چه‌ند سه‌رنجێک له په‌راوێزی بۆچوونه‌کانی کاک زاهیر باهیردا!
کاک زاهیر باهیر، بابه‌تێکی له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و چه‌ند سایتێکدا بڵاوکردوه‌ته‌وه له ژێر تایتڵی(بۆچی گروپه لۆکاڵییه‌کان زهروریین؟). http://hawpshti.com/kurdi/babeti_gshti/8152.html وتاره‌که‌ی کاک زاهیر.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که زۆر گرنگه له ڕووی سیاسیی و سۆسیۆلۆگییه‌وه، به تایبه‌تی له‌م کاته‌دا که به‌هاری عاره‌بی چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بی گرتوه‌ته‌وه و پار ساڵیش له ماوه‌ی 62 ڕۆژدا هه‌وڵێکی وا درا له کوردستانی خۆماندا، که باداخه‌وه بوه مایه‌ی گیان له ده‌ستدانی چه‌ندین گه‌نج و بریندار بوونی ده‌یان که‌س و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و سوکاتیهتیش تا ئیستا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به ناو دیموکراتیی کوردستانه‌وه به‌رده‌وامه. بۆیه لام باشبوو که هه‌ندێک سه‌رنجی خۆمی له‌سه‌ر بده‌م و هیواداریشم ئه‌م بابه‌ته ببێت به ته‌وه‌ری وتووێژێکی باش له نێو ئه‌و خوێنه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ی که ئه‌م پرسه‌یان به‌لاوه گرنگه.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی کاک زاهیر قسه له‌سه‌ر گروپه لۆکاڵییه‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستان ده‌کات. من گروپه لۆکاڵیه‌کان به هه‌ردوو مه‌به‌ست، یان به هه‌ردوو مانای گروپه لۆکاڵیه‌کانی نێو یه‌ک کۆمه‌ڵ و هه‌موو کۆمه‌ڵه جیاوازه‌کان ده‌خوێنمه‌وه، به مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی سه‌رنجه‌کانی خۆم له‌سه‌ر بابه‌ته‌که و قوڵبوونه‌وه و فراوانکردنی ته‌وه‌ره‌کانی نێو بابه‌ته‌که. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بۆیه ده‌که‌م که هه‌موومان ده‌زانین کۆمه‌ڵی کوردستان به ده‌یان ڕایه‌ڵ به‌ستراوه‌ته‌وه به کۆمه‌ڵ و گروپه‌کانی جیهانه‌وه، به تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مدا که گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆژیا و خێرایی کۆمینیکه‌یشن کارێکی کردوه که به ئان و ساستێک ڕووداوه‌کان نه‌ک هه‌ر ده‌گه‌نه هه‌موو سوچێکی جیهان به‌ڵکو کاریگه‌رییشیان له‌سه‌ری ده‌بێت، ئه‌م دیارده‌یه که ناوده‌برێت به جیهانگیریی و بچووک بوونه‌وه‌ی جیهان بۆ گوندێک، که سیسته‌می که‌پیتالیزم به هه‌موو فۆرمه جیاوازه‌کانییه‌وه له‌م گونده‌دا لق‌وپۆپی هه‌یه و ده‌ستی تێوه‌رده‌دات، واته به چاک و خراپێوه هاوبه‌شه تیاییدا، ئه‌وه‌ش به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه چاوچنۆکییه‌کانی خۆی و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی.
سه‌ره‌تا، ده‌بێت هه‌موومان بزانین ئه‌وه گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بوون که جیاوازییان دروستکردوه و سنوریان داناوه له نێوان جفاته جیاوازه‌کانی ئه‌م جیهانه‌دا، جفاتهکان له ڕووی گه‌شی ئابووریی و سۆسیۆلۆگیی وسیاسیی و فه‌رهه‌نگییه‌وه جیاوازن، ئه‌م جیاوازیانه‌ش به زه‌قی له نێوان جفاته ئه‌وروپیی و ئامریکی و ئوسترالییه‌کان له لایک و له لایکی تر ڕۆژهه‌ڵاتیی و ئیسلامیی و زۆرێک له جفاته ئاسیاییه‌کان ده‌بینرێت. شتێکی گومان هه‌ڵنه‌گره که ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌بووه له مێژووی مرۆڤایه‌تییدا که زۆرێک له‌و جفاته جیاوازانه‌ی که ئێستا هه‌ن، یان له دێرزه‌مانه‌وه هه‌بوون، که ڕه‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر جفاتگهلێک بوون بێ ئاگابوون له یه‌کتری، دابڕان هه‌بووه له نێوانیاندا، دوور بوون له یه‌کتری، بۆیه هه‌ر کۆمه‌ڵه‌و گروپێک له هه‌رشوێنێکی ئه‌م سهرزمینهدا هه‌بووبێتن خۆیان بۆ خۆیان جیهانبینییه‌کی تایبه‌تیان بۆ خۆیان دروستکردوه، به پێی سه‌لیقه و لێوردبوونهوهیان له سروشت و ڕووداوه سروشتییه‌کان و خۆڕاگریی و خۆ ڕانهگرییان به‌رامبه‌ر به‌و رووداوانه، جیهانبینییه‌کی تایبه‌تییان بۆ خۆیان دروستکردوه، ئیتر ئه‌م جیهانبینییه بووه به کولتور(که‌ڵچه‌ر) و سه‌پیوه به‌سه‌ریاندا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ ئاگا بوون له جفاتهکانی تر، دووربوون له یه‌کترییه‌وه، کۆمینکهیشن یان نه‌بووه یان زۆر لاواز بووه، بۆیه نه‌یانتوانییوه که‌ڵک له یه‌کتری وه‌ربگرن یان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتری هه‌بووبێت. دڵنیانشم هه‌ر ئه‌م جیاوازییانه‌ش بووه که ئافسانه گه‌لێکی جیاوازی بۆ ئه‌و جفاته جیاوازانه دروستکردوه، یان دینگهلێکی جیاوازیان هه‌بووه، مه‌به‌ست له دینه کۆنه‌کانه، دیاره دینه ئاسمانییه‌کان که دواتر هاتوون هه‌موویان نزیکن له یه‌کترییه‌وه و سودیان له یه‌کتری بینیوه.
له سه‌رده‌مێکیشدا ئه‌گه‌ر ئاگاداری یه‌کتری بووبێتن ژیانیان ئه‌وه‌ی نه‌خواستوه که که‌ڵک له جیهانبینی یه‌کتری وه‌ربگرن(ده‌توانم بلێم هه‌تا سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییهکانیش هه‌ر وابووه)، یان ئه‌و ئاگاییه‌یان نه‌بووه که وایان لێبکات هه‌وڵبده‌ن له یه‌کتری تێبگه‌ن و پێکه‌وه ژیانێکی باشتر دروستبکه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و بۆ سه‌پاندنی جیهانبینییه تایبه‌ته‌که‌ی خۆیان په‌لاماری یه‌کتریان داوه و یه‌کتریان دگیرکردوه و ڕه‌نگه به ده‌یان گروپ و جفاتی به‌شه‌ریی به‌م هۆکاره فهوتابێتن. دواتریش له‌و مێژووه‌وه که خۆمان، واته کۆمه‌ڵه و گروپی ئه‌م سه‌رده‌مه، ئاگادارێتی، ئه‌گه‌ر که‌ڵکیش له یه‌کتری وه‌رگیرابێت ئه‌و سود و که‌ڵکه نه‌بووه به هۆکارێک بۆ یه‌کخستنی هه‌موو کۆمه‌ڵه‌و گروپه‌کان، ڕه‌نگه لێره‌دا هۆکاری سه‌ره‌کی ته‌نیا چاوچنۆکیی و خۆسه‌پاندن نه‌بێت، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی چاوچنۆکیی و خۆسهپاندنیشدا ڕه‌نگه هۆکاری گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری هه‌ندێک له گروپ و کۆمه‌ڵه‌کان هاوبهشیکردبێت، واته جیاوزییه‌کانی نێوانیان چ له ڕووی زۆریی ژماره‌وه، چ له ڕووی گه‌شی ئابوورییه‌وه، چ له ڕووی خێرایی پیاڕاگهیشتنیان به که‌رسته کانزاییه‌کانه‌وه. ئه‌م جیاوازییانه له لایه‌ک له لایه‌کیتر ئه‌و جیهانبیینه تایبه‌ته‌ی هه‌ر جفاتێک له‌وی دی که وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا بووه به کولتور(که‌ڵچه‌ر)، ده‌قیان پێوه گرتوه و نه‌یانتوانییوه ده‌ستبه‌رداریبن، بۆیه بۆ پاراستنی ئه‌م جیاوازییانه، په‌لامار و هێرش و جه‌نگ دروستبووه له نێوانیاندا، لێره‌شه‌وه جفاتهکان گه‌ورتر و به‌ربڵاوتر بوون له‌سه‌ر حسابی لاوازیی ئه‌وی دی، یان فه‌وتان و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی.
به هه‌رحاڵ من ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم، که جۆرێک له چاوچنۆکیی و خۆسه‌پاندن هه‌رچی بێت هۆکاره‌که‌ی هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ر نییه له هۆکاریی ماددیی و پاراستنی ئه‌فسانه و کولتوری تایبه‌تیی، ئه‌وه کارێکی کردوه که ئه‌و جۆره له چاوچنۆکیی و خۆسه‌پاندنه بووبێت به خۆڕسک له مرۆڤه‌کاندا. ئا ئه‌مه کێشه‌ی منه لێره‌دا، چوونکه هه‌میشه جاران من وا تێگه‌یشتبووم که ئه‌وه قسه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه که ئه‌و بۆچوونه‌ی چاندوه له ناو خه‌ڵکدا( که مرۆڤه‌کان به خۆڕسک چاوچنۆکن و ده‌یانه‌وێت خۆیان بسه‌پێنن)، وام ده‌زانی ئه‌مه قسه‌یه‌کی درۆزنانه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه، یان ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ش هه‌بێت له نێو مرۆڤه‌کاندا ئه‌وه سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه چاندویه‌تی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خۆم گه‌یشتومه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که مرۆڤ خۆی له خۆیدا و به خۆڕسکی چاوچنۆک و خۆ سه‌پێنه‌ره!. هه‌ڵبه‌ت به‌و به ئاگاییه‌وه که ده‌زانم و ئیدراکی ئه‌وه‌م هه‌یه، ئه‌م چاوچنۆکییه خۆڕسکییه ڕیشه‌که‌ی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی سه‌ره‌تایی مرۆڤ، واته ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه دێرینه‌ی که مرۆڤه‌کان به کۆمه‌ل وه‌ک ئاژاڵ له شاخ و کێو و ده‌شته‌کاندا له‌سه‌ر به‌روبوومی دره‌خت و گژوگیای خۆرسک ژیاون، یان له‌سه‌ر راووشکار ژیاون، به‌ڵام ورده ورده و به ده‌یان هه‌زارا ساڵ ئه‌م چاوجنۆکیی و خۆسه‌پاندنه بووه به خۆرسک له مرۆڤدا، به تایبه‌تی کاتێک که شارستانێته جیاوازه‌کان، ئافسانه جیاوازه‌کان، کولتوره جیاوازه‌کان دروستبوون، وه‌ک چۆن هه‌ندێک که‌س ناوی ده‌بات به گورگه‌که‌ی ناو ناخی مرۆڤ، که سه‌رچاوه‌یه بۆ هێرش و په‌لامار و کوشتن و بڕین له پێناوی تێرکردنی حه‌زو ئاره‌زوه خۆڕسکیهکاندا وه‌ک خواردن و خواردنه‌وه و سێکس و دیسان خۆ سه‌پاندن، لای من ئه‌م گورگه بووه به خۆڕسک له نیو مرۆڤه‌کاندا.
