
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ کوردستان و جگه له ژیانێکی شه‌ره‌فمه‌ندانه هیچی دیکه‌م ناوێت
ساڵێک زیاتره ئه‌م بابه‌ته‌م نوسیوه‌و کۆمه‌ڵێک هۆکار که په‌یوه‌ندیان به بارودۆخی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و تاد. هه‌یه ڕێگر بووه له‌بڵاوکردنه‌وه‌ی، ئیتر هه‌روا ماوه‌ته‌وه‌و به‌و هیوایه‌ی که‌مێک بارودۆخه‌که له‌بار بێت و که‌له‌کاتی بڵاوکردنه‌وه‌یدا که‌س به خائین و نیشتمانفرۆش و بێ ئینتیما بۆ نه‌ته‌وه‌و بۆ ئینسانیه‌تمان نه‌زانێت. به‌ڵام وا پێده‌چێت که ئه‌و بارودۆخه، به‌م نزیکانه هه‌ر نایه‌ته‌دی.
ئێمه، کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی و توێژێکی به‌رفراوانی کۆمەڵگای کوردین، باوه‌ڕمان به هیچ ئایینێک نییه، لەزه‌مه‌نی ده‌رکه‌وتنی ئایینه‌وه ئێمه‌ش هه‌ین، یاسا‌و ڕێسای هیچ ئاینێک کاریگەری له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، ئایدۆلۆژی، فەرهەنگی و ژیانی ڕۆژانەمان نییە، سۆز‌و پشتگیریمان، یاخود ڕق و کینه‌مان بۆ هیچ ئاینێکیش نییه. کارمان دوور بووە لە توند‌و تیژی و تەنهاو تەنها نوسین و په‌نابردن بووه بۆ شێوازه‌کانی دەربڕین. لۆژیک و بیرکردنه‌وه‌و تێڕوانینمان پشتبەست بووە بە به‌ڵگه‌ی پڕ لە بنه‌مای زانستی. باوه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌ی ته‌واومان به بڕگەو مادەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هەیە، له‌هه‌موو شوێنێکیش هه‌ین و بەناو ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەری و دیموکراتی و هەمە چەشنەییەکاندا شۆڕ بوینەتەوەو پاڵپشت به‌پرۆسه‌و به‌رهه‌مه‌کانی زانست، شارستانییه‌ت، دیارده مێژوویی و سروشتیه‌کان، لۆژیک و داهێنانه هاوچه‌رخه‌کانی مرۆڤایه‌تی، ڕه‌خنه لە گوتارەکانی ئایین ده‌گرین تا به‌رگری له ژیانی مرۆڤەکان بکەین به‌و ئاواته‌ی له ئاینده‌دا ژیانێکی ئابڕومه‌ندانه بۆ مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆمان به‌تایبه‌تی ده‌سته‌به‌ر بکرێت.
به‌ڵام ئێمە له‌سه‌ر دەربڕین و نوسینەکانمان، هیچی تر نا ته‌نها له‌سه‌ر دەربڕین و نوسین، بە درێژایی مێژوو سوکایه‌تیمان پێکراوە، بە هەزارانمان سه‌رکوت کراوه، به‌سەدانمان زیندانی کراوەو تیرۆر کراوه، یان له‌ترسی فتوای پیاوانی ئایینی خۆمان حەشارداوە. ئێستا ئێمه توێژێکی بێده‌نگکراوی هه‌ڕه‌شه‌لێکراوی سه‌رکوتکراوی تیرۆرکراوی ناو کوردستان و شاراوەی هه‌ڵاتووی خاک و نیشتیمانی خۆمانین، نه‌ک ته‌نیا له به‌شێکی کوردستان به‌ڵکو له‌هه‌ر چوار به‌شه‌که‌ی بێ خاک و مه‌ئواین، یان له ناو گۆڕ یاخود له‌ژێر به‌زه‌یی توڕه‌بوونی ئایینزاو و سێبه‌ری شمشێری جه‌للاده‌کانی توندڕه‌وانی ئاییندا ژیان ده‌گوزه‌رێنین، نه ده‌سه‌ڵاتداران توانیویانە به ئاشکرا پشتگیریمان بکه‌ن نە بۆ چرکە ساتێکیش یاساکانی کوردستان لەبەرژەوەندی ئێمە سەروەر بووە. هەتا ئێستا بەئاشکرا یەک بڕگەی یاسا‌و یەک دێڕو یەک بڕیاری ئاشکرا لە بەرژەوەندی ئێمە جێبەجێ نەکراوە. لە کاتێکدا ئەم تووێژەی ئێمە پشکی شێری هەبووە لەبەرپابوون و درێژەپێدان و پێشکەوتنی ئەم شارستانیەتی کە ئێستا کۆمەڵگاکەمانی تێدایە، بەشێکی باشی لەپێشکەوتنەکانی هەموو پارت و ڕێکخراوێکی زانستی، فەرهەنگی، فکری و فەلسەفی بەردەکەوێت. لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا قوربانی گەورەو زەبەندەمان دا تا توانیمان زۆربه‌ی لاوان و گەنجانمان لە کردەی سەربڕینی ئینسان و تەقینەوەی تی ئێن تی دوور بخەینەوە و ڕووبکەنەوە زانست و زانیارییەکان و چیتر نەبنە نێچیری ئاینزاو توندڕەوانی دونیای خورافە. قوربانیی زۆر‌و زەبەندەمان دا تا توانیمان هوشیاری کۆمەڵایەتی لەناو چین و توێژەکانی ئافرەتاندا بڵاو بکەینەوە تا چیتر بەناوی ناموسپەرستییەوە لە کۆڵان و دەشتەکاندا بە بڕینی لوت و گوێ ئەتکیان نەکەن و لە شەقامەکاندا بە تێزاب قاچ و دەموچاویان داخ نەکەن و لە حەمامەکاندا نەیانسوتێنن.
