
مردنەكانی باوكم
محمد حسین ……
بەم جۆرە باوكمیان كوشت , هەروایش زیندویان كردەوە , كەس نەیزانی بۆ سەرنگونیان كردو بۆچى هێنایشیانەوە , وەك ئەوەى ئامانجێكی باڵایان لەناو دوژمنەكانی سەرۆك و حیزب و دەوڵەتدا پێكابێت , دەستیان چووە كوشتنی ئەو پیاوەچارەڕەشەى كەتائێستایش نازانین بۆچى ئەیكوژن , بۆچی دواتریش بەزیندوی ئەیهێننەوە … یان كەجارێكی تر دێتەوە بۆ وازی لێ ناهێنن ؟
وەك چیرۆكە ناماقوڵەكانی ناوخەیاڵگەى سیناریستەكانی هۆلیۆد , وەك ئەندازەى ئەو گەڕەكە تەجاوزانەى لە كەنارى شارەخواپێداوەكاندا دوكەڵى كوێرەوەرى و نەهامەتی لێ هەڵئەسێت , ئەم چیرۆكەى باوكیشم پڕە لەناماقوڵیەت , پڕە لەقەدەرى بێ مانا .. كارەساتێكەو پێكهاتووە لە زنجیرەیەك دیمەنی پێكەنیناوی كۆمیتراژیدی , كە جگە لەمن ئەكرێـت هەموو خەڵكی ئەم دنیایە چێژى لێ ببینن .
قەدەرى من وەهابوو , ئەبوایە هەر بەسەر شوێنەوارەكانی كارەساتەكەدا بهاتایەم , بەشوێن ڕەوینەوەى تەمی بەیانیە ساردەكانی چاوەڕوانی دواى نوێژى بەیانی داپیرەم , ڕاچەنینی خەوی خۆشى بەیانیانم ئەزمونكردایە , ڕیپۆقی چاوی بێداربونەوەم بە لێوارەچڵكنەكەى لێفەكەم بسڕیایە .. قەدەرێكەو ئەبوایە پڕ بەئازارەكانی بژیایەم .. من گیرۆدەى ئاهو هەناسە قوڵەكانی دایكم بوم , لەهەموو شت زیاتر بە ئازارەكانی ئەو , قسە ڕەق و تاڵەكانی , ئەو بێدەربەستیەى ئازارى ڕۆحی داپیرەمی پێ ئەدا , ئەپلامەوە .. كە ئەیگوت " بەمردنەكەیشى هەر لەئۆمەتی محمد جیاواز بوو " ,ئیتر لەدەریایەك گوماندا غەرقی ئەكردم , گومان لەهەموو ئەوشتانەى كە نەئەكرا من گومانی لێبكەم , لەهەموو ئەو پرسیارانەى لەحەسرەت بێ باوكیمدا دەستبەردارى وەڵامە نەبیستراوەكانی ئەبووم .
بەپێی گێڕانەوەكانی دایكم : بیست و حەوت ساڵ و حەوت مانگ و حەوت ڕۆژ لەمەوبەر , لەسێشەمەیەكی تەڕى مانگی ڕێبەندانا , من لەدایك ئەبم . پێش ئەوەى لەدایكبم و بێمە ناو ئەم ژیانە پڕدەردیسەریەوە , پێش ئەوەى ببمە ژمارەیەك لە هیچ خێزان و گەڕەك و شارێكدا , لەبارودۆخێكی تەمومژاویدا باوكم نامێنێت .. یان وەك ئەوەى كاتی خۆى دایان نابوو ئەكوژرێت ..