بۆیه من تایتڵی بابه‌ته‌که‌م پێ باش نییه چوونکه گروپه لۆکاڵییه‌کان خۆیان هه‌ن و له دێرزه‌مانه‌وه خۆیان سه‌پاندوه، ده‌بوایه تایتڵه‌که به جۆرێک بوایه که ته‌واو ڕوون بووایه که مه‌به‌ست له گروپگه‌لێکی نێو یه‌ک جفاته، که‌ئه‌ویش جفاتی کوردستانه.
ئا لێره‌وه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و گروپه لۆکاڵیانه‌ی که له ناو کۆمه‌ڵه‌یه‌کدا نوسینه‌که‌ی کاک زاهیر، یان تایتڵی نوسینه‌که مه‌به‌ستێتی، لای من وایه که هه‌مان گروپه لۆکاڵیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵه‌یه‌ک ( به نوموونه گروپه لۆکاڵیه‌کانی له‌مه‌ر خۆمان واته کوردستان) درێژ بوه‌وه‌ی هه‌مان گروپه لۆکالییه‌کانی جیهانه، واته هه‌موو گروپه لۆکاڵییه‌کانی جیهان یان کۆمه‌ڵه‌کانی جیهان له هه‌مان خه‌سڵه‌تدا هاوبه‌شن، گروپه لۆکاڵیه‌کان ئه‌گه‌ر به کۆمه‌ڵه جیاوازه‌کان دایان بنێین، یان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له گروپه لۆکاڵیه‌کانی نێوان یه‌ک کۆهمهڵ بێت هه‌موویان هاوبه‌شن له‌یه‌ک خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییدا، ئه‌ویش ئه‌و چاوچنۆکیی و خۆسه‌پاندنه خۆرسکییهیه که له ناو خودی مرۆڤدا له دێرزه‌مانه‌وه چێنراوه، واته له‌و سه‌رده‌مه‌وه که دابه‌شکردنی کار دروستبووه، ئه‌م خه‌سڵه‌ته بوه‌ته هۆکاریی دژایه‌تیی و ناکۆکیی له نێوان مرۆڤه‌کانی یه‌ک کۆمه‌ڵدا و دیسان له نێوان کۆمه‌ڵه جیاوازه‌کانی جیهاندا، هه‌ر ئه‌م ناکۆکیی و دژایه‌تیه‌ش بووه که بوه‌ته هۆکاری خه‌بات و تێکۆشانی هه‌ر گروپێک، یان هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک بۆ زیاتر پێشکه‌وتن و چوونه پێشه‌وه به مه‌به‌ستی تێرکردنی چاوچنۆکیی خۆی و خۆ سه‌پاندنی به‌سه‌ر ئه‌وی تردا، واته ئه‌مه ناکۆکییه‌کی سه‌ره‌کیی بووه بۆ پێشکه‌وتنی به‌رده‌وامی کۆمه‌ڵه‌کانی جیهان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ناکۆکییه ورده ورده گه‌یشتۆته دروستبوونی چینه جیاوازه‌کان، ئه‌م چینانه‌ش بۆ خۆیان به پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌وڵیان داوه نه‌چه‌وسێنه‌وه و نه‌فه‌وتێن، باشترین چه‌کیش بۆ نهچهوسانهوه و نه‌فه‌وتاندن خۆ سه‌پاندنه، یان سپاندنی جیهانبینییه تایبه‌تییه‌کانی چینه‌کانه به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتری. سهرماهیداریی ده‌ڵیت، مرۆڤایه‌تی لای منه‌وه ده‌ستپێده‌کات و ته‌نیا له ژێر حوکمڕانی لیبراڵیه‌ت و دیموکراتیه‌ته‌که‌ی مندا فه‌راهه‌م ده‌بێت. سۆسیالیستیش ده‌ڵێت، مرۆڤایه‌تی و مرۆڤدۆستی و دادپه‌روه‌یی ته‌نیا له سیسته‌مه‌که‌ی مندایه. لێره‌دا خه‌باتی چیانیه‌تی دروست بووه، بۆ ههرچینێکیش ده‌یان ڕۆشنبیر و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف دروست بووه، واته خه‌باته‌کانیان بووه به ئایدیا و فه‌لسه‌فه و تێورگهلێک. ههرچینهو هه‌وڵیداوه ئه‌و تێورگهل وئایدیایهی خۆی بسه‌پێنێت و پراکتیزه‌ی بکات به‌سه‌ر هه‌موو گروپه‌کاندا، چ له‌سه‌ر ئاستی یه‌ک کۆمه‌ڵ چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو کۆمه‌ڵه‌کان. به نموونه سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی و سیسته‌می سۆسیالیستی هه‌ردووکیان ئه‌وه‌یان خواستوه که هه‌موو جیهان بخنه ژێر ڕکێفی سیسته‌مه‌که‌ی خۆیانه‌وه، جا کاملا باشترین میکانیزمی به‌کارهێنابێت هه‌ڵبه‌ته ئه‌و لایه‌نه سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، وه‌ک ده‌بینین ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌داریی سه‌رکه‌وتنی ته‌واوی به‌ده‌ستهیناوه(مهبستم له سه‌رکه‌وتنێکی ڕه‌ها نییه). ده‌شبێت ئه‌وه بزانین و ئیدراکی ئه‌وه‌مان هه‌بێت مه‌سه‌له‌که هه‌ر به‌کارهێنانی میکانیزمه باشه‌کان نییه که سه‌رکه‌وتنی بۆ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی مسۆگه‌ر کردوه، به‌ڵکو ئه‌و زه‌وینه خۆشه‌یه که بۆ سه‌رمایه‌داری زیاتر له سیسته‌می سۆسیالیستی ڕهخساوتره، ئه‌و زه‌مینه‌ش به ڕای من ئه‌و خه‌سڵه‌تی چاوچنۆکیی و خۆسپاندنهیه که له ناو ناخی مرۆڤدا بوونی هه‌یه، سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی کاری له‌سه‌ر ئه‌وه کردوه و ویستویه‌تی ئه‌و خه‌سڵه‌ته گه‌شه پێبدات له ناو ناخی مرۆڤدا، لێره‌وه‌یه که سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی به‌رپرسه له هه‌موو جه‌نگه‌کان، له هه‌موو خوێنڕشتن و کوشتن وبڕین و سته‌م و زوڵم و زۆرێک که دکرێت له جیهاندا، دیسان هه‌ر ئه‌ویش به‌رپرسه له نادادپه‌روه‌ریی و نا یه‌کسانی و گه‌شه‌ی دین و جه‌نگی دین و شارستانیه‌ت، هه‌تا ئه‌م جه‌نگانه و ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه به‌رده‌وام بێت سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌تا خه‌سڵه‌تی چاوچنۆکی و خۆسه‌پاندن له‌و یه‌که‌یه‌وه که خیزانه به‌رده‌وامبێت، سه‌رمایه‌دارییش به‌رده‌وام ده‌بێت، به واتایه‌کی تر ئه‌و خه‌سڵه‌ته دزێو و ناشیرینه زه‌ویی و به‌راوێکی به پیت و به‌ره‌که‌ته بۆ به‌رده‌وامیی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی . کێشه‌ی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م نووسینه‌ی زاهیردا، که زاهیر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی فه‌رامۆش کردوه و به‌لایدا ناچیت، کاتێکیش به‌لایدا نهچاێت، ئه‌م هه‌وڵه‌ی زاهیر بۆ خه‌باتی گروپه‌کان و بنی بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ که یه‌که‌ی خێزانه، ده‌بێت به خه‌ون و خه‌یاڵێک و جێبه‌جێناکرێت، چوونکه هه‌موومان ده‌زانین که مرۆڤ دامه‌زرێنه‌ر و پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی خێزان و کۆمه‌ڵه، کێشه‌که‌ش مرۆڤ خۆیه‌تی که زۆر زه‌حمه‌ته ببێت به مرۆڤێکی یه‌کسانی خواز‌و دادپه‌روه‌ر، مرۆڤه‌کان له کۆمه‌ڵه‌ی ئێمه‌دا دینیین، چاوچنۆکن، خۆسهپێنهرن، دڵڕه‌قن، بکوژن، نا یه‌کسانن، ئه‌و جۆه‌ره مرۆڤه‌ن که بوون به ئامرازی ده‌ستی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی، به ئاسانی بازنه‌کانی ئه‌م سیسته‌مه ده‌توانێت کاریان تێبکات، هه‌ڵیانده‌سوڕێنێت، بهکاریاندهێنێت و بهکاریاندهبات.
له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که باسکراوه، که هه‌میشه کۆمه‌ڵه‌کانی جیهان خه‌ریکی خه‌باتکردن و هه‌وڵێکن بۆ گۆڕان و به‌ڵام گۆرانیان پێناکرێت، هه‌رچی گۆرانێکییان پێبکرێت ده‌چێته‌وه خزمه‌تی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، ئه‌گه‌ر زاهیر قایل بێت به‌و پێشه‌کییه‌ی که من نووسیومه له‌سه‌ر تایتڵه‌که ئه‌وه ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی جۆرێکه له پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی قۆناغه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئه‌و قۆناغه‌ی که هه‌موو کۆمه‌ڵه‌کانی جیهان ته‌واو له‌یه‌ک نزیک بوونه‌ته‌وه و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆژیا و جیهانگیریی بووه‌ته هۆکارێکی سه‌ره‌کیی بۆ خێرایی کۆمینیکه‌یشن و یه‌ک ناسین و دۆزینه‌وه‌ی یه‌کتری و به‌ریه‌که‌وتنی کولتوره جیاوازه‌کان و که‌ڵک وه‌رگرتن له یه‌کتریی. له‌م له‌یه‌ک نزیک بوونه‌وه و بهریهککهوتنانهشدا هه‌ڵبه‌ت کولتوری کۆمه‌ڵه پێشکه‌وتوه‌کان سه‌رکه‌وتنی زۆری به‌ده‌ستهێناوه که خۆی بهێلێته‌وه و گه‌شه‌ی زیاتر بکات و کولتوره‌کانی تر ئه‌گه‌ر نهفهوتابێتن به ته‌واوه‌تی، به‌ڵام خڵته زۆر ناشیرین و خراپه‌که‌ی ماوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که موحافزکارانی ناو کۆمه‌ڵه دواکه‌وتوه‌کان هه‌میشه پێیان له‌سه‌ر خراپترین و دزێۆترین کولتور داگرتوه، چوونکه ده‌قیان پێوه گرتوه و بووه به کولتورێک که ناتوانن وازی لێبهێنن و بووه به ڕۆحی کۆمه‌ڵ، ئه‌م ڕۆحه دین پشتیوانی زۆری لێکردوه، چوونکه دین بۆ خۆی له ناو ئه‌و زه‌لکاوه‌دا ده‌ژی، له لایه‌کی تریش کۆمه‌ڵه پێشه‌که‌وتوه‌کان که ئامرازی پێشکه‌وتنی ته‌کنۆلۆژیایان به ده‌سته‌وه‌یه، که به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌رهه‌مه پیشه‌سازییه گرنگه‌کانن له ژیانی مرۆڤدا، وه‌ک فرۆکه و شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ئوتومبیل و ده‌رهێنانی ئاسان و توانه‌وه‌یی و ده‌رهێنانی نه‌وت که یه‌کێکه له گرنگترین سه‌رچاوه‌ی وزه تا ئه‌مرۆ و دروستکردنی کوتاڵو خواردن و خواردنه‌وه‌ی له قوتوکراو و ئاماده‌کراو بۆ چه‌ندین مانگ که یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی بگاته هه‌موو سوچێکی جیهان، به هه‌رحاڵ هه‌موو شتومه‌که زه‌رورییه‌کان به‌ده‌ست کۆمه‌ڵه دهوڵهمهندهکانهوهیه، بۆیه ئه‌مانیش ئه‌و سیسته‌مه‌ن که بۆ خۆسپاندنی خۆیان له‌گه‌ڵ موحافزکاران و دیندا یه‌کیان گرتوه بۆ زیاتر سه‌پاندنی ئه‌و کولتوره دواکه‌وتوو و ڕزیوه‌ی که له ناو کۆمه‌ڵه دواکه‌وتوه‌کاندا زیاتر و زیاتر خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه. واته به هه‌رسێ لایان، سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی و دین و موحافزکاران رۆحی کۆمه‌ڵه دواکه‌وتوه‌کان دروستده‌که‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ڕۆحه له پێش هه‌ر یه‌که‌یه‌که‌وه خێزان ده‌گرێته‌وه که نووسینه‌که‌ی زاهیر داوای گۆرانی ده‌کات.
که‌واته کێشه‌ی من لێره‌دا له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤدایه که پێکهێنه‌ری خێزانه، چوونکه ئه‌وه مرۆڤه که بچوکترین و سه‌ره‌کیترین و ترسناکترین یه‌که‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌یه که باسم کرد( چاوچنۆکی و خۆسه‌پاندن)، ئه‌و خهسهڵهتهش له‌بارترین و باشترین خاکی به‌پیته بۆ هه‌میشه زیندووبوونی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی. پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن ده‌توارێت مرۆڤه‌کان بگۆڕین؟ چۆن ده‌توانینن مرۆڤ گه‌لێک بهێنینه به‌رهه‌م که ئه‌و خه‌سڵه‌ته له ناخیدا ده‌ربهێنین؟ به کام نه‌شته‌رگه‌ری ده‌توانرێت ئه‌و گورگه له ناخی مرۆڤه‌کاندا ده‌ربهێنرێت؟
سبینۆزا ده‌پرسێت، تۆ بڵێی خودی کۆمه‌ڵ هه‌ڵگری ماسۆشیه‌ت بێت؟
به‌ڵێ، من ده‌لێم به‌ڵێ، خودی تاکه‌کان، خێزانه‌کان، کۆمه‌ڵ، ماسۆشیین، حه‌ز به ئازاری خۆیان ده‌که‌ن، چێژ له ئازاره‌کانی خۆیان ده‌بینن. تۆ ته‌ماشاکه!، هه‌ر ئێستا بچۆره سه‌ر هاوڵاتی، ئه‌و هه‌واڵه بخوێنه‌روه که باس له‌وه ده‌کات منداڵێک بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ شێری سه‌گێکی مژییوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی هه‌ژاره و نه‌یانتوانییوه خواردنی بۆ بکرن، دایکی له‌به‌ر به‌دخۆراکی شیریی نه‌بوه. من له‌و بڕوایه‌دام که هه‌ر ئێستا ئه‌گه‌ر له ئامریکاوه چه‌ند هه‌زار دۆلارێک بدرێت به‌و خێزانه، ئه‌و خێزانه ئه‌گه‌ر موسڵمان بن، یان ئه‌گه‌ر گا په‌رستبن، له خواکه‌یان یان له گاکه‌یان دپاڕێنهوه و نزا دکه‌ن که ئوباما و ئامریکا توشی هیچ قه‌یرانێک نه‌بن و خوا، یا گا، ده‌ست به عومریانهوه بگرێت.
دیسان ده‌مه‌وێت سه‌رنجتان بۆ ئه‌و خێزانه ڕابکێشم که منداڵه‌که‌یان له چه‌مچه‌ماڵ له سه‌رمادا ڕه‌ق بوه‌وه، هه‌موو سکاڵاکانی ئه‌و خێزانه، هه‌موو ناڵه‌کانیان پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وه بگه‌یه‌نێت که جگه‌رگۆشه‌که‌یان له ده‌ستداوه و ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی کوردستان به‌رپرسیاره له‌و کۆسته‌ی ئه‌وان، قسه‌کانیان پاڕانه‌وه‌ی دهگهیانت بۆ لوێچێک دۆلار له ده‌سه‌ڵاته‌وه بیاندهرێتێ. له لایه‌کی تریشه‌وه په‌یامنێر و ڕۆژنامه نووسه‌کانی تێ ڤێ کانی ئۆپۆزیسوێن ده‌یانویست نان و پیازێکی پێوه بخۆن و لێره‌وه ڕه‌خنه‌یه‌کی سادو ساکار له ده‌سه‌ڵات بگرن، له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بکه‌ن به بابه‌تێکی قوڵ و به قوڵی باسی ئه‌و نادادپه‌روه‌یی و نا ئینسانییه بکه‌ن که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانیی یه‌کێتی و پارتییدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
زۆربه‌ی زۆری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵه دواکه‌وتوه‌کان هه‌ر ئه‌وه‌نده هوشیارن، ئه‌وه‌ی که ده‌یبینن به چاو هه‌ر ئه‌وه لایان گرنگه، ورد نابنه‌وه، قوڵ ناڕوانن، فراوان نیین له بیرکردنه‌وه‌دا، بۆیه لای ئه‌وان ژیانی ڕۆژانه و به‌س!، ژیانی ئه‌و ساته‌ی که تیاییدان و به‌س!، ئه‌و لوێچه دۆلاره‌ی لای ئامریکاوه، یان لای نوێنه‌ره‌کانی ئامریکاوه، وه‌ک دهسهلاتادارهکانی هیند و کوردستان که بۆیان ده‌چێت هه‌ر ئه‌وه ده‌بینن و ده‌زانن، ئیتر بیریان به‌لای ئه‌وه‌دا ناچێت که سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کان و ڕهشوڕووتییهکان سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه. بۆیه من کێشه‌م له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤدا بۆ دروست بووه، من پێش ئه‌وه‌ی بیر له به‌رهه‌مهێنه‌ری مه‌ینه‌تییه‌کان بکه‌مه‌وه بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه چۆن ده‌توانڕێت مرۆڤێک بگۆڕییت که حه‌ز و ئاره‌زوی له چه‌وساندنه‌وه‌یه، که چێژ له ڕق و کینه ده‌بینێت، که چێژ له خوێن ڕشتن ده‌بینێت. کێشه‌ی من ئه‌وه‌یه له‌گه‌ل نووسیهنهکهی به‌ڕێزت و هه‌موو ئه‌و جۆره نووسین و داواکارییهانهدا که ناچنه سه‌ر خودی مرۆڤ و کێشه‌ی ناو خودی مرۆڤ.
بۆچی مرۆڤه‌کانی ناو کۆمه‌ڵه دواکهوهتووهکان، ماسۆشیین؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌ڵێم:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤگه‌لێک که بۆ ماوه‌یه‌کی دوور‌و درێژی چه‌ندین هه‌زار ساڵ ڕاهاتبێت له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه‌دا، له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌تییدا، له‌گه‌ڵ ڕهشوڕوتیی و دهربهدرییدا، له‌گه‌ڵ برینی جه‌سته‌یدا، له‌گه‌ڵ ئازاره دهرونییهکانیدا، له‌گه‌ڵ سه‌دان دهردیسهرییدا، ئه‌و مرۆڤگه‌له دهقیانگرتوه به‌و ئازار‌و مه‌ینه‌تییه‌وه، ناتوانن و زه‌حمه‌ته لییجیاببنهوه، ڕاسته ڕاپه‌ین ده‌بێت، په‌لامار ده‌ده‌ن، هێرش ده‌که‌ن، شۆڕش ده‌که‌ن، خۆپیشاندان ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر بۆ ئه‌وه‌نده‌یه که ئاغاکانیان به‌زه‌ییه‌کیان پیایاندا بێته‌وه و بڵێن، ئا ببورن ! نه‌مانزانی فه‌رموون ئه‌وه‌ش لوێچێکی تر دۆلار، فه‌رموون ئه‌وه‌ش ژه‌مێکی تر خواردن، ئیتر داده‌مرکێنه‌وه و به ده‌م ئازاره‌کانیانه‌وه چێژ وه‌رده‌گرن، واته ئه‌و مرۆڤ گه‌له نابن به شۆڕشگێڕێکی ڕاسته‌قینه که سه‌رتاپای ژیانیان بگۆڕن و له سیسته‌مێکی حکومڕانیی بێ ڕه‌وشت و بێ مۆراڵه‌وه بگه‌نه سیسته‌مێک که له خۆیانه‌وه بێت و بۆ خۆیان بێت، به بێ سه‌رکرده‌و بنکرده ناتوانن بژین، ئه‌مه بووه به کولتور، تکایه با بزانین کولتور چییه، کولتوری کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتوری دین، کولتوری ده‌روێشێتی و ئاغایه‌تی زۆر گرنگه ئیدراکمان هه‌بێت بۆی و کاری له‌سه‌ر بکه‌ین.
مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵه دواکه‌وتوه‌کان، نه‌خوێنه‌وارن، کتێب ناناسن و ناکڕن و نا خوێننه‌وه، دواکه‌وتون، سه‌تحین، زاکیره‌یان لاوازه، زوو ده‌بن به کۆیله‌ی سه‌یاره و پارچه زه‌ویی و ده‌فته‌ره دۆلار و باخ و باخات، پیسوپۆخڵن، ژینگه پارێز نیین، زۆر خۆرن، چه‌وری خۆرن، دانه‌کانیان ناشۆن، خۆیان ناشۆن، خۆپه‌رستن، شهرنگێزن، توڕه‌ن، توندوتیژن، توندره‌ون، دڵڕه‌قن، دڵپیسن، نامهدهنین، ڕه‌گه‌زپه‌رستن، خێڵه‌کیین، مردو په‌رستن، کولتور په‌رستن، دینیین، ته‌مه‌ڵن، کولتوری خوێنده‌وه‌یان نییه، کولتوری وه‌رزشوانیان نییه، ڕه‌نگ ناناسن، بێ زه‌وقن، ئه‌ته‌کێتیان نییه له کاتی قسه‌کردن و نانخواردن و سه‌یاره لێخوڕیندا، به ده‌نگی به‌رز قسهدهکن و که ده‌چنه لای نه‌خۆش گوێ به ئارامیی و بێ ده‌نگیی ناده‌ن، زه‌نگی ته‌له‌فوونه دهستهییاکنیان گۆرانی ناخۆش و قاسپه‌ی که‌و و قوقه‌ی که‌ڵه‌شێر و ذکری خوایه، موسیک و گۆرانی و هونه‌ری باش ناناسن، سه‌رسامن به ده‌وڵمه‌ند و پیاو کوژ و ده‌سه‌ڵاتداری سیاسیی، به چاوی سوک سه‌یری ژن ده‌که‌ن، له منداڵ ده‌ده‌ن، نا مه‌عریفین، نه‌زانن، ناسیایین، تا ئێستاش خه‌ڵکێکی زۆر له کوردستاندا بروایان به جنۆکه و شه‌یتان هه‌یه، چونه سه‌ر مه‌زاری شێخ و مشایخ و نوشته‌کردن و جادوگه‌ریی و ته‌کێ و شێخ و ده‌روێشێتی وه‌ک ساڵه‌کانی چل و په‌نجاکان زیندوبوهتهوه، به ئاشکرا شێخ له سایت و ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێت که چه‌ند که‌سێک له ژێر لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌دا مردون له ژێر ده‌ستیدا که ویستوییه‌تی جنۆکه‌کان له گیانیان ده‌ربکات، ئه‌ندامی مێینه‌ی کچه منداڵه‌کان ده‌شێوێنن و خه‌ته‌نه‌یان ده‌که‌ن، له هه‌ندێک وڵات‌دا وه‌ک سۆمالیا و ئه‌ثیوبیا کۆ ئه‌ندامی مێینه ده‌دورنه‌وه، له کوردستانی خۆماندا له هه‌ندێک ده‌ڤه‌ر و ناوچه‌دا به ده‌گمه‌ن خێزنێک هه‌بێت کچه‌کانی خه‌تنه نه‌کات، ڕێژه‌ی خه‌ته‌نه له کوردستاندا ترسناکه‌و گه‌یشتۆته له %60 و له هه‌ندێک ده‌ڤه‌ر و ناوچه‌دا زۆر له‌و ڕێژه‌یه زیاتره، دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن هێنان تا ئێستاش باوێتی، په‌رده‌ی کچێنێتی له شه‌وی یه‌که‌می زه‌واجدا حسابی زۆری له‌سه‌ر ده‌کرێت و بووه به ئابڕو و شه‌ره‌فی خێزان و خێڵ، چه‌ندین جار له ڕۆژانی جه‌ژناندا له تێ ڤێ کانه‌وه هاوار ده‌که‌ن، ئه‌وه ئه‌مڕۆ به ده‌یان که‌س له‌به‌ر زۆر خواردنی چه‌وریی و شیرینی گه‌یه‌ندرانه خه‌سته‌خانه!. به ده‌یان جار به کۆمه‌ڵ خه‌ڵک له شه‌کراو خواردنه‌وه‌کاندا ژه‌هراویی بوون له‌به‌ر پیسوپۆخڵی خواردن و شیریینییهکان!. به سه‌دان که‌س توشی کۆڵسترۆڵ و نه‌خۆشی دڵ و قورحه‌ی گه‌ده هاتوون له‌به‌ر زۆر خۆریی و چه‌وریی خۆریی و پیس خۆریی. ئاخر ئه‌م شتانه ده‌بێت حساباتی خۆی بۆ بکرێت له دروستکردنی گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، له شۆڕش و خۆپیشاندا و ڕاپه‌رینه‌کاندا، له‌و بزوتنه‌وانه‌ی که بۆ گۆڕینی ڕیشه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی دروست ده‌بێت و دروست بووه. ناکرێت شه‌رم له خۆمان و له کۆمه‌ڵه‌که‌مان بکه‌ین و باسی وردی ئه‌م مه‌سه‌لانه نه‌که‌ین. ناکرێت باسی ئه‌وه نه‌که‌ین بۆچی له شاری سلێمانیدا 62 ڕۆژ خۆپیشاندان ده‌کرێت به‌ڵام له ههوڵیردا به قسه‌ی پارتی شایی لۆغان ده‌کرێت، لێره خۆێن ده‌رێژرێت له‌وێ ده‌هۆڵ و زورنا ده‌ژنرێت، ناکرێت باسی ئه‌وه نه‌که‌ین چۆن قوتابیان خۆیان که به حساب توێژێکی مهعریفیین زانکۆی سه‌لاحه‌دین دابخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان نه‌کرێت. ناکرێت بترسین له‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا گه‌نده‌ڵ بووه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌که‌یدا تێکئاڵاون و زه‌واجیان کردوه. ناکرێ شه‌رم بکه‌ین و باسی ئه‌وه نه‌که‌ین که ڕۆحی خێڵێتیی و دهڤهرچێتیی له ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌هێزتره. ناکرێت باسی ده‌یان دیوه‌خانی وه‌ک دیوه‌خانه‌که‌ی ئاغاکه‌ی قه‌رداخی هه‌میشه شۆڕشگێر و فه‌رهه‌نگناس و سیاسیی نه‌که‌ین، که ده‌ڵێت: ئیسعافیش ده‌بێت به فه‌رمانی من ده‌ربچێت! مامۆستا ده‌بیت به فه‌رمانی من تعین بێت! و به فه‌رمانی من مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت و خۆشم له جیاتی مامۆستا له قوتابی ده‌پرسمه‌وه و هه‌ر خۆشم له جیاتی به‌ڕێوه‌به‌ر له مامۆستا ده‌پرسمه‌وه، په‌روه‌رده و مامۆستاکانیش که توێژێکی په‌روه‌رده‌یی و خوێنده‌وارن ده‌سته‌ونه‌زه‌ر خۆیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌که‌یان له به‌رده‌مییدا ده‌وه‌ستن و به‌ڵێ قوربانی بۆ ده‌که‌ن!!.. باگراوند و سه‌پۆرتی هه‌موو ئه‌م کار‌و کرده‌وانه، ناهوشیاریی و نه‌خوێنده‌واریی و په‌روه‌رده‌یه‌کی دۆگمایی و سه‌قه‌ت و دواکه‌وتوه له لایه‌ک، له لایه‌کی تر هێزی کۆنزهڤاتیزمهکان و دین و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتا‌ر و دیکتاتۆر و دواکهوتوهکانه به پشتیوانی و سه‌پۆرتی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی سارمایهداریی ده‌ره‌کیی وناوه‌وه له ڕێگه‌ی حوکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌کانیانه‌وه چ له ده‌روه و چ له‌ناوه ئه‌م زه‌وینه‌یه خۆش ده‌که‌ن و بره‌وی پێده‌ده‌ن، تا له‌سه‌ر حسابی دواکه‌وتویی کۆمه‌ڵگا و وڵاتانی سێیه‌م خۆ‌یا بله‌وه‌ڕێن و سه‌روه‌ت و سامان که‌ڵه‌که بکه‌ن.
بۆیه من ده‌ڵێم ده‌بێت حسابی هه‌موو ئه‌م شتانه بکه‌ین له دروستکردنی هه‌رچ بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییدا که نووسینه‌که‌ی زاهیر داوی ده‌کات، ده‌بێت کار له‌سه‌ر مرۆڤ بکه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین مرۆڤه‌کان هوشیار بکه‌ینه‌وه و مافه‌کانی خۆیان بناسن و دواتر چۆنیه‌تی به‌رگرییکردن له مافه‌کانیان و بهدهستهێنایان.
گه‌لێک شتم هه‌یه بۆت بنووسم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، چوونکه بابه‌ته‌که فراوان و قوڵه و چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی له خۆگرتوه، به‌ڵام با زیاتر سه‌ری تۆ و سه‌ری خوێنه‌ران نه‌یه‌شێنم.
جیهاد موحه‌مه‌د/نه‌رویج