ئێستا له کوردستاندا به هه‌زاران مزگه‌وت و په‌رستگای دینی تێدایه، به سه‌دان ته‌کیه‌و په‌یمانگاو ماڵی دینی، به ده‌یان ڕۆژنامه‌ی دینی، گۆڤاری دینی، که‌ناڵی ئاسمانی دینی، ڕادیۆی دینی، تۆمارگاو چاپخانه‌و بڵاوکراوه‌ی دینی هەن، چه‌ندین حزب و ڕێکخراوی دینی هەن، ته‌نانه‌ت له ٩٩،٩%ی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی دروشمی میدیای ئازادیان هه‌ڵگرتبوو ئێستا بوونه‌ته به‌شێک له خیتابی دینی و شه‌ریکی جه‌للاده‌کانن و لاپه‌ڕه‌کانیان خستۆته خزمه‌تی دین و دینداره‌کان، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه له‌جیاتی ڕیش بۆینباخیان به‌ستووه. پیاوانی ئاینیش پاڵپشت بەچەندین حزبی ئاشکراو نهێنی، زۆر بێ خەمانە قوتابخانەی بیری توندڕەویان دروستکردووەو زۆر خەمساردانە عەشاماتێکی زۆریان بەرەو مردنی نادیار بردووە، شمشێرەکەیان پێش هه‌موو که‌س گه‌ردنی ده‌یانی وه‌ک عه‌بدولخالق مه‌عروفیان بڕیوه.
ئێمه‌ش، یه‌ک بست خاک بۆ دانیشتن و یه‌ک سه‌ربان بۆ سێبه‌رو یه‌ک شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن بۆ بینین و یه‌ک ڕادیۆ یان یه‌ک مایکرۆفۆن بۆ ده‌نگ و یه‌ک بڵاوکراوه بۆ نوسینمان شک نابه‌ین، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه به‌هه‌زار ده‌ردی سه‌ری و به‌چه‌ندین قوربانی ئینجا توانیومانە کتێبێک به‌ناوی خواستراوه‌وه بڵاو بکه‌ینه‌وه.
با مێژوو گه‌واهیمان بۆ بدات که ئێمه جگه له ژیانێکی ئابڕومه‌ندانه هیچی ترمان نه‌ویستووه. ده‌مانه‌وێت ئازاد بین، ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ جوتیارێک، کرێکارێک، پزیشکێک، فێرخوازێک، حاخام و قەشەیەک، ته‌نانه‌ت وه‌ک فەقێ و شێخ و سەیدو مەلایەک، بازرگان و سیاسییەک کار بکەین، بخۆین و بخەوین، بدوێن و بنوسین، ئازاد بین و جیاوازیمان نه‌بێت، بەوێنەی پارت و ڕێکخراوەکانی پیشەیی، جەماوەری، دیموکراتی، بەهەموو جۆرە گوتارێکی ئایدۆلۆژی و ئایینیانەوە لە ئەرک و ماف‌دا یەکسان بین. وه‌ک چۆن هه‌ندێک ده‌یانه‌وێت دین بکه‌نه ده‌وڵه‌ت، ئامانجی ئێمه‌ش جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ته‌و تێکه‌ڵبوونی دین و ده‌وڵه‌ت به سه‌ره‌تاو بنه‌ماو ڕه‌گی داکوتراوی ته‌واوی کێشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌کان ده‌زانین، به به‌رپرسی یه‌که‌م و کۆتایی هه‌موو به‌دبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شیی کۆمه‌ڵگاکه‌مانی ده‌زانین جا ئه‌گه‌ر سه‌رۆک خێڵێک کردبێتی یان سه‌رۆک کۆمارێک، یه‌کێکیان کوشتبێت یان پرۆسه‌ی کۆمه‌ڵکوژیی به وێنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالیان جێبه‌جێ کردبێت.
ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره ئه‌م چکه ئازادیه‌ی ئێستا له کوردستاندا هه‌یه، ئه‌م تێڕوانینه زانستیه‌ی له کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا هه‌یه، ئه‌و ئازادی پۆشینه‌ی لای ژنان هه‌یه‌و به‌ره به‌ره زیاد ده‌کات، به‌رهه‌می سیاسیی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت و پارت و حزب و مزگه‌وته‌کانی کوردستان نییه، بۆ ئه‌م واقیعه‌ی که هه‌یه قه‌ڵه‌م و قاره‌مانی وامان له‌ده‌ستداوه که زۆر سه‌خته به وێنه‌ی ئه‌وان دروست ببنه‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستا به‌خت یاوه‌رمان نه‌بووه، ده‌رگای ته‌واوی که‌ناڵه‌کانمان لێ داخراوه‌و که‌سێک شک نابه‌ین له کوردستاندا بابه‌تێکمان بۆ بڵاوبکاته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنه‌و ئه‌و هه‌موو ڕادیۆو تی ڤی و گۆڤار‌و ڕۆژنامه به‌ناو ئازادانه یه‌ک شاشه‌و یه‌ک لاپه‌ڕه شک نابه‌ین بابه‌تێکی تێدا بڵاوبکه‌ینه‌وه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆیان ده‌نێرین، که ده‌بینن به‌گژ ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تدا ناچنه‌وه، که بۆیان ده‌رده‌که‌وێت به‌ناوی سه‌رچاوه‌ی وه‌همیه‌وه بوختان بۆ ئه‌م حزب و بۆ ئه‌و ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵنابه‌ستین، که دڵنیا ده‌بن له‌وه‌ی شه‌ڕی ئێمه شه‌ڕێکی ڕاسته‌قینه‌یه‌و شه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌ش پاره بۆ میدیا به‌ناو ئازاده‌کانی ئه‌وان په‌یدا ناکات به‌ڵکو به‌ره‌و نانبڕاوییان ده‌بات و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمان هه‌ڵته‌کاندنی ڕه‌گوڕیشه‌ی ناعه‌داله‌تییه، شه‌ڕی گێڕانه‌وه‌ی حورمه‌تی مرۆڤایه‌تییه‌و دووره له مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات و پاره‌وپول، شه‌ڕێکه ته‌نها به کوڕه ئازاکان ده‌کرێت، ئیتر ده‌چنه‌وه ناو قاوغه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆیان و له ترسی خوتبه‌ی مه‌لایه‌ک باوه‌شیان کردووه به چه‌ندین صه‌حابه‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتووی ئیسلامی و گورگه ئاده‌میه‌کانی تر، به‌ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌ی ئازاده‌وه خه‌ریکی سه‌ربڕینی قه‌ڵه‌مه‌کانن.
هه‌ر هه‌موو که‌ناڵه‌کان، به تایبه‌ت ڕۆژنامه‌کان، که ئێستا له‌ئاست ئه‌و هه‌موو سوکایه‌تی و بێبه‌هاییه‌ی دین به مرۆڤایه‌تی ده‌یکات، بێده‌نگن و جورئه‌تی ئه‌وه ناکه‌ن دوو وتاری ئێمه بڵاو بکه‌نه‌وه‌و بوێر نین بڵاوکردنه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌کانمان و بوونه‌ته شه‌ریکی جه‌للاده‌کان، بۆیان نیه شانازی به به‌رهه‌مه‌کانی ئازادییه‌وه بکه‌ن و خۆیان به ئامۆزای قوربانیه‌کان بزانن. به‌ڵکو ئه‌م شانازیانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌دانی وه‌ک عه‌بدولخالق مه‌عروف و شاپور و قابیل و ژنه سوتاوه‌کان، بۆ ئێمه‌ی ڕه‌خنه‌گر.
ئێستا نامانه‌وێت ته‌سلیمی هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی ئیسلامگه‌راکان بین و له مه‌نفا ژیان بگوزه‌رێنین، ئاره‌زوومانه بگه‌ڕێینه‌وه کوردستان، بچینه‌وه ناو چالاکیه‌کانمان و له‌ڕێگه‌ی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه بچینه‌وه ناو ژیان. ڕێگه‌مان بده‌ن بگه‌ڕێینه‌وه، پێش گه‌ڕانه‌وه‌مان کاری یاساییمان له دژ ڕاگرن و که‌هاتینه‌وه به ناوی یاساوه که‌رامه‌تمان مه‌شکێنن، له به‌دیهێنانی هێنانه‌کایه‌ی عه‌داله‌تی ڕاسته‌قینه‌و ژیانێکی شه‌ره‌فمه‌ندانه به گشتی بۆ هه‌موومان و به‌تایبه‌تی بۆ ژنان ڕێگرمان مه‌بن. مێژوومان دیاره‌و قوربانیه‌کانمان به‌رچاون و پیویستیمان به خۆناساندن و پاکانه نییه.
ئه‌م بابه‌ته له فه‌یسبووک
https://www.facebook.com/pages/Mariwan-Halabjayi/271392282926453?sk
مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی