
پژمه‌كه‌ی چێرڤیاكۆڤ
یه‌كێك له چیرۆكه‌كانی نوسه‌ری گه‌وره‌ی ڕووس”ئه‌نتۆن پاڤلۆڤیچ چێخه‌ڤ” , چیرۆكێكه له‌ژێرناونیشانی “مه‌رگی به‌رپرس*” دا , له‌خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنیدا منی ناچار به ژیانكردن له‌ته‌ك و له ناو رووداوه‌كانیدا كرد , هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه سه‌رباری ئه‌و ساكارییه‌ی كه له‌یه‌كه‌م خانه‌ی له‌دایكبوونی ڕووداوی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌دا به‌دیده‌كرێت , كه بریتییه له “پژمه” یه‌ك .
ئیڤان دیمیتریچ چێرڤیاكۆڤ وه‌ك پاڵه‌وان له ته‌ك ژه‌نڕاڵدا ده‌رده‌كه‌ون , وه باس له ئێواره‌یه‌كی زۆر جوان و شاد ده‌كات , كه چێرڤیاكۆڤ له یه‌كێك له ئۆپێراكانی موزیكدانهری فه‌ره‌نسی “پلانكێت”دایه , ئه‌و هه‌ست به‌وه‌ها كامهرانیهك ده‌كات ,كه هه‌رگیز به‌و شیوه‌یه هه‌ستی پێنه‌كردووه و هه‌رگیز هێنده شادومان نه‌بووه , به‌ڵام له كتوپڕدا ڕووبه‌ڕوی بارێكی ناهه‌موار ده‌بێته‌وه , وه‌ك چێخه‌ڤ ده‌نوسێ , ژیان بۆ خۆی پڕاوپڕه له‌و ڕێكه‌وت و سورپرێزانه , زۆر جاریش ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ناكرێت ڕووده‌دات و ده‌شێ ته‌واوی ژیان سه‌راوژێر بكات , ئه‌م باره بۆ چێرڤیاكۆڤ له گرژبوونی ده‌موچاو و , سه‌ختبوونی هه‌ناسه‌دان و زۆر ناڕهحهتبوونیهوه خۆده‌رده‌خا , چاویلكه‌كه‌ی داده‌كه‌نێت و , به‌توندی ده‌پژمێت .
هه‌ڵبه‌ت پژمه دیاریده‌یه‌كی ئاسایی و سروشتی مرۆڤه , هه‌مو كه‌سێك , كرێكارێك , سه‌ربازێك , فه‌یله‌سوفێك , یاخود به‌رپرس و سه‌رۆكی وڵاتێك بێت ده‌پژمێت , به‌ڵام ڕه‌نگه چێرڤیاكۆڤ تێگه‌یشتنێكی دیكه و پێچه‌وانه‌ی هه‌بێت , وه ئه‌و به شكڵێكی دیكه مامه‌ڵه له‌ته‌ك ئه‌و دۆخه‌دا ده‌كات , وه‌ك وابێت , كه پژمه له خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌و بێت و ئه‌وانی دیكه ئاگاداری ئه‌و ڕاستیه گشتییه نه‌بن , تاكو بتوانن له‌وه تێبگه‌ن , كاتێك چێرڤیاكۆڤ ده‌پژمێت به‌ئه‌نقه‌ست نیه , بێگومان ئه‌م وێنایه ده‌شێ ڕووی هه‌ره ساكاری ئه‌م چیرۆكهبێت .
چێرڤیاكۆڤ و ژه‌نڕاڵ سه‌ر به دوو دنیای جیاوازن , دونیای چێرڤیاكۆڤ , دونیایه‌كه پڕه له ئه‌فسانه‌ی جیاواز له باره‌ی دۆخ و سروشتی كه‌سانی باڵاده‌ست و خودان پله‌وپایه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگادا , گوزارشته له دونیابینییه‌ك , كه ژه‌نڕاڵ و ژه‌نڕاڵه‌كان له سیفه‌ته مرۆییه‌كانیان داده‌ڕنێت و , به ته‌واوی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی جیاواز و خودان سیفه‌تی سه‌رومرۆیی تێیاندهڕوانێت .
هه‌ڵه نیه , ئه‌گه‌ر بێژین ئه‌و دۆخه , گوزارشتیشه له شه‌رمه‌زاربوون و شه‌رمنی مرۆڤ له ئاست سیفاته‌كانی خۆیدا , پیشانده‌ری ڕاستیه‌كه , كه په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵگه و تاك به تاكی كۆمه‌ڵه‌وه هه‌یه , ئه‌ویش به‌و پێیه‌ی گه‌لێك خه‌سڵه‌ت هه‌ن هاوبه‌شن له نێوان مرۆڤه‌كاندا ,به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هاوبه‌شییه , هه‌ندێك له‌و خاسیه‌تانه بوونه‌ته بهشَێكی شوره‌ییی ئامێزی ڕه‌فتاری مرۆڤ , ته‌نانه‌ت ده‌ركه‌وتنیان ئه‌گه‌ر به ڕێكهوتیش بێت , ده‌بنه مایه‌ی شه‌رمه‌زاربوون له نێوان خه‌ڵكاندا , خه‌ڵكانێك كه خۆیان به‌شێكن له شه‌رمه‌زارییه‌كه و , ته‌نها جیاییهك ئه‌وه‌یه هێشتا له دۆخێكی ڕۆشندا ئه‌وان سیفه‌ته شهرمهزاریهێنهكهیان خۆی بهیاننهكردووه , ئه‌مه چیدیكهیه جگه له ده‌به‌نگی مرۆڤ , كاتێك شهرمهزاردهبێت به خاسیهتگهلێك كه گشت ئه‌وانی دیكه هه‌ڵگرین , چ كۆمه‌ڵێكی مرۆیی ده‌به‌نگه كه تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ندامه‌كانی حه‌رام و شهرمهزاردهكات .
كاتێ چێرڤیاكۆڤ ده‌پژمێ و خۆی ده‌سڕێ , ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری ده‌كا و , ده‌بینێ كه‌سێكی مامناوه‌ندی له ته‌مه‌ندا , كه له كورسیه‌كه‌ی پێشه‌وه‌یدا دانیشتووه , سه‌رقاڵی سڕینی مل و سهرهڕووتاوهكهیهتی , لێره‌وه شه‌رمه‌زاری چێرڤیاكۆڤ ده‌ستپێده‌كات , له به‌رئه‌وه ڕاسته‌وخۆ داوای لێبوردن كردن به پێویست ده‌زانێ , بۆیه هه‌روا ده‌چێته پێشه‌وه و وردهكۆكهیهكی بۆ ده‌كات و , داوای به‌خشین له ژه‌نڕاڵ ده‌كات , هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌تا ترس دایده‌گرێت , چونكه به‌و نیشانانه‌ی به جلوبه‌رگی ژهنراڵهوهیه , وا بۆ چێرڤیاكۆڤ وه‌ده‌رده‌كه‌وێ ژه‌نراڵ ئه‌و كه‌سه‌بێت , كه ده‌شێ زیان بۆ كاروژیانی دروستبكات , هه‌رچه‌نده ژه‌نڕاڵ به‌رپرسه‌كه‌ی چێرڤیاكۆڤ نیه و , كه‌سێكی دیكه‌یه , به‌ڵام وه‌ك ته‌واو كارلهكارترازابێت و چیدی گه‌ڕانه‌وه نه‌بێت , وه‌ك وابێت , چێرڤیاكۆڤ هه‌موو شتێك وه‌لابنێت و , ته‌نها ئامانجێك بۆ ژیانی خۆی دیاریبكات , ئه‌ویش وه‌ده‌ستهێنانی به‌خشین و , لێبورده‌یی نێوان مرۆڤه‌كان بێ , ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه خاڵی یه‌كه‌م , ئیدی چێرڤیاكۆڤ ده‌چێته سه‌فه‌رێكی ئه‌به‌دییه‌وه . له وه‌ڵامدا ژه‌نڕاڵ ده‌ڵێ : هیچ نیه , هیچ نیه , پاش ئه‌وه‌ی چێرڤیاكۆڤ ڕوونیده‌كاته‌وه , كه به‌هیچ جۆرێك به ئه‌نقه‌ست ئه‌و كاره‌ی نه‌كردووه , هه‌ڵبه‌ت نازانم بۆ , به‌ڵام ڕه‌نگه له گه‌مژه‌یدا بێت , یاخود له نادڵنیایدا چێرڤیاكۆڤ تكاكه‌ی دووباره ده‌كاته‌وه و ده‌بێژێ: ” له‌به‌ر خوا ….