا.
له‌گه‌ڵ رۆشنگه‌ریی مرۆڤ وه‌ك بكه‌رێكی ئازا و بوێر هاته مه‌یدان، له‌وێدا به‌سه‌ره‌تایه‌كی هاوسه‌نگ لای دیكارت ده‌ستیپێكرد و عاقڵانه‌ش به سپینۆزا و كانتدا تێپه‌ڕی، كه‌چی تا ده‌هات سه‌ركێشییه‌كان زیاتر ده‌بوون تا وایلێهات له مۆدێرنیزم‌دا له پۆزێتیڤیزم و حه‌تمییه‌تی زانستیی گیر بوو، هه‌ر ئه‌و گیر بوونه بوو تاوه‌كو ئه‌مڕۆ مرۆڤی گه‌یاندۆته ئاستی ماشێن و عه‌قڵه‌كه‌شی زۆر ئالییانه ده‌بزوێنێ. ئه‌م بازدانه به‌سه‌ر (رۆح) تاكی كات و شوێنی مۆدێرنه‌ی به‌تاڵكردۆته‌وه له‌و خه‌سڵه‌ته هه‌میشه‌ییانه‌ی لۆبۆن پێیوایه رۆحی گه‌ل و نه‌ته‌وه پێكده‌هێنن و كارڵ گۆستاڤ یۆنگیش پێیوایه نه‌ستی به‌كۆی ئه‌وان.
یۆنگ هۆكاری سه‌ره‌كیی قه‌یرانه به‌هایی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌وروپا بۆ غیابی رۆح ده‌گێڕێته‌وه و ئه‌و روحه‌ش لای ئه‌و له سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌كانه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆمه‌ڵگه ده‌چێ نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. به‌ڵام له مۆدێرنه‌دا زانست په‌رستی و عه‌قڵگه‌رایی ره‌ها بازیان به‌سه‌ر گرنگترین فه‌زادا هاویشت كه مرۆڤه‌كان پێشتر له‌وێدا ده‌حه‌سانه‌وه و ره‌زامه‌ندیی رۆح و ره‌وانی خۆیان وه‌ده‌ست ده‌هێنا. ره‌زامه‌ندیی رۆحیی و ره‌وانیی له درێژه‌ی بوونی مرۆڤدا تاكه هه‌توان و وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسانه بوون كه مرۆڤ سه‌ری لێیان سووڕ مابوو و كاتێ به وه‌ڵامێك قه‌ناعه‌تی ده‌هات ئیدی ده‌حه‌سایه‌وه و به مه‌ش زۆر كه‌متر ده‌كه‌وته باری راڕایی و دڵه‌ڕاوكێوه.
له‌و زه‌مه‌ندا مرۆڤه‌كان ده‌رووندروستر بوون و كه‌متر ناهاوسه‌نگیی ده‌روونیان پێوه‌دیاربوو، له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌دا هاوسه‌نگییه‌كان له‌به‌ر یه‌كترازان، چوون له جیاتی ئه‌وه‌ی عه‌قڵ و رۆح ده‌ست له ملانێی یه‌كتر بن و به یه‌كه‌وه كاروانه‌كه به‌ڕێوه ببه‌ن، عه‌قڵ شه‌قێك له رۆح هه‌ڵده‌دات و سه‌ره‌نجام له‌و شه‌ڕه‌ی داماڵینی قودسییه‌ته‌دا عه‌قڵ كه‌واو سه‌ڵته‌ی پیرۆزیی ده‌كاته به‌ر و ئیدی ئه‌و ئیجازه‌ی ته‌ریقه‌ت ده‌به‌شێته‌وه. عه‌قڵ هیچ ئه‌یقونێكی تری جگه له خۆی نه‌هێشته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له نائارامیی ده‌روونی و عه‌قلی و رووحیدا په‌نای بۆ به‌رین، ئه‌م عه‌قل ئامێرییه تاوه‌كو ئێستاش له هه‌موو جومگه زانستی و كولتووری و ئه‌خلاقیی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا بوونی هه‌ره به‌هێزی هه‌یه و وه‌ك میتۆدێك راستی و درووستی و دووری و نزیكی تێزه‌كانی له پێوه‌ره‌كان پێ ده‌پێورێ.
