سوار هاتن پەیا چوون *
“ئەو رەوشەی ئەمڕۆ ئاكەپە لە نێو توركیا و باكوری كوردستان بۆ كوردەكانی خولقاندووە، ساڵانی نەوەدەكانی “تانسۆ چیللەر و دیمیرەل و دۆغان گورەیش و محەمەد ئاغار”مان دێنێتەوە یاد”
35 ساڵی رابردووی توركیا، هەم بۆ كوردان و هەمیش بۆ توركەكان دژواری و دەردەسەری و نەهامەتی بوو. بۆ 28 ساڵیش دەچێت، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی چەكداریدا، قۆناخێكی خوێناوی تێپەڕی.
پێداگری دەوڵەتی تورك لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنی گەلی كورد، كوردانی ناچاری بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن كرد، هەموو دامودەزگا گرنگ و بڕیار بەدەستەكانی دەوڵەت، هەروەها حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانیان، سوپا و دەزگا ئەمنییەكانیان، دیسان پەرلەمان و دەزگاكانی داد، هەر یەكەیان لە لایەنی خۆیانەوە و تەنانەت بەیەكەوە و هەماهەنگیش، مانگ بە مانگ و ساڵ بەساڵ، سۆز و پەیمان نوێدەكەنەوە كە ئەمجارە نا ئەمجارە، كۆتایی بە بزاڤی كوردان دەهێنن و وەك یاخیبوونەكانی پێشتر و پێشووتریش قەڵاچۆیان دەكەین.
سات هات و چوو، ساڵ هات و رۆی، دەیەی یەكەم و دووەم و سێییەم و وا چوارەمیش تەواو دەبێت، ئەو بزاڤە گەلییە كۆتایی پێنەهات، پێچەوانەكەشی یاخیبوون بوو بە سەرهەڵدان و شەڕی چەكداریش، كز نەبوو گوڕتر بوو.
لە1978 وە لەگەڵ دروستبوونی پەكەكەدا
هەر سەركۆمارێك هات، پەیمانی قەڵاچۆی دوو بارە و چەندبارە كردەوە و كاری بۆ كرد، یەك هات و یەك چوو، لەو ماوەیەدا 8 سەركۆمار (**) كۆتاییان هات، شەڕیش هەر تیرتر و كێشەش گەورەتر.
سەرفەرماندارەكانی سوپا بەر لە سەرهەڵدانی دوایین بزاڤی كوردان، ئیلاهی ئاسا سەیر دەكران كە لە شكان نایەن، 11 سەرفەرماندار (***) بێئەنجام كۆتاییان هات و بزاڤی گەلیش زیندوو.
لە ساڵی 1978 بە دواوە، پروپاگەندە و رۆژەڤی هەر هەموو هەڵبژاردنەكان بۆ پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتەكان، هەڵوێست لەبەرامبەر كێشەی كورد خاڵی یەكەمی چارەنووسی ئەنجامەكانە، تەنانەت هۆكارە سەرەكییەكانی قەیرانی زۆربەی حكوومەتە هەڵوەشاو و سەرنەكەوتووەكانیش، چارەسەرنەكردن و پیادەكردنی سیاسەتی سەربازییانە بووە لە بەرامبەر كێشەی كورد.
لە ماوەی 33 ساڵی سەرهەڵدانی كوردانی باكوری كوردستاندا، 12 جار سەرۆكی پەرلەمان (****) گۆڕاوە و 22 جار حكوومەت (*****) دامەزراوە و هەڵوەشاوەتەوە، تەنانەت تەمەنی هەندێكیان لە چەند مانگێك تێپەڕینەكردووە، كەچی پەكەكە ناوە ناوە زەبریشی بەركەوتبێت، بەڵام لەڕووی پێگەی جەماوەری و هەیكەلی رێكخستنەكانی بەرفراوانتر بووە.
ئەوا جارێكی دیكەش حكوومەتەكەی ئاك پارتی، بە هاوپەیمانی لەگەڵ جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن، بەڵێن و مزگێنی كۆتاییهاتنی پەكەكە و كێشەی گەلی كورد بە توركان دەدات، ئاك پارتیش وەك ئەوانی دیكە، دەڵێت حكوومەتەكانی پێش من نەیانتوانی پەكەكە و تیرۆر لە ناوبەرن، بەڵام من بە هێز و توانام و بەشەڕی سەرتاسەری و هەمەلایەنە نزیكی سەركەوتن بووینەتەوە.
ئەو رەوشەی ئەمڕۆ ئاكەپە لە نێو توركیا و باكوری كوردستان بۆ كوردەكانی خولقاندووە، ساڵانی نەوەدەكانی “تانسۆ چیللەر و دیمیرەل و دۆغان گورەیش و محەمەد ئاغار”مان دێنێتەوە یاد، كە تەنیا لە ماوەی 5 تا 6 ساڵدا نزیكەی 20.000 مرۆڤی كوردیان كوشتوبڕ كرد، سەرەڕای ئەوەش لە ئەنجامی ئەو كار و سیاسەتەیاندا خۆیان لەناو چوون و حكومەتەكانیشیان هەڵوەشایەوە.
ئەوەی لێرە مەبەستە ئەوەیە كە دەبێت ئاكەپە بەو سیاسەتەی خۆیدا بچێتەوە، چارەسەری سەربازی تا بڵێی تاقیكرایەوە، بەڵام كێشەكەی چارەسەر نەكرد، بە پێچەوانەوە قووڵتر و گرانتر بوو، تا بەڕۆژی ئەمڕۆ گەیشت، ئەگەر نا، دەوران و حەتمیەتی مێژوو ئەردۆغان و پارت و دارودەستەكەیشی رادەپێچێ.
——————————————————————————————–
بەڵگەنامەكان
* “سوار هاتن پەیا چوون” پەندێكی كوردییە، لە زاراوەی كرمانجی سەروو بەكاردێت، مەبەستی ئەوەیە كە “بەسواری ئەسپ هاتوون، بەڵام پیادە گەڕاونەتەوە” ، زیاتر بە دۆخی شكستی لایەنێكی هێرشكار دەگوترێت.
** سەركۆمارەكان
سەركۆمار ماوەی ئەرك
1 فەخری كۆروتورك تا 6 ی نیسانی 1980
2 ئیحسان سەبری چاغلەیانگیل 6 نیسان 1980 تا 12 ی ئەیلول 1980
3 كەنعان ئەڤرەن 12 ئەیلول 1980 تا 9 نۆڤەمبەر 1989
4 تورگوت ئۆزال 9 نۆڤەمبەر 1989 تا 17 نیسان 1993
5 حسامەددین جیندۆروك 17 نیسان 1993 تا 16 مایس 1993
6 سلێمان دەمیرەل 16 مایس 1993 تا 16 مایس 2000
7 ئەحمەد نەجدەت سزار 16 مایس 2000 تا 2007
8 عەبدوڵڵا گویل 2007 تا ……..
*** سەرفەرماندارەكانی سوپا
سەرفەرماندارەكانی سوپا ماوەی ئەرك
1-
كەنعان ئەڤرەن
1978 —- 1983
2-
نورەدین ئەرسین 1983 —- 1983
3-
مستەفا نەجدەت ئوروگ 1983 — 1987
4-
نەجیب تۆرومتای 1987 —- 1990
5- دۆغان گورێش 1990 —- 1994
6- ئیسمایل حەقی قەرەدای 1994 —- 1998
7- حسێن كیڤریك ئۆغلو 2002 — 2006
8- یەشار بیوك ئانت 2006 — 2008
9- محمد ئیلكەر باشبوغ 2008 — 2010
10
ئیشك كوشانەر 2011 — 2011
11
نەجدەت ئوزەل 2011 —
**** سەرۆكەكانی پەرلەمان
سەرۆكی پەرلەمان ماوەی ئەرك
1 جاهد كاراكاش 17/11/1977 تا 12/9/1980
2 نەجمەدین كارادومان 4/12/1983 تا 29/11/1987
3 یڵدرم ئاكبلوت 24/12/1987 تا 9/11/1989
4 عسمەت كایا ئەردەم 21/11/1989 تا 20/10/1991
5 حسامەدین جیندۆرك 16/11/1991 تا 1/10/1995
6 عسمەت سەزگین 18/10/1995 تا 24/12/1995
7 مستەفا كالەملی 25/1/1996 تا 3/9/1997
8 حیكمەت چەتین 20/5/1997 تا 18/4/1999
9 یڵدرم ئاكبلوت 20/5/1999 تا 30/9/2000
10 عمر ئیزگی 18/10/2000 تا 3/11/2002
11 بولەند ئارینج 19/11/2002 تا 22/7/2007
12 كوكسال تۆپتان 9/8/2007 تا 5/8/2009
13 محمد علی شاهین 5/8/2009 تا …..
14 جەمیل چیچەك 2009 تا …….
***** سەرۆك وەزیرەكان و پارتەكانیان
پارتەكەی ماوەی ئەرك سەرۆك وەزیرەكان
1 سلێمان دەمیرەل 21.07.1977 05.01.1978 پارتی عەدالەت
2 بولەند ئەجاوید 05.01.1978 12.11.1979 پارتی كۆماری گەل
3 سلێمان دەمیرەل 12.11.1979 12.09.1980 پارتی عەدالەت
4 بولەند ئولوسو 21.09.1980 13.12.1983 دەسەڵاتی سوپا
5 توركوت ئۆزال 13.12.1983 21.12.1987 پارتی نیشتمانی دایك
6 توركوت ئۆزال 21.12.1987 31.10.1989 پارتی نیشتمانی دایك
7 عەلی خوسرەو 31.10.1989 09.11.1989 پارتی نیشتمانی دایك
8 یلدرم ئاك بلوت 09.11.1989 23.06.1991 پارتی نیشتمانی دایك
9 مسعود یلماس 23.06.1991 20.11.1991 پارتی نیشتمانی دایك
10 سلێمان دەمیرەل 20.11.1991 16.05.1993 پارتی رێگای راست
11 ئەردال ئینینۆ 16.05.1993 25.06.1993 پارتی خەڵكی سوسیال دیموكرات
12 تانسۆ چیللەر 25.06.1993 05.10.1995 پارتی رێگای راست
13 تانسۆ چیللەر 05.10.1995 30.10.1995 پارتی رێگای راست
14 تانسۆ چیللەر 30.10.1995 06.03.1996 پارتی رێگای راست
15 مسعود یلماس 06.03.1996 28.06.1996 پارتی نیشتمانی دایك
16 نەجمەدین ئاربەكان 28.06.1996 30.06.1997 پارتی رەفاە
17 مسعود یلماس 30.06.1997 11.01.1999 پارتی نیشتمانی دایك
18 بولەند ئەجاوید 11.01.1999 28.05.1999 پارتی دیموكراتی چەپ
19 بولەند ئەجاوید 28.05.1999 19.11.2002 پارتی دیموكراتی چەپ
20 عبدوڵڵا گویل 19.11.2002 12.03.2003 پارتی دادو گەشەپێدان
21 رجب تەیب ئەردۆغان 12.03.2003 29.08.2007 پارتی دادو گەشەپێدان
22 رجب تەیب ئەردۆغان 29.08.2007 Hala görevde پارتی دادو گەشەپێدان