بمبوورن ….له‌به‌رئه‌وه‌ی من ئه‌وه‌م نهخواستبوو ” , ئه‌مه له چركهساتێكدایه , كه هه‌موو گوێیان بۆ ئۆپێراكه شلكردووه , بۆیه ژه‌نڕاڵ ئه‌وها وه‌ڵام ده‌داته‌وه ” تكایه دانیشن ..بهێڵن با گوێ‌بگرین ” به‌م شێوه‌یه چێرڤیاكۆڤ شه‌رمه‌زارییه‌كی زیاتردایدهگرێت , سه‌رباری ئه‌وه به‌خه‌نده‌وه و به گهمژهییهكهوه دانیشته‌وه و چاویبڕییهوه ئۆپێراكه . به‌ڵام چێرڤیاكۆڤ چیدی شادمان نه‌بوو , وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تادا وه‌هابوو , ئه‌و هێنده ئازاری چه‌شت و شه‌رمه‌زاربوو تروسكایی كامه‌رانی و شادی له لای نه‌ما . لێره‌دا مرۆڤ له‌وه تێده‌گات كه چ گاڵتهجارییهكه ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ به‌خته‌وه‌ری , شادمانی , خه‌نده , ئه‌وانه چ چركهساتگهلێكی كورتماوه و تهمهنكورتن , ته‌نانه‌ت له ئاست بارێكی بچوكی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر چێرڤیاكۆڤدا دێت خۆناگرن و ده‌فڕن و ده‌تاوێنه‌وه و ده‌مرن ,ته‌نها ڕێكه‌وتێكی ئه‌وها نه‌گریس به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ساتهشادمانییهك بهربادببێت و , به ته‌واوی نیگه‌رانی شوێنی بگرێته‌وه . به‌ڵام ڕه‌نگه نیگه‌رانی شوناسه ڕاستینهكهی مرۆڤ بێت , ئه‌مه دیوه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ئه‌و بێت , كه بریتییه له نیگه‌رانییه‌كی ئه‌به‌دی ده‌رباره‌ی هه‌موو شتێك , ده‌رباره‌ی بوون , كه بنهڕتێكی ئۆنتۆلۆژیانه‌ی بوونی مرۆڤه و ناشێ لێی جودا ببێته‌وه , بۆیه دروسته گه‌ر بێژین نیگه‌رانی هێمای گه‌وره‌تر و قوڵتری ڕهسهنبوونه , نه‌ك شادمانی مرۆڤ , نیگه‌رانی په‌یوه‌ستی ئاماده‌گییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤه له دونیادا .
چێرڤیاكۆڤ له ڕێستهكهدا , هه‌مدیسان له ژه‌نڕاڵ نزیك ده‌بێته‌وه , هه‌وڵده‌دات به‌سه‌ر شهرمنییهكهیدا زاڵببێت , وه ده‌ستده‌كاته‌وه به بۆڵه‌بۆڵ و هه‌مان قه‌وانی پێشتر لێده‌داته‌وه , هه‌ر له‌به‌رئه‌وه ژه‌نڕاڵ به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان توڕه ده‌بێت و ده‌ڵێت :” ئاخ ….ده‌به‌سه …..من هه‌ر لهبیرمكردبوو….به‌ڵام تۆ ههردهیڵێیتهوه !”به‌م شێوه دوواو نائارامانه به‌شی خواره‌وه‌ی لێوی جوڵاند.
سه‌رباری ئه‌و ڕوونی و توندیه‌ی له وه‌ڵامه‌كه‌ی ژه‌نڕاڵدا هه‌بوو , به‌ڵام نه‌یتوانی چێرڤیاكۆڤ بگه‌یه‌نێته ئه‌وباوه‌ڕه‌ی كه له ئامانجه‌كه‌ی خۆی ده‌ستبه‌رداربوون ڕابگه‌یه‌نێت , چونكه ئه‌و به‌رده‌وام هه‌ست بهنائارامییهك ده‌كات , كه به‌شێكی له موئهدهبی خۆیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و به‌شێكی دیكه‌ی ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و ترسه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌یه , كه هه‌م كۆمه‌ڵگا بینای كردووه , وه هه‌م ده‌سه‌ڵات و كاراكته‌ره‌كانی ناوی ده‌ستیان هه‌یه له خوڵقاندنیدا , هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌یه چێرڤیاكۆڤ به‌و ڕاده‌یه له نائارامی و شڵه‌ژاندا ده‌ژی , هه‌رچه‌نده ده‌شیا بڕوات و ته‌نها جارێك داوای به‌خشین بكات و ئیتر به‌س , به‌ڵام نه‌خێر , ئه‌و له هه‌موو ڕسته‌یه‌كی ژه‌نڕاڵ به‌گومانه , ڕه‌نگه گومانه‌كه‌ی چێرڤیاكۆڤ له جێگه‌ی خۆیدابێت , ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رپرسه سیاسی و كارگێڕهدهوڵهتییهكان به زه‌حمه‌ت ڕاستی ده‌بێژن , ته‌نها مه‌گه‌ر ناچاربن , ڕه‌نگه ئه‌وان وا خۆیان په‌روه‌رده بكه‌ن , كه ڕاستی ته‌نها وه‌ك چه‌كێكی ده‌گمه‌ن به‌كاربهێنن , له‌كاتێكدا به‌پێویستی بزانن , به‌ڵام له ساتی دیكه‌دا زیاتر به‌ماسكه‌وه خۆده‌رده‌خه‌ن , هه‌موو سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارێك ماسكێكی گه‌ره‌كه , تاكو به‌رده‌وام یان زۆربه‌ی كات خۆی له‌بنه‌وه حه‌شاربدات.
چێرڤیاكۆڤ گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و ڕووداوه‌كه‌ی بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی باسكرد ,به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ندێك ساویلكانه سه‌رنجی له ڕووداوه‌كه دا و , له سه‌ره‌تادا ترسا ,به‌ڵام كاتێ ئه‌وه‌ی زانی ژه‌نڕاڵ ئه‌و كه‌سه نیه , كه به‌رپرسی مێرده‌كه‌یه‌تی ئیدی هێمنبوویهوه و , به چێرڤیاكۆڤی گوت :”هه‌رچۆنێك بێت بچۆره لای ژه‌نڕاڵ و داوای لێبووردنی لێبكه , با وابیرنهكاتهوه , كه تۆ نا‌توانیت كه‌سیه‌تی خۆت له نێو خه‌ڵكدا ڕابگریت” , ئه‌وه ده‌زانین , كه خه‌می هاوسه‌ره‌كه‌ی چێرڤیاكۆڤ له دواجاردا ده‌بێته خه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی , هه‌رچه‌ند له سه‌ره‌تادا ته‌واو ترسێكی ئابووریانه بوو , كه بێگومان له نیگه‌رانی ئه‌وه‌وه ده‌رباره‌ی له‌ده‌ستچوونی ده‌رفه‌تی كاركردنی مێرده‌كه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت , ئه‌م دۆخه , دۆخی چێرڤیاكۆڤیشه هه‌ندێك قوڵتر و كاریگه‌رتر .
چێرڤیاكۆڤ له سه‌فه‌ره‌كه‌ی دا به‌رده‌وامه , دیسان خۆی ده‌گه‌یه‌نێته لای ژه‌نڕاڵ , ئه‌م جاره له شوێنی كاره‌كه‌یدا , هه‌م داوای به‌خشین ده‌كات و , پاكانه ده‌كا و باس له په‌شیمانبوونی خۆی و بێ مه‌به‌ستی خۆی ده‌كا , دیاره به‌ڕاده‌یه‌ك گه‌مژانه دێته پێشچاو , كه ژه‌نڕاڵ به‌زبری ده‌بێژێ :”ئه‌مه چ پوچییهكه …هه‌ر خودا ئه‌مه ده‌زانێ!” , ئه‌مه وه‌ڵامێكی هێنده برینداركه‌ره , كه ده‌شێ مرۆڤ پێی بمرێ ! , هه‌رچه‌نده چێرڤیاكۆڤ ڕه‌نگی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕا و عه‌سه‌بی بوو , به‌ڵام كۆڵینهدا , به خۆی گوت :” نه‌خێر ,ئه‌مه ئه‌وها نابێت به‌جێبهێڵم , پێویسته خۆم بۆی ڕوونبكه‌مه‌وه ” .