ئه‌م نه‌زعه‌ی بێ رووحكردنی مرۆڤه‌كان كوێرانه له خۆرهه‌ڵاتیش و ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت وڵاتانی كه‌نار به‌سترابۆوه به ناسیونالیزم و وه‌زیفه‌ی داماڵینی تاكه‌كان له بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه به نه‌ته‌وه‌گه‌راكان سپێردرابوو و ئه‌وان پێیانوابوو رزگاربوون چه‌مكێكی به‌رفراوانه و ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كان له خۆ بگرێ و ئه‌وه‌بوو مۆدێلی ناسیونالیزمی ئه‌وروپی به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌گه بنچینه‌ییه‌كانی نه‌ته‌وه و بێ گونجاندنی له‌گه‌ڵ واقیعه كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به هێز پیاده‌كرا و له‌وێ رۆژێوه تاوه‌كو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ چوارچێوه چاره‌ییه ئه‌لته‌رناتیڤه ماركسی و ئیسلامی و نیمچه لیبڕاڵه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م مۆدێله كلاسیكه ناسیوناڵییه له شه‌ڕدان و سه‌ره‌نجام له‌وه‌ی به هه‌ڵه پێیده‌ڵێن (به‌هاری عه‌ره‌بی) و له بنچینه‌دا (زستانی عه‌ره‌به) هه‌ره‌سی ئه‌م ته‌رزه ناسیونالیزمه زۆر دراماتیكیانه ده‌بینین.
وه‌نه‌بێ رێگه‌چاره‌ی ماركسی كه هه‌ر له بنچینه‌دا ئه‌ویش هزرێكی قه‌رزكراوی ئه‌وروپی بوو له ناسیونالیزمی تێپه‌ڕاندبێ و توانیبێتی له‌و زیاتر له خواسته فیترییه‌كانی نه‌ته‌وه و له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه هاوبه‌شه یونیڤێرساڵه ریشه‌داره‌كان نزیكتر بێته‌وه، ئه‌ویش له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند كۆلكه خوێنده‌وارێكی بژارده‌ی ئه‌وتۆوه كه هه‌ر راگوزه‌ریانه پیاسه‌یه‌كیان به نێو لاپه‌ره‌ِكانی ماتریالیزمی دیالێكتیكیدا كردبوو و له هیچ یه‌ك له یاساكانی تێنه‌گه‌یشتبوون گوازرایه‌وه سه‌رزه‌مینه جه‌نجاڵه‌كان و یه‌كسه‌ر هه‌موو وجودی روحی و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌كانیان خسته ژێر پرسیاری گوماناوییه‌وه و سه‌ره‌نجام له‌وێ رۆژێوه تاوه‌كو ئێستا شاهیدی تادێ بچووكبوونه‌وه‌ی قه‌واره‌ی فیزیكی و هزریانین و ئه‌وانیش كاریكاتێره‌كه‌ی رۆزئه‌لیوسف وته‌نی له‌مه‌ولا هه‌ر ده‌بێ سه‌له‌وات لێده‌ن.
ئیسلامییه‌كانیش به‌ختی خۆیان له خستنه رووی چاره‌ی ئیسلامی بۆ كێشه نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری و ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كانیان تاقیكرده‌وه و چوون روانینی ئه‌وانیان(ناسیونالیزم و ماركسیزم) بۆ ئاینده‌گه‌رایی بینیبوو، تێزی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌سڵه‌كان و بۆ سه‌له‌ف وه‌ك رابردووگه‌راییه‌كی بونیادگه‌ر به په‌سه‌ند زانی و ئه‌وه‌ش له بنچینه‌دا فه‌شه‌لی ناسیونالیزم و ماركسیزمی له چاره‌ی كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌گه‌یاند.
ئیسلامییه رابردووگه‌راكان هه‌ر له سه‌ره‌تای چه‌كه‌ره‌كردنی فیكری سیاسیانه‌وه به هه‌ڵه كه‌وتنه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نوێگه‌رایی و نوێبوونه‌وه‌ی هزرییه‌وه كه له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م رووی له وڵاته‌كانیان كردبوو ئه‌وان ته‌نها به‌چه‌كی فیقه وفیكری ئیسلامی كه‌وتنه شه‌ڕ و بونیاده كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی و توراسییه مێژووییه‌كانیان له كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌كانیان خسته پشتگوێ و به ته‌نها هه‌ر خۆیان گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو و كه‌سی دیكه‌یان له غه‌یری خۆیان له‌گه‌ڵدا نه‌چووه‌وه، جگه له‌وه له جیاتی ئه‌وه‌ی له غیابی رۆحه‌وه ده‌ست پێبكه‌ن و ئه‌وه‌ی به‌ر له تێزی ئه‌وان به فه‌شه‌ل گه‌یشت ئه‌وان بیكه‌ن به بیانوو، زیاتر رۆحیان وه‌لاوه‌نا و كاهینه سیاسییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له جێگای خودا دانیشتبن و نماینده‌ی ئه‌و بن هه‌ڵس و كه‌وتیان ده‌كرد و تا ده‌هات خه‌ڵكیان له سه‌رچاوه رۆحییه‌كان زیاتر دوور ده‌كرده‌وه و سه‌ره‌نجام ده‌ركه‌وت ئه‌وانه نه‌ك هه‌ر وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێش خۆیانن به‌ڵكو وجودی تاكه‌كان ده‌دزن و به‌گشتی كه‌سه‌كان له خۆیان ون ده‌كه‌ن.
ئه‌م سه‌فه‌ره دوور و درێژه‌یان بۆ ریشه‌كانی خۆیان غه‌زرینێكی سایكۆلۆژییانه‌ی پێوه دیاربوو و رێك گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه بۆ منداڵی هزر یا خۆ دزینه‌وه‌یه‌كه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و تێزانه‌ی كه پێیانوابوو له خاكی ئه‌وان ناڕوێن و هه‌ر بۆیه‌ش تاوه‌كو ئێستا هه‌م له خه‌ڵكی غه‌یره خۆیان و هه‌م له خۆشیان تووڕه‌ن و نه‌یانتوانی به‌ته‌نها رووبه‌ڕووی هێرشه فه‌رهه‌نگییه‌كانی خۆرئاواش ببنه‌وه و له‌م شه‌ڕه‌شیاندا تاوه‌كو ئێستا یه‌ك ره‌هه‌ند و یه‌ك چه‌كیان به ده‌سته‌وه‌یه.
تێزی ئه‌وانیش پڕۆژه‌ی نامۆتركردنی نه‌ته‌وه بوو به خۆی و به هه‌موو پێدراوه تازه‌كانی بوون ، هه‌ربۆیه زنجیره ته‌مسیلییه سیاسییه‌كانی ئه‌وانیشمان له ئێران و ئه‌فغانستان و باشووری عێراق و ئێستاش وا خه‌ریكه له میسر و یه‌مه‌ن ده‌بینین.
رۆح هه‌ر به ته‌نها ئه‌و جه‌مسه‌ره نییه له دوانه‌ی (جه‌سته+رۆح) دا بوونی ئاده‌میی هه‌ڵده‌سوڕێنێ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌نارانه‌ن كه ئینسانه‌كان له سه‌ریاندا یا له نێویاندا جیهان و دنیای ئه‌لته‌رنه‌یتیڤی ئه‌وتۆ پێكه‌وه ده‌نێن تاوه‌كو هه‌میشه به دوا ئه‌و ئارامییه‌دا بگه‌ڕێن كه به حه‌تمی كاریان پێیه‌تی تاوه‌كو له گرفت و كێشه و زێقه‌تی و ماندووبونه‌كانی عه‌قڵ بحه‌سێنه‌وه.
رۆح فه‌زای حه‌سانه‌وه‌ی مرۆڤه و هه‌ر له‌وێدا پرسیاره‌كان درووست ده‌بن و پلانه‌كان گه‌ڵاڵه ده‌بن و پڕۆژه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی جه‌سته ده‌یكا ئه‌گه‌ر بۆ ئارامیی به‌خشین نه‌بێ به‌وه‌كه‌ی دیكه‌مان كه رۆحه(ره‌وان یا ده‌روون) ئه‌وا هه‌میشه ئینسان له ناكۆكییه‌كی ره‌هادا به‌سه‌ر ده‌بات و هه‌ر ئه‌وه‌شه دنیای ئێستای به تایبه‌ت ئه‌وروپای خستۆته قه‌یرانێكی لێكترازانی كولتووره‌وه و ئه‌مه‌ش به شێوازی ژیانی گشتیانه‌وه دیاره و تاكه فه‌زای زاڵ له ژیانی ئه‌واندا عه‌قڵه به بوونه ئه‌بستراكته ماتریاڵییه‌كه‌یی و ئه‌گه‌ر هۆشهاتنه‌وه‌به‌رێك له ئێستادا له ئارادایه ئه‌وا له‌به‌ر رۆشنایی فیكری هه‌ندێ فه‌یله‌سووف و بیریاری گه‌وره‌یه كه پێیان وابوو ئه‌گه‌ر ئاراسته‌كه هه‌روا بڕوا ئه‌وا شه‌ڕی ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌یه له عه‌قڵ كه له تاكه‌كه‌ی دیكه‌ی دابڕاوه كه ( رۆح) ه و به ته‌واوی ماڵی خۆی لێكردبوو.
ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ك كورد و ئه‌وانه‌ش كه قه‌ده‌رێكی مێژوویی به‌یه‌كییه‌وه كۆكردووینه‌ته‌وه له روانگه‌ی ئاسته‌كانی فیكری خۆماڵییه‌وه كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و تۆڕێكی به‌هایی و به مانایه‌كی تر كولتوورێك تا ئێره‌ی هێناوین بیرنه‌كه‌ینه‌وه و تێزی هزری خۆماڵی بۆ چاره‌ی كێشه جۆراوجۆره‌كانمان نه‌خه‌ینه روو و بێ ئه‌وه‌ی بیربكه‌ینه‌وه یه‌كسه‌ر نه‌سه‌قه هزرییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دوور له سه‌ر بنه‌مای( گیای دوور ده‌رمانه) به‌گران به خه‌ڵكی خۆمان بفرۆشینه‌وه، ئه‌وا دره‌نگ به كاروان راگه‌یشتنه و دوای ئه‌وه‌ی خه‌ریكه ده‌هۆڵه‌كه رمبه‌ی ده‌بڕێ به دوا ده‌هۆڵچییه‌كان ده‌كه‌وین.
رۆحی ئێمه كه‌ناری تایبه‌ت به خۆی هه‌بوو بۆ ئارامبوونه‌وه و هه‌ر كاتێك كه هاوسه‌نگییه‌كان ده‌ترازان به سووكه پیاسه‌یه‌ك به‌و كه‌نارانه‌دا هه‌ناسه‌یه‌كی ره‌حه‌تمان به‌به‌ردا ده‌هاته‌وه، ئیدی ناوه ناوه‌ش تا ئه‌و ده‌مه‌ی كۆلكه خوێنده‌واره‌كانمان له هه‌ڵه‌و باش حاڵینه‌بوونێكی مه‌عریفیدا نه‌یانتوانی هزر و مه‌عریفه‌ی خۆمان له‌گه‌ڵ هزری گه‌شه‌سه‌ندووی خۆرئاوادا موتوربه بكه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌وه داری مه‌عریفه‌ی ئێمه‌یه هێز و تین ده‌داته ئه‌و و ده‌یڕوێنێ ئیدی تا ئه‌و كاته ئه‌وه‌ی ئێمه به‌رهه‌ممانهێناوه هیچه و ئه‌وه‌ی له‌مه‌ولاش به‌رهه‌می ده‌هێنین هه‌ر هیچ.
جارێكیان قوتابییه‌كی خۆم له زانكۆ به هه‌ڵه له هه‌ڵوێستی من به‌رامبه‌ر موزیكی خۆرئاوا تێگه‌یشتبوو و ده‌ستی هه‌ڵبڕی و وتی :- مامۆستا هه‌ست ده‌كه‌م تۆ موزیكی خۆرئاواییت لا په‌سه‌ند نییه و حه‌زی لێناكه‌یت، منیش وتم :- له مه‌یان هه‌ڵه‌یت من ره‌فزی هیچ شتێك ناكه‌م و گوێ بۆ موزیكی هه‌مه چه‌شنیش ده‌گرم، وه‌لێ ئه‌وه‌ی كێشه‌یه ئه‌وه‌یه هیوام وایه تۆ و هاوڕێكانیشت كه دوای ده‌رچوونتان به‌كالۆریۆستان ده‌بێ له موزیك و له‌وانه‌یه باڵاتریش بچن هیوادارم تا ئه‌وه‌نده به‌رهه‌مهێن بن له نێو كولتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆتاندا و ئه‌وه‌نده هێز به‌رهه‌م بێنن توركێك ناچار بكه‌ن و رایكێشن بۆ ئه‌وه‌ی گوێ بۆ موزیكی كوردی بگرێت هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وان زۆربه‌مانیان راكێشاوه‌ته نێو دنیای ده‌نگ و موزیكی خۆیان، فارسێكیش وا لێبكه‌ی گوێ بۆ موزیكی كوردی بگرێت و به هه‌مان شێوه عه‌ره‌بێك و ئینگلیزێك و ئه‌ڵمان و ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسی و …….تاد، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت كرد ئه‌وا له بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی كولتووری نه‌ته‌وه‌كاندا توانیوته ره‌واج به كاڵای فه‌رهه‌نگیی و هونه‌ریی خۆت بده‌ی و ببی به كه‌سێك نیشانه ده‌بی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه به‌راست نه‌ته‌وه‌یه‌كی چالاكه له بواری كولتووریدا و ده‌توانێ هه‌ر به ته‌نها وه‌رگر نه‌بێ به‌ڵكو نێره‌ریش بێت.
دواتر وتم ئێمه ئه‌وه‌مان تا ئێستا پێنه‌كراوه هه‌ر بۆیه ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان له‌سه‌ر ئاوازه‌كانی خۆیان هه‌ڵمانده‌په‌ڕێنن و ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌و بواره نییه ئه‌وه‌تا له هه‌موو بازاڕه‌كانی دیكه‌ی ئابووری و سیاسیی و بازرگانی و كۆمه‌ڵایه‌تیش دۆڕاندوومانه و كه‌ل و په‌ل و كاڵای خۆمان پێ ساغ ناكرێته‌وه و ناچار له خواردنه‌كانیشمان تا ئه‌و ئاسته رۆیشتووین نان و ئه‌ستووك و سه‌موونی ئه‌وان ده‌خۆین .
ئه‌وه به‌هێزتره‌كانن له ئێمه ناچارمان ده‌كه‌ن به قه‌ناعه‌ته‌وه خۆمان پێ هیچ بێ و باوه‌ڕێكی مه‌سلوبمان هه‌بێ كه به ڕاست ئێمه له‌وان كه‌مترین و هه‌ربۆیه‌ش با ئه‌وان چیان كرد ئێمه‌ش وا بكه‌ین و ئه‌وه‌تا ئه‌م لاساییكردنه‌وه‌یه نه‌ك به قژ و ده‌م و چاو و جل و به‌رگمان و خواردن و بازاڕی ئابووری و بازرگانیی و سیاسیمانه‌وه دیاره به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه نێو په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و ده‌مێكه چه‌رچی و سه‌مسار و ئه‌هلی ئه‌م بازاڕه په‌روه‌رده و ئه‌خلاق و به‌هاكانیشمان له خۆرهه‌ڵاته‌وه بۆ ده‌هێنن و له دوو توێی یاری سیستم سیستمانێدا خزاندوویانه‌ته نێو وه‌زاره‌ته‌كانیان و له‌وێشه‌وه به زۆر ده‌یئاخننه مێشكی مناڵ و هه‌رزه‌كار و گه‌نجی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه خێر له خۆ نه‌دیوه.
ئه‌م كه‌نارگیركردنه‌ی رۆحی مێژوویی نه‌ته‌وه و بێهێز ناسینی هه‌ستێكی خۆ به‌كه‌مزانینه و له جیاتی ئه‌وه‌ی تاكه‌كانی نه‌ته‌وه فێری ئه‌وه بن چۆن چۆنی به‌سه‌ر ئه‌م هه‌ستانه‌یاندا زاڵ ده‌بن ، رێك به‌ره‌و ئه‌وه‌ی بردوون به ستراتیژی ملكه‌چیی و خۆ به‌كه‌مزانی له به‌رامبه‌ر هه‌موو هێزمه‌ندێكی ده‌ره‌وه بچوك بنه‌وه و فڕۆم وته‌نی له ئازادییه راسته‌قینه‌كانی خۆیان راكه‌ن و راحه‌ت له‌و هێزانه وه‌رگرن به فیكری خۆیان ئه‌گه‌ر روویان لێوه‌ربگێڕن ئه‌وا غه‌زه‌بیان لێده‌گرن، هه‌ر بۆیه‌ش (مانه‌وه) له‌م ستراتیژه شێوه مازۆخییه‌دا ده‌بیننه‌وه.
ئه‌م مانه‌وه‌یه ته‌نها مانه‌وه‌یه‌كی فیزیكیانه‌یه و نه‌زانینی گێڕانه‌وه‌ی ئیعتیباره بۆ بوونه مه‌عنه‌ویه‌كه كه رۆحه و به‌مانا گشتییه‌كه‌شی رۆح ئه‌و مه‌جازه‌یه له قالبی كۆمه‌ڵێك پرنسیپدا كه لۆبۆن پێیوابوو هه‌رچی هه‌یه له سیستم و ئاداب و هونه‌ر له‌مانه پێكدێت و زۆر به زه‌حمه‌ت درووست ده‌بن و زه‌حمه‌تتریش ده‌سڕێنه‌وه.
به‌كورتیی تا ئێستا ئێمه وه‌ك بوونه نه‌ته‌وه‌ییه گه‌وره‌كه كه كورده نه‌مانتوانیوه كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین وه‌ك خودێكی گه‌وره چیدی پشت به ده‌ره‌وه‌ی خۆمان نه‌به‌ستین و متمانه‌مان به‌وه هه‌بێ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ده‌توانین له سه‌رچاوه راسته‌قینه‌كانی خۆمانه‌وه هێز به‌رهه‌م بهێنین و نرخمان بۆ خۆمان و رێزیشمان بۆ خوده گه‌وره‌كه له تێگه‌یشتنێكی ته‌واوی تواناكانمانه‌وه بێ. ئه‌م نه‌توانینه سستییه‌كی به‌رجه‌ست و به‌رهه‌ستی داوه‌ته عه‌قڵمان و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه وای كردووه ته‌نانه‌ت وه‌ك نه‌ته‌وه كه‌مترین به‌شداریمان له شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تیدا دیار بێ و وه‌ك ماتریاڵ مابێته‌وه.
ئه‌مه دان پیانانێكی راسته و با چیدیكه‌ش (با) له كه‌وڵی خۆمان نه‌كه‌ین و خۆمان وه‌ك هه‌بووین و وه‌ك هه‌ین ده‌رخه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌كرێ ئه‌وه‌یه تواناكانی خۆمان له‌مه‌ولا بناسین و له‌و ناسینه‌وه به‌ره‌و ناسینی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان هه‌نگاو بنێین و له رێزمان بۆ خۆمان و بۆ تاك به تاكی نه‌ته‌وه و هاوڵاتیانمانه‌وه به‌ره‌و رێزگرتن له ده‌ره‌وه بچین .
راستیی ئه‌وه‌ی كه (ئه‌وه‌ی هێز به‌رهه‌م نه‌هێنێ و له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا جۆگه‌له‌ی بۆ هه‌ڵنه‌به‌ستێ ئه‌وا تا هه‌تایه له‌سه‌رچاوه‌ی خه‌ڵكی تره‌وه ده‌خواته‌وه) و ئه‌وانیش هه‌میشه خاوه‌ن ده‌ست پێشخه‌ری ده‌بن و ده‌توانن رووداو درووست بكه‌ن و ئێمه‌یش به‌و لاوازییه هیچمان پێ نانێردرێته ده‌ره‌وه‌ی خۆمان و هه‌ر به وه‌رگرێكی سلبیی ده‌مێنینه‌وه و وه‌ك دابه‌سته و گیسكه‌كه‌ی هه‌یاسمان لێده‌كه‌ن.
محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن