
…په‌رله‌مان ته‌نها جێگای گفتوگۆ كردن نیه
په‌رله‌مان ته‌نها جێگای گفتوگۆ كردن نیه
جێگای شه‌ڕه كورسی و پێڵاویشه
په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی یه‌وه دوچاری كێشه‌و قه‌یرانێكی گه‌وره بووه ئه‌ویش زاڵبوونی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره به‌سه‌ریدا , كه ناتوانێ به‌بێ ئیعازو فه‌رمانی ئه‌وان هیچ بڕیارێك ده‌ربكات , به‌مانایه‌كی تر له‌رۆژی دروستبوونی ئه‌م په‌رله‌مانه‌وه پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته به‌دۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێ و كۆمه‌ڵگاكه‌شمان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه باجی گه‌وره‌ی ئه‌م دۆخه ده‌دات , هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار پارتی و یه‌كێتی وه‌ها كۆنتڕۆڵی په‌رله‌مانیان كردووه كه هیچ پرۆژه‌و یاسایه‌ك به‌بێ ویستی ئه‌وان جێبه‌جێ ناكرێ , هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك ده‌ربچێت سه‌ره‌تا ده‌بێ به فلته‌ری مه‌كته‌ب سیاسییه‌كانی پارتی و یه‌كێتیدا تێبپه‌ڕێ ئینجا بێته به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران , ئه‌وه‌ش مانای وایه ده‌بێ پرۆژه‌كان وه‌ها ڕێكبخرێن كه زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و یه‌كێتیدا بن نه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت , په‌رله‌مانتاره‌كانیش ئه‌وانه‌ی كه سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵاتن ل ه‌پێناو كورسی و كولێره‌ی خۆیان چاوپۆشی له‌هه‌مووشتێك ده‌كه‌ن , ئۆپۆزسیۆنیش له‌ئاست ئه‌و كێشه‌و قه‌یرانانه‌دا نیه‌و ئۆپۆزسیۆنێكی لاوازه‌و , به‌رانبه‌ر به‌وهه‌موو گه‌نده‌ڵی و دزی و ته‌خشان و په‌خشانه‌ی كه به‌ماڵی ئه‌م میلله‌ته قوڕبه‌سه‌ره ده‌كرێ بێده‌نگن و مشتومڕه‌كه‌یان له‌ئاستی پێویستدانیه , چونكه تا ئێستا نه‌مانبینیوه وه‌ك په‌رله‌مانه‌كانی جیهان وه‌ك وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان جارێك شه‌ڕه كورسییه‌ك یان شه‌ڕه پێڵاوێك بقه‌ومێ , له‌په‌رله‌مانه‌كانی جیهان چه‌ندین جار سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ری شكاوه‌و كورسییان پیا كێشاوه یان پێڵایان تێگرتووه , به‌ڵام له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا سه‌ره‌ڕای ئه‌وهه‌موو گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه‌ی كه هه‌یه , به‌ڵام ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان زۆر به‌شێنه‌یی داده‌نیشن و گفتوگۆیه‌كی هێمنانه‌و دبلۆماسییانه ده‌كه‌ن و جاربه‌جار گفتوگۆكانیان بزه‌و خه‌نده‌شی له‌گه‌ڵدایه , له‌نێو گێژاوی ئه‌و هه‌موو كێشه‌و قه‌یرانه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا , له‌نێو ئه‌و هه‌موو تراژیدیا‌و مه‌رگه‌ساتانه‌دا , له‌نێو ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانییه‌دا , كه‌چی رۆژێك نه‌مانبینی سه‌رۆكی په‌رله‌مان خوێن به‌لاچاویدا بێته‌خواره‌وه , ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانتاره‌كان له‌لۆكه نه‌رمتره‌و ده‌سه‌ڵات له خۆگیف كردنه‌وه‌یان ناترسێت , ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌یه چوارساڵی خۆی