ئه‌م سه‌ركێشییه‌ی چێرڤیاكۆڤ له‌پێناو وه‌ده‌ستهێنانی “به‌خشین”ه‌كه‌ی ژه‌نڕاڵدا ئێجگار تولانییه , كۆتاییه‌كی تراژیدی هه‌یه , پێش ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوی تراژیدیای چێرڤیاكۆڤ ببینه‌وه , هه‌وڵه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رنجمان بۆخۆیان كێشدهكهن , بهشكڵێك, كه ناكرێت به‌قوڵی ده‌رك به‌و ڕاستییهنهكهین , كه لێبووردن بووه‌ته دواهه‌مین هیوای چێرڤیاكۆڤ , ئه‌و به ته‌واوی وێڵ و شه‌یدای لێبووردن بووه , ئه‌و هه‌ست به گوناهێكی گهورهدهكا , سه‌رباری ئه‌و ترسهكۆمهڵایهتی و سیاسییه‌ی هێمامان پێكرد , كه ده‌شێ بنه‌ڕه‌تی گوڕوتینی به‌رده‌وامی ئه‌و بن , ئیدی ئه‌وه تێده‌گه‌ین , كه ویستی چێرڤیاكۆڤ بۆ لێبورده‌یی , به‌شێوه‌یه‌ك مه‌زنبووه , وه‌ك خاڵێكی جه‌وهه‌ری و ژیانی بۆ بوونی چێرڤیاكۆڤ سه‌قامگیربووه , لێبورده‌یی له ههنوكهدا بۆ ئه‌و یه‌كێك لهبنهڕهتیترینهكانی ئامانجه‌كانی بوونه .
سه‌رباری خۆبه‌گه‌وره‌زانی و سوكایه‌تیپێكردنی ژه‌نڕاڵ له ئاست چێرڤیاكۆڤدا , به‌ڵام ئه‌و كۆڵنادات , ئه‌مه شێوه‌یه‌كی جوانی یاخیبوونی مرۆڤه دژ به زووماندووبوون له پێناو لێبوورده‌ییدا , له‌ته‌ك هه‌ر په‌یامێكی دیكه‌ی چێرڤیاكۆڤدا و , سه‌ره‌ڕای هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی جودا , كه گوتار و ڕه‌فتاره‌كانی هه‌ڵگریبێت , ئه‌و په‌یامێكی كۆنكرێتی ڕاده‌گه‌یه‌نێ , كه من به‌م شێوه‌یه ههڵیئههێنجم :”لێبوورده‌یی ئه‌وه ده‌هێنێت له پێناویدا بمرین” .
ژه‌نڕاڵ به‌ده‌موچاوێكی گرژ و , به‌ڕاوه‌شاندنی توند‌و ئازارده‌رانه‌ی ده‌سته‌كانی به ڕووی چێرڤیاكۆڤدا هه‌ڵده‌شاخێ , كه بۆ یه‌كه‌م جار چێرڤیاكۆڤ ناچار ده‌كات به‌وه‌ی بڵێت :” ژه‌نڕاڵ توانای تێگه‌یشتنی نییه” , ئه‌مه ساتێكی به‌بایه‌خه , به‌و واتایه‌ی كه ده‌شێ ژه‌نڕاڵ لێره‌دا وه‌ك گوزارشتكهری دونیای ده‌سه‌ڵات تێیبگه‌ین ,یان هه‌رجۆره ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌لتوری و ئاینی و ئایدۆلۆژی , كه به‌زه‌حمه‌ت له جیاوازیه‌كان تێده‌گه‌ن و ڕێزیاندهگرن ,ناتوانن خودان په‌یامی لێبورده‌یی بن , ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یامانه له دهرهچوارچێوهی بنه‌ما نهگۆڕهكانیانهوه بن . ئیدی چێرڤیاكۆڤ بڕیارده‌دات له‌م ساته‌وه به‌هیچ جۆرێك نایه‌ته‌وه و ڕووبه‌ڕوو داوای به‌خشین له ژه‌نڕاڵی خۆبه‌زلزان ناكات , هێنده توڕه‌یه , كهلهبهرخۆیهوه ده‌ڵێ :” ئه‌هریمه‌نت له‌گه‌ڵ ” ئه‌ی ژه‌نڕاڵ , به‌ڵام ده‌یهه‌وێ ئه‌وجا له ڕێگه‌ی نامه‌وه بۆ ژه‌نڕاڵ بنوسێت , ئه‌و گه‌یشته‌وه ماڵه‌وه و , كهوتهناوبیركردنهوهوه ده‌رباره‌ی نوسینی نامه‌یه‌ك , كه بڕیاری دابوو بۆ ژه‌نڕاڵی بنێرێت , ئه‌و زوو تێگه‌یشت , كه قودره‌تی نوسینی ئه‌و نامه‌یه‌ی نیه و , بۆیه هه‌م سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت ,كه پژمهكه ڕووداوێكی لهناكاوبووه و مه‌به‌ستی چێرڤیاكۆڤ ئه‌وه نه‌بووه بیپرژێنێت به سه‌ر سه‌روگوێلاكی ژه‌نڕاڵدا . بۆ ڕۆژی دواتر چووه لای ژه‌نڕاڵ و به‌ڕێزه‌وه وه‌ك هه‌میشه پێی‌گوت , گه‌وره‌م من ڕۆژی پێشتر هاتمهلاتان , تا ڕوونی بكه‌مه‌وه كه به‌مه‌به‌ست نه‌بووه و , وه هیچ كاتێكیش نه‌مویستووه به‌ئێوه پێبكه‌نم , هه‌ڵبه‌ت پێویسته ئاگاداری ئه‌وه‌بین , كه ڕۆژی به‌رێ چێرڤیاكۆڤی به‌وه تاوانباركرد , كه گوایا ئه‌و هه‌ر پێده‌كه‌نێ ! , ئه‌و تۆمه‌ته‌ی خرایه پاڵی زۆربێزاركهربوو , مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو بۆ چێرڤیاكۆڤ ,چونكه نه‌ك نه‌یویستبوو پێبكه‌نێت , به‌ڵكو هه‌ر بیریشی لێنه‌كردبووه‌وه , ئێمه ده‌زانین له قوڵاییه‌كانی داوا و خه‌ونێكی ئه‌وها گه‌وره و جدیدا مه‌حاڵه مرۆڤ بتوانێ له‌سۆنگه‌ی گاڵته‌جارییه‌وه پێبكه‌نێت , بۆیه چێرڤیاكۆڤ درێژه‌ده‌دات به ڕوونكردنه‌وه و سه‌لماندنی ناڕاستی ئه‌و و دروستی و ڕاستگۆیی قسه‌كانی خۆی و , به‌و په‌ڕی سه‌رسامییه‌وه ڕووده‌كاته ژه‌نڕاڵ و ده‌پرسێت :” چۆن من ده‌توانم پێبكه‌نم !!!؟؟؟؟” , به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌گاته ئاسته باڵاكانی بیركردنه‌وه ده‌رباره‌ی ڕێزی كه‌سیه‌تی مرۆڤ و , ده‌ڵێت:”ئه‌گه‌ر ئێمه له‌وه‌ها كاتێكدا پێبكه‌نین , ئه‌وه مانای بێڕێزیكردنه به كه‌سیه‌تی مرۆڤ ” .
ژه‌نڕاڵ له پاش ئه‌و جدییه‌ت و ده‌ربڕینه به‌رزه‌ی چێرڤیاكۆڤ , وه‌ك هه‌موو مرۆڤه خۆبه‌زلزانه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداره سته‌مكاره سیاسی و نه‌ریتییه‌كان , وه‌ك ئه‌وانه‌ی كه خۆیان وه‌ك خاوه‌نداری حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها پێناس ده‌كه‌ن , توانای ته‌حه‌مولكردنی نامێنێت , چونكه ئه‌و كاته‌ی مرۆڤ ده‌گاته دواڕاده‌ی جدیبوون له په‌یامه گه‌وره مرۆییه‌كانیدا , ئیدی هه‌موو شهرمنیهك و ترسێك خاپوردهكات و تواناكانی زاڵبوون تێیدا گه‌وره‌ده‌بن , مرۆڤ له ساتگهلێكی ئه‌وهادا هیچ سڵێك له جاڕدانی په‌یامی ئازادی و ئاشتی و لێبورده‌یی و ڕێزگرتنی ئینسان ناكاته‌وه , به‌م شێوه هیچ ده‌رفه‌ت و هه‌ڵبژارده‌یه‌كیش بۆ ژه‌نڕاڵ و ژه‌نڕاڵه‌كان ناهێڵێته‌وه , یان ده‌بێت ڕاده‌ستی په‌یامی مرۆڤانه ببن , یاخود وه‌ك سیفه‌تی هه‌میشیی خۆیان ڕووبه‌ڕوی ئه‌و په‌یامه بهرزانهببنهوه .
هه‌رله‌به‌رئه‌وه بوو , كه له دواهه‌مین پله‌ی جدییه‌تی گوتاری مرۆڤانه‌ی چێرڤیاكۆڤدا , ژه‌نڕاڵ ده‌گاته كۆتا پله‌ی ده‌مارگیریی خۆی و به‌ده‌نگێكی قیڕهئاسا و به‌ڕه‌نگێكی شینههڵگهڕاوهوه , كه له توڕه‌یدا ده‌سته‌كانیشی ده‌له‌رزن , ده‌ڵێ :”بڕۆۆ ….ده ره وه !” , چێرڤیاكۆڤ هه‌رچه‌نده ده‌ترسێ ,به‌ڵام به كزهدهنگێكهوه ده‌پرسێت “چیه …چی ؟” , ژه‌نڕاڵ به توڕه‌بوونێكی ناشیرینترهوه دووپاتی ده‌كاته‌وه ” بڕۆۆ ..ده ره وه !” , به ڕاده‌یه‌ك توڕه‌یه كه پێیه‌كانی به‌زه‌ویدا ده‌كێشێ . به ڕاستی ئه‌مه وێنایه‌كی جوانی ئه‌وانه‌یه كه نایانه‌وێت گوێ له په‌یامی مرۆڤبوون بگرن , ئه‌وانه‌ی مرۆڤ و مرۆڤبوون له سه‌رو هه‌موو شته‌كان و باوهڕهكانهوه دانانێن , مرۆڤ له كن ئه‌وانه‌دا چ نیه جگه له خزمه‌تكار و قوربانیه‌ك له پای ڕاگرتنی لوتبه‌رزی خۆیان و موقه‌ده‌سه ناموقهدهسهكانیاندا , ئه‌وانه بونهوهرگهلێكن ته‌نها له پێستی مرۆڤ‌بوون‌دا , ناكارن مرۆڤگهرابن , چونكه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی ڕاسته‌قینه بێت , پێویسته مرۆڤگهرا بێت و , مرۆڤگه‌رایی بۆ ئه‌و دواهه‌مین و پایه‌دارترین ڕه‌گه‌زی بیر و هۆش بێ , نه‌ك له په‌راوێزه‌كانی دۆگماباوهڕی و ئایدۆلۆژییهكاندا فڕێبدرێت.
لێره به دواوه تراژیدیای چێرڤیاكۆڤ به دواسنوری تراژیدیای مرۆڤ ده‌گا , هه‌ر له‌ته‌ك دهركردنهنامرۆییهكهی له لایه‌ن ژهنڕاڵهوه , چێرڤیاكۆڤ پاشه‌وپاش بۆ لای ده‌رگای ده‌ره‌وه گه‌ڕایه‌وه و ,هه‌ر له‌م ساتی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا , كتوپڕ هه‌ستی كرد ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی له هه‌ناویدا لێك ده‌ترازێ , بێ ئه‌وه‌ی هیچ ببینێ یا ببیسێ , ئه‌و چووه سه‌ر شه‌قامه‌كه و به‌ره‌و ماڵه‌وه كه‌وته ڕێ , ئێجگار سه‌خت ڕێگای ده‌بڕی و به‌م لاولادا ده‌كه‌وت , هه‌رچۆن بوو گه‌یشت و , بێ ئه‌وه‌ی جل و به‌رگی كاركردنی دابكه‌نێت ,چێرڤیاكۆڤ به‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی دا پاڵكه‌وت و , به‌م شێوه‌یه مرد .
ئومێدحه‌مه‌عه‌لی-ڕووسیا
: ئه‌وه ناونیشانی چیرۆكه‌كه‌ی چێخهڤه , كه به‌مانای مردنی “چینۆڤنیك” دێت, وشه‌ی چینۆڤنیكیش Смерть чиновника *
واتای كه‌سێكه كه له بواری خزمه‌تی ده‌وڵه‌تیدا كارده‌كات و به‌رپرسیاریی هه‌یه.
– ئه‌م چیرۆكه له ساڵی 1883نوسیویه‌تی و بڵاویكردۆته‌وه .
تێبینی : ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی 54 ی گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ دا بڵاوبووه‌ته‌وه .