ئەكوژرێت پێش ئەوەى بیبینم و بیناسم , بمبینێت و بمناسێت , وەك ئەو هەزاران كەسەى لەو ڕۆژگارەدا ئەكوژران و كەسیش نەیئەزانی لەسەر چى و بۆ چى ؟؟ .. بەیانیانێك لەماڵ ئەچێـتەدەرەوە و ئیتر نایەتەوە , بێ ئەوەى هیچ حسابێكی بۆنەهاتنەوەی كردبێت , بێ ئەوەى بزانێـت چ قەدەرێكی شوم لەبوسەدایە بۆى . دواى دوو هەفتە بەنیمچە داڕزاوی و بەبۆگەنێكی زۆرەوە تەرمەكەى ئەبرێتە نزیكترین بنكەى پۆلیسى شار .
هەمیشە مردن هەروابووە , خراپترین و نەگونجاوترین كاتی بۆ ئادەمیەكان هەڵبژاردووە .. وەك ئەوەى خۆى كەم سامناك بێت , بیەوێت بەم كوتوپڕیەى ئەو كەسانە بترسێنێت كە لەبەر ژیان نایانەوێـت لەمردن بترسن .
لەكوشتنەكەى باوكمدا هیچ لۆجیكێك بەدی نەئەكرا , كەس وەڵامی ئەو پرسیارەى بۆنەئەدرایەوە كەئەیگوت : ئەم پیاوە بۆ ئەكوژرێت .. بەدڵنیاییەوە كوشتنەكەى كاری لەگۆڕینی هیچ هاوكێشەیەكی سیاسیش نەئەكرد , ( وەك ئەوەى كوشتنەكەى ڕەفیق حەریرى كردی ) , وڵاتەكەمان هەستى بە لەدەستدانی ڕۆڵەیەكی بەئەمەك و دڵسۆزی خۆى نەئەكرد , ( وەك چۆن كاتی مردنی بەرپرسە گەورەكان , هەندێك میدیاكارى ڕوپاییكەر ئەیڵێن ) . بەقسەى هاوڕىَ شاعیرەكەم تەنها سودمەندی ئەم كوشتنە هەر باوكم خۆیەتی , سودمەندی سەرەتاو كۆتایى چیرۆكەكە هەر ئەوەو بەس .. چونكە بە كوژرانی لەناكاتی , یەكسەر لەپیاوێكی ئاسایى كەس نەناسەوە گۆڕا بۆ پاڵەوانێكی پڕلەنهێنی , لەو پاڵەوانانەى تۆمارى شەهیدانی حیزب بەشانازیەوە شەرەفی تێكۆشەرێكی نهێنیان پێ ئەبەخشى . لەلاى دایكیشم بەجارێك وێنەكەى گۆڕا , تازیندوو بوو دایكم قەت ئامادە نەبوو دانی خێرى پیابنێت , كەبینی بەو دەردە ڕۆیشت , سۆز و حەنینێكی زۆرى بۆدروست كرد , كەهەرگیز بەراورد نەئەكرا بەسەردەمی زیندویەتی .. بەڕاستی پیاوێكی كەم بەخت بوو باوكم , تانەمرد نەبووە شۆڕەسوارى خەونەكانی هیچ كەسێك , تەنانەت بەدایكیشمەوە .
دایكم كە تائەمڕۆیش ئەوەى هەرلەبیرنەچووە بەنابەدڵی و بەزۆر داویانە بەشو , هەتا ئەو ڕۆژەیش بەكوژراوى تەرمەكەى بۆ دێننەوە , نێوانیان هەر ناخۆش ئەبێت . ئەو گومانی وەها ئەبێت ئەو كۆنە دراوسێى گوندەكەیان , كە كاتی خۆى لەسەر بێستان ناكۆكی ئەكەویـَتە نێوانیانەوە كوشتویەتى . ئەڵێت : " هەر ئەو سەگبابەیە ئەوەندە ڕقى لێمانە , ئەگینا ئەو خراپەى بۆكەس نەبووە و دوژمنێكی دیارو ئاشكرایشى نەبووە تابڵێین … "
مامە ڕۆستەم , براگەورەى باوكمە و لەسەر بەشەماڵ دابەشكردن چواردە ساڵى ڕەبەق مەرحەبایەكیان لەنێواندا نامێنێت , دڵنیایە لەوەى باوكم بەدەست جەلاوزەكانی بەعس كوژراوە , چونكە چەپێكى شۆڕشگێڕى دەمنەوەستاوی زمان هەڵەشەی ڕۆژگارى خۆى بووە .
دراوسێیەكمان كە شۆفێرى پاسى هێڵی كەلار – بەغدایە , ئەڵێت : بەچاوى خۆى باوكمى بینیوە لەگەڵ پیاوێكى ڕەشتاڵەى باڵابەرزدا سوار پاسێكی بەغداد ئەبێت , هەتا كەوتونەتە ڕێیش هەر وا پێكەوە بوون , بەڵام دواتر لێكۆڵینەوەكانى پۆلیس دەریخست ئەو ئۆتۆمبیلە ئەوانى تیانەبووە كاتێك گەیشتۆتە بەغداد .
بۆدۆزینەوەى ئەو پیاوە ڕەشتاڵە گومان لێكراوە , زۆر گەڕاین : وتیان فەرمانبەرێكى پەروەردەیە , چوین و ئەو نەبوو .. كرێكارێكى پۆستەو گەیاندنە … شۆفێرێكى تەكسیە , … تائێستایش هەربەدوایدا ئەگەڕێین و نەماندۆزیوەتەوە . داپیرەیشم هەركە بیرى ئەكەوتەوە , بەحەسرەتێكەوە ئەیگوت " وەى لەو خوێنەى شەوی بەسەرا دێت , ئیتر هەرنادۆزرێتەوە "
باوكم تامردیش بەلاى كەسە زۆر نزیكەكانی خۆیەوە مایەى گرنگی پێدان نەبوو , لاى كەس خۆشەویست نەبوو : نەوەك هاوسەر , نەوەك برا , نەوەك هاوڕىَ , نەوەك هاونیشتمانی … بەڵام دواى كوژرانی بەو شێوە تراژیدیە , بەجارێك هەموان گۆڕان بەرامبەری , ئیتركێرڤی خۆشەویستى هەمولایەك بەرز بوەوە بۆ جوانەمەرگیەكەى , بۆغەدرى كوشتنەكەى , بۆئەو ئاواتانەى بردیە ژێرگڵ و نەهاتنە دی .
چەند بەختەوەر بوو باوكم , ئەوەى لەژیاندا لێی بێبەش بوو بەمردویى بەدەستى هێنایەوە..
بۆمن گرنگ بوو بزانم ئەم باوكە چۆن پیاوێك بووە , چۆن فەرمانبەرێك و چۆن برایەك و چۆن نیشتمان پەروەرێك بووە .. هیچ لەوە ناخۆشتر نیە لە بۆشاییەكی مێژوییدا بژیت , ڕابردویەكت نەبیـَت یادوەریەكانتی تیازیندوكەیتەوە , سەروەریە وەهمیەكانتی لێوە وەربگریت .. بۆمن ژیانی هەتیویم چەند سەخت بوو , خوێنگمی كوژرانەكەى باوكم زیاتر , هیچنەزانین لەبارەى ئەو ڕۆژگارەى تیا ژیابوو ئازارەكەى بەسوێ تر بوو .. دەمویست بە زانینی ئەم سیفەتانەى , بەهەڵگرتنی شوێنپێ ونەكانی , كوت كوتی وێنە وردوخاشبوەكەى ناو خەیاڵم كۆبكەمەوە ..
من تاڕادەیەك بیانوی خۆم هەبوو بۆچى ئەگەڕێم , هەموان دەیانزانی وێڵى دواى باوكایەتیەكی لەدەستچوم , بەڵام ئەى مامە ڕۆستەم و دایكم و نقیب علی هاوڕێى بۆچى ئەگەڕێن .. ئەشێت دواى ئەو هەموو ساڵە دۆزینەوەى بكوژەكانی باوكم چ سودێكی هەبێـت بۆئەوان ..؟؟ ئەمە ئەو پرسیارە بو كەس وەڵامە ڕاستەقینەكەى نەئەزانی .. هەڵبەتە دواى ئەو هەموو ساڵە , تائێستاكەیش لەمن زیاتر هیچ كەسى تر نایزانێت ..
ڕاستە وتویانە " باوك كوژراو لەحەقی خۆى خۆش ئەبێت , بەڵام پڵاو و گۆشت خۆر واز ناهێنیـَت " .
هەموتان ئەزانن ئەم باوكی منە ئەگەر بیشمایە پیاوێكی دیارى ناو لاپەڕەكانی مێژوو نەئەبوو , بەدڵنیاییەوە نەئەبووە ئەندام پەرلەمان و پارچەزەوی ڕوكنی بەكەسیان نەئەبەخشى , نەئەبووە شاعیرى ناو ئاهەنگ و بۆنەو یادەكان , لەگەڵ گۆرانیەكانی عەلى مەردانا كەمانجەى نەئەژەنی , وەك خۆی باسی ئەكات بۆدایكیشم پیاوێكی بێزاركەری كەلەشەق بوو .. بەڵام بۆمن مەسەلەكە بەجۆرێكی ترە , هەر هیچ نەبێـت كەلێنی بێ باوكی بۆ پڕ ئەكردمەوە , ئەو كەلێنەى تەنها من ئەزانم چەند ناخۆش و ئازاراویە ..
هاوڕآ شاعیرەكەم هەر كاتێك باسی باوكمی بۆ ئەكەم ئەڵێت . " گرنگی ئەم جۆرە پیاوانە دواى مردنیان دەر ئەكەوێـت , ئەگینا بەژیانیان كەڵكێكی وەهایان بۆهیچ كەسێك نیە … ئەمانە بۆیە ئەمرن تانیشانی دەن دواى ئەوان , چەندە برینی بەسوێ لەژیاندا دەم ئەداتەوە " .
كەمن پێم ئەگوت :
– نا هاوڕێكەم , ئەوە گرنگی ئەو نیە مردنەكەى ئەیەوێـت نیشانمان دات , بەڵكو پێداویستى ئێمەیە بەئەو , پێداویستیى من و دایكمە .. كەتا ئێستایش شەرم ئەكات باسی شوكردنەوە بكات … یاخود ئەترسێـت نەوەك كوشتنەكەى باوكمی بەسەردا ساق بكەنەوە .. خوانەناسانە بڵێن :
– " كوڕە هەر ئەو ژنە عەیارە بەكوشتى دا … تامردیش بەڕوخۆشى پیاڵایەك چاى بۆدانەنا " ..
***
ساڵەكانی تەمەن ئەهات و ئەچوو , من بە هەتیوی و دایكم بە بێوەژنكۆشى و داپیرەم بەپیرى و جگەرسوتاوى , ژیانێكی پڕ لە نەهامەتی , ماڵێكی پڕ لەسەرماو هەڵلەرزینی هەژارى و كولەمەرگیمان ئەبردە سەر . بەردەوام ئەوان چاویان لەگەورەبونی من بوو , منیش لەغەمناكی و ڕەشپۆشى دایكم , لە زیاتر پیربون و چرچولۆچبونی داپیرەم بوو …
لەیەكێك لەشەوە تاریك و درێژو ساردەكانی مانگی شوباتدا , داپیرەم سێهەمین خەونی شومی خۆى ئەبینێت , ئەو لەهەموو تەمەنیدا سێ جار خەونی ترسناكى بینیوە , لەو خەونانەى لە نیوەشەواندا بەدەم ترسەوە ڕایچڵەكاندبێت . یەكەم خەونیان كوشتنی برابچوكەكەى بەدوادا دێت , دوهەمیان كوشتنی كوڕە ناوەڕاستینەكەى ( بەواتاى باوكم ) . ئەو شەوەى كە سێهەم خەونی ئەبینێت , هەرنیوەشەو لەترساندا هەموومان هەڵئەسێنێت , تابەیانی ناهێڵێت كەسمان بخەوینەوە .. جارجارەیش بەدەم هەڵلەرزینەوە و بەئاوازى هۆرەیەكی غەمناكەوە , بەردەوام ئەم بەیتە دوبارەئەكاتەوە " دەستەى ئازیزان كارێك پێم كردن , بێزاربوم لەژیان ڕازیم وەمردن "..
بۆسبەینێ لەگەڵ خۆركەوتندا درا لەدەرگاى حەوشەكەمان, گوڕەى بزوێنەرى سەیارەیەك و ورتە ورتێكمان بە عەرەبیەكی موسڵاویانە بیست . بەبێ دەنگی و لەكەشێكی پڕ لەترسدا , سەیارەیەكی لاندكرۆزەرى زەیتونی , پیاوێكی لاوازی نیوەگیانى كۆڵەوار , لە توێى بەتانیەكى كۆنەدا و بەهێورى فڕێى ئەداتە بەر دەرگاكەمان , دایكم گوێى لەیەكێكیان ئەبێت بەكوردیەكی شكاو پێى ئەڵێت " وسكوت بەها.. دەنگت نا هەبێت .. عەدل بچۆ ماڵ "
ئەو پیاوە باوكم بوو , هەر یەكەم ساتی بینینی ناسیمەوە , بێ ئەوەى ڕاچەنین و پەشۆكانەكەى دایكم پێمبڵێت , هەڵهەڵە لێدانەكەى داپیرەم دڵنیامكات , من ناسیمەوە .. هەرلەشێوازی ڕوانینەكەی , لە ڕوخسارە داتەپیوەكەی , كە نەخشى ئازارو ئەشكەنجەى هەموو ئەوساڵانەى لەسەر هەڵكۆڵرابوو , زانیم ئەو پیاوە نیوەگیانە باوكمە .
بەدرێژارى چواردە ساڵ باوكم بەسەهویەك ئەگیرێت , بەهۆى لێكچونی ناوەكەی لەگەڵ ناوی سیانی كەسێكی تر كەلەلایەن دەزگاى ئەمنەوە داواكراوبوە , ئەیگرن و ئەیبەن .. ئیتر ئەو بەیانیە بۆمان دەركەوت كە ئەو تەرمەى بەناوی باوكمەوە نراوەتەگۆڕ تەرمی پیاوێكی ترە , یاخود باوكێكی ترە , لەو باوكانەى كە تائەمڕۆیش مردنەكەیان وەك نهێنی هەرماوەتەوە , باوكێك خودائەزانێـت ئێستە چەندێكی وەك منی هەبیـَت چاوەڕێی بكات ..
بۆخۆش بەختی باوكم , بەم دواییانە كە زیندانەكان سەرحساب ئەكەن , چاوێك بەفایلەكەى ئەویشدا ئەخشێنن , دواى فەیسێكی ترى لێپرسینەوەو لێكۆڵینەوە بۆیان دەر ئەكەویـَـت ئەمە ئەو كەسە نیە كە كاتی خۆى لاى ئەوان داواكراو بووە .. ئیتر ئەفسەرە جل سەوزەكە بەتۆزێك نیگەرانیەوە , بەكوردیەكی شكاوەوە پێى ئەڵێت " كاكە خۆت دەبێـت عەفومان كەیت , ئیمە لەخدمەى حیزب و سەورە … ئەختائ ئەبیت هەر … یعنی فی كل مكان ئەم شتێلە ممكنە " .
دواى ئەوەى باوكم گەڕایەوە , ئەو كەلێنەى لەژیانی هەمووماندا دروستى كردبوو پڕى ئەكاتەوە , چوارمانگ لەگەڵمانا ئەژى و دواتر بانگ ئەكرێت بۆخزمەتی سەربازی , یەكسەر ڕەوانەى بەرەكانی جەنگی ئێران – عیراق دەكرێت .. وەك ئەوەى لەسەرنگونبوندا بەهرەى هەبێت , یاخود مردن و بێ سەر و شوێنبوون تام و چێژێكی تیابێـت و تەنها ئەو فێری بوبێت .. پێش ئەوەى یەك مۆڵەتی ( جمعەو خەمیس ) وەرگرێت و سەرێكمان لێبداتەوە , لەهیرشەكەى فاودا جارێكی تر هەم بێ سەروشوێن ئەبێتەوە .
ئەم باوكی منە , مردنەكانی هێندە تەمومژاوی و پڕنهێنیە , دواى هەرمردن و سەرنگونبونێكی كۆمەڵێك چیرۆكى جیاجیاى لەسەر دروست ئەكرێت , منیش هەلپەرستانە , بەگوێرەى ڕۆژ , هەر جارەو یەكێك لەحكایەتەكانی بەڕاست ئەزانم , كامیان سودی ڕۆژى تیابێـت وەك چیرۆكی ڕاستەقینەى ئەو وەریدەگرم ..
دووهەمین سەرنگونبونی هیچ تەرمێكیمان وەرنەگرتەوە , بەڵام كۆمەڵە حكایەتێكی جیاجیاى مردنەكەیمان دەستكەوتەوە .. وتیان شەهید بوەو تەرمەكەى دەست هێزەكانی ئێران كەوتووە , وتیان پشتى لەشەڕەكە كردوەو ویستویەتی هەڵبێت , دواتر یەكێك لەژەنراڵە پلەبەرزەكانی بەرەكە بڕیاریداوە وەك ( جوبنائ القادسیە )* بیكوژێت وبیخاتە گۆمێكی مەنگی زۆنگاوەكانەوە .. ئەفەسەركەى خۆیشى پێى وایە هیچ كام لەم حكایەتانە ڕاست نین , بەڵكو ئەو بەدەست دەردێكی كەم وێنەى بێدەرمانەوە پێشتر هەر ناڵاندویەتی , دەردێك كەپزیشكەكان نەیانتوانیبوو هیچ دەوایەكی بۆدیارى بكەن , وەك ئەوەى ئەو دەڵێت : لە ڕاپۆرتێكی پزیشكیدا كە بۆ فەرماندەیى سریەكەیان ناردبو , نوسیبویان " بە پێویستى نازانین هەفتەیەك مۆڵەتی بۆبنوسین , وەك ئەوەى كە خۆی داواى ئەكات , ئێمە شوێنەوارەكانی نەخۆشیەكی قوڵی دەرونی تیابەدی ئەكەین … بەڵام باشەو هێشتا هەر ئەتوانێت ئەركەسەربازیەكانی جێبەجێ بكات , ئەم پیاوە بەرلەشەش مانگ لەخۆشیا گەشكەى كردووە , شۆكی خۆشیەكی زۆر دواى ساڵانێكی زۆرى ناخۆشى و بێزارى واى لێكردووە دڵى توشى لاوازیەكی زۆر ببێـت …" ئەم ڕاپۆرتە لەبارەى تەندروستى باوكمەوە , وا لە ملازم عدنان ى ئەفسەرى ئەكات بڵێت " ئەم پیاوە بەهۆى شۆكی خۆشیەكی زۆرەوە دڵی لاواز ئەبێـت , شەوی هێرشەكەیش لەبەر ئەوى دواى شەڕێكی زۆر بەسڵامەتی ئەگەڕێـتەوە , هێندەى تر دڵخۆش ئەبێت , ئیتر دڵى بەرگەى ئەو هەموو خۆشیەناگرێت و لە لێدان ئەكەوێت … بۆیە من پێم وایە ئەم پیاوە تەنها لەخۆشیا مردووە ..ئەگینا هیچ هۆیەكی تر نابینمەوە بۆ.. "
كێشەى من ئەوە نیە ئایا باوكم چۆن مرد , یان شەهید بوو .. بەڵكو گومانم لەو خۆشیە هەیە كەملازم عدنان ئەڵێت بوەتە هۆى وەستانی دڵى . باوكم لەژیانیا یەكجار خۆشى ئەبینێت , ئەویش ئەو ڕۆژەیە لەزیندان بەرى ئەدەن . من ناتوانم بڕوا بكەم باوكم لەخۆشیا مردووە , لەخۆشى ئەوەى دواى چواردە ساڵ سەرنگون بون , چواردە ساڵ ژیان بێ ئەوى تیشكی هەتاو ببینێـت , لەساتێكدا پێى ئەڵێن " ئەوە تۆ نیت گوناهباریت , بڕۆ … ئێمە بەسەهویەك تۆمان گرت .. ئەبوایە كەسێكی تربگیرایەت , كەسێك هەروا وەك تۆ ناوی ( جوامێر علی حەیدەر ) ە ," .
ئەفسەرە جل سەوزەكە بەزەردەخەنەیەكی تاڵەوە , بەنەرمیەكی زاڵمانەوە پێى ئەڵێت " لەم سەهوەدابەتەنها ئێمە گوناهبارنین , بەپلەى یەكەم باوكت گوناهبارە , لەبەر ئەوەى تۆى ناوناوە جوامێر , دواتر باپیرەت , ئەو كوردە شاخاویە نەگبەتەى كە مەگەر من بزانم پێچ و لفەى جامانیەكەى , بمبورە ( منع تفكیر )** ەكەى چەند بووە , لەبەر ئەوەى باوكتی ناوناوە علی .. ئەگەر تۆ هاوناوی ( جوامێر عەلى حەیدەر ) ى سەگباب و ئاژاوەگێڕ نەبویتایە , ئێمە چ كارێكمان بەسەرتەوە هەبوو .
ئێمە بۆدووەم جار بێگومان بوین لەمردنەكەى , دڵنیابوین ئیتر نایەتەوە .. لاى خۆمانەوە هەموشتێكی ئەومان مراند .. جگە لەیادگاریە ناخۆشەكانی , كەچى بەم دواییانە و سەرلەنوێ ناوى ( جوامێر عەلى حەیدەر ) هەم كەوتەوە ناوان .. ئەڵیـَن دواى 9/4/2003 لەیەكێك لەزیندانەكانی كۆشكی كۆماریدا , لەگەڵ كۆمەڵێك زیندانی تردا بینیویانە ڕایانكردوەو هوتافیان دژى فارسە مەجوسەكان كێشاوە , چونكە هەر وایان زانیوە لەزەمەنی شەڕی ئێران – عراق دا ئەژین … یەكێك ئەڵێـت لەناو ئەوزیندانیە ڕوت و بێ شەواڵانەدا بینراوە كە لە ئەبوغرێب , ژنە سەربازە ئەمریكیەكە بەجوڵەى مارو پشیلە ئەشكەنجەى ئەدان …
ئەم باوكە بۆمن هەر نەبوو .. ئەگەر چی قەت مردنەكانیشیم ئەزمون نەكرد وك هەر باوك مردنێكی ئاسایى
……………………………………………………………………..
(جبناو القادسیە) : بەماناى خوێڕیەكانی شەڕی عێراق – ئێران دێت .
( منع تفكیر ) : ( بەواتاى ڕێگرى بیركردنەوە ) دێـت , لەعیراقدا وەك سوكایەتی بە سەروێن و مێزەرى پیاو , تەنانەت عەگاڵى عەرەبیش ئەوترا .
* ئەم چیرۆكە لەژمارە 77 ى گۆڤارى ئایندەدا بڵاو بۆتەوە .