ته‌واو ده‌كات و چوار قسه بۆبه‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌ی ناكات , پێویسته له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كان به‌په‌رله‌مانتارانی پارتی و یه‌كێتیشه‌وه چاو له شێره‌ژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی توركیا بكه‌ن ( گوڵاتان كشاناك ) كه چۆن له‌سه‌ر كاره دڕندانه‌ی شرنا‌خ ده‌سه‌ڵاتی توركیای ڕیسواكردو په‌رله‌مانی هێنایه هه‌ژان , به‌ڵكو دڵی داگیركه‌رانیشی هێنایه هه‌ژان , توخوا هه‌ر په‌رله‌مانتارێك گه‌ر ئه‌و جورئه‌ته‌ی تێدا نه‌بوو حه‌یف نیه كورسییه‌ك داگیربكات و مانگانه‌ش پاره‌ی ده فه‌رمانبه‌ر زیاتر وه‌ربگرێت ؟ , ئاخر له‌باكور ئه‌و په‌رله‌مانتاره مه‌رده هه‌یه‌و , له‌په‌رله‌مانی ئێمه‌شدا په‌رله‌مانتاره‌كان له‌خه‌می ئه‌وه‌دان چۆن بتوانن ئه‌وه‌نده ساڵه‌ی له‌په‌رله‌مان ماویانه یه‌كه‌و شوقه‌ی ڕاقی و چه‌ند پارچه زه‌وییه‌ك له‌سه‌رخۆیان تاپۆ بكه‌ن , به‌ڕاستی ئیمزا كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌په‌رله‌مانتاره‌كان بۆ وه‌رگرتنی شوقه مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌و زۆر حه‌یفه ئه‌وانه نوێنه‌ری میلله‌ت بن , بابێینه‌وه سه‌رباسی ئۆپۆزسیۆن , له كلتوری سیاسی ئێمه‌دا دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن ئه‌زموونێكی نوێیه بۆیه قبوڵكردنی ڕاو بۆچوونه‌كانیشی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه كارێكی ئاسان نیه , به‌ڵام نه ئۆپۆزسیۆنه‌كه له‌ئاستی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك دایه‌و , نه‌ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌وه‌نده كراوه‌یه كه ڕاو بۆچوونه‌كانیان هه‌زم بكات , لێره‌دا ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات ناچار بكات به‌ده‌م خواسته‌كانی خه‌ڵكه‌وه بێت و خه‌ون و خۆزگه‌كانی خه‌ڵك بێنێته‌دی , ده‌بێ ئامانجی ئۆپۆزسیۆن دروستكردنی په‌رله‌مانێكی به‌هێزبێ , په‌رله‌مانێك كه ته‌كان به‌خۆی بدات و له‌م بێ ده‌نگی و گوێڕایه‌ڵی یه رزگاری ببێت و جوڵه به ئه‌ندامه‌كانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵێكی كارا ببینن تێیدا , په‌رله‌مانێك كه دیل نه‌بێ به‌ده‌ستی حیزب و بنه‌ماڵه‌و تاكه كه‌سه‌وه , بێ هێزی و بێ توانایی په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سستی و خاوی په‌رله‌مانتاره‌كان , چونكه گه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كان چالاك بن و ئه‌و سستییه قبوڵ نه‌كه‌ن ئه‌وكاته یان ده‌بێ په‌رله‌مان هه‌ر نه‌بێ یان ده‌بێ په‌رله‌مانێكی به‌هێزو به‌تواناو خاوه‌ن بڕیاربێ , به‌هێزكردنی په‌رله‌مان و ده‌رهێنانی له‌بن باڵی مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان ئه‌ركێكی قوڕسه‌و له‌ئه‌ستۆی ئۆپۆزسیۆن دایه , بێگومان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بۆیه هیوا به‌خشه چونكه به‌پشت به‌ستن به‌جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌ست پێده‌كات و به‌كه‌وتنی ئه‌زموونی تاك حیزبی و تاكڕه‌وی كۆتایی پێ دێت , چونكه هه‌وڵ و ته‌قه‌للای ئۆپۆزسیۆن بریتی یه له به‌خشینی گیانێكی زیندوو به‌جه‌سته‌ی په‌رله‌مان و ته‌كاندان پێی تا له‌قالبی به‌سته‌ڵۆكی حیزب‌دا بێته‌ده‌ره‌وه‌و ببێته ده‌زگایه‌كی خاوه‌ن هه‌یبه‌ت و شكۆدار , چونكه هه‌رپه‌رله‌مانێك به‌فه‌رمانی حیزب جوله‌بكات په‌رله‌مانێكی لاواز‌و بێ بڕیار ده‌بێت , ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ژیانێكی نوێ له‌سایه‌ی حكومه‌تێكی یه‌كسان و دادگه‌رو به‌هێزو خزمه‌تگوزار ده‌ست پێ بكه‌ین ده‌بێ له‌په‌رله‌مانێكی به‌هێزه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین , چونكه په‌رله‌مان ده‌توانێ نه‌خشه‌ی ڕێگاو هێڵه‌سه‌ره‌كییه‌كان بۆ حكومه‌ت دابنێ و گڕوتینی پێ ببه‌خشێ و له‌هه‌مان كاتیش‌دا له كه‌م وكوڕی و گه‌نده‌ڵییه‌كانیشی ببێچێته‌وه , له‌وڵاتانی جیهاندا په‌رله‌مان شكۆدارترین و پیرۆزترین ده‌زگایه‌و هه‌ر بڕیارێك و هه‌ر یاسایه‌ك ده‌ربكات ده‌بێ قاعیده‌و قیاده هه‌مووی پابه‌ندی ئه‌و یاسایه بن , به‌ڵام له‌وڵاتی ئێمه‌دا به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ سه‌ركرده‌كان و سه‌رۆك حیزبه‌كان بڕیار ده‌ربكه‌ن و په‌رله‌مانیش بیخاته ده‌نگدانه‌وه‌و ئه‌ندامه‌كان به‌ناچاری ده‌ستی بۆ به‌رزبكه‌نه‌وه , په‌رله‌مانی كارا ده‌توانێ حكومه‌تی كارا دروست بكات , به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان سست ولاواز بوو حكومه‌تیش سست و لاواز‌و گه‌نده‌ڵ ده‌بێت , شه‌ش كابینه یاخود شه‌ش ده‌واری شڕمان به‌ڕێكردن كه‌چی هه‌موویان له‌یه‌كتری گه‌نده‌ڵتربوون , ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی كابینه‌ی حه‌وته‌م داین تۆبڵێی ئه‌مجاره حكومه‌تێك ته‌شكیل بكرێ كه له‌سایه‌یدا هه‌مووكه‌سێك هه‌ست به هاوڵاتیبوون بكات , هه‌مووكه‌سێك یه‌كسان بێت له ئه‌رك و ماف و ده‌سكه‌وته‌كان , تۆبڵێی ئه‌مجاره حكومه‌تێك بێت دوربێ له‌ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبی و سه‌رۆكی حكومه‌ت بتوانێ مرۆڤی شیاو له‌شوێنی شیاو دابنێت , چونكه گه‌وره‌ترین كاره‌سات ئه‌وه‌یه كه مرۆڤی نه‌زان و ئاست نزم له‌شوێنی چاك دابنرێت و ئه‌ركی له‌خۆی گه‌وره‌تری پێ بسپێردرێ , مرۆڤی پرۆفیشناڵ و شیاویش پشتگوێ بخرێت و له‌چایخانه‌كاندا هه‌ر خه‌ریكی دۆمینه‌كردن بێت , به‌ڵام ئێستا دنیا گۆڕاوه‌و به‌پێی ئه‌وگۆڕانكاریانه‌ی كه له‌ناوچه‌كه ڕوو ده‌ده‌ن و حكومه‌ته دكتاتۆره‌كان كورسییان سه‌ره‌ولێژ بۆته‌وه , ده‌بێ بۆڕازی كردنی خه‌ڵك حكومه‌تی ئه‌مجاره حكومه‌تێك بێ كه خزمه‌تكاری خه‌ڵك بێت و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو چین و توێژێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه بپارێزێت و خواسته‌كانیان له‌به‌رچاو بگرێ , بیگومان چاودێری كردنی ئه‌م حكومه‌ته‌ش ئه‌ركێكی قوڕسه‌و ده‌كه‌وێته سه‌رشانی په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی كوتله‌كانی ئۆپۆزسیۆن , بۆیه لێره به‌دواوه ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌وێته به‌ر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌و سه‌ركه‌وتنیشی له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاستی هۆشیاری و هه‌ست به مه‌سئولیه‌ت كردنی ئه‌ندامه‌كانی و هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی كردن له‌نێوانیاندا ,
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی